"an independent online kurdish website
قاسملوو بە وەفدی ئێرانی گوتبوو”كاتێك مرۆڤ قورئان دەخوێنێت و نەڵێت بسم اللە الرحمن الرحیم، ئێوە ئەوە قبوڵ دەكەن؟”، ئەوانیش گوتبوویان “نا”. قاسملوو پێیاندەڵێ “سەربەخۆیی بۆ ئێمەی كورد وایە”dr-qasmlu-0-0

قاسملوو لە هەموو بۆنەیەكدا ئەم ئامۆژگارییەی باوكی دەگێڕایەوە “ئەگەر كەسێكی عەجەم (فارس)تان بینی، لێی دووركەونەوە” یانیش “ئەگەر شەڕتان لەگەڵ كرد، یان بیكوژن یانیش لێی دووركەونەوە” بەڵام ئەم ئامۆژگارییانە نەبوونە بەربەست لەبەردەم كوشتاری بێبەختانە
سەڵاحەدین چەلیك*
رۆژی 13ی حوزەیرانی 1989 لە شاری ڤیەننای نەمسا، قاسملوو لەگەڵ دوو لە هاوڕێكانی لەلایەن چەند بكوژێكی دەوڵەتی ئێرانەوە تیرۆركران. دوای تێپەڕبوونی 24 ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا و بەهۆی گرنگی وانەكانی ئەو رووداوە، بەپێویستم زانی جارێكی دیكە لەسەر كوشتارەكە بوەستم. بەپێی زانیارییەكان، شایەتحاڵەكان كەنداڵ نەزان، سەرۆكی ئینستتیوتی كوردی لەپاریس، خەسرەو عەبدوڵڵا، بەرپرسێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارێزەر كامیران كیكی بوون.
تەڵەی مردن
فازڵ رەسول، یەكێك بوو لە قوربانییەكان، كە (رەناتا. ڤ) هاوسەری فازڵ بووە. دیداری كورد و ئێرانییەكان لە ناوەندی ڤیەننا لە كۆڵانی (Bahngasse 5) لە ماڵی رەناتا بووە. قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادر عەزیز، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان- ئێران و محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی، حاجی مستەفەوی و عامر مەنسوور بازرگانی ئێرانی كۆببوونەوە. بەڕێوەبەری كۆبوونەوەكە فازڵ رەسول بووە و مەبەست لەو كۆبوونەوەیە گفتوگۆكردن بووە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەڵام كورد لە بەختی رەشی خۆی كەوتبووە تەڵەی مردنەوە.
پێش رووداوەكە
لە مانگی كانوونی یەكەمی 1988 و كانوونی دووەمی 1989، لە ڤیەننا لەوانەیە دوو كۆبوونەوە ئەنجامدرابن لە ماڵی خەبات مەعروف، كادیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە نێوان شاندی حدكا و حكومەتی ئێران بە نێوبژیوانی جەلال تاڵەبانی. بەپێی قسەكانی خەسرەو عەبدوڵڵایی، نەوشیروان مستەفا سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕانیش بەشداری ئەو كۆبوونەوانە ببوو. دواتر ئێرانییەكان بێ وەڵام بوون. دەیانگوت بوونی تاڵەبانییان كردبووە بیانوو كە ئەو قسەكانی نێو كۆبوونەوەكە بڵاودەكاتەوە و كۆبوونەوەكان ئاشكرا دەبن.
لەوانەیە بیانووەكە تەڵەبووبێت، لەبەر ئەوەی تاڵەبانی ئەمنییەتی خۆی باش لەبەرچاو دەگرت، بەپێی قسەی قاسملوو “لەسەر شاخیش كە دەچووە سەرئاو 20-30 پاسەوانی لەگەڵ خۆی دەبرد”. لەو ماوەیەدا 3ی حوزەیرانی 1989 ئایەتوڵلا خومەینی، كە خودای بۆ بەرژەوەندییەكانی بەكاردەهێنا و سەرۆكە كوردەكانیشی بە “دوژمنایەتی خوا” تۆمەتبار دەكرد و فەتوای (جیهاد)ی لە دژی كورد دەركرد، مردبوو. عەلی ئەكبەر رەفسنجانی كە وەكو كەسێكی واقعبینانە دەناسرا، ببووە سەركۆمار. خومەینی ئاشتی لەگەڵ سەدام حوسێن بە دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسلام دەزانی. بەڵام ناچاربوو لەگەڵ عێراق رێكبكەوێت، كەواتە بۆچی لەگەڵ كورد پێكنەیێن؟
لە حوزەیرانی 1989 قاسملوو بۆ كۆبوونەوەی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال بەرەو ستۆكهۆڵم بەڕێكەوتبوو. جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیش لەوێ بوون، ئەوە یەكەمین جار بوو قاسملوو و بارزانی لەگەڵ یەكدی كۆببنەوە.
خەسرەو عەبدوڵڵایی، كە لە نووسینگەی حدكا بوو لە پاریس. تەلەفۆنێكی لە ڤییەنناوە بۆ دێت. ئەو كەسە خۆی بە فازل رەسوڵ دەناسێنێ و دەڵێت دەیەوێ بۆ كارێكی گرنگ قسە لەگەڵ قاسملوو بكات. خەسرەو تەلەفۆنەكەی ناداتێ، لەبەر ئەوەی نایناسێت. كاتێك كە لە سوێدەوە عەبدوڵڵا قادری ئازەر تەلەفۆن بۆ نووسینگەی پاریس دەكات، ئاگاداری قسەكانی فازڵ رەسوڵ دەبێت. ئێرانییەكان لەڕێی رەسوڵەوە گفتوگۆی دیكەیان كردبوو. دوای كۆبوونەوەی نێودەوڵەتی، قاسملوو دەچێتە پاریس. لە 18ی حوزەیران ئامادەكاری بۆ چوون بەرەو ئەمریكا دەكات. بەڵام لە 11ی حوزەیران نیوەڕۆ ئەو و كەنداڵ نەزان كۆدەبنەوە.
بۆ “كارێكی بچووك” دەبێت بچێتە ڤییەننا و لە 14ی حوزەیران بگەڕێتەوە. هەروەها ئەو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر لە 11ی حوزەیران دەگەڕێنەوە ڤیەننا. دوای گەیشتنیان تەلەفۆن بۆ كەنداڵ نەزان دەكات. لە ڤیەننا كەریم پیرۆتی ئەندامی حدكا، قاسملوو و ئازەر لەبەردەم هۆتێلی هێڵتۆن دادەنێت و لەسەر ئەوە رێكدەكەون كە ئێوارە لەوێ بیانباتەوە.
لە ماڵی كۆمەڵكوژییەكە
ئەو ژوورەی كە نزیكەی 25م چوارگۆشەیە. لەلای دیوارەكە قەنەفەیەك هەیە. هەر سێ كوردەكە لەوسەر و قاسملوو لە ناوەڕاست. رەسول لای چەپ، عەبدوڵڵاش لەلای راستەوە دادەنیشێت. لەبەرامبەریشیان سێ كورسی بۆ ئێرانییەكان دانراوە. لەنێوانیاندا مێزێكی بچووك هەیە و كۆبوونەوەكە بە كاسێتێك تۆماركراوە. بەپێی تۆماركراوەكە كۆمەڵكوژییەكە لە نێوان كاژێر 7-8ی ئێوارە بووە.
بەپێی قسەی كامەران كیكی، یەكێك لە ئێرانییەكان قسەی ناشرینی وەكو “ئێوە باوەڕتان دەكرد كە ئێران لەگەڵ كەسێكی وەكو ئێوە دانیشێت” دەكات. بەپێی قسەی خەسرەو عەبدوڵڵایی، قاسملوو پێیاندەڵێت “كاتێك مرۆڤ قورئان دەخوێنێت و نەڵێت بسم اللە الرحمن الرحیم، ئێوە ئەوە قبوڵ دەكەن؟”، ئێرانییەكان دەڵێن “نا”. قاسملوو بەردەوام دەبێت و دەڵێ “سەربەخۆیی بۆ ئێمەی كورد وایە”.
عامر مەنسوور بوزورگیان روودەكاتە دەرگاكە كە شتێك بهێنێت. بەڵام دەرناكەوێت. كوشتنەكە ئەو كات دەسپێدەكات. لە تۆمارەكەدا تەنیا دەنگی گوللەی چەكی بێدەنگ دێت. قاسملوو سێ گوللەی بەركەوتبوو. دوو لە گوللەكان بە نێوچەوانی كەوتبوو، گوللەی سێیەمیش بەر چەنەگەی كەوتبوو و چووبووە دیوارەكە.
عەبدوڵڵاش 11 گوللەی بەركەوتبوو. عەبدوڵلا كەسێكی باڵابەرز و قەڵەو بوو، قوڕگی سەحراڕوودی گرتبوو و تا مردنی دەستی لێ بەرنەدابوو، تاوەكو لەنێو پەنجەكانیدا گوشتی بكوژەكە دەمێنێتەوە، دەگوترێ سەحراڕوودی لەو رووداوە بریندار بووە، پێدەچێ برینەكە هەر شوێن دەستی عەبدوڵڵا بووبێ. بوزورگان “بە هاوار” تووشی پۆلیس دێت. سەحراڕوودی دەبرێتە نەخۆشخانە. بەڵام حاجی مستەفەوی خۆی ناداتە دەست.
باسی گرووپێكی دیكەی بكوژانیش دەكرێت. بەڵام بە بۆچوونێكی زۆر نزیك لە راستی، بكوژەكان ئەو سێ كەسەن. ناوی ئەحمەدی نەژادیش دێت. لەبەر ئەوەی ئەو فەرماندەی پاسەوانانی شۆڕشی ئیسلامی (پاسداران) بووە. بازرگانێكی چەكی ئەڵمانی ئەم زانیارییانەی بە پۆلیسی ئیتاڵی دابوو، ئەو لە سەرەتای حوزەیراندا سێ دەمانچەی بێ دەنگی بە سێ كەسی ئێرانی دابوو كە ئەحمەدی نەژاد لە نێوانیاندا بوو.
دوای كۆمەڵكوژییەكە
ئەوكات كەندال نەزان زۆر كاروباری پارتی دیموكراتی كوردستان- ئێرانی ئەنجام دەدان. رۆژی هەینی (14ی تەمموز) كامەران كیكی بەناوی ئەو دەچووە ڤییەنا. داوودەزگای ئەمنیی نەمسا هەوڵدەدەن رێگری لەكارەكانیان بكەن. بەپشتیوانی باڵیۆزی فەرەنسا جەنازەی قاسملوو و عەبدوڵلا دەبەنە پاریس بۆ بەخاكسپاردنیان.
رۆڵی فازڵ رەسول
رەسول خەڵكی شاری هەڵەبجە بوو، سەر بە كۆمەڵە و پەیڕەوكاری رێبازی ماویستی بوو. ئێستاش براكانی سەرباری دەوڵەمەندییان وازیان لە چەپڕەوی نەهێناوە. رەسول پرۆفیسۆر بووە و نیشتەجێی ڤییەنا بووە.
دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران كاریگەری زۆری لەسەر رۆشنبیرانی ناوچەكە هەبوو، ئێران هەوڵی زۆری دەدا بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ رۆشنبیران و بە تایبەت رۆشنبیری عێراق. بۆچوونەكانی رەسولیش گۆڕانكارییان بەسەردا هاتبوو. پێیوابوو كە مرۆڤ بەهۆی ئایینەوە دەتوانێ زیاتر بگاتە خەڵك. هەروەها پەیوەندیشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئێران هەبوو، گۆڤارێكی ئاینیشی دەردەكرد. رەسول پێیوابوو كە ئەو هاوكاری چارەسەركردنی كێشەی كورد بووە. هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوو كە ئێرانییەكان شتێكی وا لە وڵاتێكی ئەوروپی ئەنجامبدەن. ئەو لەلایەن ئێرانییەكانەوە بەكارهێنرابوو. رەسول كوردێكی وڵاتپەروەر بووە و بووە قوربانی دڵپاكی خۆی. تەرمی رەسول لەسەر داوای بنەماڵەكەیان رەوانەی شاری هەڵەبجە كرا و لەوێ بەخاك سپێردرا.
رۆڵی بن بێللا
لەو رووداوەدا ناوی ئەحمەد بن بێللا، سەركۆماری پێشووتری جەزائیر دێت. دیارە لەناو سەرۆك وڵاتانی عەرەبیدا ناسر و بن بێللا (1963- 1965) باسی مافی كوردیان كردووە. ئەوان دەیانگوت “نابێ ئێمە پشتیوانی دۆزی فەلەستینییەكان بكەین. بەڵام پشتیوانی دۆزی كورد نەكەین”. بن بێللا دەیگوت “من تێناگەم بۆچی ئێران مافی كورد نادات”.
كەندال نەزان، بن بێللای بە قاسملوو ناساندبوو. بەڵام لە دیدارەكەیاندا ئامادە نەببوو. لەوانەیە مەبەستی لە دروستكردنی ئەو پەیوەندییە ئەوە بێت كە ببێتە شایەتی پەیمانێك. بەپێی هەندێك سەرچاوە فازڵ رەسول بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسییەوە پەیوەندی لەگەڵ بن بێللا و بەنی سەدر، سەركۆماری پێشووی ئێران هەبووە. بن بێللا بانگهێشت كرابوو بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی جەنازەی رەسوڵ. بەڵام بەپێی زانیاری بەردەست رۆڵی بن بێللا بەتەواوەتی ئاشكرا نەكراوە.
ئێران چی كرد؟
ئێران بەشێوەیەكی فەرمی دانی بە كۆمەڵكوژییەكەدا نەنا. لە رادیۆی خۆیاندا باسی “شەهیدبوونی قوربانیان”ی كرد. هەوڵیاندا لە ڤییەنا بەشداری مەراسیمی بەخاكسپاردنی جەنازەی فازڵ رەسول بكەن، بەڵام دەركران. لەڕاستیدا ئەو سێ تاوانبارەی كە گەڕانەوە ئێران، خەڵاتكرابوون. حەجی مستەفایی ببووە بەرپرسی پاراستن، تەنانەت پەیوەندییەكانی ئێران و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشی بەڕێوەدەبرد و بەشداری هەندێك كۆبوونەوەش دەبوو لە باشووری كوردستان. دۆخەكە لە ساڵانی 1996-1997 كاردانەوەی كوردی باشووری لێكەوتەوە. بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی دەیانگوت “ئێمە چی بكەین، بەشێوەیەكی فەرمی بەناوی ئێران كاردەكات!” محەممەد جافەر سەحراڕوودیش بووە جەنەراڵ بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی تیرۆر و كوشتنكاری.
دیارە كوشتنی سیاسەتمەداری كورد كار و پیشەی دەوڵەتی دەسەڵاتدارە، ئەمە بووەتە دیاردە سەرباری دەستەواژەی “مێژووی هاوبەش و برایەتی ئیسلامی”. دیارە ئێران لە ریزبەندی یەكەمدایە بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆر. ئێران بە هەموو پێوەرێكی نێونەتەوەیی دەوڵەتێكی تیرۆریستییە، دەبێ دادگایی بكرێت لەسەر كۆمەڵكوژییەكانی، بەتایبەتیش كۆمەڵكوژی ڤییەنا.
هەڵوێستی نەمسا
تاوانباران بە وێنە، ناسنامە و ناونیشان ئاشكرابوون و كەوتبوونە دەست. بەڵام دەوڵەتی نەمسا شانۆی كەڕولاڵ و كوێری گێڕا. هەرسێ تاوانبارەكە بەهۆی لێبووردنێكی دیپلۆماسی و لەژێر چاودێری كاربەدەستانی نەمساییدا سواری فڕۆكەبوون و وەكو قارەمان گەڕانەوە تاران.
نەمسا لەكاتی شەڕی ئێران و عێراق 1980-1988 چەكی دەفرۆشتە ئێران. زۆر سیاسەتمەدار و بیرۆكراتەكانی ئەو وڵاتە پشكیان لەو بازرگانییەدا هەبووە. ئێران هەڕەشەی ئاشكراكردنی ئەو پەیوەندییانەی لە نەمسا كرد، لە كۆتاییشدا نەمسا ملكەچی تیرۆری ئێران بوو. تەنانەت كەیسەكەشیان نەكردەوە و هەوڵیاندا خەتای بەدوادانەچوونی دۆسیەكە بخەنە ئەستۆی هاوسەری قاسملوو.
دیارە شەرەف نەك تەنیا بۆ مرۆڤان پێویستە، بەڵكو بۆ دەوڵەتانیش. دەوڵەتێك ئەگەر بەرژەوەندی ناپاك بەسەر مافەكانی مرۆڤ و دادوەریدا فەرز بكات، ئەو دەوڵەتە رێز و كەرامەتی لەكەدار دەبێ، ئەوەی نەمساش كردی هەمان كار بوو. ساڵی 2005 ئاڵۆزی و سەرئێشە لەنێوان ئێران و نەمسادا دروستبوون. وەزیری كاروباری ناوخۆی نەمسا ئاماژەی بە رۆڵی ئەحمەدی نەژاد لە كۆمەڵكوژییەكەدا كرد، ئەوە گەورەترین “پیاوەتی”یان بوو! پیتەر پیلتس، پەرلەمانتاری پارتی سەوزەكان هەندێك شت دەكات و هیچی دیكە. هەڵوێستی نەمسا رووڕەشییە. دەبێ كەیسەكە بكاتەوە، داوای تاوانباران لە ئێران بكات و ئەو دەوڵەتە بە ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتبار بكات. نەمسا قەرزاری كوردە بۆ داوای لێبووردن. بەڵام دەبێ كورد ئەم داوایەی لێبكات.
لاوازی یان دڵپاكی
بەرپرسیارانی پارتی دیموكراتی كوردستان- ئێران متمانەیان بە ئێرانییەكان نەبوو، ئەم بۆچوونەیان پێشكەشی قاسملووش كردبوو. هەروەها لەكاتی ئەنجامدانی دیدارەكاندا داوای گەرەنتییان دەكرد.
بەگشتی سیاسەتمەدارە كوردەكان و بەتایبەتیش قاسملوو بەسەرهاتیان هەبووە لەگەڵ هەوڵی كوشتن و تیرۆری دوژمنان. بۆ خۆی هەمیشە و لە هەموو بۆنەیەكدا ئەم ئامۆژگارییەی باوكی دەگێڕایەوە “ئەگەر كەسێكی عەجەم (فارس)تان بینی، لێی دووركەونەوە” یانیش “ئەگەر شەڕتان لەگەڵ كرد، یان بیكوژن یانیش لێی دووركەونەوە” بەڵام ئەم ئامۆژگارییانە بەشی ئەوەیان نەدەكرد كە ببنە بەربەست لەبەردەم كوشتاری بێبەختانە.
قاسملوو پیاوی ئاشتی بوو. هەوڵی دەدا كێشەكان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بكات. بووە شایەتی وێرانكاری لە باشووری كوردستان. ئاشتی و دیموكراتی لە ریزی پێشەوەی پەیڕەوەكانی ژیانیدا بوون. زۆر ژیر و لێهاتووبوو، بەڵام خۆی دابووە دەستی دڵپاكی.
لەوانەیە كورد دەرفەتی كەم بێت. بەڵام بێ وەڵام هێشتنەوەی تاوانەكە، جورئەت بە تاوانباران دەدات. ئەم راستییە لە رووداوەكانی سمایل ئاغا (سمكۆ)، عیسمەت شەریف وانلی و تاوەكو میكۆنوس (بەرلین) و پاریس دووبارە دەبێتەوە. دەڵێی ئێمە بە ویستی خۆمان سەرمان لەبەردەم جەلادەكانمان دادەنێین بۆ سەربڕین. قاسملوو وەكو پێشەنگ و قارەمانی ئاشتی، دیموكراتی و دانوستاندن لە دڵماندایە. بەڵام ئەوە بەس نییە. ئەو هێرش و كۆمەڵكوژییانەی لەسەرەوە ریزم كردن بە وردەكارییەكانیانەوە هێشتا ئاشكرا نەكراون. ئێمە خێرا دوێنێ لەبیردەكەین و تاوانباران بە تاوانەكانیانەوە دوور دەمێننەوە. یادكردنەوەی شەهیدەكان بەس نییە، دەبێ تاوانباران سزابدرێن. ئەوە ئەركی هەموومانە وەكو كەسایەتی، پارت و دەسەڵات. ئێمە دەبێ لەم بوارەدا خاوەن هۆشێكی زەلال، هەڵوێستێكی هاوبەش و كاردانەوەیەكی توند بین.
نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی