"an independent online kurdish website

قاسملوو رێبەرێک کە سیمای مرۆڤی بە حیزبێکی نەریتی بەخشی*

majid_hakki_nu

 رێکخراو لە رەوتی خەباتی نەتەوایەتی دا بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگا و رێبەر گرینگترین هۆ لە ژیان، گەشەسەندن و پێشکەوتن و تەنانەت لە ناوچوونی رێکخراوەکەداویە. رێبەر رێکخراو لە “رەوشی مەوجوود” بەرەو “رەوشی دڵخواز” بەرەو پێش دەبات و هەرگاڤ لە پێناو داهاتوویەکی چاکتر خەبات دەکات. رابردوو سەرەرای گرنگی و ئەزموونەکانی کە دەتوانێ بۆ داهاتوو شوێندانەر بێت، شتێکە کە بووە و گوزەراوە و هیچ هێزێکی مرۆڤی ناتوانێت ئەو رابردووە بگۆڕێت یان بە شێوەیەکی دیکەوە بخوڵقێنێت. بەڵام داهاتوو لە رێدایە و بەشێکی زۆری پێوەندی بەو شتانەوە هەیە کە “ئەمڕۆ” رووی دەدەن.

زۆر جار وتەی رێبەرێک لە هەلومەرجێکی تایبەت دا دەبێتە هۆی نوختەگۆڕانێکی گرنگ لە پێوەندی لە گەڵ داهاتوو و بیرورای گشتی. دکتۆر قاسملوو لە وەڵامی پرسیارێک کە داخوا “قەوڵ دەدەن کە کوردەکان تەنیا بە خودموختاری (خۆبەرێوەبەری) ڕازی بن و داوای شتی زیاد نەکەن؟” دەڵێت: “خودموختاری ویستی نەسڵی ئەمرۆیە، نەسڵەکانی داهاتوو مافی خۆیانە شێوەی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.” بزاڤی نەتەوایەتی دەبێ توانایی ئەوەی هەبێت بەشی نەوەکانی داهاتوو لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان و پێگەی ئەوان لە ناوچە و جیهاندا شی بکەنەوە و کۆمەلگا بەرەو ئەو ئامانجە رێنوێنی بکەن. بۆیە پرسی “رێبەری” گرنگترین گوتارێکە کە دەتوانێت شوێندانەر بێت لە سەر گەشەکردنی فەرهەنگی رێکخراوەیی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی کۆمەڵگا.

کاتێک باس لە سیمای مرۆڤی رێکخراو یان حیزبێک دەکرێت، باس لە دیسکۆرسێکی نوێ دەکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین دکتۆر قاسملوو لە رۆژی هەلبژێرانی وەک سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پارادایمێکی نوێی لە ناو حدکا دا جێگیر کرد کە لە سەرنج دەداتە توانایی و بڕوا بە خۆبوونی مرۆڤی کورد و گەشەسەندن و پێشکەوتنی مرۆڤ وەک تاک و ئەندامی کۆمەلگا بە بنەمای جۆڵانەوەی میللی – دێموکراتیک دەزانێت. قاسملوو لە سەردەمانێکدا دەستی بە هەندێک داهێنانی رێکخراوەیی و سیاسی کرد کە لە روانگەی زۆر کەسەوە یان “نامومکین” بوو یا خود بە هۆی زاڵبوونی کەشی ئایدیۆلۆژی تاوانێکی نەبەخشراو بوو کردە “مومکین” و ناسنامەی حیزبەکەی لە گەڵ حیزبەکانی دەوروبەر چ نەتەوەیی و چ چەپی و چینایەتی جیا کردەوە و ناسنامەیەکی بە حیزبەکەی بەخشی کە حدکا هاوکات هەم حیزبێکی پێشکەوتوو و دێموکرات بێت، حیزبێک بێت بۆ مافەکانی نەتەوایەتی خەبات بکات و هاوکات خەبات بۆ کۆمەلگایەکی دادپەروەرانە لە بیر نەکات و سێ گۆشەی دێموکراسی، مافی نەتەوایەتی و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئابووری بکاتە بناغەی خەبات و چالاکیەکانی خۆی.

بە کورتی بنیاتەکانی سیمای ئینسانی رێکخراوێک کە قاسملوو رێبەری دەکرد بریتین لە:

  • بەشداری کاریگەری ئەندامانی حیزب لە هەموو پرۆسەکانی بڕیارداندا
  • گرنگی دان بە گەشەسەندنی کەسان وەک تاک و تەواویەتی رێکخراوە و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی ئەندامان
  • لە ناو بردنی ناسازگاری نێوان پێویستیەکانی تاکەکەسی و رێکخراوەیی لە رێگای فۆرمۆلە کردنی جۆری پیوەندی ئۆرگانەکانی سەرەوە و ئۆرگانەکانی خوارەوە و هەروەها ئاستی داهات و یارمەتی ئەندامان و بەرپرسان.
  • شێوەیەک لە شوێندانان و کاریگەری کە نە لە رێگای زۆرەملی، لە بەرچاونەگرتن و پەراوێز خستن بەڵکوو لە سەر بنەمای راستگۆیی و دیالۆگ و گفتگۆی زیندووی ناوخۆیی و لە ناوبردنی دژبەریەکانی ناو کۆمەڵگا
  • بڕوا بەوە کە گەشە سەندنی مرۆڤ لە خودی مرۆڤەوە دەست پێ دەکات و بە بڕوا بەخۆبوون، خۆ تاقی کردنەوە و سەربەخۆیی تاکی کورد، پێوەندیەکانی لە گەڵ دەوروبەر و ژینگە دا دیاری دەکرێت و گەشە دەکات.

 

بیست و پێنج ساڵ دوای کۆستی لە دەست چوونی قاسملوو، ئەمرۆ روونە، کە رێبەرسازی، بەو شێوەیەی کە لە بیست ساڵی رابردوودا لە ناو حدکا باو بووە – واتە ئەوەی کە بەرهەمی هەوڵەکانی فەرمی رێکخراوەیی بێت کاردانەوەیەکی ئەرێنی لە سەر بەرێوەبەریدا نەبووە. بەڵکوو رێبەری بەرهەمی جۆری بیرکردنەوە و کردەوەکانی کەسی یەکەمی رێکخراو یان رێبەری رێکخراوەیە، کە دەبێتە هۆی گەشەکردن یان لاواز بوونی رێکخراوە و جۆری پێوەندیە ناوخۆییەکانی رێکخراوە. پێشکەوتنی کەسایەتی رێبەری شوێندانەرە لە سەر چارەنووسی تەواوی رێکخراوە ئەو سیمایە ئینسانەیەی قاسملوو بوو کە حیزبەکەی لە ماوەیەکی کورت دا کردە گرینگترین ئەکتەری سیاسی و کاریگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەی بزاڤی نەتەوایەتی و حدکا بکاتە زڵهێزێک لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری کۆماری ئیسلامی دا. هەر ئەم تایبەتمەندیەش بوو کە بوو بە هاندەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تاوانی 22ی پووشپەری 1989 لە ڤیەنی پایتەختی ئۆتریش دا.

 

 

* بە بۆنەی 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملووی رێبەر و لە پێناو رێزنان لەو رێبەرە بلیمەتەی کورد، زنجیرە وتارێک لە پیوەندی لە گەڵ رەهەندە جیاوازەکانی کەسایەتی دکتور قاسملوو لە روانگەی زانستی رێبەریدا بڵاو دەکرێتەوە. بەو هیوایە بەو کارە توانیبێتم لانی کەمی ئەمەگناسی خۆم بە قاسملوو و هەموو رێبوارانی رێبەرانی شەهید نیشان دابێت.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی