"an independent online kurdish website

پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانی

majid_hakki14

 

هونەری رێبەری وەک جوانی وایە. مرۆڤ ناتوانێ شرۆڤەی بکات بەڵام کاتێک رێبەرێک دەبیندرێت، دەزانرێ کە ئەو کەسە خاوەنی ئەو هونەر و تایبەتمەندیانەیە یان نە. رێبەری لەو روانگەیەوە دەکرێ بە سێ شێوازی جیاواز دابەش بکرێن: “رێبەرانی پاوانخواز” ئەوانەی کە دەیانهەوێ هەموو دەسەڵاتێک بە دەست ئەوانەوە بێت و هەمووشت کۆنترۆل بکەن و لە پێوەندی لە گەڵ هەمووشتێک و بەجیاتی هەموو کەسێک بڕیار بدەن. ئەوان هەمیشە پیویستیان بەوەیە کە رێبەر بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارێک بکەن.

رێبەرانی خزمەتگوزار” ئەو رێبەرانەن کە تەنیا کاتێک رێبەری قبووڵ دەکەن کە بتوانن لەو رێگایەوە خزمەتگوزاریەک بە خەڵکی خۆیان پێشکەش بکەن و  و “رێبەرانی گۆرانکاریخواز” ئەو کەسانەن کە بڕوایان بە بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی ، تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی هاوڕیانیان هەیە و جۆری هەڵسوکەوتیان بە شێوەیەکە کە لایەنگرانی ئەو کەسە وەک ئولگوو و نموونەیەکی خوو و رەوشتی باش دەبینن و پێرەوی لێ دەکەن.

رابرت گرین لیف (Robert Greenleaf) یەکەم جار لە ساڵی 1987دا تیۆری “رێبەری خزمەتگوزار”ی داهێنا. بە پێی پێناسەی گرین لیف، رێبەر دەشی پێویستی خەڵکی دیکە بەر لە پێویستیەکانی خۆی ببینێت.. رێبەری خزمەتگوزار رێز لە یەکسانی مرۆڤ دەگرێت و لە رێکخراودا لە هەوڵ دەدات ئەندامانی رێکخراوەکە گەشە بکەن.

لە شێوازی رێبەری خزمەتگوزاردا رێبەر دەشی خاوەنی هەندێک بیرو ئەندێشەگەلێک بێت کە بریتی بێت لە سەرنجدان و رێزگرتن لە کەسانی دیکە. سەرنج رێبەر لەو شێواوزە لە رێبەریەدا لە سەر هاوکاران و کەسانێکە کە پێرەوی لەو دەکەن و لەو کاتەدا رێبەر ویستەکانی خۆی لەبیر دەکات. بە وتەی گرین لیف لە رێبەری خزمەتگوزاردا دەشێ خۆشی و تەناهی خۆی لە پێناو هاورێیانی لە بیر بکات و خزمەت بو خۆ نابێ هاندەری رێبەر بێت و لە داڕشتنی پلانی کاری دا نیازەکانی خۆی لەبەرچاو بگرێت بەڵکوو دەبێ لووتکەی هۆی کارەکانی پێوەندی بە هاوکاران و رێبوارانیەوە بێت.

دکتۆر قاسملوو لە رێبەری خۆیدا، لە تەواوی قسەکانی خۆیدا رووی لە نیازی گشتی، بەرەوپێش چوونی حیزبی دێموکرات، پەروەردەی کادرەکان و سەرکەوتنی ئەواندایە. بۆیە تەنانەت لە وەسیەتنامەکەشی هەموو داراییەکانی بە جیاتی ئەوەی بۆ بنەماڵەی بەجێ بێلێ، پێشکەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات.

بە پێچەوانەی ئەو تا کاتێک بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات هەموو سەرنجی رێبەر بێت، رێبەری ناتوانێت لە ستانداردێکی بەرزی رێبەرایەتی دا بمێنێتەوە و رێبەری لە حاڵەتی “بایەخ و بەهای” رێبەریەوە بە “پۆستی رێبەری” دادەبەزێت. ئەدەبیاتێک کە ئەمرۆ لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا باو و جێگرتووە بەدەست هێنانی پۆستە نەک پلەی و ئەرکی رێبەری. خزمەتگوزاری دەشێ ناوەند و کاکڵەی هۆیەکانی رێبەری بێت. سروشتیە کە دەسەڵات پێوەندی بە رێبەریەوە هەیە و کاتێک کەسێک دەستی بەرێبەری گەیشت دەسەلاتیشی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەو دەسەڵاتە تەنیا کاتێک رەوایە کە خزمەتگوزار بێت.

دە تایبەتمەندی کە دکتۆر قاسملوو دەکەن بە رێبەرێکی خزمەتگوزار بریتین لە: گوێگرتنی هاودڵانە، هاودڵی، چاکسازی، زانیاری، هێزی تێگەیاندن، واتاسازی، دووربینی و داهاتووبینی، چاوەدێری، دەروەست بوون بە پێشکەوتن و گەشەسەندن، شکل دان بە رێکخراو. جیا لەوە دکتۆر قاسملوو کەسێکی راستگۆ، دروستکار، بڕوای بەخۆی و هێزی گەلەکەی هەبوو، کەسێک بوو کە لە رووی رەوشتەوە ئولگووی پێکەوە ژیانی ئامانجی خەبات و ژیانی رۆژانە بوو، پێشهەنگاو بوو و رێزی لە خەڵکانی دیکە دەگرت و هاندەری گەشەسەندنی تواناکانی دیکە بوو. لە زانستی رێبەریدا، ئەو تایبەتمەندیانە وەک تایبەتمەندی بەکردەوەی رێبەری خزمەتگوزار دەبیندرێن. ئەو تایبەتمەندیانە دەبنە هۆی ئەوەی رێبەر شوێندانەر بێت لە سەر دەوروبەر و ژینگەی خۆی. جیا لەو تایبەتمەندیانەی کە باس کرا، دکتۆر قاسملوو خاوەنی تایبەتمەندی “رێبەری گۆرانکاری”خوازی هەبوو.

رێبەری گۆرانکاریخواز کاتێک خۆی دەنوێنێت کە رێبەر لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و پێشڤەچوون و سەرکەوتنی هاورێیان و رێکخراوەکەی بێت و زانیاری و هەستی قبوولی بەرپرسایەتی لە ناو هاورێیانی خۆیدا بەرز بکاتەوە. بۆ رێبەری گۆرانکاری خواز پێڤاژۆی نفووزی زانیاریانە لە ناو کەسان و گرووپەکاندا بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆر و گۆرانکاری رەوشی “مەوجوود” بەرەو رەوشی دڵخوازانەی رێکخراو تەواوکەرەوەی بازنەی رێبەری و خەباتە.

چاوخشاندنێک بە هەوڵ و تەقەلاکانی دکتۆر قاسملوو لە نێوان کۆنگرەکانی پێنجەم و شەشەمی حدکادا بۆ پەسەندکردنی سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەک ئامانجی دوارۆژی حیزب و هەروەها تئۆریەکانی پێوەندیدار بەو هەڵبژاردنە، بۆمان گۆرانکاری خوازی قاسملوو دەردەخات. وتار و کرداری قاسملوو هەموو حیزبی دێموکرات و رەوتی خەباتی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لە گەڵ ئاڵوگۆر بەرەورووکرد و ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، بیروهزری خاوەنی لایەنگری بەرین لە ناو کۆمەڵگای کوردیدایە. ئەو جۆرە رێبەریە کاتێک  جێبەجێ دەبێت کە رێبەران هاندەری هاورێیانی خۆیان بن و یارمەتیدەر و پشتیوانی ئەوان بەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان و هاوخەباتانی خۆیان هان بدەن کە زیاتر لە ئاستی بەرژەوەندی تاکەکەسی بیر بکەنەوە و بۆخۆشیان نموونەیەک لەو رەوشتە بن.

تایبەتمەندیەکانی رێبەری گۆرانکاری خواز بریتین لە: خاوەن نفووز بوون، هێزی وزەدان و هاندانی خەڵک، هاندانی هۆشی، سەربەرزی، سەرنج راکێش، خاوەنی حورمەت و وەفاداری و بڕوای لایەنگرانی بەو، بە هۆی هەستێکی ئایدیال کە لە کەسی رێبەرەوە وەردەگرن. نفووزی دڵخواز دەبێتە هۆی ئەوەی کە رێبەر بتوانن وەک سەمبۆلێک لە وتە و کرداری هاوگونج کار بکات و ببێتە نموونەی رەفتار و کردار بۆ لایەنگرانی.

رێبەری خزمەتگوزار و گۆڕانکاری خواز خاوەنی تایبەتمەندیگەلی زۆر وێکچوون. بە خوێندنەوەیەکی خێرای ئەو دوو تایبەتمەندیانە دەردەکەوێت کە رێبەرێک کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە بێت، خاوەنی کەسایەتیەکی کاریزماتیکە.  کاریزمای قاسملوو بە هۆی ئەوەوە نەبوو کە خاوەنی دەسەڵاتی زۆر بوو بەڵکوو دەسەڵاتەکەی بەهۆی بوونی کەسایەتی کاریزماتیکی ئەوبوو کە هەموو تایبەتمەندیەکانی رێبەری لە پێناو خزمەتکردن و بەرەوپێش بردنی تەواویەتی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد و حیزبەکەی بەکار دەبرد.

قاسملوو لە رێبەری خۆیدا هەستی یەکسانی لە نێوان خۆی و هاورێیانی گەشە پێدەدا، چونکە باوەڕی ئەو بە یەکسانی ئەوی هاندەدا کە یەکسانی لە سیستەمی حیزبی و رێکخراوەییدا پێک بێنیت. ئەمەش یەکێک لەو هۆیانەبوو کە حیزبی دێموکرات وەک رێکخراوێکی “خۆفێرکار” رەوتی فێرکردن و خۆفێرکردنی کردە بەشێک لە پرۆسەی گەشەکردنی مرۆڤی رێکخراوەیی و بە پێچەوانەی حیزبە چەپەکان، پەروەردەی ئایدیۆلۆژی لە ناو حیزبدا نەگونجاند و مرۆڤی تاک رەهەند بار نەهێنا.

بەداخەوە کولتووری داخراو و سیستەمی حاکم بەسەر حیزبدا لە ساڵانی دوای قاسملوو، بوو بە هۆی ئەوەی کە حیزبی دێموکرات نەتوانێت ئەو شێوازە لە رێبەریە و کولتووری ئاڵوگۆر لە خۆیدا گەشە پێبدات و حیزبی دیموکرات لە حیزبێکی گەشەکردوو بەرەو حیزبێکی نەریتی و خۆپارێز پاشەکەشەی کرد و بەشی هەرەزۆری قەیرانەکانی رێکخراوەیی و سیاسی ناو حیزبیش لەو کولتوور و مێتۆدی رێبەرانی دوای قاسملووە سەرچاوە دەگرێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی