"an independent online kurdish website

ئەوەی كە ماوەیەك چەند ساڵێك دەبێ سەری رێبەراتی  و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی بنەماڵەی گەورەی دێمۆكڕاتی بەخۆیەوە قاڵ كردوە پرسی یەكگرتنەوەی دو لایەنی دێمۆكڕاتە.prsiar-alamet

لەو پێناوەدا دەبێ بڵێین هەوڵی تاكەكەسیەكان و زۆر بەرچاوتر و دڵسۆزانەتر بوە بە تایبەتی لایەنگرانی هەر دو باڵ كە بە دەركردنی راگەیندراو و نامەی سەرئاوەڵا و تەنانەت پێكهێنانی كەمپەینیش لە هیچ هەوڵ و تێكۆشانێك بۆ وەدی هاتنی ئەو ئامانجە سڵیان نەكردوەتە و جێگای دەسخۆشی كردنە لەو هەوڵانە و جێگای گلەیی و گازندەشە لە رێبەرایەتی هەر دو باڵ كە وەكو پێویست بەدەنگ بانگەوازی گەلەكەیانەوە نەهاتون .

لە سەر پێویستی یەكگرتنەوە زۆر شت نوسراوە و دیارە كەس شك و گومانی لەوە دانییە كە یەكگرتنەوەی نە تەنیا بۆ حیزبی گەورەی دێموكڕات بەڵگو بۆ بەرژەوەندی گەل و رۆژهەڵاتی كوردستان و تەنانەت بۆ نزیك بوونەوەی پارتە سیاسیەكانی رۆژهەڵات لە یەكتری و كار كردن لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێكی هاوبەش دا زۆر بە قازانجە و دەبێ بڵێین ئەركیشە.

تەنانەت یەكگرتنەوەی دێموكڕاتەكان بە باوەڕی ئەو قەڵەمە دەبێتە هەوێینی لێك نزیك بوونەوەی كۆمەڵەكان و لە دواتریش دا تێكەڵ بوونەوە و یەكبوونەوەیان.

چونكە كەس نییە لەگەڵ یەكگرتنەوەی حزبەكان و بەتایبەتی باسی ئەو چەند دێڕانە كە باسی یەكگرتنەوەی دێموكڕاتەكانە نەبێ؛ ئێمە لە سەر پێویستی ئەو شتە ناڕۆین چون وەك دەڵێن هەمو لە سەری كۆكین بۆیە دەبێ باس لە شتانێك بكەین كە لەسەری ناكۆكی هەیە ئەویش مكانیزمی یەك گرتنەوەی و خەسارناسی رەگەكانی لێكترازان و جیابونەوەیە.

وەك لە مێتودەكانی توێژینەوەی زانستی و ئاكادیمیكی دا باوە و پێوەرە بۆ چارەسەركردنی پرسێك یان وڵام دانەوە بە كێشەیەك سەرەتا دەبێ كێشەكە پێناسە بكرێ و بنەماكان و هۆس سەرهەڵدانەكانی لە تێكستی مێژوویی خۆی دا دەسنیشان بكرێ ئەو جار بیر لە رێگە چارەسەرەكان بكەینەوە.

مەبەست لێرەدا ئەوەیە ئەگەر بمانهەوێ بیر لە یەكگرتنەوەی دێموكڕاتەكان بكەینەوە دەبێ سەرەتا كێشەكە كە جیابوونەوەیە پێناسە بكرێ و رەگەكانی بناسرێن و تێكستی مێژوویی جیابوونەوەكانیش واتە كەسی سیاسی و كەلتوری زاێ بەر سەر سەردەمەكەش دا لێكبدرێتەوە كە چۆن ئەو كێشەیە لە هەناوی ئەو هەلومەرجە دا سەری هەڵداوە.

من لێرە دا تەنیا باسی جیابوونەوەی پاش كۆنگرەی 13ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران دەكەم و باسی تایبەت بە كۆنگرەی 4 و 8 بۆ كاتێكی دیكە هەڵدەگرین.

دەبێ بزانین هیچ كێشەیەك سەربەخۆ دەرناقوڵێ بەڵكو بەكگراوندێكی سیاسی و ئابوری و كەلتوری و كۆمەڵایەتی هەیە كە لە پاش كەڵەكەبوونی و چارەسەر نەكردنی لە شوێنێك دا دەتەقێتەوە بۆیە ئەگە بڵێین رەگەكانی جیابونەوەی پاش كۆنگرەی 13 بۆ كۆنگرەی 8 دەگەڕێتەوە قسەیەكی هەڵە و بەخۆڕایمان نەكردوە.

بەڵام باسی سەرەكی ئەو دێڕانە دو پرسیاری سەرەكیە لە هاوڕێیانی حدك كە وڵام دانەوەیان زۆر پێویستە.كەدەڵێم پێویستە مەبەست هەم بۆ یەكگرتنەوەیە هەم بۆ روونكرنەوەی سیاسەتی ئەو هاوڕێیانەیە لە پاش كۆنگرەی 13 و هەم پێویستە بۆ پێش گرتن لە جیابوونەوەیەكی دیكە لەپاش یەكگرتنەوەی ئەوجارە.

پرسیاری یەكەم ڕوو لە سەركردایەتی حدك: بۆ جیابونەوە؟

ئەگە بڕوانینە پەرتوك و گوتار و لێدوانەكانی ئەو هاوڕێیانە لە پاش جیابوونەوە بە گشتی دەتوانین ئەو هۆیانە بۆ رەوایەتی دان بە جیابونەوەیەكیەیان بدۆزینەوە واتە مەشروع پێشان دانی جیابوونەوەكەیان

1-                      حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران حزبێكە تیایدا ناكرێ بیر و بۆچونی كەمینە ڕێزی لێ بگیردرێ و كەمینە ناتوانی ئۆپۆزیسیۆن یان فڕاكسیۆن لە ناو حزب دا پێك بێنێ كەوابێ لەگەڵ دروشمە سەرەكیەكانی حزب كە ئازادی ڕادەربڕینە و دیموكراسیە ناتەبایە بۆیە كەسێكی دیموكڕات بێ ناتوانێ لە حزبێكی نادیموكڕات كە دەنگی كەمینە كپ دەكرێ خەبات بكا. كەوابێ دەبێ بیر لە جیابوونەوە بكەینەوە و حزبێكی دێموكڕاتی ڕاستەقینە كە بڕوای بە ئازادی و دیموكراسی بێ پێك بێنین

2-                      حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەپاش كۆنفڕانسێ 3 كە ناوی ئێرانی پێوە لكا وردە وردە لە ئامانجەكانی كۆماری كوردستان كە لە سەر بنەماكانی ئەو كۆمارە بنیات نرابوو دوركەوتەوە و بەرەو ئێرانچیەتی رۆیوە ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دروشمەكانی كۆماری كوردستان و كوردستان بە یەك وڵاتی دابەشكراو بزانین و ناوی ئێران لە پاشكۆی حزب جیاكەینەوە و كوردایەتی بكەین بە قەول نەك ئێرانچیەتی لە ئاستی سیاسەتیش دا نابێ هێزمان بۆ نزیكبوونەوە لە پارتە ناككوردەكان و سەرانسەریەكان خەرج بكەین دەبێ لە حزبە كوریەكانی خۆمان نزیك بینەوەچۆن ئێمە كوردین و كوردایەتی دەكەین و رێبازی كۆمار زیندو دەكەینەوە

3-                      لە حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران دا ناوچەگەڕایی زۆرە ئەوەش لەگەڵ روحی ناسیۆنالیزمی دێموكڕاتانەی حزبەكەمان ناتەبایە حیزبی دێموكڕات حیزبی گەلی كوردە و فەرق لە نێوان هیچ كوردێك ناكا چ سۆران چ كورمانج چ هەورامی و چ فەیلی و كەڵهوڕ. لە مێژووی حزب دا ناوچەگەرایی زەبری لە حزب داوە و ناسیۆنالیزمی لاواز كزدوە و حزب بە هۆی ناوچەگەراییەوە ناسیۆنالیزم بیر ناكاتەوە و كورد وەك یەك چاو لێناكا.كەوابێ جیادەبینەوە تا ناوچەگەرایی نەكەین و كوردایەتی بكەین .

چاو خشاندێك بەو دروشمانە بۆ خوێنەر دەردەخا كە زۆر جوانن . بەڵێ كەس دژی ئەو دروشم و بەرنامانە نییە و بە داخەوە ئەوانە خەساری حزب بوونە و زەبریان لە پەیكرە و سیاسەتی حزب گەیاندوە.

بەڵام:

بەڕێزان هاوڕێیانی حدك تێكۆشەرانی چەندین ساڵەی دێموكڕات ئێوە كە بە درێژایی مێژووی حزب ئاگادارن كە ئەوانە كێشەن و زەبریان لە حزب داوە بۆچی تا دوای دەنگ نەهێنانەوەتان لە كۆنگرەی 13 باسی ئەو كێشانەتان نەدەكرد؟ بە بڕوای ئێوە دەبێ ئەو كێشانە یەك شەوە سەریان هەڵدابێ؟ باشە كە ئێوە زۆرینە بوون ئەو كێشانە هەر بوون ئەدی بۆ بۆ ئێوە كێشە نەبوون و باسیشتان نەدەكرد تەنانەت ئەگەر كەسێك باسی شتی وای كردبا دەرتان دەكرد؟ بەرێز مامۆستا حەسەن زادە تۆ كە سێ كۆنگرە سكرتێری گشتی و بەرپرسی یەكەم و مودیری حزب بووی زیاتر لە هەمو كەسێك ئاگاداری ئەو كێشانە هەبوون ئەدی بۆ لە سەردەمی سكرتێریەتی خۆت دا پێت كێشە نەبوون ؟ گەلۆ كێشەی ئاوا گەورە یەك شەوە لە پاش دەنگ نەهێنانەوەتان سەریان هەڵدا؟ گەلۆ ئەگەر ئێوە دەنگی زۆرینە بان باسی ناوچەگەرایی و ئێرانچیەتی تان دەكرد؟ باشە ئەگەر حزب ناوچەگەرایی و ئێرانچیەتی و كپ كردنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆنی تێدا مەوجود بێ خۆ بەرهەمی خۆتانە ئێوە لە پاش نەمران دكتۆر قاسملو و دكتۆر شەرفكەندی بناغەی ئەو شتانەتان داڕشتوە و كردوتانەتە بە سیاسەتی حزب. خۆ بە چەند مانگان لە پاش كۆنگرە حزب لە بەر شەڕو هەڵای ئێوەی خۆشەویست كاتی نەبوە ناوچەگەرایی و ئێرانچیەتی بكا كەوابوو ئەو كێشانە هی پێشوترن و لە سەردەمی زۆرینەبوونی ئێوەش دا هەبوونە و ئێوە دەنگتان نەكردوە چۆن دەسەڵاتدرا بوون.

پرسیاری دوهەم ڕوو لە سەركردایەتی حدك: بۆ تێكەڵ دەبنەوە؟

ئەگەر بڕوانینە هۆكارەكانی ئەو هاوڕێیانە بۆجیابوونەوە كە ئاماژەی  پێكرا لە سێ خاڵ دا كە بریتی بوون لە ناوچەگەرایی و ئێرانچیەتی و نەبوونی دیموكراسی و شێوەی مویرییەتی پاش كۆنگرەی 13 بوون دەبێ بڕوانین لە واقع دا چی رووی داوە و چ شتێك گۆڕاوە كە هاوڕێیانی حدك بڕیاری یەكگرتنەوەیان داوە؟

دەبێ لە بڕیاری سەركردایەتی و رێبەرایەتی حدك بۆ یەكگرتنەوە وا تێبگەین كە ئەو كێشانە و شێوەی مودیریەتی حدكا گۆڕاوە بۆ بە نیازن تێكەڵ بینەوە بەڵام با بزانین چۆنە:

بەڕێزان هاوڕیانی سەركردایەتی حدك حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران ناوی ئێرانی هەروا بە پاشكۆوەیە و نەگۆڕاوە و ئەوەش بە بڕوای ئێوە نیشانەی ئێرانچیەتی بوو لە پاش كۆنگرەی 13 و كاتێ جیابوونەوە ئێرانتان قرتاند هەر چەند ماوەیەك پێش لە ماڵپەڕی فەرمی خۆتان كوردستان و كورد دیسان داتان ناوە لە بەر گلەیی هاوڕێ فارسەكان كە ئەنگی جیاخوازتان لێ نەدن با ئەوشمان لە بیربچێ كە ئێوە بڕیارتان دابوو كارتان بە پارتی سەرانسەری ئێرانی نەبێ و كوردایەتی دەكەن و لە دوای پلاتفۆرمی كوردین تا ئێرانی.

بەڕێزان هاوڕێیانی حدك ئێوە كە گلەییتان دەكرد لە شێوەی مودیریەتی ژێر دەسەڵاتی كاك مستەفا هیجری و بە دیكتاتۆڕ لە قەڵەمتان دەدا خۆ ئێستاش هەر كاك مستەفا سكرتێرە و نەگۆڕاوە شێوەی مودیریەتەكەشی هەر هی جارانە چۆنە ئێستا ئامادەن وتووێژی لەگەڵ دا بكەن و تەنانەت بە وتەی كاك خالید عەزیزی سكرتێری حدك ئامادەن تا كۆنگرەی هاوبەش بێنە ژێر دەسەڵاتی سكرتێرایەتی كاك مستەفا. كەوابێ لێرەش دا هیچ نەگۆڕاوە ئەدی بۆ بڕیاری تێكەڵ بوونەوەتان داوە لە حاڵێك دا خاڵێكی شەرعیەتی جیابوونەوەتان شێوەی مودیریەتی كاك مستەفا و ژێردەستەكانیەتی.

بەڕێزان هاوڕێیانی حدك ئێوە دو خاڵی دیكەی شەرعیەت دان بە جیابونەوەتان لابردنی ناوچەگەرایی و دان پێدانان بە ئۆپوزیسیۆن یان فڕاكسیۆن بوو.

ئەگەر ئاوڕ بدەینەوە بە دوای جیابوونەوەی ئێوە پاش كۆنگرەی سێزدە بەردەوام باسی كردنەوەی كەشێكی ئازاد بۆ دەربڕینی بیروڕاتان كردوە و ڕاتانگەیاندوە كە لایەنی كەمینە ناو حدك دەتوانێ فڕاكسیۆن ساز كا و ئەوە وەك شانازیەك باستان دەكرد. بەڵام واقع شتێكی دیكە پێشان دەدا ئێمە دیتمان كە گروپی هەڵوێیست چۆن ساز بوو و چۆن گلەییان لە نەبوونی ئازادی بۆ ڕەخنە گرتن لە نێو ئۆرگانەكانی رێبەرایەتی دەركرد و لە كۆتاییش دا لە حدك جیابوونەوە.

هەروەها بۆ پرسی ناوچەگەراییش ئێوە دەتان گوت كە لە حدك دا ناوچەگەرایی كۆتایی پێهاتوە و هەمو ناوەندەكانی حزب وەك یەك چاویان لق دەكرێ و گرنگیان پێ دەدرێ بۆ خەبات بەڵام واقع شتێكی دیكە پێشان دەدا.

هەروەك ئاگادارن كەسێكی نیشتمان پەروەر و خەباتگێڕی وەك كاك ئیقبال سەفەری بەردەوام لە ناوچەگەرایی نێو حدك دا رەخنەی هەبوە و تەنانەت ئەو پێشمەرگانەی كە تازە وەرتانگتون زۆربەی هی موكریان و بە تایبەتب هی ناوچەی سەردەشتن تەنانەت لەرێبەرایەتی  و كۆمیتەكان دا رێژەی سەردەشتیەكان یەكجار زۆرە و ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتی بەڕێز حەسەن زادە لە حدك دا.

ئێستا كە بۆمان دەركەوت ئەو ئامانجانەی كە ئێوە لە جیابوونەوە باستان دەكرد نەتەنیا لە نێو خۆتان دا بۆتان جێ بەجێ نەكرا بەڵكو لە حدكا دا كە تۆمەتبار بەو شتانە دەكرا لە لایەن ئێوە بە بێ ئەوەی ئاڵوگۆڕێكی بنەڕەتی پێكهاتبێ خەریكن دەگەڕێنەوە نێو ئەو حزبە و ئامادەن لەو حزبە دا كە ئێرانی پێوەیە و ئۆپۆزیسۆن كە شتێكی دژی تەشكیلاتیەبە پێی بەرنامەوپەیڕە لە حزبە دا نییە و نایان بێت دووبارە كار بكەنەوە .

لە كۆی ئەو باسە دا بەو ئاكامە دەگەین كە سەرەتا حدك و حدكا بە بێ یەك لاوازن و بە یەكەوە بە هێزن ودەبێ لە پڕۆسەیەكی دادپەروەرانە دا یەك بگرنەوە بەڵام بە مەرج و ئوسول تا پەتای جیابوونەوە بۆ هەتا هەتایە بەرۆكی حیزبی دێموكڕات بەردا.

دوهەم بەو ئاكامە دەگەین كە پڕۆسەی جیابوونەوەی حدك وەك هەمو جیابوونەوەكانی دیكە وەكو كۆنگرە چوار و هەشتیەكان تووشی شكست و هەرەس هاتوە و بۆیە ئامادەن دووبارە لە ژێر ناوەی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران داخەبات بكەن.

چەند پێشنیاری زارەكی و بەرایی بۆ حیزبی دێموكڕاتی داهاتو

1-                      بۆ ئەوەی كە حزب ببێتە حزبێكی چالاك و كاریگەر و لەو بێ سەرەوبەرەییە بێتەدەر دەبێ دووبارە لە پاش یەكگرتنەوە سختاری حزب بنوسرێتەوە یان ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی تێدا بكرێ بە تایبەتی ئەسلی سانتڕالیزمی دێموكراتیك دەبێ لاچێ و حزب بەرەو دیموكراسی راستەوخۆ هەنگاو هەڵێنێ

2-                      حزب ئەگەر بە نیاز بێ هەر لە هەرێمی كوردستان دا بمێنێتەوە و واش دیارە هەر وا دەبێ ؛ دەبێ هەوڵ بدا لە نێو پۆستەكان دا چابوك سازی بكا بە واتایەكی دیكە ئێستا حیزبی دێموكرات بە ساختارێكی مودیریەتیگەورە و بەربڵاو و بە بەدەنەیەكی تەشكیلاتی كەم و لاوازەوە درێژە بە خەبات دەدا دەبێ بە پێچەوانە بێ واتە بە ساختارێكی مودیریەتی بچوك و تەشكیلاتێكی بەرفراوان خەبات بكا

مەبەست ئەوەیە ژماری پۆست و بەرپرسایەتیەكان كەم كرێنەوەتا شەڕە كورسیش كۆتایی پێ بێ هەڵبەت ئەوە ساختارێكی كاتییە و بۆ كاتی دانیشتنی حزبە دیارە لە سەردەمی خەباتی چەكداری و خەباتی ئاشكرای سیاسی نێو شار ساختاری دیكە پێویستە كە لێرە دا باسیان لێ ناكەین.

3-                      بنەمای هەمو رێكەوتنێك لە سەر تەعەهودی نوسراوە كە ببێتە بەڵگەنامە و تەنیا متمانە بەس نییە مەبەست ئەوە هاوڕێیانی حدك كە دەگەڕێنەوە نێو حدكا  دەبێ بەر لە كۆنگرەی هاوبەش لە بەڵگە نامەیەكی رەسمی دا وەكو حدك بەڵێنی بدەن نابنە هەوێنی جیابوونەوەیەكی دیكە و تەواوی باڵەكانیان لە حدكا دا هەڵدەوەشێنەوە. نەك ئەوەی كە وەك دو حزب یەك بگرنەوە پێشمەرگە و كادری هەر لا وەك جاران لە ژێر دەسەڵاتی لایەنی خۆی دابێ و بەرە هەبێ.بەداخەوە یەكگرتنەوەی پێشوو لە كۆنگرەی 10 دا وابوو و ئاكامەكەی بوو بە جیابوونەوەی پاش كۆنگرەی 13

رێباز كوردۆ- ماستەری سیاسەتی نێودەوڵەتی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی