"an independent online kurdish website

کۆنگرەکان لە ژیانی حیزبی دێموکراتدا بە وێستگەی گنگ دادەنرێن؛ وێڕای هەبوونی بیروڕای جیاواز لە سەر بابەتەکان، میکانیزمی کۆنگرە سەکۆیەک بووە بۆ دروستکردنی یەکدەنگییەک

لە سەر کارو چالاکی بۆ داهاتوو. چ لە شاخ و سەختیدا، چ لەژێر هەڕەشەی ئەمنی دوژمندا هیچ کات هەوڵ نەدراوە کۆنگرە نەگیرێ. بەڵکوو کۆنگرەکان وەک دەرفەتێک بۆ چارەسەری و تێکۆشانی زیاترو هێنانە ئارای بەرنامەو پلانی نوێ بوون.

ئەو بابەتە خۆی نیشاندانی ڕووی دێموکراسی نێو حیزبی دێموکراتە کە کۆنگرە وەک شوێنێ یەکلاکردنەوەی بابەتەکان کەڵکی لێوەردەگیرێت.

بێ گومان بێ کەم و کوڕی نابێ و نابێتیش، هەروەها کوالیتی دێموکراسییەت و کەلتوری دێموکراتیکیش تا چەند لە نێو ئێمەماناندا شوێنی خۆی گرتووە باس هەڵگرە، بەڵام ئەو ئەزمونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنیش نەبێت نمونەیەکی سەرکەوتوو بووە.

کۆنگرەی شازدەیەم، کۆنگرەیەکی گرنگی تری دێموکرات بوو کە تێیدا وێڕای تاوتوێ کردنی بابەتەکان، بوێرانە لە سەر چەند مژار بڕیاری دا.

ئەوەی وای کرد کە بوێرانە لە سەر هەندێ بابەت بڕیار بدات هەست کردن بە بەرپرسیارەتی لەمەڕ شۆڕشی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات بوو کە بۆ سەرخستنی خەبات و تێکۆشان پێویستییەکی هەنووکەیی و حاشاهەڵنەگر بوون، هەر ئەو چاوەڕوانییەش لە هێزێکی وەک دێموکرات دەکرێ.

هەر لەو سۆنگەیە بوو کە پڕۆژەی گۆڕینی ساختار و میکانیزمی کار کردن لە نێو حیزبدا گۆڕانکاری بە سەردا هات بۆ ئەوەی ڕێبەرایەتییەکی سەرکەوتوو و کارا دروست ببێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو هێز و وزەی دەوڵەمەندی مرۆڤی کەڵک وەرگرین، بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەر بین وەک هێزێکی شوێندانەر لە ڕۆژهەڵاتدا، بۆ ئەوەی بتوانین بەگوێرەی پسپۆرایەتی بەشەکان، کەسەکان دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانین ناوەندەکانی جیای شۆڕش هەماهەنگ و بەهێزتر لە جاران کار بکەن، لە کۆتاییدا هەمووی ئەوانەش ببنە سەکۆی سەرخستنی ڕاسان کە ئامانجی گەلێکی ژێردەستە و نیشتمانێکی داگیرکراوە.

گۆڕینی سیستم بەردەوام سەختی و دژواری خۆی هەبووە؛ ئەوە یەکێک لە خسڵەتاکانی گۆڕانکارییە کە ئاسان نییە بەڵام کاتێک دەبینین ڕۆژهەڵات و ڕاسان پێویستییەکی زۆریان بە گۆڕانکاری لە شێوازی کارو تێکۆشانی ئێمەدا هەیە ناتوانین ئەو سەختی و دژوارییە قەبوڵ نەکەین؛ کۆنگرەش بەو ئاراستەوە بیری دەکردوە هەر بۆیەش خۆی بۆ هەموو سەختییەکان لە پێناو ڕاساندا ئامادە کردووە.

باش دەزانم پڕاگماتیزە کردنی پڕۆژەکان لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسان نییە و پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەنەیە، پێویستی بە هێز و ورەی سەرخستنی کارەکانە، بەڵام ئیرادەی سەرخستنی ڕاسان لە نێو تاک تاکی هێزی شۆڕش و بەتایبەتی دێموکراتدا دەتوانێ پڕاکتیزە کردنی گۆڕانکارییەکان مومکین بکات، هەر بۆیەش ڕێگای سەخت و دژوار بەڵام مومکین و هیوابەخش لە پێشەڕۆژی ئێمەدایە.

لە هەمان کات کۆنگرە لە پێناو ڕۆژهەڵاتێکی یەکگرتوودا کار بکات بۆ هەڵگرتنی لەمپەرەکان و هەوڵ بدات زیاتر لە جاران، وێڕای کار کردن بۆ یەکگرتن و یەکڕێزی زەمینەی هاوکاری زیاتریش بەرهەم بێنێت کە ئەو بابەتە دەتوانێ بزوتنەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات زیاتر هەماهەنگ بکات و هێزی یەکڕیزیمان نیشان بدات و دوژمنیش شپرزەتر بکات کە یەکڕیزی و هاوکاریمان بناغەی ترسی زیاتری دوژمنە، هەنگاوی گرنگیشە بۆ گەیشتن ترۆپکی ڕزگاری.

ناتوانم ناوی کۆنگرەی شازدە بهێنێم و باس لە هەبوونی نرخێکی نەتەوەیی وەک مامۆستا شیوەسەڵی نەکەم، کاتێک دەبینم ئێستاش دوای تەمەنێک لە خەبات و تێکۆشان، دوای تەمەنێک بەربەرەکانێ لە گەڵ برین و ئازارەکانی جەستەیی و ڕۆحی کە بەڵگەیەکی زیندوو و هەمیشەییە بۆ کردەوە چەپەڵ و دژە مرۆڤی و دژە کوردی ڕێژیمی تیرۆریست، هەر بە بیرێکی کراوەو ورەیەکی پوڵایین لە خەبات بەردەوامە؛ بەردەوامی و خۆڕاگری بە جێی خۆی ئێستاش کانگای هیوادانی پلان و تێکۆشانە، ئێستاش شاخی پاڵپشتی شۆڕش و خەباتی نوێمان ڕاسانە.

بە هەبوونی کەسانی ئاوا سەرکەوتنی پلان و پڕۆژەکان بۆ سەرخستنی شۆڕش ئاسانترە.

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی