"an independent online kurdish website

ئەم یادە بیرەوەریی کارەساتێکی دڵتەزێنە کە لە غەدر و خەیانەتێکی مێژوویی دا داخێکی بەژانی لە سەر بەژنی بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەکەمان بە گشتی و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی بەجێما.dr-qasmlu-1

ئێوارەدرەنگانی٢٢ی پووشپەڕی ساڵی١٣٦٨ی کۆچیی هەتاوی ڕێکەوتی ١٣ی ژووئیەی١٩٨٩ی زاینی،دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرمێزی وتووێژ بە نەریت و کولتووری باوی میراتی لە مێژینەیان هەڵیان کوتایە سەر میوانەکانیان و شەهیدیان کردن و لەم پیلانەدا دوکتورقاسملوو گیانی بەختی هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی کرد.

دوکتورقاسملووی مەزن ئاوێنەی باڵانوێنی ڕێبەرێکی گەورەی گەلەکەمان بوو کە مێژووی نوێی خەبات بە شاهیدیی ئێستامان شانازیی پێوەدەکا.

زێدی دوکتورقاسملوو باکووری موکریان،لە باشووری شاری ورمێ،لە سەدان ساڵی بەرەوە کڵی سەرهەڵدان و مەکۆی شۆرشگێڕانی نەتەوەکەمان بووە. یەکەمی بەفرانباری ساڵی ١٣٠٩ی کۆچیی هەتاوی هەمبەر٢٢ی دیسامبری ساڵی١٩٣٠ی زاینی لەم دەڤەرە چاوی بە ژیان و نیشتمان دا هەڵێناوە. بنەماڵەکەی لە تێکۆشەرانی نەتەوەیی و لە ئۆگرانی کۆماری کوردستان بوون. قاسملوو لەو بەستێنەدا گەیبوویە،بۆیە، لە هەڕەتی لاوی داو لە تەمەنی گوڵ ئاسای کۆماری کوردستان دا لە شاری ورمێ ڕێکخراوی لاوانی حیزبی دێمۆکراتی دامەزراند.

بە داگیرکرانی کۆماری کوردستان لە لایەن ئەرتەشی ڕژیمی پاشایەتی یەوەو شەهیدکرانی پێشەوای کۆمار و رێبەرانی حیزب ،حیزبی دێمۆکرات کەوتە خەباتی نهێنی یەوە.قاسملووی لاو لە درێژەی خوێندن و خەبات دا لە ئورووپا گیرسایەوە.ساڵی١٣٢٧ی هەتاوی بە خوێندکاری لە پاریس،ڕێکخراوی خوێندکارانی کورد لە ئورووپای پێکهێنا،بەم شێوەیە نێوچان لە نیشتمان و لە هەندەران لە خەباتی ئاشکرا و نهێنیی حیزبەکەی دا چالاکانە بەشدار بوو.

لە قاسملوو دا کەلتووری نەتەوەیی،چالاکیی ڕامیاری و زانستی ئاکادیمی کردیانەخەباتکارێکی داهێنەر،پێشکەوتنخوازو بەو هۆیانەوە لێبڕاوانە هەوڵی ڕێکخستنەوەی حیزب و گەشەپێدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێمۆکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا .ئەو لەو هەل و مەرجە دژوارەی خەبات دا دەستەبەری متمانەی ئەندامانی حیزبەکەی کرد و لە کۆنفرانسی سێهەمی حیزب(١٩٧١) بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و لە کۆمیتەی ناوەندی دا بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا .ئەومتمانەیەی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی تا شەهید بوونی وەک میداڵی شانازی لە سەر سنگی قاسملوو دەدرەوشایەوە.

دوکتورقاسملوو زانا  و بە توانا ،لیهاتوو لە ڕێبەری داو ئازابوو.باوەڕێکی قووڵی بەمافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد وگەلانی تری وڵاتی فرەنەتەوەی ئێران هەبوو،باوەری وابوو تا ماف و ئازادی یەکانی گەلانی ئێران دابین نەکرێن یەکیەتی و ئاشتی پێک نایا ،دێمۆکراسی،مافی مرۆڤ و بەرابەریی تاکەکانی کۆمەڵگای بە بنچینەی تەبایی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دادەنا، لە حیزبەکەی دا و لەسنووری دەسەڵاتی بزووتنەوە دا پێڕەوی دەکردن.ئەوخراپترین دێمۆکراسیی لە باشترین دیکتاتۆری پی چاکتر بوو.لە دوای شەهیدبوونی، قوتابییەکانی ،ناوی مامۆستای دیمۆکراسی یان بە یادی بڕی.

دوکتور قاسملوو لەو باوەڕدابووکە پرسی کورد و کێشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە داسەپاوەکانی سەر کوردستان”رێگاچارەی نیزامی “ی نیە و جیهان دەبێ بەرەو ئاشتی و ئازادی و دێمۆکراسی هەنگاو بنێ،بەڵام لە خەباتی ڕەوا داو لە شەڕی سەپاو بەسەر ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەی دا قەت سڵی لەوە نەدەکردەوەکە وەک پێشمەرگەیەک بچیتەسەنگەری بەرگری یەوەو ببێتە فەرماندەرێکی بەوەجی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. وەبیر ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی دەهێنایەوە کە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی خراپ بۆ ئامانجی باش نەتەنیا رەوایی نادا بەئامرازەکە بەڵکوومامانجەکەش خەوشدار دەکا.دەیگوت ئێمە کە بۆ ڕزگاریی گەلیکی بندەست تێدەکۆشین خەباتێکی پیرۆزە بەڵام نابێ هیچکات تێرۆر و بارمتە گرتن و ڕفاندن بکەینە ئامرازی ئەوخەباتە و خەڵکی بێتاوان وبێ دەرەتان بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بخەینە مەترسییەوە،تەنانەت لەشەڕی قورس و گرانیشدا کە شەهید بوونی هاوڕێکانمان کارلە سەر هەست و سۆزمان دەکا نابێ دیلەکانی شەر ئازار بدرێن وپێویستە مافەکانیان بە تەواوی پارێزراو بێ .

دوکتورقاسملوو سەرەڕای زانایی، زمانزانی و زانیاریی کەم وێنەی هیچکات خۆی لە فێربوون نەدەبوارد،خوێندنەوە و گوێگرتن لە ئاکارە بەرچاوەکانی بوون.کتێبخانەکەی بەکڵ ڕێگاوە بوو،دەنگی ڕادیۆکەی لە گەوە و هەوراز و نشێوەکانی ڕێ دا لە گوێی هاوڕێکانی دا دەزرینگایەوە.کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی بۆ بردنەسەرێی زانیاری یان هان دەدا و لە ڕۆژانی هەرە سەختی خەبات دا ئۆرگانی تایبەت و کادری شیاوی بۆ پەروەردە وڕاهێنانی پیشمەرگەکان ڕادەسپارد.

دوکتور قاسملوو کە خۆی نووسەرێکی گەورەو خاوەن چەندین کتێب و نامیلکە و سەدان وتاری بە پێزبوو گەلیک لە کاتی خۆی بۆ ڕێنوێنیی نووسەرانی نێو حیزبەکەی تەرخان دەکرد،ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی دەکردن،لە ڕێنوێنی یەکانی دا پێی لەسەر نووسین بە ئەدەب و نەزاکەتەوەدادەگرت و دەیگوت نووسەری دێمۆکرات دەبێ ئەدەب و نەزاکەت لە ڕستەو نووسراوی ببارێ، نەک وەک دوژمن و نەیارەکانی کە زەلکاولە قەڵەمەکانیان دەچۆڕێتەوە.لەم ڕێچکەیەوە، پیمان دەڵێن ئەدەبیاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران یەکێک لە خاوێنترین ئەدەبیاتە سیاسی یەکانی ناوچەکەیە.لەبەنرخترین وانەکانی دوکتورقاسملوو بۆ حیزبەکەی،کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە ،بە شانازی یەکانی خۆی دەزانی،تێیگەیشتووە و پێی گەیشتووەو بەڕێوەی بردووە، پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردانە. لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو پێناوەدا زۆرجارتووشی تەنگانەی سیاسی بووە، بەرژەوەندییەکانی کەوتوونە مەترسییەوەو دۆستەکانی لێ زیز و زویر بوون،بۆ دەستکەوتی کاتی سەربەخۆیی بڕیاردانی فیدا نەکردووە،پاکی و پیرۆزیی خەباتەکەی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە نرخی هەرە گران پاراستووە.

لە تێپەڕی ئەم زەمەنە دژوارەی خەبات دا دوکتورقاسملوو هاندەری چیژ وەرگرتن لە ژیان بوو.لەو باوەڕەدابووکە مرۆڤی شۆڕشگێڕی کورد دەبێ ژیانی خۆش بوێ ،شایی بکات و پێبکەنێ و جێژن بگرێ، ئەو لە شایی و هەڵپەڕکێی خەڵکی کوردستان دا شێوەیەک لە خەباتی بە دی دەکرد ، دەیگوت دوژمنەکەمان رژیمی خوێن و فرمێسک و مەرگە ،حکوومەتی تازیەباری و بەرۆک دادڕین و ڕوومەت ڕنینە،کە وایە ،با ئێمە شادبین و شایی بکەین ، خەبات لە پێناو ژیان دایە و ژیان بە بێ شایی و بەختەوەری بێ مانایە.ئەو لەسەر گڵکۆی شەهیدانیشمان بەوجٶرەدەدوا کە ئێمە لە مێژە لە بیرەوەریی شەهیدان مان دا ناگریین، تەنیا کارێک کە دەبێ لە بەر چاو و لە بەر بیری شەهیدانمان دا  بیکەین ئەوەیە کە ڕێگاکەیان بەرنەدەین،باشترین پاداش بۆ شەهیدەکانمان درێژەدانی ڕێگایانە.

دوکتور قاسملوو لە چل سال خەباتی داو لە٢٠ساڵ ڕێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا گەلیک ئەزموون و وانەی بۆ درێژەدەرانی ڕێبازەکەی وئۆگرانی خەباتی حیزبەکەی تۆمار کرد، بە بیر و باوەری شۆڕشگێڕانەوە دەرسی کردەوەی خەباتکارانی داداین،ئامۆژگاریی کردین چۆن خۆمان لە تاک پەرستی ببوێرین و پشتمان بە ڕێکخستنەکانمان ببەستین فێری کردین کە بۆکاری بەکۆمەڵ دەبێ پێکەوە بیربکەینەوە و وێکڕا بریار بدەین.ئەو وانە بەنرخانەبوون کە هەتاهەتایە لە مەکتەبی قاسملوو دا دەخوێندرێن کە بە خەساری گەورەی دە دەست چوونیشی ، حیزبەکەی هەروا قایم و پتەو، نیشتمانی قاسملووی تەژی لە شۆڕشگێڕی سوور و شێلگێری رێبازەکەی کردووە.

دوکتور قاسملوو بە ژیان و خەباتی سەلماندی کە دەبێ کوردستانمان لە هەموو جێگایەک پێ خۆشتر بێت و لە هەموو وڵاتێکمان خۆشتر بوێ. ئەو لە پێناوڕزگاریی خەڵک وئاوەدانیی خاکی کوردستان دا گیانی بەخشی و خۆی گوتەنی “گەلێک ئازادیی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا”.

لە ٢٢ی پووشپەڕدا بکوژانی قاسملوو لە خوێنی شەهیدانی ویەن و فرمێسکی پیر و لاوی کورد و خاک و خۆڵی کوردستان قوڕێکیان بۆ سەری خۆیان گرتەوە کە تا ئێستاش چۆڕاوگەی لە ڕوخساری دزێویان نەبڕاوە. ئەمڕۆ کیژو کوڕی لاوی کورد نیشتمانی قاسملوویان کردۆتەوە جۆلانەی خەبات، شەقام و ڕێ،کووچەوکۆڵانی شار و دێ لەم ڕۆژەدا تاجی ناوی قاسملوو دەنێنەسەر.

خوێنی قاسملووی ڕێبەر نرخی گرتنەبەری رێبازی ئازادی یە تا دەرکەوتنی خۆری سەربەستی لە ئاسمانی نیشتمانە کەی دا.

  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی