"an independent online kurdish website

کتێبی “نسکۆ و دابڕان” نووسینی مستەفا هێجری، وڵام دانەوی جەلیل گادانی و عەبدۆڵا حەسەن زادەی لێ کەوتەوە. ئەو بەشەی لە کتێبەکە و وڵامەکان کە باس لە کێشەکانی نێوان ئەو سێ کەسە دەکا، بۆ من وەک نووسەری ئەم بابەتە بایەخێکی نیە، چونکە ئەوە پێوەندی بە خۆیانەوە هەیە.


cemil_kolahi

گرینگ بۆ من ئەو باسەیە کە بۆتە هۆی ئاژاوە و بە داخیشەوە شەڕی برا کوژی لێ کەوتۆتەوە و ئێستاش هەر بەردەوامە و ئەگەر واش بڕواتە پێش، بە داخەوە شەڕکی دیکەی بە دواوە دەبێ، ئەو باسەش ، باسی شەڕ لە سەر ناوی حیزبی دیمۆکراتە!

نووسینی “نسکۆ و دابڕان”ی مستەفا هێجری، “روون کردنەوە یان هەڵبەستنی مێژوو”ی عەبدۆڵا حەسەن زادە و “وڵامێک بۆ نسکۆ و دابڕان”ی جەلیل گادانی، ناوەرۆکی بیری سێ کەس کە نەفەری یەکەمی حیزبەکەیان بوونە، دەرخست. بە باوەڕی من دەبوایا ئەو کارە زووتر کرابایا، با ئەو کەسانەی وا “هاڵەی مۆقەدەس”یان بە دەور خۆیان کێشاوە، بە روونی بۆ خەڵک دەر بکەون و خەڵک خۆی بڕیاری خۆی لە سەریان بدات.

شێوەی جیا بوونەوەکان لە ناو حدکادا هەمیشە کێشەو ئاژاوەی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە شێوەیەک کە زەبرێک کوشندەی لە پەیەکەر بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات داوە. جیا لە دابڕانی دوای کۆنگرەی ١٣ی حدکا، لە کۆنگرەی ٤ و دوای کۆنگرەی ٨ی حدکا دابڕان رووی داوە، کە لە هەر دوو دابڕانەکەدا، ئەو کەسانەی وا جیا بوونەتەوە، ناوی حدکایان لە سەر خۆیان داناوە. کۆنگرە چوارییەکان ناوی “حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران-پێڕەوی کۆنگرەی ٤”یان لە سەر خۆیان دانا و کۆنگرە هەشتییەکانیش ناوی “حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران- رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ”یان بۆ خۆیان هەڵبژارد. لە هەر دوویاندا لە سەر ناوی حیزب ئاژاوە هاتۆتە ئاڕاوە، کە بە داخەوە لە ئەوەی دووهەمیان واتە “رێبەریی شۆڕشگێڕ” ئاژاوەکە بوو بە شەڕی براکوژی و خوێنی لاوی کوردی لە سەر رژا!

عەبدۆڵا حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حدکا لە کتێبی کۆرتە مێژوودا لەم بارەیەوە دەڵێ:

ئەگەر جیابوونەوەی ئەو دەستەیە لە کادرو ئەندامانی حیزب ئەویش بەو شێوە ناشیرینە و لەو کاتە ناسکەدا زەبرێکی گەورەی لە بزووتنەوەی میللی دیمۆکراتیکی گەلەکەمان وەشاند، دانانی ناوی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سەر خۆیان زیانێکی گەورەتری لە حیزب و بزووتنەوە وەشاند…جیگەی وەبیر هێنانەوەیە کە بەوەشەوە نەوێستان و هەر وەک بیانەوێ شەڕ بفرۆشن و شەڕ هەلیسێنن تەواوی ناوەکانی ناو حیزبیان لە سەر ئۆرگانەکانیان دانا… بە دانانی ناوی حیزبی دیمۆکرات لە سەر خۆیان بە کردەوە زەمینەی شەڕ هەڵگیرساندنیان خۆش کردو فەزای سیاسی کوردستانیشیان تووشی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە هێنا… ئەگەر ناوێکی دیکەیان لە سەر خۆیان دانابایە و شتێکی تازەیان داهێنابایە، دوور نەبوو، کۆمەڵێکی زیاتر لە ئۆگرانی مەسەلە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران وەدوایان بکەون” (لەپەڕەی ٤٤٨ و ٤٤٧/کۆرتە مێژوو/ ع. حەسەنزادە)

بەڵام ناوبرا دوای ئەوەی کە خۆی لە دوای کۆنگرەی ١٣ی حدکا لە گەڵ کۆنگرە هەشتییەکان لەو حیزبە جیابووەوە و تەنانەت کۆنگرە چواریشیان لە گەڵ کەوت، هەر ئەو کارەی کە کۆنگرە چواری و هەشتییەکان کردیان و ئەم بە ناڕەوای دەزانی و مەحکوومی کرد، سێ پاتە کردەوە!

بەڵام ئەم جارە چونکە خۆی لە گەڵ جیا بوونەوەکە کەوتووە، بە هەموو تواناوە خەریکی پاساو هێنانەوەیە و بە کارێکی ئاسایی دەزانێ. لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی ١٧ی “روون کردنەوە یان هەڵبەستنی مێژوو” کە وڵامدانەوەیە بە کتێبی “نسکۆ و دابڕان”ی مستەفا هێجری کە دانانی ناوی حدکا لە سەر خۆیان بە نایاسایی دەزانێ، دەڵێ:

ئەمنیش بە قەد کاک مستەفا لەو بوارە شارەزام، بەڵام بە پرسیار لە شارەزایان وام بۆ دەرکەوتووە کە ئەو کاتەی ناوێک لە سەر کەسێک سەبت کراوە کەسی دیکە بێ رەزامەندیی ئەو هەقی نیە ئەو ناوە لە سەر خۆی یان بۆ وێنە کۆمپانیای خۆی دابنێ. ئێستا نازانم لە جێدا ناوی حدکا کەنگێ و لە کوێ بە ناوی ئەوو هاوبیرەکانی سەبت کراوە تا کەسی دیکە نەتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ؟ لەوەش بگوزەرین هەر بە پرسیار بۆم دەرکەوتووە ئەگەر دوو ناو تەنیا بە یەک پیت جیاوزییان هەبێ هەردووکیان سەبت دەکرێن و رێگای تێکۆشانیان لە بواری خۆیدا پێ دەدرێ. ئەوەش کە دەنووسێ “لە کوردستان کارەساتی ناوەتەوە” تەواو نیشانەی ئەوەیە کە کردەوەکانی خۆی نەک بە شەرعی و قانوونی، بەڵکوو بە شەرع و قانوون دادەنێ و ئەوەی سەرپێچییان لێ بکا بە یاغی و تاغی دەزانێ؟ بەڕاست رۆڵەی کورد کوشتن بە دەستی یەک بە کوشت دانیان بۆ ئەوە دەبێ کوردێک بە شانازییەوە یادی بکاتەوە و خۆی پێوە رانێ؟”

هاوئاهەنگ لە گەڵ عەبدۆڵا حەسەن زادەدا، جەلیل گادانی سکرتێری “حدکا-رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ”یش دەنووسێ:

ئاخر ئێمه “ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر”مان له ناوه‌که‌مان زیاد کردبوو تا فه‌رق‌و جیاوازی هه‌بێ. له دنیای پێشکه‌وتوودا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوو ناو ویرگولیان فه‌رق بێ سه‌بت ده‌کرێ‌و به ڕه‌سمی ده‌ناسرێ.”

ئەم دوو وڵامە لە سەر ئەم پاراگرافەی “نسکۆ و دابڕان” لە لاپەڕە ٩٥دا هاتوون کە دەڵێ:

بە پێی پرەنسیپ و هەروەها پێڕەوی ناوخۆی حیزب لەو کاتەوە (مەبەست دوای جیابوونەوەی کۆنگرە هەشتەمە) تا نووسینی ئەم دێڕانەش زۆرایەتیی رێبەرایەتیی حیزبێک کە لە کۆنگرەیەکی شەرعیدا بە دەنگی زۆرایەتی هەڵدەبژێردرێ مافی هەڵگرتنی ناوی ئەو حیزبەی هەیە، نەک کەمایەتی، جا ئەو کەمایەتییە هەر چەندێ بن. لە حاڵەتێکدا کە کەمایەتی ناوی حیزبەکە بۆ خۆی هەڵدەگرێ کارێکی نایاسایی و پێچەوانەی پێڕەوی ناوخۆی حیزب دەکا، لەو کاتەدا حیزب مافی ئەوەی هەیە کە لە ناوەکەی خۆی بەرگری بکات”

واتە یاسایەک کە لە چەندین کۆنگرەی یەک لە دوای یەک، پەسندی خۆیان بووە، پێ شێلیان کردووە. ئێستاش بەرگری لە پێشێلکارییەکەیان دەکەن.

وڵامەکەی حەسەن زادە زۆر جێگای تێ رامانە. لە کاتێکدا کۆنگرە چوارییەکان “پێڕەوی کۆنگرەی چوارەم” و کۆنگرە هەشتییەکان “رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ”یان بە ناوی حدکا زیاد کردبوو، واتە کۆنگرە چوارییەکان سێ وشە و کۆنگرە هەشتییەکان دوو وشەیان بە ناوی حدکا زیاد کردبوو، بەڵام دیسان شەڕ و ئاژاوە خۆڵقاوە! لە بەر چی؟

لە پاساوەکەی حەسەن زادەدا ناوبراو حیزبی بە “کۆمپانی” شۆبهاندووە (کە بە هەقیش بۆ زۆرینەی رێبەری هەردوولا هەر ئەو حوکمەی بووە و هەیە). بەڵام لە واقێع دا حزیبێکی سیاسی و چەکدار (واتە لە حاڵی شۆڕش) جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ “کۆمپانی” هەیە. ئەو “کۆمپانی”یە کە ئەو ئاماژەی پێ دەکا، کاری ئابووری دەکا و حیزبی سیاسی و چەکداریش وەک حدکا، خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافی خەڵکێکی بندەست دەکا. کاتێک کە کەسێک وەک “کۆمپانی” چاو لە حیزبێکی سیاسی و خەباتکار بکات، دەبێ هەموو هەوڵەکانیشی بۆ بە دەست هێنانی سوود و قازانجی ماددی بێت! ئەگەر لەو روانگەیەوە بڕوانین بۆ مەسەلەکە هیچ کێشەیەک نیە، حەسەن زادە “کۆمپانی”یەکی هەیە بە ناوی حدک و مستەفا هێجریش “کۆمپانی”یەکی بە ناو حدکا هەیە. هەر وەک کۆمپانی سۆنی و کۆمپانی سۆنی ئێریکسۆن (کە تێکەڵێک لە کۆمپانی سونی و کۆمپانی ئێریکسۆن بوو) بە ئێریکسۆنێک لە یەک جیا دەبنەوە، ئەو دوانەش بە وشەی ئێران لە یەک جیا دەبنەوە!

کاتێک وەک “کۆمپانی” سەیری حیزبێکی شۆڕشگێڕ بکرێ، هەموو یاسا و بایەخە شۆڕشگێڕییەکانی ئەو حیزبە حاڵەتی یاسای تیجاری بە خۆیانەوە دەگرن و بە ئاسانی لە سەر هەموو شتێک مامەڵە دەکرێ و هەموو بایەخە مرۆڤییەکانی ئەو شۆڕشە دەکەونە خزمەتی تیجارەت و قازانجی خاون “کۆمپانی”یەکەوە. بۆیە ئەوەی وا بایەخی نامێنێ نەتەوە و گیانی مرۆڤەکانە و بە ئاسانی فیدای قازانجی خاون “کۆمپانی” دەکرێن و دەبنە کەرەستەی دەستەبەر کردنی قازانجی تیجاری!

لێرەدا پاساوی حەسەن زادە هەم لە گەڵ تێگەییشتنی خۆی و هاورێیانی لە خەبات و هەمیش لە گەڵ ئەو واقێعە کە بە سەر ئەو حیزبەدا هاتوە بە تەواوی دێتەوە بەڵام کێشە ئەوەیە کە ئایا باسگەلێک وەک خەبات و مافی خەڵک و رزگاری و هتد لە ناو ئەرکەکانی خاوەن “کۆمپانی”ەیەک دا دەگونجن یان نا؟! کە وەڵامی ئەوە با بمێنێ بۆ خۆیان و خەڵک.

بەڵام چەند پرسیاری دیکە لە عەبدۆڵا حەسەن زادە:

ئەگەر دوو ناو تەنیا بە یەک پیت جیاوزییان هەبێ هەردووکیان سەبت دەکرێن” و تۆ باوەڕت پێیە، بۆچی شەڕی براکوژیتان لە گەڵ “رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ” کرد؟ خۆ ئەوان بە جیاتی یەک پیت دوو وشەیان بە ناوەکەوە زیاد کرد بوو! ئەگەر ئەو مەنتقە نوێیەی حەسەن زادە راست بێ، ناوبراو دەبێ لە دادگادا مۆحاکیمە بکرێ و سزای بدرێ! چونکە کاتی خۆی بەشداری ئەو شەڕە بووە و پاساویشی بۆ هێناوەتەوە!

راستییەکەی ئەوەیە کە تەنیا کێشە ناوەکە نیە! بەڵکو کێشە ناوەرۆکەکەیە، تۆ کە جیا دەبیتەوە و حیزب دادەنی، رێک حیزبێک دادەنی دامەزرێنەر، هێما، مێژوو، شەهیدەکان، تەنانەت رۆژنامە و گۆڤار و رادیوکەت هەر ئەوانەی ئەو حیزبەن کە لێی جیا بوویتەوە، بە مانای ئەوەیە کە ئەمن حیزبی دیمۆکراتم نە تۆ! حەسەن زادە لەو پاراگرافەدا ئاماژەی پێ کردووە و دەڵێ:

ئێستا نازانم لە جێدا ناوی حدکا کەنگێ و لە کوێ بە ناوی ئەوو هاوبیرەکانی سەبت کراوە تا کەسی دیکە نەتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ؟” جگە لەوەی کە ئەم رستەیە تەواو ناسیاسیانە و بازاریە و هەر کەسێک دەزانێ حیزبی سیاسی جیاوازە لە “کۆمپانی” و “سەبت” بوونیشی لە دەفتەرخانە ناکرێ بەڵکوو لە مێژوودا ئەو “سەبت” بوونە روودەدات ، هەر ئەو مێژوویە کە هەموو کردەوەکان و هەڵەکانی هەر دوو جناحی ئەو حیزبە وەک هەموو رووداوەکانی دیکە بە ورد و درشتەوە “سەبت” دەکات (تەنانەت ئەگەر هەزارجار هەوڵی سڕینەوەی بدەن کە داویانە و دەیدەن، بەڵام هەر “سەبت” دەبێ و دەمێنێتەوە). بەڵام لە چوارچێوەی هەمان خوێندنەوەی بازاڕی و تیجاریەی حەسەن زادە دا ئەم دەربڕینە ئاماژەیە بە ئەوە کە حەسەن زادە لە نەبوونی “یاسادا” ناوی حیزبی دیمۆکراتی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، دەنا ئەگەر یاسایەک هەبوایا حیزبی دیمۆکرات “سەبت” دەکرا و ئەو نەیدەتوانی ساختەچیگەری بکات!

ئەمە یانی ئەوە کە ئەم کارەی کە ئێمە کردوومانە و ناوی حیزبی دیمۆکراتمان لە سەر خۆمان داناوە، لە راستیدا بە پێچەوانەی یاسایە و ئەگەر یاسایەک هەبوایا ئێمەی سزا دەدا، بەڵام چونکە یاسایەک نیە کە ناوی ئەو حیزبەی “سەبت” کردبێ، ئێمەش و هەر کەسێکی دیکەش مافی کۆپی کردنی هەیە. ئەمە یانی ئەوە کە حەسەن زادە لە نەبوونی یاسادا ئاگایانە ساختەچیگەری کردووە، کە ئەمە لە گەڵ ئەخلاقی مرۆڤی شۆڕشگێڕ بە تەواوی ناتەبایە. واتە یان دەبێ ساختەچی بی یان شۆڕشگێڕ!

بە زمانێکی زۆر سادە (و بە پێی حەسەن زادە) واتە ئەگەر یاسا نەبوو، قانوونی هەرکەس بۆ خۆی رەوایە و فارس وتەنی “دزد نگرفتە پادشاست!” یاسا نیە و حیزبی دیموکرات (وەک هەموو حیزبە کوردستانییەکانی دیکە) لە هێچکوێ سەبت نەکراوە و بۆیە نەک هەر حەسەن زادە و هاورێیانی، بەڵکوو بەو لۆجیکە، هەرکەس تەنانەت کۆماری ئیسلامیش، پێ خۆش بوو دەتوانێ حیزبێکی دیموکرات دابمەزرێنێ! بە قەولی جەلیل گادانی لە وەڵامی نسکۆ و دابران دا “قەباڵە”ی حیزبی دیموکرات بە ناوی کەس نەنووسراوە. بۆیە دەکرێ و بەو لۆجیکە تەواو رەوایە کە هاوکات لەو کوردستانە دا، پەنجا حیزبی دیموکرات هەبێ و هەر دەم لە زیاد بوونیش دابێ!

کەڵک وەرگرتن لە “لەت کردن” لە جیاتی جیا بوونەوە یان ئینشعاب، هەر لە هەمان عەقڵیەتی خاون “کۆمپانی” و بازاڕییەوە سەرچاوکە دەگرێ، چونکە “لەت کردن” بۆ شتێکی مادییە، حیزب ئەویش هاوشێوەی حیزبی شۆڕشگێڕ پەیمانێکی دەروونی-مەعنەوییە لە نێوان کۆمەڵە مرۆڤێکدا، کە بۆ گەیشتن بە مافی مرۆیی و نەتەوەیی، دەبەسترێ. ئەم پەیمانە کە لە قەوارەی حیزبدا خۆی دەردەخات، “لەت” نابێ، چونکە شتێکی ئابستراکتە. “لەت کردن” تەنیا بۆ شتی ماددی بە کار دێ. کەڵک وەرگرتن لە “لەت کردن” بۆ حیزبی سیاسی کە لە حاڵی شۆڕشە، تەنیا لە یەک حاڵەتدا دروستە، ئەویش ئەو کاتەیە کە بە دیدێکی ماددی و دوکاندارانەوە بۆی بڕوانی. ئەم دیدە بازاڕییە وا دەکات کە کاتێ بۆت دەرکەوت کە لە هیچ شوێنێکدا ئەو حیزبە “سەبت” نەکراوە و “قەباڵە”ی بە ناو کەسێکەوە نیە، “لەت”ی بکەی و حیزبی هاوشێوە دابنی. چونکە گرینگ قازانجی تاکە کەسییە و ئەگەر ئاژاوەیەکیش کەوتە ناو ماڵی کورد “گیانتان سڵامەت و کورد زیانێکی پێ نەگەیشتووە”.

بە پێی ئەم لۆجیکە “لەتە” حیزبەکەی حەسەن زادە، زادەی بێ یاساییە، ئەمە یانی ئۆپۆرتۆنیست بوون، ئۆپۆرتۆنیست بوونیش خسڵەتی مرۆڤی شۆڕشگێڕ نیە، بەڵکو خسڵەتی خاون “کۆمپانی”یە و لە هەر کوێ بێ یاسایی ببینێ، بە مەبەستی دەستەبەر کردنی سود و قازانجی زۆرتر، هەلەکە بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە، بۆیە دەبینین کە کاتێک شۆڕش دەکەوێتە دەستی ئەم خاون “کۆمپانی”گەلە، یەکسەر تەواو دەبێ، چونکە خاون “کۆمپانی” ناتوانێ شۆڕشگێڕ بێت. روانینی “کۆمپانی”ایی بۆ شۆڕش ئەو دۆخەی ئێستای حیزبی دیمۆکراتی لێ دەکەوێتەوە، چونکە لە روانینی “کۆمپانی”اییدا شتێک بە ناوی شۆڕش و شۆڕشگێڕی مانای نیە و تەنیا شتێک کە مانای هەیە، سوود و قازانجی خاون کۆمپانیە.

ئەگەر سەیری ئەم پاساوەی جەلیل گادانیش بکەین، کە دەڵی “قەباڵە”ی حیزبی دیمۆکرات بە ناوی کەسەوە نیە، دیسان هەمان روانگەی حەسەن زادەیە و درێژەی لۆجیکی “کۆمپانی”ایی حەسەن زادەیە. چونکە “قەباڵە” هی مڵک و بازار و دوکانە و حیزبێک ناتوانێ قەباڵەی هەبێ. کەوابوو لەو روانگەیەوە هەر کەسەو دەتوانێ، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی هەبێ، کەسیش بۆ نیە، هیچ بڵێ، چونکە لە هیچ کوێ “سەبت” نەکراوە!

حیزبێکی شۆڕشگێڕ وەک دیمۆکرات، هەبوونی خۆی بۆ خەڵک لە پێوەندی لە گەڵ بێ یاسایی یان سەقەت بوونی یاسای زاڵ دا پاساو دەداتەوە. واتە حیزب ئەچێتە حاڵی شۆڕش، چونکە یاسای هەنووکەیی بە ناتەواو یان دژە مرۆیی دەزانێ، جیا لەمە خۆی ئایدیالێکی لە یاسا هەیە و بە دوای جێبەجێ کردنی ئایدیالەکەی خۆی دایە (هەر وەک کاتی خۆی حیزب ئەگەرچی خۆی نایاسایی بوو بەڵام لەو ناوچەگەلەدا کە لە کۆنترۆڵی حیزب دا بوون ئایدیالی یاسایی حیزب بە رێوە دەچوو).

کەسێک کە بە دژی یاسا چوەتە حاڵی شۆڕش دەبێ خۆی لە سەرووی هەموو کەس و ئۆرگانێک پابەندی یاسایەک بێت کە لە لای وەک یاسای ئایدیال هەیە، نەک خۆی لە نەبوونی یاسا کەڵک وەربگرێت بۆ گەیشتن بە ویستە دەروونییەکانی دەست بداتە ساختەچیگەری!

ئەو کۆمەڵە مرۆڤەی کە دەچنە ناو قاڵبی حیزبی شۆڕشگێڕەوە دەبێ خۆیان نموونەی باڵای پابەندی بە یاسا بن، نەک ئەوەی کە لە نەبوونی یاسادا کارێک بکەن کە بە پێ یاساکان، قەدەخەیە و سزای بە دواوە هەیە. لە یەک وشە دا دەبێ خۆیان مرۆڤی ئەخلاقی بن چون یاسایەک کە لە پارلەماندا پەسەند نەکراوە و پشتوانەی هێزی نیە، تەنیا لە ناوەوەی خودی کەسەکانەوە ئیمکانی جێ بەجێ بوونی بۆ دەرەخسێ. ئەبێ ئیلتزامی ئەخلاقی و دەروونی بۆ ئایدیالەکانی شۆڕش بوونی هەبێ، دەنا چ رەواییەک بۆ گەیشتنە دەسەڵاتی کەسێک هەیە کە خۆی پابەندی ئایدیالەکانی خۆی نەبوە؟! ئەمڕۆ حەسەن زادە و گادانی پێڕەوی نێوخۆیی حیزبەکەیان پێشێل دەکەن، ئەگەر بەیانی بە دەسەڵات گەیشتن دەبێ چی بکەن؟

کەڵک وەرگرتن لە بێ یاسایی و ئەو پاساوەی کە لە یاسایەک دا ناوی حیزبی دیموکرات سەبت نەکراوە و کەوابوو دامەزراندنی ١٠ حیزب بە ناوی حیزبی دیموکرات رەوایە، ئەگەرچی لە مەحکەمەیەکی تجاری دا وەک بابەتێکی حقوقی راستە، بەڵام ئایا خودی ئەو کارە واتە کەڵک وەرگرتن لە نەبوونی یاسا دەتوانێ لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە یاخی بووی یاسای هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی دەزانن رەوا بێت؟! ئایا ئەو رادە لە بێ مەسئولیەتی خاوەن “کۆمپانی”ایەک دەتوانێ لە لای سەرکردایەتی حیزبێکی سیاسی شۆڕشگێریش دا هەبێ؟ بە تایبەت حیزبێک کە قەرارە لە داهاتوودا لە دانانی یاسادا رۆڵی هەبێ! ئەمە ئەوپەڕی بێ پڕنسیپی و نابەرپرسیار بوون ئەو کەسانە دەگەیەنێ، چونکە کەسانێک کە هەستی بەرپرسیارەتییان لە بەرانبەر نەتەوەکەیانەوە هەبێ، رێگەی شەڕی براکوژی ساز ناکەن.

هێندێک پڕنسیب و بایەخ هەیە کە دەروونین، واتە بۆ نموونە ئەگەر یاسا هەبێ یان نەبێ، کەسێک کە دژی ساختەچی گەری، دزی، مرۆڤ کوژی و هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤەکان بوو، هەر دژیەتی، چونکە ئەو شتانە بایەخی دەروونیان بۆ ئەو کەسە هەیە و باوەڕی پێیانە و نەبوونی یاسا نابێتە هۆی پێ شێل کردنی ئەو بایەخە، مرۆڤی شۆڕشگێڕ بە بۆنی بایەخە دەروونییەکانی کە باوەڕی پێیانە شۆڕش دەکات. جیاوازی لە نێوان مرۆڤی شۆڕشگێڕ و خاون “کۆمپانی” لێرەدایە، بایەخە دەروونییەکانی مرۆڤی شۆڕشگێڕ گشتگیرن و بوون و نەبوونی یاسا کارێک ناکات کە پێشێلیان بکات، بەڵام بایەخە دەروونییەکانی خاون “کۆمپانی” تاکە کەسین و لە نەبوونی یاسادا باشتر دەستەبەر دەبن، لە نەبوونی یاسا تەنانەت ساختەچی گەریش دەکات چونکە خاون “کۆمپانی” تەنیا بە سود و قازانجی ئابووری بیر دەکاتەوە و قازانجی گشتیی کۆمەڵگە کە ئایدیالی مرۆڤی شۆڕشگێڕە، بایەخێکی بۆ ئەو نیە و تەنانەت بە ئاسانی بە دژیشیان رادەوەستێ!

روونە و لە چاوی خەڵکی رۆژهەڵاتیش پۆشراو نامێنێ کە مرۆڤی خاون “کۆمپانی” ناتوانێ شۆڕشگێڕ بێ ونە تەنیا کردەوەی شۆڕشگێڕانەی لێ ناوەشێتەوە، بەڵکو بە دوای بۆشاییەک یان بێ یاساییەک دەگەڕێ بۆ گەیشتن بە نیازە دەروونییەکانی. لە راستیدا کۆنگرە چواری و کۆنگرە هەشتی و کۆنگرە سێزدەیی، هەر ئەو روانگە بازاڕی و دوکاندارانەیان بە نیسبت حیزب و شۆڕشەوە هەبووە، کە دیویانە “قەباڵە”ی بە ناوی کەسەوە “سەبت” نەکراوە، ئەوانیش هاوشێوەکەیان داناوە! شەڕیشیان لە سەر کردووە و دەیشیکەن، تەنیا بەو پاساوە کە “قەباڵە”ی ئەو حیزبە بە ناوی کەسەوە “سەبت” نەکراوە و ئەوانیش دەتوانن دانەیەکی تر بۆ خۆیان دابمەزرێنن! ئاکامی ئەم عەقڵیەتە ساز بوونی شەڕی براکوژییە، هەوەک لە پێشێشدا کردوویانە و ئێستاش بەداخەوە بەستێنەکەی بۆ هەموار دەکەنەوە.

….

بابەتی پەیوەندی دار



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی