"an independent online kurdish website

وتاری18و 19 ، پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmajid_hakki14

یەکێک لەو کارانەی کە قاسملوو لە حیزبی دێموکرات دا داهێنانی کرد، دیاری کردنی پلەی کادرێتی بوو. پلەی کادر بە پێی ئاستی ئەزموون، زانیاری و بەرپرسایەتی ئەو لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دیاری دەکرێت. ئەمەش بەرهەمی کولتووری رێکخراوی خۆفێرکارە کە هاندەری ئەندامانی خۆیەتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامانجی تاکەکەسی و رێکخراوەیی. بە پێی ماددەی چوارەمی پێرەوی ناوخۆی حدکا یەکێک لە ئەرکەکانی ئەندام “بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی”یە.

لە بەشەکانی پێشوودا کە باس لە رێکخراوی خۆفێرکار کرا باس لە پێویستی ئەندامی داهێنەر، شارەزا و گرووپە خۆفێرکارەکان وەک پێویستی گرنگی رێکخراو کرا. داخوا ئەو مرۆڤە داهێنەر و گرووپە شارەزاکان چۆن دەتوانن لە چوارچێوەی رێکخراوێکی خۆفێرکار کار بکەن؟ داخوا ناشێ رێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ و رێکخراو ببن بە یەک و لە قاڵبی رێکخراوی فێرکاریدا کۆ ببنەوە. پێرەوی ناوخۆیی حدکا لە ئەرکی ئەندام بە “پاراستن و گەشەپێدانی یەکیەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب” دەزانێت. رێکخراوی خۆفێرکار ناتوانێت پێک بێت، گەر بێت و ئامانجی مرۆڤە داهێنەر و زانیاری خوڵقێنەر لە گەڵ ئامانجەکانی رێکخراوەکە وێک نەکەون. لەو وێککەوتنە و هاوئامانجیەدا گەشەکردن و فێربوون پێک دێت. رێکخراوی خۆفێرکار بە هەوڵەکانی رێبەرایەتی گەشە دەکات. بەڵام بەبێ هاوکاری و هاوڕێتی ئەندامانی لێهاتوو هیچ رێبەرێک توانای ئەوە نابێت بەتەنیا رێکخراوەکە گەشە پێبدات و بەرەوپێش بەرێت. بە واتایەکی دیکە رێکخراوی خۆفێرکار دەبێ ئاسۆی هاوبەش و تێگەیشتنی هاوبەش لە ناو ئەندامانی خۆیدا گەشە پێبدات بۆ ئەوەی بتوانێت ببێت بە رێکخراوێکی خۆفێرکار. هاوئاسۆیی و تێگەیشتنی هاوبەش هێز بە رێکخراو دەبەخشێت و ئامانجەکانی ئەندام، ئۆرگان و تەوایەتی حیزب یەکگرتوو دەکات و ئەندام ئەوکات دەتوانێت لە پێناو یەکیەتی سیاسی و تەشكیلاتی حیزبەکەی چالاک بێت.

 

هاودڵی و ئاسۆی هاوبەش لە ناو رێکخراودا بە بێ لەبەرچاوگرتنی مافی یەکسانی هەموو ئەندامان و رەچاوکردنی “یەک دیسیپلین” کە لە پێرەوی ناوخۆدا هاتووە کارێکی ئەستەمە. بەندێک کە بەدرێژایی مێژووی کێشەکانی ناوخۆیی حیزب بە ئەستەم جێبەجێ کراوە و تەنیا دژی کەمایەتیەکان و جیابیرانی ناوحیزب دا بووە. لە کاتی رەچاوکردنی یەکسانی هەڵسوکەوت نێوان ئەندامانی حیزبیدا، ئەو هاودڵیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دیسیپلینی حیزبی و چالاکی هاوبەش و یەکگرتوو لە پێناو ئامانجەکانیدا. لە کاتێکی وادایە کە ئەندامان دەتوانن هەموویان تەنیا بیر لە یەک ئامانج بکەنەوە و دیمەنێکی هاوبەشیان هەبێت لە حیزب و ئەو ئەرکانەی کە حیزب پێیان دەسپێرێت.

هاودڵی یان ئەوەی لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتدا بە یەکریزی ناودەبردریت پێویستی کاری ریکخراوەی خۆفێرکارە. چونکە ئەو یەکریزیە دەبێتە هاندەر و بەرەوپێش چوونی رەوتی فێربوون و وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزبیش. لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا – رەنگە بەهۆی ژینگەیەک کە بەسەر رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات سەپێنراوە – چاندێکی نەریتی شوێنی چاندی رێکخراوی خۆفێرکار لە ناو حیزبدا گرتووە. لەوەها ژینگەیەکی نەریتی رێخراوەدا فێربوون لە سەر بنەمای دژکردوەیە. ئەندامان پێویستیەک نابینن بۆ هاودڵی لە فێربووندا. ئەندامان ئەوەی کە جیناح و لایەنەکان پێیان دەڵێن فێردەبن. بەڵام بەهۆی نەبوونی یەکریزی فێربوونی گشتی رێکخراو مسۆگەر نابێت و سەرەرای بوونی بڕوا و توانایی و شارەزایی زۆری ئەندامان هەنگاوەکانیان کە بەشێوەی لێکدابڕاو و دوور لە یەکە ناتوانێت پێویستیەکانی فێربوونی گشتی و پەرەپێدانی کارو چالاکیەکانیان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی حیزب بەراورد بکات.

 

هاودڵی، یەکریزی و هاوئاسۆیی ناتیوانێت تەنیا بۆچوونێکی تایبەت بە یەک کەس و گرووپێکی تایبەت بێت، بەلکوو دەبێ ببێتە بۆچوونێکی گشتی و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە. ئەرکێکی بەکۆمەڵ و گشتیە کە هەموو ئەندامان بڕوایان پێیە و بۆچوون و سیاسەتە گشتیەکانی حیزب بە بۆچوون و ئامانجەکانی خۆیان دەبینن. یەکریزی و یەک ئاسۆیی لەوانەیە رووبە ناوخۆ یان روو بە دەرەوە بێت. یەکریزی رووبەدەرەوە وەک یەکیەتی و هاوخەباتی بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمن و نەیار و رکەبەری هاوبەش و بەرەورووبوونەوە لە گەڵ مەترسیەکی جیددی بەرامبەر بە حیزب دەکرێ ناو ببردرێت و هاودڵی ناوخۆییش بریتیە لە وێکگەیشتن و یەکریزی رێکخراوەیی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی کاری هاوبەش و بەکۆمەڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناوخۆییەکانی حیزب.

رێبەری کاریگەر لە حیزبدا هۆی سەرەکی، بنەڕەتیە لە پێناو وەدیهاتنی یەکڕیزی و هاودڵی نێوان ئەندامان. رێبەرانی سەرکەوتوو کەسانێکن کە بتوانن کەسانی جۆراوجۆر لە ژێر یەک ئاڵای هاوبەشی ئەندێشەیی و بیروباوەرێکی هاوبەش کۆ بکاتەوە و ئەو تێگەیشتنە پێک بێنێت کە بوونی جیاوازی بیرورا لە ناو حیزبدا کێشەیەکی بچووک لە ناو حیزبدایە و ئەوەی کە بایەخی هەیە بوونی هەست و ئامانجی هاوبەشە. رێکخراوی خۆفێرکار ناتوانێت سەرکەوتوو بێت گەر لە کەسانی شارەزا، داهێنەر و خۆفێرکار و گرووپ و تیمەکانی چالاک لە پێناو یەکریزی و هاوخەباتی کەڵک وەرنەگرێت. ئولگوو و رەوشتی ئەخڵاقی و کردەوەی رێبەران لە چوارچێوەی بایەخەکاندا رێبەران رۆڵیکی گرنگ دەگێرن لە پێکهێنانی یەکریزی و کەشی تەندوروستی رێکخراوەدا. یەکریزی و هاوئاسۆیی ئەندامان لە چوارچیوەی بەهاهاوبەشەکاندا پێک دێت و بۆچوونەکان و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی حیزب شوێندانەرە لە گەشەکردن و پێشڤەچوونی ئەو بەهایانەدا.

 

خاڵێکی گرنگ لەو پێوەندیدا بوونی ئەمنیەت و تەناهی هەلبژاردنی ئاسۆی هاوبەشە. گەر ئەندامان هەست بکەن کە سیاسەتە گشتیەکانی حیزبی یان ئەوەی لە ئەدەبیاتی حیزبیی دا پێی دەوترێ یەکیەتی سیاسی و تەشكیلاتی حیزب کارێکی “ئیجباری” و بەزۆر بێت و ئەندامان و رێکخراوەکانی حیزبی مەجالێکیان نەبێت بۆ بەشداری لە پێکهێنانی ئاسۆ و تێگەیشتنی هاوبەش، هاودڵی و یەکریزی حیزبی پێک نایەت و ئەمەش دەبێتە هۆی خێرابوونی هێزی دوورکەوتنەوە لە حیزب و حیزب لە گەشەسەندن و پێشکەوتن دەوەستێتەوە.

یەکریزی و هاوئاسۆیی لە ناو رێکخرادا بە واتای ئەوە نیە کە کەسان دەست لە  بیروبۆچوونی خۆیان هەڵگرن، بەڵکوو ئەندامان دەتوانن بۆچوونی خۆیان راگڕن و بەڵکوو لە رێگای بۆچوونەکانی خۆیانەوە بیر لە ئامانجی گشتی بکەنەوە و باوەڕیان پێ بێت. چونکە کاتێک ئامانج و خەونەکانی هاوبەش بن، ئامانجە کورتخایەنەکان و جیاوازی بیروراکان ناتوانن بەرگری بکەن لە هاوکاری و یەکریزی حیزب.

لە حیزبێکدا کە خۆی میراتگری بایەخەکانی قاسملوو دەزانێت، دەشێ هەوڵ بدرێت تایبەتمەندی هۆلۆگرام (Hologram) لە پێوەندی لە گەڵ هاوئاسۆیی پێک بهێندرێت. بەو واتایە کە بیروبۆچوونی ئەندامان لە روانگەی گشتی حیزبدا جێبکاتەوە و سیاسەتە گشتیەکانی حیزبی رەنگادانەوەی بیروبۆچوونی ئەندامانیش بیت. هۆلۆگرام پەڕەیەکی کە زانیاریەکان بە شێوەی شەپۆڵی نوور تۆمار دەکات، بەشێوەیەک کە تەواویەت لە هەموو بەشەکانی پەڕەکەدا دەبیندرێت. بەو واتایە کە گەر بێت و پەڕە (زینگ)ی هۆلۆگرامەکە بشکێت و پارچەپارچە بێت هەر پارچەیەک وەک ئەوەیە کە هەموو زانیاریەکانی تێدا تۆمار کرابێت و دەکرێت هەموو زانیاریەکانی تۆمار کراو لە یەک پارچەوە دووبارە تۆمار بکرێتەوە.

لە رێکخراوی خۆفێرکاریشدا هەر ئەندامێک خۆی لە ناو بیروبۆچوونی گشتیدا دەبینێتەوە و بەو شێوەیە گرێدراوەیی بە هێڵ و سیاسەتە گشتیەکانی حیزب زیاتر دەبێت. هاوتەریب بوونی ئامانج و خەونەکانی ئەندامان لە گەڵ ئامانجەکانی حیزب و دەبێتە هۆی بڕوای هاوبەش و خاوەن بایەخ و بەهاکانی هاوبەش لە حیزبدا کە ئەمەش لە ستوونەکانی بنەڕەتی ئەندێشەیی و فیکری رێکخراوێکی خۆفێرکار و زانست خوڵقێنە. بەبێ ئەو ئەسڵە یەکریزی لە ناو حیزبدا ناتوانێت درێژخایەن بێت و رێکخراو ناتوانێت نە لە رابردوو دەرس وەرگرێت و نە هەنگاو بۆ داهاتوو هەڵگرێت.

لە کۆمەڵگایەکدا کە لە سەدەی راگەیاندن و میدیاکۆمەڵایەتیەکاندا رۆژ بە رۆژ بە سەر بەشەکانی جیاواز دابەش دەبێت و پلۆرالیزم رەهەندی نوێ دەدۆزێتەوە حیزب کاتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە ئەندامان، لایەنگران، کادر و رێبەرانی حیزب لە چوارچێوەی بەها و ئامانجەکانی هاوبەشدا وەک ئەندامی یەک جەستە بن و پێکەوە بەرەو ئاسۆی هاوبەشیان خەبات بکەن.

 

وتاری 19 ، رێبەری گۆرانکاری خواز و کولتووری رێکخراوەیی

 

شوێندانەر بوون یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی رێکخراوەییە. شارەزایانی رێبەری لەو بڕوایەدان کە شوێندانەر بوون باسی هەرەگرنگ لە لێکدانەوەی رێکخراوەییدایە و ئاسۆی رێکخراوەیی بە بێ شوێندانەری زەحمەتە. رێبەری لە حیزبێکی نەتەوایەتی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا پێگەیەکە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و رێبەرانی گۆڕانکاریخواز گرنگرترین سەرچاوەی حیزبێکی لە چەشنی حیزبی دیموکراتن. شکست و لاوازی هەر رێکخراوێک دەکرێ تا رادەیەکی زۆر  بە لاوازی و لێنەهاتوویی رێبەری رێکخراو بزانرێت. تەنیا تایبەتمەندی رێبەران نیە کە ئەوان شوێندانەر دەکەن بەڵکوو هۆکارەکانی ژینگەیی و هەڵسوکەوتی لایەنگرانی رێبەر و هەروەها پێویستیەکانی تایبەتی سەردەمی رێکخراویش یارمەتیدەری شوێندانەر بوونی ئەوانن.

ئەوەی کە لە پێوەندی لە گەڵ دکتۆر قاسملوودا دەکرێ بە کورتی باس بکرێت بریتیە لە دکتۆر قاسملوو رێبەرێکی شوێندانەر بوو لە بواری گەشەکردنی فەرهەنگ و کولتووری رێکخراوەیی، هاندەری و هەست بە شانازی کردنی ئەندامان، دەروەستی رێکخراوەیی و  پێوەندیەکانی رێکخراوەیی. بە هۆی ئەوەی کە ئەندامان و کادرەکانی حیزب لە سەردەمی خەباتی نیوەنهێنی کە چالاکی چەکداری راوەستاوە، چالاکی دەنوێنن وەک رێبەرانی خۆجێی ناو کۆمەڵگان و دەبێ بە پێێ کولتووری رێکخراوەیی و هەروەک لە پێرەوی ناوخۆیی حیزبیش هاتووە دەبێ پلەی کۆمەڵایەتی خۆیان بەرز کەنەوە. ئەمەش پێویستی پەروەردەی کولتووری رێکخراوەیی لە هەموو ئاستەکانی حیزبی دا بەرز دەکاتەوە.

لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا کوردستان ئاڵوگۆری زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەڵگای کوردی ئەمرۆ لە گەڵ کۆمەلگای 25 ساڵ لەمەوبەر جیاوازیەکی زۆری لە رووی کولتووری، ئاستی خوێندن و نووسین، جۆری پیشەکان، ئابووری، پێوەندیەکان، هەڵسوکەوت، پێویستیەکان، بایەخ و بەهاکانەوە هەیە.  بە پێی ئەوەش دەشێ فەرهەنگی رێکخراوەیی ئەمرۆی حیزبی دێموکرات جیاواز بێت لە گەڵ فەرهەنگی رێکخراویی بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر. بە بڕوای کامرۆن کوین (Cameron K. S Quinn) فەرهەنگی رێکخراوەیی بەش و کۆمپۆنێنتەکانی فەرهەنگی رێکخراوەیی بریتین لە: نموونەی بەرێوەبەری، بەرنامە ستراتێژیەکان، کەشی ناوخۆیی رێکخراوە، سیستەمی خەڵات کردن، رێبەری و بایەخە بناغەییەکانی ریکخراو. بۆ ئەوەی رێکخراوێک بگۆردرێت دەشێ ئەو بەشانە بە وردی لێک بدرێنەوە لە چوارچێوەی ئایدیال و ئاسۆی دوارۆژی رێکخراو بەراورد بکرێن.

کولتووری رێکخراوەیی گرینگترین هۆکاری گەشەکردنی رازی بوونی  ئەندامان لە رێکخراو و رێبەریە. پێداگری لە سەر رۆڵی رێبەری لە ورەدان و هاندانی ئەندامان و رێنوێنی ئەوان بەرەو بەها و بایەخە نوێیەکان. بۆیە رۆڵی رێبەری گۆرنکاری خواز بۆ گەشەکردنی رێکخراو و بەرەوپێشچوونی زۆر گرنگ و بەرچاوە. رێبەری دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە کە رێگا بە مرۆڤ دەدات بە ئاگاداریەوە ئاکامەکان بە هۆیەکانەوە گرێ بدات هەلومەرجی دژوار و تێکهەڵپێچراو بە شێوەیەک کە هەمووکەس تێبگات شی بکاتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی  رێبەری لە حیزبێکی سیاسی دا پرسی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتیە. بە پێی ئەو بۆچوونە رادەی شوێندانەری رێبەر پێوەندی هەیە بە رادەی ئەو چاوەڕوانیانەی لایەنگران لە رێبەرێکی مامەڵەکا یا خود ئەو ئاستە ئاڵوگۆرەیە کە رێبەرێکی گۆڕانکاری خواز وەدێ دێنێت. نموونەی رێبەری گۆڕانکاریخوازی لە چەشنی قاسملوو  تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، سەرکەوتووترین نموونەی رێبەری لەناو حیزبی دێموکرات دا بووە.  رێبەرانی گۆڕانکاری خواز یارمەتی رێکخراو دەدەن لە پێکهێنان و گەشە سەندنی فەرهەنگی رێکخراوەیی. بۆ ئەوەی ئاستی کێبەرکێ و “رەقابەتی” تەندورەست  بەرز بێتەوە، پێویست بە گۆڕانکاری کولتووری رێکخراوەیی دەکات.

رێبەری گۆرانکاری خواز لە شێوازی دێموکراتیکی رێبەری کەڵک وەردەگرێت کە بە شێوەیەکی گونجاو فەرهەنگی رێکخراوەیی لە رێگای گۆڕانکاریەکانی هەنگاو بە هەنگاوی رێکخراوە بەهێز دەکات و  هێزی بڕوابەخۆبوون لە ناو ئەندامان دا گەشە پێدەدات. ئەم شێوازە چاوەڕوانیەکی زۆری لە کادرەکان و بەرپرسان هەیە. چونکە ئەوە ئەوانن کە گۆڕانکاریەکان وەدی دێنن.

بۆ گەیشتن بە ئاستی رێبەریەکی شیاو کە بتوانێت شوێندانەر بێت، دەبێ رێبەرایەتی حیزب سەرنج بداتە پێڤاژۆی فەرهەنگی ریکخراوەیی و رازی بوونی گشتی ئەندامان و چالاکانی حیزبی. ئەمەش لە رێگای پرۆگرامە پەروەردەییاکان شارەزایی و زانیاری پێویست بە ئەندامان دەدرێت.  لێکۆلینەوەکانی بواری رێبەری دەسەلمێنن کە رێبەری کولتووری رێکخراوە و رازی بوونی گشتی ئەندامان دەبێتە هۆی بەرزبوونی ئەنگیزە و ویستی کارکردن و چالاکیی ئەوان. چونکە کولتووری ڕێکخراوەیی بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە رێگای ڕازی بوونی ئەندامانەوە ئاستی شوێندانەری رێبەر بەرزتر بکات. بۆیە بەرەوپێش بردن و گەشەکردنی زانیاری و تێگەیشتنی ئەندامانی ریبەری و کادرەکانی حیزب راستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاستی ڕازی بوون و ئەنگیزەی ئەندامان و رێکخراوەکانی حیزبی. 

تکایە بۆ داگرتنی 18 وتارەکەی کاک مەجید ئێرە کلیک بکەن PDF


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی