"an independent online kurdish website

دوای ئەوەی  مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێ ساڵ پێش لە دیمانەیەکی دوور و درێژ دا لەگەڵ هەیاس کاردۆ ، کتێبێکی ٧٣٤ لاپەرەیی بڵاو کردەوە و بەشێکی زۆری ئەو کتێبەش بۆ رەخنە گرتن لە سکرتێری ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ” کاک مستەفای هیجری” تەرخان کرابوو ، کاک مستەفا هیجریش مانگی پێشوو لە کتێبێکی ۲۰۶ لاپەرەیی دا وڵامی ئەو دیمانەیەی دایەوە و کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆی دا هێنا.gadani

لە تازەترین کاردانەوەشدا بەرێز حەسەنزادە لە روونکردنەوەیەکی ۹۰ لاپەرەیی دا وڵامی کتێبی “نسکۆ و دابڕان”ی داوەتەوە . مامۆستا لە روونکردنەوەکەیدا گلەیی لە کاک مستەفا دەکات کە ناوبراو پێشتر لە کۆی ٧٣٤ لاپەرە تەنیا ٧٣ لاپەرەی بۆ کاک مستەفا تەرخان کردووە کەچی  کاک مستەفا لە کۆی ۲۰۶ لاپەرە ۱۰۸ لاپەرەی باسی مامۆستایە و هەربۆیە ئەو مافەی بە خۆی داوە کە بۆ جاری دووهەم زیاتر لەسەر کاک مستەفا بنووسێ و ۹۰ لاپەرەی تری بۆ بابەتەکەی تەرخان بکات کە سەرجەم دەکاتە ١٦٣ لاپەرە .

 بەلام مامۆستا حەسەن زادە سەرەڕای ئەوەی کە هەموو نووسینەکەی کاک مستەفا دەباتەوە ژێر پرسیار، کەچی خۆی لە لاپەڕەی ١٧ دا تووشی ئاشکرا کردنێکی سەیر دەبێ.

مامۆستا لەو درکاندنەدا دەڵێ: نووسەری ئەم دێرانە(مامۆستا حەسەن زادە) لە ڕۆژی یەکەمی دوای کۆنگرەی هەشتەمەوە دابڕانی ئەو هاوڕێیانەی بە خەسارێکی گەورە بۆ حیزب زانیوە و هەمیشە لەنێو حیزب دا هەوڵی چارەسەری کێشەکەی داوە……..

بۆیە لێرەدایە خوێنەر پرسیاری لا دروست دەبێ کە داخوا دابڕانی کۆنگرەی ٨ هەر  ڕۆژی یەکەمی دوای کۆنگرە بووە؟ یان ئەوەکە مامۆستا هەر لە ڕۆژی یەکەمی دوای کۆنگرە ئاگاداری دابرانەکە بۆوە و بێ دەنگەی لێکردووە؟ ئەوە پرسیارێکە  کە جەنابی مامۆستا لە توورەبوونیدا دروستی کردووە.

یەکێکی تر لەو کەسانەی کە وڵامی کتێبەکەی کاک مستەفای داوەتەوە، جەلیل گادانی سکرتێری پێشووی حدکا ” رێبەرایەتی شۆڕشگێر”ە. کە لە کۆنگرەی 8 لە گەڵ هاوبیرانی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران جوێ بوونەوە. 

گادانی لە بابەتێکدا کە لەسەر لاپەرەی خۆی لە فەیسبۆک بڵاوی کردۆتەوە، بەتوندی هێرش دەکاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەخسی شەهید دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بەوە تاوانبار دەکات کە پێشمەرگەکانی ئەو لایەنەیان کوشتووە .  بێ ئەوەی کاک جەلیل باسێک لەوە بکا کە هۆی شەرەکە چێ بوو؟

ناوبراو لە درێژەی بابەتەکەی دا بە زمانێکی توند و زبر هێرش دەکاتە سەر مستەفای هیجری و بە نەزان، ترسەنۆک، ناسیاسی و … ناوی لێ دەبا . لەو پێوەندییەدا باسی شەهید د. قاسملوو بۆ نموونە دێنێتەوە  و دەلێ کە ناوبراو  داوای لە  د. فیشێر سەرۆکی پەرلەمانی ئەودەمی ئوتریش و ڕاوێژکاری گشتی ئێستای ئوتریش کردووە کە لەو تیرۆرە بپرسێتەوە و قاتلەکان بۆ ئوتریش بێنێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە هەیە لە کاتی شەهید بوونی کاک د. قاسملوودا جەماعەتی گادانی تەقەی خۆشیان کردووە.

ناوبراو لە بابەتەکەیدا دەپرژێتە سەر پرسی موجاهدینی خەڵکی ئێران و دەڵێ کە تا ئەو رۆژەی یەکمان گرتۆتەوە، یارمەتییان داوین و دەشڵێ کە زۆر لە حدکا پیاوتر بوون .لە کاتێک دا مامۆستا حەسەن زادە ئەوکات سکرتیری گشتیی حدکا بووە!

گادانی لە بەشێکی تری بابەتەکەیدا ،مستەفا هیجری بەوە تاوانبار دەکات کە چەند رۆژ بەر لە یەکگرتنەوە، بۆمبی بۆ ناردوون تا لەسەر رێی ئەوان بیتەقێننەوە . ئیدەعایەک کە تۆمەتێکی گەورەیە و لێپرسینەوەی لە پشتە و هیجری دەتوانێ شکایەت بکات، هەڵبەت ئەگەر لە وڵاتێکی یاسامەند ژیابان! ئەودەم پێویستی بە سەلماندنی ئەو تۆمەتەی دەکرد کە لە ئەگەری سەلماندنی دا هیجری بە تاوانی تیرۆر و تیرۆریست بوون ڕاپێچی بەندیخانە دەکرا و ئەگەریش گادانی نەیتوانیبایە بیسەلمێنێ ،ئەوا بە سەری پیری کونجی بەندیخانە شوێنی دەبوو .(هەرچەند وا وێ دەچێ هەماهەنگی یەک لە نیوان مامۆستا و کاک جەلیل د ا هەبوو بێ کە مامۆستا خۆشی لە نووسینەکەی دا ڕێگای نیشانی کاک جەلیل داوە و دەلێ: ئەو خانوویەی پێشی خانووی ئێمەی گرتبوو ئێوە دەتانەوێ بیتەقێننەوە، من دەمەوێ هەڵیوەشێنم و خانووی خۆمی پێ نووژەن بکەمەوە.

 هەرچی بێ دۆخی هەرێم و کەس لە کەسی وای کردووە کە تەنانەت نەتەنیا تۆمەت لێدان شتێکی ئاسایی بێ ، بگرە تیرۆر و کوشتن و رفاندن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە دەستی پیاوەکانی شتێکی لە ئاو خواردنەوەش ئاسانتر بێ ،هەروەک چۆن کەیسی سەدان تێکۆشەری بەناهەق شەهید کراوی دێموکرات تۆزیان لەسەر نیشتووە ، قسەکانی جەلیل گادانیش بە هەمان شێوە تۆزیان لەسەر دەنیشێ و یاسا و رێسایەکیش نییە بۆ سەلماندنی راستییەکان.

لە کۆتایی دا پرسیار ئەوەیە کە مادام مام جەلیل دەیزانی موجاهیدین لە حدکا و رێبەرایەتییەکەی پیاوترە و ئەوەشی دەزانی کە لە لایەن رێبەری ئەو حیزبەوە بۆمبیان  بۆ ئامادە کردبوو تا لە نێویان دا بتەقێننەوە ،بەو حاڵەش بە پەنجا ساڵ خەبات و تێکۆشان و ئەو هەموو ئەزموونەی رێگای خەبات و ٩ ساڵ رێبەری حیزبێکی سیاسی بە قەولی خۆی حیزبێکی گەورە و گران ، ملیان بۆ تێکەڵ بوونەوە داوە و چوونەتە ژێر باری حیزبێکی ناپیاو و تیرۆریست ، و خودموختاری خواز کە کاک جەلیل دروشمی مافی دیاری کردنی چارەنووسی پەسند کردبوو. کاتێک  لە نەزەر  کاک جەلیلەوە موجاهیدین لە حدکا پیاوتر بوون ، ناوی مام جەلیل و تاقمەکەی چ ناوێک بێ باشە ،دیارە ولامەکەی تەنیا لای مام جەلیلە!.

دەقی بابەتەکەی جەلیل گادانی 

 

 وڵامێک به‌ “نسکۆ و دابڕان

لە سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥دا کاک مستەفای هیجری دوای تەمەنێکی زۆر خوێندن‌ و مامۆستایەتی ‌و سیاسەت کردن بە دەخۆڕادیوی هاته سەر ئەو باوەڕه که نابێ له گەلی نوسەران بەجێ بمێنێ‌و شندڵی له خۆیداو کتێبێکی له ژێر ناوی “نسکۆو دابڕان” نووسی‌ و به پەله چاپ‌ و بڵاوی کردەوه. هرچەند دەقە ئەدەبیەکەی کوردیەکی ڕەوان‌و تەواوه بەڵام بەڕاستی ناوەرۆکەکەی زۆری شڕوشاڵاتی ناڕێک‌ و ناڕاستی تێدایه. دەڵێی بەتایبەتی پێیگوتراوه بۆئەوەی ڕەوتی یەکگرتنەوە وەدوا بخاو بەر بە درێژەدانی دانیشتنەکانی پێشوو بگرێ و به هەر وشەگەل‌و تۆمەت لێدانێک بێ چەت دەرەوتەکه‌ بخاو چاوەڕوانی خەڵک به لاڕێدابەرێ‌و هەوڵەکانی له زوەوه دۆستان‌و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات داویانه قسر بکا. لە بەشی یەکەم‌دا هەوڵ دەدا بسەلمێنێ ڕێبەرانی شەهید بڕیارەکانی که له دەفتەری سیاسی‌و کومیتەی ناوەندی دراون به هێندیان نەگرتوون‌و پێشێلیان کردوون بۆیه له داوی دوژمنانی گەل‌و تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی کەوتوون. ڕەنگ بوو ئەگەر دادگای میکونووس ئەو ئازایەتی‌یەی نەنوانداباو قەراری مەحکومیەتی تاوان باران و دیپلومات تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نەدابا لەوه زیاتریشیان پێ‌گوترابا بۆ ئەوەی کاک مستەفا خۆی به دێموکراتی ڕاستەقینەو مرۆیەکی وریاو ئازا له قەڵەم بدا!
بەڕاستی ئەگەر نوسەری “نسکۆو دابڕان” مەبەستی تایبەتی له بڵاو کردنەوەی ئەو کتێبه نەبایه دوای ٢٥ ساڵ‌و پاش چاپ‌و بڵاوبوونەوەی چەند کتێب که له سەر ئەو مه‌سه‌لانه‌ نوسراوەو دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ له دابڕانی به قەولی خۆێ هاوڕێکانی پێشووی، ئێستا کاتی ئەوەی بوو ئه‌وانه‌ بێنێته‌وه‌ گۆڕێ و بە وه‌گەڕ خستنی قەڵەمه‌کەی که له‌ تەواوی تەمەنی‌دا ئەوەندەی پێ‌نەنووسیوه، ئەو کتێبه بەو هەموو تۆمەت لێدان‌و قسە سووک‌و چرووکانه بنوسێ که هەرچەند کوردیەکەی ڕەوانه بەڵام بەدەغەڵی و ناڕاستی نوسراوه.
به هەرحاڵ منیش به نۆبەی خۆم هەوڵ دەدەم تا ئەو جێگایه‌ی دەگەڕیتەوه سەرمن‌و “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ” وڵامی بۆچونەکانی بدەمەوه‌و هەڵه یا تۆمەتەکانی ڕاست کەمەوە.
بەرلەوەی بێمه سەر لاپەڕەکانی کتێبەکە وەبیر خوێنەران دێنمەوه پێش یەکگرتنەوەی پێشووش کاک مستەفا که هەستی کردبوو بەرەو یەکگرتنەوه دەچین بۆ له باربردنی ڕەوتەکه دووکاری سەیروسەمەره‌ی کردبوو.
یەکەم: فەرمانی دابوو بۆمبێکی بەهێزیان ئاماده کردبوو که بینێرێ له نێو ئێمەدا بیتەقێننەوه و زەبرێکمان لێدەن‌و ئێمەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو تاوانه مەحکوم کەین‌و وتووێژەکان که دەستی پێ‌کردبوو فەشەل بێنن. بەختەوەرانه هەر کادرەکانی خۆیان پێیان زانی‌و پێشی ئەو پیلانه‌یان گرت.
دووهەم: بەدوای پوچەڵ بوونەوەی ئەوگەڵاڵەی سەرەوه، چەند پێشمەرگەی ناردبوو تا دوای چەندساڵ تەنیا ماشینێکی که کاتی جیا بوونەوه هاوڕێیەک بۆلای ئێمەی هێنابوو، بفڕێنن‌و بیبەنەوه خزمەت ئەوان. نێردراوه ژیرەکان ئەوکارەیان کرد! هاوڕێیانی ئێمه که پێیان زانی وەدوایان کەوتن‌و له جادەی بێستانە _ کۆیه گەیشتنە سەریان و بوو بە شەڕ، کاک مستەفا هێزێکی بە هاوارەوه ناردن کە ماشینێکی لوکسی کاک مستەفا یا سکرتاریاشیان بۆ ئەوشەره هێنابوو که‌ ئاوری تێبەردرا. بەڕاستی ئەگەر مەحافزی ئەوکاتی سلێمانی کاک سالار عەزیز له‌ودەمەدا بەڕێکەوت به‌ خۆی‌و پێشمەرگه پارێزەرەکانی نەگیشتبانایه ئەو شوێنه‌و لێکی نەکردبانەوه، وەک شەڕەکانی که‌ پێشتر له پۆستی بەرپرسایەتی سیاسی نیزامی‌دا کاک مستەفا پێی فرۆشتبووین لەوانه بوو جگه لەو ٢٢ پێشمەرگەی ئێمه که‌ پێشتر له شەڕی براکوژی دووباڵی دێموکرات‌دا به ناحەق شه‌هید کرابوون، چەند کەسێکی دیکەش له هەردووباڵ له‌و شه‌ڕه‌دا شەهید بن.
کاک مستەفا له لاپەڕەی ٤ی ئەو کتێبەدا دەنووسێ تا ساڵی ١٣٥٧ حیزبی نەبووم و گۆیا له ساڵی ١٣٥٧ بوەته حیزبی. نەخێر من وەک بەرپرسی تەشکیلاتی ئه‌وکاتی حیزب عەرزت دەکەم که جەنابت ئەوساڵه حیزبی نەبووی، بڵکوو له ١٣٥٨یش‌دا تا کۆنگرەی ٤ نه هەر حیزبی نەبووی بەڵکوو به شاهیدی بەرپرسانی ئەوکاتی ڕێکخراوی حیزب له نەغەده زۆریش موخالیف بووی‌و زیاتر لایەنگری چریک‌و جارجاریش لایەنگری کۆمەڵە بووی. هەتا کۆنگرەی ٤ ناویشت له نێو ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب له تەشکیلاتی نەغەده‌دا نەبووه، له کۆنفرانسی نه‌غه‌ده‌ش بەشدار نەبووی. ئەوه دوکتور قاسملوی شەهید بوو که جەنابتی وەک میوان بۆ کۆنگره دەعوه‌ت کردو لەوێ هێنایە نێو لیستی کاندیداکانەوه‌و هەڵبژێردرای. هەمووشمان دەزانین کۆنگرەی ٤ له ڕێکەوتی 30/11/58 تا 5/11/58 بەڕێوه چوه.
له لاپەڕەی ٧٥دا له پەیوەندی لەگەڵ کۆنگرەی 8 و لیستەی فیکس‌دا دەنووسێ: “بەڵام هاوڕێیانی ناڕازی ئاماده نەبوون لیستێکیش بۆ خۆیان ئاماده بکەن‌و له گەڵ لیستەی دیکه بکەونه کێبڕكێ، له ئاکام‌دا لیستی دیاریکراو دوای کشانەوەی ئەو چەند هاوڕێیە‌و پڕکرانەوەی جێگای ئەوان به کەسانێکی دیکه دەنگی زۆربەی ئەندامانی کۆنگرەی به دەست هێنا.”
ئاخر کە ئێمه هەر له بنەڕەت‌دا موخالیفی لیستی فیکس بووین‌و پێمان ڕەوتێکی نادێموکراتیک بوو، چۆن دەکرا لیسته بدەین؟ لەڕاستیدا ئەو لیسته هەر به مەبەستی وەلانانی هێندێک کەس هاتبووه‌ گۆڕێ! ئەوەنده کەسیشمان ئەو سەردەمه له حیزب‌دا نەبوو که دوو لیست بدەین‌و به کۆ ئەندامان‌و ڕێبەری دیاری بکەین و بکه‌وینه‌ کێ به‌رکێ.
زۆر له هاوڕێیان له بیرمانه، سمایڵه چکۆڵ که ئەندامی کۆنگره بوو له دوکتوری پرسی،ئەدی جێگەی ئەو هاوڕێیانەی لە لیستەدا نامێنن چۆن پڕدەکەنەوه؟ دوکتور فەرمووی هەربەو کەسانەی ماونەوه بەڕێوەی دەبەین. پێویست ناکا کەسی دی زیاد کەین‌و هەرواش بوو کەسی‌دیکه له لیستەکه زیاد نەکراو جێگەی ئەوان له لیستەدا پڕنەکرایەوه.
هەر له لاپەڕەی ٧٥دا دەنووسێ: “زۆرتری ئەندامانی ڕێبەرایەتی ئەو تاقمه گاڵتەیان بەو تەوجیهات‌و پاساو هێنانەوه دەهات وباوەڕیان پێ‌یان نەبووبەڵکووهەڵگری بیری دژ بەم پاساوانە بوون بەڵام بەیانیەی جیابوونەوه‌کەیان ئیمزا کردبوو.”
کاک مستەفا ی بەڕێز! زۆرجارم گوتوه که نە لە کۆنگرەدا و نە دوایەش تا ئاخرین دانیشتن دەگەڵ دوکتور که بۆ خۆشی دەعوەتی کردبووم نه ئاگام له جیابونەوه بوو نه باوەڕم به جیا بوونەوه هەبوو، دوای ئەو دانیشتنەو سووربوونی دوکتور له سەر بۆچوونی خۆی بۆ درێژه‌دان به‌ دژایەتی‌و غەیبەتی ئەو هاوڕێیانه عەرزم کرد: “من له گەڵ حیزبێک نابم که هەر یەک که‌س بڕیار بداو هیچ پێشنیارێک بۆ پێشگیری له‌لێک بڵاوبوونی حیزب قبووڵ ناکا.”
بەڵام بەڕاستی کەسێک باوەڕی به‌ مه‌سڵەیەک نەبێ دەتوانێ بەیانیەی ئیعلامی لەدایکبوونی حیزبێک ئیمزاکاو ماوەی نزیک به ٩ ساڵ بۆ ئه‌و ئامانج‌و بەرنامه داڕێژراوه به فیداکاری ته‌واو کار بکا؟
له لاپه‌ڕه‌ی 77دا ده‌نووسێ( ماوه‌ی نزیک به 9ساڵ هه‌وڵ‌و تێکۆشانیان به‌کرده‌وه‌ سه‌لماندیان که هیچ شتێکی تازه‌تریان له حیزبی دێموکرات پێ‌نه‌بوو.)
هه‌ر له‌و لاپه‌ڕه‌یه‌دا ئاماژه به ڕاپۆرتێکی من وه‌ک سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر ده‌کا که چوومه وڵاتی فه‌ڕانسه، ئاڵمان دانمارک هوله‌ند، نوروێژ، سوئید، بریتانیا، ئوتریش‌و سویس‌و له ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا 110 کۆنفڕانس‌و سمینارو دیداری سیاسی‌و وتووێژی ڕادیویی‌و ڕۆژنامه‌نووسیم هه‌بووه.
نه‌خێر کاک مسته‌فا ئێمە زۆرشتی تازه‌مان پێ‌بوو. ئێوه پێتان وابوو ئێمه تاقمی حه‌وت که‌سین‌و خۆمان ده‌باوه‌شی کۆماری ئسلامی داوێین‌و ئێوه‌ش پێی‌هه‌ڵده‌په‌ڕن‌و خوشحاڵ ده‌بوون. به‌ڵام وه‌ک دیتتان له مه‌یدان‌دا ماینه‌وه‌و به‌حه‌ق شۆڕشگێڕ بووین‌و به کرده‌وه سه‌لماندمان ڕۆڵه‌ی گه‌لین، بۆ شۆڕش هاتوین‌و له گه‌ڵ دوژمن به لێبڕاوی به‌ربه‌ره‌کانی ده‌که‌ین‌و له درێژه‌دانی خه‌باتی ره‌وامان‌دا سوورین. ئه‌و ئه‌خلاقه شۆڕشگێرانه‌ی له نیو ئێمه‌دا هه‌بوو وایکردبوو که هیچ جیاوازیه‌ک له به‌ینمان‌دا نه‌بوو، درێغیمان له ژیانی به‌رانبه‌ر ده‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه نه‌ده‌کرد. هه‌رچی هه‌مان‌با برایانه‌ ده‌زاندراو که‌ڵکی لێ‌وه‌رده‌گیرا ڕۆحی ته‌فاهوم‌و برایه‌تی به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک بوو که ئێستاش ئه‌وه‌ی وه‌ک پێشمه‌رگه‌و کادر ماوه یا چۆته‌ ده‌ره‌وه هه‌موو یه‌ک گیانین‌و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بێ ده‌غه‌ڵی حیزبایه‌تی ده‌که‌ین وه‌ک خزمی نزیک‌و براو هاوخه‌بات لێک ده‌ڕوانین‌و هه‌رئه‌و برایه‌تی‌یه‌ ئێستاش ئێوه ده‌ترسێنێ پێتان وایه ته‌شکیلاتی ئه‌وده‌میمان وه‌ک خۆی ماوه‌و به ڕه‌ش‌بینی له‌و ته‌فاهوم‌و برایه‌تی‌یه ده‌ڕوانن.


ئێمه فه‌رهه‌نگێکی نوێ‌و ڕۆحیه‌تێکی تازه‌مان برده‌ نێو به‌ده‌نه‌مان‌و فه‌رهه‌نگی به‌خاڵه‌ت، به‌رچاوته‌نگی، خۆ به‌زل‌زانی بێ مه‌ورد، ده‌سته‌به‌ندی‌و پاوانخوازیمان به جارێک له خۆمان دوورکرده‌وه. به‌ڕاستی هه‌تا ئێوه له بنه‌وه ده‌ستتان له کاروباری ئێمه وه‌رنه‌دا ئه‌و ڕه‌وته ئه‌وه‌نده به‌هێزو ئه‌و حیزبه ئه‌ونده ساغ بوو که له ماوه‌ی 8-9 ساڵ‌دا له هه‌موو بارێک‌دا جێی خۆی کرده‌وه‌و چوه ناو دڵی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه، ئێستاش له ده‌روژوور حه‌سره‌تی بۆ ده‌خوازن.
ئه‌و تێکوشانه‌ی له‌و ماوه‌ش‌دا لەبواری سیاسی و نیزامی کردمان به ئه‌رکی خۆمان زانیوه‌. هاتووچۆی ئه‌و وڵاتانه‌ش‌و په‌یوه‌ندی پێوه گرتنیان نه هه‌ر پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه زانستیه‌کانی ئێمه نه‌بوو به‌ڵکوو ئه‌رکێکی حیزبی بوو که ده‌بوو ده‌گه‌ڵ حیزبه‌ پێشکه‌وتوه‌کانی ئه‌و وڵاتانه په‌یوه‌ندی بگرین‌و به‌رنامه‌ی کاره‌کانمان به‌ره‌و پێش به‌رین. دیاره جه‌نابت پێت وابوو ئێمه ده‌سته‌وه‌ستانین چمان له‌ده‌ست نایه‌و هه‌روه‌ک له پێشدا به دایک‌و بابی پێشمه‌رگه‌کانی ئێمه‌تان ڕاگه‌یاندبوو که‌ کوڕه‌کانیان له برسان قڕده‌بن! هیچ‌کاتیش نه‌چووینه خه‌تی ئیمپریالیزمه‌وه. ئه‌وه‌ش بزانه دنیا ده‌ئاڵ‌و گۆڕدایه، نه سوسیالیزم ڕه‌نگی جارانی ماوه‌و نه ئیمپریالیزم وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌و. له‌ده‌وروبه‌رت بڕوانه تالێت حاڵی بێ. زه‌مانی بیرو فکری دۆگم‌وچه‌ق‌به‌ستوو نه‌ماوه. ئه‌گه‌ر پێویست بوو له جێی خۆی‌دا زیاتری شی ده‌که‌مه‌وه.
هه‌ر له ئاخری لاپه‌ڕه‌ی (77)دا ده‌فه‌رمووی چۆنه جەلیل وەک سکرتێری حیزب سێ مانگ له وڵاتانی ئیمپریالیستی ده‌خولێته‌وه؟
ئێستاش ئه‌تۆ له‌مانای ئیمپریالیست حاڵی نی له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ ئه‌من چووم سوسیالیستەکان یا سوسیال‌دێموکراته‌کان له‌سه‌ر حوکم‌ بوون‌و حیزبی چه‌پی دیکه‌شی لێبوون که ده‌بوو وه‌زعی کوردو کوردستانیان بۆ ڕوون کرێته‌وه.
ره‌نگه‌ سه‌فه‌ریشم بۆ وڵاتانی شه‌رقی کردبێ به‌ڵام له به‌ر فزولان باسم نه‌کردوه. نیگه‌ران مه‌به ئێستاش ئه‌گه‌ر سوسیالیزمێک به‌ڕاستی مابێ من هه‌ر لاینگریم. به‌ڵام جارێ با ئەتۆ بتوانی به کرده‌وه ببی به‌ مرۆڤێکی دێموکرات‌و له حیزبه‌که‌ت‌دا مافی مرۆڤ بپارێزی‌و دادوه‌رییەکی ڕێژه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری جا ئه‌وه‌ ده‌م دوو قسان ده‌که‌ین!
له‌ لاپه‌ڕی 78دا ئه‌من سه‌رکۆنه‌ ده‌کا که‌‌ بۆ چوومه‌ ئه‌مریکا و ده‌گه‌ل کۆنگریسمان و سه‌ناتووره‌کان و زۆر شوێنی دیکه‌ی ئه‌و ولاته‌ ملاقاتم کردووه‌.
هاوڕێی پێشوو! باشت له‌ بیره‌ که‌ شه‌هید دوکتۆر زۆری حه‌ز ده‌کرد بچێته‌ ئامریکا به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بۆی جوور نه‌بوو. هه‌روه‌ها چه‌ند جار داوای چوونی سۆویه‌تی کرد به‌ڵام هیچ کات نه‌یتوانی ویزا وه‌رگرێ، دیاره‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رایه‌وه‌ په‌یوه‌ندی حیزبی تووده‌ و حیزبی دێموکڕات و جه‌ریانی دوبچێک له‌ چێکوسڵواکی.
به‌ڵام بزانە ئه‌من کاتێک چوومه‌ ئامریکا که‌ ئه‌و وڵاته‌ سیاسه‌تی به‌رامبه‌ر کورد گۆڕاو و هێلی 36ی دانابوو بۆ پاراستنی به‌شیك له‌ کوردستان و پایگای ئه‌نجیرلیکی تورکیه‌شی بۆ کرده‌ پشتیوان. جا که‌ چوومه‌ ئامریکا بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تی مادی نه‌چوبووم، هه‌ر چه‌ند براده‌رانی ئێوه‌ منیان له‌ لای‌ ئامریکایه‌کان به‌ چه‌پ ناساندبوو، به‌ڵام بۆ ته‌رحی مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ ئێران چووم، که‌ بیریان بخه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و‌ان له‌ سه‌ده‌ی 20دا وه‌ک بریتانیا گه‌وره‌ترین غه‌دریان له‌ کورد و ئێران کردووه‌. تێکدانی کۆماری کوردستان و کودتای دژی دوکتۆر موسه‌دیق، پشت تێکردن له‌ کورد دوای 14ساڵ شۆرش له‌ کوردستانی عێراق و تێکدانی ئه‌و شۆرشه‌ درێژخایه‌ن‌ و به‌شکۆیه‌.
پێم گوتن هه‌تا ئاوابوون ئێمه‌ش دژتان بووین و هه‌ین، به‌ڵام ئیستا که‌ ئێوه‌ خه‌ریکن کورد ده‌ناسن و چه‌په‌ری پاراستنتان له‌ به‌رامبه‌ر سه‌دام و به‌عس بۆ کورد داناوه‌، ئێمه‌ش به‌وه‌ ‌ده‌زانین و هاتووین داواتان لێ بکه‌ین چیدی دژایه‌تی کوردمه‌که‌ن و پشتیوانی سیاسی له‌و نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌ و گه‌لی ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامیدا بکه‌ن که‌ جگه‌ له‌ تاوان و جینایه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و گه‌لی ئێمه‌ و له‌سه‌ریه‌ک وێرانکردنی ئێران هیچی بۆ خه‌ڵک نه‌کردووه‌.
به‌لێ به‌ نووسینی ئه‌و نامه‌ی ئاماژه‌ت پێ کردووه‌ له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا 40 مه‌لاقاتمان هه‌بووه‌ و شه‌وانه‌شم بۆ کورده‌کان دانابوو کە برخزمەتیان بگەم و راوتەگبیریان دەگەڵ بکەم.
برای به‌رێز ئه‌وده‌میش ئێمه‌ موخالیفی په‌یوه‌ندی گرتن نه‌بووین به‌لام ده‌گه‌ل هه‌موو لایه‌ک به‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌که‌مان، نه‌ به‌ قازانجی شه‌خسی و سه‌پاندنی بیروبۆچوون به‌ سه‌ر خه‌ڵکدا.
جا ئه‌گه‌ر جه‌نابیشت وه‌ک سکرتێر دوای 30 ساڵ ده‌خۆت راده‌بینی ئاوا خۆت ماندوو‌که‌ی فه‌رموو، ئێمه‌ نه‌ به‌خیل و نه‌ کورسی په‌ره‌ستین که‌ هه‌موو حه‌ولمان بۆ ئه‌وه‌ بێ.
به‌لێ من ده‌گه‌ل ئه‌و سه‌فیره‌ وێنه‌م گرتووه‌ که‌ ئاماژه‌ت پێ کردووه‌. چۆنکه‌ له‌ مێژ ساڵ بوو دۆستی کورد بوو و‌ له‌ دۆستانی نیزێکی بارزانی نه‌مریش بووه‌!
ناوبراو زۆر جاریش نسیحه‌تی کوردانی کردووه‌و به‌ مه‌لا مه‌سته‌فای گوتبوو جه‌نابت به‌و هه‌موو ته‌جره‌به‌وه‌ چۆن فریو‌ی درۆ و ده‌له‌سه‌ی کسنجێرت خواردووه‌ و باوه‌ڕت به‌ قه‌وڵ و قه‌راری کردووه‌؟
کاک مستەفا ئه‌وه‌ش فێر به‌ که‌ له‌ سیا‌سه‌تدا نه‌ دۆست هه‌تاهه‌تاییه‌ و نه‌ دووژمن. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌خلاق و پڕنسیپ نه‌خرێته‌ ژێرپێ، بۆ کورسی و بۆ مه‌قام یاری به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌کرێ

هه‌موو کاتیش منی خزمه‌تکار‌ی گه‌ل و نیشتیمان خاوه‌نی قسه‌ی خۆم بووم و پێشم شک نایه‌ وه‌ک زۆران بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کورسی دوور نه‌که‌ومه‌وه‌ واز لە قسە و بۆچوونی خۆم بێنم.
له‌ لاپه‌ڕی 80دا باسی شه‌ری حیزب و کۆمه‌ڵه‌ ده‌که‌ی، ده‌کرده‌وه‌دا ئه‌و شه‌ره‌ به‌ قازانجی که‌س ته‌واو نه‌بوو، خوێنی سه‌دان رۆله‌ی تێدا رژا. به‌ڵێ ئێمه‌ یه‌ک لایه‌نه‌ شه‌رمان راگرت و جێگه‌ی شانازی و خۆشحالی هه‌موو خه‌لكی کوردستان بوو، به‌ڵام من له‌ یه‌که‌م شه‌ردا که ساڵی 60‌ له‌ گوندی حاجیاڵی‌که‌ند له‌ نێوان حیزب و کۆمه‌ڵه‌دا ساز بوو، له‌ بۆکان به‌ دانیشتن ده‌گه‌ل کاک عه‌بدوڵڵای مهتدی و سه‌ید عومه‌ری کوڕی سه‌یدی زه‌نبیل وەک نوێنه‌ری شیخ عزه‌دین حوسێنی دانیشتم و قه‌راردادێکمان نووسی و شه‌ره‌که‌مان ته‌واو کرد، وێنه‌که‌شم ئه‌و کات داوه‌ به‌ سکرتاریا به‌ڵام ره‌نگه‌ وه‌ک زۆربه‌ی به‌ڵگه‌کانی دیکه لای ئێوە دەست نەکەوێ و مەسڵەحەت نەبێ نیشان‌ بدرێ بەڵام وێدەچێ‌ لای کاک عه‌بدوڵڵا ده‌ست که‌وێ.
ئاخر له‌ قه‌دیمه‌وه‌ گوتوویانه‌ خوێن بو خوێن ناشۆرێته‌وه‌، به‌ڵی کاتێک ئێمه‌ وه‌ک رێبه‌رایه‌تی شۆرشگیر یه‌ک لایه‌نه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌مان له‌گه‌ڵ‌ کۆمه‌ڵه‌ راگرت به‌ خائین و جاش و…. نێودێرتان کردین. به‌ڵام ئێوه‌ پاش یه‌ک دوو سال ئه‌و کاره‌تان کرد. که‌چی مه‌تنه‌که‌تان ئه‌وه‌نده‌ ناشیانه‌ و خۆبه‌زل زانانه‌ بوو که‌ زیاتر وه‌ک ئیعلامی شه‌رێکی نوێ ده‌چوو. ره‌نگه‌ ئێستا که‌ ته‌جروبه‌یه‌کی درێژترت هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێیدا بچیته‌وه‌ بۆ خۆشت پێت سه‌یر بێ!
له‌ لاپه‌ڕه‌ی 80دا ده‌ست پێ ده‌کا له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و موجاهیدین ئه‌وه‌ی ده‌یلێ نایلێته‌وه‌ و ده‌ست ده‌کا به‌ نه‌قل و نه‌زیره‌ و جه‌علیات و شتی دروست کراو.
کاکی برا، به‌ر له‌ هه‌موو کارێک مەترسێ جارێکی دی به‌رگی دووی په‌نجا سال خه‌بات بخوێنه‌وه‌ و به‌ رۆژنامه‌کانی کوردستانی ئه‌و ده‌می حیزبی دێموکڕاتی کوردستان رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێردا بچۆوه‌ تا بزانی ته‌نیا ڕێکخراوی موجاهیدین نه‌بوو که‌ مه‌وزعی ئێمه‌یان تائید کرد و پشتیوانیان لێ‌کردین، به‌ڵكوو زۆربه‌ی حیزبه‌ کوردستانی و ئێرانی یه‌کان مه‌وزعی ئێمه‌یان به‌ جێ و به‌ حه‌ق زانی.
به‌ڵام پێشم خۆشه‌ ئه‌وه‌ بزانی که‌ موجاهیدین له‌ سه‌ره‌تادا موخالیفی جیابوونه‌وه‌ی ئێمه‌‌ بوون و هه‌ولێشیان زۆردا ئه‌و کاره‌ نه‌کرێ، به‌ڵام به‌ قسه‌مان نه‌کردن، لانی که‌م هه‌تا مانگێک دوای هاتنه‌ خواره‌وه‌ی براده‌رانیش له‌ بۆلێ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌وانه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دوایه‌ وه‌ک زۆربه‌ی هێزه‌کانی دیکه‌ هاوکاریان کردووین. به‌ڵام پێم خۆشه‌ ئه‌گه‌ر تا ئیستاش نه‌تزانیوه‌ بزانی‌ که‌ من وه‌ک هێندێک که‌س لەپڕێک نەبوومە کوڕێک که‌ له‌ناکاو به‌ سه‌ر حازریدا کەوتبم بۆیە عاده‌تم به‌ گوی له‌ مستی نه‌گرتووه‌.
ئێمه‌ ئه‌گه‌ر گوێ له‌ مست باین ئه‌وه‌ندی بڵێی یه‌ک و دوو ده‌بووینه‌ ئه‌ندامی شوورا، زۆرێشیان پێ‌خۆش ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌تۆ که‌ عاده‌تت به‌ گوێ له‌ مستی گرتووه‌‌ ئیستاش هه‌ر ده‌لێی له‌ شۆرا هاتینه‌ ده‌ر. چونکوو کاتی خۆی وایان پێ دیکتە کردی.
هێندێك ورته‌ ورت ده‌که‌ی و له‌ زمان ئه‌بریشمه‌چیه‌وه‌ درۆی گه‌وره‌ گه‌وره‌ ده‌که‌ی. بۆ تۆی سکرتێر عه‌یبه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر که‌میشمان بووبێ به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌گه‌ڵ به‌ده‌نه‌ی خۆمان به‌راستی و دروستی خه‌رجمان کردووه‌، به‌ڵام هیچ کات گوێمان بۆ قسه‌ی قۆڕی که‌س شل نه‌کردووه‌، ئه‌بریشمه‌چی کێیه که‌ ئه‌مرو نه‌هی به‌سه‌ر‌ جه‌لیل گادانی‌دا بکا!؟ وە ئەگەر بۆ ئەو درۆیانە بەڵگەیەکت هەیە بۆ بڵاوی ناکەیەوە!؟
ئه‌تۆ جورئه‌تت نه‌ده‌کرد جارێک له‌سه‌ر شه‌هید کرانی دوکتۆر قاسملوو به‌ گژ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئۆتریشدا بچیه‌وه‌ و له‌ حالێکدا ئه‌و ده‌م که‌ ئێمه‌ له‌ ئێوه‌ جیا بووین‌ و جار جار وشه‌ی جاشیشتان بۆ به‌کار ده‌هێناین به‌ شاهیدی عه‌لی مازووچی لە ویەن زۆر به‌ جدی به‌ گژ دوکتۆر فیشیردا چووم که‌ ئه‌و ده‌م سه‌رۆکی پارلمان بوو و ئێستا سه‌دری ئه‌عزه‌می ئۆتریشه‌ و داوام لێ کردبپرسنه‌وه‌ و قاتڵه‌کانی به‌ڕێتان کردونه‌وه‌ داوابکه‌نه‌وه‌ و به‌ په‌روه‌نده‌که‌ رسیده‌گی بکه‌ن، هه‌روه‌ها پێشم گوت که‌ بێده‌نگیان له‌و بابه‌ته‌وه‌ ریسوایی و ئابروچوونه‌!
کاتی خۆشی له‌و جۆرە به‌یت و باڵۆرانه‌تان زۆر کوت و دووپاتتان کرده‌وه‌، به‌لام چۆنکه‌ هه‌رواتان به‌و قسه‌ پروپووچانه‌ باوه‌ر کرد که‌ جاسووسه‌کانتان بە درۆ بۆیان دروست ده‌کردن وبۆیان ده‌گێرانه‌وه‌ و سه‌ریشیان به‌ رێژیمه‌وه‌ به‌ند بوو، ئه‌و حیزبه‌ خاوێنه‌تان گرده‌نشین کرد و کردتانه‌ قوربانی هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆتان


به‌لێ له‌ واقعدا من نه‌چوونه‌ ناو شۆڕام ئاوا به‌ په‌له‌ و به‌ بێ پەسند کردنی ده‌فته‌ری سیاسی پێ دروست بوو، نه‌ ئه‌م ته‌رزه‌ ره‌فتارانه‌ی که‌ دوای ئه‌و هه‌موو پێدا هه‌ڵگووتنە بە شۆرا ئاوابه‌ ساده‌یی له‌ شؤرا ئیخراج کرێین که‌ به‌‌ پاڕانه‌وه‌ش رامان نه‌گرنه‌وه‌ و دوایه‌ش به‌ده‌نه‌ی خۆمان فریو ده‌ین و بڵێین هاتینه‌ ده‌ر.
پێم وایه‌ ده‌بێ لێره‌ به‌س بێ و چیدی ئه‌و قسه‌ هه‌ڵه‌ و بێ بنەمایانە‌ ته‌حویلی خه‌لك نه‌ده‌ی!
له‌ لاپه‌ره‌ی 58دا باسی گۆڕینی شعار له‌ خودموختاری بۆ چاره‌نووس ده‌کا و ده‌نووسێ موجاهیدین پێمانی گوت ده‌بێ بیگۆڕن!
ئێمه‌ هه‌تا ده‌گه‌ل ئێوه‌ به‌و نرخه‌ی که‌ باسی ده‌که‌ی تێکه‌ڵ نه‌بووینه‌وه‌، دۆستایه‌تی خۆمان ده‌گه‌ڵ ئه‌وان پاراست و هیچ کات نه‌‌ داوایه‌کی ئاوایان له‌ ئێمه‌ کردوو نه‌ ئه‌گه‌ریش کردبایان به‌ قسه‌مان ده‌کردن، ئەگەر ئەهلی خوێندنەوەبای وە چاوت لە بەرنامەی ئێمە کردبا، ئەوەت دەزانی هه‌تا تێکه‌لیش بووینه‌وه‌ ‌هاوکاریان هه‌ر کردین. زۆریش لە جەنابت پیاوتر بوون، ئەوان کە کوتیان دۆستایەتی دەکەن، دەیکەن و بە کردەوەش کردیان. وەک هێندێکان لەسەرەوە دۆست‌نین و لە بنەوە پیلان بگێرن!
به‌ڵام داخه‌که‌م که‌ تێکه‌ڵ بووینه‌وه‌ ئێرانچیتی ده‌ستی پێ کرد و ته‌نانه‌ت له‌ کۆنگره‌ی یازده‌ش که‌ دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ گیرا باس له‌ سه‌ر فیدرالیزمیش که‌ ئێمه‌ هێنامانه‌ گۆڕێ له‌ روانگه‌ی ئێوه‌وه‌‌ به‌ خیانه‌ت و…. له‌ قه‌ڵه‌مدرا و هه‌تا یه‌ک دوو پلینیۆم پیش کۆنگره‌ی 13ش هه‌ر بڤه‌ بوو!
له‌ لاپه‌ڕه‌ی 8دا باسی بێ ده‌ره‌تانی مادی ئێمه‌ واته‌ حیزبی دێموکڕات رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێر ده‌کا و زۆر جاریش باسیان کردووه‌ که‌ ده‌بێ ئیمه‌ له‌ برسان داوای تێکه‌ڵ بووونه‌وه‌مان کردبێ، ره‌نگە ئێستاش که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر هه‌وڵ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ ده‌دا، ئێوه‌ هه‌ر وا بیر بکه‌نه‌وه‌! لە سەرەتاشەوە وات بیر کردبۆوە کە پاش چەند مانگ نامێنین!
کاک مسته‌فای به‌رێز! ره‌نگه‌ ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی نیزیک 9 ساڵ تێکۆشان‌دا هیچ کات نه‌ هه‌روه‌ک ئێستای ئێوه‌مان لێ نه‌هاتبێ که‌ تلویزیون داخه‌ن، چه‌ند مانگ یارمه‌تی کادر و پێشمه‌رگه‌کانتان بۆ نەدرێ، ته‌ماح له‌و 150 هه‌زار دیناره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش‌ بکه‌ن که‌‌ کۆمه‌ڵایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌یانداتێ، ره‌نگه ئه‌وانه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجی عاسته‌مدا رووبده‌ن و بۆ حیزبێکی سیاسی و به‌رپرس دێته‌ پێش. بەڵام ئێمە نەگەیشتینە ئەو وەزعە.
ئاخر بێجگه‌ له‌و 10_12 ده‌زگا ماشێنه‌ و ئه‌و هه‌موو چه‌ک و چۆل و که‌ل و په‌لی رادیۆ و بێ سیمه‌ی که‌ له‌ تێکه‌ل بوونه‌وه‌دا له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ته‌حویلتان دراوه‌ و لیسته‌که‌م بۆخۆم پێشتر ته‌حویلی کاک حه‌سه‌ن شه‌ڕه‌فی و کاک مسته‌فا مه‌ولوودی‌دا بوو پاره‌ی، نه‌قدیشتان له‌لایه‌ن کاک حه‌سه‌ن ره‌ستگار وه‌ک به‌رپرسی ماڵی و سکرتێر ته‌حویل درا. خۆ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ئه‌و ماشین و ئیمکاناته‌مان فرۆشتبا دوو سێ سال به‌ڕاحه‌تی پێی ده‌ژیاین. که‌ وابوو ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌ستی خاوێن و بێ گه‌ردی ئێمه‌ یاری ده‌که‌ن و ده‌ڵێن له‌ ئێحتیاجیان تێکه‌ڵ بووینه‌وه‌ نە هەر به‌ هه‌ڵه‌ ‌چوون به‌ڵکوو به‌ ئاشکرا درۆ ده‌که‌ن! ئەوانە یاری بە خەباتی ڕەوای لەمێژینەی هاوڕێ‌یانی ئێمە لە پێناو ڕزگاری گەل و نیشتمان دەکەن! کە ئەگەر عەیبە مابێ، ئەو درۆ کردنە عەیبێکی زۆر گەورەیە!
ئه‌و کاتی که‌ ئێمه‌ یه‌کمان گرته‌وه‌ ئێوه‌ ئه‌و ئیمکانات و شتانه‌ی حکومه‌تیش ده‌یدا به‌ بنه‌ماله‌کان به‌خۆڕایی نه‌تان‌ده‌دانێ و چه‌ند جارێکیش هه‌ڵکه‌وتووه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ خێزانداره‌کانتان پاره‌یان نه‌بوو ده‌رمانی بۆ منداڵە نەخۆشەکانیان پێ بکرن و له‌ ئێمه‌ مانانیان داواده‌کرد و ئێمەش بە گوێرەی ئیمکان دەریغیمان لێ نەدەکردن.
دواتر ئێمه‌ پێمان سه‌لماندن که‌ ئه‌وه‌ هه‌قی بنه‌ماڵه‌کانه‌ ده‌بێ پێ‌یان بدرێ. به‌ڵام ره‌نگه‌ سبه‌ینی ئه‌گه‌ر یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ رووبدات به‌ حیزبی دیموکڕاتی کوردستانیش هه‌روا بڵێی! سه‌ڵا له‌و عه‌قله‌!
به‌لام زۆر عه‌یبه!‌ یاری به‌ هه‌ستی خاوینی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه و کوردستانه‌که‌مان مه‌که‌! ئه‌وه‌ فێڵی ئێوه‌ و هه‌ستی خاوێنی ئێمه‌ بوو که‌ به‌ستێنی به‌ دڵ و گیان یه‌کگرتنه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ی ده‌گه‌ڵ ئێوه‌ پێک هێنا، نه‌ موخالیفه‌تی کوێرانه‌ و هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تی نه‌کردنی ئێوه‌ و موخالیفانی یه‌کگرتنه‌وه‌. دینتی ئەو خەونە ترسناکە و بیرکردنەوە ڕەشبینەکاتی بەسەر چووە و کۆن بوون. ئەوە ئێمەش نەبووین جیایی دوجارەمان کرد، نامودیری و دڵڕەشی و تێکدەری جەنابت وای کرد!
باسی وتووێژ خوازی ده‌که‌ی، من به‌ش‌به‌حالی خۆم ئیستاش وتووێژ ده‌گه‌ل ئه‌و ڕێژیمه‌م پێ بێسووده‌، هه‌ر چاوه‌روانیه‌ک بۆ سازش ده‌گه‌ل ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌ خۆفریودان ده‌زانم. داوای موجاهدەکانیشم بۆ نه‌کردنی وتووێژ ده‌گه‌ل ئه‌و رێژیمه‌ به‌ ره‌وا زانیوە و بە دروستی ده‌زانم. چۆنکه‌ حیزب قه‌ولی دابوو تا رووخانی کۆماری ئیسلامی خه‌باتی هاوبەش درێژه‌ بدا و له‌و‌ چوارچێوه‌دا کۆمارێکی دیموکڕاتیک دابمه‌زرێنێ. به‌ وته‌ی فارسه‌کان (شتر سواری دولا دولا نمیشه‌.)
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌لێم ئه‌م وتووێژخوازیه‌ی ئه‌و کاتی که‌ به‌و نرخه‌ لە قیمەت نەهاتوو‌ی حیزبه‌که‌تان ته‌واو بوو قه‌ول و قه‌راری دیکه‌ی له‌ پشت بووه‌!
له‌ لاپه‌ڕه‌ی 91دا ده‌ڵێ،” گه‌لۆ وه‌لانانی ته‌نیا که‌سیک له‌ رێبه‌رایه‌تی حیزبدا، ئه‌وه‌نده‌ی دێنا ئه‌و حیزبه‌ تووشی ئه‌و هه‌موو کێشه‌ و که‌ند و کۆسپه‌ بکرێ.”
مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسی یه‌ک که‌س نه‌بوو چاره‌نووسی حیزب بوو، سه‌پاندنی ده‌سه‌لات بوو، زه‌وت کردنی ماف بوو، هیچ ده‌زانی ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌گیرابا حیزب به‌ره‌و کوێ ده‌چوو، شتی زۆر خراپتر له ‌لیسته‌ی فیکس ده‌هاته‌ گۆڕێ؟ ئه‌وه‌نده‌ دێموکراسیه‌ی مابوو ئه‌وه‌ش نه‌ده‌ما؟ ئەو کەندو کۆسپانەی باسیشی دەکەی کەسانی وەک جەنابت کە هەر بەڵێتان کوتووە، بەسەر حیزبتان هێنا نە ئێمە.
ئه‌رێ ئیمه‌ به‌ گشتی و من به‌ تایبه‌تی که‌ له‌ هه‌موو هه‌لوومه‌رجێکدا و له‌ زه‌مانی نهێنی کاری و مه‌یدانی ئاشکرادا قه‌دیمی‌ترین یار و پشتیوانی دوکتۆر قاسملوو بووم، بۆ قسه‌ی حیسابی لێ وه‌ر نه‌گرتین. بۆ کۆنفرانسی فوقالعاده‌ی بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ناراحه‌تیه‌ی که‌ چه‌ند هه‌زار که‌س به‌ نووسراوه‌ داوایان

کردبوو نه‌گرته‌وه‌؟ دوایه‌ش بۆ فه‌رمانی هێرش بۆ ئێمه‌تان‌دا‌و شەڕتان پێ فرۆشتین و شه‌ڕی براکوژی دێموکراته‌کانتان سازکرد. ئه‌گه‌ر لیسته‌ی فیکس بۆ هه‌ڵبژاردن باش بوو بۆ دوایه‌ بۆ خۆتان وه‌لاتان ناو دووپاتتان نه‌کرده‌وه؟
دیاره بۆتان ده‌رکه‌توه شتێکی نادێموکراتیک‌و زیانباره بۆیه‌ وازتان لێ‌هێناوه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه هێندێکتان هه‌ر فێری به‌ڵی کوتن بوون و ئه‌وکات چاوتان له زاری که‌سانی دیکه‌ بوو و عه‌قڵتان به میزانی زیانی ئه‌و لیسته فیکسه نه‌ده‌شکا و کوێرانه‌ قه‌بووڵتان کرد، وای لێهات.
له لاپه‌ڕه‌ی 93دا جارێکی‌دی نه‌فی کوردپه‌روه‌ری‌و خه‌باتی دڵسۆزانه‌ی ئێمه‌و به‌تایبه‌تی من جه‌لیل گادانی ده‌کاو ده‌ڵێ بۆ مه‌سڵه‌حه‌تی خۆیان وایان کردوه.
ئه‌رێ پێم ناڵێی ئه‌من له هه‌موو درێژایی ماوه‌ی خه‌باتم‌دا جگه له قازانجی مه‌عنه‌وی که باوه‌ڕی خه‌ڵک‌و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ چیدیکه‌م پێبڕاوه، هه‌موو شتێکی خۆم ته‌نانه‌ت لاوەتی و بنەماڵە ژن‌و منداڵیشم فیدای ئه‌و خه‌باته ڕه‌وایه‌ نه‌کردوه که ته‌نیا بۆ به‌خته‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌م کردوومه؟
خه‌ڵکی کورد باش له نییه‌تی پاکی من حاڵیه بۆیه ئه‌و ده‌م که ساواک‌و ساواکیه‌کان هه‌ره‌شه‌یان له‌ ژیانی خه‌ڵک ده‌کرد، جەنابیشت دەستت بەکڵاوی خۆت گرتبو و قروقەپ دانیشتبووی و ئاگات لە مەحموودی بێ زەواد نەبوو. به قسه‌ی من ملیان له تیغ ده‌ناو به‌ قبووڵی گیران و ئه‌شکه‌نجه‌و مردنیش رازی ده‌بوون چ له زه‌مانی شاداو چ دواتر ده‌هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌بات‌و به‌ربه‌ره‌کانی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نه‌هه‌ر منه‌ت له سه‌ر خه‌ڵک دانانێم زۆریشیان سپاس ده‌که‌م و بە دڵ پێشمەرگەی گەل و نیشتمانم و بە کردەوەش نیشانم داوە پۆست و مەقام بۆ من بایخی نی‌یە!
ئه‌گه‌ر له لاپه‌ڕه‌کانی به‌رگی 2ی 50 ساڵ خه‌بات وردبیه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ نیازێکمان له باری مادیه‌وه هه‌بێ گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیاری بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبمان هه‌بووه‌و له‌و کتێبه‌دا نووسراوه. ئه‌گه‌ر له‌به‌ر داخوازی خه‌ڵک نه‌بێ‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێ بۆ ئاماده‌م ده‌گه‌ڵ جه‌نابتی نێوچاوان گرژی میر ئاسا دانیشم حیزبایه‌تی بکه‌م. حیزبه‌که‌ی ئێمه ئه‌وکاتیش‌و ئێستایش لەچی کەم بوو، لەچی که‌مه‌؟
ئه‌وه‌شت بۆ ده‌سه‌لمێنم که هه‌موومان ده‌نگمان به شه‌رعیه‌تی کۆنگره‌داو قسه‌کانی منیشت له کردنه‌وه‌ی کۆنگره‌ی 13دا له بیره. به‌ڵام مه‌رج نیه هه‌ر خیلافێکیش دوای کۆنگره کرا کادرو ئه‌ندامان قڕوقه‌پ دانیشن. من به خۆشی‌یه‌وه‌ له‌و جیابونه‌وه‌دا موداخیله‌یه‌کی ئه‌وتۆم نه‌بوه‌و به‌ر له لێک‌دابڕانیش ‌گوتوومه‌و چه‌ندجاریشم دووپات کردۆ‌ته‌وه که “حیزبی دێموکرات به‌یه‌که‌وه جوان‌و سه‌رکه‌وتوه‌‌و به هه‌ردوولام گوتوه ئه‌گه‌ر یه‌ک بوونی حیزب به ‌تاڵه موویه‌که‌وه به‌نده ده‌بێ بۆ پاراستنی تێکۆشین‌و نه‌هێڵین بپسێ.”
خوا غه‌زه‌بیش له‌وه گرێ که له سه‌ره‌تاوه ده‌سته‌و ده‌سته‌به‌ندی له‌و حیزبه‌دا سازکردو ماڵی ئه‌وانه‌ش وێران بێ که بوونه هۆێ له‌ت‌بوونی حیزب!
زۆر سه‌یره له لاپه‌ڕه‌ی 94دا ئێستاش باسی گۆڕانی نێوی حیزب ده‌کاو پێیان ناڕه‌وایه ئێمه ئه‌وکات یا ئێستا ناومان “حیزبی دێموکراتی کوردستان”ـه‌، ئه‌رێ بۆ ده‌ته‌وێ ئه‌و کوشتاره‌ی له پێشمه‌رگه‌کانتان کردین له ژێر عینوانی ناودا بشاری‌یه‌وه؟ تاوانی ئه‌و ڕۆڵانه چ بوو؟ که‌م به‌گژ دوژمنه‌کان‌دا چوبوونه‌وه؟ پێشمه‌رگه‌ی ئازاو قاره‌مان نه‌بوون؟ ئه‌وه هه‌تا که‌نگێ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ بێ مه‌عناو قۆڕه ده‌بێ ڕه‌واجی هه‌بێ؟ ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ تۆبووم پیاوی چاک‌و ئازاو… به‌ڵام هه‌ر فاسیله‌م لێ‌گرتی ده‌بمه جاش‌و پیاو خراپ‌و خائن؟!
له لاپه‌ڕه‌ی 95دا ئاماژه به به‌شێک له نامه‌ی دوکتور قاسملوو ده‌کا که به‌ر له ئیعلامی مه‌وزعی ڕێبه‌ڕایه‌تی شۆڕشگێر بۆ کاک “فه‌تاح کاویان”ـی نوسیبوو. به‌ڵام ئەو بەشەی لێ قرتاندوه که بۆی ده‌نووسێ ده‌ستتان ماچ ده‌که‌م ئه‌گه‌ر بێنه‌وه!
یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که له‌و نامه‌دا هه‌موومان به بێ‌عه‌قڵ داده‌نێ. له لایه‌کی دیکه به ڕاستی هه‌رتاکێک له کۆمه‌ڵگادا مافی نی‌یه‌ نێو بۆخۆی دیاری بکا؟! هەتا دەگا بە حیزبێکی گەورە و گران.
مه‌گه‌ر ناوی حیزبی دێموکرات قه‌باڵه‌که‌ی به ناوی ئێوه نووسرابوو؟! جگه‌له‌وه‌ش ئێوه که له زه‌مانی شادا بێ ده‌سه‌ڵات‌ترین‌و گوێ له مست‌ترین که‌س بوون بۆ گوتنی جاویدشا، بۆ حه‌قتان به خۆتان ده‌دا ئه‌و ناوه‌تان له سه‌ربێ به‌ڵام ئێمه‌مانان که هه‌موو لاویه‌تی و ژیان‌و هه‌ست‌و نیستی خۆمان له‌و پێناوه‌دا دانابوو مافی ئه‌وه‌مان نه‌بوو ناوی خۆمان بۆ خۆمان دیاری بکه‌ین! له ڕونگه‌ی ئێوه‌ ئه‌وه‌ دێموکراسی‌یه‌؟ ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ به کوشتنی پێشمه‌رگەیە یا پاراستنی دێموکراسی‌یە؟
ئاخر ئێمه “ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر”مان له ناوه‌که‌مان زیاد کردبوو تا فه‌رق‌و جیاوازی هه‌بێ. له دنیای پێشکه‌وتوودا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دووناو ویرگولیان فه‌رق بێ سه‌بت ده‌کرێ‌و به ڕه‌سمی ده‌ناسرێ. هه‌تا ئه‌م دوایانه‌ش جه‌نابت هه‌ر ئه‌و بالۆره‌ت لێده‌دا!
ئێوه ده‌بێ وڵامی دنیاو گه‌لی کورد‌و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه بده‌نه‌وه که نه‌ته‌نیا شه‌هیدتان کردن به‌ڵکوو گولله‌ی خه‌ڵاسیشتان لێدان.
بۆ ئێستاش پێتان وایه چه‌ک بۆ سه‌پاندنی قسه‌و توانای خۆتانه به سه‌ر خه‌ڵک‌دا؟ ئه‌وه بۆ هێندێک لە بەرپرسانی کورد ئەگەر پاره‌و پووڵ‌و چه‌ک‌و چۆڵ و پێشمه‌رگه‌یان له ده‌وری خۆیان دی ده‌بنە میرغه‌زه‌ب، فیرعه‌ون‌و جه‌لادو شه‌ڕ به خه‌ڵک ده‌فرۆشن؟ دوایه‌ش نێوی ده‌نێن شه‌ڕی براکوژی. ئه‌وه که‌ی ڕێی به‌ برایه‌تێدا بردوه‌؟ وای چ برایه‌تێکی پڕ له تاوان‌و شه‌رم‌و شووره‌ییه!
له لاپه‌ڕه‌ی 96دا هێندێک شه‌لاحه‌ت و فه‌لاحه‌ت ده‌‌کاردێنێ و دوایه‌ش ده‌ڵێ “ئاخریه‌که‌ی نه‌بوون به حیزبی دێموکرات.”
زۆر سەیرە ئینکاری وجوودی حیزبێکی دەکا کە دوای 9 ساڵ تێکۆشانی سەربەخۆ و فیداکارانە لە سالی 1375 جێژنی یەکگرتنەوەی لەگەڵ گرتووە، ئەدی ئەگەر نەبوونە حیزب ئەو دەم لەگەڵ کێ یەکتان گرتەوە؟ حیزبێک کە لە سیفرەوە دەستی پێ کرد و ئێوە لە هەموو بوارێکەوە بە ڕەقیبی خۆتان دەزانی.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا لێت حاڵی نه‌بوه دیسان داوات لێده‌که‌م جارێکی دێ سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌کانت واته به‌رگی یه‌ک‌و دووی 50 ساڵ خه‌بات بخوێنه‌وه تا باشت لێ حاڵی بێ حیزب بووه. بێ‌زه‌حمه‌ت ئه‌و ئیعلامیه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوولای حیزبیش له کاتی یه‌کگرتنه‌وه‌دا بخوێنه‌وه که له‌وێدا به ئاشکرا بوونی ئه‌و حیزبه‌ت وه‌ک واقع سه‌لماندوه.
جگه له‌وه‌ش مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سن‌زاده، دوای کۆنگره‌ی 13 که ئێوه زۆرتان ته‌عنه لێده‌دا له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی‌دا به ئاشکرا بۆ دیفاع له خۆی هاواری کردوه‌و گوتویه‌تی “ئه‌من به‌و تێکه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر گه‌وره‌ترین ڕه‌قیب‌و کۆسپم له سه‌ر ڕێگه‌ی حیزب هه‌ڵگرتوه!”
کاک مسته‌فای به‌ڕێز! ئه‌وه بۆ ئێستا که خۆت وا لە سه‌ره‌وه ده‌بینی‌و به له خۆبایی بوونه‌وه ده‌ڕوانیه‌ خه‌ڵک‌و حورمه‌تی هاوخه‌باتی‌و جیرانه‌تی‌و هاوحیزبی‌بوونت به جارێک وه‌لا ناوه‌و پاشا ئاسا ده‌ڕوانیه ئه‌و که‌سانه‌ی که نه له باری ڕابردوه‌وه، نه له باری سه‌وادو زانیاری‌و سیاسه‌ت‌و ئه‌خلاقه‌وه ناگه‌یه گه‌ردیان‌ به‌ڵام به‌م شێوه‌ بێ‌حورمه‌تیان پێ ده‌که‌ی؟
به‌سه‌! ئه‌و چاویلکه ڕه‌شانه له چاوت داگره، دڵه‌ ڕه‌شه‌که‌ت که‌مێک ڕوونکه‌وه، له‌و قسه‌و قسه‌ڵۆکانه‌ی که زۆر کۆن بوون‌و ئیتر ڕه‌نگیان نه‌ماوه‌و کاڵ بوونه‌وه‌ واز بێنه! سووکایه‌تی کردن به خه‌ڵک بۆ خۆتی پێ سووک ده‌بی، بزانه دوای ئه‌و کتێبه چیان بۆ نوسیوی‌و چت پێ ده‌ڵێن؟
بۆ به‌شی سێهه‌می کتێبه‌که‌شت که له سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی دوای کۆنگره‌ی 13یه‌ من جارێ هیچ ناڵێم. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت بۆ ده‌نووسم که دۆڕاو بۆخۆتی که پاش 35 ساڵ حیزبایه‌تی‌و ئه‌ندام بونت له ڕێبه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا بەداخەوە تا ئێستا نه سیاسه‌ت ده‌زانی نه ده‌زانی بدوێی‌و نه ئه‌ده‌ب فێربووی‌و نه ده‌زانی بنووسی، هه‌مووکه‌سیش ده‌زانێ ئه‌وه ئینشای جه‌نابت نییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێاوێکی ڕاستگۆبای لانی‌که‌م له‌و 193 لاپه‌ڕه‌ی‌دا یا له‌به‌شی ئاخری‌دا شه‌هامه‌تی ئه‌وه‌ت ده‌بوو بنووسی دوای ئه‌و بڕیاره‌ی که به په‌سه‌ندی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی دوای کۆنگره‌ی 12 گه‌یشتوه‌و ده‌ڵێ “هه‌رکه‌س به نهێنی ده‌سته‌به‌ندی بکا به خائن ده‌ناسرێ‌و تا سه‌رحه‌دی ئیخراج له حیزب سزا ده‌درێ” جه‌نابت ئه‌و بڕیاره‌ت پێشێل کردو بۆ خۆشت له‌ پلیونۆمدا ئیعترافت به کردنی ئه‌و کاره کرد به‌ڵام له سزادانت چاوپۆشی کرا!
زۆر ئیراده‌ ڕاست له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌دا که‌ وتووێژ بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دووباڵی حیزبی دیموکرات ده‌گۆڕێ‌دابوو به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و جنێونامه‌ جارێکی دی دانیشتنه‌کانت وه‌دواخست و مه‌سه‌له‌که‌ت به‌بن به‌ست گه‌یاندوه‌.

جه‌لیلی گادانی

….

بابەتی پەیوەندی دار



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی