"an independent online kurdish website

بە فەرمی ناسینی ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە لایەن دەوڵەتانەوە دەبێتە هۆی زەخت لە سەر تورکیە بۆ دانپێدانان بە ژینۆساید، ئەگەر ژینۆساید بە ڕەسمی ناسرا ئەو دەم ئیتر دەوڵەتی تورکیە جگە لە وەی دەبێت قەرەبووی ئەرمەنییەکان بکاتەوە،reuf-gulbeden

دەبێت دەست لەوە هەڵبگرێت کە تورکییە تەنیا هی تورکە و بەس! تورکییە دەبێت لە بنەڕەتەوە بنچینەی یاسای وڵات بخەنەوە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بە پێی یاسا دەبێت لە یاسا دان بە بوونی ئەرمەن بنرێت کە ئەمە پاشخانی ئەوە خۆش دەکات کە کوردیش جگە لەوەی دانی پێدا دەنرێت، مافەکانیش باری یاسایی پەیدا دەکا.

ئەرمەنی ئەگەر سەد ساڵ پێش لە لایەن تورکە ڕەگەز پەرەستەکانەوە کۆمەڵکوژکراون، ئێمەی کورد  پێش پانسەد ساڵ لە لایەن شائیسماعیلی سەفەوی و سوڵتان سەلیمی عوسمانییەوە کوردستانیان کرد بە گۆڕەپانی شەر، بە ناوی ئایین لە هەر دوو لاوە کورد دەهاتنە کوشتن.  چاڵدران یەکەم ناوچەی کورد بوو کە لە نێوان ئەو دوو وڵات زلهێزەدا دابەشکرا و ئێستەش لە هەر دوو پارچەی ڕۆژهەڵات و باکوور شار و ناوچەیەک هەیە کە ناوی چاڵدرانە!

دیارە دواتر وای لێهات کە هۆز و عەشیرەتەکانیش ناوچەکانیان پارچە پارچەکران و خزم و کەسیان بە سەر ئەم  دیو و ئەو دیوی  وڵاتی خۆیدا دابەشکران!

یەکەم کۆمەڵکوژی کورد لەو ساتە مێژووییەدا دەست پێدەکات!

سەردەمی  سەفەوی و عوسمانی سەردەمێکی ڕەش بوون بۆ کورد بە هۆی ئایینەوە لە هەموو لایەک کورد دەبووە قوربانی و تەنانەت وای لێهات کورد سەر بە هەر ئایینەک بوایە بۆ داگیرکەرانی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان نەدەکرد، چوونکە بە دەس یەکێ لەوانە هەر تێدا دەچوون و ماڵوێران دەکران.

یەکەمین کۆچی بە زۆرەملی لە لایەن شاعەباسی سەفەوییەوە بە سەر کورد دا سەپێندرا و کوردیان کۆچبەری خۆراسان کرد کە هەتا  ئێستاش بە بەربڵاوی لە خۆراساندان، ئەوڕۆکەش کورمانجی خۆراسان خاوەنی هیچ مافێک لە مافەکانی مرۆڤ نین و زۆر بە بێدەنگی مەترسی تواندنەوەیان لە سەرە!

زۆر شوین هەیە لە ئێراندا کە لە سەردەمە جیا جیاکاندا  لە پاش کوشت و بڕ  و تاڵانکردنی ماڵ و سامان ناچار بە کۆچی زۆرەملە کراون. کورد لە بەڕەسەری عەمارلوو و مەنجیل و  و لووشان، مازندران و شیراز و تالش و تاد… ئەم خەڵکە لەو شوێنانە چی دەکەن؟ بۆ چی لەوێن؟

لە سەردەمی ڕەزاشادا دیسان کورد دۆچاری کۆچبەرکردن بووەتەوە، کوردەکانی باجەڵان، لەک، گۆران دوور خراونەتەوە بۆ دەور و بەری قەزوێن کە هەتا ئێستاش لەوێن!

گەڵباخییەکانی بەینی سەقز و دیواندرە لە پاش سەرکوتکردنیان پرش و بڵاو کراون بە جۆرێک ئێستا بە تەواوی نازانرێ لە کام شوێندا گرساونەتەوە.

وڵاتی کورد پارچە پارچە کراوە و بە عەرەب و تورک و ئێرانەوە شەڕیان لە سەر کوردستانە و هەر کەسە خۆی بە خاوەنی کوردستان دەزانێ و مافی خاوەندارییەتی بە داری زۆر لە کورد سەندراوەتەوە!

داگیرکردنی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە بووەتە هۆی توانەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەی کوردە.

کوردستان بە دەستی تورک و ئێران  بە بەرنامەی سیستماتیک و داڕژتە وێران دەکرێت! لە دوای هەڵوەشاندنەوەی عوسمانیی لە پاش شەڕی یەکەم جیهانی عەرەبیشمان لێ بوو بە داگیرکەری نوێ و هەتا ئێستاش کورد نەیتوانیوە کوردستان لە چنگی داگیرکەران ئازاد بکات. وێرانکردن، تواندنەوە، لێسەندنەوەی ناسنامە، کوشت و بڕ، سێدارە، پشت گوێ خستنی کوردستان بە هەر هۆیەک لە هۆکان، چ ناوێکی لێدەنرێت جگە لە کۆمەڵکوژی و ژینۆساید؟!

 

بە فەرمی ناسینی ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە لایەن تورکییەوە هەلێکی زێڕین دەخاتە بەردەم کورد بۆ داواکردن و  بووژاندنەوە ویستی بە فەرمی ناسینی کۆمەڵکوژی دێرسیم لە لایەن تورکییەوە، بە دواچوون بۆ ئەوەی هەڵەبجە، ئەنفال لە لایەن عێراقەوە هەروەها  کۆمەڵکوژی دێرسیم  وەک ژینۆساید ناودێر بکرێت هەتا کوردیش لە بە فەرمی ناسینی کۆمەڵکوژییەکانی دەستەبەری ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و دابین کردنی ژیان و ئاسایش بۆ نەوەی داهاتووی لێ بەرهەم بێنێت.

هیوادارم بە ژینۆساید ناسینی کۆمەڵکوژی ئەرمەنی لە لایەن تورکەوە، نۆخشەی ڕۆژێکی نوێی بۆ ئێمەش لێ بەرهەم بێت!

 

ڕەوف گوڵبەدەن / فنلاند

  24.4.2015 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی