"an independent online kurdish website

لە ناوەڕاستی  پائیزی ساڵی ١٩٨٩ کە کۆنفڕانسێک لە پاریس پێک هات و ئەو کۆنفڕانسە بەر لە شەهید بوونی دوکتۆر قاسملوو، بەهەوڵ و تێکۆشانی ئەو و کەسانی وەک دوکتۆر بێرنارد کۆشنێر کاری بۆ کرابوو و بڕیاری بۆ درابوو.kavos_azizi

بۆیە هەر لە سەر گڵکۆی دوکتۆری نەمر هاوڕێ نیزیکەکەی واتە بێرنارد کۆشنێر دووبارە بەڵێنی بە دوکتۆر دا و گوتی: نیگەران مەبە قەولەکەمان بەجێ دێنین و کۆنفڕانسێک کە تۆ هەوڵت بۆ دەدا و خۆتت بۆ ئامادە دەکرد، بەم زووانە بە بەشداریی حیزبەکەت بەڕێوە دەبەین. ئەوەبوو لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩ کۆنفرانسی “ناسنامەی نەتەوەیی کورد” لە پاریس گیرا و ئەگەر هەڵە نەبم یەکێک لە بەشداران ئاندرێ ساخارۆفی زانای ڕووسی بوو کە ڕاست لە کاتی کۆنفڕانسەکە دا کۆچی دوایی کرد.لە کۆنفڕانسەکە دا نوێنەری حیزب کاک حەسەن شەڕەفی ئەندامی دەفتەری سیاسی بوو وەک سەرپەرەستی هەیئەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.

لەو کۆنفڕانسە دا ٨ کوردی ئەندام پاڕڵەمانی تورکیە کە سەر بە حیزبی سۆسیالیستی گەلی تورک (حیزبی ئەرداڵ ئینۆنۆ) بەشداریان لە کۆنفڕانسەکە دا کرد. حیزبی ناوبراو ئەوکات بەشداربوو لە کابینەی وەزیران بە سەرۆکایەتیی تورگوت ئۆزاڵی سەرۆکی ئەوکاتی پارتی دایکی نیشتیمان(هەردووی ئەو حیزبانەش وێڕای ئینۆنۆ و ئۆزاڵ ئیستا لە ژیان دا نەماون ) . ٨ پاڕلەمانتاری کورد کە گەڕانەوە ، ڕۆژی ١٦ ی نۆڤامبری هەمانساڵ هەر ٨یان لە حیزبەکەیان دەرکران کە ئەمانە بوون:

ئەحمەد تورک . پارلەمانتار

کەنعان سۆنمەز . پارلەمانتار

ئیسماعیل حەقی ئۆناڵ . پارلەمانتار

محەممەد عەلی ئەرەن . پارلەمانتار

عەدنان ئەکمەن. پارلەمانتار

مەحموود ئالیناک. پارلەمانتار

ساڵح سوومەر .پارلەمانتار

ئبراهیم ئاکسۆی. پارلەمانتار

هەروەها بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو بڕیارەی حیزبەکەیان ، ئەم کەسانەش لە ڕێکەوتی ٢٣ ی نۆڤامبری هەمانساڵ وازیان لەو حیزبە هێنا:

عەبدولا باش تورک . پارلەمانتار

فەهمی ئیشیکلار .

جوونەیت جانوەر .

محەممەد قەهرەمان

عارف ساگ . پارلەمانتار

ئیبراهیم بینجی

هەروەها لە ڕۆژی ١ ی دیسامبری هەمانساڵ دا ئەم کەسانەش وازیان هێنا لە حیزبەکەیان:

کەماڵ ئانادۆل

حوسێن ئۆکجوو ئۆغلوو

هەر وەها لە ١٣ هەمان مانگ تۆفیق کۆچاک ، کامیل ئاتەش ئۆغلوو و ئایدین گووڤەن گورکان و هەموو تەشکیلاتی دیاربەکر بە کۆمەڵ لەو حیزبە چوونەدەر.

دوای ماوەیەک ئەو سەرجەم ١٠پارڵەمانتارە و چەند سیاسەتوانێکی ناسراوی دیکەی باکووری کوردستان ، بە پشتیوانی و ساپۆرتی پارتی کرێکارانی کوردستان حیزبێکیان بە ناوی ” حیزبی ڕەنجی گەل” پێک هێنا و ئەوە بوو بە سەرەتایەک بۆ خەباتێکی جیدی و زانایانەی پکک بۆ دروست کردنی ڕێکخراوێکی یاسایی کە تا ئیستاش سەرەڕای هەموو دژایەتییەکانی دەوڵەتی تورکیە بە نیسبەت کورد، ئەو ڕەوتە بە شێلگیرانە بەردەوامە و هەنگاوی گەورەی هاویشتووە.

ئەوان توانیان لیسانسی حیزبەکەیان وەربگرن و لە ڕۆژی ٧ حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٠ لە دیاربەکر لە کۆنگرەیەک دا حیزبەکەیان ڕابگەیەنن( هەڵبژاردنی ئەمساڵی تورکیە ڕاست لە هەمان ڕۆژ دایە).

یەکەم سەرۆکی حیزبەکە فەهمی ئیشیکلار بوو کە دوای ماوەیەک بەجۆرێک لە حیزبەکە دا پەڕواێز و بگرە تاوانبار بە خیانەتیش کرا و ئەوە بوو ئیدی دوای ئەو ڕێکەوتە ، فەهمی ئیشیکلار تێکەڵ بە کاروانی حیزبەکانی دوای هەپ نەبوو.

ساڵی ١٩٩١ بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووریی تورکیە، بڕیار درا هەڵبژاردنی پێش وەختە بکرێ و ڕۆژی ١٠ ی ئۆکتۆبر دیاری کرا بۆ هەڵبژاردن. ئەوەبوو کە حیزبی ڕەنجی گەڵ بە هۆی بوونی سنووری ڕێژەی ١٠ لە سەد کە ئێستاش هەر هەیە، لەگەل حیزبی سۆسیالیستی خەڵك( هەمان حیزبی پێشوویان) سازان و ٢١ کاندیدی خۆیان لە لسیتی سۆسیالیستەکان دا خستە هەڵبژاردنەوە.

٢١ کەس دەنگیان هێنا و دوای دەست بەکرابوونی مەجلیس، بە هۆی سوێندی یاسایی لە لایەن لەیلا زانا و هەڵویست و بڕیاری دادگای تورکیە لەلایەن ئەرداڵ ئینۆنۆ پێشنیاری داخران بۆ ئەو حیزبە تازەیە کرا و نیهایەتەکەشی هەر ئەو بوو بەداخەوە. ئەوان فڕاکیسیۆنی خۆیان بە ١٨ کەس ڕاگەیاند. سەرۆکی حیزبەکە و ٢ کەسی دیکە بە بڕیاری دادگا مافی پارڵەمانتاریان لێی ئەستێندرا . پاش داخرانی حیزبەکە لە ١٤ ی تەمۆزی ١٩٩٣، سیما ناسراوەکانیشی هیندێکیان وەک لەیلا زانا و …. کەوتنە زیندان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ و کەسانێکیش وەک یاشار کایا و ….. ڕێگای دەرەوەیان گرتەبەر.

ئەوە تەنیا ویستم دەست نیشانی بکەم کە دەستپێکی حیزبی یاسایی لە تورکیە و بە ناسنامەی ناڕاستەوخۆی کوردی چۆن دەستی پێکرد، دەنا مێژوویەکی درێژ و پڕ لە خەبات و قوربانی یە کە نە لە توانای مندایە و نە پیاوی ئەو مەیدانەم.

دوای ئەوە ئیدی بەردەام حیزبی دیکە و بە سیما وپێکهاتەی دیکە، بەڵما هەمان ڕێچکە و هەمان ساپۆرت و هەمان کۆنتڕۆڵەوە دروست بوون و داخران و دووبارە دروست کران کە ئەوە یەکێک لە شاهکارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە و کەس ناتوانێ نکٶڵی لەو شانازیەیان بکات.

کار گەیشتۆتەوە ئەمڕۆ و جگلە لە حیزبی دێمۆکراتیکی گەلان، چەندین ڕێکخراوی سیاسی و جڤاکی و …. لە هەمان سۆنگە و لە هەمان ڕێجکە دا هاتوونەتە مەیدان و پێکەوە لە ژێر یەک بڕیار دا کار دەکەن و دەتوانم بڵێم هەنگاوی گرینگیان بڕیوە.

ئێستا تورکیە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووس ساز دەروات. لە لایەک مەسەلەی ئاشتی لە نێوان لایەنی کوردی و دەوڵەت دا، لەلایەک مەسەلەی پەرەگرتنی ئیسلامی ئیخوانی لە پارتی دەسەڵات دار و لە لایەک جارێ ترسی دەسەڵاتی ئەرتەش و بوونی هێزێکی نەژادپەرەستی وەک پارتی نەتەوە پەرەست و زۆر مەسائیلی دیکەی وەک نفووزی فەتولا گوولەن لە ئارادان.

بەربەستی لە سەدا ١٠ لە یاسای تورکیە دا بەردەوامە و خاڵێکەکە راستەوخۆ بۆ پێشگیریی کورد دانراوە و لە یاسادا پارێزراوە. تا ئێستا لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی پارڵەمانیی تورکیە دا لایەنی کوردی نەیتوانیوە ئەو بەربەستە بشکێنێ و دەنگی بە میلیۆنان خەڵکی کوردستان بە ناحەق چووتەوە سەر حیسابی ئەحزابی دیکەی دژ بە کورد.

demir_tash_nu

لە هەڵبژاردنی دوازدەهەمین سەرۆک کۆمار دا کە یەکەمین جار بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک بوو، کوردیش کاندیدی خۆی هەبوو کە سیاسەتوانی گەنج سەلاحەدین دەمیر تاش بوو. لەو هەڵبژاردنە دا نیزیک لە سەدا ١٠ ی دەنگەکانی لە سەر ئاستی هەموو تورکیە بەدەست هێنا کە کەمتر لە ٤ میلیۆن بوو.

ئێستا نیگەرانیی ئەوە هەیە کە گەلۆ داخوا پارتی دێمۆکراتیکی گەلان دەتوانێ ئەو سەدە بشکێنێ و برواتەوە پارڵەمان؟ یان دیسان دەنگی بەشێکی زۆری گەلی کورد دەبێتەوە قوربانیی یاسایەکی دیکتاتۆڕانەی تورکیە؟

دوو بۆچوون هەبوو بۆ بەشداریی کورد لەو هەڵبژاردنە دا:

هەدەپ وەک پارتی بەشدار بێ، یان وەک جاری پێشوو بە شێوەی کاندیدی سەربەخۆ ، کە لەو پرسە دا سەرۆکی بەند کراوی پکک بەڕیز ئۆجەلان نوقتەی کۆتایی دانا و بڕیاری دا کە کورد وەک حیزب بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکا. بێ گومان ئەو بڕیارە لۆژیکی لەپشتە و باشتر و سازماندەی کراوتر دەبێ کە وەک حیزب بەشداربن.

بەڵام لێرە دا خاڵێکی لاوازی هەم بڕیاردەرەکان و هەم حیزبەکە خۆشی هەیە کە ، بەداخەوە دیسان بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کورد لەوێ نەخراونتەوە نێو بازنەی هەڵبژاردنی کوردەوە. دیسان لایەنی نیزیک لە پکک هەر لەسەر ئەساسی دژایەتییە کۆنەکەی جاران لەگەل کەمال بورکای و ئەولایەنەی کە کەمال بورکای وەک سونبولیەتی بەردەوامە. لەکاتێک دا هاک پار جەماوەرێکی کەمی نیە.

ئەگەر لەو هەڵبژاردنە دا  کەمێک داشکاندن و تەحەمول کردنی هاک پار و باقی حیزبە بچووکەکان کراباوە، نە من و نە هیچ کەسێکی دیکەی کورد نیگەرانیمان نەبوو لەوەی کە کورد دەتوانێ بەربەستی لە سەدا ١٠ بشکێنێ یان نە؟ ڕەوتی پکک لە تورکیە و باکووری کوردستان لە سەدا ٨ بۆ ٨ و نیوی سابتی هەیە. ئەوە ٢٥ ساڵە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەرکەوتووە. ئەگەر هاک پار و باقی هێزەکانیش خرابانەوە نێو بەرەی کوردی یەوە، گومان نەبوو کە هەرنەبێ ئەوانیش لە سەدا ٢ بۆ ٣ی دەنگیان زیاد دەکرد و کورد نیزیک دەبوون لە لیستی سێهەم.ئەوەش ئیشارە بکەم کە لەو ٢٥ سالە دا بۆ تاقەجارێکی ش ئەو ڕەوتە بە هەر ناوێکەوە چووبێتەوە هەڵبژاردنی پارڵەمانی  سەرنەکەوتووە. جارێک لەگەل سۆسیالیستەکان و جارێکیش  وەک کاندیدی سەربەخۆ واریدی مەجلیس بوون، دەنا نەیانتوانیوە بەربەستەکە وەک حیزب بشکێنن.

ڕەنگە هەم بڕیاردەران ، و هەمیش بەڕێوەبەرانی هەدەپ ئەو نیزیک ٤ میلیۆن دەنگەی سەلاحەدین دەمیرتاشیان کردبێتەوە سەنگی محەک، ئەوە خۆ محەکێکی لۆژیکیشە کە چەند مانگ بەرلە ئیستا ئەوند ەدنەگی هێناوە دەنگەکان زیاد بوون ، کەم نەبوون. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە سەلاحەدین دەمیر تاش تاقە کاندیدی کوردبوو ، زۆر کەس دەنگیان بە سەڵاحەدین داوە بۆ سەرۆک کۆماری ، ئەمجارەیان ڕەنگە دەنگ بە کاندیدی خزمی خۆیان بدەن کە سەربە حیزبی دیکەیە. لە باکووری کوردستانیش هەتا ئەم لەحزەیەش سیستەمی عەشیرەیی بڕیار دەدات. هەربۆ نموونە: لە چەندین دەوردا مستەفا زەیدانی سەرۆکی ئێلی پڕیانشی و مستەفا بایرامی سەرۆکی ئێلی هەرتۆشی کە کاندید بوون ، دەنگی یەکەمیان لە حەوزەی خۆیان دەهێنا. ئەوە سیستەم و رەقابەتێکی جیدی یە لە نێو سیستەمی عەشایەری دا و رەنگە خودی دەوڵەت و ئاکەپەش ئەو سیستەمە بەهێزتر بکا بۆ ئەوەی زەبر لە لایەنی کوردی بوەشێنێ.

ئێستا هەدەپ پێویستیی بە ٤٧٥٠ هەزار دەنگ هەیە تا بڕواتەوە مەجلیس. ئیستا بەو پێیە دەبێ زیاتر لەو دەنگانەی کە دراوبوونە سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆک کۆماری،بدرێنەوە هەدەپ کە دەکاتەوە نیزیک ٧٠٠ هەزار دەنگ.

داخوا لە ماوەی جەند مانگ دا ئەو دەنگانە زیاد بوون؟

بۆچوون و نیگەرانیی من

من نیگەرانم و زۆریش دڵە خورپەم هەیە لەوەی کە هەدەپ نەتوانێ بەربەستی لە سەدا ١٠ بشکێنێ. ئەگەر نەشکێنێ زەبرێکی قورس و هیندێکیش قەرەبوو نەکراوە لە بزووتنەوەی باکووری کوردستان دەدرێ و بۆ ٤ ساڵ لە دەرەوەی سیستەم دەمێنن. زۆربەی راپرسی یەکانیش ئەوەمان پێ دەڵێن کە هەدەپ ناگاتە لە سەدا ١٠. ئەوەی من دیومە ٢ ڕاپرسی دەڵێن   هەدەپ لە سەدا ١٠ بۆ ١٠ و نیو دێنێ کە من هیوادارم ئەوان ڕاست بن و دڵە خورپە و نیگەرانیەکەی منیش هەر لە سادەگی و کەم ئەزموونیی خۆم بێ و ئاکامی ڕاپرسییەکانی دیکەش لە خۆشەویستیی عەلی نەبێ  و لە بوغزی عومە ربێ.

بەو هیوایەی کە نیوەشەوی ٧ لەسەر ٨ ی مانگی داهاتوو هەموومان بەخەێاڵ و فکرێکی ڕاحەت بخەوین کە کورد ژمارەیەکی زۆری نوێنەر بنێرێتەوە پارڵەمانی تورکیە.بەوهیوا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی