"an independent online kurdish website

تورکیا لە دوای چالاکی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە گرتنەوە گرا سپی بووە بە هاوسێی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیتر مێژووی هاوسێیەتی سووریا و تورکیا دوایی هات و بوو بە مێژوو!reuf-gulbeden

ئەردۆغان و هاوبیرەکانی خەویان لێ زڕاوە و ئەوەی ئەوان بیریان لێ نەدەکردوەوە بووە بە ڕاستی و ئەوڕۆکە سیستەمی دەسەڵاتدارەتی لە ڕۆژئاوا بووە بە ” میناک” بۆ باکوور!

تورکە ئەخوانەکان کەڵکەڵەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی خەیاڵ و مێشکیانی بە جۆرێک داگیر کردبوو کە خەباتی کوردیان لە هیچ پارچەیەک نەدەدی و کەرگەدەن ئاسا هەر ئەویان دەدی کە لە پێشیاندا بوو و ملیان بەم لا و بەو لا هەڵنەدەسووڕا و سواری قسەی خۆیان بوون!

ئەردۆغان بە جۆرێک دۆچاری سەرلێشێواوی بووە کە دوو فاقەیی لە هەڵس و کەوتەکانی با ئاشکرا دیارە و ئەوەش نیشانەی هەڵپەی سیاسی ڕەوتەکەی ئەردۆغانە کە ڕاستییەکانی دەور و بەری خۆی نابینێ و بە پەلە پڕووزێ دژکردەوە نیشان دەدات!

ئا لەم کات و ساتە هەستیارەدا ئەردۆغان کە لە پێوەندی لە گەڵ ڕۆژئاوی کوردستان بە بنبەست گەیشتووە هەڵپەی ئەوە دەکات کە کردەوەی سەربازی ئەنجام بدات و شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بخنکێنێ!

من ئەمە بە خۆکوژی ئەخوانەکان لە تورکیا دەزانم و لەوانەیە بەم کردە سەربازییە، ئەخوانەکان لە تورکیا دۆچاری ڕمان بێت و یان چارەنووسی مۆحەمەد مۆرسی میسر بە نەسیبی ئەردۆغان بێت!

ئەردۆغان ئێستەش پشتیوانی لە مۆرسی لە میسر دەکات و هێشتا ئەو بە سەرۆک کۆماری میسر دەزانێت! ئایا ئەمە ماخۆلەی سیاسی نییە کە ئەردۆغان تووشی بووە؟

لە لایەک چەند کشتی یارمەتی مرۆیی دەنێرێت بۆ غەزە کەچی دەروازەی سنوورەکانی لە سەر ئاوارەکانی کۆبانێ لە کاتی هێرشی داعش دادەخات ئەوە لە کاتێکدایە داعش لە تورکیاوە هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان!

سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان مێشکی ئەردۆغانەکانی لە کار خستووە و سەرکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوا بە تایبەت لەم هێرشەی دوای داعش هەر بە جارێک ئەردۆغانی وڕ و کاس کردووە و لەوانەیە بەمزوانە نەیتەوە سەرخۆی بە تایبەتیش کە وتە بە ناوبانگەکەی ئاتاتورک ئەوڕۆ لە دەمی ئەردۆغان دووپاتە بووەوە کە ئێمە دەوڵەتی کورد لە هاوسێتی خۆمان قەبووڵ ناکەین!

مەگەر کاتی خۆی سەدام و ئێستا ئەسەد و ئێرانی کۆماری سێدارەش هەر وا بیر ناکەنەوە؟

شەوی کورد لە مێژە بەسەرچووە، ڕۆژی کورد چاوی نەیاری کوێر کردووە.

میناک”ی ڕۆژئاوا لەوانەیە لە باکوور دووبارە بێتەوە، ئەردۆغان ئەو جار بۆ کوێ هێرش دەکات؟

 

ڕەوف گوڵبەدەن / 29.6.2015 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی