"an independent online kurdish website

گەورە پیاوێکی زانا

 ئاخر مانگی بەهار بوو. کەژو کێو هەروا سەوزەپۆش و ڕازاوە بوو. شنەبایەکی بۆن خۆش کەرۆشکەی بەشیناوەردی نێو دۆڵ و بناران دەکرد.qasmlu_abdula_shehidan

بەمانایەکی دیکە فێنک و هێشتا تینی هاوین وەرزی بەهاری ڕانەماڵیبوو. بەنێو گیاوگۆڵی ڕەوەکی لێڕەوارو زنوێراندا گەشتێکی سووکەڵانەم داو لە هەر گوڵێک دانەیەکم چنی و کردم بە دەسکەگوڵێکی ڕەنگین و جوان  کە تەنیا شیاوو لایق بە گەورەپیاوی زانا ‘کاکەشوان’ بوو.

ئەڵبەت زۆربەی ئەو بەهارانەی کە لە چیاکان لەگەڵ ناوبراو خەریکی ژیان و خەبات بووم، بەپێی ڕێوشوێنێک کە بۆخۆم دیاریم کردبوو، هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا لەسەر سنگ و باڵی چیاکان، دەم زۆنگ و زنوێران چەپکە گوڵێکێ ڕێک و جوانم دەچنی و پێشکەش بەهاوڕێی زانای خۆم دەکرد، بەڵام چەپکەگوڵی ئەم دواییەم تایبەت بوو، لەبەرئەوەی هێندێک بیرەوەری لەبیر نەچووی لەسەر بیرو هزرم  جێ هێشتەوە!

دەسکەگوڵ بەدەست شادو خوڕەم بەلاپاڵی چیادا یەکسەر بەرەو دیوی کاری کاکەشوان وەڕێکەوتم. گەیشتەمە جێ، لە ئێشکگری بەردەرگایە ئیزنی چوونە ژوورم خواست، ئەوسا لە پلیکانان سەرکەوتم. دەرگای ژوورەکەی نیوە کراوەبوو. بەکەلێنی دەرگاکەدا ڕوانیم و دیتم هاوڕێ لەسەر کورسییەک دانیشتووە، چاویلکە لە چاو، کاغەزو قەڵەم لە پێش، زۆر مکوڕو لێبڕاو، خەریکی ڕاپەڕاندنی کاری رۆژانەیەتی. بۆئەوەی لەکاتی چوونە ژووردا بیری نەشەمزێنم، بەسەری قامکان لە چوارچێوەی دەرگاکەم دا. کاکەشوان سەری هەڵێنا. چاویلکەی لەسەر چاو هەڵگرت. روو بەمن بزەیەکی کەوتە سەرلێوان. بەدەست ئاماژەی پێدام بچمە ژوور! سڵاوم لێکرد. لەبەرم هەستا. چوومە پێش، بەرێزو ئێحترامەوە دەسکەگوڵەکەم دایە دەست. ئەویش دەم بەپێکەنین و ڕووگەش دەسکەگوڵەکەی لێوەرگرتم، بۆ ماوەیەک لە پێش خۆی ڕاگرت و تەماشای کرد. ئەوسا چەندجار لەسەریەک بۆنی پێوەکرد. هاوکات بەدەم پێهەڵگوتن بەجوانی و ڕێکی دەسکە گوڵەکە سوپاسی کردم و گوتی:

_ دەستخۆش! چ دەسکەگوڵێکی جوان؟! بەڕاستی لەسەر ڕووی ئەم جیهانە نییە گوڵ لەگوڵی ئەم مەڵبەندەی ئێمە بۆن خۆشتر! پەرداخێک ئاویان بۆ هێناو دەسکە گوڵەکەی لە نێو نا. هاوڕێ هەروا بەپێوە بۆماوەیەک باسی سروشت و جوانییەکانی کێوسارانی کوردستانی لە وەرزی پڕ بارانی بەهاردا کرد. ئەوسا بەهۆگرەیەکی تەواوەوە پێشنیاری کرد بۆ تاوێک لەلای دانیشم. بەڵام من هەستم کرد کاری هەیەو لەکاتێکی نابەوەختدا سەرم گرتووە. بۆیە ئیزنم خواست زیاتر لەوە کاتی نەگرم و دیدار بۆ وەختێکی دیکە ڕاگرین.

 ئەویش گوتی:

_ جا ئەگەر هەر دانانیشی هەوای دەرێ خۆشە، منیش لەم ژوورە وەڕەز بووم! با بچین تاوێک هەوای ئازاد هەڵمژین. ئەو بەرەو دەرگا، منیش بەدوای دا وەدەرکەوتین.

کاکە شوان پاش تاوێک راوەستان و لە دۆڵ و بناران ڕامان، ئەوسا لەسەر پلیکانی بەرهەیوانی دیوی کارەکەی ڕوو بە دۆڵی ڕووبەڕوومان سووکێک دانیشت و چاوی لە نێو قووڵایی دۆڵەکە بڕی. پێشنیاری کرد منیش لەلای دانیشم. بەڵام من لە پلیکانان چوومەخوار، لەتەنیشتی ئەو هەروا بەپێوە بارتەقای بەژنی خۆم ئانیشکم هاویشتە سەر پلیکانەکان و راوەستام، پاش کەمێک بێدەنگی سەرم هەڵبڕییە لای هاوڕێ و لێی ورد بوومەوە. بۆم دەرکەوت هاوڕێ لە فیکردایەو سێبەری خەم و تووڕەیی چینی نێوچاوانی قووڵ کردووە.

“لەم کاتەدا زۆرم حەز لێبوو بزانم ئەو پیاوە مەزنە بیرو خەیاڵە بەتەم و خەماوییەکانی بەدوای چ شتێکدا ئەوتۆ هەڵوەدایە. بەڵام بۆ منێک ئاسان نەبوو، پەل باوێژمە نێو ئەو گۆمە مەندو قووڵەو پەی بە ڕازی دەروونی بەرم! لەلایەکی دیکەوە ئێمە یاران هەرکاتێک لەگەڵ ناهومێدی و پەریشانی ڕووبەڕوو دەبووینەوە، بۆ سووک کردنی باری خەم و چارەی دەردان پەنامان بۆلای ئەو ‘هەیاس’ه دانایە دەبرد. ئاخر ئەو ڕێبەرو کۆتری ئاشتی و مژدەدەری رۆژانی ئازادیمان بوو. ئەو ئەرکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی قورس و رۆڵی خەباتێکی گەورەو پڕ کێشەی گەلێکی زوڵملێکراوی بە ئەستۆوە بوو… سابۆیە باری خەمێکی گرانیشی بەدوای خۆیدا دەکێشا…”

بێدەنگی شکا، باس هاتە سەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە درێژەی باسەکەدا دەرکەوت هاوڕێ ‘مەهاباد’ی پێ خۆشترین شارە.

 لێم پرسی:

_ ئەگەر هاتو رۆژێک بەمافی خۆمان گەیشتین، پێتخۆشە کام یەک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێ بە ناوەند؟

ئەویش زۆر بەهێوڕی وڵامی دایەوە:

_ خۆزگە بەپێخۆش بوونی من بۆایە! بەداخەوە هیچ شتێک بەپێخۆش بوون نایەتە کایەوە! بەڵام ئەگەر هەر بە ئارەزوش بێ، من شاری مەهاباد هەڵدەبژێرم!

 پێکەنیم و پرسیم:

_ بۆچی ڕاست مەهاباد؟ بۆ ‘سنە’و ‘کرماشان’ و تەنانەت زێدەکەی خۆت ‘ورمێ’ نا؟ ئەم  شارانەی ناوم بردن هەم لە مەهاباد گەورەترن، هەمیش بەشی زۆری گەلەکەمان لەو شارانەدا نیشتەجێن؟

زۆر لێبڕاوانە وڵامی دایەوە:

_ شار بەگەورەو بچووکی نییە! هەرچەند مهاباد لە چاو ئەو شارانەی تۆ ناوت بردن بچووکترە، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێ مهاباد زۆرتر لە شارەکانی دیکەی کوردستان لە نێو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی خۆیدا سەنگ و وەزنی هەبووە. لەبیر نەکەین! مەهاباد دامەزرێنەری یەکەم رێکخراوەی سیاسی مۆدێڕن وەک ‘ژکاف’و پاشان ‘حیزبی دێمۆکراتە’. بەرهەمی هەردووک ڕێکخراوەش’ کۆماری کورستانە’ کە وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار لەسەر ئاسمانی شاری مهاباد بۆ هەتاهەتایە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە!

 هاورێ پاش هێندێکی دیکە لەدوورەوە ڕامان، ئەوسا بەدەم پێکەنینێکی تاڵ و مانادارەوە  گوتی:

_ قسەی خۆمان بێ! مهابادییەکان لە سیاسەتدا هونەرێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەویش ئەوەیە، ئەوان هەروەک چۆن دەتوانن رێکخراوەی سیاسی دروست بکەن. هەر بەو چەشنەش ئازان لە تێکدان و رووخاندنی ڕێکخراوەکەیان!! حاڵی بووی؟

منیش بەدوای قسەکەی ئەودا پێکەنیم و پرسیم:

_ ئەدی سنەیی و کرماشانی یەکان چی؟

بەری دەستی بەرەو من ڕاگرت و پێکەنی:

 _ نا! نا!… ئەوان قەت وەک مهابادییەکان هونەری ڕووخاندنیان نەبووە! دیسان پێکەنی… بێدەنگی… کاکە شوان چاوی لە قووڵایی دۆڵەکە بڕێوە. هەستم کرد، دیسان خەم و تووڕەیی وەک تۆڕی جاڵجاڵووکە دەوریان تەنیوە. لەم کاتەدا خۆم بۆ ڕانەگیراو بڕیارمدا بەهەر لەونێک بووە دەبێ بزانم چ قەوماوە ئیمڕۆکە هاوڕێ ئاوا خەفەت تێکەڵ بە گرژی جەستەیان داگرتووە؟!

بە ئارامی هەودای خەیاڵیم پساندو گوتم:

_ کاکە، هیچ وەک رۆژان شادو سەرحاڵ دیار نی! هەست دەکەم زۆر ماندوویی و کەمێکیش تووڕەیی و ڕووگرژی بەڕواڵەتەوە دیارە!

هاوڕێ بەقسەکەی من تێکڕابوو! زۆر لێبڕاوانە و بە دەنگی بەرز کە بە ئاشکرا تووڕەیی پێوە دەبیندرا، وڵامی دایەوە:

_ تووڕەو ڕووگرژ بۆچی! بەڵام بەهیچ لەونێک ماندوو نیم! … پاش ساتێک بێدەنگی وەک ئەوەی لە دەنگ بەرزییەکەی خۆی پاشگەز بووبێتەوە زۆر لەسەرەخۆ گوتی:

_ هاوڕێ! شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە نابێ هیچکاتێک لەنێو قەیران و ئاڵۆزییەکانی سەرڕێی تووشی ماندوویی و سەرلێشێواویی بێ! نا!… من لەم ڕێبازەی کە بەویستی خۆم هەڵمبژاردووە هیچکاتێک هەستم بە ماندوویی نەکردووەو قەتیش نایکەم…

جڵەوی قسەم بۆ ڕانەوەستاو گوتم:

_ من لە ماوەی ئەو چەند ساڵانەدا کە تۆم لە نزیکەوە دیوە، بەردەوام شەوقێکی هیوابەخش و داهاتوویەکی گەشم لەسەر نێوچاوانت بەدی کردووە! بەڵام ئێستا نازانم بۆچی هێندە لەبەرچاوم ‌تووڕەو دڵتەنگ دیاری؟!

هاوڕێ وەک ئەوەی گوێی بەلای منەوە نەبێ، بەدڵتەنگی چاوی لە دوورەوە بڕیبوو… بەڵام من بۆئەوەی وڵامی پرسیارەکەی خۆم وەرگرتبێ تەوە، لە درێژەی قساندا گوتم:

_ کاکە! هیچ دەزانی ئێمە یاران حەوجێمان بە زەردەی لێوو، گرشەی چاوو، نێوچاوانی گەشی تۆ هەیە. کەشتیوانێک کە فیکری بەکێشەو ململانییەکانی نێوخۆوە خەریک بوو، بێشک لە شەوو رۆژە تۆفانییەکاندا، ناتوانێ سەرنشینی پاپۆرەکەی لەبەر هروژمی شەپۆلە بەهێزەکان بەسڵامەت دەرباز بکا؟

هاوڕێ ڕووی بەرەو من وەرگێڕاو گوتی:

_ برا، کەشتیوانیش مڕۆڤە، گیان و رووحی ناسکی هەیە، هەرچەندە کارامەو لێزانیش بێ، دیسانیش بە تەنیا ناتوانێ بەرپرسایەتی یەکەی بەڕێوە ببا. سەرەنجام لە کاتی رۆژو شەوە توفانییەکاندا حەوجێی بەپشتیوانی یارانی خۆی هەیە!

زمانم هەڵەنگوت و گوتم:

_ ئەگەر هەر دەزانی تەگەرە دەخرێتە سەر ڕێگات، بۆچی بۆ ماوەیەک بەرپرسایەتی یەکەت بۆ هاوڕێیانت بەجێ ناهێڵی؟ داخوا بزانین ئەوان پاش تۆ دەتوانن کارەکان بەڕێکی و باشتر بەرێوەبەرن؟

هاوڕێ زۆر خێرا سەری بەرەو من وەرگێراو گوتی:

_ ئەم قسەیەی تۆ ماناکەی مەیدان چۆل کردنە! نا…! من قەت مەیدان بەجێ ناهێڵم!

زۆر بەهێواشی گوتم:

_ ببوورە! من مەبەستم ئەوە نییە تۆ مەیدان چۆل بکەی! من دەڵێم بۆ ماوەیەک بەرپرسایەتی یەکەت بۆ هاوڕێیانت بەجێ بهێڵە!؟

هاوڕێ سەری ڕاوەشاندو گوتی:

_ نااا!… برام سیاسەت مەیدانی کەشاکەش و ململانێیە. هەروەک ئاماژەم پێکرد، پیاوی شۆڕشگێڕ نابێ لە هەمبەر گوشارو کۆسپ و تەگەرەکاندا شان لەبەر ئەرک و بەرپرسایەتی لابداو لە مەیدان ڕابکا! من بێتو مەیدان چۆل بکەم، دڵنیام بناغەی ئەوەی ساڵیانێکە بەزەحمەت داڕێژراوە، بەجارێک لە گرێژنە دەچێ و هیچی بەسەر هیچەوە نامێنێ. تێگەیشتی؟…

گوتم:

_ کەوابوو چاوەڕوانیت لە هاوڕێیانت چیە؟

زۆر بەئارامی گوتی:

_ تەنیا چاوەڕوانی یەکی من لە هاورێیانی خۆم هەیە، ئەوەیە، لەکاتی سەرکەوتن لە هەورازو هەڵەمووتەکان دەستم بگرن، نەک بەپێچەوانە لە پشتەوە بەلاقمەوە بنووسێن و لەسەرکەوتن ڕامبوەستێنن…!

پرسیم:

_ ئەدی ئەگەر هاتوو لەکاتی سەرکەوتندا دەستیان نەگرتی، ئەوکات چێ؟

زۆر لێبڕاوو کەمێکێش  بەدەنگی بەرز گوتی:

_ دێسان لە مەیدان ڕا ناکەم! ئەگەر هەر نەلواو نەکرا، جا ئەوکاتە ئەرکەکانیان پێ دەسپێرم، بۆخۆشم لە دوورەوە خەتیان دەدەمێ… بێدەنگی… پاش تاوێک لە درێژەی قساندا گوتیەوە:

_ برا، ئەو تەنگوچەڵەمانەی لە نێو شۆڕش و سیاسەتدا دێنە سەرڕێ شتێکی ئاسایین. ئەوەی من زیاتر لە هەمووی ئەوانە ئازاری لەبەر دەکێشم، لاوازی فەرهەنگ و ئەدەبی گەلەکەمانە. بەداخەوە دیسان بەداخەوە!! کۆمەڵگای ئێمە لە دنیای شارستانیەتی ئیمڕۆدا زۆر کەم ئاگایە، هۆیەکەش ڕوونە، خەڵکی ئێمە فێری کتێب خوێندنەوە نییە! ئەم دیاردەیە نیشانەی دواکەوتووییەو گەورەترین کۆسپی سەر ڕێمانە…!

لەسەرەخۆ گوتم:

_ کەوابوو ئەم خەم و خەفت و پەرۆشی یەی ئێستای تۆ زیاتر لەبەر لاوازی فەرهەنگ و ئەدەبی گەلەکەمانە ؟

بەدەنگێکی کەمێک بەرز گوتی:

_ بەشی زۆری بەڵێ!… بڕوانە!… تەواویی ئەو گەلانەی ئێستا لەسەر ڕووی گۆی ئەم زەووییە بڕیاڕدەرو سەربەرزو بەرزەفڕن و بەهەیبەتەوە چەنگ بۆلای ئەستێرەکان درێژ دەکەن، هەمووی  لە سایە سەری کتێب و کتێب خوێندنەوە وەدەستیان هێناوە. کتێب ڕەمزی سەرکەوتن، زانایی و مێشکی بەهێزو خوڵقێنەرە!… هەر گەلێک بە ئاستی رووناکبیری و زانایی گەیشت، ئیدی کەس ناتوانێ فریوی بداو مافی لە ژێر پێ بنێ! گەلێکی ڕووناکبیر لە ژێر باری هیچ هەلومەرجێکی نالەباردا، قەت نایە ژێربەنای خەباتی دوورو درێژی خۆی بشێوێنێ…! لێرەدایە ئێمە دەبێ پەنا بۆ کتێب و کتێبخانە بەرین و فێربین چۆن سەرڕێی تاریکمان ڕووناک و دەرگای بەستراوی ناهومێدی بە ڕووی خۆمان بکەینەوە!… بێدەنگی…

پاش تاوێک دیسان هاوڕێ ڕووی هەڵبڕییە لای من و ئاماژەی بە دوورداو گوتی:

_ بڕوانە هۆو گۆڕەپانەی ئاخری ئەم دۆڵەی بەرچاومان، بزانم چ دەبینی؟

منیش پاش تۆزێک بەمۆڵەق وردبوونەوە وڵامم دایەوە:

_ کۆمەڵێک هاوڕێ!… بۆ چ قەوماوە!؟

گوتی:

_ هیچ نەقەوماوە! پرسیارم ئەوەیە بزانم دەزانی ئەو هاوڕێیانە بە درێژایی رۆژ لەوێ ڕادەوەستن بەچ شتێکەوە مژوڵن؟

لووتم هەڵۆرچاندو شانم هەڵتکاند:

_ هیچ!… بێکارن!… چ بکەن ڕاوەستاون پێکەوە قسان دەکەن!؟

قامکی ڕاداشت و پرسی:

_ باشە! ئەدی لە شانی دەستەڕاستی بناری هۆو گردە چ دەبینی؟

وڵامم دایەوە:

_ ئەگەر مەبەستت هۆو بنایە بێ؟ کتێبخانەی شۆڕش!

ئاخێکی بەرزی هەڵکێشاو گوتی:

_ هیچ ئاگاداری بەچ زەحمەت و کوێرەوەرییەک سەدان کتێبمان لە ئەملاو ئەولا بۆ ئەم کتێبخانەیە کۆکردۆتەوە؟ بۆئەوەی کتێبەکان لە فەوتان و هێرشی نەیارانمان بپارێزرێن، وەکو کۆرپەیەکی ساوا لە باغەڵمان گرتن، بەخەرجێکی زۆر ئەم دۆڵ و ئەو دۆڵمان پێکردن تاکوو گەیاندراونەتە ئەم کتێبخانەیە؟

_ بەڵێ، ڕاستە!

قامکی ڕاداشت و گوتی:

_ هەر وەک دەبینی ئێستا کتێبخانەیەکی خۆشمان هەیەو کتێبدارمان بۆ دیاری کردووە. بەڵام من بەدرێژایی رۆژ دەبینم، عالەمێک لە گۆرەپانی پێش کتێبخانەکە ڕاوەستاون، پێکەوە خەریکی قسەو گاڵتەو فشە کردنن. بەداخەوە زۆر بەدەگمەن دەبینم کەسێک بڕوا سەر دەژووری کتێبخانەکە ڕۆ بکا!… بێدەنگی…

 سەرەنجام ئاخێکی هەڵکێشاو گوتی:

_ دەرمانی هەموو دەردان!… خۆزگە گەلی کوردیش وەکو هەموو گەلانی پێشکەوتووی سەر گۆیی ئەم زەوییە، بایەخ و گرینگییان بەکتێب خوێندنەوە دابایەو بەحەزەوە هەنگاویان بەرەو دیوی کتێبخانەکان بەرز کردبایەوە، بۆ دوارۆژی خۆیان دەرسی مەلەوانی فێر بووبان! جائەوکاتە منیش بە ئاوات گەیشتووم و خەمم وەلاناوەو پڕ بەجەستە هەستم بەحەسانەوە کردووە…!!

*****

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی