"an independent online kurdish website

١. لەسەرەتادا گەرمترین سڵاو لە ئێوە هاوڕیان و دۆستانی بەشدار لەم کۆڕی یادوبیرەوەریەدا دەکام کە بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتی میکۆنوس، نەمران دوکتۆر شەرفکەندی، کاک فەتاحی عەبدولی، کاک هومایونی ئەردەلان و کاک نوری دیهکوردی پێکهاتوە.

هەروەها سوپاسی کۆمیتەی تێکۆشەری حیزبەکەمان لە سوئێد دەکەم کە زەحمەتی پێکهێنانی ئەم کۆڕەیان پێکهێناوە و شانازی ئەوەیان داوە بەمن کە لەگەڵ برای بەرێزم کاک حاجی جوندیدا ، ئەمڕۆ لێرە ، لەو موناسەبەتە پڕ مانایەدا، لە خزمەتی ئێوەدابم.

پاش ئەو قسەوباسانەی لێرە لە پێوەندی لە گەڵ کاک سەعیدی نەمر و شەهیدانی دیکەی میکونوسدا کران، رەنگە هەم وەخت هەم حەوسەلەی ئێوە هێندە نەبێت، کەمن باسێکی تێروتەسەل لە پێوەندی دەگەڵ کەسایەتی خەباتگێرانەی کاک سەعیدا پێشکەش بکەم

بەڵام وەک کەسێک کە ساڵانێک لە نزیکەوە لە خزمەت کاک سەعیدا ئەرکی حیزبیم بەرێوەبردوە و لەبەردەستی ئەودا لە لە کۆمسیۆنی راگەیاندن و ئینتیشاراتی حیزبدا کارم کردوە تێدەکۆشم، بەشێک لە ڕوانگەکانی خۆم لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نەمردەدا بخەمە بەرباس.

شەهیدانمان بەگشتی و بەتایبەتی شەهیدانی ڕێبەرمان سەرچاوەی ئیلهام و سەرمەشقی خەباتن بۆ ئێمەو نەوەکانی داهاتووی میللەتەکەمان. بۆیە لەسەرمانە لە خسڵەتە بەرزە ئینسانیەکانی ئەوان فێربین و ئەو نرخ و بەهایانەی ئەوان کاروخەباتیان بۆکردن، بەرینە پێش. ئەوەش بەوە دەکرێ کە ناو و یادیان بەرز ڕاگرین و ئاڵای ئامانج و رێبازەکەیان هەروا بەرزو شەکاوە ڕاگرین.

باسەکەم بەوە دەست پێدەکەم کە ئینتلیتکتوێل کێ یە؟ پێوەندیی دەگەڵ دەستەڵات چیە؟ پاشان ئەوە رووندەکەمەوە کە ئەرک و ریسالەتی ئینتلیکتوێل و رووناکبیر چیە؟ جا دوایە کاک سادق لە بەرتیشکی ئەو باسەداو لە روانگەی ئەزموونەکانی خۆم لە کارکردن لەگەڵ ئەو دا و نەخشی ئەو لە حتزب و تەشکیلات و بزووتنەوەدا هەڵدەسەنگێنم.

دواتر ئەوە باسدەکەم کە کاک سادق بۆ خەباتی دەکرد؟ بۆ ڕێگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵبژارد بوو؟ چی دەویست؟ بۆ ڕیگای شۆڕشی هەڵبژاردبوو؟ بۆ ژیان و زانایی و ماڵ و سەروگیانی خۆی بۆ خەبات تەرخانکردبوو؟ بۆ هاتبووە مەیدانی خەبات؟

لە کۆتایی باسەکەشدا باسی ئەوە دەکەم کە ئێستا دەبێت چبکەین؟ چۆن رێبازو ئەو شەهیدانە درێژەبدەین و ئەرکی ئێمە لەوبارەوە چیە؟

٢

کاک سادق شەڕەفکەندی

ئینتلێکتوێلیکی خەباتگێر!

پێش ئەوەی باسی ئینتلیکتوێل و ڕووناکبیر بکەین و رۆڵی ئەو لە پێوەندی لەگەل دەستەڵاتی سیاسیدا بخەینە بەرباس، پیویستە بزانین دەستەڵاتی سیاسی چیە؟

مەبەست لە دەستەڵات، بریتیە لە دەستەڵاتی بریاردان و سیاسەتسازی و سیاسەتگوزاری سەبارەت بە مەسەلەکانی پێوەندیدار بە کارووباری کۆمەڵ. لەوەش زیاتر بریتیە لە تواناو ئیرادە و ئۆتۆریتە بۆ بردنەپێشی ئەو سیاسەت و بڕیارانە و پیادەکردنیان.

دەستەڵات وەک سیاسەت هەویرەترشەی پێوەندیە ئنسانیەکانە. چۆن ماتۆڕی ماشێنێ بێ ڕۆن کارناکا، سیاسەت و دەستەڵاتی سیاسیش لە کۆمەڵدا هەمان ڕۆلیان هەیە. کۆمەڵ بە بێ ئەوان هەڵناسوڕێ. واتە کۆمەڵگای ئینسانی بی سیاسەت و یاساو ئیدارە و ئۆتۆریتە لێک هەڵدەوەشێ و ڕادەوەستێ.

دەستەڵات بۆ ئەوەی وەک پێویست کاربکا دەبێت ڕەوابێت، . دیارە دەستەڵاتی ناڕەواش هەیە. دەستەڵاتی ڕەوا ئەو دەستەلاتەیە کە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دەستەڵاتیان بەسەردا بەرێوەدەبردرێ واتە لەلایەن خەڵکەوە، قبووڵ بکرێ. لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە لە لایەن ئەکتەرەکانی دیکە شەوە وەرگیرێ یا بناسرێ.

لە یاسای نێونەتەوەییدا، رەوابوونی دەستەڵات (legitimation) زۆرتر لە ئیقتداری حکومەتیەوە سەرچاوەدەگرێ تا لە قانوون و قانوون مەداریەوە. ئەوە ئەزموونی سەدساڵی رابردووی.

ئێستا بزانین ئینتلێکتوێل کێ یە؟ ڕووناکبیر کێیە؟

ڕووناکبیر پێناسەی جۆراوجۆری هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دوو تاریفی سەرەکیمان بۆ ئەو دیاردەیە هەیە.

سارتەر ڕووناکبیر و ناڕەزایەتی لێک گرێدەدا. واتە لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕووناکبیر کەسێکە کە لە وەزعی مەوجود ناڕازیە و ڕەخنەی لێدەگرێ و دەیەوێ تێکی بدا.

ڤاسڵاڤ هاڤێلی چیکی، بە جۆرێکی دیکە تاریفی ڕووناکبیر دەکا. دەڵێ رووناکبیر ئەوکەسەیە خۆی و تەمەن و لێوەشاوەییەکانی خۆی، بۆ بیرکردنەوە لەسەر مەسەلەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگا تەرخان دەکا، بیردەکاتەوە، بیرەکانی فۆرمۆلەدەکا، بۆ خزمەت بە گەل و وڵات دەکاریان دەکا و کار بۆ جێ بەجێ بوونیان دەکات.

تاریفی یەکەم گشتیە. هەموو چالاکێکی سیاسی و تەنانەت کەسانی بێ مایەش دەچنە چوارچێوەکەیەوە. ئەو تاریفە ساڵانێکی زۆر ڕووناکبیرانی وڵاتانی دونیای سێیەم و تەنانەت چەپی شیکی ئوورووپاییش خۆی لەوچوارچیوەیەدا خۆیان پی پێناسەدەکرد.

ئەو ڕووناکبیرەی دەچێتە چوارچیوەی تاریفی یەکەم. زۆرتر وێران دەکا و زۆرجار نایەوێ شتێکی لە جێ درووست بکات.

بەڵام دەبێ بزانین کۆمەلگای ئینسانی ساختمان نیە، تێکی دەی و بتوانی لەجێگای وی ساختمانێکی چاکتری دیکە بنیات بنیێیت. ئینسانەکان و پێوەندیە ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکان خشت و بلۆک و سمیت و گەچ نین. هەست و سۆزو بنەماڵە و گەل و هەویەت و مەزهەب و دین و پێوەندیە ئینسانیەکان دەستەواژەی بێ نێوەرۆکنین. ئەگەر ئەوانە وێران کەین، زۆر زەحمەتە لە دوایە بتوانین کۆمەلگایەکی سالم درووسکەین. ئاکامی کارێکی ئاوا زۆر دژوارە یان زیان بارە.

تاریفی هاڤێل بۆ ڕووناکبیر و ئینتلیکتوێل جۆرێکی دیکەیە. ئەو دەڵی رووناکبیر بیردەکاتەوەو و بیرو بیردۆزەکانی دەکاتە کردەوەی کۆمەڵایەتی و دەکەوێتە پڕاکتیکەوە بۆ بردنەپێشی بیرەکانی. واتە بیرکەرەوەیەکی پڕاکتیکیە و بەکردەوەش بۆ بردنەپێشی بیرەکانی خەبات دەکات. بەوجۆرە رووناکبیرە دەوترێت ئینکلیکتوێل واتە ڕووناکبیری خەباتگێڕ.

ئێمە لە کوردیدا تەنیا زاراوەی ڕووناکبیرمان هەیە و جیاوازی لە نێوان ئینتلیجنتسیا(intelligentsia (و ئینتلیکتوێل(Intellektuell) ناکەین. ئنتلیجنتسیا هەموو سەواد دارێک دەگرێتەوە و بەتایبەتی لە ولاتانی دونیای سێیەمدا هەموو میرزاو باسەوادێک بە ڕووناکبیر و ڕۆشەنبیر دادەنرێ. ئەوەش لەبەر نزمی ئاستی فەرهەنگی و دواکەوتوویی کۆمەڵایەتیە.

بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەموو باسەواد و خوێندەوارێک ڕووناکبیر نیە. مەبەست لە ڕووناکبیر ئینتلیکتویلە. واتە رووناکبیری خەباتگێڕ.

سارتەر دەڵێ هەر ڕووناکبیرێک ، نزیکی دەستەڵات بێتەوە و کاری دەگەڵ بکا و ڕەگەڵی کەوێ بەشداری سیاسەت بێ، ئەوە رووناکبیرنیە. واتە ناوبراو دەڵی هەر ڕووناکبیرێک ئەگەر جگە لە ڕەخنەو ئیعتراز بەوەزعی مەوجود، بکەوێتە ئەنجامدانی کردەوەی سیاسی ، ئەوە ریسالەتی ڕووناکبیری خۆی لە دەست دەدا.

بەڵام بە گوێرەی تاریفی هاڤێل، ڕووناکبیر بیرکەرەوەیەکی عەمەل گەرایە. مادام ئامادەیە ژیان وکار و لێوەشاوەیەکانی بۆ خێری گشتی تەرخان بکا، باشترە کە ئەگەر بتوانێ، دەستەڵاتی سیاسیش بەدەستەوە بگرێ و بەو دەستەڵاتە کار بۆ خێری گشتی بکاو ڕیفۆرم و چاکسازی بکات. واتە سیاسەت بکا و راستەوخۆ بێتە مەیدانی کاروباری سیاسی.

کەسێک ئەگەر بۆ خێری گشتی بیردەکاتەوە، چ باشتر ئەگەر دەستەڵاتیش بە دەستەوە بگرێ و بەو دەستەڵاتە خزمەت بە میللەتەکەی بکات. ئەوە زۆر لەوە باشترە کە کاسانی هەلپەرست و بێ مایە و قازانج پەرست و دەستەڵاتخواز، دەستەڵات بەدەستەوە بگرن و کەڵکی خراپێ لێوەرگرن و ببنە کۆسپی سەر رێگای پێشکەوتنی وڵات.

کەواتە کردەوەی سیاسی و خەباتگێرانە، ئاکامی مەنتقی فەعالیەتی فکری و زهنی ڕووناکبێرێکی جدیە کە سەبارەت بەوەزعی کۆمەڵ و وڵاتەکەی بیردەکاتەوە.

تەنیا یەک مەرج لێرەدا لە گۆرێدایە. ئەویش ئەوەیە کە ئەو ڕووناکبیرەی کاری سیاسی و خەباتکارانە دەکات پێویستە خوڵقوخو واتە تێمپرامێنتی(temperament) کاری سیاسی هەبێت و شوروشەوقی سیاسی و خاباتگێرانەی تێدابێت. هەر بۆیە هەر بزووتنەوەو حیزب و دەستەڵاتێکی سیاسی کە ڕووناکبیری بە مانای ئینتلیکتوێل تێدانیە، بێ نێوەرۆکی زۆری پێوە دیارە.

سارتەر دەڵێ ڕووناکبیر نابێت خۆی لە سیاسەت و قودرەت و کاری سیاسی راستەوخۆ بدا، بۆ ئەوەی سەربەخۆبێ و سەربەخۆیی خۆی لە دەست نەدا.

وتمان، ریسالەتی ئینتلیکتوێل بیرکردنەوەیە لەسەر کاروباری کۆمەڵ و وڵات و خەوندیتنە بۆ ژیانێکی باشتر، بەڵام زانست و فەلسەفە و پێداگۆگی دەڵێ ئەوە بیرەکانن دەبنە کردەوە و سیاسەت.

ئاخر کەسێک لە کۆمەڵدا بژی سەربەخۆ نیە. سەربەخۆی تەواو تەنیا لە دووڕگەی رۆبینسۆن کرۆسۆدا هەیە. کە بەتەنیا لە جەزیرەیەکدا دەژیا.

لە ڕاستیدا سەربەخۆی رووناکبیر تەنیا لە شەخسیەت و کەسایەتی خۆی دایە. کەواتە بەوتاریفەوە، کە ڕووناکبیر دەیەوێ وەزعی مەوجود بگۆڕێ ، چ لە نێو دەستەڵاستدابێ یا لەدەرەوەی دەستەڵات، ئەگەر سەربەخۆی خۆی بپارێزی و بەکردەوەی خەباتگێرانەی وەک ئاکامی مەنتقی بیرەکانی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ریسالەتە بکات کە خستویەتیە سەرشانی، هیچ لە مەوقعیەتەکەی ناگۆڕێ.

مرۆڤی سادەش دەتوانێ هەلپەرست بێ و ڕووناکبیریش دەتوانێ فرسەتەڵەب بێت. ئەوەی ئینسان جیادەکاتەوەو یەکپارچەیی ئەخلاقی (integrity) دەپارێزێ و ڕایدەگرێ، سادقبوون و شەرافەتمەندبوون و بە پرنسیپ بوونە.

مرۆڤ بۆ ئەوەی یەکپارچەیی فکری و ئەخلاقی خۆی ڕابگرێ، نە پێویستە حەتمەن ڕووناکبیر بێ و نە پێویستیشە حەتمەن خۆی لە سیاسەت و حیزبایەتی و خەبات و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دوور ڕابگرێ.

بەو جۆرە دەگەینە ئەو ئاکامە کە پێوانەی ڕووناکبیربوون ئەوەیە کە کارێکی شایستە و شیاو لە کۆمەلدا بکاو چالاکی فکری و فەرهەنگی و بیرکردنەوەی ببێتە چرای ڕووناکی دەری دەورروبەری و لە هەمان کاتدا یەکپارچەیی ئەخلاقی خۆشی لە دەست نەدا.

مەبەست لە یەکپارچەیی ئەخلاقی ئەوەیە کە ئینسانێکی شەڕافەتمەند لە هەر شەرایتێکدا، لە هەر زەمان و مەکانێکدا، لە هەر پلەوپایەو مەوقعیەتێکی سیاسی و ئیداری و کۆمەلایەتیدا بێت، ئاڕلی هەت، لەدەست نەدا. واتە لەو نرخ و ئوسوول و پرنسیپ بەهایانەو چوارچێوانە لانەدا کە بروای پێ یانە و کاریان بۆدەکا.

کەواتە ریسالەتی ڕووناکبیر، بریتیە لە بیرکردنەوە بۆ خێری گشتی ، کە ئاکامەکەی دەبێتە کردەوەی سیاسی خەباتگێڕانە. ئەوە تایبەتمەندیی ڕووناکبیر و کەسایەتی ڕووناکبیر و ئەخلاقی خەباتگێرانەیە کە نەخش و ڕۆڵ و مەکان و وەجاهەت دەداتە ئینتلیکتوێل.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ڕووناکبیر ئەوەیە کە زۆر جار بە پێچەوانەی جەریانی غالب واتە (mainstream) حەرەکەت دەکات. واتە تەنیایە. خۆ زۆر دووکتۆر و پرۆفیسۆری کوردی دیکەشمان لە دەرەوەی کوردستان و و لە نێوخۆی وڵات هەبوون، ئەی بۆ تەنیا کەسانی وەک کاک سادق ئەو نەخشەیان بە ئەستۆە گرت کە مێژوو شانازیان پێوەدەکا؟

کەواتە ڕووناکبیر ئەو کەسەیە کە بیر لە خێری میللەت دەکاتەوەو دەیەوێ وەزعی مەوجود بگۆڕێ و بەدوای ڕێگاچارەوەیە و کاروخەباتی بۆ دەکات.

٣

ئێستا لەبەر ڕووناکایی ئەو باسەی سەرەوەدا، کاک سەعید دەخوێنینەوە و هەندێک نموونە لە کار و ئەخلاقیاتی خەباتگێرانەی وەبیردێنینەوە. ئەودەم بۆمان دەردەکەوێ کە بەڕاستی کاک سەعید ئینتلیکتوێل بوو.

دوای شەهیدبوونی کاک سەعید، کە ئەودەم لە ڕادیۆ کارم دەکرد، هەر چەند بە هۆی ئەو کارەساتە سەختەوە لە هەلومەرجێکی رووحی زۆر نالەبار دابووم کە سێبەری کاک سەعیدمان لەسەر لاچوو بوو، بەڵام چل ڕۆژ لەسەرم نوسی. دەزانم لە تەوازووع بەدوورە، بەڵام مێژووە. ئەو ڕستانەی لە ژیانننامەکەیدا باس لە کەسایەتی کاک سەعید دەکەن بە قەلەمی من نوسراون، خسڵەتە ئەسلیەکانی کاک سەعیدیان لە خۆ گرتوون. ئێستا کە پاش ئەو هەموو ماوەیە ئەو تایبەتمانیانەی کاک سەعید دەخوێنمەوە، کە لە ژیاننامەکەیدا هاتون، بڕوام بە قسەکانی ئەودەمم زۆرتر دەبێت و دەتوانم زۆر زۆرتر لەوەش لە سەر کەسایەتی خەباتگێرانەی کاک سەعید بنووسم.

ئەو کوردێکی دێموکرات و ڕووناکبیر بوو، هەستی بە زوولم و ستەمی نەتەوایەتی لەسەر گەلەکەی کردبوو، بۆ لەنێوبردنی ئەو ستەم و زووڵم و زۆریە ڕێگای خەباتی هەڵبژاردبوو. هەر بۆیەش هاتبووە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات.

مێژووی میللەتەکەی خۆی و بزووتنەوە میللیەکانی میللەتەکەی خۆی بە قوڵی خوێنبووەوە و لە ئاکامی ئەو خوویندنەوەیەدا، تێگەی بوو کە دەبێت ئەرکی نیشتیمانی و خەباتگێرانەی خۆی بەرێوەبەرێ و ببێتە پێشمەرگە. نوسین و بڵاوکردنەوە کورتە مێژووی بزووتنەوە میللەکانی کورد لە سەدەکانی ڕابردوودا، ئەوەدەردەخا کە ئە بە ئاگایی و وشیاری لەسەر ئەو ئەرکە کە لەسەر شانی بوو، پێی نابووە مەیدانی خەبات. ئەو دەیزانی میللەتی کورد لە چ مەوقعیەتێک دایە و دەبێ خەبات بۆ ڕزگاری خۆی بەرێتە پێش و شۆڕش بکات.

ئەو هاتبوو هەموو تواناو لێوەشاوەیی و ئینێرژی خۆی لە خزمەت بە شۆڕش و خەبات و بزووتنەوە دا دا نابوو. بە هەموو مانای وشە پێشمەرگە بوو.

هیچ چاوەڕوانیەکی لە حیزب و شۆڕش و خەبات نەبوو. واتە پاداشێکی نە دەویست. بەڵام زۆر شتی لەگەڵ خۆی هێنابوو ، کە خزمەتی شۆڕش و حیزب و خەباتی پێ دەکردن.

تازە دەفتەری سیاسی هاتبووە سەرشاخان، من لە خزمەت مامم ، چومە دەفتەری سیاسی. کاک سەعید تازە لە تارانەوە هاتبوە کوردستان. مامم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە کاک سەعید لە بنکەی رێبەریی حیزب کار دەکاو وتی ئەوە کارێکی چاکە کە رێبەی حیزب تەقویەت دەکەی و لەرێبەرایەتیدا کاربکەی بە قازانجی حیزبە و کۆمەك بە حیزب تەواودەبێ. حیزب لەو جێ یە پێویستی بە تۆیە نەک لە تاران. وەک ئێستا لە بیرمە کاک سەعید فەرمووی زۆر کەسی لەمن باشترو لێوەشاوەتر بۆ ئەوکارەهەن. من جارێ لە گەڵ وەزعەکە زۆر ئاشنانیم و لێم گەرێن با باش لە گەڵ مەوقعیەتەکە ئاشنابم. فەرمووی بۆ نموونە کاک قادر عەبدی و دەیان کەسی دیکەی لەمن لێوشاوەتر بۆ ئەو ئەرکە لێرە هەن. مەبەستم ئەوەیە ئەو نەهاتبوو ببێتە ڕێبەر، هاتبوو وەک پێشمەرگەیەک، وەک ڕووناکبیرێک خزمەت بەشۆڕش بکات. دواتریش کە چووە نێو رێبەری لەبەر ئەوەبوو کە حیزب و بزووتنەوە پێویستیان بەو بوو .

چاوەڕوانی هیچ مەسئولیەتێک نەبوو. پلەوپایەی نەدەویست. بەڵام کە کاتی خۆی هات و بۆی دەرکەوت شۆڕش و خەبات پێویستیان پێ یەتی، شانی دابەر باری مەسئولیەت و وەک کێو قورس و قایم ڕاوەستا. ئاخر ئەوە گەل و شۆڕش و خەبات بوون کە مەسئولیەتیان پێ سپاردبوو.

لە قۆناخەکانی دواتری خەباتدا کە چووە نێو رێبەرایەتی حیزب و بزووتنەوە، ، وەک لە ژیاننامەکەیدا هاتوە، بوو بەیەکێک لە کۆڵەکەکانی داڕشتنی سیاسەت و بریارات و هەڵوێستەکانی حیزب و بزووتنەوە. ئەو پلەوپایەی حیزبی وتەشکیلاتی و دەستەڵاتی ئۆرگانی حیزبی بۆ بردنەپێشی کاری حیزبی و خەبات و شۆڕش دەویستن نەک بۆ شتێکی دیکە. یاسر عەرەفات دەڵی من قودرەتم بۆ خزمەت بە ئامانجەکانی شۆڕشی فەلەستین دەوێت. بەراستی کاک سەعیدیش پلەوپایەی حیزبی و تەشکیلاتی بۆ خزمەت بە شۆڕش و بزوتنەوەی کورد و ئامانجەکانی میللەتی کورد دەویستن. واتە قودرەتی بۆ بردنەپێشی هەڵوێستەکانی حیزب و پڕاکتیزەکردنی سیاسەتەکانی حیزب و پراکتیزەکردنی بیروبۆچونەکانی خۆی وەک ئینتلیکتوێل دەویست. لەخۆڕا نەبوو بۆ ماوەیەکی زۆر سەرپەرستی دەزگای ڕاگەیاندن و ڕیتۆریکی حیزبی بە ئەستۆوە بوو. واتە بەرپرسی فۆرمۆڵەکردن و داڕشتن و ڕاگەیاندنی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب بوو.

دوکتۆر سەعید یەکێک لەبەوەجترین و لێوەشاوەترین ڕیبەرانی حیزب و بزووتنەوە بوو کە هەموو وجودی خۆی بۆ خزمەت و بردنەپێشی ئامانجەکانی بزووتنەوەی میللی و دێموکراتی خەڵکی کوردستانی تەرخان کردبوو.

ئەو کادروپێشمەرگەکانی حیزبی خۆشدەویستن ، بەڵام ئەو خۆشەویستیە هەرگیز شوێنی لەسەر هەڵسەنگاندنی واقبینانەی کاروتێکۆشانی ئەوان دانەدەنا. زۆربەی پێشمەرگە و کادرەکانی حیزبی بە ناو و موشەخەساتەوە دەناسین و کەم و زۆر ئاگای لە ژیان و کاروخەبات و تێکۆشانی ئەوان بوو. ڕێزی هەموو ئەوکەسانەی دەگرت کە خزمەتیان بە حیزب و شۆڕش و خەبات دەکرد. ئەوپێشمەرگانەی لە رادیۆ، نەخۆشخانە، تەدارووکات، پێوەندیەکانی دەرەوە، بنکەکانی دیکەی شۆڕشدا کارو تێکۆشانیان هەبوو، بۆ ئەو وەک پێشمەرگەکانی دیکەی سەنگەرەکانی شەڕ و بەربەرەکانی بایەخ و ڕێزوحورمەتیان هەبوو. خەبات و کاروماندووبوونی هەموانی دەبینی و بایەخی بۆ دادەنان و پشتیوانی لێدەکردن.

دڵپاک و بێ غەرەز بوو. هەر بۆیە ئامۆژگاریەکانی وەردەگیران و رێنوێنیەکانی کاریان لە هاورێان دەکرد و ئینێرژیان دەدا بە کادرەکانی حیزب. زۆر لەسەر ئوسوڵ و پرنسیپەکانی حیزبی جدی و پێداگر بوو. بەڵام ئەو ئۆتۆریتەو دسیسپلین و ئوسووڵی حیزبی هەر لەسەر کادروپشمەرگەکانی حیزبی پیادەنەدەکرد، لە پێوەندی لەگەڵ ئەندامانی رێبەری و دەفتەری سیاسیش دا هەروابوو.

من لەبیرمە کە چۆن لە پلینۆمەکاندا، بەرەنگاری نەزەراتی ئەندامامی دەفتەری سیاسی دەبوەوە ، چۆن بە گژ نەزەراتی کاک دووکتۆر قاسملوو و ئەندامانی دیکەی رێبەری حیزب دا دەچوو. چۆن بی پێچ و پەناو ڕاشکاوانە نەزەراتی خۆی دەخستە ڕوو. ئەو کاتەم لەبیرە کە لە پێوەندی دەگەڵ وتووێژدا باسمان دەکرد، کە چۆن بەدژی ئەو پێشنیارەی کاک دووکتۆر ڕاوەستا.

کاتێک دوای کۆنگرەی ٨ ڕێبەری حیزب بۆ دیفاع لە مان و مەوجودیەتی حیزب بڕیاریدا لە هەموو رێگایەکی ممومکین کەڵوەرگرێ، کاک سەعید بە تووندی موخالەفەتی کرد و لەوەڵام دا وتی پێویست بەوەناکا، ئەگەر بڕوامان بەخۆمان بێت کە ئێمە لەسەر حەقین، خەڵکیش درەنگ یا زوو ڕاستی و درووستی مەسەلەکەیان بۆ دەردەکەوێ. وە لە کاتی بڕیاردانیشدا دەنگی بەو بڕیارە نەدا. واتە ئەو لە هیچ کاتیک دا تەسلیمی مەین ستریم نەدەبوو، یەکپارچەیی ئەخلاقی خۆی لە دەست نەدەدا.

حیزبی دێموکراتی خۆشدەویست، بەڵام حیزبی دێموکراتی بۆ خزمەت و رێبەرایەتیکردنی شۆرش و بزووتنەوەی کوردستان دەویست. پێ وانەبوو کە کادر دەتوانێ جێگای تەشکیلات و تەشکیلات جێگای خەڵک بگرنەوە. ئەو حیزب و تەشکیلات و تێکۆشەرانی حیزبیشی بۆ خزمەت و بردنەپێشی خەباتی خەڵکی کوردستان دەویستن.

تازە پاشەکشەمان کردبوو بۆ بەری مێرگان. وەزعی ئێمە زۆر ناجووربوو. کاک سەعید بۆ رێنوێنی و سازماندانەوەی ئێمە سەردانی کردین و وەک هەیئەتی دەفتەری سیاسی هات میوانمان بوو. ئێوارێ خەبەریان هێنا کە لەودەورووبەرە چەند کاروانچی ڕووتکراون. مەسەلەکەی لەگەڵ ئێمە مەسئولینی حیزبی باسکرد. ئێمە دەمانزانی پێشمەرگەی حیزب نین و پێشمەرگەکانی حیزبمان دەناسین و دەمانزانی ئەوکارە هی ئەوان

نیە. کاک سەعید بە ئێمەی ڕاگەیاند کە تەحقیقی پێویست بکەین ئەگەر دەرکەوێ پێشمەرگەی حیزب کاری وایان کردبێت، دەبێ مەسئولینی حیزبی ئەو ناوچەیە سزابدرێن و لە حیزب دەربکرێن. قسەکەی ئەوەبوو کە ئێمە رەنگە نەمێنین، بەڵام ئەو حیزبە دەمێنی و نابێت بی ئیعتیبار بکرێت. ئەوە کە ئێمە لەنێوخەڵکدا ئیعتیبارمان هەیە، ئیعتیباری حیزبەو و حیزبیش ئامڕازی بردنەپێشی ئەوخەبات و بزووتنەوەیە . بۆیە نابێت بێ ئیعتیبار بکرێ. هەرکەس و بەکارەکردەوەکانی زیان بە پرستیژ و ئیعتیباری حیزب بگەیەنێ لە هەرپلەوپایەیەکی حیزبی دابێت، دەبێت سزابدرێت و لە حیزبدا جێگای نەبیت.

لە سکتاریزم و دەستەبەندی بە دوور بوو. بروای بەسەداقەت و کاروتواناکانی خۆی هەبوو، ماندوو و پڕکاربوو، کاری ڕادیۆ، ڕۆژنامە، کاری ئیجرایی، مودیریەتی ئۆرگانەکان، هیدایەتی تەشکیلاتەکان، سەرەرای هەموو ئەوانەش وتار و بابەتی بۆ رۆژنامەو ڕادیۆ و تێکۆشەر دەنووسی و شەوانەش تادرەنگ دەیخوێندەوەو فێری شتی تازەدەبوو. ئەو شەووورۆژ لەخزمەت حیزب دابوو، ژیانی تایبەتی و بنەماڵەیی نەبوو. خەبات و تێکۆشان ژیانی ئەو بوو.

سادەوخاکی دەژیا. بە نان و ئاوێک بەرێ دەچوو، هیچ ئیمتیاز و شتێکی تایبەتی زیاتر لە پێشمەرگەکانی حیزبی نەبوو. دەی گووت ئێمە پێشمەرگەین، هەربۆیە ناز بەسەر خەڵکدا دەکەین، جا ئەگەر ژیان و بەرێچوون و گوزەرانمان وەک خەڵکی ئاسایی بوو، یا لە هی ئەوان باشتر بوو، جێ و بان و پاروومان وەک خەڵکی شاروگوندەکان گەرم و نەرم و چەوور بوو، باشە ئەدی ئەو نازونوزەمان بەسەر خەڵکا چیە. پێشمەرگە پێشمەرگەیەو دەبێ پێشمەرگانەش بژی.

لە پێوەندی دەگەڵ شۆڕش و ئیدامەکاریدا دەی گووت ئێمە کادروپێشمەرگەکان و تێکۆشەرانی حیزب نابێ و ناکرێ مەیدانەکە چۆڵکەین، منداڵی شەهیدان، کەم ئەندامان، بریندارەکان، ئەگەر ئیمکانمان هەبێت رەوانەی دەرەوەیان کەین، خەڵکی دیکەش کە لە نێوخۆ لە پێوەندی دەگەڵ بزووتنەوەدا ناچاردەبن بینەدەر، دەکرێ پشتیوانیان لێبکەین تا بڕۆنەدەر، بەڵام تێکۆشەرانی حیزب دەبێ ئەوخەباتە بەرنە پێش، ئێمە شۆڕشمان هەڵگیرساندوە و خەڵک ماڵی وێرانبووە و کوڕی شەهیدبووە و دەبێ ئەو خەباتە درێژەبدەین. حەقمان نیە لێدەین و بڕۆین و مەسئولیەت بە جێبێڵین. هەر بۆیە کاک سەعید دژی هاتنەدەرەوەی ئەو تێکۆشەرانەی حیزب بوو کە توانای کار و خەباتیان هەبوو.

ئەو بەڕاستی ڕووناکبیرێکی خەباتگێربوو. ئەو یەکپارچەگیە ئەخلاقی و ئارلیهەتەی کە بۆ کاری ریبەری و رووناکبیری خەباتگێر پێویستە بە باشترین شێوە لە کاک سەعید دا هەبوو. ئەو قسەو کردەوەی یەک بوون.

ئەو بە تەوازووع بوو. خاکی بوو، لە ڕاست هاوڕی و کادروپێشمەرگەکانی حیزبدا سنگفرەوان و بە گوزەشت بوو، ، بە تایبەت لە بەرانبەر پێشمەرگەکاندا زۆر نەرم و لەسەرەخۆبوو، بەڵام، قەت لە ئوسوول لای نەدەدا.

لەبەرانبەر دوژمنان و ناحەزانی حیزب و گەلدا سەخت و بە هێزو قەوی و پتەبوو. دیفاع لە حیزب و سیاسەتەکانی حیزب بۆ ئەو ئەرکی هەرە ئەسلی تێکۆشەرێکی حیزبی بوو.

کاک سەعید بۆ کادروپێشمەرگەکان هەر رێبەری حیزب و سکرتێر نە بوو، براو پشت و پەنایان بوو. براگەورە و مامۆستا و رێنووێنی کەریان بوو. ئێمپاتی بۆ پێشمەرگەکان و ژیان و گوزەرانی بنەماڵەکانیان هەبوو. موعەلیم بوو، بەڵام سەخگیر و پڕچاوەڕوانی بوو، کارو خۆماندووکردنی لە شاگردو هاورێکانی دەویست. جارێک وتی ئەندامی حیزبی دێموکرات کاری ئەوەنیە وەک ئەندامی حیزبە لیبڕالەکان چەندساڵ جارێک لە هەڵبژاردندا دەنگ بداتە حیزب و ئیدی کاری تەوا بێت. ئەندامی حیزبی دێموکرات دەبێ کەسێکی شوڕشگێر و ئامادەی فیداکاری بێت. ئاخر دەیزانی رێی خەبات سەخت و درێژەو پێویستی بە کارو تێکۆشانی لە ڕادەبەدەری هەمووان هەیە.

پاش شەهیدبوونی کاک دووکتۆر قاسملوو، کاتێک بە سکرتێر هەڵبژێردرا، لە پلینۆمدا چەن قسەیەکی کردن کە بەڕاستی مێژوویی بوون. وتی ئەوە کە دەنگی متمانەتان داوە بەمن سوپاستان دەکەم. دانیشتن لە جێگای پێشەوا و قاسملوو بۆمن شانازیەکی گەورەیە. بەڵام دەبێ بزانین کە من لە هەلوومەجێکدا سوکانی رێبەرایەتی حیزب بەدەستەوە دەگرم کە ئاستی کاروچالاکی حیزب روو لە دابەزینە بەرەوخوار. دەزانم ئەوە لە مێژوودا گران لەسەر من دەکەوێت، بەڵام چوونکە ڕەوتی خەبات ئەوەی خستۆتە سەرشانم بە هاوکاری ئێوە و خەڵکی کوردستان ئەو مەسئولیەتە قبووڵدەکەم و هەموو توانای خۆم بەکاردێنم ڕووسوور لە بنی بێمە دەر. واتە ئەو لە دوورەوەڕا وەزعی دەدیت و دەوخوێندەوە. شەممی سیاسیی هەبوو.

پێوانەی هەر کردەوەو حەڕەکەتێکی شۆڕشگێرانە لە کوردستاندا بۆ کاک سەعید ، بریتیبوو لە تێکۆشان بۆ سەقامگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی و سرینەوەی ستەمی نەتەوایەتی. سیاسەت و تاکتیک بۆ کاک سادق دەستەواژەی ئەبستراکت و زهنی نەبوون، لە روانگەی ئەوەوە سیاسەت کردەوەی خەباتگێرانەبوو بۆ باشترکردنی وەزعی میللەتی کورد، بۆ ڕزگاری کوردوکوردستان، سیاسەت لای کاک سەعید خەبات بوو. هەر بۆیەش بە حەق و بە کردەوە ببوە ئاوێنەی باڵانوێنی سیاسەت و هەلوێستەکانی حیزب و بزووتنەوەی میللی و دێموکراتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.

کاک دوکتۆر کوردستان و میللەتی کوردی خۆشدەویستن و هەموو ژیان و لێوەشاوەیەکانی خۆی بۆ خزمەت بەوان تەرخانکردبوو. ئەو لەوسیاسەتمەدارانە نەبوو کە خەڵکیان وەک وەسیلەی بردنەپێشی مەبەستەکانی خۆیان دەوێت. ئەو جگە لەقازانج و بەرژەدەندیەکانی کورد و کوردستان و گەلانی دیکەی ولاتەکەمان ، هیچ بەرژەوەندیەکی دیکە و هیچ ئەجیندایەکی شاراوەی نەبوو. بەڵام شانازی دەکرد کە جێگای ئومێدی گەل و حیزب و نەتەوەکەیەتی. ئەوەی بە شانازی و ئیفتیخار دەزانی و ئەوەش بەنۆرەی خۆی وزەوتوانای بۆ کاروخەبات دەدا بە کاک سەعید.

٤

خەبات بە دژی ستەمی نەتەوایەتی، ریسالەتی ئەسڵی کاک دووکتۆر شەڕەفکەندی

مرۆڤ مەوجودێکی کۆمەڵایەتیە و بە کۆمەڵ دەژی. ئەوەش لە نیازو پێداویستیە سروشتی و کۆمەڵایەتیەکانی ئینسان و ڕاستیەکانی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێ. بۆیە هەر لەسەرەتای مێژووەوە چۆنیەتی ئیدارەو رێکخستن و ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا ئینسانیەکان، و تەنزیمکردنی پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان مەسەلەیەکی گرنگ بووە ومرۆڤ کاری بۆکردوە .

ئێستا پاش تێپەرێنی چەندین هەزار ساڵ بەسەر ئەزموونی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، شكڵ و نیوەرۆکی ئیدارەکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ئینسانیەکان پەرەی سەندوە و زۆر چۆتە پێش.

لەوپێوەندیەدا گرنگترین مەسەلە، مەسەلەی موشارەکەت و بەشداری خەڵکە لە ئیدارەکردن و بەرێوەبردنی کارووباری خۆیاندا.

ڕادەی بەشداری خەڵک لەکاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری کۆمەلگادا،شكڵ و نێوەرۆکی دەستەڵات، دەوڵەت و حکومەت دیاری دەکات. لێرەوەیە کە حکوومەتەکان، تایبەتمەندی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری یا دێموکراتیک بەخۆوە دەگرن.

لەسەردەمی ئێستادا، چڵەپۆپەی گەشەکردنی ئەزموونی مرۆڤایەتی بۆ ئیدارەکردنی کۆمەڵ، بریتیە لە دێموکراسی. مێژووی مرۆڤ تەجرووبەو ئەزموونیکی باشتر لە دێموکراسی بەخۆوە نەدیوە. هەرچەند دێموکراسی رەنگە کەمووکوڕی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵام لە هەموو سیستەمەکانی دیکە باشترەو زەمینەی هەڵدان و گەشەکردنی کۆمەڵ و فەردی ئینسانی لە هەموو بوارێکەوە دەستەبەر دەکا.

جەوهەری دێموکراسی بریتیە لە (participation)بەشداری و موشارەکەتی خەڵک لەکارووباری کۆمەڵ و دەوڵەت و حکوومەتدا.

ئەسڵێکی دیکە لە دێموکراسیدا، بریتیە لە قبووڵکردن و وەبەرچاوگرتنی نەزەرو بیروبۆچوونی زۆرایەتی خەڵک لە کۆمەڵدا

بەڵام سەرەڕای ئەوە ، کۆمەڵ دەستەوتاقم و چین و توێژ و گرووپی جۆراوجۆری دیکەشی تێدان کە پێیان دەوترێ کەمایەتی، وەک کەمایەتیە نەتەوەییەکان، کەمایەتیە زمانیەکان، کەمایەتیە ئاینی و مەزهەبیەکان و هتد، کەمایەتی ژمارەییشمان هەیە.

ئەوە کە دەوڵەت، یا سیستەمیکی سیاسی چۆن لەگەڵ ئەو کەمایەتیانە ڕەفتار و هەڵسوکەوت دەکا، ماهیەتی ئەو سیستەمە سیاسیە دەست نیشان دەکات.

مەبەست لە بەشداری و موشارەکەت، بریتیە لە بەشداری خەڵک لەکاروباری سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کۆمەلگاکانیاندا. بەڵام بەشداری سیاسی لە هەموو لایەنەکانی دیکە گرنگترە و مەبەستی ئێمەش لە بەشداری زۆرتر بەشداری سیاسیە. لە دێموکراسیدا خەڵک دەتوانن لە ئیدارەکردنی کارووباری سیاسی خۆیان و حکومەت و دەوڵەتدا بەشدار بن.

یانی موشارەکەتی خەڵک ،زەمینەی هەڵدان و پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئینسانەکان و کۆمەڵ و سیستەمی سیاسی و حکوومی پێک دێنێ.

کۆمەڵناسەکان ئەمڕۆ لەسەر ئەو باوەڕەن کە مەبەست لە پەرەسەندن(Development) بریتیە لە بەشداری هەرچی زۆرتری خەڵک لە پرۆسەی سیاسی و کارووباری وڵاتەکەیاندا.

ڕادەی بەشداری خەڵک و چۆنیەتی ڕێگاو میکانیزم و ئالیاتەکانی بەشداری خەڵک، ڕەوایی و لیگیتیمەیشن،بە دەوڵەت و سیستەمی سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵدا دەدەن.

گرنگی و بایەخی موشارەکەتی خەڵک لە کارووباری سیاسیدا هێندە پڕبایەخە، کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ناوەندە ئەکادیمیەکان، وەک ڕێگا چارەو ستراتیژی هەڵدان و گەشەکردنی کۆمەڵ حیسابی بۆ دەکەن .

لە ڕاستدا دێموکراسی و پێشکەوتن و پەرەسەندن، بە بێ بەشداری و موشارەکەتی خەڵک لە کاروباری سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی خۆیان و وڵاتەکەیاندا، مومکین نیە.

مەبەستمان لە موشارەکەت، بریتیە لە موشارەکەتی خەڵک وەک تاک، وەک گرووپ، وەک نیهاد و رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و داموودەزگا کانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئەحزابی سیاسی و رەوتە جیاجیاکانی نێوکۆمەڵ. واتە بەتەنیا و بە کۆمەڵ.

لە دێموکراسیدا لایەنی جۆراوجۆر هەن. بەشداری ئاگاهانەی خەڵک و حیزب و رێکخراوە سیاسی و جەماوەریەکان،ڕادەی کەیفیەتی بەشداربوان دەردەخا. جیا لەوە موشارەکەت دەبێ ڕۆڵی هەبێ و تەئسیری هەبێ و نەزەرو بیروبۆچوون و ویست و داخوازەکانی خەلک وەبەر چاوبگیردرێ . دەنگی خەڵک دەبێ لەبەرچاوبگیردرێ، ئەوە جەوهەری دێموکراسیە. بەوپێ یە دەگەینە ئەو ئاکامە کە ڕادەی بەشداری و میکانیزمەکانی بەشداری خەلک لە کاروباری سیاسی خۆیان دا جەوهەری دێموکراسی و ئازادی و عەداڵەتە.

٥

دەزانین کە ئێران وڵاتێکی فرەگەلە و چەند نەتەوەی جۆراوجۆر هەرکامیان لەسەر نیشتیمانی چەن هەزار ساڵەی خۆیان، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا دەژین. کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە . جگە لەوە گەلێک کەمایەتی مەزهەبی و ئاینی و ئیتنیکی دیکەش لە ئێران دا هەن.

ئەو کەمایەتیانە لە ئیدارەکردنی کاروباری وڵاتەکەیاندا و تەنانەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانی شوێنی ژیانی خۆشیاندا، نەخشێکی زۆرکەمیان هەیە. یا دەتوانین بڵێین کە لە مافە سروشتیە سیاسیەکانیان بۆ بەشداری لەکاروباری وڵاتەکەیاندا بێ بەشن. ئەوەی جێگای باسی ئێمەیە کەمایەتیە نەتەوەییەکان و بە تایبەتی کێشەی کوردە.

کەمایەتی نەتەوەیی بەو کۆمەڵە خەڵکە دەوترێت کە هوشیاری نەتەوایەتیان هەیەو خۆیان لە گرووپ و دەستەو تاقم و نەتەوەو گەلەکانی دەورووبەیان بە جیادەزانن. کولتور وفەرهەنگ و زمان و نژاد و هەویەتی هاوبەش و نیشتیمانی هاوبەشیان هەیە و مێژووی هاوبەش و داب و نەریت و چارەنوسی هاوبەشیان لەگەڵ یەکتر هەیە. لەوەش زیاتر بۆ مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیان کارو خەبات دەکەن. بۆیە کوردایەتی و خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی لە ستەمی نەتەوایەتی، جەهەری ئەو هاوپێوەندیەیە کە خەڵکی کوردستانی لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکانیان کۆکردۆتەوە.

پرسیار ئەوەیە کە ئایا کەمایەتیە نەتەوەییەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد لە ئیدارەکردنی کاروباری وڵات و تەنانەت ناوچەکانی خۆیاندا بەشدارن؟

کام کاناڵ و میکانیزمی تایبەتیان بۆ بەشداری کردن و تەئسیردانان و موشارەکەت بۆ دەستەبەرکراوە؟

کۆسپەکانی سەرڕێگای بەشداری ئەوان لە بەڕیووەبردنی کاروباری وڵات دا چن؟

ئەو ستەمی نەتەوایەتیەی کە خەڵکی کوردستان هەستی پێدەکەن و بە ئێسک و پێستەوە دەرکی دەکەن لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ.

ڕێگاچارەی ئەو مەسەلەیە چیە؟ ئایا ڕێگاچارەکەی سیاسی هەیە و گیروگرفتەکە سیاسیە یا ئیداری و فەرهەنگی و ئابووری؟ چۆن چارەسەر دەکرێ؟

٦

وەک باسم کرد کەمایەتیە نەتەوایەتیەکان لە ئێراندا، لەبەرێوەبردنی کاروباری وڵات و تەنانەت ناوچەکانی خۆشیاندا هیچ نفوز و دەستەڵات و رۆلێکیا نیە.

بەڵام هەستی نەتەوایەتی و شعوری سیاسیان هەیەو بۆ پاراستنی هەویەتی نەتەوایەتی خۆیان تێدەکۆشن. بەوپێ یە مەسەلەی کەمایەتیە نەتەوەییەکان لە ئێراندا مەسەلەیەکی سیاسیە و لەو ستەمە سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە سەر گەلی کورد هەیە. واتە سەرچاوەکەی سیستەمی سیاسی دەوڵەتی و حکومەتیە.

مەبەست ئەوەیە کە موشارەکەتی کوردان و کەمایەتیە نەتەوەییەکانی دیکە لەکاروباری ئابووری و کۆمەلایەتی دا زۆر گرنگە. بەڵام موشارەکەتی سیاسی ئەوان لە دیاری کردنی چارەنووس و قازنج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان و پێناسەکردنی ژیان و رێگاکانی بەختەوەری و پەرەسەندنی نیشتمانی خۆیان بە مەسەلەی هەرە گرنگ لە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بە حیساب دێت.

بەڵگەنامە و دۆکێۆمێنت و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان، و تەنانەت پراکسیسی نێونەتەوەییش، ئەوەدەردەخەن کە مەسەلەی کەمایەتیەکان و بەشداری ئەوان لە کاروباری ولات و بە تایبەتی ئیدارەی ناوچەکانی خۆیاند داخوازێکی سیاسیە و مەسەلەیەکی تەواو سیاسیە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ، داوا لە هەموو ئەندامانی خۆی دەکات، کە ئێرانیش یەکێک لەوانە، تا مافە سیاسیەکانی کەمایەتیەکان بۆ موشارەکەت لە پرۆسەی سیاسی و بەرێوەبردنی کارووباری سیاسی وڵات و ناوچەکانی خۆیاندا، دەستەبەربکەن.

بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکان دەڵێن حاشاکردن و نەدیتن و لەوەش زیاتر ئینکار و سەرکوت و هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی سیاسی و ی کولتوری و کۆمەڵایەتی کەمایەتیەکان، دەبێتە هۆی لەنێوچوونی سیاسی و فیزیکی ئەوان و مەوجودیەتی ئەوان وەک گەل لەنێودەبا، جا ئەگەر وەک فەردیش بمێننەوە، وەک گەل و میللەت و نەتەوە لەنێو دەچن و ئەوەش دەچیتە چوارچێوەی ژینۆسایدی سیاسی و کولتووری.

بۆیە لە کۆنڤانسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان لەمەڕ قەدەغەبوونی نەسل کوژیدا، ژینۆساید، بە جنایەت دەناسرێ و وەک تاوان بە دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدرێ.

چەسانەوەی سیستماتیک و ستەم و سەرکوتی سیاسی لەسەر کەمایەتیەکان وەک سیاسەتێکی دەڵەتی و بەرنامەڕێژی بۆکراو، بۆ ماوەیەکی دوورودریژ ، وەک ئەوەی کە لە ئێراندا، بە دژی کوردەکان بەرێوەدەچی، لەباری ئەکادیمیەوە بە ژینۆساید و نەسلکوژی تەرجومەدەکرێ.

کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، مافی ژیان، مافی هەبوونی هەویەت و ناسنامەی تایبەتی، مافی پاراستن لە بەرانبەر تەبعیزی دەوڵەتیدا(stately discrimination)، بۆ هەموو کەمایەتیە میللی و مەزهەبیەکان بەرەسمی دەناسێ و ئەرکیش دەخاتە سەرشانی دەوڵەت کە ئەو مافانە دابین و دەستەبەربکات.

لەو کۆنڤانسێۆنەدا، کۆمەڵگای نیێونەتەوەیی مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئیتنیکی و میللی و مەزهەبیەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگ و کولتوری خۆیان و بردنەپێشی قازانج و بەرژەوەندیە سیاسیەکانیان بە رەواو بەرحەق دەزانێ.

بەگویرەی بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەموو مرۆڤەکان ئازادن لە ژیانی فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگاکەیاندا بەشداری بکەن. کەواتە کۆمەلە کەسێک کە فەرهەنگی هاوبەشیان هەیە، مافی خۆیانە پێکەوە کاروباری فەرهەنگی و ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان بەرێوەبەرن.

بە گوێرەی کۆنڤانسوێنە نێونەتەوەییەکان، ئازادی مەسەلەیەکی سیاسیە. هەر بۆیە ئازادی بیرو عەقیدە و دین و مەزهەب ، جەوهەری ئازادی پێک دێنێ. هەرکاتێک دەوڵەتێک لەسەر ئەساسی مەزهەب و دین و عەقیدە و هەویەت، تەبعیز لەگەڵ کەمایەتیەکان بکا، ئەوە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤی پێشێل کردوون. واتە سەرەتاییترین مافە سیاسیەکانی هاووڵاتیانی لە ژێرپێ ناون. واتە رێگای بە موشارەکەتی خەڵک لە بەڕیوەبەری کارووباری خۆیاندا گرتووە و ئەوەش مەسەلەیەکی تەواو سیاسیە.

چ لە قانووندا، چ لە سیستەمی سیاسیدا و چ لە ژیانی رۆژانەدا، بە ئاسانی دەتوانین دەرک بکەین کە گەلی کورد و کەمایەتیە نەتەوەییەکانی دیکە لە ئێراندا تەواو ، لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی سیاسی دا.

کوردو کەمایەتیە نەتەوەیەکانی دیکە، چونکە نفووز و دەستەڵات و نوێنەرایەتیان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و سیاسەتگوزاری و قانوون دانان دا نیە، لە ڕاستیدا ئیختیاراتی ئەوەشیان نیە سەبارەت بە کارووباری ژیانی خۆیان و ئیدارەکردنی ناوچەکانی خۆیان برێار بدەن.

کەمایەتیەکانی وەک کوردی سونی و بەلووچەکان و عەرەب و تورکمەن ناتوانن هیچ پۆستێکی وەک پۆستەکانی رێبەرایەتی، سەرکۆماری، سەرۆکی دەزگای قەزایی یان دەستەڵاتی ئیجرائیان بە دەستەوە بێت.

لە کردەوەدا تەنانەت وەزیرێک ، جێگری وەزیرێک، سەرۆکی سازمانێکی گرنگیی دەولەتیش، تەنانەت ئوستاندارێکیش، لە نێوکەمایەتیە نەتەوەیەکاندا کە مەزهەبیان شیعەنیە دیاری ناکرێ. یا زۆر بە دەگمەن هەلکەوتووە کەسێکی ئەوتۆ دیاری کرابێت.

لە ئەنجوومەنی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزامدا، لە شوڕایی نیگاباندا، ،لە شوڕای چاوخشاندنەوە بە قانوونی ئەساسیدا، لە شوڕای بەرزی ئەمنیەتی میللیدا، لە شوڕای عالی شۆڕشی فەرهەنگیدا، تەنانەت لەسەرۆکایەتی زانکۆکانیشدا، کەسێکی سەربە کەمایەتیەکان کە مەزهەبی شیعە نەبێت، وجودی نیە.

لە ناوچە میللیەکاندا، حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی سەربەکەمایەتیە نەتەوەییەکان قەدەخەن و فەعالیەتی یاساییان نیە . هیچ حیزب و رێکخراوێکی سیاسی لەو ناوچانەدا بە ئازادی تێکۆشانی نیە. خەڵک ئەگەر داخوازێکی سیاسی بێننە گۆڕێ، لەگەڵ سەرکوت و زەبروزەنگ بەرەو ڕوون دەبن.

رۆژنامە و گۆڤار و چاپەمەنی سەربە کەمایەتیەکان قەدەغەن. یا هەر وجودیان نیە. یا داخراون. یا زۆر کەمن و ئەوانەش کەهەن لە ژێر تیغی سانسۆردان و ناتوانن زمان حاڵی خەڵک بن و داخوازەکانی نەتەوەبندەستەکان بێننەگۆڕێ.

فەرماندەکانی ئەرشەدی نیزامی و ئینتیزامی و ئەمنیەتی، سەرۆکانی دەزگای قەزایی و ئیجرایی و قانوونگوزاری، کارمەندان و بەرپرسانی بەشەجۆراوجۆرەکانی بەیتی ڕێبەرایەتی، مەجلیسی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام، کوردێکیان تێدانیە و نوێنەری کەمایەتیە نەتەوەییەکان لە نێو ئەواندا نابینرێ.

پۆستەکانی پایەبەرزی وەزارەتی نێوخۆ، بازڕەسی گشتی، دیوانی عەداڵەتی ئیداری، بۆ کەسانی سەربەکەمایەتیەکان قەدەغەن. لە مەجلیسی خوبرەگاندا، نوێنەری کەمایەتیەکان نیە. لە مەجلسی شوڕای ئیسلامیسدا، ئەوانە کە هەن هیچ رٶلێکیان نیە و لەسەر سیاسەتگوزاری ئێراندا تەئسیریان نیە. لە سەداوسیمای میللیدا، لە وەزارەتی دەرەوە و سەفارەتخانەکاندا، نوێنەری کەمایەتیە نەتەوەیەکان نیە. هەر بۆیە ناشتوانن لە بڕیاردان و سیاسەت گوزاریدا بەشداربن و شوێنەواریان هەبێت.

ئەوەی باسمان کردن تەنیا گیروگرفتە سیاسی و حقوقی و قانوونیەکانن. لەکردەوەو بەرخوردی رۆژانەدا و لە هەڵسوکەوتی دامودەزگاکانی دەوڵەتیدا، بە هەزاران شێوەی راستەوخۆو وناڕاستەوخۆ، مەرموز، کەسانی سەربە کەمایەتیەکان، وەک ئێمەی کورد، لەدەرفەت و ئیمکاناتی بەرانبەر بۆ وەرگرتنی کار و پۆست و مەقام و بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات و تەنانەت لەکارکردن لە هەندێک دامودەزگای دەوڵەتیشدا، جیاوازی و تەبعیزیان لەگەڵ دەکرێ. بۆ نموون پۆستەکانی هێزە نیزامی و پۆلیسی و ئەمنیەکان، ڕێکخراوەکانی گوزینش و چاودێری و کۆنتڕۆل و ئیدارەی بەندەر و شارێکان و نوختەسنووری و دەزگا گرنگە ئابووری و بازرگانی و سەنعەتی و عیلمی و…هتد.

٦

ئێستا بزانین ئەو وەزعەی باسمان کرد لە چیەوە سەرچاوەدەگرێ.

 

شێوەی درووستبوونی سیستەمی حکوومەتی و دەوڵەتی لە ئێراندا، لەسەر بناخەی سانتڕالیزم و مەرکەزگەرایی دامەزراوە. ئەوە پێی دەوترێ مۆدێلی رەزاخانی . هیچ سەرنجێک ناداتە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئیتنیکی، سیاسی، کولتووری و دێمۆگرافی دانیشتوانی ئێران. ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی کە کەمایەتیە نەتەوەییەکان نەتوانن لەکاروباری ئیداری و سیاسی وڵاتەکەیان دابەشداربن و تەنانەت لە بەرێوەبردنی ناوچەکانی خۆشیاندا هیچ   ئیختیارێکیان نەبیت.

 

لەلایەکی دیکەوە هەر لە هەوەڵەوە کاربەدەستانی ئێران تێکۆشاون مەسەلەی کەمایەتیەکان، وەک مەسەلەیەکی سیاسی نەبینن و لەباشترین حاڵەتدا، کەباسی دەکەن دەیخەنە چوارچێوەی مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان و پێیان وایە لەرێگای پەرەسەندی کۆمەلایەتیەوە چارەسەردەبێت و کێشەی کوردستان دەبڕێتەوە.

 

ڕاستیەکەی ئەوەیە تا کاتێک مەسەلەی بەشداری کەمایەتیە میللەکان و مەسەلەی کورد بە تایبەتی وەک کێشەیەکی سیاسی بەڕەسمی نەناسرێ و قبووڵ نەکرێ، کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە. چوونکە لەو حاڵەتەدا ئێمەی کورد هەر خۆمان بە غەدرلێکراو دەزانین و لەئاکامدا بەدژی خەبات وبەربەرەکانی دەکەین. ئەو غەدر و ناعەداڵەتیەش کە لەگەڵمان دەکرێ بەربەرەکانی لەگەڵ دەکەین. بۆیە کێشەکە هەرلەجێی خۆی دەبێ.

 

هەموو کاربەدەستانی ئێران ، چ لەزەمانی شادا و چ لە زەمانی رێژیمی تازەدا و تەنانەت ڕاست و چەپی سیاسەتی ئێران ، تێدەکۆشن مەسەلەکە وەک کێشەیەکی ساسی نەبینن. ئەوەش بۆ ئەوەیە کە رێگاچارەی سیاسی بۆ دانەنێن و ئینکاری بکەن . جەوهەری ئەو سیاسەتەش ئەوەیە کە رێگا لە موشارەکەتی ئێمە کوردەکان و کەمایەتیە کانی دیکە لە کاروباری سیاسی و ئیداری ئێران دا بگرن و نەیەڵن خەڵک لە ماف و ئازادیە سیاسیەکانی خۆیان بەهرە وەرگرن. چونکە ئەو دەم وەک ئێستا ناتوانن دەستەڵاتی خۆیان بەکەیفی خۆیان بسەپێنن.

 

جەوهەری ئازادی و دێموکراسی و سیتیزنشیپ، بریتیە لە موشارەکەت و ڕەقابەت و دیالۆگ.

 

کوردو کەمایەتیە نەتەوەییەکانی دیکە نە ڕێگای موشارەکەتیان لە کاروباری سیاسیدا دەدرێتێ، نە مەیدانی ڕەقابەتیان هەیە و نە ئیجازەشمان دەدەنێ دیالۆگ بکەین و کێشەکانی خۆمان بە ئازادی بێنینە بەرباس.

 

سیاسەتی دەوڵەتی مەرکەزی تەنیا سەرکوت و زەبروزەنگ و گرتن و ڕاونان و بێ بەشی و مەحروم ڕاگرتن و بێبەش هێشتنەوەی ئێمەیە لە سەروەت و سامان و خێروبێری وڵات و راگرتنمانە لە مەینەت بەشی و بێبەشی سیاسی و فەرهەنگیدا. تەنانەت وەک براچوکەش تەماشا ناکرێین، زڕبراشنین، نایەڵن لەسەر سفرە لەگەڵیان دانیشین، لە پاشخانەش رێگات نادات، کاک سەعی وتەنی لەدەرەوەی خێوەتەکە ڕایگرتویین و دەیەوێ وەک خزمەتکار لەبەردەستیدا بین.

 

بەوجۆرە دەبینین کە گەلی کورد و کەمایەتیەکانی دیکە لە ئێراندا، لە ژێر تەبعیزو هەڵاواردنێکی تووندی سیاسی دان هەویەت و کەڕامەتی ئینسانی و میللی و فەرهەنگیان پێشێل دەکرێ.

 

خەباتی کورد و بزووتنەوەی کورد بۆ گۆڕینی ئەو وەزعەیە. بۆ شکاندنی ئەو قاوغەیە. بۆ وەلانانی ئەو مۆدێلەیە لە دەوڵەتداری و حکومەتداری . کار و خەباتی ئێمە بۆ دیسانترالیزەکردن و دێموکراتیزەکردنی دەستەڵاتی سیاسیە لە ئێراندا، بۆ دابینکردنی هەلەومەرجێکە کە موشارەکەتی کاریگەر و دیالۆگ و رەقابەتمان بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆ شوێندانان لەسەر کاروباری وڵات و چارەنوسی خۆمان بۆ دەستەبەر بکات.

 

کورد حەقی خۆیەتی لە ئاستی سەرانسەریدا، لە ئاستی ناوچەکانی خۆیدا و لەوەش زیاتر لە ئاستی هەموو مەنتیقەکەدا، تەئسیر و کاری گەری لەسەر سیاسەت گوزاری و بڕیاردان و تەسمیم گیری و پڕۆژەسازی هەبێت. ئەوە حەقی کەمایەتیە نەتەوەیەکانی دیکەشە. بەگوێرەی پەیماننامەو کۆنڤاڤسێۆنە نێونەتەوەییەکان و ئەسڵەپەسندکراوەکانی کۆمەڵگای جیهانی کورد مافی خۆیەتی لە سەرخاک ی نیشتیمانی هەزاران ساڵەی خۆی خۆی بەریوەبەرێ و لەسیاسەتی ناوچەکەشدا قازانج و بەرژەوەندیە ڕەواکانی خۆی بەرێتە پێش.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رێگای چارەسەری ئەو وەزعە لە دابین کردنی ئازادی و دێموکراسی، تەزمینی دۆزینەوەی کاناڵەکانی بەشداری و موشارەکەتی گەلانی ئێران لە رێگای ئۆتۆنۆمی و خودموختاری و فیدرالیزم و دەستەڵاتی موحەللی و تەقسیمی دەستەڵاتی حکومەتی و برابەشیش لە حەقی حاکمیەت دا دەبینێ. بۆ ئەو مەبەستەش خەبات دەکا. کێشەکە وەک مەسەلەیەکی سیاسی دەبینێ و پڕۆژەی سیاسیشی بۆ چارەسەری کێشەکە پێ یە.

 

دوکتۆر شەرەفکەندی وەک ڕووناکبیرێکی شوڕشگێر ، بردنە پێشی ئەو پڕۆژە سیاسیەی بە ریسالەتی خۆی دەزانی. هەر بۆیە بە ئاگاهی تەواوەوە، بەتێگەیشتن لە مەسئولەتێک کە لەسەر شانی خۆی هەستی پێدەکرد، رێگای خەبات و شۆڕشی هەڵبژاردبوو و سەرەنجام گیانیشی لە پێناویدا دانا. کاک سەعید لەوپەرێ ئاگاهی و وشیاریدا رێگای پێشمەرگایەتی هەڵبژارتبوو.

 

8

 

بەڵێ دووکتۆر شەرەفکەندی و کاک فەتاح و کاک هومایوون شەهیدبوون، دەیان و سەدان تێکۆشەری دیکەی میللەتەکەمان لەوڕێگایەدا شەهیدبوون و بە خووێنی خۆیان ئەو بزووتنەوە، ئەو جوڵانەوەیان بیمەو تەسبیت کردوە.

 

مێژووی پێوەندیەکانی نێوان کوردو دەوڵەتی مەرکەزی لە ئێراندا یەک دەرسی گەورەی بۆ ئێمەو نەوەکانی داهاتوومان تێدایە. ئەویش ئەوەیە کە دەبێ جارێکی دیکە رێگا نەدرێ دەوڵەتی مەرکەزی لە نیەتپاکی کورد کەڵکی خراپ وەرگرێ و ڕێبەرانمان ئاوا بە ئاسانی شەهیدبکا. تازە دەبێ لە مەوزعی قودرەتەوە دەگەڵ تاران قسە بکەین. یانی دەبێ ببینە فاکتۆرێکی هێندە گەورە لە سەر سیاسەتی ئێران و ناوچە کە دەوڵەتی مەرکەزی بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی ناچاربێت بدەوبستانمان دەگەڵ بکات. ئەوە کارێکی مومکینە. دەبێ گەلی کورد و گەلانی دیکەی بندەستی ئێران وا رێکخەین کە ئێمە کلیلی داڕشتنەوەی جوگرافیای سیاسی ئیرانمان بەدەستەوە بێت. ئێمە دەتوانین ئەوکارەبکەین

 

لەلایەکی دیکەشەوە ئەرکێکی نیشتیمانی گەورەش دەخاتە سەرشانی ئێمە کەبریتیە لە پاراستنی رێبەرانمان لە بەرانبەر دوژمندا. لەسەرمانە وەک گلێنەی چاومان دیفاع لە رێبەرایەتی خۆمان و بزووتنەوە بکەین. یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی پارێزگاری لە رێبەران و ڕێبەرایەتیمان ئەوەیە کە تێکۆشین لە خەباتدا موئەسیر بین و هەموو ئەرکێک بەوان نەسپێرین و لەو شووێنەش کە پێویستە بەرانبەریان ڕاوەستین . رێبەری حیزبی ئێمەو بزووتنەیەکی گەورەی وەک بزووتنەوەی کورد دەبێ کاری ستراتیژیک و سیاسەتگوزاری بکات و سەمبوولی خەبات و ئیرادەی گەل و بزووتنەوە بێت و نابێ بیهێنینەخوارەوە تا ئاستی مەئمورێکی ئیجرایی.

 

لەسەرمانە لەخسڵەت و تایبەتمەندیە ئینسانی و شۆڕشگێریەکانی کاک سەعید وڕێبەرانی دیکەمان فێربین. سروشتە بەرزو ئینسانیەکانیان بکەینە سەرچاوەی ئیلهام و سەرمەشقی تێکۆشانی حیزبی و تەشکیلاتی و سیاسیمان.

 

لەسەرمانە حیزبیەکەمان، بزووتنەوەکەمان ، بەرهەمی کارو تێکۆشانی ئەوان، بناخەفکری و سیاسی و تیئوریەکانی ئەندێشەو ڕێبازی سیاسی ئەوان دەوڵەمەندتر، بەهێزتر کەین . تێکۆشین وەک ئەوان ببینە کچوکوڕی سەردەمی خۆمان. واتە لە هەلومەجی تازەی خەبات دا چاک بازی بکەین، بۆخۆمان سەرمایەی مادی و مەعنەوی و سیاسی و ئیعتیباری خەباتگێرانە بە خەزێنەی لەبن نەهاتووی حیزبەکەمان و بزووتنەوەکەمانەوە زیادکەین. نەک بێین شەهیدەکانمان دەکفنی کەربەلاوە وەرپێچین تاسوعاو عاشورای حیزبی و تەشکیلاتیان بۆ وەڕیخەین و ئەوان و بەرهەمی کارورەنج وخەباتی نەسلەکانی پێشوی حیزب و میللەتەکان بکەینە مایەی کێشە.

 

رێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران روون و ئاشکرایە. هیچ تەمومژێکی سیاسی تیدانیە. دەبێ بەورێیەدا بڕۆینە پێش و لانەدەین.   دەبێ سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتی و فکری حیزبەکەمان وەک گلێنەی چاو بپارێزین. ئەگەر کەسێک بە ئەنقەست لەخۆی نەگۆڕی، ئەوڕێیەی لی وننابێ. ئەودەم شایستەیین کە ئەو دەسکەوتانەمان پاراستبن و پێمانەوە زیادکردبن و بەشانازیشەوە بە کاروخەباتی نەسلەکانی پێشووی حیزب و گەلەکەمانەوە، ئیفتیخار بکەین و ئەو حیزب و خەباتە بە قودرەتەوە بەرینەپێش.          

 

لە کاتی شەهیدبونی کاک دوکتۆر قاسملوودا، کاتێک لەسەر گۆڕی شەهیدانی دیکە قسەدەکات ، لەو لەحزە سەخت و دژوارەدا، لە قسەکانیدا، بانگەواز لە خەڵکی کوردستان دەکات کوڕوکچەکانیان بنێرنە ریزەکانی خەبات و تێکۆشان و بەربەرەکانی و ناوی قاسملوو و شەهیدانی دیکەی گەل   دە گوێی منداڵانی کوردستاندا بخوێینن تا بۆیان ببنە سەرمەشقی خەبات و بەناوی ئەوان بێنە گڕوگاڵ. ئێمەش دەبێ ئەوە بکەین، ناوی کاک سەعید و قاسملوو و کاک فەتاح و هومایۆن و شەهیدانی دیکەی نەتەوەکەمان، دەبێ بکەینە رەمزی خەبات و قوربانی دان و گیانبازی لە پێناوی گەل و نیشتیماندا و بەو ئامانج و ئیدەو رێبازە وەفاداربین کە ئەوان گیانیان لە پێناویدا دانا. کاک سەعید لەو بانگەوازەکەیدا دەڵێ لاوان کوردستان بینە ریزی خەبات و ببنە جێگای ئومێدی میللەتەکەیان. دەبا تێکۆشین ببینە جێگای ئومیدی گەلەکەمان.

 

خەباتی ئێمە خەباتێکی رەوایە و خەبات بۆ ئازادی میللەتێکە. ئەو خەباتە بە هەمووان دەچێتە پێش. با تێکۆشین ریزەکانی خەبات بەرین کەینەوە، رێز لە کاروزەحمەتی هەموو ئەوکەسانە بگرین کە لەو بزووتنەودا باشداربوون و بەشدارن. کەس حەقی نیە حیزب و خەبات و سەروەرەیەکانی گەل و بزووتنەوە لە سەرخۆی تاپۆبکا و خەلكی تر و کاروخەباتی تێکۆشەرانی حیزب و گەل به هیچ بگرێ و وەلایان بنێ . خەباتی ئێمە گەلی و جەماوەریە و نابێ بێلین حیزبەکەمان ببێتە فیرقەیەکی جیا لە کۆمەڵانی خەڵک.

 

لەسەرمانە خۆمان و گەلەکەمان و تێکۆشەرانی حیزب بەرینە پێش و پەروەردەیان بکەین. بۆ بردنەپێش و درێژەدانی خەبات دەبێ حیزبی دێموکرات بە هێز و مۆدێڕن و هاوچەرخ دەربێنین.

 

پێویستە نەوەی تازەی کوردستان بکێشینە نێو جەرگەی خەبات و تێکۆشان و کاریان پێ بسپێرین و بەرپرسایەتی کاروخەباتیان بدەینێ. دەبێ سنگمان فرەوان کەین و دیدگای حیزب بۆ دیتنی دوونیای دەوروبەر گەورەکەینەوە.

 

با تێکۆشین مەیدان بۆ هەموو ئەوکەسانە بکەینەوە کە دەیانەوێ لەو خەباتەدا بەشداربن و لەگەڵمان دابن و هاوکار و هاوڕێمان بن.

 

حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد و کوردایەتی و خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری لە پاوان و قۆڕخی کەس دانین و هەموو ڕۆڵەکانی میللەتی کورد حەقیانە لەو خەباتە بەشداربن و کەس مافی ئەوەی نیە خەڵکانی تە وەلانێ و کوردایەتی و حیزبایەتی لە خۆیدا ببینێ.

 

با تێکۆشین حیزبی دێموکرات بە هێزکەین، پەرەی پێبدەین، تەشکیلاتەکەی مونسەجم کەین و لە دابڕدابڕی دەری بێنین. با ئەو حیزبە و سەروەری و پرنسیپ و نرخ و ئەرزشەکانی بپارێزین. با حیزب مۆدێرنیزە بکەین. با ئیمکانات و پووڵ و سەروەت و   هێزو شارەزایی تکنیکی و ئینسانی زیاتر بخەینە خزمەتی حیزب و خەبات.

 

با دۆست و ئەلیانس، لە ئێران و کوردستان و ناوچەو دونیادا بۆ حیزبەکەمان و بزووتنەوەکەمان پەیداکەین. تاقانە بوون و خۆدیتن و کەس نەدیتن نەک هەر گەورەو بە هێزمان ناکات بەڵکو لە نێومان دەبات.

 

کورد و کوردستانمان خۆشبوێ، هەستی نیشتمان پەرستی، نیشتمان پەروەری لەخۆمان و ڕۆلەکانی میللەتەکەماندا بە هێزبکەین. هەویەتی کوردایەتی و کوردستانی بوون جێگیر کەین. وڵات و خاک و ئاو و ئەدەبیات و شیعروفەرهەنگ و مۆسیقاو گۆرانی میللەیی خۆمانمان خۆشبوێ.  کاک سەعید کوردستانی بە هەموو وجودەوە خۆشدەویست. ئەو رۆژەی کەرکوک ئازادکرا تەقەی خۆشی کرد، لەبیرمە وتی لە سێسەد ساڵی رابردوودا ئەوە یەکەمجارە کەرکوک ، بەدەستی کورد خۆیەوەبێ. بۆیە حەقە ئەو ئێوارەیە بەوبۆنەوە شادی بکەین. کاک سەعید بەراستی کوردپەروەرو کوردستانی بوو. ناسیۆنالیستێکی کوردی ڕووناکبیر و خەباتگێر بوو.

لە سەرمانە بەرپرسایەتی قبووڵکەین. واتە بەرپرسایەتی ئەوە کە بەشێکی زۆری ئەو وەزعەی خۆمان و خەباتەکەمان و حیزبەکەمان و میللەتەکەمان تێیدایە، ئاکامی کاروڕەفتار و چۆنیەتی کارو هەڵسوڕانی ئێمەیە. نابێ هیچی تر هەر دوژمنانی کورد و ناحەزانی گەل و میللەتەکەمان لەو پێوەندیەدا بە گوناهبار بزانین، دەبێ سەهمی خۆشمان لەو بارەوە ببینین و وەخۆبێینەوە. مەسئولیەتی ئەوە قبوول کەین کە نابی لەو پێوەندیەدا هەر دوژمن بە گوناهبار بزانین، دەبێ سەهمی خۆشمان ببینین. دەبێ خۆمان تێکۆشین لەو هەلومەرجە بێینە دەر. تا خۆمان نەمانەوێ کەس ناتوانی هیچمان بۆ بکات. خۆمان فاکتۆری ئەسلی پێکهاتنی ئەو وەزعەین، بۆ هاتنەدەر لەوهەلومەرجە دژوارەش دەبێ خۆمان هەر فاکتۆری ئەسڵی بین. دەبێ خۆمان کۆمەک بەخۆمان بکەین، دەنا کەس ئامادەنیە کۆمەگمان بکات.

 

ئەو خەباتە پێویستی بە هەموومانە، لەوەزیاتریش ئێمە هیشتاش کەمین، کار بۆ ئازادی میللەتێکی ژێرچەپۆکە، کارێکی قورس و مەئموریرتێکی گرانە و دەبێ خەڵکانی دیکە ڕەگەڵخۆمان دەین. پێویستە ڕێگاومیتۆدی سەردەمیانە و تازە بۆ خەبات و بەربەرەکانی بدۆزینەوە. با رێگاو میتۆدیدیکە بۆ کاری سیاسی و حیزبی و هاوئاهەنگی پێک‌هێنان لە نێو ڕیزەکانی میللەتەکەماندا بدۆزینەوە.

 

بۆ بردنەپێشی ڕیبازی حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی کاک سەعید دەبێ خۆمان لە داوی تەعەسوب و دەمارگرژی حیزبی و سیاسی و تەشکیلاتی ڕگارکەین. دەبێ خۆمان لەدەستی خۆمان رزگارکەین. دەبێ خۆمان بگۆڕین. ئەگەر دەمانەوێ وەزعەکە بگۆڕین و بەرەو باشی بەرین، تەنیا یەک رێگامان هەیە، ئەویش ئەوەیە دەبێ خۆمان بگۆڕین، شێوەی بیرکردنەوە و گۆشەنیگای ڕوانینمان بگۆڕین. ئەودەم ئاڵووگۆڕ درووست دەبێت. دەبێ دەگەڵ کەمووکوڕیەکانی خۆمان خەبات و بەربەرەکانی بکەین و بەسەریاندا زاڵبین. دەبێ تێکۆشین لەخۆمان و چوارچێوە و سنووری ئێستامان تێپەرێن. با لە هەموو زەرفیەتی خۆمان و میللەتەکەمان بۆ بردنەپێشی خەبات کەڵک وەرگرین.

 

دەبێ دونیا بکەینە مەیدانی خەبات. ئەگەر جاران خەباتمان لە سابڵاخ و سنەو بانە و ورمی و ڕەوانسەر و کامیاران و قەندیل بەرێوەدەبرد، بەو تەشکیلاتە کە هەمانە، بەو هەموو ئینێرژیە کە لە تەشکیلات و میللەتەکەمان داهەیە دەتوانین سەرتاسەری دونیا بکەینە مەیدانی خەبات بۆ ئازادی میللەتەکەمان. بەڵام دەبێ فێربین لە ئیمکانات و هەلومەرجی سەردەم کەلک وەرگرین و خۆشما لە گەڵ دونیای نوێ هاوئاهەنگ کەین.

 

سەردەمی گلۆبالیساسێۆنە. هەموو بازار و فەرهەنگ و وڵات و گەل و دین و مەزهەب و شێوەژیانەکان، نەتەوەکان، قاڕڕەکان، دەشت و کێو وبیابانەکان، دەریاو چۆم و ئۆقیانوسەکان، لەیەک کاتدا بەرەولای یەکتر دەرۆن و تێکەڵ دەبن و پتریش خۆیان دەناسن و هەویەت وناسنامەی خۆیان لەلا تۆختر دەبێتەوە. واتە لایەنێکی زۆرگرنگی گلۆبالیزم، دەرکەوتن و بەهێزبوونی هەویەت و سیاسەتە هەویەت تەڵەبیەکانە کە پێی دەوترێ گلۆکالیزم. تەرکیبێکە لە گلۆبالیزم و لۆکالیزم. ئەوە دەریدەخا کە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ خەبات و تێکۆشانی ئێمەو بردنەپێشی ئەوخەباتە پیک هاتووە کە حیزبی ئێمە وەک ریسالەتی خۆی دیاری کردوە.

 

بەڵام دەبێ توانای کەڵک وەرگرتن لەو ئیمکاناتەمان بە قازانجی گەل و میللەتەکەمان هەبێت کە دونیای هاوچەخ پێکی هێناون. وەک فرۆکە، کەشتی قەتار، ئینترێت، یوتیوب، تویتر، فەیسبوک، کۆمیونیکاشۆنی سەردەم، کۆمەڵگای مەدەنی جیهانی، کۆنڤانسوێن و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان، بیروڕای گشتی جیهانی، کۆریدۆرەکانی ناوەندەکانی بریاردانی سیاسی لە ژنێف، ستۆکهۆڵم، ئۆسلۆ، لەندەن، پاریس، نیۆیۆرک و پەکین و قەتەر و ئەستانبول و هتد.. مەبەستم ئەوەیە قەت هەلومەرجی نێونەتەوەیی بۆ بردنەپێشی خەبات بۆ ڕزگاری کورد وەک ئێستا ئامادەنەبووە. ئێستا دەورانی گلۆبالیزمە و لایەنێکی زۆر زەقی گلۆبالیزمیش گەشە سەندنی هەویەت تەڵەبی، خودموختاری خوازی، دیسانترالیزەخوازی، فیدڕاڵیزم خوازی و پێداگرتن لەسەر مافی دیاری کردنی چارەنوسی گەلان بەدەستی خۆیانە.   واتە لۆکالیزم خوازی. کەواتە ئاسۆی خەباتمان روونە، قەزیەی ئێمە و میللەتەکەمان ڕەوایە، لەگەل شەپۆلی سیاسەتی هەویەتخوازی لە دوونیادا دێتەوە و وەردەگیرێ و پشتیوانێ لێدەکرێ. ئەوە ماوە خۆمان لە مەیدان دابین و خۆمان بۆ سواری شەپۆلە گەورەکان ئامادەکەین بە هیواو هومێدە وە خەبات بکەین و دڵی یەکتر بدەینەوە، پشتی ڕێبەری بگرین و لەو شوێنەش کە پێویستە ڕەخنەیان لێبگرین.

 

دونیا جۆرێکی لێهاتوەوە هەرلەحزەئیمکانی هەیە مەسەلەیەکی تەواو لۆکال و محەللی ، ببێتە مەسەلەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی. ئیدی مەسافەت بەمانای فاسیلە نیە. درەنگ خەریکە لە فەرهەنگی زماندا واتاکەی جارانی نامێنی. من دوێنێ لە ئوستانی ئۆستفۆلد کارم کردوە تا سەعاتی چوار، شەو لە ماڵی لە ئۆسلۆ خەوتووم، بەیانی هاتوومە ستپکهۆڵم و ئەوەتا لە خزمەت ئێوەدا لەو کۆڕەدام و قسەو باسەکانمان لە رێگای سەتەلایتەوە لەو ساڵۆنە ڕا پاش چەند سەعاتی تر راستەوخۆ بۆ هەموو دوونیاو خەڵکی کوردستان دەنێرین.   بەڵام یەک شت موسەلەمە، ئەویش ئەوەیە دەبێ خۆمان لە خەبات دابین. لە مەیدانەکە دابین. واتە ئیمکانی خەبات و بەربەرەکانی زۆرە بەڵام دەبێت بتوانین کەڵکی لێوەرگرین.

 

فەرهەنگی خەباتگێرانە، ڕۆمانتیزمی ئینقلابی، پێداگۆگی ئازادیخوازیانەمان پێویستن، پێویستە مەسەلەی میللەتەکەمان لە چوارچیوەی ئەسڵەکانی مافی مرۆڤ و یاسانێونەتەوەیەکاندا بەرینە پێش. بۆیە دەبێ مافی مرۆڤ و فەرهەنگی مافی مڕۆڤ ببێتە بەشێکی هەرەگەورەی سیمانی کاری سیاسی و جەوهەری داخوازەکانمان.

ڕاستە فەعالیەتی نیزامی ئێمە وەستاوە، بەڵام خەباتی سیاسی میللەتی ئێمە زۆر چۆتەسەرتر. بە گشتی خەلکەکەمان وشیارترە، باسەوادتر و خووێندەوارترە، وشیارتر و سیاسیتر و چاوکراوەترە. ئاشناترە لە ڕابردوو زیاتر ئاشناترە بە مافەکانی، بە داخوازەکانی، چاونەترسترە ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە، بە هەزاران تێکۆشەری مەدەنی و فەرهەنگی و ئەدەبی و سیاسی و حقووقی بەشەری لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی دان ، بە هەزاران مامۆستای زانکۆ و موعیلیم و خوێندکار لە قوتابخانە و زانکۆکاندا، لەسەرتاسەری شارەکانی کوردستاندا، تەنانەت لەتاران و زانکۆکانی دیکەی ئێرانیشدا، پەیامی بزووتنەوەی کورد و پەیامی حیزبی ئێمە دەبەنەپێش. ئەوانە سەرمایەی گەورەی حیزب و بزووتنەوەن و لێرەوەڕا دەستی هەموویان دەگوشین و سڵاویان لێدەکەین و تووند دەئامێزیان دەگرین. ئەوانە هەموویان بەشێکی گەورەی بزووتنەوەی نەتەوەکەمانن و حیزبی ئێمە هەموویان بە کوڕوکچی خۆی دەزانێ و چاویان ماچ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە کێشەی کورد لە ئاستی ناوچەکەدا دەڕواتە پێش و بۆتە کێشەیەکی نێونەتەوەیی ، ئەوە بە نۆرەی خۆی شوێنەواری موسبەت لەسەر خەباتی حیزب و بزووتنەوی ئێمەش دادەنێ و گەشبینی و ئۆپتیمیزمان دەداتێ. پشتگەرمیمان دەداتێ. بەهاری ناوچەکە جارێ هێشتا لە سەرەتا دایە و دەگاتە ولاتی ئێمەش. هیچ دەلیلێک نیە ئێران ببێتە جەزیرەیەکی دوورەپەرێز و سەرەنجام نەکەوێتە نێو ئەو گێژەلووکەوە. بەڵام دەبێ خۆمان پارامیتر بین و بە هێزبین و لەمیدان دابین حازربین بۆ گێرانی ئەو ڕۆڵە مێژوییەی کەوتۆتە سەرشانی حیزبەکەمان و خۆمانە.

ئێمە حیزبێکی ئیرانی و کوردستانین و دەتوانین لە هەردوو مەیداندا چالاک بین. هەم مەسەلەی ئێران و هەم مەسەلەی کوردیستانیش ئاکتوێل و چالاکن و بۆیە خەباتی ئێمە بێ ڕەبت نیە. مەوزوعیەتی لەدەست نەداوە. حیزبی ئێمە چ لە خەبات بۆ دێموکراسی و چ لە خەبات بۆ مافەکانی کورد دا دەتوانێ نەخشی گەورەی هەبێت. دەبێ خۆمان بۆ گێڕانی وەها نەخشێک ئامادەبکەین.

ئەگەر سالانێکی زۆر حیزبی ئێمە بەتەنیا لەمەیدان دابوو، ئێستا بە خۆشیەوە ، بە گەشەکردنی سیاسی کۆمەڵگای کوردستانەوە گەلێک هێزو لایەنی دیکەش لە گۆڕەپانەکەدان کە حیزبی ئێمە لە نێو هەموویاندام خاوەنی رێز و پرستیژێکی بەرزە و جێگای متمانەی ئەوان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. بۆیە ئەگەر وەزعێکی لەبار بێتە پێش، حیزبی ئێمە دەتوانی ببێتە هەوێن و چەتری ئیئتلافێکی بەرینی سیاسی ، کە بکرێ بەقازانی میللەتەکەمان کار بکات. ئەوە نوختە قوەتیکی گەورەی حیزبی مەیە و دەبێ بیپارێزین. واتە دەبێ تێکۆشین هەروا حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەمێنینەوە.

دونیا و مێژوو شاهیدە کە ئیمە لە خەبات و بەربەەکانی دەگەڵ دوژمنانی میللەتەکەمان و خەبات لە ڕێی ئازادیدا چەنە ئازاو جەسورین، دەبێ لە بەرخورد دەگەڵخۆمان و کەمووکوڕیەکانی خۆشماندا ، شەهامەتی سیاسی و ئەخلاقی لەخۆمان نیشاندەین. بەڕاستی دەبێ بزانین لەوبارەو جارێ ماومانە لەخۆما رازیبین.

لەو خەباتەدا ، لەو ململانیەدا، قەت وەک دوژمن پووڵ و چەک و ئەسلەحە و هێزی مادی و نیزامیمان نابێ، بەڵام بایەخە بەرزە ئینسانیەکان ، ئەخلاقی بەرزی سیاسی و شەڕافەتمەندانە، بایەخە بەرزە دیموکراتیەکان، ئەخلاقی بەرزی خەباتگێرانە و داخوازی عادلانە، هی ئێمەن و دوژمن ئەوانەی نیە، واتە هیچ مەشروعیەتێکی نیە. بەو بایەخەبەرزانە و پاراستن و بەهێزکردنیان دەتوانین حیزبەکەمان بە بەرزایی ئاسمانی مەیدانی خەباتدا وەبال لێدان بخەین.

ئەو خەباتە سەردەکەوێ. لەو شەڕوبەربەرەکانیەدا ئێمە دەیبەینەوە. گرنگ ئەوەیە ئەرکی خۆمان بەرێوەبەرین و هەرکاممان بە ئەندازەی توانا و زەرفیەتی خۆمان وزەوئینێرژی بخەینە خزمەت خەبات و بزووتنەوە و حیزبەکەمان.

 

بۆخەباتیش وەک کاک سەعید دەڵێ چ زۆرن ڕێگا.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش لەبەرانبەر گیانی پاکی کاک سەعید، کاک فەتاح و کاک هومایون و هەموو شەهیدانی حیزب و گەلەکەماندا، سەری رێزو حورمەت دادەنوێنم

 

سڵاو لە ئیوەی بەرێزیش کە بە حەوسەلەوە گوێتان لە برا بچوکی خۆتان گرت.

 

برایم لاجانی

ستۆکهۆڵم٢١/٩/٢٠١٣

پێشمەرگەکان: ئەم نووسینەی کاک برایم، ساڵی رابردووش بڵاو کراوتەوە.

2014/09/15

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی