"an independent online kurdish website

لێکدانەوەی ڕا و بۆچوونەکان: شێخ عێزەدەین حوسەینی، سەلاح موهتەدی، غەنی بلووریان، دوکتور قاسملوو، سەننار مامەدی، برایم یۆنسی، ڕەحیم  خەڕازی، عەبدوڵڵا حەسەن زادە، نەوشیروان مستەفا، جەلیل گادانی، ئەحمەد موفتی‌ زادە، کریس کووچێرا، دەیڤید مەکداوڵ

پێشەکی   

  • کڕۆنۆلۆژی ڕۆژەکانی دەورووبەری دەرچوونی گەڵاڵەی ٨ خاڵی مەهاباد
  • دەقی گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد
  • چەند پرسیارێك لەسەر ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیە و بەتایبەتی خاڵی هەشتەم
  • زەمینەی دژایەتی لەگەڵ قیادە موەقەت
  • ئیسرائیل و شۆڕشی کورد
  • ئایا نووسینی ماددەی ٨ لەو گەڵاڵەیەدا پێویست بوو؟
  • قیادە موەقەت پاش نووسینی ماددەی هەشت

لێکدانەوەی ڕا و بۆچوونەکان:

شێخ عێزەدەین حوسەینی، سەلاح موهتەدی، غەنی بلووریان، دوکتور قاسملوو، سەننار مامەدی، برایم یۆنسی، ڕەحیم  خەڕازی، عەبدوڵڵا حەسەن زادە، نەوشیروان مستەفا، جەلیل گادانی، ئەحمەد موفتی‌ زادە، کریس کووچێرا، دەیڤید مەکداوڵ

سەرچاوەکان

پێشەکی

نیوەشەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨ لەسەر١٩ی مانگی٢ی ١٩٧٩) کۆمەڵێک لە نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لە مەهاباد لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی تازە دامەزراوی ئێران وتووێژیان کرد و گەڵالەیەکی ٨ خاڵییان پێشکەش کرد. ئەم گەڵاڵەیە کە بە هەشت ماددەییەکەی مەهاباد ناوبانگی دەرکرد، دەنگدانەوەیەکی ئێجگار زۆری هەبووە و ئێستایش دوای ٣٦ ساڵ ململانێی لەسەر دەکرێت و بووەتە باسێکی گەرم لە نێوان چالاکانی سیاسی، توێژەران و ئەندامان و ڕێبەرانی ئێستا و ئەوکاتی هێزە سیاسییەکانی کوردستان.

هەر لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی‌یەوە بگرە هەتا بەڕێزان سەلاح موهتەدی، غەنی بلوریان، دوکتور قاسملوو، عەبدوڵڵا حەسەنزادە، جەلیل گادانی، برایم یۆنسی، نەوشیروان مستەفا، ڕەحیم خەڕازی لەسەر ئەو گەڵاڵەیە قسەیان کردووە. تەنانەت لە نووسراوەی کریس کووچێرا و دەیڤید مەکداوڵ‌ و هی‌تریشدا دەگێڕدرێتەوە و بەتایبەتی لەسەر خاڵی هەشتەمی ئەو گەڵاڵەیە کە سەبارەت بە بارزانی و قیادە موەقەتە، بە شێوەی جۆراوجۆر و جاری وایە زۆر شێوێندراو باسکراوە. سەیر ئەوەیە هیچکەس ناچێتە ژێر ئەو خاڵە و بەرپرسیارەتییەکەی قبووڵ ناکات.

هەڵسەنگاندنی ڕووداوێکی مێژوویی دەبێ هاوکات لێکدانەوەی هەل‌ومەرجی مێژوویی ئەو کاتە بێت کە تێیدا ڕووداوەکە هاتووەتە پێش و لە چوارچێوەی کەش و هەوای سیاسی سەردەمی خۆیدا بەراورد بکرێت. نابێ دواتر و بەپێی بەرژەوەندی ئێستا و ترازووی هێزەکان بکەوینە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پێشتر و پاکانە کردن بۆ خۆمان.

لە سەردەمێکدا کە ڕژیمی شا ڕووخاوە، بەشێك لە دەسەڵاتی ئەرتەشی شاهەنشاهی هێشتا لە شاری مەهاباد لە جێی خۆیدا ماوە و هاواری دروشمی جەماوەری لە دژی هەموو نیشانەکانی ڕژیمی پاشایەتی هێشتا هەر بەردەوام لەسەر کۆڵان و خیابانی کوردستان دەبیسترێت. لە کاتێکدا کە هەل‌ومەرجی شۆڕش و کەف‌وکوڵی هەستی شۆڕشگێڕانە لە هەموولایەکەوە بەدی دەکرێت و هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لە کوردستان خۆیان بە دوژمنی ساواک و ئەرتەشی شا و پشتیوانە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی دەزانن، لە کاتێکدا کە دروشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل و . . بە گەرم و گوڕی دەگوترێت و دەبیسترێت، لە وەها کاتێکدایە کە دەوڵەتی مەهدی بازرگان سەرەکوەزیرانی تازە دەستنیشانکراوی خومەینی، دەستەیەکی نوێنەرایەتی بە سەرۆکایەتی داریووش فرووهەر دەنێرێتە کوردستان. رژیمی شا ڕۆژی ٢٢ دەڕووخێت و ئەم نوێنەرانە تەنها یەک هەفتە دواتر، واتە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨/١٢/١٩٧٩) دەگەنە شاری مەهاباد.

قسەوباسی ئەم ماددەی هەشتە لە دیدار و گفتوگۆ و هەروەها لە دیمانەی ڕۆژنامەوانی و لە کتێبی بیرەوەری و تەنانەت لە کتێبی مێژوونووسە بێگانەکانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. بەشێك لە لێکدانەوەکان نەک هەر تەم ومژی دەورووبەری ئەم گەڵاڵەیە ناڕەوێننەوە، بەڵکوو زیاتر تەماویی دەکەن. ئەم نووسراوەیەی من هەوڵدانێکە بۆ توێژینەوەی ئەو هەلومەرجەی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهابادی تێدا نووسراو و هەروەها بەسەر کردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیە کە سەرنج و بیروبۆچوونی خۆیان لەسەری دەربڕیوە. دیارە درگای ئەم باسە هەر ئاوەڵایە و لەوانەیە بە بڵاوبوونەوەی بیرەوەری و هەروەها دەرکەوتنی بەڵگەی کۆن چ لە ناو حیزبەکانی کوردستان و چ لە لای دەزگا پەیوەندیدارەکانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران و عێراق و تورکیایش شتی زیاتر دەرکەوێت.

ئێمە هەموومان، چ ئەوانەی لە ناو حیزب و ڕێکخراوەکاندا بەرپرسیارەتیمان هەبووە، چ ئەوانەی لە دەرەوە وەکوو چاودێرێک دەڕوانینە مێژوو، هەر هەموومان بەرپرسین لەبەرامبەر گەلی کورددا و لەبەرامبەر نەوەی داهاتوودا. ناتوانین بە دروشم و قسەی بریقەدار باس لە گەورەیی گەلی کورد و سەربەخۆیی و مافی نەتەوایەتیمان بکەین، بەڵام لەکاتی گێڕانەوەی مێژوودا لایەنە ناشیرین و دزێوەکان بشارینەوە و بکەوینە شێواندنی ڕابردوو و دەست بردنە ناو ڕووداوگەلێك کە درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی دەردەکەوێت.

مەبەست لە نووسینی ئەم وتارە ئەوەیە کە تیشك بخرێتە سەر مێژوویەکی گرینگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە تەنانەت ئارشیڤێکی ناڕێك و پێکیشمان لەسەری نییە. ئەگەر بمانەوێ ڕووناکی بخەینە سەر بارودۆخەکە و خوێندنەوەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان، دەبێ پەنا ببەین بۆ ڕۆژنامە ڕەسمییەکانی ئێران و هەروەها چەند ڕێکخراوەیەکی سیاسی ئێرانی و یان بیرەوەری کەسانێک کە لەم مێژووە دواون. کەسانێکی زۆر کەم و بە دەگمەن یادداشت و نووسینیان هەیە و دەیکەنە سەرچاوەی لێکدانەوەکانیان. جێگای داخە کە زۆربەی کەسەکان لەسەر ئەساسی ئەوەی کە چەندەیان لەبیرماوە و یان بە پێی بەرژەوەندی و بۆچوونی ئێستایان، شتەکان دەگێڕنەوە…

ئامانجی من تەنها ڕۆشن بوونەوەی ئەم مێژووەیە و لەگەڵ ڕێزمدا هیوادارم هیچکەس لەوانەی ناویان هاتووە پێیان وانەبێت کە مەبەستێکی تایبەتی هەیە بەرامبەر بەوان یان بەرامبەر بە لایەنێکی سیاسی دیاریکراو. هەوڵم داوە بە بێ بەڵگە هیچ داوەرییەك نەکەم. دیارە ئەمە دادگایی کردنی کەسیش نییە و قەرار وانییە لە ئەنجامدا کەسێك بە تاوانبار بزانرێت. لە هەمان کاتدا جێگای خۆیەتی ئاماژەکان و بەرپرسیارەتییەکان دەرکەون.

مرۆڤەکان، لە هەموو جیهان وانییە کە هەمیشە لەسەر یەك بیروباوەڕ و لایەنگری کردن لە یەك هێڵی سیاسی بمێننەوە. بەلای منەوە ئاساییە کەسێك ئەودەم پارتی  دیموکراتی بە دوژمنی کورد دانابێت و ئێستا لەبەر بەرژەوەندی بێت، یان مەسڵەحەت یان بەبیروبۆچوون، بە ڕزگارکەری کوردی هەموو پارچەکانی کوردستانی بزانێت؛ یان کەسێك ئەو ساڵە لایەنگری توندی پارتی دیموکرات و بنەماڵەی بارزانی بووبێت و ئێستا دژ بەوان بدوێت. هەروەها هیچ سەیر نییە کەس یان کەسانێك بەرامبەر بە یەکێتی و مام جەلال و مامۆستا شێخ عێزەدین و حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و چریکی فیدایی و ئەوانی‌تر بە چاک یان بە خراپ، بە ئەرێنی و نەرێنی هەڵوێستی گۆڕیبێت. هەرکەس، هەردەم مافی ئەوەی هەیە ئازادانە و سەربەست بیر بکاتەوە و کامە حیزب و لایەنی سیاسی کە پێی خۆشە هەڵیبژێرێت. گرینگ ئەوەیە بە ڕاشکاوی و بە شەفافییەتەوە باسی بکات. هەڵەی گەورە لەوەدایە کە بە بۆچوون، بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی ئێستاوە بکەوینە هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی پێشوو و ڕۆڵی خۆمان لەو ڕووداوانەدا. ئەمەیان دەچێتە خانەی شێواندنی مێژووەوە!

کڕۆنۆلۆژی ڕۆژەکانی دەورووبەری دەرچوونی گەڵاڵەی ٨ خاڵی مەهاباد

٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ واتە ١١/٢/١٩٧٩  ڕژیمی شاهەنشاهی ڕووخا و شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت.

٢٣ی ڕێبەندان: بارۆدۆخێکی زۆر ناسەقامگیر و ناڕوون هەموو وڵاتی گرتووەتەوە.

٢٤ی ڕێبەندان: بەپێی ڕۆژنامەی ئیتلاعات، بە فەرمانی ئیمام جومعەی مەهاباد شێخ عێزەدین حوسەینی، بۆ کۆنتڕۆڵی شار ئەمڕۆ شۆرای شۆڕش لەم شارەدا پێکهات.

٢٥ی ڕێبەندان: سەرەکوەزیری ئێران مەهدی بازرگان ناوی حەوت وەزیری تازەی ڕاگەیاند. داریووش فرووهەر: وەزیری کار.

٢٧ ڕێبەندان: ڕێوڕەسمی ناشتن و ڕێزگرتن لە کاک حەمەحوسەین کەریمی لەسەقز بەڕێوەچوو. کۆمەڵە بەم بۆنەوە هەڵسوووڕانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانیان کرد بە ڕۆژی کۆمەڵە.(ڕۆژی گیانبەختکردنەکەی)

٢٨ی ڕێبەندان: لە دەفتەری مەهدی بازرگان، سەرەکوەزیری تازەوە تەلەیفوون دەکرێت بۆ ماڵی مامۆستا شێخ عێزەدین و دەڵێن هەیئەتێك دێت بۆ کوردستان. رۆژنامەی ئیتلاعات: “ئەمڕۆ ئاگادار بووین کە داریووش فرووهەر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ هەیئەتێکدا بە ڕاسپاردەیەکی تایبەتەوە ئەمڕۆ تارانی بەجێهێشت و بەرەو کوردستان وەڕێکەوت.

٢٩ی ڕێبەندان: کۆبوونەوەی نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت لە ماڵی میرزا ڕەحیم خەڕازی (جێگای سەرنجە کە سەیدبرایم عەلیزادە و مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە نهێنی لە مەهاباد دەژیان و هەربۆیە هیچکامیان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون.)

شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ واتە ٩/٢/١٩٧٩: گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد (قطعنامە ٨ مادەای مهاباد) درایە نوێنەرانی دەوڵەت کە بریتی بوون لە داریووش فرووهەر،برایم یونسی، ئیسماعیل ئەردەڵان، موحەممەد موكری، ئایەتوڵڵا نووری.

کۆتایی ڕێبەندان؛ “جمعیت دفاع از آزادی و انقلاب” لە شاری سنە دامەزرا.

٣٠ی ڕێبەندان: پادەگانی مەهاباد لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە دەستی بەسەردا گیرا. 

٢ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی ئیتلاعات: بەپێی ئەو هەواڵانەی کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، جەلال تاڵەبانی و ٦٠ پێشمەرگە چوونەتە ناو شاری مەریوان. دواتر لیژنەی عەسکەری یەکێتی نیشتمانی لە برووسکەیەکدا بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی هەواڵەکە بە دروستکراو ناودەبات و بە دەسیسەی ئەمپریالیسم و دارودەستەکەی دادەنێت.

٥ی ڕەشەمە: بۆچوونی غەنی بلووریان لەسەر مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵ ڕۆژنامەی ئیتلاعات‌ بڵاودەبێتەوە.

٦ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی کەیهان: فڕینی فڕۆکەی فانتۆم بەسەر کوردستاندا ڕاگیرا. حیزبی دیموکرات پاش ٣٢ ساڵ هەڵسووڕانی خۆی دەستپێدەکاتەوە. ڕۆژنامەی ئیتلاعات: هێمن شاعیری شۆڕشگێڕی کورد دوای ساڵەها تەبعید لە ناو خۆپیشاندان و پێشوازییەکی شکۆداردا گەڕایەوە کوردستان.

١٠ی ڕەشەمە:  واتە ١/٣/١٩٧٩ مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

١٢ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی کەیهان( ل ٧): “گوتەبێژێکی حیزبی دیموکرات بە ئاماژە بە مەرگی مەلا مستەفا بارزانی گوتی: گەلی کورد بە بیستنی هەواڵی مەرگی کەسێك کە لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەی کوردی عێراقی بە ‘شا’ و ‘سیا’ فرۆشت، هەست بە ئارامی دەکەن. بارزانی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران و عێراق وەکوو خائین . . . بە ناوبانگە.”

١٢ی ڕەشەمە: پێنجەمین کۆبوونەوەی جەمعییەتی کوردەکانی دانیشتووی ناوەند [تاران]، لە زانکۆی سەنعەتی شەریف بەڕێوەچوو و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەڵاڵەی هەشت خاڵی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان دەربڕی. (کەیهان ١٢/١٢ لاپەڕەی ٧)

١٤ی ڕەشەمە: ناشتنی تەرمی مەلا مستەفا لە شاری شنۆ. لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەدا مەسعوود بارزانی کوڕی مەلا مستەفا گوتی: “ئیمام خومەینی فەرموویەتی کوردەکانی ئێران بە مافی خۆیان دەگەن. .  . من وادەتان دەدەمێ کە ئەم ڕێبەرە گەورەیە لە ژێر ئاڵای ئیسلامیی ئێران و لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا خودموختاریتان پێدەدات.’ مەلا کەریم شاریکەندی دەڵێ: “مادەی هەشت لە خواستەکانی کوردەکان سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی لادەبرێت.”(ڕۆژنامەی ئیتلاعات ١٦/١٢/١٣٥٧)

١٦ی ڕەشەمە: ڕۆژنامەی ئیتلاعات: سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات ئەو دەنگۆیانەی بە درۆ خستەوە کە لە زمانی حیزبی ئەوانەوە سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو بووەتەوە. ئەو گوتی: ” کۆمیتەی ناوەندی بە پێویستی دەزانێت ڕایبگەیەنێت کە ئەو قسانە هەڵوێستی حیزبی ئێمە نییە. بۆچوونی ئێمە سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی هەر ئەوەیە کە لە نووسراوەی ڕەسمی حیزبدا بڵاو بووەتەوە و لە داهاتوویشدا بڵاو دەبێتەوە.”

                                                                       ***

دەقی گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد

١ – گەلی کورد هاوڕێ لەگەڵ گەلانی‌ تری ئێران، شۆڕشی ئێران پەسەند دەکات و بڕیاری داوە لە ڕێگای پتەوکردنی خەباتی خۆی لەگەڵ خەباتی باقی گەلانی ئێران بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئاوەدان لە داهاتوودا ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت.

٢ – گەلی کورد هەروەکوو باقی گەلانی ئێران داواکاری نەمانی ستەمی میللی و دابین کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە شێوەی فیدیراڵییە لە چوارچیوەی وڵاتی ئێراندا و هەر چەشنە تۆمەتێکی جیاوازیخوازانە ڕەد دەکاتەوە و لە دەوڵەتی کاتی بەڕێز موهەندیس بازرگان داوا دەکات کە هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر ئەم داواکارییەدا بە شێوەی ڕەسمی ڕابگەیەنێت.

٣ – ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە زەحمەتکێشانی ئێران بەشێکی سەرەکییان هەبووە لە شۆڕشی ئێراندا و هەر بۆیە مافی بێ ئەملاو ئەولای زەحمەتکێشان و کرێکاران و جووتیارانە کە بەشداری بکەن لە دەوڵەتی شۆڕشگێڕ‌دا.

٤ – کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی سەرچاوەی دەستلێنەدراوی ئێجگار زۆرە، یەکێکە لە ناوچە هەرە پاشکەوتووەکانی ئێران. کەوابوو نەهێشتنی ستەمی ئابووری یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانە. 

٥ – پێویستە هەموو پادەگانەکانی کوردستان لە ژێر چاوەدێری شۆرای شۆڕشدا بەڕێوەبچن و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ کۆمیتەیەکی هاوبەشی سەربازی لە ئەفسەرانی نیشتمانپەروەر و نوێنەرانی شۆڕای شۆڕش پێک بهێندرێت.

٦ – ئەو ئەفسەرە تاوانکارانەی کە فەرمانی تەقەکردنیان دەرکردووە و بوونەتە هۆی شەهید بوونی ڕۆڵەکانی گەل، دەبێ بدرێنە دادگای شۆڕشی گەل و بەمەبەستی گۆڕینی ئەرتەشی کۆنەپەرست بە ئەرتەشێکی گەلیی، پێویستە  ئەرتەش لە کەسانی دژە شۆڕش پاک بکرێنەوە.

٧ – هەموو نوێنەرانی ئامادە لەم کۆبوونەوەدا کە نوێنەری شارە کوردنشینەکانن ڕایدەگەیەنن کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید عێزەدین حوسەینی، شایستەی ئەوەیە سەرۆکی هەر هەیئەتێك بێت کە لەلایەن گەلی کوردەوە دەکەوتێتە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی؛ با دەزگای ڕیبەرایەتی شۆڕش و دەوڵەتی کاتی خۆیان بپارێزن لە پەیوەندی گرتن و وتووێژ لەگەڵ کەسانی کۆنەپەرستی کورد.

٨ – بەو پێیە کە مەلا مستەفا بارزانی و تاقمی ناسراو بە “قیادە موەقەت” داردەستی ڕێکخراوی ‘سیا’ ی ئەمریکا و ‘ساواک’ ی ئێران و ‘میت’ ی تورکیا بوون و [ئێستایش] هەن و هەروەها هەموو گەلی کورد نەفرەتیان لێدەکەن، لە دەوڵەتی شۆڕش داواکارین کە هەرچەشنە پەیوەندی و لێک نزیکبوونەوەیەک لەگەڵ ئەم دارودەستەیە ببڕێتەوە و ڕێبەرە خائینەکانیان لە ئێران وەدەرنێن، بەبێ ئەوەی ئەم سیاسەتە زیانێك بە دۆخی بنەماڵە پەنابەرە هەژارەکان بگەیەنێت.

                                                               ***

هەیئەتی دەوڵەت بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەی ئیتلاعات بریتی بوون لە: داریووش فرووهەر، ئیسماعیل ئەردەڵان، ئایەتووڵڵا یەحیا نووری، دوکتور موکری، ئیبراهیم یونسی.

لە بەشی داڕشتن و نووسینی گەڵاڵە هەشت ماددەییەکەدا ئەم بەڕێزانە بوون: شێخ عێزەدین حوسەینی، دوکتور قاسملوو، غەنی بلووریان، سەلاح موهتەدی، فوئاد مستەفا سوڵتانی. لە کۆڕە گەورەترەکەدا چەندین کەسی‌تر بوون لەوانە شێخ جەلال حوسەینی(بانە)، مەلا خدری ساردکێ (سەردەشت) و سەننار مامەدی (شاپوور).

ئەم هەشت خاڵە بە کۆی دەنگ و بەبێ هێچ چەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی پەسند کراوە و دراوە بە نوێنەرانی حکوومەت.

هەروەکوو لە ماددەی حەوتیشدا پێداگری کراوەتەوە، ئەو کەسانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بوون، بەشی هەرە زۆریان وەکوو “نوێنەرانی شارە کوردنشینەکانن”، نەك نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان.

چەند پرسیارێك لەسەر ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیە و بەتایبەتی خاڵی هەشتەم

کۆمەڵێك پرسیار دێتە پێش لەسەر ئەوەی کە بۆچی ماددەی هەشت نووسرا. ئەم پرسیارانە دەبنە سێ بەش:

یەکەم: زەمینەی ئەم بۆچوونە و مێژووی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتر قیادە موەقەت پێش ئەم کۆبوونەوەیە.

دووهەم: ئایا نووسینی ئەو ماددەیە لەو کاتەدا بەجێ بوو؟ چ هەلومەرجێك هەیە کە نووسینی وەها خاڵێک بە پێویست دەزانرێت.

سێهەم: ڕووداوەکانی پاش نووسینی ماددەی هەشت و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ناڕوونی لەسەر وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە هەم لەلایەن ئەو کەسانەوە کە بەشدار بوون و هەم لەلایەن لێکۆڵەران و چالاکانی سیاسییەوە دەبێتە هۆی شێواندنی هەلومەرجەکە و گرێدانی هێندێك ڕووداو و کێشەی پێشتر و دواتر بەم خاڵانەوە. وەڵامی ئەم پرسیارانە هەرچییەک بێت، ئەوە گرینگە کە ئەو شەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئەم هەشت خاڵە بە کۆی دەنگ و بەبێ هێچ چەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی پەسند کراوە و دراونەتە نوێنەرانی حکوومەت. لە کاتێکدا کە لەسەر پێشنیاری سەننار مامەدی گۆڕانکاری لە ماددەی هەشتەمدا کراوە و دوای ئەوە کاک سەلاح ئەو ماددەیەی داڕشتووەتەوە، هیچ کەس نەبووە کە بڵێ ئەو خاڵە با هەر نەبێت!

ئێمە دەبێ بوێرین لەگەڵ مێژووی وڵاتەکەمان و لەگەڵ ڕابردوومانداندا بەرەوڕوو ببینەوە و ڕاستگۆیانە ئەوەی ڕووێداوە – بە چاك و بە خراپەوە – بیگێڕینەوە. هەموو ئەو کەسانەی کە لە بەشێکی تەنانەت کەمی ئەو مێژووەدا بەشدار بوون، بەرامبەر بە نەوەی داهاتووی کوردستان بەرپرسن کە ڕووناکی بخەنە سەر ئەو بەشە لە مێژووی وڵات بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی و قازانجی ئێستایان. من دوو نموونە دەگێڕمەوە کە دوو کەسی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بیرەوەری خۆیان گێڕاوەتەوە و پەردەیان لەسەر هێندێك لایەنی دزێوی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشووی باشووری کوردستان هەڵداوەتەوە.

کاک عومەر شێخمووس کە لە کتێبەکەی خۆیدا “پشکۆیەك لە خۆڵەمێشدا” بەتایبەتی باسی ‘کارەساتی هەکاری’ و ئەو کەسانە دەکات لە قیادە موەقەت کە دوور و نزیک بەرپرسیارەتی دەکەوێتە سەرشانیان و بەڵگەکانیش دەخاتە ڕوو. ئەوی تریش مامۆستا پشکۆ نەجمەدین کە لە کتێبی “ئەزموون و یاد”دا بەوردی بەسەرهاتی گیران و زیندانی کردنی خۆی و چەند هاوڕێیەکی دەگێڕێتەوە و ئەوەی کە تەنانەت لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی‌یەوە لەوانە بوو ئێعدام بکرێن لەسەر ئەوەی کە جۆرێکی تر بیریان دەکردەوە! نە کاک عومەر حیسابی ئەوەی کردووە کە داخوا فڵانە سەرۆک و حیزب و لایەن چۆن هەڵوێست دەگرن و ئاخۆ پێیان خۆش دەبێت یان نا، نە مامۆستا پشکۆ کەوتووەتە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە بزانێت سەرانی یەکێتی و فڵانە وەزیر و بەرپرس چۆن لێکی دەداتەوە. ئەوان خۆیان لەبەرامبەر گەلەکەیاندا بە بەرپرس زانیووە و هەر بۆیەش بە گەرمی پێشوازی لە کتێبەکەیان کراوە. 

ئەوەش گرینگە بزانین ئەم هەموو پێداگرییەی کاک سەلاح کە “ئەو ماددەیە لەلایەن فوئاد مستەفا سوڵتانییەوە پێشنیار کراوە”، لەبەر چییە؟ بەڕاستی بۆ بەلای کاک سەلاحەوە گرینگە خۆی و باقی بەشداران لەوە بێبەری بکات و “خەتاکە” تەنها بخاتە سەر شانی کاک فوئاد؟ ئەگەر ئەویش گوتبێتی با لەسەر قیادە موەقەت خاڵێک بنووسین، خۆ دوای قسەوباس و لێکدانەوە، خودی کاک سەلاح ئەو ماددەی داڕشتووە و بە دەستی دوکتور قاسملوو نووسراوە. ئیتر بۆ دەبێ ئەوەندە گرینگ بێت و پێداگری لەسەر ئەو کەسە بکرێت کە پێشنیاری داوە، بەتایبەت کە کاک سەلاح دەڵێ دواتر پەشیمان بوومەتەوە و چوومەتە سەلاحەددین و سەری‌ڕەش!

زەمینەی دژایەتی لەگەڵ قیادە موەقەت

بەشی یەکەمی پرسیارەکان ئەوانەن کە گرێدراوی پەیوەندی نێوان شۆڕشی باشووری کوردستانە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵەکانی ١٩٦٣ هەتا ١٩٧٩ واتە ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران. کاک سەلاح و مامە غەنی و . . . کە ئێستا هەر کام بە شێوەی خۆی ماددەی هەشت رەد دەکەنەوە پێمان ناڵێن بۆچوونیان لەسەر زەمینەی پێشووی ئەو هەڵوێستەی کە خۆی لە ماددەی هەشتدا دەبینێتەوە چییە. ئایا ئەو ڕەخنانەی کە لە پارتی و هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر بە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگیرا، ڕاست نەبوون و درۆی هەڵبەستراو بوون؟ ئایا مادەی ٨ ناوەرۆکەکەی هەڵە بوو، قیادە موەقەت بێ تاوان بوو، یان کاتەکەی و موناسەبەتەکە گونجاو نەبوو؟

کاک سەلاح خۆی گوتەنی لە ساڵی ١٣٤٢ [١٩٦٣] بەملاوە دۆست و ڕاوێژکارێکی نزیکی مام جەلال بووە و “یەک ماڵ بوون”. بەردەوام پێشمەرگە و کادر و کەسانی نزیکی یەکێتی نیشتمانی هاتووچووی ماڵی ئەویان کردووە. ڕۆژنامەی ئیتلاعات ٣٠/١١/١٣٥٧ دەنووسێت: “جەلال تاڵەبانی لە برووسکەیەکدا بۆ ئیمام خومەینی کە بە ناوی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق، بە زمانی فارسی لە شاری بۆکانەوە بەڕێکراوە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆڕشی کرد و بە سەرکەوتنێکی گەورەی دانا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و شۆڕشی فەلەستین و خەباتی ڕەوای کوردەکانی عێراق بەتایبەتی.”

لە هەفتەکان و مانگەکانی پێش ڕووخانی ڕژیمی شادا پێشمەرگەی یەکێتی لە شارو گوندەکانی کوردستان دەبینران و بە گەرمی بەخێر دەهێنران. گۆڤار و بڵاوکراوەکانی یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە دەنگ و بە نووسراوە لەناو ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی سیاسی کوردستاندا دەست بە دەست دەگەڕان. لە هیچکەسیش شاراوە نییە کە بەشێکی ئەم ڕاگەیاندنانە لە دژی پارتی و مەلامستەفا و قیادە موەقەت بوو. کارەساتی هەکاری ڕوویدابوو و دەنگوباسی کوژرانی بەشێك لە ڕێبەرانی یەکێتی لەناو خەڵکدا بڵاو ببووەوە. . ئەمانە هیچی بەسەر ئەوەوە نییە کە داخوا یەکیەتی جووتیارانی مەریوان (کە نزیکەی سێ هەفتە پاش ڕووخانی ڕژیمی شا و دوو هەفتە پاش نووسینی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد دامەزرا) چی و چۆن بوو. یەکیەتی جووتیاران زیاتر لە سێ مانگ دواتر چەکدار بوون و کەوتنە جەولە کردن.

مام جەلال دوو هەفتە پێش ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران و سێ هەفتە پێش نووسینی ئەو ماددەی هەشتە لە ڕاگەیاندنێكدا بەناوی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعات ڕۆژی ٨ی ڕیبەندانی ١٣٥٧ [٢٨/١/١٩٧٩] دەنووسێت: “سەرەڕای سیاسەتی دۆستانەی ئێمە بەرامبەر بە گەلی ئێران، شا و ساواک بەردەوام لە ڕێگای بەکارهێنانی دامودەزگای کۆنەپەرست و خائینی ڕێبەرایەتی بارزانییەوە لە دژی ئێمە … بە چارەنووسی گەلی کورد کایە دەکەن… شای ئێران …  بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، سەدان بەکرێگیراوی چەکداری بارزانی لە خاکی ئێرانەوە ناردووەتە شەڕ بۆ سەر ئێمە… پێگەی ناوەندی بارزانی هێشتا لە عەزیمییەی کەرەج خەریکی خەیانەت و پیلانن لە دژی ئێمە …”

وێنەیەك کە لەو ساڵەدا لە پارتی و قیادە موەقەت دەنەخشێندارا ئەوە بوو کە: لەناوخۆدا دژ بە جووتیاران و لایەنگری دەرەبەگ و خاوەن زەوییەکان بوون؛ لە ئاستی کوردستانیدا دژ بە هێزێکی وەکوو یەکێتی نیشتمانی بوون کە ئەودەم بە هێزێكی چەپی پێشکەوتنخواز دەناسرا؛ لە ئاستی ناوچەییدا هێزێک بوون دۆست و دەست‌وپێوەندی ڕژیمی شای ئێران و حکوومەتی دژە کوردی تورکیا؛ لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دۆستی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون.

ئەگەریش لەوە بگەڕێین کە دوکتور قاسملوو و مامە غەنی‌ لەو کۆبوونەوەیەدا نەك دژبە ماددەی هەشت نەوەستان بەڵکوو نووسراوەکە بەدەستی دوکتور قاسملوو پاکنووس کراوە، لانیکەم بەڵگەنامەیەکی حیزبی دیموکرات هەیە کە نیشانی دەدات ئەم حیزبە زەمینەی ئەوەی هەبووە بە بێ هیچ گیروگرفتێك وەها ماددەیەك قبووڵ بکات؛ نامیلکەی “خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد، لە بڵاوکراوەکانی ئینتشارات و تبلیغاتی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  ١٦/٩/١٩٨١– ٢٥/٦/١٣٦٠” زۆر بەباشی ئەو باروودۆخەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. زمانی ئەم نامیلەکەیە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زبرە و پڕە لە بێ‌ڕێزی و سووکایەتی بە پارتی و قیادە موەقەت و ڕێبەرایەتییەکەیان.  سەرەتا دەڵێن ” لەم کورتەباسەدا دەمانەوەێ هەندێ ڕووداوی مێژوویی بۆ بیروڕای گشتی گەلی کورد و گەلانی ناوچە روون بکەینەوە و لەو ڕێگایەوە هەڵوێستی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق(قیادە) دەرهەقی بزووتنەوەی میللی دیموکراتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەگشتی و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی بخەینە بەرچاو.”

دواتر دەنووسن کە لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژیمی شای ئێراندا: “شەپۆلی قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە قیادەی موەقەت سەرتاپای ئێرانی داگرتبوو زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان و سەرتاسەری ئێران داوایان دەکرد تەواوی ئەفرادی قیادەی موقەت لە ئێران دەربکرێن. سەربەند و بن‌بەندی هەموو باس و خواسێکی سیاسی دەهاتەوە سەر قیادە و ئەو تاقمەیان لە زۆربەی جینایەتەکانی کۆن و تازەی کاربەدەستانی ئێران دەرهەق بە کۆمەڵانی خەڵک دا بە بەشدار دەزانی. . حیزبی دیموکرات هەموو کاتێک لەو باوەڕەدا بوو کە پاداشی جینایەت و خیانەتی ئەو تاقمە دەبێ بەڕەفتاری باش لەگەڵ کوردە عێراقییە دەربەدەرەکان بداتەوە. هەبۆیەش لە هەموو جێگایەک دژی ئەو داوایە راوەستا کە کوردە پەنابەرە عێراقی یەکان لە ئێران دەربکرێن[؟!]… کاتێک نوێنەرانی دەوڵەتی کاتی موهەندیس بازرگان هاتنە مەهاباد تاقە نوێنەری حیزبی ئێمە لەو کۆبوونەوەدا زۆر دژی بەندی هشتی داخوازەکان بوو کە داوای دەکرد ئەفرادی قیادەی موقت لە ئێران دەربکرێن.” (تێبینی: مامە غەنی ئەوە ڕەد دەکاتەوە و دەڵێ دوکتور قاسملوو قبووڵی کرد.)

دواتر هەر لەو نامیلکەیەدا هاتووە: “هەڵسوڕێنەرانی پارتی کە لە ساڵەکانی ١٩٧٥- ١٩٦٦ و بە تایبەتی لە دوا ساڵەکانی بزوتنەوەی بارزانی دا بە ئاشکرا کەوتبونە بن باڵی” ساواک” و “موساد” و “سیا” بە دەستووری “شا” زۆر کەس لە ڕێبەران و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان گرت و تەحویلی ساواکیان داوە کە لەدەست ڕیژێمی شا پەنایان بۆ عێراق بردبوو. ئەمانە پاشان لە ئێران ئیعدام کران. هەروەها چەند کەس لە ڕێبەرانی حیزبی ئێمەیان لە عێراق کوشت و تەرمەکانیان بە ساواک فرۆشت. . . باشە پرسیارەکەمان دووبارە دەکەینەوە: ئەوانە بۆ لە ئێرانن؟ بۆچی شەڕ بە کوردی ئێران دەفرۆشن؟ … دیارە کەس هەقی ئەو کوێخایەتی‌یەی بە نۆکەرانی گوێ لە مستی سیای ئەمریکا و موسادی ئیسرائیل نەداوە. “

لەم نامیلکەیەدا کە دێتە سەر باسی گەڕانەوەی تەرمی مەلا مستەفا بۆ کوردستان، بە هەمان شێوە هەڵوێست دەگرن و زۆر تووڕەن لەوەی کە بۆچی لە حاڵێکدا “حکوومەتی عێراق بە ڕەسمی ڕێگای داوە بیبەنەوە لە عێراق بینێژن… جێگایەک و وڵاتێکی دیکە بۆ ناشتنی تەرمەکەی هەڵدەبژێرن!”

زمانی ئەم نووسراوەیە و ئەو شێوە باسکردنە لە مەلا مستەفا و ڕۆڵی پارتی لە ڕابردوودا بەرامبەر بە حیزبی دیموکرات – کە نزیکەی دوو ساڵ و نیو دوای کۆبوونەوەی مەهاباد نووسراوە – لەگەڵ زمان و ناوەرۆکی ماددەی هەشت‌دا بە تەواوی دێتەوە.

جگە لەوە هەموو کەس دەزانێت کە لە مانگەکانی کۆتایی ڕژیمی شادا لە شارەکانی کوردستان نەک هەر لە خۆپیشاندانەکاندا بەڵکوو لە سەر دیواری کووچە و کۆڵانان ئەم دروشمانە هەبوون؛ “دارو دەستەی قیادە – ڕەنجی کوردیان بە بادا”، “کێ بوو سولەیمانی کوشت؟ کێ بوو دوکتور شوانی کوشت؟ بارزانی بوو بارزانی، قیادەبوو، قیادە”، “مام جەلال تاڵەبانی، تۆ هیوای کوردستانی”، “هەلام هەلامە، هەلام هەلییەتی – جەلال تاڵەبانی نۆرە و چەلییەتی!”

نووسینەوەی مێژوو و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو نەک لەسەر ئەساسی ئارەزووکانی ئەمڕۆ ڵکوو دەبێ لەسەر زەمینە مێژوویەکەی خۆیدا باسبکرێت. لە وەها زەمینەیەکدایە کە دەتوانین لەوە بگەین بۆچی هیچکەس لەو کۆبوونەوەیەدا دژ بە نووسینی ئەو ماددەیە نییە و بە ڕەزامەندی هەمووان نووسراوە.

ئیسرائیل و شۆڕشی کورد

هەر وەکوو لەو نامیلکەیەی حیزبی دیموکراتدا نووسراوە، سەبارەت بە پەیوەندی شۆڕشی کورد لە ژێر ڕێبەرایەتی مەلا مستەفادا قسەوباسی زۆر دەکرا و بەڵام دیارە هێشتا هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نەبوو. ئەوەی کە ئێستا لەسەر پەیوەندی فڵان ڕێبەری حیزبی کوردی و فڵان ڕێکخراوەی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل دەردەکەوێت و لەسەری دەنووسرێت و کەم کەس لێی هەڵدەبەزێتەوە، ئەو کات ئێجگار زۆر بڤە بوو! ئەوانەی ئەو چەشنە دروشمانەیان دەدا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە شۆڕشی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا پەیوەندییان هەیە، هەر وەها دەیانزانی شوڕشێکی نوێ لە شاخەکانی کوردستانی باشوور هەڵگیرساوەتەوە؛ لە کەش و هەوای ئازادی ئەو چەند مانگەی پێش ڕووخانی ڕژیمی شادا هێندێك لە لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان و لەوانە گیانبەختکردنی مەلا ئاوارە و سمکۆ و سولەیمانی موعینی و دوکتور شڤان لە باکوور. . . هەڵدرابوونەوە و پارتی دیموکراتی پێ تاوانبار دەکرا.

ئێستا دۆخەکە بەتەواوی جیاوازە و هەر بۆیە دەرکەوتووە (لە وتارێکی ئۆفرا بێنگیۆ لە میدڵ ئیست فۆرووم‌دا) کە دوکتور عیسمەت شەریف وانلی نوێنەری تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٦٤دا (١٣٤٣ی ئێران) بە یارمەتی سەرۆکی ساواکی ئێران چووەتە ئیسرائیل و لەگەڵ لێڤی ئێشکۆل سەرەکوەزیرانی ئەو کاتە و هەروەها شیمۆن پێرێز کە ئەوکات سەرۆکی حیزبی کار بوو، دیداری کردووە. عیسمەت شەریف لە بیرەورییەکانی خۆیدا (کتێبی هێشتا چاپ نەکراوی “من مذکرات عصمت شریف وانلي” بە زمانی عەرەبی لاپەڕەکانی ٣٨ تا ٤٠ – سلێمانی) ئەمە دەگێڕێتەوە، ئاماژە بەوەیش دەکات کە پێش ئەو مامۆستا برایم ئەحمەد بە دیدارێکی نهێنی چووەتە ئیسرائیل. ئەمە زانیاری ئێستا و هی ئەم ساڵانەی دواییە. بەڵام کاتی خۆی لە لایەن یەکێتی نیشتمانی و کەسانی نزیک لەوانەوە باسی پەیوەندی شۆڕشی بارزانی لەگەڵ ئیسرائیل دزەی دەکردە دەرەوە. کاک نەوشیروان لە کتێبی ‘پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن’‌دا هێندێك وردەکاری سەفەری مەلا مستەفا بۆ ئیسرائیل دوای شەڕی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ی عەرەب و ئیسرائیلی گێڕاوەتەوە. ئەو سەردەمە هەر چەشنە پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا یەکسان بوو لەگەڵ نۆکەرایەتی کردنی ئەمپریالیسم و سەهیوونیسم. کەچی لەم ساڵانەی دواییدا ڕیکخراوی دۆستایەتی کردن لەگەڵ ئیسرائیل دروست بووە و گۆڤاریش لە باشووری کوردستان بڵاو کرایەوە. تەنانەت هێندێك زانیاریش لێرەو لەوێ لەسەر پەیوەندی نوێی هێندێك لایەن لەگەڵ ئیسرائیل و وەرگرتنی یارمەتی بڵاو دەبێتەوە….

ئایا نووسینی ماددەی ٨ لەو گەڵاڵەیەدا پێویست بوو؟

بەشی دووهەمی پرسیارەکان لەسەر پێویست بوونی دانانی ئەو ماددەیە لە ڕیزی یەکەمین داخوازییەکانی گەلی کورد لە حکوومەتی تازەدامەزراوی ئێران؛ جارێ خودی ئەوەی ئێمە بە ماددەی هەشتی دەزانین کێشەی لەسەرەو و بەتایبەت کاک سەلاح موهتەدی ئیسراری هەیە کە ئەوە نییە وا ئەو دایڕشتووە! ئەی کامەیە؟ چۆن دەکرێ ئەم هەموو گێڕانەوەیە هەڵە بێت؟ یان چۆن دەکرێ تاقە یەک دێڕیش لە یەک ڕۆژنامە یان گۆڤار و بڵاوکراوەیەکدا نییە کە پێمان بڵێ ماددەی هەشت بە جۆرێکی‌تر نووسراوە؟

بەڵام گرینگترین پرسیار ئەوەیە کە ئەگەریش هەموو ئەو کەسانە ڕەخنەی توندیان لە ڕابردووی پارتی و قیادە موەقەت هەبووبێت و هەموویشی ڕاست بێت، ئایا ئەوە دروست بوو کە نوێنەرانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها شەش ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژیمی پێشوو بەرامبەر بە حکوومەتێك کە مەعلوومە ئایەتوڵڵایەک سەرۆکییەتی و هیچ کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی چەپی تێدا نییە و هێشتا هیچ سیاسەتێکی ڕەسمی ڕانەگەیاندووە، بە “دەوڵەتی شۆڕش” ناوی ببەین و داوایان لێبکەین ڕیبەرانی قیادە موەقەت “لە ئێران وەدەرنێن”؟ چۆن و بۆ کوێ وەدەریان نێن؟ عێراق؟ تورکیا؟ ئەمریکا؟.. ایا بەڕاستی ڕێك لەو کاتەدا قیادە موەقەت ئەوەندە خەتەر بوو کە دەبوو ماددەیەکی تایبەتی بۆ دابنێین؟ لەسەر کێ خەتەر بوون. . ؟

کۆمەڵێك شتی گرینگ و دەستبەجێی تر هەبوون لەبەردەم چالاکانی سیاسی کوردستاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی ڕۆژەکانی دەوروبەری ڕاپەڕین. سەرەڕای پێداگرتنی کاک سەلاح لەسەر ئەوەی کە فوئاد مستەفا سوڵتانی ئەو ماددەیەی پێشنیار کردووە، لە وردبینی کاک فوئاد ناوەشێتەوە ئەو حکوومەتە بە حکوومەتی شۆڕش ناوببات! قیادە موەقەت دیارە کارەساتی خولقاندبوو؛ بەڵام بۆچی دەبێ لە یەکەم دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی تازەی ئێران، لە پڕێكدا باسیان بکرێت؟ خۆ ئەوانە دەستبەجێ مەترسی نەبوون لەسەر بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەلایەکی تریشەوە خۆ ئەم ماددەیە ڕاگەیاندنی حیزبەکانی کوردستان نەبوو لەسەر هەڵوێستی سیاسی ئەوان و بارودۆخی ئەو سەردەمە و هەڵسەنگاندنی ڕەوتی سیاسی وڵات و ناوچەکە. تەنانەت سەیر ئەوەیە کە ئەمە هێچ هۆشداریدانێکیش نییە بۆ ئەوەی بۆ نموونە داوا بکات ڕێگا بگیرێت لە ئەگەری خراپەکاری قیادە موەقەت لە داهاتوودا. نوێنەرانی شارەکانی کوردستان بۆ دەبێ لە وەها کۆبوونەوەیەکدا ئەو ماددەیە ئەوەندە بە گرینگ بزانن؟

ئایا هیچ بیر لەوە کرابووەوە کە ئەم کارە چەندە بە قازانجی دەوڵەتی بەعسی عێڕاق دەگەڕایەوە؟ ئەوان بۆیان گرینگ بوو هەم کوردی تازە ڕزگاربووی کوردستانی ئێران بکەونە دژایەتی پارتی دیموکراتەوە و هەم ئاگری شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی باوەشێن بکرێت. ئەوە بە تیرێك چەند نیشان پێکان بوو!

ئێستا کەسانێك بە پشتبەستن بە هەڵوێستی دواتری پارتی بەرامبەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت شەڕکردنیان لەگەڵ حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەدا دەڵێن چاکمان کرد نووسیمان؛ لەبەرامبەریشدا کەسانێکی تر دەڵێن، نووسینی ئەو خاڵە وای کرد کە پارتی بکەوێتە دوژمنایەتی کردنی ئێمەوە! وێدەچێت هەردوولا بە سەرنجدانە ڕووداوەکانی دواتر بگەڕێن بەڵگە بۆ ئەو لێکدانەوەی خۆیان بهێننەوە.

بەڵام ئەوانەی دەڵێن پێشبینیمان دەکرد و هەروایش دەرچوو، لەگەڵ ئەو قسەیە بەرەوڕوو دەبنەوە کە لە ماددەی هەشت‌دا نووسراوە ئەوانە لەگەڵ ساواك و سیا و میت پەیوەندییان هەیە؛ بەڵام دواتر – هەروەکوو لە نامیلکەکەی حیزبی دیموکراتیشدا دەردەکەوێت – ئەوان بە گەرم و گوڕی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتنە هاوکاری کردن و دژایەتی کردنی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو دەوڵەتە کە نوێنەرانی شارەکانی کوردستان بە “دەوڵەتی شۆڕش” ناویان بردووە کەوتە دوژمنایەتی کردن و کاولکاری و کوشت و بڕ لە کوردستان. کێ ئەو کات پێیوابوو ئەوە ڕوودەدات و کۆماری ئیسلامی دەبێتە گورگی هار لێمان هەتا بتوانێت وەها پێشبینییەک بکات؟ لە کۆتایی مانگ و هەفتەکانی ڕژیمی شا دا قیادە موەقەت لە تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و هەروەها لە ناوچەی مەریوان و هەورامان هاوکاری ئاغا و دەرەبەگیان دەکرد و شانبەشانی ئەوان ئازاری ئەو جووتیار و خەڵکی فەقیر و هەژارەیان دەدا کە چاوەڕوان بوون دوای ڕووخانی ڕژیمی شا زوڵم و زۆری ئاغا و زەوینداریان لەسەر نەمێنێت. تەنانەت ماوەیەك پاش ڕاپەڕین، لەگەڵ هێندێك لەو هێزانەی کە هێشتا گرێدراوی پاشماوەی ڕژیمی پادشایی بوون کەوتنە هاوکاری کردنەوە. کەوابێ، لە ڕاستیدا ئەوە ڕژیمی تازە دامەزراوی ئێران بوو کە سەرچاوەی کێشەکە بوو. . .

ئەو کەسانەیش کە مادەی هەشت بە سەرچاوەی شەڕو کێشەکانی دواتر لەگەڵ قیادە موەقەت دەزانن، ئەی وەڵامیان بۆ ئەمە چییە کە حیزبی دیموکرات هەر زۆر زوو لەو ماددەیە پاشگەز بووەوە. حیزبی دیموکرات لە نامیلکەی ” خیانەتەکانی قیادە موەقەتە . .”دا دەنووسێت: “حیزبی ئێمە لەو کۆبوونەوەدا زۆر دژی بەندی هشتی داخوازەکان بوو کە داوای دەکرد ئەفرادی قیادەی موقت لە ئێران دەربکرێن. دوایەش کە ئەو بەندە بە زۆربەی دەنگ پەسەند کرا حیزبی ئێمە چەندین جار بەڕسمی ئەو داخوازەی بە شتێکی غەیرە مەسئوولی داناو رەتی کردەوە”. [تێبینی: تەنها لێرەدایە کە دەگوترێ بە زۆربەی دەنگ! دەنا دەنگدان لەسەر هیچکام لە ماددەکان نەکراوە.] لە دوای نووسینی ئەو ماددەیە و پێش شەڕی کوردستان چەندین کۆبوونەوە کراوە لە نێوان بەرپرسانی حیزبی دیموکرات و سەرانی قیادە موەقەت. من ئاگاداری سێ کۆبوونەوەم کە لە مانگ و هەفتەکانی دوای نووسینی ئەو گەڵاڵەی هەشت خاڵییەدا کراوە: مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملوو و چەندین کەسی دیکە لە نەغەدە لەگەڵ ئیدریس و مەسعوود بارزانی دانیشتوون. دوکتور قاسملوو هەر لەو سەروبەندەدا کاک سەلیم بابان ڕادەسپێرێت کە بە تایبەتی لەگەڵ سەید ڕەسووڵی بابی‌گەورە و لەلایەن دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتەوە بچنە لای سەرکردایەتی پارتی لە ڕاژان بە مەبەستی ڕێگا خۆش کردن بۆ دیدارێکی هەردوو سەرکردایەتییەکە. لە تاران دوکتور قاسملوو لەگەڵ کاک عەزیز ماملێ چوونەتە هوتێل ئێنترکۆنتینێنتاڵ و کاک مەسعوود بارزانی‌یان لەوێ بینیووە. کاک عەزیز ماملێ سەبارەت بەو دیدارە دەگێڕێتەوە کە لە کەش‌وهەوایەکی دۆستانەدا قسەمان کردووە و هیچ باسێک لە ماددەی هەشت نەهاتووەتە گۆڕێ.

جگە لەوەش: ماوەیەك دوای کۆبوونەوەکەی مەهاباد و نووسینی ماددەی هەشت، ‘سەید عەزیز شەمزینی’ دەچێتە لای مامۆستا شێخ عێزەدین و دەڵێ کارێکی باش نییە کە ئێمە پاڵ بنێین بەو برادەرانەی قیادە موەقەت و پارتی‌یەوە و لە خۆمانیان بتارێنین. ئەگەر لێمان دوور بکەونەوە کاری خراپیان پێدەکرێت! با کارێك بکەین تەبایی لە ناو کوردەکاندا دروست بکەین و دۆستایەتییەک لەگەڵیان پێک بێنین، یان لانیکەم کارێکی وابکەین دوژمنایەتی نەهێڵین. مامۆستا شێخ عێزەدین بۆ ئەو مەبەستە نامەیەک دەنووسێ بۆ قازی خضری، قازی شنۆ و دەیدا بە کاک مەلا ڕەحمان شکاک (عبداللهی) کە دەچێت و نامە و ڕاسپاردەکە دەگەیەنێتە قازی شنو و لە ڕێگای ئەوانەوە پەیامێکی دۆستانە بۆ ڕێبەرانی پارتی و قیادە موەقەت دەنێردرێت. ئەو پەیامەش هیچ وەڵامێك وەرناگرێتەوە.

بەڵام ڕاستییەکی تریش ئەوەیە کە سەرکردایەتی پارتی و قیادە موەقەت هیچ هەوڵێکیان نەدا بۆ ئەوەی لەم بارودۆخە تازەی ئێراندا پێداچوونەوەیەك بکەن بە سیاسەت و پەیوەندییەکانی خۆیاندا. ئەوان دەبوو لەکاتی ڕاپەڕینی جەماوەری لە دژی ڕژیمی شادا بیرێك لە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ نەبێ لەگەڵ ئەو بەشەی کە لەوانەوە نزیک بوون، واتە حیزبی دیموکرات بکەنەوە. ناکرێ بڵێین پارتی و قیادە موەقەت ئاگاداری ئەو بارگرژییە و ئەو هەموو ناڕەزایەتییە نەبوون کە لە کاتی ڕاپەڕیندا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا دژ بەوان هەبوو. کاک نەوشیروان دەڵێ ئێمە دەبوو پاش ناشتنی مەلا مستەفا پەیامی سەرەخۆشی بنێرین بۆ بنەماڵەی بارزانی، هەر چەندە کە نەشیان نارد. باشە ئەی بۆ لەلای پارتی هیچ بیرۆکەی لەو چەشنە دروست نەبوو، یان هەوڵێکیان نەدا کە بزانن بۆچی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ئەوان دروشمی وەها توند دەدرێت و ناخۆشەویستن و چۆن دەتوانن هێوری بکەنەوە.

دوایین قسەیش بۆ ئەو کەسانەی ئەو ماددەیە بە سەرچاوەی کێشەکان دەزانن ئەوەیە؛ ئایا نووسین و تەنها نووسینی ماددەیەك هەر چەند توند و ئاوێتەی بێ‌ڕێزی کردنیش بێت، ئەوە دەکات کە تەقە لە گوندی و جووتیاری هەژاری مەرگەوەڕ و خۆپیشاندەرانی مەدەنی شاری شنۆ بکەن و شان بە شانی سپای پاسداران بکەونە شەڕێكی خوێناوییەوە لەگەڵ حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە؟ ڕاستی ئەگەر پارتی لەو جێگە و پێگەی ئێستادا نەبووایە و جەمسەری دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە باشووری کوردستان بەدەست ئەوانەوە نەبوایە، ئەو کەسانە کە وابیردەکەنەوە، هەر بەو چەشنە دەیانڕوانییە ئەو گەڵاڵەیە و ماددەی هەشتەکەی؟

قیادە موەقەت پاش نووسینی ماددەی هەشت

ئاشکرایە کە مردنی مەلا مستەفا بارزانی ڕێك دە ڕۆژ پاش نووسینی ئەو ماددەی هەشتە و دواتر هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان و بەتایبەت مەراسمی ناشتنەکەی لە شاری شنۆ، کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر هەڵوێستی بەشێك لەو کەس و لایەنانەی کە پێشتر زۆر ئاشکرا و توند دژ بە پارتی دیموکرات و قیادە موەقەت دەدوان.

پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەندین شوێنەوە شەڕی لە دژی گەلی کورد دەستپێکرد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پشتیوانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵك لەبەرامبەریاندا ڕاوەستان، وردە وردە هێزەکانی پارتی پاڵ دەدەن بە سپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانەوە و دەچنە سەنگەری ئەوانەوە بەرامبەر بە هێزەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات. لە نامیلکەی ” خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد”دا حیزبی دیموکرات لە درێژەدا دەنووسێت:” خەبات وتێکۆشانی چەند ساڵەی گەلی کوردیان لە کوردستانی عێراق بە چەند دۆلار فرۆشت و خوێنی هەزاران کوردی بە شەرەفیان بە فیڕۆدا ئەمجارەش بەفەرمانی ڕیژێمی خومەینی شان بە شانی لەشکر و پاسداری بە ناو ئیسلامی ناوچەی شیمالی کوردستانی ئێرانیان خستوەتە بەر پەلامار و دەستیان بە کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع کردوە. ئەوانە لە پشتڕا خەنجەریان لە پێشمەرگەکانی کوردستان داوە.”

لە کتێبی ” ئاوڕێك لە ژیان و خەباتی عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە”دا هاتووە کە ” جمهوری ئیسلامی مادەی هەشتی گەورە کردەوە و . . یەك دوو ڕووداوی ناخۆشیش ڕوویاندابوو. پێشمەرگەی مە لە ماشینێکی وانیان دابوو پێیان وابوو ئی هێزەکانی ئێرانە. یان لە شنۆیە ئەوان [واتە قیادە موەقەت] تەقەیان لە تەزاهوڕاتی خەڵکی کرد و ژمارەیەکیان لێ کوشتن.” ئایا هیچ شتێک هەیە پارتی بتوانێت بەپاساو بیهێنێتەوە بۆ تەقەکردنی ئەوان لە خۆپیشاندەرانی مەدەنی و بێ چەك لە شاری شنۆ؟ خۆ ئەوان لەچاو کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێزێکی بێگانە بوون، ئەی چۆنە کە خۆیان دەکەن بە هیزی ئاسایشی ئێران و تەقە لە خۆپیشاندەرانی بێ چەك دەکەن؟ خۆ هیچکەسی شاری شنۆ لەناو نووسەرانی ماددەی هەشت و ئەو گەڵاڵەیەدا نەبوون! جێگای سەرنجە، لە کاتێکدا کە مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کە هەر لە سەرەتاوە دژ بە ماددەی هەشت بووە ئاماژە بەو ڕووداوە دەکات، بەداخەوە کاک سەلاح موهتەدی کە لە یەکەم گەڕانەوەیدا بۆ باشوور چووەتە لای سەرانی پارتی لە سەلاحەددین و سەری ڕەش، پچووکترین ئاماژەیەک بەو ڕووداوانە و ئەو هەموو پێشمەرگەیەی دیموکرات و کۆمەڵە ناکات کە بەدەستی هێزەکانی پارتی (قیادە موەقەت) کوژران.

کەوابوو دەبینین سەرەڕای ئەوەی حیزبی دیموکرات هەر زۆر زوو لە ماددەی هەشت پەشیمان بووەوە، دیسانیش ئەو کارەی ئەوان نەبوو بە گەرەنتییەك کە پێشمەرگەکانیان نەکەونە بەر شاڵاوی هێزەکانی قیادە موەقەت.

پرسیارێکی زۆر گەورەیش لە هەموو ئەو کەسانەی کە نووسینی ئەو ماددەیە دەکەنە بیانوو بۆ هەڵوێستی دواتری قیادە موەقەت و پارتی بەرامبەر بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەیە کە ئایا دیانهەوێ ڕەوایەتی بدەن بەو کارانەی پارتی دیموکراتی کوردستان؟ ئایا نووسینی ماددەیەک کە کۆماری ئیسلامی ئێران نەك هەر قبووڵی نەکرد کارێک لە دژی قیادە موەقەت بکات بەڵکوو ڕێك بە پێچەوانە پشتیوانی لێکردن، دەکاتە ئەوەی کە ئەو هەموو تێکۆشەرە کوردە کە هیچ هەنگاوێکیان لە دژی قیادە موەقەت و پارتی هەڵنەگرتبوو، بەڵکوو تەنها تاوانیان خەبات کردن بوو بۆ گەیشتنی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە مافەکانیان، بەو چەشنە بکەونە بەر پەلاماری هاوبەشی هێزەکانی سپای پاسداران و پارتی؟ ئەی تاوانی خەڵکی فەقیر و هەژاری تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ چی بوو کە بەو چەشنە لەلایەن ئەوانەوە ئازار دران و کەسیان لێکوژرا؟

لێکدانەوەیەک لەسەر ڕاوبۆچوونی چەند کەسایەتییەك سەبارەت بە ماددەی هەشت

چەند کەسێك لەو بەڕێزانەی کە سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر ماددەی هەشت و ئەو کۆبوونەوەی مەهاباد دەربڕێووە لە کەسانێك دەچن لە ڕۆژێکدا چەندین فیلم پێکەوە دەبینن و دواتر کە پرسیاری فیلمەکانیان لێدەکەن، شانۆیەکی ئەم فیلم لەگەڵ ئەوی‌تر تێکەڵ دەکەن و دەیگێڕنەوە! لە کاتی نووسینی ئەو گەڵاڵەیەدا نە حیزبی دیموکرات، نە کۆمەڵە، نە ڕێکخراوی کوردستانی چریکی فیدایی هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆیان بە شێوەی ڕێکخستن هێشتا دەست پێنەکردبوو. سەید برایم عەلیزادە و مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە ناوشاردا بوون، بەڵام بە نهێنی دەژیان. مەلا مستەفا بارزانی هێشتا کۆچی نەکردبوو، یەکیەتی جووتیارانی مەریوان هێشتا پێک نەهاتبوو و لەگەڵ قیادە موەقەتیش بەشەڕ نەهاتبوو [نە ئەو کات و نەدواتریش]، کاک فوئاد هێشتا وەکوو ڕێبەری کۆمەڵە نەناسرابوو. فوئاد مستەفا سوڵتانی نزیکەی پێنج مانگ دوای دەرچوونی ئەو گەڵاڵەیە لە کۆبوونەوەیەکدا لە “جمعیت راە رهایی زحمتکشان” لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە “لە‌ بارە‌ی کۆمە‌ڵە‌ی شۆڕشگێر وە‌زع لە‌وێ[مەبەستی مەریوانە] چۆنە‌؟” ئەڵێ: “کاکە‌ بە‌ ناو خودی کۆمە‌ڵە‌وە‌ لە‌ ناو خە‌ڵکە‌کەدا ئاشکرا فە‌عالیەتی نییە.‌ وەلێ بەگشتی و ئەساسەن لە‌ کاری یە‌کیە‌تی جووتیاران و ئە‌وانەدا ئیبتکار ها بە‌دە‌ستیەوە.”

ئێستا با بزانین بەشدارانی کۆبوونەوەکە یان ئەوانەی لەسەریان نووسیووە چۆنی دەگێڕنەوە و لێکدانەوەیان چۆنە. لێرەدا تێدەکۆشم تێبینی و بۆچوونی خۆم لەسەر ئەو دەربڕینانە و هەروەها ناکۆك بوونی بەشێکی زۆری قسەکان لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان – ئەوەندەی بۆم دەرکەوتووە – بخەمە بەرچاوی خوێنەر.

لەکاتی گێڕانەوەی وتەی کەسێک یان هێنانی دەقێك لە کتێبێك یان وتارێك، بەبێ دەستبردنە ناو دەقەکەوە هەر وەکوو خۆی نووسیوومەتەوە. هەربۆیەش هێندێك جار ئەو نووسینانە لەگەڵ داڕشتن و شێوەی نووسینی خۆم نایەتەوە.

مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی

لە وتووێژێکدا کە من ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ مامۆستا کردوومە بە دەنگی خۆی، دەڵێ: “لەو کۆبوونەوەیەدا . . لەسەر کوللی بەندێك کێشە بوو؛ کە ئەوە چۆن بنووسرێت و چۆن نەنووسرێت . . . شەش ماددە لەسەر مەسئەلەی خودموختاری بوو؛ سەرەنجام ئەو شەش ماددەیە پەسند کرا. پاشان باسی من کرا کە هەر هەیئەتێك هات من سەرۆکی ئەوە بم. ئەوەیش قبووڵ کرا. هیچکەس قسەی نەکرد دژ بەوە. پاشان باسی ئەوە کرا کە سەرانی قیادە موەقت دەرکرێن. شێخ جەلال و مەلا خدریش لەوێ بوون. هیچکاممان لەسەر بەندی هەشت بە چاک یان بە خراپ قسەمان نەکرد. بە دەستی دوکتور قاسملوو نووسرا. کاک سەلاح و مامە غەنی لەلایەوە دانیشتبوون. تەنها سەننار مامەدی وتی ئەوە ئیهامێکی تێدایە و بگۆڕدرێت باشە. باسی ڕەهبەران کرا.

بەداخەوە هێندەی پێنەچوو مەلا مستەفا بەڕەحمەت چوو. هێنایانەوە بۆ شنۆ و جەماعەتێکی زۆر چووبوون. تەشییع جەنازەکەی گەورە بوو و تەسیری زۆری لەسەر خەڵك دانا. .  حیزبی دیموکرات لەو بەینەدا بڵاویان کردەوە کە فڵانکەس کردوویەتی و لەگەڵ سەلاح موهتەدی، قیادە موەقەتیان کردە دوژمن لە ئێمە. بەڵام نە مامە غەنی و نە هیچکەس ئیعترازی نەکرد. .  من ناڵێم چاکمان کرد یان خراپمان کرد، دەڵێم هەموومان پێکەوە لەوێ بووین. . . خۆ کە مەلا مستەفا فەوتی کرد هیچکەس نەچووە سەرەخۆشی!”

سەلاح موهتەدی

لێرەدا با سەرنجی تێبینی و بۆچوونی کاک سەلاح لەسەر کۆبوونەوەکەی مەهاباد و بەتایبەت ماددەی هەشت بدەین کە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ خالید محەمەدزادە لە سایتی دیمانە ئەنجام دراوە و ئەوەی کە لەگەڵ کاوە ئەمین سەرەتای ئەمساڵ لە بەرنامەی “پەنجەمۆر”دا لە تەلەڤیزیۆنی ڕووداو باسیکردووە.

کاک سەلاح لەبەر ئەوەی بیرۆکەی ئەو خاڵی هەشتە بە تەواوی بخاتە ئەستۆی کاک فوئاد، تەنانەت ناشڵێ من لەبەر چی ئەوەم قبووڵ کرد! باشە ئەوە هی کاک فوئاد بوو، بەڵام ئەی ئێوە باقی ئەو بەشدارانە لەبەر چی قبووڵتان کرد؟ بە واتای سەننار مامەدی – کە پێشنیاری گۆڕانکاری لەو ماددەیەدا کردووە – ” کاک سەلاح زیاتر لەوەی کە من نووسیبووم بە دەربڕینێکی شیرین و ڕەوان و بە بەڵگەهێنانەوە دایڕشت.” بە سەرنجدانێك بۆ سەر نووسراوە و وتاری کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی و هەروەها هەڵوێستی سیاسی ئەو چ پێش زیندان و چ دواتریش، بەشێك لە ناوەرۆکی ئەو ماددەیە ناتوانێت هەڵوێستی کاک فوئاد بێت. ئەم دەربڕینەی ناو ماددەی هەشت کە “لە دەوڵەتی شۆڕش داوادەکەین . . .” لەگەڵ بۆچوونی کاک فوئاد نایەتەوە و ئەو هیچکات دەوڵەتی تازەی ئێرانی بە “دەوڵەتی شۆڕش” نەزانیوە. کاک سەید برایم عەلیزادە دەڵێ، لەو کۆبوونەوەیەدا کاک فوئاد نوێنەری شورای شاری مەریوان بووە نەك نوێنەری کۆمەڵە؛ جگە لەوەش، سەید برایم دەڵێ کاک فوئاد لەوە ژیرتر بوو و شێوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ هاوڕێیانی لە ناو ڕێبەرایەتی کۆمەڵەدا لەوە کراوەتر و زانایانەتر بوو کە وەها خاڵێکی گرینگ لە وەها کۆبوونەوەیەکدا بەناوی کۆمەڵەوە بنووسێت، بەبێ ئەوەی پێشتر لەگەڵ هاوڕێیانی ناوەندی کۆمەڵە تاوتوێی کردبێت. کاک ساعد وەتەندووست کە لەو ڕۆژانەدا لە بۆکان و سنە بووە و خەریکی نووسین و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ڕاگەیاندنی هەڵسووڕانی ئاشکرای کۆمەڵە بوون، هیچ بیرەوەرییەکی نییە لەوەی کە کاک فوئاد پێش ئەو سەفەرە ڕاوێژی بە هیچکامیان کردبێت. کاک شوعەیب زەکەریایی‌ش کە لە سنە بووە هەر هەمان بۆچوونی هەیە.

کاک سەلاح سەبارەت بە مەلامستەفا بارزانی دەڵێ: ” له‌ژێر فه‌رمان و ئه‌مری‌ ئه‌ودا كارم كردووه و خه‌باتم كردووه و له‌ مه‌جلیسی‌ ئه‌ودا بووم و زۆر جار نامه‌كانیشم بۆ نووسیوه و زۆر جار هه‌ر مه‌سئولییه‌ت و مه‌ئمووریه‌تێكیش كه‌ پێی‌ ئه‌سپاردم به شانازیه‌وه‌ جێبه‌جێم كردووه‌”. ئەگەر وایە ئەی ئەوە چ حیکمەتێکە وەها ماددەیەکی دژ بە مەلا مستەفا و بنەماڵەی بارزانی بە دەستی ئەو دادەڕێژیت، ڕێك و پێك دەکرێت و دەکرێتە داوایەک لە دەوڵەتێك کە هێشتا مەعلووم نییە دۆستی کورد بێت! ئەی ئەگەر وایە ئەوە چۆنە کاتێك تەرمی ئەو مەلا مستەفایە دێتەوە کوردستان و لە شنۆ دەنێژرێت، نە کاک سەلاح و نە هیچکام لەوانەی ئەو گەڵاڵەیان ئامادە کردووە بەشداری ناکەن لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەدا و ڕیزی لێناگرن؟ خودی کاک سەلاح تەنها ئەو کاتە دەچیت بۆ لای ڕێبەرانی پارتی و پەشیمان بوونەوە ڕادەگەیەنیت کە مام جەلال و یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ ئەوان خەریکی هاوکاری کردنن و لە سەروبەندی دامەزراندنی حکوومەت و پارلەمانی هاوبەشی پارتی – یەکێتی‌ن لە کوردستان!

کاک سەلاح دەڵێ “ئەو کات نەک ماڵی بارزانی، نەک پارتی لە گۆڕێدا نین و باس باسی ئەوان نییە. . بەڵکوو جەماعەتێک بە ناوی قیادە موەقەت لە ناوچەی مەریوان بوون و دژایەتی یەکیەتی جووتیارانیان دەکرد کە کاک فوئاد خۆی سەرپەرستی و ڕێبەری دەکردن”. لێرەدا چەند سەرنجێك پێویستە:

١ – هەموو دەقە بڵاوکراوەکانی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد ئەوە دەسەلمێنن کە ماددەی هەشت بە باسی “مەلا مستەفا بارزانی و قیادە موەقەتە”وە دەستپێدەکات. هەتا ئێستا هێچ دەقێک لە هێچ ڕۆژنامە و گۆڤار و یان بڵاوکراوە و بیرەوەرییەکدا نییە کە ماددەی هەشتی نووسیبێت و ڕێک ئەو دەقە نەبێت کە لە ڕۆژنامەکان و بەڵگەنامەکانی ئێراندا چاپ کراون. تەنانەت لە هیچکام لە لێدوان و نووسراوە و ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دیموکراتدا باسێكی لەو چەشنە نەهاتووە کە لە ماددەی هەشتدا باسی بارزانی نەکراوە. نە مامۆستا شێخ عێزەدین، نە دوکتور قاسملوو و نە مامە غەنی هیچکامیان ئەو قسەیە ناکەن. سەننار مامەدی کە خودی کاک سەلاح دەڵێ داوای گۆڕینی بەشێکی ئەو ماددەیەی کرد دەڵێ : “پێشنیارەکەی خۆم سەبارەت بە ڕێبەرانی قیادە موەقەت نووسی و دام بە موهتەدی. کاک سەلاح زیاتر لەوەی کە من نووسیبووم بە دەربڕینێکی شیرین و ڕەوان و بە بەڵگەهێنانەوە دایڕشت”. کاک سەلاح تەنها کەسێکە ئەوە ئینکار دەکات و دیارە بۆ ئەو بۆچوونەی خۆیشی هیچ بەڵگەیەک نیشان نادات. کاک سەلاح بەداخەوە خۆی نووسراوی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بابەتە نییە و کاتێك لێدوانەکانی لە دیدار لەگەڵ سایت و ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆنەکاندا دەردەبڕێت، جاری وایە کۆبوونەوەیەک یان نووسراوەیەک بە وردەکارییەکی سەیرەوە دەگێڕێتەوە، کەچی خاڵێکی بەو گرینگییە کە خۆی لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنیدا دەستی باڵای هەبووە نە لەبیریەتی و نە یەک جاریش پێماندەڵێت ئەگەر خاڵی هەشت ئەوە نییە وا باسی بارزانی دەکات ئەی کامەیە و چۆن باسی قیادە موەقەتی کردووە! ئاخەر نابێت لە گۆشەیەکی ڕۆژنامە کۆنێکدا یان لە بەیاننامەیەکدا لە شوێنێك ئەو دەقە جیاوازەی کاک سەلاح دەرکەوێت؟ تەنانەت ئەوەیشمان بە وردی لێ مەعلووم نییە کە پێش ئەوەی ئەو ماددەیە لەسەر پێشنیاری سەننار مامەدی بگۆڕدرێت چۆن بووە . . ؟

٢ – ڕێبەرایەتی قیادە موەقەت هەڵبەت کەسی دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی تێدا بوو بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە لە ژێڕ فەرمانی ئەواندا بوون؛ کاک حەمەی حاجی مەحموو چەند ڕۆژ دوای ئەو دیدارەی کاک سەلاح لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ڕووداو، لە هەمان بەرنامەی “پەنجەمۆر”دا تەقریبەن هەمان پرسیاری لێدەکەن. کاتێك باسی “کارەساتی هەکاری” دەگێڕێتەوە، لە وەڵامی پرسیاری کاوە ئەمین‌دا کە دەپرسێت “. . دەوری مەسعوود بارزانی و ئیدریس بارزانی چی بوو لەو کاتەدا”، دەڵێ : “پێموابێ ئەوکاتە ئەوان لە ئەمریکا بوون”. دیسان کاوە دەپرسێت “یەعنی ئەوان ئاگاداری ئەوە نەبوون کە مەسەلەن ئەوە ڕوویدا؟ ” کاک حەمە دەڵێ “چۆن ئاگادار نەبوون، قابیلە ئاگادار نەبووبن! . . ” ئەمە لە کاتێکدایە کە نەک نێوانی کاک حەمەی حاجی مەحمود و کاک مەسعوود سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر خۆشە، بەڵکوو کردوویەتی بە بەرپرسی هێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگدا. واتە ئەو پەیوەندییە نزیکەی حەمەی حاجی مەحمود واینەکرد کە بەرپرسیاربوونی سەرۆکی هەرێم لە کارەساتی هەکاری‌دا بەتەواوی بشارێتەوە. بەڵام کاک سەلاح بەرپرسیارەتی هەڵس وکەوتی قیادە موەقەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەماڵێت لە ماڵی بارزانی.

کاک نەوشیروان کە خۆی یەکێك لە داڕێژەرانی سیاسەتی یەکێتی بووە بەرامبەر بە پارتی لە کتێبی ‘پەنجەکان یەکتری ئەشکێنین’ دا ئاوا دەنووسێت: ” ئێستا کە بە ڕابردوودا دەچمەوە پێموایە ئەبوو ئەوسا ئێمە سەرکردایەتی یەکێتی هەڵوێستێکی ترمان هەبوایە. سەرەڕای دوژمنایەتی . .  و هەموو کارە خراپەکانی، مەلا مستەفا بە گەورەترین سەرکردەی کورد دائەنرا. ئێمەیش لەو ڕۆژانەدا لەباتی ئەوەی هێرشی بکەینە سەر، پەیامی پرسە و سەرەخۆشی‌مان بۆ بنەماڵەی بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی بناردایە، ئەگەر چی بە دەنگمانەوە نەئەهاتن. . . بەڵام ئێمە ئەوەمان نەکرد چونکوو هێشتا لە ژێر تەئسیری ڕووداوەکانی هەکاری‌دا کاس و تاسابووین. بیرمان لە هیچ نەئەکردەوە “تۆڵە” نەبێ. لەناو ئێمەدا هەبوون ئەم مردنەیان لەو کاتەدا بە “انتقام الهی” دائەنا.”

٣ – کاک سەلاح لە چەندین دیدار و لێدواندا باسی دۆستایەتی و نزیکی ئێجگار زۆری خۆی لەگەڵ مام جەلال دەکات کە بە درێژایی ئەم ساڵانە وەکوو دۆست و ڕاوێژکاری ئەو بووە. ئەمەیش هەڵبەت بۆ هەموو کەس ئاشکرایە. مام جەلال دوو هەفتە پێش ڕووخانی ڕژیمی شای ئێران و سێ هەفتە پێش نووسینی ئەو ماددەی هەشتە لە ڕاگەیاندنێكدا بەناوی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعات ڕۆژی ٨ی ڕیبەندانی ١٣٥٧ [٢٨/١/١٩٧٩] دا دەنووسێت: ” سەرەڕای سیاسەتی دۆستانەی ئێمە بەرامبەر بە گەلی ئێران، شا و ساواک بەردەوام لە ڕێگای بەکارهێنانی دامودەزگای کۆنەپەرست و خائینی ڕێبەرایەتی بارزانییەوە لە دژی ئێمە . . بە چارەنووسی گەلی کورد کایە دەکەن. . . شای ئێران لە هیچ چەشنە دوژمنایەتییەک درێخی نەکردووە و بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا سەدان بەکرێگیراوی چەکداری بارزانی لە خاکی ئێرانەوە ناردووەتە شەڕ بۆ سەر ئێمە. . پێگەی ناوەندی بارزانی هێشتا لە عەزیمییەی کەرەج خەریکی خەیانەت و پیلانن لە دژی ئێمە . . .”

٤ – لە وەڵامی خالید محمدزادەدا لە سەر سایتی دیمانە کە دەپرسێت: ” كاك فواد چۆن ئه‌وه‌ به‌ فیكریدا هات كه‌ ئه‌و مادده‌ بگونجێندرێت‌؟ ” کاک سەلاح دەڵێ: ” كاك فواد زۆر به‌توندی‌ له‌گه‌ڵ “قیاده‌ موقت” به شه‌ڕ هاتبوو له‌ مه‌ریوان. ئه‌مان یه‌كیەتیی‌ جووتیاران بوون!” جارێ کاک فوئاد نەک بە توندی، بە سووکیش “لەگەڵ قیادە موەقەت بەشەڕ نەهاتبوو”. لێرەدا دوژمنایەتییەکە نەك لە نێوان خەڵکی کوردستانی ئێران و قیادە موەقەت، بەڵکوو دەکەوێتە نێوان قیادە موەقەت و کاک فوئاد و یەکیەتی جووتیاران (یەکیەتی جووتیاران ١٦ی ڕەشەممە واتە ١٧ ڕۆژ دواتر دامەزراوە و زیاتر لە سێ مانگ دواتر چەکدار بوون و کەوتنە جەولە کردن و لەگەڵ قیادەیش بەشەڕ نەهاتن)! ئەی ئەگەر وایە، بۆچی مادەەیەکی وەها دەچێتە ناو یەکەمین داخوازی گەلی کورد لە حکوومەتی تازە دامەزراوی ئێران؟ باشە کێشەی یەکیەتی جووتیاران و قیادە موەقەت لە کوێ و “داردەستی سیا و ساواک و میت‌ی تورکیا بوون” لەکوێ، وەک لە ماددەی هەشتدا نووسراوە؟

لە شوێنێکی‌تردا کاک سەلاح دەڵێ: “دیاره‌ ئێستا جارێكی‌ دیكه‌ به‌ مێژوودا بچمه‌وه ئه‌و مادده‌یه‌ ئاوا ته‌نزیم ناكه‌ین. ئه‌وه‌ مادده‌یه‌ك بوو به‌رهه‌می‌ خیلافات و شه‌ڕی‌ نێوخۆ، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌و كاته‌ ڕێبه‌رانی‌ “قیاده‌ موقت” بوون ئه‌لئان سه‌رۆكه‌كانی‌ كوردستانن و ئێمه‌ له‌وپه‌ڕی‌ هاوكاری و دۆستایه‌تیداین له‌گه‌ڵیان. ئه‌وپه‌ڕی‌ ڕێز ‌و حورمه‌تمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و ده‌وره‌ی‌ ئێستا كه‌ ده‌یگێڕن له‌ كوردستاندا. به‌ڵام نه‌ ئه‌وان ئه‌وكات ئه‌م ده‌وره‌ی‌ ئێستایان ده‌گێڕا نه‌ ئێمه‌ش ئه‌وكات ئه‌و ئه‌زموونه‌ی‌ ئێستامان هه‌بوو.”

بەپێی ئەم قسانە، یەکەم – ئەو ماددەیە بەرهەمی خیلافات و شەڕی نێوخۆ بوو. واتە شەڕی پارتی و یەکێتی و کارەساتی هەکاری[نەک کێشەی قیادە موەقەت لەگەڵ کاک فوئاد و یەکیەتی جووتیاران کە هێشتا پێک نەهاتبوو]. دووهەم – ڕێبەرانی ئەوکاتی قیادە موەقەت “ئەلئان سەرۆکەکانی کوردستانن” واتە ئەوەی کە پێشتر قیادە موەقەت لە ماڵی بارزانی جیا دەکردەوە وانییە. سێهەم – ئەوان ئەوکات ئەم دەورەی ئێستایان نەگێڕاوە و ئێمەیش ئەزموونی ئێستامان نەبووە! باشە داخوا بە بۆچوونی کاک سەلاح هەڵوێست گرتنی ئەو لەسەر کارەساتی هەکاری، سولەیمانی موعینی و . . شەڕەکانی یەکێتی و پارتی و هتد لە “بێ ئەزموونییەوە” سەرچاوەی دەگرت؟ ئایا ئەزموونی سیاسی وادەکات کە ڕووداوەکانی پێشوو تووشی ئاڵ‌وگۆڕ بکەین و دەستکاری مێژوو بکەین؟

کاک سەلاح لە شوێنێکی‌تردا لە بەرنامەی پەنجەمۆر دەڵێ: “ئێمە لە ترسی ئەوە نووسیمان کە دەستەیەکی چەکداری شەڕکەری ئامادە هەیە، دەوڵەتی ئێران مومکینە بەدەستیانەوە بگرێت لە عەلەیهی ئێمە. . . بڕیارێکی هەڵە بوو، من پەشیمانم لەو ماددەیە هەر بۆیە یەکەمجار کە ساڵی ٩١ هاتوومەتەوە چوومەتە پیرمام، چوومەتە سەلاحەددین”. زۆر باشە، پێی وایە بڕیارەکە هەڵەبوو، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پێیوایە دواتر “دەوڵەتی ئێران . . بەدەستیانەوە گرتن عەلەیهی ئێمە”؟ تەنانەت ئەگەر ئەوەیش بسەلمێنین کە بڕیارەکە هەڵە بووە، جێگای سەرسووڕمانە کە کاک سەلاح لەسەر هەڵسوکەوتی دواتری قیادە موەقەت بێدەنگە. . .

دیسانەوە کاک سەلاح لەسایتی دیمانەدا دەڵێ: “هه‌ر له‌ ناوچه‌ی‌ ته‌رگه‌وه‌ڕ ‌و مه‌رگه‌وه‌ڕه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان ئه‌و كێشه‌ به‌ینی‌ “قیاده‌ موقت”‌ و شۆڕشی‌ تازه‌ی‌ كوردی‌ ئێران هه‌بوو؛ ته‌قه‌ ده‌كرا، له‌گه‌ڵ یه‌كتر خراپه‌یان كردبوو. ئه‌وه‌ وای‌ كرد ئه‌وكات “قیاده‌ی‌ موقت” له‌به‌رچاوی‌ كوردی‌ ئێران ناخۆشه‌ویست بن. هیچ شتێكی‌ خه‌لافی‌ حه‌قیقه‌ت نه‌گوتراوه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ “قیاده‌ موقت” ناخۆشه‌ویستن له‌به‌رچاوی‌ كوردی‌ ئێران.” سەیرە کاک سەلاح دەڵێ “لەگەڵ یەکتر خراپەیان دەکرد!” واتە کوردی ئێران و قیادە موەقەت بۆ کاری خراپە کردن بەرامبەر بە یەکتر دادەنێت! “تەقە دەکرا”، بەڵام بۆ کاک سەلاح ئەوەی لەبیر دەچێت کە لە ڕاستیدا هیچکەس لە “شۆڕشی تازەی کوردی ئێران” تەقەی لە قیادە موەقەت نەکردبوو! مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێ تەقەیان کرد لە خۆپیشاندەرانی شاری شنۆ، کەچی کاک سەلاح دەڵێ “تەقە دەکرا”!

ئەگەر لە تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕەوە کێشە هەبووە و لەبەرچاوی کوردی ئێران ناخۆشەویست بوون، ئەی باشە بۆ یەکیەتی جووتیارانی مەریوان – کە هێشتا دانەمەزرابوو –  و کاک فوئاد بەرجەستە دەکرێنەوە؟ ئەی باشە ڕێکخراوی سی ئای‌ئەی و ساواک و میت‌ی تورکیا چییە و بۆ لە ماددەی هەشتدا هاتووە؟

لەسەر کارتێکردنی ئەو ماددەی هەشتە دەڵێ: “به‌داخه‌وه‌ ئه‌م مادده‌یه‌ ناكۆكییه‌كانی‌ قووڵتر كرده‌وه‌.” لەگەڵ کێ قووڵتر بووەوە؟ خۆ حیزبی دیموکرات هەر زوو خۆی لێ کشاندەوە و لە مانگەکانی دواتردا چەندین دیدار لە نێوان مەسعوود بارزانی و دوکتور قاسملوو و نێردراوەکانی لە شنۆ و تاران و ڕاژان ئەنجام دراوە . . .

کاک سەلاح سەبارەت بە خودی کۆبوونەوەکە و دژایەتی کردن سەبارەت بە بەشداری دوکتور قاسملوو دەڵێ: زیاتر ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ربه‌ چریكی‌ فیدایی‌ بوون و سه‌ربه‌ كۆمه‌ڵه‌ بوون، ئه‌وان ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر دوكتۆر قاسملوو وه‌ك نوێنه‌ری‌ حیزبی‌ دیموكرات به‌شداری‌ بكا ئێمه‌ش وه‌ك نوێنه‌ری‌ رێكخراوه‌كانی‌ خۆمان به‌شدای‌ ده‌كه‌ین. ئەو کاتە و لە ڕۆژەکانی دەوروبەری ئەو کۆبوونەوەدا ڕێکخراوی کۆمەڵە خودی خۆی دیار بوو، ئیتر چۆن کەسانی “سەر بە کۆمەڵە” ئەو هەڵوێستەیان بەرامبەر بە دوکتور قاسملوو دەردەبڕی!

سەبارەت بە ڕۆڵی باقی بەشداران لە کۆبوونەوەی نووسینی ماددەی هەشت‌دا کاک سەلاح دەڵێ: “هەموو ڕازی بوون، هیچکەس قسەی نەبوو تەنانەت قاسملوو کەوتە پاکانە و دواتر گوتی بەڵێ ئەمن ئیمزام کردووە بەڵام لە ژێر تەئسیری مەجلیسەکەدا بووم  مەجبوور بووم . دواتر کە مەلا مستەفا بەڕەحمەت چوو، لە شنۆ ناشتیان، قاسملووی ترسان. کەوابوو مەلامستەفا نفووزی هەیە و خەڵك خۆشی دەوێت” باشە لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا کاک سەلاح خۆی نەترسا؟ ئایا دوای ناشتنەکەی ئەویش پێیوابوو “مەلا مستەفا نفووزی هەیە و خەڵک خۆشی دەوێت” یان ئێستا ئەوە دەڵێت. ئەگەر ئەو کات پێیوا بووە ئەی بۆچی ئەویش وەکوو دوکتور قاسملوو پاکانەی بۆ نەکرد؟ کاک سەلاح لە هیچ شوێنێك نایسەلمێنێت کە ئەو کاتەی ئەو ماددەیە بە دڵی ئەو بووە و پێی باش بووە و دیفاعی لێکردووە. بریا ئەویش قبووڵی بکردایە کە خۆی دەستی هەبووە لە نووسین و داڕشتنی‌دا بەڵام ئەمڕۆ هەڵوێستی گۆڕدراوە و بۆیەش هەر لە یەکەم گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان چووەتە لای کاک مەسعوود و کاک نێچیرڤان لە پیرمام و سەلاحەددین.

غەنی بلووریان

مامە غەنی لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە کتێبی ئاڵەکۆك‌دا (چاپی ساڵی ١٩٩٧لاپەڕەکانی ٢٩٢تا ٢٩٤) چەندین قسەی زۆر سەیر دەگێڕێتەوە؛ هەڵبەت لانیکەم سێ کەس لە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە دەڵێن کە غەنی بلووریان هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر بە ماددەی هەشت دەرنەبڕیووە. بلووریان دەڵێ: ” لە سەرەتای دانیشتنەکەدا لایەنگرانی چریک و بەتایبەت کۆمەڵە هەراوهوریایەکی زۆریان دژی دوکتور قاسملوو سازکرد و گوتیان: “چونکوو ناوبراو ئەندامی حیزبی توودەیە نابێ لە وتووێژدا بەشداری بکات.” من و شێخ عێزەدین هەرچەند ئەویش بە لایەنگری کۆمەڵە دەژمێردرا، دژی ئەو بۆچوونە ڕاوەستاین و پاشەکشەمان پێکردن و گوتمان قاسملوو لە حیزبی توودەدا نەماوە و سکرتێری حیزبی دیموکراتە و ئێمە هیچ کارمان بە ڕابردووی ئەو نییە.” باشە خودی کۆمەڵە وەک گوتمان هێشتا لە هیچ شوێنێك دیار نییە ئەوە چۆنە کە مامە غەنی بەتایبەتی نەک هەر لایەنگرانی کۆمەڵە دەناسێت، بەڵکوو ئەوەش دەزانێت کە مامۆستا شێخ عێزەدین “بە لایەنگری کۆمەڵە دەژمێردرا”! مامۆستا قەت نەچووە ناو ئەو بابەتەوە کە دوکتور قاسملوو کەی و چۆن لە حیزبی توودەدا بووە و کەی هاتووەتە دەرێ. جگەلەوە لە کاتێکدا کە خودی کۆمەڵە بە واتای سەیدبرایم عەلیزادە هێشتا خۆی دەرنەخستبوو، چۆن دەکرێ “شێخ عێزەدین بە لایەنگری بژمێردرێت؟”

بەڵام بەپێی گێڕانەوەی غەنی بلووریان کارێکی زۆر سەیر کراوە کە مرۆڤ بیری فیلمی سینەمایی دەکەوێتەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە نوێنەرانی شارەکانی کوردستان کۆبوونەتەوە و خەریکن گەڵاڵەی پێشنیارەکانی میللەتی کورد بنووسن و بیدەن بە هەیئەتی دەوڵەت. بە گوتەی کاک سەلاح ئەو دانە دانە پێشنیارەکانی وەرگرتووە، گەڵاڵەی داڕشتووە، داویەتی بە دوکتور قاسملوو چاکی کردووە و پاکنووسی کردووە. کەچی مامە غەنی دەنووسێت: ” لایەنگرانی کۆمەڵە گەڵاڵەیەکی هەشت مادەیی‌یان ئامادە کردبوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەشیان کرد. لە مادەی هەشتی ئەو گەڵاڵەیەدا نووسرابوو: “بارزانییەکان دەبێ لە خاکی ئێران دەربکرێن.” دیارە ئەم قسەیە بە پێچەوانەی ئیسراری کاک سەلاحە کە دەڵێ ناوی بارزانییەکان نەنووسرابوو! بەپێی ئەم بۆچوونەی مامە غەنی نە دوکتور قاسملووی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات، نە مامۆستا شێخ عێزەدین، نە خودی غەنی بلووریان کە ٣٢ ساڵی ژیانی لە زیندانی سیاسی شادا و لە ناو کۆمەڵێک مرۆڤی لێهاتووی سیاسیدا ژیاوە و دەبوو دەریایەک لە ئەزموونی کار و لێکدانەوەی سیاسی هەبێت، نە کاک سەلاح بەو ئەزموون و ڕابردووە سیاسییەوە، هیچکامیان ناڵێن ئەرێ باشە “لایەنگرانی کۆمەڵە” بۆ بوونەتە هەمە کارە و بێڕێزی دەکەن بە نوێنەرانی شارەکانی کورستان ؟! باشە مامە غەنی ئەگەر “لایەنگرانی کۆمەڵە” گەڵاڵەیەکی هەشت ماددەیی‌یان ئامادە کردبوو، ئەدی ئێوە لەوێ بۆ هەتا نیوە شەو ئەو خەڵکە و نوێنەرانی حکوومەتتان چاوەڕوان هێشتەوە و نزیکەی سەعات یەکی دوای نیوەشەو کارەکان کۆتایی پێدێت؟ . .

کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی پێنج مانگ دوای ئەو کۆبوونەوەیە هەر لەو شاری مەهابادە لە کۆبوونەوەیەکی “جمعیت راە رهایی زحمتکشان” و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسووڕانی ئاشکرای ئەندامانی کۆمەڵە دەڵێ “بەناو خودی کۆمەڵەوە بە ئاشکرا لەناو خەڵکدا فەعالییەتمان نییە”، کەچی پێنج مانگ پێشتر مامە غەنی لایەنگرانی کۆمەڵە دەناسێتەوە کە بە گەڵاڵەیەکی هەشت خاڵییەوە خۆدەکەن بە ژوورێدا!

غەنی بلووریان چەند دێڕ دواتریش لێکدانەوەی هەیە و دەڵێت: ” ئەو داخوازە ڕوونەی کۆمەڵە، یان باشترە بڵێم کۆمەڵە و شێخ عێزەدین، کە هیچ پێوەندی بە مافی نەتەوەی کوردی بۆ مەبەست نییە، بەداخەوە دوکتور قاسملوو بۆ ئەوەی جێ پێی خۆی بکاتەوە، چووە ژێر تەئسیری شێخ عێزەدین و ئەو داخوازە ناحەز و ناکوردانەی کۆمەڵە و شێخ عێزەدینی مۆر کرد.” باشە مامە غەنی پێمان ناڵێت ئەدی خۆی بۆچێ چووە ژێر باری “داخوازی ڕوونی کۆمەڵە و شێخ عێزەدین” و نە خۆی هیچی گوت و نە وایکرد کە دوکتور قاسملوویش نەکەوێتە دۆخێکی خراپەوە؟ ئەدی جەنابتان بۆ چوونە کۆبوونەوەکەوە؟ لەبەرچی لەبەرامبەر ئەو کارەدا نەوەستان کە پێتان خراپ بوو؟ بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ مامە غەنی وەکوو ئەندامی شۆرای شاری مەهاباد بەشداری ئەو کۆبوونەوە بووە، هەرچەند مەلا عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێ ” لە ئێمە تەنیا دوکتور قاسملوو بەشدار بوو. مامە غەنیش بەشدار بوو وەک کەیخودایەک و کۆنە زیندانییەکی سیاسی. دیارە حیزبی بوو.”

بەڵام با بزانین مامە غەنی چەند ڕۆژ پاش ئەو کۆبوونەوەیە کە ئەوەندە لێی ناڕازییە چۆن لەگەڵ ڕۆژنامەکان قسەی کردووە.

ڕۆژنامەی ئیتلاعات ٥ی ڕەشەممە ١٣٥٧ – واتە شەش ڕۆژ دوای نووسینی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد و پێنج ڕۆژ پێش کۆچی دوایی مەلا مستەفا – دەنووسێت: “بەڕێز غەنی بلووریان جێگری شورای شۆڕشی مەهاباد و ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو مەلا مستەفا بارزانی کە ئێستا لە ئەمریکا دەژی، بە هۆی دەست‌وپێوەندی خۆیەوە لەگەڵ هێندێك لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردی ئێران لە سنووری تورکیا پەیوەندی گرتووە و ڕایگەیاندووە ئەمریکا پشتیوانی لەو دەکات کە ببێتە ڕێبەری کوردەکان بۆ وەدەستهێنانی داخوازییەکانیان، بەڵام سەرۆک عەشیرەتەکان ئەم پێشنیارەی مەلا مستەفا بارزانی‌یان قبووڵ نەکردووە و وتوویانە ئەوان بەهیچ لەونێك جیاوازیخواز نین.” ڕێبەرانی کورد هەروەها نایشارنەوە کە جەلال تاڵەبانی بە دامەزرانی کوردستانێکی خودموختار لە ئێران خۆشحاڵ دەبێت بەڵام . . لەسەر ئەو باوەڕەن کە تاڵەبانی هیچ کێشەیەکی لەسەر سنووری ئێران و عێراق نەخولقاندووە.”

لە لایەکی ترەوە لە لاپەڕەی ٣ی ڕۆژنامەی کەیهان ڕۆژی ٩ی ڕەشەممە واتە ٢٨/٢/١٩٧٩ دەخوێنینەوە: “حیزبی دیموکرات پاش ٣٢ ساڵ هەڵسووڕانی نهێنی ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە بە شێوەی ڕەسمی ئاشکرا دەبێت. غەنی بلووریان یەکێك لە ئەندامانی بەرجەستەی حیزبی دیموکرات گوتی: ‘پێش‌بینی دەکرێت ناوەرۆکی بەرنامەی حیزب لەم قۆناغەدا هەر لە چوارچێوەی ئەو ٨ ماددەییەدا بێت (گەڵاڵەی هەشت ماددەیی نوێنەرانی کوردی مەهاباد) کە پێشتر ڕاگەیەندراوە.'”

هەڵوێستەکان ئاشکران؛ غەنی بلووریان بە هۆی نزیکی لە حیزبی توودەوە دژی ئەمپریالیسمی ئەمریکا بوو، ئەم لێدوانانەیش ڕێك پێش کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا و گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان نووسراوە! چۆن دەکرێ کەسێك بەو شێوەی کە لە کتێبەکەیدا نووسیوویەتی دژ بە گەڵاڵەی هەشت خاڵی و بەتایبەت خاڵی هەشتەم بێت، بەڵام لەگەڵ ڕۆژنامەکانی تاران بەو چەشنە بدوێت و تەنانەت گەڵاڵەی هەشت خاڵی وەکوو چوارچێوەیەك بۆ بەرنامەی حیزبی دیموکرات لەو قۆناغەدا بزانێت؟

بەداخەوە ئاشکرایە غەنی بلووریان کە ئەو سەردەمە لە ڕوانگەی حیزبی توودەوە بەرامبەر بە پارتی و قیادە موەقەت هەڵوێستێکی تری هەبوو و لە جیهانبینی ئەودا دەبوو پشتیوانی یەکیەتی سۆڤییەت بۆ کوردەکان ڕابکێشرێت و هەر چەشنە نزیک بوونەوەیەك لە “ئەمپریالیسمی ئەمریکا”ی ڕەد دەکردەوە، ئێستا لەباتی ئەوەی بڵێ ئەو هەڵوێستەی خۆی و حیزبی توودە هەڵە بووە و نەدەبوو پشتیوانی بکات لە وەها گەڵاڵەیەک و وەها ماددەیەك بەرامبەر بە بارزانی، مێژوویەکی سەرتاپا چەواشە و پرژوبڵاو دەگێڕێتەوە.

لەلایەکی ترەوە ‘د.کامران ئەمین ئاوە’ لە وتارێکدا ئاماژە بە هەڵوێستی حیزبی توودەی ئێران دەکات لەسەر بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دیموکرات. بە پێی ئەم وتارە حیزبی توودە ڕەخنەدەگرێت لە بۆچوونەکانی ڕێبەرایەتی حیزبی دیموکرات. “ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٥٨ [واتە نزیکەی حەوت مانگ پاش نووسینی هەشت ماددەیی مەهاباد] حیزبی توودە لە ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندی‌دا دەنووسێت: ‘ بەداخەوە هێندێك لە دۆستانی کورد هەر لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی چالاکی خۆیانەوە لە ژێر کاریگەری لادەرانەی مستەفا بارزانی و دەست وپێوەندە بێگانەکانی ترەوە کەوتنە هەڵوێست وەرگرتنی ناڕاست لە سیاسەتی ناوخۆیی و گشتیدا . . .” هیچکەس ئینکاری پێوەندی نزیکی غەنی بلووریان ناکات لە گەڵ حیزبی توودەدا. کەوابوو ئەو بێدەنگییەی مامە غەنی بەرامبەر بە نووسینی ماددەی هەشت لەگەڵ ناوەرۆکی ئەم ڕاگەیاندنەی حیزبی توودەشدا دێتەوە.

لەبەر ئەوە کتێبەکەی غەنی بلووریان بە یارمەتی کاک حامید گەوهەری بەرهەم هاتووە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەرنجێك بدەمە سەر ئەو بەشە لە کتێبەکەی خودی گەوهەری بە نێوی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دە ساڵدا ١٩٧٨ تا ١٩٨٨” کە ساڵی ٢٠١١ چاپکراوە. لەم کتێبەدا کاک حامید چەند لاپەڕەیەکی (١٠٥ تا ١١٣) تەرخان کردووە بۆ گێڕانەوەی جیاواز لەو کەسانەی کە بە نەوعێك لە کۆبوونەوەی ئەو شەوەدا بەشدار بوون. قسەکانی کاک سەلاح موهتەدی و میرزا ڕەحیم خەڕازی دەگێڕێتەوە. جگە لەوە بەدوای تێئۆرییەکی تازەدا دەگەڕێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەند کەسێک قسەی کردووە و ئەوە دەکاتە سەرچاوەی بڕیاردانێك کە بۆ نووسەر و لێکۆڵەرێکی جیددی بەتەواوی نەگونجاوە. لە شوێنێكدا دەڵێ “مامە غەنی و دوکتور قاسملوو دژی [ماددەی هەشت] دەوەستن بەڵام دواتر واز لە پێداگرتن دەهێنن و لە ئەنجامدا سەلاح پێشنیارەکەی دەسەپێنێت!”

حامید گەوهەری لە پێشەکی ئاڵەکۆك‌دا دەڵێ کە لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ هەتا ١٩٩٧ خەریکی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی کتێبی ئاڵەکۆك بووە بۆ مامە غەنی؛ کەوابوو غەنی بلووریان کە بۆخۆی لە کووبوونەوەکەدا بووە و سێزدە ساڵ دوای کۆبوونەوەکەی مەهاباد دەستی کردووە بە ئامادەکردنی بیرەوەرییەکانی، دەبێ زۆر شتی لەبیربووبێت. گەوهەری لە کاتێکدا خۆی گوتەنی پێنج ساڵ خەریکی ئەم کارە بووە، نەدەبوو هێندێك پرسیار بکات لە مامە غەنی کە بە وردی کۆبوونەوەکە بگێڕێتەوە؟ دوای نزیکەی سی ساڵ لە چەند کەسێك کە هیچکامیان لە کۆبوونەوەکەدا نەبوون و ئەو سەردەمانە هات‌وچووی مامۆستا شێخ عێزەدینیان کردووە دەکۆڵێتەوە و دەیانکاتە بەڵگەی گرینگ، بەڵام ناچێتە ناو قووڵایی باسەکەوە لەگەڵ غەنی بلووریان کە خۆی یەکێك لەو پێنج کەسە سەرەکییە بووە لە کاتی نووسینی ٨ ماددەییەکەدا. 

گەوهەری زۆر بە دڵنیاییەوە دەنووسێت: “تەرحی هەشت ماددەیی پێشتر داخوازینامەیەکی حەوت ماددەیی بوو، بەڵام لایەنی کوردی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا ماددەیەکی تری بۆ زیاد کرد.” (ل ١٠٥) هەروەها “نووسینی ماددەی هەشتی ئەم گەڵاڵەیە هیچ پەیوەندی بەو کۆبوونەوەیە و مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاتنی لیژنەی حکومەتی کاتی بۆ مەهاباد نەبوو. . . پلانێك بوو کە پێشتر دژی داخوازەکانی گەلی کورد و بەتایبەتی پارتی دیموکرات . .  و . . . حیزبی دیموکرات گەڵاڵە کرابوو”(ل ١٠٧)

بێگومان نووسینی ماددەی هەشت دیاردەیەکی کتوپڕ . . نەبوو. پێشتر قسەی لەسەر کراوە و لە لایەن یەکیەتی جووتیاران، جەمعیەتی ڕێگای ڕزگاری زەحمەتکێشان، مەلا شێخ عێزەدین و چریکی فیدایی خەڵکی ئێران لقی کوردستانەوە پەسەندکراوە. نووسینی ماددەی هەشت لێرەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕۆژێك بەر لە کۆبوونەوەی ماڵی ڕەحیم خەڕازی، چەند کەسێك لە ماڵی مەلا شێخ عێزەدین حوسێنی کۆدەبنەوە و ئەو ماددەیە دەخەنە بەرباس و پەسەندی دەکەن”!!(ل ١٠٩)

بە پشت بەستن بە قسەیەکی گەنجێکی لایەنگری چریکی فیدایی‌یەوە و دوای زیاتر لە بیست‌وهەشت ساڵ باس لە کۆبوونەوەیەک دەکات کە گوایە ڕۆژی پێش نووسینی ئەو گەڵاڵەیە [٢٨ ڕێبەندان] لە ماڵی مامۆستا کراوە و کاک فوئاد و کاک محمدامین شێخانی لەلایەن چریکی فیدایی و کاک سەلاح لەوێ بوون و سەبارەت بە مادەی هەشت قسە کراوە! تەنانەت لە زمان ‘هوشیار ئیمامی’یەوە دەگێڕێتەوە کە گوایە دەقی خاڵی هەشت لەوێ ئامادە کراوە و “دوای ئەوەی کە نووسینەکەی کاک سەلاح‌مان ڕێكوپێک کرد، من کۆپییەکم برد بۆ ڕێکخراوەکەمان و ئەوانیش دەنگیان بۆدا.” (ل ١١١)

گەوهەری دەڵێ ساڵی ٢٠٠٨ پرسیارم لە مامۆستا شێخ عێزەدین کردووە و مامۆستا وتوویەتی “لەو ڕۆژەدا هیچ کۆبوونەوەیەك لە ماڵی مندا نەکراوە”. من بۆخۆم کە باسی وەها کۆبوونەوەیەکم پێشتر لە هیچکەس نەبیستبوو، لەگەڵ چەندین کەس لەوانەی کە ئەو ڕۆژانە و دواتریش بەردەوام لەماڵی مامۆستا و لەگەڵ مامۆستا بوون و هەروەها لەگەڵ چەند نەفەر لە بنەماڵەی مامۆستا شێخ عێزەدین قسەم کرد. هیچکام لەو کەسانە وەها کۆبوونەوەیەک ناسەلمێنن. بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەكی لەو نەوعە ساز بکرێت، پێویستی بە ڕێکخستن و ئامادەکاری هەیە. کە ئەو کارەش لەو ڕۆژانەدا مەحاڵ بووە!

لەکاتێکدا کە سەرانی کۆمەڵە ڕۆژی پێشتر لە سەقز خەریکی ناشتنی تەرمی حەمە حوسەین کەریمی و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لەودا بوون و سەریان قاڵ بوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی هەڵسووڕانی ئاشکرای کۆمەڵەوە، لە کاتێکدا کە ئەو ڕۆژانە بشێوییەکی سەیر نەك هەموو شارەکانی کوردستان بەڵکوو دام‌ودەزگا ئیداری و حکوومییەکانیشی گرتبووەوە، لە کاتێکدا کە دۆستان و بنەماڵەی مامۆستا بەردەوام خەریکی وەڵامدانەوەی تەلەیفوون و بەخێرهێنان و ڕاگەیشتن بە میوانانی دوور و نزیک بوون کە بۆ سەردانی مەهاباد و مامۆستا دەهاتن، ئەمە چۆنە کە خەریکن وەها کۆبوونەوەیەک ساز دەکەن! ئەندامانی ناوەندی ئەو کاتەی کۆمەڵە دەڵێن لەو ڕۆژانەدا هیچ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بەو دانیشتنە و چۆنییەتی هەڵوێست وەرگرتن لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی بازرگان، لە لایەن کۆمەڵەوە نەکراوە. سەید برایم عەلیزادە کە لەو ڕۆژانەدا بە نهێنی لە مەهاباد بووە پێیوایە کاک فوئاد ئەو کەسە نەبوو بە بێ ئاگاداری کومیتەی ناوەندی و هاوڕێکانی لەو نەوعە کارە بە ناوی کۆمەڵەوە بکات.

هیچکامیشیان خەبەریان نەبوو کە وەها هەیئەتێك خەریکە بێت بۆ کوردستان. بەپێی سەرچاوەی باوەڕپێکراو ڕۆژی ٢٨ی مانگ “لە لایەن دەفتەری سەرەکوەزیران لە تارانەوە تەلەیفوون دەکرێت بۆ ماڵی مامۆستا و ئاگاداری دەکەن کە هەیئەتێك بەڕێوەیە بۆ کوردستان و سەردانی ئەویش دەکەن.

گەوهەری دەشنووسێت کە بە پێچەوانەی قسەی مامۆستا شێخ عێزەدین، نە شێخ جەلال و نە مەلا خدر ساردکێ لە کۆبوونەوەی ماڵی میرزا ڕەحیم خەڕازیدا نەبوون! با لەوە بگەڕێین کە چەندین سەرچاوە و لەوانە خودی مامۆستا بۆ منیان گێڕاوەتەوە کە ئەو دوو کەسە لەگەڵ سەننار مامەدی و ئەوانی دیکە لەو کۆبوونەوەدا بوون لە ماڵی میرزا ڕەحیم. بەڵام مرۆڤ بەلایەوە سەیرە کە حامید گەوهەری مەبەستی لە وەدرۆخستنەوەی ئەو قسەیە چییە، لە چی دەگەڕێت و دەیهەوێت چی ئیسبات بکات!!

گەوهەری بۆ بەرپەرچدانەوەی قسەی کاک سەلاح لە لاپەڕەی ١٠٨دا ئەوە دەسەلمێنێت کە ” لەو مێژووەدا نەك یەکیەتی جووتیاران بەڵکوو حیزبی دیموکراتیش هێشتا خۆی ئاشکرا نەکردبوو کە بنکە و بارەگای چەکداری هەبێت.” بەوەشەوە ناوەستێت و لە زمان کاک ڕەزا مستەفا سوڵتانی برای کاک فوئادەوە دەنووسێ “یەکیەتی جووتیاران چەند مانگ دوای قەتعنامەی مەهاباد چالاکی خۆی دەستپێکرد و . . هێزەکانی یەکیەتی جووتیاران و قیادەی موەقەت قەت بەشەڕ نەهاتوون.” کەچی گەوهەری مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەکات کە هەر چەند دێڕ لە خوارترەوە لە لاپەڕەی ١٠٩دا دەڵێ “بێگومان نووسینی ماددەی هەشت دیاردەیەکی کتوپڕی و لەناکاو نەبووە . . .بەڵکوو پێشتر قسەی لەسەر کراوە و لەلایەن یەکیەتی جووتیاران ، جەمعیەتی ڕێگای ڕزگاری زەحمەتکێشان، مەلا شێخ عێزەدین و چریکی فیدایی لقی کوردستانەوە پەسەند کراوە!”

سەیرەکە لەوەدایە کە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، نە یەکیەتی جووتیاران، نە جەمعیەتی ڕێگای ڕزگاری زەحمەتکێشان و نە لقی کوردستانی چریکی فیدایی هێشتا دانەمەزرابوون و چالاکی خۆیان دەستپێنەکردبوو! یەکەم جەمعیەت بە ناوی “جمعیت آزادی و انقلاب” لە سنە بوو هەر لەو ڕۆژانەدا دادەمەزرێت. ئەم بیرۆکەیە چەند ڕۆژ و هەفتەی پێدەچێت هەتا دەگاتە شارەکانی دیکە. لە مەهاباد چەندین چالاکی ئەو سەردەمەی شاری مەهاباد دەیسەلمێنن کە لە نێوان یەکەمین و دووهەمین هەفتەی مانگی ڕەشەمەدا دامەزراوە. لقی کوردستانی چریکی فیدایی یەکەم دەرکەوتنی لانیکەم یەك هەفتە دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، لە شاری سنە بووە و چەند ڕۆژێکی پێچووە هەتا لە سنە و دواتر لە مەهاباد و بۆکان و . . مەقەڕیان کردووەتەوە. (وەکوو نموونەیەك جەمعییەت لە شاری سەقز کە بۆخۆم بەشداریم تێدا کردووە لە سێهەمین ڕۆژی نەورۆزی ١٣٥٨دا دامەزرا!) ئەم گێڕانەوەی کاک حامید لە ڕاستیدا تێکەڵ کردنی بیرەوەری و ڕووداوی هەفتە و مانگەکانی دواترە لەگەڵ ڕووداوی پێشتر بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی لەپێشدا دیاریکراو! واتە ئەو ڕەخنەی کە گەوهەری لە کاک سەلاح موهتەد‌ی دەگرێت یەخەی خودی خۆی دەگرێتەوە!

سەرەنجام ئەوەی کە بیرەوەرییەکانی غەنی بلووریان لە لایەن کاک حامید گەوهەرییەوە کۆکراوەتەوە و نووسراوە. بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کە لەو کتێبەی حامید گەوهەریدا ئاماژە بە بۆچوونەکانی بلووریان ناکات! باشە ئەو کە خۆی ئەو دێڕانەی بۆ مامە غەنی نووسیووە کە یەکێك لە بەشدارانی سەرەکی کۆبوونەوەکەی مەهاباد بووە لەبەر چی لەبیری نەماوە کە ئەو دەڵێ: “لایەنگرانی کۆمەڵە گەڵاڵەیەکی هەشت مادەیی‌یان ئامادە کردبوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەشیان کرد. لە مادەی هەشتی ئەو گەڵاڵەیەدا نووسرابوو: “بارزانییەکان دەبێ لە خاکی ئێران دەربکرێن.” ئەی ئەوە چۆنە کە مامە غەنی خۆی ناڵێ من دژ بەو ماددەی هەشت وەستام و تەنانەت دەڵێ “بەداخەوە دوکتور قاسملوو بۆ ئەوەی جێ پێی خۆی بکاتەوە، چووە ژێر تەئسیری شێخ عێزەدین و ئەو داخوازە ناحەز و ناکوردانەی کۆمەڵە و شێخ عێزەدینی مۆر کرد”.  ئەی نەدەبوو کاک حامید بیر لەوە بکاتەوە ئەو مامە غەنی‌یە کە ئەو بیرەوەرییەکانی بۆ نووسیووە ئەوە دەڵێ بۆ دوکتور قاسملوو؛ مانای ئەم قسە ئەوەیە کە خودی مامە غەنی لەبەر ئەوە هیچ پێویستی نەبووە بەوەی کە “جێ پێی خۆی بکاتەوە”، دەبوو بڵێ کە من دژ بەو ماددەیە وەستام و ئیمزام نەکرد! بەڵام قسەی لەو چەشنە لە کتێبەکەی مامە غەنی‌‌دا نییە. بەڕاستی ئەم تیئۆری تەوتیئە کە گەوهەری هۆنیویەتەوە زۆر لێرەدا بڕ ناکات!

دوکتور قاسملوو

لە ئارشیڤی ڕۆژنامانەکانی ئەو سەردەمەدا کە لەبەردەست‌دان، لە زمان دوکتور قاسملووەوە ئەم گێڕانەوەیە بەرچاو دەکەوێت کە بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی لە هەر هەشت ماددەکەی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهاباد دەربڕیوە. ڕۆژنامەی ئیتلاعات ٣/١٢/١٣٥٧ لە زمان دوکتور قاسملووەوە دەنووسێت: “قاسملوو هەروەها ئاماژەی بە گفتوگۆکانی خۆی کرد لە گەڵ داریووش فرووهەر و بە سەرکەوتووانەی دانا و گوتی بەیاننامەیەکی هەشت ماددەیی دراوە بە فرووهەر کە داخوازییەکانی خەڵکی کورد دەگرێتەوە… ناوبراو هیوای خواست کە داواکارییەکانمان بدرێت بە ئایەتوڵڵا خومەینی و [مەهدی] بازرگان و ئەوانیش وەڵامێکی دیاریکراومان پێبدەنەوە. . . ” دوکتور قاسملوو کە لە قسەکردن و وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا زیرەك و وردبین بوو، ئەگەر– ئەو جۆرە کە هێندێك کەس ئیدیعا دەکەن – لەو ڕۆژانەدا دژ بە ماددەی هەشت بوایە، تەنها دەیگوت داخوازییەکانی خۆمان داوەتە هەیئەتی دەوڵەت، نەك ئەوەی بە ئاشکرا باس لە “بەیاننامەی هەشت ماددەیی” بکات کە دیارە هەر هەشت ماددەکە دەگرێتەوە.

سەننار مامەدی

یەکێك لەو کەسانەی لە ژووری ئامادەکردنی گەڵاڵەکەدا لە ماڵی میرزا ڕەحیم خەڕازی بەشدار بووە و ناوی دیارە و لە چەند لاوە ئاماژەی پێکراوە، سەننار مامەدی‌یە. کاک سەننار بیرەوەرییەکانی خۆی بە فارسی نووسیووە و بەرگی یەکەم و دووهەمی بەناوی “خاطرات و یادها”، بڵاوبووەتەوە. دواتر لە کتێبێکدا بە نێوی “حملە، اعدام، . . بلوریان . . و فهرستی از خاطرات من.” چاپی یەکەم ١٩٩٩ لە لاپەڕەکانی ١٢٩ – ١٢٧ دا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی مەهاباد ئاماژەیەكی بەم جۆرە دەکات: “من ڕەوتی تەواوی ئەو کۆبوونەوەیەم لە بیرەوەرییەکانمدا نووسیووە”. زۆرم هەوڵدا ئەو کتێبەم دەست نەکەوت. بەپێی قسەی ئەو دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە کە بەرگی یەکەم و دووهەمی بۆ چاپ کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، بەرگی سێهەم هێشتا لە دەستنووسەوە نەگەیشتووەتە چاپ کردن. دواتر بۆم دەرکەوت کە لەژێر چاپدایە و وادیارە بە پێچەوانەی ئەو ئاماژەی سەننار مامەدی، باسێك لە کۆبوونەوەکەی مەهاباد لەو کتێبە تازەیشدا نییە! بەڵام لەو کتێبەی دیکەدا ئاماژەیەک دەکات بە کۆبوونەوەکە و بەم شێوەیە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێتەوە: “پێشنیارەکەی خۆم سەبارەت بە ڕێبەرانی قیادە موەقەت نووسی و دام بە موهتەدی. کاک سەلاح زیاتر لەوەی کە من نووسیبووم بە دەربڕینێکی شیرین و ڕەوان و بە بەڵگەهێنانەوە دایڕشت. لە پێشنووسی ماددەی هەشتدا، کە دواتر نووسرا، بە واتای سەلاحەدین موهتەدی چاکسازییەکی سەرنجڕاکێشم پێشکەش کرد. بەڵام غەنی بلووریان سەرۆکی حیزب، لەو کۆبوونەوەیەدا کە چەند سەعاتی خایاند، زمانی نەگەڕا . . ” دیارە سەننار مامەدی بە تەوسەوە وەکوو سەرۆکی حیزب باس لە مامە غەنی دەکات چونکوو ئاشکرابوو کە دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتە. هەروەها مامەدی‌ش پێمان ناڵێ ئەو ماددەی هەشتە لە پێشدا چۆن نووسرابوو. 

ئیبراهیم یۆنسی

کاک برایم یۆنسی لە کتێبی “تا فردا خدا نگهدار” [هەتا بەیانی خواتان لەگەڵ] کە بە نازناوی ‘برایمۆک’ ساڵی ١٣٦٥ [١٩٨٦] (لاپەڕە ١٤٨ تا ١٥١) بڵاوبووەتەوە دەنووسێت: دەوڵەت لە نیوەی دووهەمی مانگی ڕەشەممەدا هەیئەتێکی ناردە کوردستان [هەڵبەت ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی ڕێبەندان بوو!]  ئەودەم من لە مەهاباد بووم. هەیئەت لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی دیموکرات و باقی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان دانیشتن و گوێیان گرت لە داواکارییەکانیان کە شەش یان حەوت خاڵ بوون  یەکێك لە خاڵەکان زۆر سەیر دەهاتە پێش چاو؛ داوایان لە دەوڵەت دەکرد کە بارزانییەکان لە کوردستان دەربکەن. بارزانی مردبوو، تەرمەکەیان لە ئەمریکاوە هێنایە تاران و لە تارانەوە بە هێلیکۆپتەر ناردیانە شنۆ و کوڕەکانی ببوونە جێگای سەرنجی زۆر.”

ئەم قسانەی کاک برایم یۆنسی زۆر سەیرە چونکوو: یەکەم، خۆی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە؛ دووهەم، هەموو کەس باس لە هەشت ماددە دەکات ئەو دەڵێ “شەش یان حەوت!” سێهەم، ئەو خاڵە باس لەوە ناکات کە “بارزانییەکان” لە کوردستان دەربکەن، بەڵکوو باسی ڕێبەرانی کردووە. چوارەم، لە کاتی دەرچوونی ئەو گەڵاڵەیەدا هێشتا مەلا مستەفا مابوو! کاک برایم کە بە نووسەریكی زۆر پڕ بەرهەم لە کوردستان و لە ئێراندا ناسراوە و ئەو هەموو کتێبەی نووسیووە و کارێکی زۆری لەسەر وەرگێڕانی مێژووی کوردستان کردووە، سەیرە بۆ ڕووداوێکی مێژوویی وا بەرچاو کە خۆی تێیدا بەشدار بووە ئەوەندە نادەقیق بێت و بەو شێوەیە بیگێڕێتەوە.

لەلایەکی‌ترەوە “مرکز مطالعات و تحقیقات جنگ” بەڵگەنامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ واتە ١٨/٤/١٩٧٩ لە لایەن ئوستانداری کوردستانەوە [کاک برایم یۆنسی ئوستاندار – پارێزگار بوو] نێردراوە بۆ وەزارەتی کیشوەر: “بە پێی دەنگوباسەکان لەم دوو ڕۆژەی دواییدا شەش سەد کەسی ‘قیادە موەقەت’ و کەسانێك کە پێشتر لە نزیکەوە لەگەڵ ساواک کاریان کردووە، هاتوونەتە ناوشار[ی سنە] و دەنگووی ئەوە هەیە کە پشتیوانی دەکەن لە بەڕێز ئەحمەد موفتی‌زادە.”

ڕەحیم  خەڕازی

میرزا ڕەحیم خەڕازی کە پیاوێکی ناسراو و دەوڵەمەندی شاری مەهابا بوو و ئەو شەوە کۆبوونەوەکە لەماڵی ئەوان کراوە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی پیام کوردستان ساڵی ١٣٨٤ واتە ٢٠٠٥دا گێڕانەوەیەکی زۆر سەیر و بەتەواوی جیاوازی هەیە لە شێوەی نووسینی خاڵی هەشتەم و بەتایبەت ڕەخنەی توند ئاڕاستەی کاک سەلاح موهتەدی دەکات.

خەڕازی دەڵێ:” ئەو هەشت ماددە لەماڵی ئێمە نووسرا . .  نوێنەری هەموو حیزبە سیاسییەکانی لێبوو. دوای ڕاوێژێکی زۆر حەوت ماددە نووسرا. پاشان هەموویان ڕۆیشتن. تەنیا ئاغای موهتەدی و ئەو دوکتورە قەد بڵیندەی بۆکانی کە نێویم لەبیر نەماوە . . مانەوە. لە دوایە ئەو دوو ئاغایە ماددەی هەشتیان لێ زیادکرد. هەر چەند پێم گوتن کاکە ئەو کارەی مەکەن، ئەوانە کوردن و زۆریان زەحمەت کێشاوە. بەڵام کاک سەلاح گوتی حەتمەن دەینووسین… بەیانی..  بە پەلە چووم بە قاسملوو و ئەوانم گوت، گوتیان چۆن شتی وادەبێ، بەڵام هیچ نەدەکرا، چون تازە ڕەد ببوو… هیچکەس ئیمزای نەکردبوو. ئەمن شاهیدم کاغەزەکە یا بە خەتی سەلاح و یا ئەو برادەرەی دیکە پاکنووس کرایەوە و یەک ئیمزایشی پێوە نەبوو.” دیارە میرزا ڕەحیم میواندارییەکی گەورەی کردووە و زەحمەتی کێشاوە و لەلای هەمووان ڕیزی زۆری هەبووە. بەڵام ئەوەی مەعلوومە لەو ژوورەی کە خەریکی نووسینی ئەو هەشت ماددەیە بوون، میرزا ڕەحیم‌ بە چاک یان بە خراپ هیچ ڕۆڵیکی نەبووە. کاک فوئادی لێدەرچێت کە بەداخەوە زۆر زوو گیانی بەخت کرد، باقی بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە باسی هەشت خاڵ دەکەن کە هەر ئەو شەوە دراوە بە نوێنەرانی حکوومەت. مامە غەنی پاش نزیکەی سێزدە ساڵ دەڵێ “هەشت مادە بوو، دوکتور قاسملوو مۆری کرد”! سەیرەکە لەوەدایە کە تەنانەت سەننار مامەدی بەبۆنەی ئەو تێبینییەی سەبارەت بە ماددەی هەشت بوویەتی، باسی لێکراوە و هیچ جێگای شک و گومانێك ناهێڵێتەوە کە ئەو گەڵاڵەیە هەشت ماددەی بووە و ماددەی هەشت دواتر لە کۆبوونەوەکەدا چاککراوە. مەعلووم نییە میرزا ڕەحیم پاش ٢٦ ساڵ بۆچی و بە چ مەبەستێك بەو شێوەیە دەیگێڕێتەوە.

مەلا عەبدوڵڵا حەسەن زادە

کاک مەلا عەبدوڵڵا لە کتێبی ئەزموونی خەبات‌دا (وتووێژی هەیاس کاردۆ چاپی دووهەم ٢٠١٢ لاپەڕەکانی ١٤٢ تا ١٤٤) دەڵێ: “لە ئێمە تەنیا دوکتور قاسملوو بەشدار بوو. مامە غەنیش بەشدار بوو بەڵام جارێ نەیدەگوت حیزبیم… وەک کەیخودایەک و کۆنە زیندانییەکی سیاسی. دیارە حیزبی بوو… هیچکەس بەناوی حیزب بەشدار نەبوو. لەو کۆبوونەوەدا هێندێك لە داخوازەکان گەڵاڵە کرابوون کە ببوونە حەوت ماددە. ماددەی هەشتەمیشیان ئەوە بوو، کە ئەوە پەسند کرابوو. دوکتور قاسملوو هەر بۆخۆی باسیکرد، هەم دوایە بە ئاشکراش باسی کرد کە ئەو موخالیفی بووە. بەڵام شتەکە بە جەمع پەسند کراوە. دوایە دوکتور لە کۆبوونەوەیەکدا لە مەهاباد قسەی کردو گوتی سەرفی نەزەر لەوەی نەزەرمان لەسەر قیادەی مووەقەت چیە، ئەو ماددەیە لەوێدا هەر جێی نییە.” ئەم گێڕانەوەی مەلا عەبدوڵڵا بە پێچەوانەی قسەی مامە غەنییە کە ئەڵێ قاسملوو بۆ کردنەوەی جێ پێی خۆی مۆری کرد! حەسەن‌زادە ناچێتە ناو باسەکەوە بەڵام ئەوە دەسەلمێنێت کە کەسەکان وەکوو خۆیان بەشدار بوون نەك بە نوێنەرایەتی ڕێکخراو و حیزبەوە. دواتر دەڵێ: “کاک سەلاح موهتەدی بۆخۆی دەوێدا بووە. ئەمن لەوێ نەبووم، بۆیە ناتوانم قەزاوەت بکەم. ئەو شتانەش هیچی وا بە جوزئیاتەوە نەنووسراون و ئێستایش ئێمە ئارشیوێکی وا کامیلمان لەدەستدا نیە. کاک فوئاد کە کۆمەڵە بوو وەک شەخسییەتێکی سیاسی مەریوان بەشدار بوو.کاک سەلاح وەک شەخسییەتێکی سیاسی لە بۆکان. دوکتور قاسملووش هەروابوو. هەرچەند ئەو دەناسرا کە سکرتێری بە. پیاو حەق بڵێ ئەو دەمی مامۆستا دەستی زۆر دەڕۆیی دیفاعی لە دوکتور کردبوو دەنا بەشێکی زۆریان ویستبوویان دەری کەن.”

حسن‌زادە لە بەشێکی تردا باسی ئەوە دەکات کە جمهوری ئیسلامی مادەی هەشتی گەورە کردەوە و دەڵێ: “یەك دوو ڕووداوی ناخۆشیش ڕوویاندابوو. پێشمەرگەی مە لە ماشینێکی وانیان دابوو پێیان وابوو ئی هێزەکانی ئێرانە. یان لە شنۆیە ئەوان [قیادە موەقەت] تەقەیان لە تەزاهوڕاتی خەڵکی کرد و ژمارەیەکیان لێ کوشتن.”

نەوشیروان مستەفا

کاک نەوشیروان لە کتێبی: پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن ١٩٩٧دا ( لاپەڕەی ٣٥ و ١١٦) دەنووسێت: “کۆچی مەلا مستەفا لە کوردستان و لە ناوچەکە و لە ناو حیزبە کوردیەکانی کوردستان‌دا بە جۆری جیا جیا دەنگی دایەوە. ناوبانگی مەلا مستەفا و پارتی لە ئێران باش نەبوو. بە نۆکەری شا و ساواک ناسرابوون. لە ناو کوردا بە بەرپرسی خوێنی سلێمانی موعینی و چەندین کەس لە کوردەکانی ئێران ناسرابوو. هەر لەبەر ئەوەش لە خۆپیشاندانی شارەکانی کوردستانی ئێراندا یەکی لەو هوتافانەی دوبارەیان ئەکردەوە: قیادەی موەقەتە، گورگە لە ناو میللەتا – کێ بوو سولەیمانی کوشت، بارزانی بوو بارزانی!” دوایە دەچێتە سەر کۆبوونەوەی مەهاباد و گەڵاڵەی هەشت خاڵی: “لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی شورای شارەکانی کوردستان لە مەهاباد یەکێ لە داواکانیان لە نوێنەرانی حکومەتی ئێران دەرکردنی قیادەی موەقەتە بوو. مردنی مەلا مستەفا لە ناو ئێران‌دا بە جۆری جیاواز دەنگی دایەوە. ڕۆژنامەکانی تاران بە تایبەتی ئەوانەی لای چەپ بوون، بە خراپی لەسەریان نووسی. قسەکەرێکی حدکا لە ڕۆژنامەکانی تاران‌دا دژی قسەی کرد و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بەیانێکی درێژی لە سەر دەرکرد، کردەوەکانی مەلا مستەفای بەرامبەر کوردەکانی ئێرانی بەبیر هێنابووەوە.”

لە درێژەی نووسینەکەیدا نەوشیروان مستەفا سەرنجێکی هەیە کە جێگای تێڕامانە: ” ئێستا کە بە ڕابردوودا دەچمەوە پێموایە ئەبوو ئەوسا ئێمە سەرکردایەتی یەکێتی هەڵوێستێکی ترمان هەبوایە. سەرەڕای دوژمنایەتی لەگەڵ یەکێتی و هەموو کارە خراپەکانی، مەلا مستەفا بە گەورەترین سەرکردەی کورد دائەنرا. ئێمەیش لەو ڕۆژانەدا لەباتی ئەوەی هێرشی بکەینە سەر، پەیامی پرسە و سەرەخۆشی‌مان بۆ بنەماڵەی بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی بناردایە، ئەگەر چی بە دەنگمانەوە نەئەهاتن. بەڵام ئێمە ئەوەمان بکردایە بە بۆنەیەک . . . بۆ “ئاشتبوونەوەی نەتەوەیی”. بەڵام ئێمە ئەوەمان نەکرد چونکوو هێشتا لە ژێر تەئسیری ڕووداوەکانی هەکاری‌دا کاس و تاسابووین. بیرمان لە هیچ نەئەکردەوە “تۆڵە” نەبێ. لەناو ئێمەدا هەبوون ئەم مردنەیان لەو کاتەدا بە “انتقام الهی” دائەنا.”

جەلیل گادانی

کاک جەلیل گادانی لە کتێبی “٥٠  ساڵ خەبات، کورتە مێژوویەکی حیزبی دیموکرات – بەرگی یەکەم”، بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە:

بەهۆی تێکۆشانی هاوڕێیانی حیزبی لە تاران . . . لەڕۆژانی ئاخری ڕەشەمەی ١٣٥٧دا وەفدێك لەلایەن دەوڵەتی کاتیی بازرگانەوە هاتە مەهاباد.[دیارە مەبەست ئاخری ڕێبەندانە] . . لەگەڵ نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان و یەک لەوانە دوکتور قاسملوو لە ماڵی میرزا ڕەحیمی خەڕازی دانیشتن، لە ئاکامدا ویستی گەلی کورد لە حکوومەتی کاتی لە ٨ ماددەدا نووسراو پێشکەشیان کرد. حەوت خاڵ زۆر باش بوون بەڵام خاڵی هەشتەم مەعلووم نەبوو دوکتۆر قاسملوو بۆ لەم هەلومەرجە ناسکەدا قبووڵی کردووە؟ . . ئەم خاڵە لەسەر قیادەی مووەقەتی پارتی بوو، لە ساڵەکانی دواییدا زیانی زۆری بە جووڵانەوەی کورد گەیاند. لە ماددەی هەشتدا بە پێچەوانەی ئوسوولی میوانداری و کوردایەتی لە حکوومەت داوا کرابوو قیادە مووەقەت لە ئێران نەمێنێ.” کاک جەلیل وەکوو هەشت ماددەیی ناوی لێدەبات و دەڵێ کە دوکتور قاسملوو قبووڵی کردووە بەڵام ڕوونی ناکاتەوە لەبەر چی ئەو ماددەیە زیانی زۆری بە بزووتنەوەی کورد گەیاند. خۆ حیزبی دیموکرات هەر زۆر زوو لە زمانی سکرتێری گشتی و چەندین کەسی کۆمیتەی ناوەندییەوە ڕایانگەیاند کە ئەوان پشتگیری لە خاڵی هەشتەم ناکەن. جگە لەوە دیداریش لە نێوان سەرکردایەتی حیزبی دیموکرات و قیادە موەقەت [پارتی]دا هەبوو. خۆ کۆمەڵە و هیزە چەپەکانی تریش نەچوون درگایان پێبگرن و شەڕیان لەگەڵ بکەن. ئەدی بۆچی ڕێك ئەو ماددەیە بوو بە هۆی شەڕی پارتی و کوردی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوودا.

کریس کووچێرا چۆن باسیدەکات؟

نووسەری بەناوبانگی فەرانسی کریس کووچێرا لە کتێبی ململانێی کورد (Le défi kurde) لاپەڕەی ١٦٤دا دەنووسێ؛ ١٤ی فێڤرییە [٢٣ ڕێبەندان کە دیارە هەفتەیەک دوای ئەوە بوو!] قاسملوو، شێخ عێزەدین، غەنی بلووریان، سەلاح موهتەدی و ڕێبەرێکی کۆمەڵە لەگەڵ فرووهەر دادەنیشن و گەڵاڵەیەکی شەش خاڵی پێشکەش دەکەن کە بە “شەش ماددەیی مەهاباد” ناسراوە! (کاک عەزیز ماملێ کە ئەم کتێبەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی – بە نێوی جنبش ملی کرد و خواست استقلال  – ڕاستی کردووەتەوە و نووسیوویەتی “هشت مادەای مهاباد”). من کاتی خۆی لە نامەیەکدا بۆ کریس کووچێرام نووسی و دواتریش لەگەڵی باسمکردووە کە ئەو زانیارییە هەڵەیە. دیارە سەرچاوەی زانیارییەکەی کریس کووچێرا هەم خاڵی حەوت و هەم خاڵی هەشتی قرتاندووە لەبەر ئەوە بەدڵی نەبووە!

ئەحمەد موفتی‌ زادە

بەپێی هەواڵێك لە ڕۆژنامەی ئیتلاعات ڕۆژی ١٠ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ واتە ١/٣/١٩٧٩ لاپەڕەی دوو، کاک ئەحمەد موفتیزادە بەم چەشنە سەبارەت بە گەڵاڵەی هەشت خاڵی دەدوێت: ئەحمەد موفتی‌زادە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی هەشت ماددەیی کە عێزەدین حوسەینی داویەتی گوتی: “ئەم هەشت ماددە بەشێکی پچووکن لە مافەکانی میللەتی کورد و ناتوانێت هەموو داخوازەکانی خەڵکی کورد دابین بکات. بەڵام ئەو خاڵانەی کە من لەگەڵ ئیمام خومەینی لەسەریان ڕێكکەوتووین، لە ناوەرۆکی ئەم هەشت ماددەیە پاراوترن.” ئەوەیشی لێ زیاد کرد کە “لەسەر ناوەرۆکی سەرەکی ئەم ڕاگەیاندنە لەگەڵ ئایەتوڵڵا عێزەدین حوسەینی بۆچوونی جیاوازی نییە، بەڵام لەسەر شێوەی پێشکەش کردنەکەی ناتەواویی‌گەلێکی تێدایە کە دەبێ سەرنجی بۆ ڕابکێشرێت. چونکوو لەم هەشت ماددەدا کەمترین ڕەنگی ئیسلامی دەکەوێتە پێش چاو.” لێرەدا بە ڕوونی دەدەکەوێت کێشەکە لەسەر چییە و چۆن بۆچوونی جیابوونی دین لە دەوڵەت بە باشترین شێوە خۆی دەنوێنێت و دەبێتە هێڵێکی جیاکەرەوە. وەک لەم لێدوانەدا دەردەکەوێت ئاغای موفتی زادە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ماددەی هەشتی ئەم گەڵاڵەیە نییە.

دەیڤید مەکداوڵ چی دەڵێ؟

دیڤید مەکداوڵ نووسەری بەناوبانگ لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی “مێژووی مودێرنی کوردەکان” لە بەشی “ژێردەستەکانی کۆماری شیعە”دا دەنووسێت: “لە سەرەتای مانگی سێی ساڵی ١٩٧٩دا کوردەکان یەکەمین کۆی داخوازییە هەشت ماددەییەکەی خۆیان پێشکەش کرد کە تێیدا وێڕای بەڕەسمی ناسینی کۆماری ئیسلامی، داوای خودموختارییان کرد بۆ هەموو کوردستان وەکوو یەکەیەکی ئیداری لە چوارچێوەی ئێرانی فیدراڵدا.” ئەم کتێبە کە لەلایەن کاک برایم یۆنسی‌یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمان فارسی، ئەم بەشەی لێ سانسۆڕ کراوە. من، زستانی ١٣٨٥(ساڵی ٢٠٠٧) ئەو بەشەم لە ژێر سەردێڕی “اتباع جمهوری شیعە” وەرگێڕایەوە سەر زمانی فارسی.

لێکۆڵینەوەی: ئەحمەد ئەسکەندەری

ستۆکهۆلم؛ ڕێبەندانی ١٣٩٣ – مانگی دووی ٢٠١٥

سەرچاوەکان:

١ – سەلاح موهتەدی؛ “دوێنێ‌، ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێی‌ كورده‌كانی‌ ئێران”،‌ هه‌ڤپه‌یڤینێک له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیی سیاسه‌توانی كورد، سه‌لاح موهته‌دی دا، سایتی دیمانە – خالید محەمەدزادە ٥/١/٢٠٠٦

٢ – سەلاح موهتەدی؛ تەلەڤیزیۆنی ڕووداو، بەرنامەی پەنجەمۆر، ١٣/١/٢٠١٥

٣ – غەنی بلووریان؛ کتێبی “ئاڵەکۆك” (کۆکردنەوە و ئامادەکردنی حامید گەوهەری) چاپی ساڵی ١٩٩٧

٤ – “ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دە ساڵدا ١٩٧٨ تا ١٩٨٨” چاپی ساڵی ٢٠١١؛ حامید گەوهەری

٥ – ڕۆژنامەی “پەیامی کوردستان” ل ١٤، بەسەرهاتی بزووتنەوە پاش کۆمار، وتووێژ لەگەڵ حاجی ڕەحیم خەڕازی

٦ – ئەزموونی خەبات؛ ئاوڕێك لە ژیان و خەباتی عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە. وتووێژی هەیاس کاردۆ چاپی دووهەم ٢٠١٢

٧ – سەننار مامەدی؛ “حملە، اعدام، یورش و یاوەسرایی بلوریان و فهرستی از خاطرات” چاپ اول ١٩٩٩

٨ – ئیبراهیم یونسی: “تا فردا خدا نگهدار” نوشتە ‘برایموک’ چاپ سال ١٣٦٥ [١٩٨٦]

٩ – نەوشیروان مستەفا “پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن” ١٩٩٧ ( لاپەڕەی ٣٥ و ١١٦)

١٠ – کتێبی “فوئاد مستەفا سوڵتانی؛ کێ بوو، ئامانجی چی بوو، چۆن گیانی بەختکرد” لە نووسین و کۆکردنەوەی مەلەکە، ڕەزا و حیشمەت مستەفا سوڵتانی.

١١ – کریس کووچێرا؛  Chris Kutschera: Le dèfi kurde, ou, Le rêve fou de l’indépendance,1997

١٢ – کریس کووچێرا: وەرگێڕانی فارسی ئەو کتێبە: “جنبش ملی کرد و خواست استقلال” مترجم: عزیز ماملی

١٣ – دەیڤید مەکداوڵ – David McDowall, A modern history of the Kurds (page 262)؛ دیوید مک داول “تاریخ مدرن کردها” ترجمە ابراهیم یونسی؛ فصلی سانسور شدە از این کتاب تحت عنوان “اتباع جمهوری شیعە” در سال ٢٠٠٧ توسط احمد اسکندری بە فارسی ترجمە شدە است.

١٤ – جەلیل گادانی: ٥٠  ساڵ خەبات، کورتە مێژوویەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەرگی یەکەم – ٢٠٠٨

١٥ – کتاب “پیدایش نظام جدید”، ‘روزشمار جنگ ایران و عراق – زمینەسازی’، مرکز مطالعات و تحقیقات جنگ، چاپ تهران اسفند ١٣٧٥ [١٩٧٧]

١٦ – سەبارەت بە پەیوەندی کورد و ئیسرائیل

١٧ – حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران؛ نامیلکەی “خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد”، لە بڵاوکراوەکانی ئینتشارات و تبلیغاتی کۆمیتەی ناوەندی  ١٦/٩/١٩٨١– ٢٥/٦/١٣٦٠”

١٨ – بێهزاد خۆشحاڵی؛ کتاب 20 جلدی اخبار کردستان؛ ئارشیڤی کوردستان.

١٩ – د. کامران ئەمین ئاوە: “حزب تودە ایران و جنبش ملی کرد در ایران”

..

سەرچاوە: NNS ROJ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی