"an independent online kurdish website

یەکێک لەو بابه‌تە گرنگانەی له‌ڕۆشنبیری ئێمەدا گرنگی پێنەدراوە چەمکی “پیاوەتی”یە. ئەم بوارە یەکێکە له‌بوارە هەرە بەتاڵەکانی ناو دونیای رۆشنبیری‌و فیکریی ئێمە، لەکاتێکدا یەکێکە لەو بوارە گرنگانەی، گەر بەوردی کاری لەسەربکرێت،meriwan_wrya_qaneh

دەشێت چەندان رەهەندی نادیار‌و گرنگی کۆمەڵگای ئێمە ئاشکرابکات.

بەڵام ئەم نەبوونە بۆخۆی ئاماژەیەکی گرنگە، ئەوەمان پێدەڵێت “پیاوەتی” له‌دونیای ئێمەدا وەک پێدراوێکی سروشتی تەماشادەکرێت کە پێویست بە قسەلەسەرکردن نەکات، وەک شتێک کە هەمووان بزانین ماناکانی چییە‌و ئەم مانایانەش هەمیشە‌و هەردەم وا دەمێننەوە‌و هەرگیز ھیچ گۆڕانێکیان بەسەردانایەت. بێگومان ئەم روانینە روانینێکی ھێجگار هەڵەیە، بەڵام هاوکات روانینی باڵادەستیشە، بەشێکە لەو ستراتیژییەتە سەرەکییەی “پیاوبوون” له‌کۆمەڵگای ئێمەدا بەھۆیەوە خۆی له‌هەموو رەخنە‌و لێپرسینەوەیەک دەپارێزێت.

بەر لەهەموو شتێک پیاوەتی یان پیاوبوون دیاردەیەکی سروشتی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. ئەوەی ماناکانی پیاوەتی له‌کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا‌و لەسەردەمێکی دیاریکراودا دیاریدەکات، سروشت نییە، پێکهاتی بایۆلۆژی لەشی پیاو نییە، بەڵکو ئەو رووداوە گرنگانه‌یە کە روودەدەن، ئەو شێوازی رێکخستنەی پەیوەندی نێوان نێر‌و مێ کە باڵادەستە‌و ئەو مۆدێلی دەسەڵاتەیە کە لەئارادایە. ئەمانەن دەستنیشانی ئەوەدەکەن چۆن کۆمەڵگایەک ماناکانی پیاوەتی لێکبداتەوە‌و ئەم دەستنیشانکردنەش کاریگەری گەورە لەسەر ریزبەستن‌و فۆڕموەرگرتنی کۆمەڵایەتی بەجێدەھێڵێت. له‌هەموو کۆمەڵگایەکدا زیاد له‌جۆرێک‌و زیاد له‌مانایەک بۆ پیاوەتی هەیە، بەڵام زۆرجار تەنها جۆرێک له‌جۆرەکانی پیاوەتی باڵادەستە‌و مانایەک له‌ماناکانی پیاوەتی دەبێتە مانای باڵادەست، له‌ئەدەبیاتی فیکریدا بەم جۆرە تایبەتەی پیاوەتی باڵادەست دەگوترێت “پیاوەتی خاوەن هەیمەنە”.

یەکێک له‌نایابترینی ئەو کتێبانەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا خوێندبێتمەوە زۆر بە وردی باس له‌مەسەلەی پیاوەتی دەکات. مەبەستم کتێبی “جەستە رەقەکان”ی سوسەن جێفۆردسە، Susan Jeffords. ئەم نووسەرە لەم کتێبەدا باس له‌چۆنیەتی گۆڕانی وێنە‌و ماناکانی پیاوەتی له‌فیلمەکانی ھوڵیودا دەکات له‌قۆناغی سەرۆکایەتی رۆناڵد ریگندا. ئەوەی ئەم نووسەرە نیشانیئەدات گۆڕانی تێڕوانین‌و ماناکانی پیاوەتییە له‌ساڵانی هەشتای کۆمەڵگای ئەمه‌ریکیدا، بەبەراورد بە ساڵانی هەفتای هەمان کۆمەڵگا. بە بۆچوونی ئەم خانمە، ئەم گۆڕانەش بەباشترین شێوە له‌گۆڕان له‌کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو سینەمای ھۆڵیودا دەردەکەوێت، بۆ نموونە له‌گۆڕان له‌کەسایەتی ئەکتەرێکی وەک داتسن ھۆفمان‌و جاک نیکلسۆنەوە بۆ کەسایەتی سیلڤێستەر ستالۆن‌و ئارنۆڵد شفارتزنێگە‌و ڤان دام. کەسایەتییە پیاوە سینەماییەکانی ساڵانی هەفتای ئەمه‌ریکا کەسایەتی نەرم‌و دژە پاڵەوان‌و سادەن، داتسن ھۆفمان پیاوێکی بچووکی بێ عەزەڵات‌و ھێمن‌و ناتوندوتیژە، لەکاتێکدا سیلڤێستەر ستالۆن، پاڵەوانێکی بەھێز‌و پڕ ماسولکە‌و قارەمانێکی توندوتیژ‌و جەنگییە. یەکەمیان ئینسانێکی سادەیە دووهەمیان جەنگاوەرە. لەنێوان ئەم دوو وێنەیه‌دا دوو تێڕوانینی تەواو جیاواز بۆ پیاوبوون لەئارادان‌و دوو مانای جیاوازیش بۆ پیاوەتی.

بەبۆچونی ئەو نووسەرە، ئەکتەرە پیاوەکانی سینەمای ھۆڵیود له‌ساڵانی هەفتادا کەسانێکن له‌پەیوەندییەکی پتەودان بە دۆخی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوری ئەمه‌ریکای ئەو سەردەمەوە، ئەو مانایانەی ئەم ئەکتەرانەش بە پیاوەتی ئەدەن، پەیوەندی بەڕووداوەکانی ئەو سەردەمەوە هەیە، بەڵام ئایا گرنگترینی رووداوەکانی ساڵانی هەفتای ئەمه‌ریکا کامانەن کە کاریگەری لەسەر ھۆڵیود‌و وێنەی پیاو له‌سینەمای ھۆڵیودی ئەو سەردەمەدا جێدەھێڵێت. سوسەن جێفۆردسە له‌وەڵامی ئەم پرسیارەدا باس له‌دۆڕانی ئەمه‌ریکا بۆ جەنگی ڤێتنام‌و دەرەنجامە سیاسییەکانی ئەم دۆڕاندنە بۆ کۆمەڵگای ئەمه‌ریکی دەکات. رووداوی دووهەم رووداوی ئابڕوبەری “واتەرگێتە” کە بووە ھۆی کەوتنی نیکسۆنی سەرۆکی ئەمه‌ریکا. سێهەمین رووداویش ئەو قەیرانە ئابورییە گەورەیەیە کە ئەمه‌ریکا بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە دووچاریدەبێت. ئەم نووسەرە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ئەو گرنگییەی کە سینەمای ھۆڵیود بە کەسایەتی ئاسایی‌و “ناپاڵەوانی” وەک داتسن ھۆفمانی ئەدات‌و ئیعجابی خەڵکیش لەو سەردەمەدا بۆ ئەو جۆرە کەسایەتییانە، یەکێکە له‌ھۆکارەکانی هەڵبژاردنی کەسێکی وەک جیمی کارکتەر بەسەرۆکی ئەمه‌ریکا. ئاشکرایە جیمی کارتەریش، رێک وەک داتسن ھۆفمان، پیاوێکی کورت‌و ھێمن بوو، وەک ئەویش خاوەنی کەسایەتییەکی ئاسایی ناپاڵەوانانە بوو. هەروەها پیاوێک بوو دەیویست لەئاستی نێودەوڵەتیشدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ سیاسەتێکی ھێمن‌و کەمتەماح، بگۆڕێت. بەمانایەکی دیکە هەم له‌ناو سیاسەت‌و هەم لەناو ھونەری سینەمادا لەو ساڵانەدا جۆرێکی نەرم‌و ھێمنی پیاوەتی بەرهەمدەھێنرێت کە تەواو پێچەوانەی ئەو جۆری پیاوەتییە کە سیاسەت‌و سینەما له‌ساڵانی هەشتادا له‌ئەمه‌ریکادا بەرهەمیدەھێنن.

با لەسەرۆکی ئەمه‌ریکای ساڵانی هەشتا خۆیەوە دەستپێبکەین، رۆناڵد ریگن نەک تەنها کەسێکی پڕ ماسولکەتر‌و بە قەبارە له‌جیمی کارتەر گەورەتربوو، بەڵکو خۆشی رۆژگارێک له‌سینەمای ھۆڵیود-دا ئەکتەری فلیمی عەسابە بوو. جگە لەمە رۆڵاند ریگن بڕیاریدابوو کۆتایی بە “ئیمپراتۆریەتی شەڕ” بهێنێت‌و ئەمه‌ریکا بکاتە گەورەترین ھێز له‌دونیادا،(ریگن بەرەی سۆسیالیستی بە “ئیمپراتۆریەتی شەڕ” ناودەبرد). واتە ئەو وێنەیەی کە سیاسەت له‌ئەمه‌ریکای هەشتاکاندا بۆ پیاوەتی دروستیدەکات کەسایەتی عەسابەیە، پیاوێکی توندتیژ‌و بەھێزە کە دەیەوێت دونیا بە قازانجی ئەمه‌ریکا بگۆڕێت. لەدەرەوەی سیاسەتیشدا هاتنەکایەی ئەکتەرانی وەک سیلڤیستر ستالۆن‌و ئارنۆڵد شفارتزنێگە، له‌ئاستی سینەمادا، هەمان گۆڕان نیشانئەدەن کە له‌ئاستی سیاسەتدا دروستبووبوو. ئەم ئەکتەرانە وێنەی پیاوەتی ھێمن‌و نەرم‌و ناتوندوتیژ دەگۆڕن، بە پیاوەتییەکی پڕ ھێز‌و توندوتیژی‌و کوشتن‌و خوێن‌و موغامەرە.

زەحمەت نییە لەسەر هەمان میتۆد بیر له‌گۆڕانی ماناکانی پیاوەتی له‌کۆمەڵگای کوردیدا بکەینەوە. “پیاوەتی” راستەقینە له‌شەستەکان‌و هەفتاکان‌و هەشتاکانی مێژووی ئێمەدا، له‌کەسایەتی پیاوێکی بەرگریکەر، واتە پێشمەرگەدا بەرجەستەیە. ساڵانی نەوەد، ساڵانی دوای راپەڕین، دەبێتە ساڵانی قەیرانی ئەم پیاوەتییە کە ماناکانی خۆی له‌پێشمەرگەبوونەوە وەردەگرت. له‌دەیەی یەکەمی ساڵانی دوو هەزاریشدا ململانێییەکی گەورە لەنێوان دووجۆر له‌پیاوەتیدا له‌کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەبێت، یەکێکیان ئەو جۆرەیە له‌پیاوەتی کە تا ئێستاش لەسەر وێنە دێرینەکانی پێشمەرگە دەژی‌و لەپاڵ ئەو وێنانەدا خۆی بەرهەمدەھێنێتەوە، ئەویتریان “پیاوەتییەکی تازەیە” کە لەناو شارەکانی کوردستانی دوای راپەڕیندا دروستبووە‌و نەوەیەکی نوێ هەڵگری ماناکانین. رەنگە باشترین نوێنەری پیاوەتییە سوونەیەتییەکەی شاخ کەسێکی وەک شێخ جەعفەری وەزیری پێشمەرگەبێت، لەکاتێکدا نوێنەری پیاوەتییە تازەکە کەسێکی وەک نەبەز گۆران یان ئەحمەد میرە بێت، دوو گەنج بێ سمێڵ‌و بێ جلی کوردی‌و بێ چەک، بەڵام ھێمن‌و خاوەن قەڵەم.{jcomments off}

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی