"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان : دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ ڕاوەستان  ، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دووبارە خۆی ڕادەگەیەنێ و دێتەوە مەیدانی خەباتی کوردایەتی. komeley_yeksani

ئەوەی خوارەوە دەقی ڕاگەیاندراوی نووژەن کردنەوەی دووبارەی ئەو ڕێکخراوەیە  ، بەڵام ئەوەی جێی سرنجە هیچکام لە نووسەرانی ئەم دەقە جارێ بۆ خوێنەران ناسراو نین. هیوادارین  لە داهاتوو دا ڕیبەرانی ئەو ڕێکخراوە خۆیان بە خەڵک و ڕاگەیاندنی کوردی بناسێنن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە لە خوارەوە .

……………………

خەڵکی ئازادیخواز و خۆڕاگری کوردستان

هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان

هاوڕێیانی یەکسانی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

هەروەک ئاگادارن کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەهۆی سیاسەتی داگیرکەرانەوە لە کوردستان لەلایەک و نەبوونی ئازادی  و هەلومەرجی گونجاوی سیاسی بۆ لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان لەم ناوچەیە و بەتایبەتی لە ئێران، وەک زۆربەی لایەنە خەباتکارەکانی کوردستان لە ماوەی تەمەنی خۆیدا تووشی کۆمەڵێک بەربەست هاتووە کە بەخۆشییەوە هەرگیز لە هەلومەرجە دژوارەکاندا خۆی بەدەستەوە نەداوە و سەرەڕای شەهیدکرانی زۆرینەی ڕیبەرانی دامەزرێنەی لە ساڵانی سەرەتای تێکۆشانی، ئەندامان و لایەنگرانی یەکسانی،  هیچکات لە ئامانجی ڕزگاریی و سەربەخۆیی خەڵکی کورد و هەروەها لە بەرگریی لە مافی هەژاران و چەوساوەکانی کوردستان وازیان نەهێناوە. ئێستا پاش بڕێنی قۆناخێکی سەختی سیاسی، بۆ جارێکیتر ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی یەکسانی هاتوونەتەوە مەیدانی تێکۆشان و بە دامەزراندنی دەستەی بووژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، جارێکیتر خەباتی ئاشکرای خۆیان دەستپێدەکەنەوە.

لێرەدا وێڕای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، کورتەیەک لە ڕوابردوو و بیر و باوەڕی یەکسانی و هەروەها بیری هاوبەشی ئەندامانی دەستەی بووژاندنەوەی یەکسانی بەشێوەی خوارەوە ڕادەگەینین و وێڕای داوای پێوەندیگرتنەوە و چالاکبوونی هەموو ئەندامان و لایەنگرانی پێشووی کۆمەڵەی یەکسانی، داوا لە هەموو ئازادیخوازانی یەکسانیخواز و سەربەخۆ دەکەین کە لەپێناو ئامانجی سەربەخۆییخوازانە و یەکسانیخوازانەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، بێنە ڕیزی دەستەی بووژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان و لەم پێناوەدا هاوکار و هاوخەباتمان بن.

لێرەدا دەستەی بووژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی، باوەڕ و سیاسەتی گشتیی یەکسانی بۆ کۆنفرانسی داهاتووی یەکسانی بەکورتی لە دوو بەشی خوارەوەدا ڕادەگەیەنێت. بەشی یەکەم سەبارەت بە سەرچاوە، پێناسە، سیاسەت  و ئامانجەکانی کۆمەڵەی یەکسانی و بەشی دووهەم لەبابەت سیاسەتی کۆمەڵەی یەکسانی لەمەڕ پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکانە بۆ ڕای گشتیی.

بەشی یەکەم:

پێناسەیەکی کورتی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩٧٩ی زایینی) بە ئامانجی دابینکردنی مافی بڕیاردانی گەلەکەمان لەسەر چارەنووسی خۆی و دامەزرندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و پێشکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی خۆی ڕاگەیاندووە. بەر لەو کاتە، بەشێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکسانی ساڵانێکی زۆر لەدوای کۆماری کوردستان و تا ساڵێک پێش ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران، لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا چالاکانە بەشدار بوونە و خەباتیان کردوە. جێی ئاماژەیە کە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکسانی ئەو کەسانە بوون کە دوای ڕیکەوتننامەی جەزایر و تێکچوونی شۆڕشی باشووری کوردستان لە ١٩٧٥ی زایینی، لە لایەن حیزبی بەعسەوە ڕادەستی ڕێژیمی شا کرانەوە و دوای ساڵانێک خۆڕاگریی لە زیندانەکانی ڕژیمی شای ئێران، لە هەلومەرجی ڕووخانی پێش ڕژیمی شا دا ئازاد دەبن و لەساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٨ی زایینی) لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە ڕووناکبیران و شۆڕشگێرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەژێر ناوی بنکەی بووژاندنەوەی فەرهەنگی کوردی درێژە بە خەبات دەدەن و ساڵیک دواتر (١٣٥٨ی هەتاوی ١٩٧٩ی زایینی)، لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا لە شاری سەقز، دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ڕادەگەیەنن.

کۆمەڵەی یەکسانی لە ڕابردوودا، هێزێکی سیاسیی و چەکداریی بووە و ڕێبەرانی یەکسانی بە درێژایی خەباتی دەیان ساڵەیان، پێشەنگی خەباتی سیاسی و بەرگریی لە کوردستان بوونە و گیانی خۆیان لەم ڕێبازەدا پێشکەشی ڕزگاریی وڵات و خەڵکی کوردستان کردووە. کۆمەڵەی یەکسانی هەر لە سەرەتای دامەزران و دەستپێکی خەباتییەوە (لە ساڵی ١٣٥٧تا ١٣٧٥ی هەتاوی، ١٩٧٩تا ١٩٩٧ زایینی)، لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان چالاکیی سیاسیی و پێشمەرگانەیان هەبووە، بەڵام لەوکاتەوە (تا هاوینی ١٣٩١ی هەتاویی ٢٠١٢ی زایینی) بەهۆی  گیروگرفت و گرژییەک کە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی باشوور و باکووری کوردستان هاتە ئاراوە، یەکسانی خەباتی ئاشکرای خۆی ڕاگرتبوو. ئێستا بەهۆی هەلومەرجێکی گونجاو کە لەدەرەوەی وڵات بۆ ئێمە ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، پاش ڕاوێژ و لێکدانەوەیەکی چڕوپڕی چەند مانگە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرامان دا کە لەڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەی دەستەی بووژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانییەوە، بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار دەکەینەوە. لێرەدا سەرنجتان بۆ کورتەیەک لە ڕووانگە و ڕێبازی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان ڕادەکێشین:

باوەڕی یەکسانی

ئەلف. سەرچاوەی باوەڕی یەکسانی

بیر و هزری “یەکسانی” وەک بیرۆکەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان پێناسە دەکرێت. ئەم بیرۆکەیە لە فەلسەفە و بیر و باوەڕی سەربەخۆییخوازانە و یەکسانییخوازانەی ڕێبەرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەرچاوەی گرتووە. سەربەخۆییخوازیی، یەکسانییخوازیی، کراوەبوون و دووریی لە بیر و کردەوەی ڕادیکاڵ، باوەڕ بە مافی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و خەباتی زانستی و پێشکەوتنخوازی، بنچینەی باوەڕی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پێکدێنن.

سەرهەڵدانی بیری یەکسانیخوازیی ڕێبەرانی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) و کۆماری کوردستانەوە دەستیپێکردووە و تا دەیان ساڵ خەباتیان لە شاخ و لە شار لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان درێژەی هەبووە. ڕێبەرانی سەرەکیی کۆمەڵەی یەکسانی (کە پاشان زۆربەیان گیانیان پێشکەشی ڕزگاریی کوردستان کرد)، هەر لە سەرەتاوە لەلایەک هەستیان بە ژێردەستیی و داگیرکراویی خاک و نەتەوەکەیان لەلایەن داگیرکەوانەوە کردوە و لەلایەکیترەوە باری گرانی سەر شانی ژنانی بێبەش لە ماف و ئازادی، ستەمی چینایەتی و چەوساوەیی خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاریان لە کوردستان لەلایەن چەوسێنەرانی ناوخۆییەوە لەنزیکەوە  دیتووە. هەربۆیەش وێڕای خەبات  بۆ ڕزگاریی لە ژێر دەستی داگیرکەران، هاوکات خەبات بۆ نەهێشتی نایەکسانی و هەڵاواردن و چەوسانەوەی چینی زەحمەتکێش و هەژار لە کوردستان بۆتە بەشێک لە بیر و باوەڕی تێۆری و پراکتیکی ئەو ڕێبەرانە. هەربۆیەش کۆمەڵەی یەکسانی، لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیی خۆماڵی و بەپێی پێویستیی هەلومەرجی کۆمەڵانی خەلکی کوردستان و هەڵکەوتەی جوگرافی و نەتەوەیی کوردستان، لەسەر بنەماکانی ئایدیۆلۆژیی یەکسانیخوازیی سەریهەڵداوە و بۆ ئامانجانەکانی باوەڕی یەکسانی خەبات دەکات.

ب‌.     پێناسەی باوەڕی یەکسانی

“یەکسانی” چ لە وشە دا و چ وەک هزر، وەک “هەبوونی مافی یەکسان بۆ هەموو مرۆڤێک” پێناسە دەکرێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، کۆمەڵەی یەکسانی خوازیاری کۆمەڵگەیەکە لە سەر بناخەی ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی یەکسان بۆ هەموو مرۆڤێک کە لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. مرۆڤەکان بەگشتی لە ڕوانگەی کۆمەڵەی یەکسانییەوە خاوەن مافێکی یەکسانن و پێویستە ڕێز لە ئیرادە و بڕیاری تاکەکان لەسەر چارەنووس و ژیانیان بگیردرێت. هەر بەم پێیەش، هەڵاواردن و پێشداوەریی ڕەگەزیی، جەستەیی و ئێتنیکی لە ڕوانگەی کۆمەڵەی یەکسانییەوە، بە هۆکاری سنووردارکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵ دەناسرێن و بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکرێنەوە. هەر لەسەر ئەم بناخەیە، یەکسانی تێڕوانینی خۆی بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بە کورتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا پێناسە دەکات:

١ـ  مافی بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان کە لەو وڵاتەدا سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵات لەلایەن خەڵکەوە لە ڕێی هەڵبژاردنێکی ئازادەوە دیاری بکرێ.

٢ـ هەوڵدان بۆ ڕزگاریی لە ژێردەستەیی و چەوسانەوە، دواکەوتوویی و هەژاریی لە ڕوانگەی کۆمەڵەی یەکسانییەوە، لە چوارچێوەی هەوڵ بۆ ئازادیدا پێناسە دەکرێن. ئازادی واتە توانایی و مافی بڕیاری مرۆڤ لەسەر خۆی بە هەردووک لایەنی کردەوەیی و فیکریی (پراکتیک و تێئۆری). ئازادی لە ڕوانگەی کۆمەڵەی یەکسانی، بەواتای مافی بڕیاری تاک و کۆمەڵ لەسەر چۆنییەتی ژیانیان دەناسرێت، هەر بۆیەش یەکسانی، ئازادی بە سەرەتا و مەرجی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەزانێت. بەم پێیە کۆمەڵەی یەکسانی لەبابەت بڕیار لەسەر چارەنووس و چۆنییەتی ژیانی کۆمەڵ و تاکەکان، باوەڕی تەوای بە ئازادی هەموو مرۆڤێک و هەموو گەلێک هەیە و ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی تاک و کۆمەڵگەکان دەگرێت. لەم پێوەندییە دا، کۆمەڵەی یەکسانی پێی وایە کە پێویستە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، دانی پێدابنرێ و لەڕێگەی ڕاپرسییەکی ئازاد و لەژێر چادێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

ئازادی لە بەشداریی و کاریگەربوون و پێکەوە بڕیاردان بۆ خۆ بەرەوپێشبردن و هەبوونی هەلومەرجی خۆبەڕێوەبەریی و ویستی دیاریکردنی چارەنووسی تاک و کۆمەڵ، ئازادی ئایین، ئایدۆلۆژیی، ڕادەربڕین و مێدیا و هەروەها هەل و دەرفەتی هاوشێوە بۆ دامەزراندن و چالاکیی پارت و ڕیکخراوەی سیاسی و مەدەنی، ئازادی ڕەخنە و چالاکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین و هەلی ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات لەڕێی پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئازاد و ڕوونەوە،  وەک باوەڕ و پێناسەی کۆمەڵەی یەکسانی بۆ ئازادی دەناسێندرێن.

٣ـ مافی خوێندن لە قوتابخانە بەتایبەت بە زمانی دایک و هەروەها لە زانکۆ، لێکۆڵینەوە،  پێشکەوتن و گەشەکردنی تاک و ڕێزگرتن لە خواستی مرۆڤ بۆ خۆپێگەیاندن و هەوڵ و پشتگیریی ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست و هاوشێوە  بۆ هەموو تاکێک بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە، مافی بەشداریی و کاریگەربوونی یەکسان لە کۆمەڵگە و لە دەسەڵات،  مافی ژیانێکی ئاسوودە و دابینکردنی ئاسایشی یەکسان بۆ سەرجەم تاکەکان بەبێ هەڵاواردن، وەک بەشێکیتر لە باوەڕ و لە ئامانجەکانی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان دەناسێندرێن.

٤ـ کۆمەڵەی یەکسانی بڕوای بە ئاشتیی و برایەتیی گەلان هەیە. هەر بۆیەش یەکسانی خۆی لە دژی هیچ گەلێک و لەوانەش گەلانی فارس و تورک وعەرەب نازانێ و پێی وایە کە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان دەتوانن بە ئاشتی و برایەتی لە هاوسێیەتیی ئەو گەلانەدا بژین، لە هەمانکاتدا یەکسانی هەموو سیاسەتێکی داگیرکەری وستەمکاریی لەسەر گەلان ڕەتدەکاتەوە و پێی وایە کە خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی لەسەر زێدی خۆی، بە سەربەخۆیی بژیت.

٥ـ یەکسانی باوەڕی بە فرەڕەهەندیی و فرەچەشنیی سیاسیی، فەرهەنگی، کولتووری و کۆمەڵایەتی  و تۆلێرانس هەیە و هەموو بەرچاوتەنگی، پەراوێزخستن، خۆسەپاندن و بەرتەسککردنەوەیەک لەم بووارانەوە ڕەتدەکاتەوە.

٦ـ یەکسانی بڕوای بە بەشداریی هەموو چین و توێژ و تاکەکانی کۆمەڵگە و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە و دەسەڵات هەیە و لەم پێناوەدا، بەتایبەت بڕوای بە بەشداریی ژنان و گەنجان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا هەیە و پشتیوانییان لێدەکات.

٧ـ کۆمەڵەی یەکسانی هەموو هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، جینسی و ئێتنیکی ڕەتدەکاتەوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێویستە مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی ڕەگەزیی و جەستەیی، وەک مرۆڤ و هاوشان سەیر بکرێن. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش یەکسانی بڕوای بە یەکسانیی ژن و پیاو لە بواری هەموو مافێکەوە هەیە و ڕەخساندنی هەموو هەلومەرجێکی یەکسان بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی هاوشێوەی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا بە پێویست دەزانێ و بە هەموو توانای خەباتی بۆ دەکات.

٨ـ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان دژی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆییە و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دووبەرەکی و ناکۆکی لەنێوان هێز و لایەنەکانی سیاسیی لە کوردستان بە زیانی جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی کوردستانە و بە قازانجی نەیارانی نیشتمان تەواو دەبێت.

٩ـ کۆمەڵەی یەکسانی بروای  بە جارنامەی  نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ هەیە و ڕێز دەگرێ لە هەموو ڕێککەوتننامە ناونەتەوەییەکان لە بەرگریی لە مافی منداڵان، ژنان، کەمایەتییە نەتەوەیی، ئێتنیکی و ئایینییەکان و پشتیوانییان لێدەکات.

١٠ـ  کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان دژی هەموو شێوەیەکی سزای کوشتنە و ئەم سزایە بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەزانێ .

١١ـ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بڕوای بە لاشەڕبوون، ئاشتیخوازبوون و پێوەندیی دۆستانەی خەڵکی کوردستان و هەموو گەلان هەیە و پیی وایە کە پێویستە خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ هەموو خەڵکانی ئاشتیخواز و یەکسانییخواز هەوڵی سەقامگیرکردنی دێموکراسی و ئاشتی و ئاوەدانی و ئاسایشی خەڵک بدات و بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی هاوکار و هاوخەباتیان بێت.

١٢ـ ئەدەبیاتی کۆمەڵەی یەکسانی پێویستە ئەدەبیاتیکی پاراوی کوردی بێت و بۆ ئەم بابەتە یەکسانی هەوڵی ڕاستکردنەوەی دیرۆک، فەرهەنگ، وێژە و زمانی کوردی لە مێژوو، فەرهەنگ و وێژەی داگیرکەران بەپێویست دەزانێ.

١٣ـ کۆمەڵەی یەکسانی  بروای بە یەکسانیی هەردوو رێنووسی لاتینی و ئارامیی کوردی هەیە و چەند زاراوەیی زمانی کوردی لە کوردستان بە سروشتی جوان و دەوڵەمەندیی زمانی کوردی دەزانێ و وێڕای بەئاسایی زانین و بە پێویست زانینی زمانی ستانداری کوردی ، بەرگریی لە فێرکردن و پاراستنی زاراوەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەکات.

١٤ـ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان تێڕوانینێکی مرۆڤانە و یەکسانییخوازانەی بۆ هەموو مرۆڤێک هەیە و لەسەر ئەم بنەمایە  هەموو تاکێک، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، زمان، ئایین و ئایدۆلۆژی، بەمەرجێک باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ و ڕزگاریی خەڵکی کوردستان هەبێت، مافی بوونە ئەندامی لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و بەشداری و کاریگەری و بەرپرسیارەتی لەم ڕێکخراوەدا هەیە.

پ. ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان

١ـ خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی

٢ـ هەوڵدان بۆ لێکنزیکبوونەوە و هاوخەباتیی و پێکهێنانی بەرە لەگەڵ ئەو پارت و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییانەی لە کوردستان و ناوچەکە باوەڕیان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و لەمناوەشدا باوەڕیان بە مافی ڕەوای دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان هەیە.

٣ـ خەباتی زانستی بۆ گەشەکردن و پێشخستنی کوردستان لە بووارەکانی پیشەسازیی، کشتوکاڵ، ژینگە، تەندروستی، پەروەردە، فەرهەنگی و کولتووری.

٤ـ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی  یەکسان لەبووارەکانی چینایەتی، ڕەگەزی، ئایینی و جینسی ، کۆمەڵگەیەک کە هەمووان، بەبێ ترس لە ڕاوەدوونان، پێشداوەری  و هەڵاواردن،  مافی بەشداریی و کاریگەریی هاوبەش و هاوشێوەیان هەبێت و هەموو هاووڵاتییان خاوەنی ڕێز و مافی یەکسان بن.

٥ـ دابینکردنی هەلومەرجی پێشکەوتن و گەشەکردنی تاکەکان و پەرەپێدانی تواناییەکانیان لە هەموو بووارەکانی خوێندن و کار.

٦ـ دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و ئابووری کە هەموو هاووڵاتییان خاوەنی ئاسایش بن و مافی بەشداریی و کاریگەرییان هەبێت. کۆمەڵگەیەک کە هەموو تاکەکانی، خاوەنی ئیرادە و بڕیاری هەڵبژاردنی ئازاد بن، سیستەمێک کە هەوڵی نەهێشتنی هەژاریی و بێکاری بدات، بیمەی کار و قەرەبووی بێکاریی بەشیوەیەکی دادپەروەرانە تێیدا ڕەچاو بکرێت و بەبێ هەڵاواردن و جیاوازیی، مێکانیزمێکی یەکسانیخوازانە بۆ ئاسوودەیی و ئاسایشی کۆمەڵگە ڕەچاو بکات و یارمەتیی پەروەردە و گەشەپێدانی منداڵان، گەنجان و بەساڵاچووان لە هەموو بووارێکەوە، بایەخ و سەرنجی تایبەتی پێبدرێت.

٧ـ لەبەرچاوگرتنی پەروەردە ، خوێندن و هەموو مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

٨ـ بەرگریی لە مافی مرۆڤ و پشتیوانی و یارمەتی ڕزگاریخوازانی نەتەوەکانی تر.

٩ ـ خەبات لە دژی  هەموو داب و نەریت و بیروبۆچوونێکی دواکەوتوو کە ڕێگر بن لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی زانست، فەرهەنگ، زمان و کولتووری خەڵکی کوردستان .

ت‌.     باوەڕی کۆمەڵەی یەکسانی سەبارەت بە  کوردستان

کوردستان نیشتیمانی گەلی کورد و هەموو ئەم گەل و کەمینانەیە کە لیی دەژین. خەڵکی کوردستان لە مێژووی دێرینی خۆیدا چەندین ئیمپراتۆڕ و دەوڵەت و میرنشینی لەسەر زێدەکەی دامەزراندوە کە بەهۆی هێرشی داگیرکەران، تێداچوونە. خاکی کوردستان لە مێژوودا دووجار بەبێ ویستی دانیشتووانی لەلایەن دەوڵاەتانی داگیرکەری ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەوە دابەشکراوە و ئێستا بۆتە پێنج بەش و بەسەر وڵاتانی تورکیە، سوریە، ئێراق، ئێران و ئەرمەنستان دا دابەش کراوە و گەلی کوردیش لەم وڵاتانە  (بێجگەلە بەشێکی باشووری کوردستان) تا ئێستاش بە داگیرکراویی و بندەستەیی ماوەتەوە.  گەلی کورد نەتەوەی سەرەکیی کوردستانە کە مێژوویەکی دوورودرێژ بۆ ڕزگاریی نیشتیمانەکەی خەباتی کردوە و قوربانیی زۆری داوە و تا ئێستاش لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆی بەردەوامە.

بەم پێیە کۆمەڵەی یەکسانی، کوردستان بە وڵاتێکی داگیرکراو و گەلی کوردیش بە نەتەوەیەکی بن دەست و بەزۆر لێکدابڕاو و لکێندراو بە وڵاتانی دراوسێ دەزانێ و وێڕای ئەوەیکە خەباتی سەرەکیی خۆی بۆ ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، بەپێی تواناش پشتگیری لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووس و دەسەڵاتی خۆیان و ئامانج و ستراتیژیی درێژخایەنی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، سەربەخۆیی و یەکخستنەوەی هەموو خاکی کوردستان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و وڵاتێکی پێشکەوتوو و ئاوەدانە.

بەشی دووهەم:

سیاسەتی گشتیی کۆمەڵەی یەکسانی لەمەڕ پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان

١ـ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هەموو پارت و ڕێکخراوە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان  دەگرێ و ئامادەیە لەپێناو ڕزگاریی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکات. 

٢ـ پێوەندیی کۆمەڵەی یەکسانی لەگەڵ پارت و ڕێکخراوەکانی تر لەسەر  بنەمای  ڕێز و قەبووڵکردنی دوولایەنە دەبێت.

٣ـ کۆمەڵەی یەکسانی تەنیا لەسەربنەمای باوەڕ و بەرگریی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، دووری لە بەرژەوەندیی یەکلایەنە و هەروەها دووری لە دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆیی، ئامادەیە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی تر و دەرەوەی کوردستانیش بەرە پێک بێنێ.

٤ـ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، لەگەڵ سیاسەت و کردەوەی هیچ لایەنێک نییە کە لە خزمەت داگیرکەران یان دژی پێشکەوتن و گەشەکردنی خەڵکی کوردستان بێت.

شایانی باسە کە دەستەی بوژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان تا ڕێکخستنێکی گشتیی و کۆنفرانسی داهاتووی ئەندامان و دڵسۆزانی یەکسانی، ئەرکی ڕێکخستن و بوژاندنەوەی یەکسانی جێبەجێ دەکات و بۆ ئەم مەبەستە بەتایبەت داوا لە  هاوڕێیان و لایەنگرانی پێشووی یەکسانی و هەروەها داوال لە دڵسۆزان، ڕۆشنبیران، نووسەران و شارەزایانی یەکسانیخوازی کوردستان دەکات کە بۆ سەرخستنی ئەم ئەرکە، هاوڕێ و هاوکاری دەستەی بووژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بن.

بۆ زانیاریی زیاتر لەمەڕ کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی یەکسانی (www.yeksani.org) بکەن و لەڕێی بەشی پێوەندیی ئەم پێگەیەوە، سەرنج و بۆچوونەکانتان لەبابەت  یەکسانی، هاوکاریکردنی یەکسانی و بوژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی بۆ ئێمە بنێرن.

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازیی و یەکسانیخوازیی لە کوردستان

“دایبڕێژین کۆشکی یەکسانیی ژیان”

دەستەی بووژاندنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان

                       ١٢/٠٨/٢٧١٢ی کوردی

                      ١٢/٠٨/١٣٩١ی هەتاوی

                      ٠٢/١١/٢٠١٢ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی