"an independent online kurdish website

پێرۆز بێ ٣٢ هەمین ساڵڤەگەری دەست بەکار بوونی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانradio_kurditan

ئۆگرانی دەنگی کوردستانی ئێران

  خوێنەرانی هێژا

ساڵێک بەر لە ئێستا کەوتمە بیری ئەوە کە ئەگەر بۆم بکرێ لانی کەم لیستی ئەو تێکۆشەرانەی کە ساڵانێکی تەمەنیان لە رادیۆ دەنگی کوردستان ، دەنگی شەهیدان وخەڵکی قارەمانی کوردستان ، دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگە لە ڕۆژەڕەشەکان دا ، کۆبکەمەوە و بیکەمە لیستێک تا جیلی ئێستا و داهاتوو بزانن کێ بوون ئەو ئینسانە ماندووی نەناسانەی کە ئەو دەنگەیان دامەزراند ، کاریان بۆ کرد ، گەورەیان کرد و کردیانە دەنگی حەق وێژ و جێی متمانەی خەڵکی کوردستان .

ئەگەر باس لە شانازی یەکان و خەباتی خەڵک و پێشمەرگە بکەین ، ناتوانین باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو دەنگە کەم ئیمکانات ، کەم پێرسۆنێل و هەمیشە لە ژێر ڕەهێڵەی تۆپ باران و بۆمبارانی کۆماری ئیسلامی دا نەکەین کە بن بەرد و ئەشکەوتەکانی کوردستانی کردبووە ستۆدیۆی کار  بۆ گەیاندنی دەنگی خەباتی گەلێکی زوڵم لێکراو .  دەنگێک کە گوێگرتنی بۆ خەڵکی کوردستان ببووە فەرز و واجبات .

بە دوور لە ئیغراق دەتوانین خەڵکی کوردستان بە شاهید بگرین کە ڕادیۆ دەنگی کوردستان سەرچاوەی ڕاستی یەکان بوو بۆ گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان ، بۆیە ئۆگرانی ئەو دەنگە زۆر زیاتر بوون لە ئۆگرانی حیزب .

کاتێک دەستم بەو کارە کرد ، چاوەروان بووم کە هاوڕێ و دۆستانم هاوکاری یەکی زۆرم بکەن . لەوەش زیاتر چاوەڕوانیم لە کۆمیسیۆنی ئێستای ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو کە بۆ تەواو کردنی پڕۆژەکە ئەوپەڕی هاوکاریم بکەن . دیارە چاوەروانیەکەم زۆر بەجێ بوو ، بەڵام بەداخەوە بە هەر هۆیەک بێ بە بێ جێ دەرچوو ، نە تەنیا هاوکاریان نەکردم ، دوای چەندین جار پەیوەندی گرتن ، هەر وڵامیشیان نەدامەوە . هیوادارم کە ئەوان لە داهاتوویەکی نیزیک دا پڕۆژەیەکی بەرینتریان بۆ ئارشیوی ڕادیۆ هەبێ و منیش یەکێک لەو کەسانە  دەبم کە بە هەموو توانامەوە هاوکاریان دەکەم .

زۆر کەس وەک خۆی پەیوەندی پێوە کردم ، دەست خۆشیان کرد کە سوپاسیان دەکەم. ڕەخنەیان گرت کە ڕەخنەکانیان زۆر بەجێ و دڵسۆزانە بوو  و منیش پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم. 

خوێنەری هێژا

لەم کارە دا یەک شت لای من ئەسڵ بووە و هەیە ، ئەویش پاراستنی بێ لایەنی و بە دوور لە جیهەتی حیزبی . زۆربەی ئەو کەسانەی کە ناوم هێناون و باسم کردوون ڕەنگە ئەمڕٶ لە گەل من هاوبیر نەبن، بگرە زۆریان موخالیفی سیاسیی من بوون . تەنانەت نایشارمەوە کە کەسی وای تیدایە کە دوای نەمان لە ڕادیۆ دەنگی وکردستان ، کەوتۆتەوە خزمەت دوژمن . بەڵام پێم وابووە کە ئەگەر سادقانە باسی  ئەوکاتی نەکەم کە لە ڕادیۆ خزمەتی کردووە ، ئەوە خیلافێکی ئەخلاقی یە و نابێ بیکەم. بۆیە تا ئێستا بە خۆشی یەوە هیچ کەس گلەیی لە و بارەوە نەبووە .

ماوە بیڵێم کە ساڵێک دەرباز بوو ، کۆڵم نەدا و چوومە پێش . لەمەو دواش کۆڵ نادەم . لانی کەم توانیومە ٩٣ کەس بیکەمە یەک لیست بە وینەی خۆیانەوە . هەر چەند دەزانم کە کەمترین زانیاری یە بۆ خوێنەر ، بەڵام لە ویشکە ساڵی دا ڕێژنە بارانێکیش هەر نێعمەتە .

هەر وەک بەڵێنم دابوو کە واز نەهێنم ، دیسان هەر بەڵێنەکە دووپات دەکەمەوە ، مەگەر حەزرەتی ئیزرائیل بەربینگم پێ بگرێ کە ئیدی پاڕانەوەش سوودی نەبێ ، دەنا بە هاوکاریی دڵسۆزان دەڕۆینە پێش. بە تایبەتی هاوڕێی بەڕیزم کاک سالە نەڵۆسی کە هاوکاری هەمیشەیی من بووە و هەیە.

ئێوەش هەر شاد بن

٢٥.٣،١٣٩١ دانمارک

تکایە بۆ بینینی  ئەسڵی لیستەکە کلیکی ئەو دوو دێرەی خوارەوە بکە :

دۆستان ده‌توانن  به‌م ئیمایلە په‌یوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ بگرن  و هیوادارم هاوکاریم بکه‌ن بۆ هەرچی زیاتر ته‌کمیل کردنی  .

 

kavosazizi@hotmail.com

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی