"an independent online kurdish website

ناسەقامگیری و بوونی شەڕ لە ڕۆژئاوا بە قازانجی کێیە؟  

ماوەیەک لەمە و پێش تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە کورد نزیکی جەرابلۆس نەبێتەوە!  reuf-gulbeden

جەرابلۆس خاڵی سنووری نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە لە سنووری کۆبانێوە!

گرینگی جەرابلۆس لەوەدایە کە کانتۆنی جەزیرە کە دابڕاوە لە کۆبانێ و عەفرین بە یەکەوە دەبەستێتەوە و ئیتر ڕۆژائاوا وەک یەکەیەکی جۆغرافیایی سەلمێندراوی لێ دێت کە دەبێتە جیرانی فەرمی تورکیا!

کورد و بە تایبەتیش ناوی کوردستان بۆ تورکیا وەک مۆتەکە وایە و تورکیا لە ژیانی سیاسی خۆیدا لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمراتۆری عوسمانی بەو ڕادەیە ئاڵۆز نەبووە!

تورکیا لە گەڵ زۆر کێشە بەرەو ڕوو بووەتەوە کە چارە نەکردنیان، لێی کردووە بە وەرهەم و ژانی کردووەتە دڵی نەرێتگەرایان کە بە درێژی مێژوو لە سەر دەسەڵات بوون و لەو خەڵکە بوونەتە بەڵا!

کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەکی مێژوویی و گرینگە کە دەست بە دەست هەر لە چاخی سەفەوی و عوسمانییەکانەوە لە گەڵ نزمی و بەرزی دەسەڵاتی سیاسی بە بێ چارەسەری گەیشتووەتە ڕۆژی ئەوڕۆ!

ئەوڕۆکە کورد لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا کەم تا کورتێک تێگەیشتووە و نە لە بەرەی کۆنە عوسمانی و تازە عوسمانییەکاندایە و نە لە بەرەی کۆنە سەفەوی و تازە سەفەوییەکاندایە بەڵکوو کورد لە گەڵ ئەوەی خاوەنی ئایینزای شێعە و سوننەیە، خاوەنی چەندها ئایین و ئایینزای تریشە کە پێکەوە ژیان بەسەر دەبەن!

کورد ئەوڕۆ لە دوای پێنسەد ساڵ خەبات و کەوتن و هەستانەوە بەوە گەیشتووە دەبێت لە نەتەوەی خۆی بە خاوەن دەرکەوێت! ئێمەی کورد لە هیچ پارچەیەک لە کوردستان نابێ فریوی زرق و برقی داگیرکەرانی کوردستان بخۆین!

ئێران و تورکیا ئەوڕۆکە بە زەقی دژی سەربەخۆیی کوردستانن و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی ئێمەیان کردووە، بە خۆشیەوە هەل و مەرجەکە ئەوڕۆکە لە بەرژەوەندی کوردە و نە تورکیا و نە ئێرانیش بە ئامانجی خۆیان نەگەیشتوون!

ڕۆژئاوا ئەوڕۆکە ئەو خاڵەیە کە نەتەوەی کورد پێکەوە گرێ دەدات، هەر بۆیە دەبێت هەموو تاکێک خۆی بە خاوەنی ڕۆژئاوا بزانێت!

دۆژمن ئەوڕۆکە یەکگرتوو نین بەڵام بە پەرتەوازیش بە نایەکگرتوویش، تەنانەت بە کزیش هەر دژی کوردن!

کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە، ئەمە کاتێکی مێژووییە کە کورد پێدا تێدەپەڕێت دەبێ لە پێناوی کورد و کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەو کۆنگرەی نەتەوەیی بڕۆین!

پێویستی مێژووییە یەکگرتن

بەڵێ بۆ یەکگرتن

بەڵێ بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی

بژی کورد و کوردستان

رەوف / 20.7.2015 ز

بابەتی پەیوەندی دار


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی