"an independent online kurdish website

 یەکێک لەو ئاواتانەی نێۆ دڵی منه، پێش بە جێ هێشتنی ئەم دونیایە، یەکیتی حیزبەکەی قازی موحەمەد (دامەزرێنەر) و دوکتور قاسملوو (بنیاتنەرەوە) یە، من بە هیوای ئەو ڕۆژە ده ژیم.golmorad_moradi

ئیمڕۆ 25مین سالڕۆژی تیرۆری یەکێک لە کەسایەتیە ناودارەکانی گەلی کوردە و ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تا یادی ئەو کەسایەتیە گەورەی مێژووی کورد و پەیام هێنەری ئاشتی و تەبایی بکەینەوە، و  دەرس وەر بگرین لە چارەدۆزی و ئەزموونە پڕ بایەخەکانی (گران).

 

بێ گۆمان لە سەرانسەری دونیادا و لە هەر جێگایەکی کە کورد بوونی هەبێ بە دڵ گرانیەوە ناوی ئەو ڕۆژە تاڵە دێنن و وەبیریان دا دێتەوە کە بۆچی هێندێک لە قارەمانەکان گیانی خۆیان لە ڕیگای نەتەوه ی خۆیاندا بەخت دەکەن و بۆ چی دوژمن ئەکەوێتە شوێن ئەم ئامانجە تاوانکارانە؟! وەڵامەکانیان زۆر ئاسانە. هەموو ڕیبەران و سیاسەت وانان بڕوایان هەیە بەو ڕێگایە کە بە باوەڕەوە هەڵیانبژاردوە بۆ ڕزگاری نه ته وەکان و بە وتەی هاوڵاتی خۆشەویستم کاک هیوا بەهرامی کە لە 23هەمین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوودا گوتوویەتی:”… بەڵام من پێموایە کە دوکتور قاسملوو مەترسیەکانی ئەو سەفەرەی دەناسی و دەیزانی کە لەوانەیە سەفەرێکی بێ گەڕانەوە بێ”. مەبەست چوونی بوو بۆ پای مێزی وتو وێژ لە گەڵ بکوژانی خۆیدا. سروشتیە کە

دوژمه ن نەتەوە ژێر دەستەکان نایەوەێ هەڵکەوتویەک ببینن کە بە مەنتیقەوە قسە ئەکات و بابەتی زۆرانبازی ئەخاتە ئەو لاوە (کنار) و داوای مافی یاسایی خووی دەکات.

بێ گومان، هەر بەو جۆرە کە نیشاندرا، دوکتور قاسملوو نە یەکەم کەس بووە و نە دوایین کەسه، کە بە داخەوە بینیمان

هەوڵی نەیارانی ئازادی و یەکسانی بۆ لە نێۆ بردنی هەڵکەوتەکانی کۆمەڵگا و ڕێبەران سیاسی نەتەوە چەوساوەکان بە درێژایی میژوو بوونی هەبووە، لە داهاتووشدا، ئەگەر بە خەبەر نە یه ین (بیدار نه مینن)، هەر بوونی دەبێ.

مێژووی خۆێناوی نەتەوەی کورد لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و هەموو سەدەی ٢٠ لە هەر چوار پارچەی کوردستان دا بۆ خۆی شایەتی ئەو ڕاستیەدڵهەژێنەیە.

لە مەحموود خانی دزڵی ناوچەکانی وان تا شێخ عەبدولسەلام بارزانی، جافر خانی شکاک برا گەورەی ئیسمائیل ئاغەی شکاک و خۆیشی، شێخ ڕەزا دەرسیمی، قازی موحەمەد و هاوڕێانی و ڕێبەرانی دیکەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە ئێراندا وه‌کو دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێانیان مان هەبووە کە هەموویان بە فرت و فێڵ و درۆ  و  بۆختانی دوژمن کوژراون، لە سێدارە دراون یان تیرۆر کراون.

بۆ وێنە ژینیراڵە تورکەکان بە واژۆ کردنی(ئیمزای) قۆرئان توانیان مەحمود خانی دزڵی لە شاخە کانی کوردستان هێنایە خوارەوە و بە فێڵێکی ئیسلامی قوڵبەستیان کرد و بە شێوەیه کی دڕندانە کوشتیان. ئەویان بەستە دارێکەوە وهەنگوێنیان لە دەم وچاوی هەڵساوی و ژمارەیەکی زۆر لە هەنگەکانی (وه وه کانی) کوردستانیان بەردایە گیانی. شێخ عەبدولسەلامیش تەنیا لە بەر ئەوەی کە ئەیوت کوردەکانیش خاوەن مافن و دەبێ ئازاد بن لە لایەن تورکە ناسیۆنالیستەکانەوە لە سێدارە درا جافر خانی شکاکیان لە بەر ئەوەی کە نەیدەویست باج بدات بە دەوڵەتی ئێران ودەیویست بەکاری بێنێ بۆباشتر کردنی ژیانی کوردەکان، لە لایەن ئۆستانداری تەورێزەوە هەربەو شێوەی تورکەکانه وه، کێشرایە سەر مێزی وتو وێژ و گولەبارانیان کرد.

 

ڕەزاخانی میرپەنج هەمان بەڵای بە سەر ئیسمائیل ئاغای سمێتکۆ برای بچووک تری جافرخاندا ‌هێنا. تورکەکان شێخ رەزای دەرسیمیان بە تاوانی هەبو ونی پەیوەندی لە گەڵ بیگانەکاندا قوڵبەست کرد و سزای لە سێدارەدرانیان بە سەردا سەپاند.

ئەو پیاوە گەورەیە لە ژێر پەتی سێدارەدان وتی: “من 75 ساڵمە و هیچ زمانێکی بیگانه نازانم و لە هەموو ژیانمدا تائەمڕۆ  کە لە سێدارە ئەدرێم یەک بیگانه یشم رو به رو نە بینیوە. بەڵام بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ بیگانەکاندا لە سێدارەم ئەدە ن“.

قازی موحەمەدی نەمر وهەمیشە زیندوو بە فرت وفێڵ قوڵبەست وزیندانی کراو بۆ ئه وه جاریک خۆیشی وتبووی کە داوای لە خەڵکی مەهاباددەکات هیچ بەرگریەک لەخۆیان پیشان نەدەن نە وەک کەسێک، لە لایەنەکان بکوژرێ. دوکتور قاسملووی نەمر یان بە فێڵ و تەڵەکە کێشایانه پای مێزی وتو وێژی نهینی و تیرۆریان کرد. دوکتور شەرەفکەنی کە یەکێک لە پێڕەوانی سیاسەتی دوکتور قاسملوو بوو، لە سەر مێزی وتو وێژ لە گەڵ هێزە دژ بەرەکانی ڕژیم لە ڕستورانی میکۆنوس لە برلین، بە بەکار هێنانی هەزاران دولار لە بودجەی خەڵک، تیرۆر کران. ئەڵێن دوژمن لە نێوانیاندا نفووزی هەبووە و شوێنی چاوپێکە وتنەکە لە ژێر چاوەدێریدا بووە. بێ گومان ئەم تیرۆرانە، دێر یان زوو بە شێوە فریودەرانە کانی دیکەی وەکو کڕینی جاشەکان و فریودانیان بە پووڵ درێژەی ئەبێت.

ئێمە ئەبێ وریا بین و خۆمان نەخەینە داوی دوژمنەوە، چۆن بێگۆمان دوژمن تەنا نەت رەقییەتی لەو جاشە بەکار ێگیراوانەش و ئەوانیش دوای ئەوەی که کەرەکەی لە پرد پەڕیەوە لە نێۆیان دەبات. چۆن نایه وێ خاڵێکی لاوازی (لاغری یا ضعف) هەبێ یان خاڵێکی لاواز (نقطه ضعف) بە جێ بهێڵێ

یەکەم ئاواتی من و ملیۆنها کورد و هەموو ئێوەی بەشداربووان وئاواتی دڵی نەمر دوکتور قاسملوو، ئازادی نەتەوەی کورد لە هەموو کوت (غل و زنجیر) و بەندەکان بووە و تا ئێستاش خەباتی بۆ دەکەین. هەر لە بەر ئەوەش بوو کە دوژمن ئەو و هاوڕێانی تیرۆر کران و لە هەوڵدایە تا هەموو ڕێبەرانی کورد کە لەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵ دێنن، لە نێۆ بەرێ (ببات).

چۆن نایه وێ دەنگی مافخوازانەی نەتەوە چەوساوەکان بگاتە گۆیی خەڵکی دونیا. هەر وەک ئاماژەی پێ کرا ئەو دوژمنە، تەنانەت بە ملیۆنان دولار لە ماڵی خەڵکی بە کار دێنی تا بەرگریکارە ڕاستەقینەکانی بەشێگەلێک لەو خەڵکە لە نێۆ ببات. بۆ وێنە ئێستا ئەگەر چاومان بە ڕووی کردەوەی جاشە خۆجێیەکان (محلی) لە ئاستی جۆراوجۆردا هەر لە لاوێکی خۆ بە مێژووزانی وەکو قانعی فەرد “ڕووناکبیر” هەتا شوفێر و گاردی پارێزوانی و نیزافەتچی و هی دیکە، دا ببەستین کە لە ڕووی نەزانی یان لە ڕووی پاوانخوازی و خۆبەزل زانینەوە، حازر دەبن بە هەر قیمەتێک ئەژین و هەموو شتێک (شەرەف و ویجدان و تەنانەت نیشتمانیش) لە بەر زێڕ ئامرازی زیندوو مانەوە و جێگا و جەلال، بفرۆشن، کەم ترین کارێک ئەتوانرێ بکرێ. تەنیا ئەتوانرێ لەقاوبدرێ و هۆشمان بێ. بەڵام ئەوەی کە نیزیکترین کەسەکان بە پارە، ئەو زێڕە پڕ بایەخە ئەکڕن و لە هەر ڕێگایەکەوە تا ئاستی ڕێبەرایەتی حیزبێک نیزیک ئەکرێتەوە و تەنانەت لە خزمە هەرە نیزیکەکان ئەخەنە پاڵ دەستی ڕێبەرانی حیزب، ئەمە ئیتر قسەیەکە و ئەبێ بە وریایە کی زیاترەوە پێشی پێ بگیردرێ.

زۆر ئاسایی دیارە کە، ئامانجی دوژمن نائەمنی و بڕەو پیدانی بێمتمانەییە لە نێوان کادر و ڕێبەرایەتی حیزبە سیاسیەکان دژبەرەکانیدا. تەنیا ڕیگای لە نێۆ بردنی ئەو نائەمنیە، بێ گۆمان لە نێۆ بردنی نائاگاهی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیە. بۆ نموونە ئەگەر فێربین کە دەنگەکانمان بە چلو که بابێک نەفرۆشین، هەر وەک ئەوەی هاوتەمەنەکانی من کردیان و بۆ ملیونێک، ڕیبەر، چالاکی سیاسی و نیشتمانی خۆمان بە دوژمن نفرۆشین، بێ گۆمان ئەوە دوژمنە کە ئیتر شانسی زیندوومانەوەیە نیە.

 

ئەمە چ زەمانێکە؟ زەمانێکە کە ئێمە ڕیشەی نەزانیمان لە بن دەر هێنابێ. چۆن هەر مرۆڤێکی ئاگا هیچ کات شەرەف و جوامێری خۆی بە هیچ قیمەتێک نافرۆشێ. بۆیە بەو جۆرە کە دەیبینین، دوژمنی هەموو گەلان و لە پێش هەموویانەوە دوژمنی نەتەوەی کورد بیکار دانەنیشتووە، ئێمە دەبێ دڵی خۆمان خۆش نەکەین کە بە وریایی ڕێبەرانی حیزب، دوژمن تا ئێستا توانیویەتی بە فریو و ساختەکاری کردەوە تاوانکارانە و نامرۆڤانەکانی خۆی، بۆ نموونە لە سەر مێزی وتو وێژ بۆ بە ڕەسمی ناسینی مافەکانی نەتەوەی کورد و  لە دانیشتنەکانی پەیوەندیدار بە یەکگرتوویی هەموو نەتەوەکانی دیکەوە دەیکا.

 

ئەو دوژمنە بە بێ ڕەوشترین شێوە که تا سنوری گەوادی ئەچێ هەتاکو دژبەرەکانی لە سەر ڕێ لادات. ئێمە دەبێ وریا بین و ئەگەر تا ئێستا خەوتووین بە خەبەر بین و بایەخێکی زۆر بە دوژمن نەدەین. تەنیا ڕێگای سەرکەوتنی دوژمن نە زانی و پاوانخوازی هێندێک لە خەڵکی ماف پێشێلکراوە. ئەگەر ئەو دوو ئامرازە لە نێۆ ببردرێن، بێ گۆمان دوژمن چەک دەبی و ئیتر نابێ لێ بترسین.

 

لەم دیدەوە تەنیا ڕێگای سەرکەوتنی هەموو نەتەوە چەوساوەکان ئەوەیە کە وێڕای وریاکردنەوە و ئاگابوونەوەی خەڵک لە بۆاری کۆمەڵایەتی و مافی سیاسی، بەسیجی ئەوان لە ڕیگای چالاکان و ڕووناکبیرانەوەیە. دەبێ بە هەموو هێزەوە لە خۆمان بەرگری کەین، بە دڵسۆزی و ئاگایی تەواو و باوەڕ بە خۆ و بە پیرۆزی نەتەوەکەمان بەرگری لە ڕێبەرانمان بکەین

 

مەتەڵێکی بە ناوبانگ هەیە کە ئەڵی: ئەزموون(تجربه) ماموستایەکی بێڕەحمە، سەرەتا تاقیمان ئەکاتەوە و دواتر دەرسمان پێ ئەڵێ. بۆیە دەبێ لەو ئەزموونە ناخۆشانە کە بە نرخێکی زۆر گران بۆ نەتەوەکەمان بە دەست هاتوە، دەرس وەربگرین. فێر بین ئەو خاکە کە تێدا لە دایک بووین و گەورە بووین، بۆ هەموومان پیرۆزە.

 

لەو وڵاتەدا ئازادی مرۆڤ و شەرەفی مرۆڤایەتی بەرزتره لە هەر شتی دیکە.

لەم دوییانەی سەدەی بیستەمدا قاسملووەکان و شەرەفکەندیەکان لە بەر ئەو بابەتە گرینگە گیانی زۆیان پێشکەش کردوە.

من دەور و بەر ٢٢ ساڵە کە بە وتەی نەستەق بە دزی خواوە زیندووم. چۆن دەبوایە لە گەڵ نەمر دوکتور شەرەفکەندی دا تیرۆر ببوومایە. ژیانی خۆم مەدیۆنی یەکێک لە قوتابیەکانی خوم لە زانکۆی هایدێلبێرگی ئاڵمان دەزانم کە بوو بە هۆی ئەوە کە نەچم.  لێرەدا وێنەیەکی مێژووییمان هەیە لە سەر شەرەف، بە پێویستی دەبینم هه ر جارە بۆ هەمووانی دووبارە (دوپات) کەمەوە.

 

ئەڵێن، رەشید عالی گیلانی، سەرۆک وەزیری کۆنی پادشای عیراقی تازە دامەزراو لە لایەن بریتانیای مەزنه وه، نامەیەک بۆ نەمر ژنێراڵ بارزانی و لە ڕیگای نوێنەری تایبەتی خۆیەوە ئەنێری. لە نامەکەدا هاتبوو: ئەگەر ئیوە دەست لە خەبات دژ بە دەوڵەتی عیراق هەڵگرن هەر پۆست و بەرپرسایەتیەک کە لایق و شایانی خۆتانی بزانن، دەوڵەت بە دڵئاواڵەییەوە پێتان دەدا.

قارەمانی نەتەوەی کورد دوای خویندنەوەی نامەکە و پاش کەمیک بیر کردنەوە، بە نوینەرەکەی ڕەشید عالی گیلانی ئەڵێ: ” سلاۆم بگەینە بە جەنابی سەرۆک وەزیر و بڵێ کە سوپاسی ئەو هەموو دڵئاوەڵەیی و خۆشەویستیەی دەکەم. بەڵام دەبێ بڵێم، بە بۆچوونی من دوو شتی زۆر گرینگ بۆ هەر مرۆڤیک پێویستە. یەکێک شەرافەتە و ئەوی دیکە ژیانە. یا دەبی مرۆڤ ژیانی بەختی شەرەف بکات و یان شەرەفی بەختی ژیانی بکات.

 

من ئەو مرۆڤەم کە حازرم ژیانم بەختی شەرەفم بکەم و شەرەفی من کوردستانە. بەڵی دوکتور قاسملوو هەمیشە زیندوو لەو ڕیبەرە کوردانە بوو کە وەکو نەمران قازی موحەمەد، ژنێراڵ موستەفا بارزانی و پێڕەوانی خۆدی ئەو، وەکو دوکتور سادق شەرەفکەندی و ئەوانی دیکە گیانی خۆی بەختی شەرافەت و میرخاسی (شجاعت و نیکنامی) کرد.

 

دوکتور قاسملوو لەو کەسایەتیانە بوو کە ژیانی تەنیا لە بەر نەتەوەی کورد خۆش دە ویست و حازر بوو بۆ رزگاری ئەو نەتەوەیە دەست بداتە هەر کاریک. دوای شۆڕشی ٥٧ لە ئیراندا هەر چەند ئایەتوڵڵا خۆمەینی کوردەکانی بە شەیتان و دژە شۆڕش دەزانی دوکتور قاسملوو لە ورمێ 137000 دەنگی هێنایەوە بۆ مەجلسی خۆبرێگان و نوینەری خمینی 11000 دەنگی هێنایەوە! ئەوەبوو خۆشەویستی دوکتور قاسملوو له ناو مروفدا.

 

لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا لە سەر دوکتور قاسملووی نەمر، ژیاننامەی سیاسی و هەڵسو کەوتی لە گەڵ حکوومەتە ناوەندیەکان، باشیەکان و هەلەکانی زۆر شت نووسراون.

هێندێک لە خاوەن بیرانی سیاسی، ماموستای زانکۆ، شاعیر، نووسەرە پێشکەوتنخواز و خەڵکیەکانی نەتەوە دەسەڵاتدار لە ئێراندا کە لە نیزیکەوە پەیوەندیان بە کاک دوکتور قاسملوو هەبوو و دوست بوون، زۆر جار دەیانگوت کە دوکتور قاسملووی نەمر شیاوی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بوو، بەڵام ئەو دەسەڵاتدارە تاوانکارانەی وڵات ئەویان تیرۆر کرد. چۆن دەیانزانی، سیاسەت ئەو درۆستە و لە ئێرانی فرە نەتەوەدا کەسایەتیەکی وریا و ئاگاتر لەو لە کار وباری وڵاتداریدا بوونی نیە.

هێندێکی دیکە تەنانەت لە نەتەوەی خۆمان دۆستانە رەخنەیان لە دوکتور قاسملوو دە گرت کە ئەو نەدەبوایە لە گەڵ ئەو تاوانکارانەدا دانیشێتە سەرمێزی وتو وێژ بۆ بە دەست هێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد، یان زۆر بە باوەڕ و ئاشتیخواز بوو و دوژمن لە نەرمی و لەسەرەخۆیی ئەو کەڵکی خراپیان وەرگرت و و. ئەم ڕەخنانە لە ڕووی دڵسۆزیە وەیە، بەڵام لە سیاسەت بە دوورن.

 

راستیەکەی چی بوو؟ و سیاسەتی دوکتور قاسملوو چۆن بوو؟ یەکەم، دوکتور قاسملوو بە پێچەوانەی بۆچوونە ناکۆکەکان، سیاسەتمەدارێک بوو ئاگا لە بۆاری بارو دۆخی ڕۆژهەڵاتی نیوۆراست و ئەیزانی چۆن دەبێ لە گەڵ دژبەراندا بجووڵێتەوە، هەر چەند ئامانجی دژبەران تەنیا لە نیۆ بردنی هەڵکەوتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری وەکو خۆدی خۆی و کەسانی وەکو ئەو بوو.

 

دووهەم، ئەو بە دروستی ئەیزانی کە نائاگایی دەسەڵاتی هەیە بە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەبێ ئەو کەم و کاستیە لە نێۆ بچێت.

 

ئەو بێ گۆمان دەیزانی کە ئەوان شتێکیان لە سەوەتەکەیاندا نیە، بەڵام ئەو نەمرە بۆ سەلماندن بە هەموو نەتەوەکانی ئێران ئاگایانە ئەو ڕیسکەی کرد و دەیویست هیچ بیانوویەک نەداتە دەستی دوژمنەوە کە بە خەڵک بڵێن: پارتە کوردیەکان نایانهەوێ، لە سەر چارەسەری کێشەکان، لە گەڵ ئێمەدا وتو وێژ بکرێ. دوکتور قاسملوو بە دروستی لە خاڵە لاوازەکانی کەمایەتیە نەتەوەییەکان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هەمان نائاگایی و ناکۆکی سیاسیە، تێ گەیشتبوو.

ئەو یەکێک بوو لە یەکەم ڕێبەرانی حیزبە سیاسیەکان کە بەو خاڵە گرینگانە گەیشتبوو و ئەیزانی هەتاکو نەتەوەکان ماف و مێژووی خۆیان نەزانن، ناتوانن لە ڕێگای یەکگرتندا دەست بدەنە دەستی یەک وبە دڵ وگیان یەکگرتووانە بۆیه وەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان خەبات کەن.

هەر بۆیە ئەو بە باوەڕێکی قایمەوە لە پێشمەرگەکانی حیزبەوە دەستی پێکرد. لەوانەیە بتوانرێ بێ باکانە بگوترێ کە یەکەم ڕێبەری سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بوو کە وانەی سیاسی بۆ کادر و پێشمەرگەکان دانا و ویستی کە هەموو کەس زانیاری سەرە تایی لە سەر مافەکانی خۆی و مێژوو و سیاسەت فێر بێ و هەیانبێ و بزانن کە بۆچی خەبات دەکان؟ وە ئەو پێسمەرگانە بزانن بۆ چی گیان ئەیدۆڕێنن؟

 

هایدلبرگ، آلمان فدرال 12 ژوئیه 2014

 دکتر گلمراد مرادی

dr.g.moradi41 gmail.com

 

تێبینی: ئەم کورتە باسە لە یادی 25 ساڵە نەمر قاسملوو لە نۆروێژ پێشکەش کراوە کە حدک گرتبووی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی