"an independent online kurdish website

لە نێو هەر نەتەوەیەک دا  کەسانێک هەن کە لە گشت بوارەکانی ژیاندا تا چڵە پۆپە سەردەکەون و دەبن بە جێگای هیوا بۆ نەتەوەی خۆیان و تەنانەت زۆرجار دەبن بە مایەی شانازی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیش.husen_resuli_01

لە نێو نەتەوە بن دەستەکانی جیهاندا ڕۆڵی سەرۆک و سەرکردەکان بەچاوترن و گەلێک جاران ڕۆڵەکانی نەتەوە بن دەستەکان وەک ڕووگەی ئەوین و ئاوات لێیان دەڕوانن.
شەهید د.قاسملوو لە نێو گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو کەسانە کە ئەگەرچی ڕێبەی حیزبێک لەو پارچە دابەشکراوەی نیشتمان دابوو بەڵام گاریگەری لە سەر هەموو کورد لەو پارچەیە دا و تەنانەت لە پارچەکانی دیکەش داناوە و ئێستاش دوای زیاتر لە دوو دەیە لە شەهید بوونی خەڵکی هەرچوار پارچەکە بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن و بە دڵنیاییەوە دەڵێن ئەگەر د.قاسملوو مابایە چارەنووسی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا زۆر لەوە باشتر دەبوو کە ئێستا هەیە.
بەڵام جیاوازیەکانی ئەو ڕۆڵە هەڵتوویە چی بوون کە توانیبووی جێگای خۆی لە نێو دڵی هەموو تاکێکی کور دا بکاتەوە؟؟
هەر مرۆڤێک خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی بەڵام کاتێک باس لە ڕێبەر دەکرێ تا ڕادەیەکی زۆر ئەو تایبەتمەندیانە هاوبەشن کە وا کەسێک دەکەن بە ڕێبەر بەڵام لەو بوارەشدا د. قاسملوو لە هەموو ڕێبەرەکانی سەردەمی خۆی و تەنانەت هەتا ئێستاش جیاوازتر بووە هەر بۆیە چ ئەو کاتە کە خۆی لە ژیاندا بوو و چ دوای شەهید بوونی کاریگەریەکانی لە سەر مەسەلەی کورد وا زەق و بەرچاون.
لە نێو زۆربەی نەتەوە ژێر دەستەکان کە ئا ئەمڕۆ بۆ ڕزگاری خەباتیان کردوە وتەنانەت لە نێو ئەو نەتەوانەشدا کە بۆ ئاڵ و گۆڕ لە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە وڵاتەکەیان دا ڕاپەڕێون بە دەگمەن کەسێک هەبووە بەر لە هاتن بۆ ناو ڕیزەکانی شۆڕش خۆی کەسایەتێکی ناسراوی جیهانی بوو بێت و زۆربەی ڕێبەر و سەرکردەکان لە ناو کوورەی خەبات دا قاڵ بوونەتەوە بەڵام جیاوازی شەهید د.قاسلموو ڕاست لێرە دایە کە ئەو بەر لەوەی بێتە ناو سەرکردایەتی شۆڕشی کوردەوە خۆی خاوەنی کەسایەتێکی سیاسی و ئاکادێمیک و دیپڵۆماتێکی بە مانای وشە بوو.
بە واتایەکی سادەتر و ڕوونتر دەکرێ بڵێن کە زۆربەی سەرکردەکان بە تایبەت لە نێو گەلی بندەستی کورد کوورەی خەبات باری هێناون و کەسایەتی پێ بەخشیون و کردوونی بە ڕێبەر و لێهاتوو بەڵام د.قاسملوو تایبەت بوو چونکە ئەو هەموو ئەو قۆناغانەی کە بۆ ڕێبەرێک پێویست بوون بە هەوڵ و تەقەلای لێبڕاوی خۆی بڕیبوونی و وەک کەسێکی کامڵ و ئامادە هاتۆتە نێو مەیدانی خەباتەوە.  
زۆرجار دیتراوە کە ئەو کەسانەی کە دەبن بە ڕێبەری جوولانەوەیەکی ئازادیخوازی بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک دەڵێن بزووتنەوەکە بۆیان دەبێتە ماڵ و سەرەڕای ئەوە لەو سۆنگەیە دا دەبن بە خاوەنی ناو  ناوبانگ هاوکات دەست بە سەر داهات و دەرکەوت سەرجەم داراییەکانی ئەو بزووتنەوەیە دادەگرن لەو بوارەشدا د. قاسملوو نەک هەر زۆر جیاوازترە بگرە بۆ ئەوە نابێ دەگەل ئەو جۆرە بە ناو ڕێبەرانە بەراوردیش بکرێ.
د. قاسملوو کاتێک دێتە ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەبێتە ئەندامی ڕێبەری حدکا،کە خۆی لە ئاستێکی هەرە بەرزدا خوێندنی تەواو کردبوو و چەندین زمانی زیندووی جیهانی بە تایبەت عەرەبی و ئینگلیسی دەزانی و شارەزایی تەواوی بە سەریاندا هەبوو کە بۆ پرسی کورد زۆر پێویست بوون ئەوەش لە بەر دوو هۆی سەرەکی کە بریتی بوون لە :
یەکەم زمانی ئینگلیسی کە زمانی زلهێزەکان و بڕیار بەدەسەتەکانی جیهانە و دووهەم زمانی عەرەبی کە دووبەشی گەلی کورد بەسەر دوو وڵاتی گرینگی عەڕەبی ناوچەکە دا دابەش کراوە.
جگە لە زمانزانی و تێئووری زانێکی سەکەوتوو، د.قاسملوو پێوەندیەکی تون و تۆڵ و قووڵی دەگەڵ کەسایەتیە جیهانی و سووسیالیستەکانی سەردەم دا هەبوو کە بە تایبەتی لە جیهانی دوو جەمسەری ئەوکات دا پێویست بوون چونکە د.قاسملوو لە هەموو کەس باشتر دەیزانی کە تەنیا کێوەکان دۆستی گەلی کوردن و تا ئەو کاتە سرنجی دەرروە و بە تایبەت وڵاتە زلهێز و بڕیار بەدەسەتەکان بۆ یارمەتی کورد ڕانەکێشێ سەرکەوتنی ئەو پرسە ئاستەم و چاوەڕوان نەکراوە.
سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندیانە د.قاسملوو وەک دەزانین بە سرنجدان بەو کەسایەتیە جیهانیە و بەو ئاستە بەرزە لە زانست و خوێندەواریە کە هەیبوو لە زۆر جێگا باشترین کاری دەست دەکەوت.
بە کوردی و بە کورتی ئەگەر ڕێبەرێک لە جووڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دا شۆرشی وەک ئامرازێک بۆ سەرکەوتنەکانی خۆی بە کار هێنابێ بە پێچەوانە د.قاسملوو بە بێ هیچ چاوەڕوانێک و زۆر بە سەخاوەتەوە هەموو زانست و لێهاتوویی خۆی و تەنانەت باشترین سەرمایەی ژانی واتا گیانیشی نایە خزمەت کورد و ئامانجە پیرۆزەکانی ئەو گەلە بندەستە و لە ڕێگای حدکاوە بۆ سەرکەوتنی کورد بە کاری هێنا لە یەک ڕستەدا دەتوانین بڵێن کە شەهید د.قاسملوو بە پێچەوانەی هەموو کەسێک خۆی کردە کەرەستە و ئامرازێک لە پێناو بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی کورد دا و هەرچی هەیبوو خستیە خزمەت گەلەکەی بۆ ئەوە بە ئامانج بگات و وەک گەلانی سەر گۆی زەوی بە ئازادی بژی.
ئەوەی کە شەهید د.قاسملوو لە باقی ڕێبەرانی کورد و تەنانەت هەموو نەتەوە بندەستەکان جیا دەکاتەوە ئەو خسڵەتە بەرزە ئینسایەیە کە کەمتر کەس هەبوو وەک ئەو هەموو شتێک بکاتە قوربانی و ئەگەر هەشبێت بارتەقای فیدکاریەکانی خۆی دەستکەوتی مادی و مەعنەوی لە لایەن شۆڕەشەوە وەدەست هێناوە.
شەهید د. قاسملوو لە دوو بڕگەی زەمانی جیاوازدا ڕێبەرایەتی حدکای وە ئەستۆ گرت کە بریتی بوون لە:
١. دەورەی یەکەم ئەو کاتە بوو کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و گیرانی و گوژرانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب،ئەو حیزبە توشی خەباتی نهێنی ببوو و سەربەخۆیی سیاسی خۆی لە دەست دابوو و وەک پاشکۆی پارتی دێموکڕاتی کوردسستانی ئێراق و حیزبی توودەی ئێران، کە د.قاسملوو ئەو بەستراوەیەی کۆتایی پێ هێنا و حیزبی خستەوە سەر ڕێگای ڕاستەقینەکەی خۆی.
٢. دەورەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرا بوونی خەباتی گەلی کورد و حدکا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەو دەورەیە دا حدکا لە گشت بوارەکانی سیاسی،نیزامی،مادی و مەعنەوەی دا گەویشتە چڵە پۆپە کە ئەوەش بێ گومان لە ژێر تێئۆرئ و ڕێبەری حەکیمانەی د.قاسملوو دا بوو.
قۆناغی دووهەمی ژیانی حدکا واتا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی حوکومەتی گەندەڵی پەهلەوی قۆناغێکی سەرکەوتووتر و هەستیارترە هەم لە بواری سیاسی و نیزامی دا وهەم لە بواری ئابووری دا و شەهید د.قاسملوو کە خۆێ شارەزای بواری زانستی ئابووری بوو لە هەموو کەس باشتر و زووتر هەستی بەو ڕاستیە کردبوو کە هیچ کەس و لایەنێک بە تایبەتی هیچ شۆڕشێکی خوێناوی کە بۆ ئازدی خەبات دەکات بە بێ سەرچاوەیەکی بە هێزی ئابووری سەرکەوتنی ئاستەمە و هەر بۆیە بۆ دەستەبەر کردنی ئابووری شۆڕش هەرچی توانای هەیبوو خستنیە گەڕ.
شەهید د. قاسملوو وەک کەسی یەکەمی حیزب ئاگاداری هەموو شتێکی ئەو حیزبە بووە و زۆر جار بیستراوە کە هاوڕێکانی تەنانەت لە بەرزترین ئاستدا وتوویانە ئێمە ئاگامان لە زۆر شت نیە و د.قاسملوو خۆی دەزانێ حیزب چی هەیە  و چی نیە  کە ئەوە نیشانەی ئەو پەڕی بڕوا و متمانەیە کە هاوڕێ و هاوکارەکانی د.قاسملوویە  بەو کەسەیان بووە.
لە قۆناغی دووهەمدایە کە حدکا لە زیاتر هەر کاتێکی دیکە خاوەن داراییە و لەو بوارەدا تەنیا بە پشت بەستن بە هاوکاری کۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان قورس و قایم لە سەر پێی خۆی ڕادەوەستێ.
بەڵام ئەوەی کە لەو قۆناغەشدا دیسان د.قاسملوو لە زۆربەی ڕێبەرانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازیەکان جیا دەکاتەوە و سەر و گەردنێک لە ڕێبەرانی دیکە دیارترە ئەوەیە کە ئەو ڕێبەرە سەرەڕای ئەوە کە هەموو داهات و دارایی حیزبی لە بەر دەست دابوە بەڵام بە پێچەوانەی  زۆر ڕێبەری دیکە هیچ کات بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی کەڵکی لە سەروەت و سامانی حیزب وەرنەکردوە و وەک زۆر کەسی دیکە کە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە کە سەروەت و سامانی حیزبیان بەکەسانی نزیک لە خۆیان ئەسپاردوە بۆ ئەوە بازرگانی پێوە بکەن.
شەهید د. قاسلموو وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە بە تەواو مانا بڕوای بە ڕێبازەکەی بووە و هەرگیز و بۆ هیچ مەبەستێکی تایبەتی وەک دەلێن “سووئیستیفادەی” لە دارایی حیزب نەکردوە وکەسێکی بە ڕاستی دەست و دڵ پاک و سیاسەتوانێکی بە پریسیب وبە مەڕام بوو  و هەرگیز چاوی تەماحی نە بڕیوەتە  حیزب.
د.قاسلموو ئەوەندە بە بڕواوە پێی ناوەتە نێو ڕێبازی حدکاوە کە هەرچی هەیبوو جا چ مادی و چی مەعنەوی خستیە خزمەت ئەو حیزبە و تەنانەت کتێبخانەی تاکە کەسی خۆشی کردە باربووی بووکی ئازادی  کورد وکوردستان.
شەهید د. قاسملوو سوارچاکێک بوو کە خوای سوار چاکی تاجی نابوە سەری.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی