"an independent online kurdish website

بۆ بەرە؟

حیزبی دێموکراتی کوردستان (١٣٢٤ هەتاویی/١٩٤٥زایینی) تا پێش شۆرشی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاویی لە ئێران تەنیا حیزبی سەرەکیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.kamran-amin-kawe

پاش شۆرش و بە تایبەتیی پاش پێکهاتنی کۆمەڵە بە فەرمی (١٣٥٧ هەتاویی/ ١٩٧٨زایینیی) لەسەر بنەمای ڕێکخراوەیەک بە ناوی “تەشکیلات” (١٣٤٨ هەتاویی/١٩٦٩ زایینیی) و پاشان پێکهاتنی حیزبی کومۆنیستی ئێران (١٣٦٢ هەتاویی/ ١٩٨٣زایینیی) و ڵیکدابرانەکانی نێو ئەم ڕێکخراوەیە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتیی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هەروەها درووستبوونی چەند ڕیکخراوەی دیکە وەکو سازمانى خه‌باتى كوردستانى ئێران(١٣٥٩ هەتاویی/١٩٨٠ زایینیی) پارتی ئازادی کوردستان(٢٠٠٦ی زایینیی) لەسەر بنەمای ڕێکخراوەیەک بە نێوی یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان(١٩٩١ زایینیی) و هتد … ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناخی تاکە‌حیزبی تێپەرکردو، بوو بە کۆمەڵگایەکی فرەحیزبی بە بیروڕای جێاوازەوە. بەم پێ‌یە بێ لەبەرچاوگرتنی پانتایی نفووز و کاریگەریی ئەم حیزبانە دەتوانین ئاماژە بەم ڕاستییە بکەین کە ئەمرۆ هیچ حیزب و ڕێکخراوەیەک بۆی نی‌یە خۆێ بە تەنیا نوێنەری ڕاستەقینەی بزوتنەوەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانێ. بە هۆی پاشەکشەی حیزبە کوردستانییەکان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری کوردستان و لێکدابڕانەکانی بێ‌پسانەوەی دوو ڕێکخراوەی کۆمەڵە و دێموکرات، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی ئەم حیزبانە پەرەوازەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوون و ئیتر بە هۆی بێ‌متمانەیی و دڵساردیی، هۆگری وەهایان بۆ هاوکاریی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە نی‌یە، بە پێی بەشێک لە ئەزموونی ژیانی‌ سیاسییان و کەمتر خەمیی و تەنانەت وڵامنەدانەوەی ئەم ڕێکخراوانە بە ویستی کۆمەڵانی خەڵک و ئەندامانی خۆیان بۆ یەکگرتنەوە یاخود پێکهێنانی بەرەی هاوبەش هەر چەشنە داواکاریی و چالاکییەک لەم پێناوەدا بە شتێکی بێ سوود دەزانن.  لەم دوایانەدا سەرەڕای بە ئاکام نەگەیشتنی هەوڵەکانی حدک و حدکا بۆ یەکگرتنەوە، بە‌خۆشییەوە سێ لایەنی “ڕەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە”، “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” و “کۆمەڵەی شۆرشگێر هێڵی یەکگرتن” لە پرۆسەی یەکگرتنەوەدان و ئەمە بۆتە مایەی دڵخۆشیی دڵسۆزانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد وهیوادارین لە داهاتوودا ئەم ڕەوتە باڵەکانی دیکەی کۆمەڵەش، هەروەها هەر دوو باڵی حیزبی دێموکراتیش بگرێتەوە. ئەم ڕاستییە، واتە فرە حیزبی‌بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بێ کاریگەریی تەنیا حیزبێک لە گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی و سیاسییدا پێمان دەسەڵمێنێ کە پێکهاتنی هەرچەشنە بەرە و نزیکبونەوەی ئەم حیزبانە بە‌یەکتر لە بەرژوەندیی نزیک و درێژخایەنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە.

گرینگیی پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوو لە چیدایە؟

یەکەم. کاتێک حکومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ زەبر لێدان لە حیزبەکان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردی ڕۆژهەڵات لە تەواوی یارانی فەرمی و نافەرمی خۆی لە ئاستی جێاوازدا کەڵک وەردەگرێ، بێگوومان هێزەکانی دژبەری حکومەتی ئیسڵامیی چ لە ئاستی جیهانیی، چ لە ئاستی سەرتاسەریی واتە ئێران و چ لە ئاستی کوردستاندا پێویستە هێز و توانایی خۆیان بخەنە پاڵ‌یەک و بە پێکهێنانی بەرە یاخود هەرچەشنە هاوپەیمانیی‌ و هاوکارییەک پەرە بە خەباتی خۆیان لە تەواوی بوارەکانی دژ بە حکومەتی ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانیان بدەن.

 دووهەم. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گۆڕانکاریی بووە، ڕووداوەکانی عیراق، ئەفغانستان، سووریە، هەروەها بە هێزتربوونی بزووتنەوەی مەدەنی لە تورکیە نیشان دەدات کە ئێرانیش فارس کوتەنی “تافتە جدا بافتە” نی‌یە و درەنگ یان زوو بە هۆی قووڵتربوونی قەیرانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تووشی ئاڵوگۆڕی جیددی دەبێ. بێگوومان هێزەکانی کوردستانیش دەبێ بۆ ڕوبەڕوو بوون لەگەڵ هەر چەشنە ڕووداوێکی نەکاو و ڕەچاو نەکراو ئامادە بن تا بتوانن ڕۆلی خۆیان لە ڕەوتی وەدیهێنانی ماڤی خۆچارەنووسین بە‌جێ بێنن. هەر لەم ڕەوتەشدا پێکهێنانی بەرە و تەمرینی کاری هاوبەش یاریدەدەری چالاکیی و خەباتی ئەوان لە داهاتوو و تەنانەت پێشگیریی لە گڕگرتنی جێاوازیی وچەندبەرەکیی یان شەڕی ناوخۆیی دەبێ.

 سێهەم. ئەم هێزانە بە یەکبوون دەتوانن لە تەواوی بوارەکاندا هێزێکی “بالقوە و بالفعل” بن، واتە چ لە ڕەوتی بانگەواز و کۆکردنەوەی خەڵکی کورد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی هێمنانەی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە کاتی دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداریی یاخود وتووێژ و دانوستان لەگەڵ ئەم حکومەتەدا نەخشێکی گرینگ و بە‌هێز بگێڕن.

چوارەم. ئەم هێزە لە ئاستی کوردستانیشدا بە‌یەکبوون دەتوانێ قورسایێکی زۆرتری بێ، بۆ وێنە ڕۆڵێکی جیددیتر لە پێکهێنان و داڕشتنی بەرنامە وسیاسەتەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی بگێڕێ، لە لایەکی دیکەشەوە بێگوومان کاتێک کوردی ڕۆژهەڵات بە حیزب و کەسایەتییەکانییەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیان کە کەمیش نین، هاودەنگ و هاوتەبا بن، حکوومەتی هەرێم و هێزەکانی دیکەی کوردستانیش کاتێک بیانەوێ سەبارەت بە حیزبەکان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شێوەی پێوەندیی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران هەڵوێست بگرن، لەوەدەچێ پێش هەرچەشنە بڕیاردانێک، فیکرێکی زۆرتر لە سیاسەت و ئاکاری خۆیان ڕوو بە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەنەوە.

پێنجم. لە ئاستی جیهانییدا بەرەیەکی یەکگرتووی کورد دەتوانێ وەکوو کۆی هێزەکانی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان باشتر لە دەرفەتەکان بۆ کۆکردنەوەی هاودەنگی، وەدەسهێنانی یارمەتیی ماددیی و مەعنەویی دژ بە حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران چ لە ئاستی دەوڵەت و پەرلەمانی ئەوروپا و ئەمریکا و چ لە ئاستی بیرو ڕای گشتیی، میدیاکان و حیزبەکانی ڕۆژئاوایی کەڵک وەربگرێ.

 شەشم. ئەم بەرەیە بێگوومان کاریگەرییەکی بە هێزی لە گەشەسەندن و پەرەگرتنی بزووتنەی جەماوەریی خەڵک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ، دەبێتە هۆی دڵگرمی ئەوان و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات. ئێمە دەبینین هەر کات حیزبەکانی ئێمە پێکەوە هەڵوێستێکی هاوبەشیان گرتووە، ئەمە لە لایەن خەڵکی کوردەوە بە دڵ و بە‌ گیان پێشوازیی لێکراوە.

                ئەمانە تەنیا کورتەیەک لە خاڵە هاندەرەکان بۆ پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی کوردی ڕۆژهەڵاتە. هیوادارین سەرەڕای بیروڕای جێاواز لە نێو حیزب و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهێنانی بەرە یان هەرچەشنە هاوپەیمانییەک ببێتە دروشمێکی سەرەکیی و هەوڵی جیددی بۆ بدرێ. بەشێک لە دۆستان و دڵسۆزان زۆرجار باس لەوە‌ دەکەن کە هەوڵ وهەنگاوەکانی کەسایەتییە سەربەخۆکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ نزیک‌کردنەوەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی زاڵبوونی بەرژوەندی تاکەکەسی و حیزبی کارێکی بێ سوودە و ئاکامێکی ئەرێنیی نابێ، بێگوومان سەرەڕای درووست بوونی ڕێژەیی ئەم بیرۆکەیە پرسیارێک دێتە پێش، ئەگەر ئەم حیزبانە پێکەوە تەبا بایەن بڵێی پێویست بەم چەشنە هەوڵانە بایە؟ ئێستاکە ئەم حیزبانە پێکەوە تەبا نین و ئەرکی مێژوویی خۆیان بە جێ ناهێنن ئایا ئەوە ئەرکی سەرشانی کەسایەتییەکان نی‌یە کە هاندەری ئەوان بۆ گەیشتن بە هاودەنگیی و پێداگری ئەم ئەرکە مێژووییە و پیرۆزە بن؟!

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی