"an independent online kurdish website

شەوی ١٣ لە سەر ١٤ی مانگی ژانویە ساڵی ٢٠١٦  سکرتێری دوو  حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕیزان کاک عەبدوڵاموهتەدی(کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان)azizi_mohtedi

و کاک خالید عەزیزی(حیزبی دێمۆکراتی کوردستان) لە تەلەڤیزیۆنی (ڕووداو) لەسەر هەڵبژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، وتووێژیکی یەک کاتژمێریان لەگەڵدا پێکهات.

فەقری واژە، کەم دەستەڵاتی زمانی، ناتەوانی بەیان و سەر لێشیواوی لە بڕیار وبێ هیوای بە خەبات و تێکۆشان و بیری تەسلیم تەڵەبی باڵی بە سەر کێشا بوون. هەر وەبزانە دوو کەسی نەیار و یاری ڕژیم  پێکەوە موناقەشە بکەن. هەر چەند لە چەند خاڵدا یەکیان دگرتەوە. کەسێکی بە ویژدان و بە هەستی بەرپرسایەتی و بێ دەمارگرژی گروپی گوێ بداتە ئەم وتوویژە و لانی کەمی دوو وتووێژی ڕێبەری مەزنی کورد شەهید دوکتور “قاسملوو”  کە زیادتر لە ٢٧ ساڵ بەر لە ئێستا لە گەڵ ئاغایانی عینایەتی فانی و عەلی لیمونادی ئەنجامی داوە،  بۆی دەردەکەوێ کە ئەمرۆکە کورد بە گشتی و کوردی ڕۆژهەڵات چەند هەژار و بێ کەسین. چەندە لە سیاسەت ولە بڕیاردان دا لاواز وبێ هیواین. دوکتور قاسملوو ٢٧ ساڵ لەمەو بەر لە سەر نیزامی کۆماری ئیسلامی  و مەسەلەی کورد دەدوێ، هەر وەبزانە باسی هەل و مەرجی گشتی ئەمڕۆکە دەکا. هەر ئەوەش بوو کە سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشیک لە فارسە شوفێنیشتەکان بە دوبارە بڵاو کردنەوەی دوای ٢٧ ساڵ تووڕە بوون و دادیان چۆ ئاسمان کە بۆ ئەم وتووێژانە بڵاو دەکرێنەوە و دەزگای ڕاگەیاندی بەشی فارسی تەلەڤیزیۆنی (BBC) کەوەتە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. من داوا لە کاناڵی “ڕووداو” دەکەم، ئەگەر دەیهەوێ لەسەر هەڵبژاردن و نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداری بە خەڵکی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی خەڵکی رۆژهەڵات و ئێران بدات ئەم دوو وتوێژەی شەهید دوکتور قاسملو بڵاو کاتەوە. یا لانی کەم خوێنەری بەڕێز خۆت گوێان بۆ بگرە.

 جێی داخ بوو، ئەم دوو ڕێبەرە لە ڕاست بەڕێوەبەری بەرنامەدا لە سیمایان ناهومێدی دەباری و لە وەڵامدانەوەدا یەکیان لێوی دەلەرزی و ئەوی دیکەیان لینگ و دەنگ و کورسیلەی ژێری پێی. یەکیان بۆ خۆ دەربازکردن هێندیک واژە و دەستەواژەی ناسراوی دەکار دەهێنان کە لە قامووسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نە بوونیان هەیە و نە بوونیان دەبێ. بۆیە جگە لە گاڵتە بە خۆی و کەسانی گوێگر  و فریوکاری ناشیانە چێ دیکە نەبوو. هەر دوو لە گوێ گادا خەتوو و بێ ئاگا لە نان و ژیان و حاڵ و باڵی خەڵک، نوسخەیان دەپێچاوە و خەت و نیشانیان دەکێشا و ڕێ و شوێنێکی نادیار و ناڕوونیان دیاری دەکرد.

کاک خالید:  … بە دوای ئەوە داین خەڵک لە بێ تەفاوەتی دەربێنین

یانی ٣٧ ساڵە خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خوێن دەدەن و بە دەیان سەرکردە و ڕێبەری و هەزاران کادری سیاسی شەهید و زیندانی و بە دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی و پێشمەگەری شەهێد، بە دەیان خۆپێشاندانی دەیان هەزار کەسەی شارە کوردکان و ئێران لە پێناو ئازادی و دێمۆکراسی و دژی گەلەی کۆماری ئیسلامی… بي تەفاوەتی بووە. بەڵام درێژکردنەوەی ڕێزی شانۆی سندوقی هەڵبژادنی کۆماری ئیسلامی لە بێ تەفاوەتی هاتنە دەرە؟

ئەمە ٣٧ ساڵە  بە دەیان هەڵبژاردنی سەرانسەری و ناوچەیی کراوە. کەی ڕێگا دراوە کام ویست و مافی ئازادیخوازانە بێتە بەر باس و ئاکامیان چی بووە؟؟؟ یانی ئەگەر لە نیزامی ولایەتی فەقیهی دا ئەم هەل قوزتنەوە هەیە،  حیزبی جەنابتاب چەندی قۆزتۆتەوە؟؟؟ لانی کەمی لەم ٨ سالەی دەستەڵاتداری خۆتان… و ٨ سالیش کە لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە دابووی و ڕێبەری “حیزبی دێمۆکرات”ت بە سازشکار دەزانی. نەکا خواردنەوەی دوو چایی تاڵ لە کۆڵانە ماڵێکی شاری سلێمانی دەگەڵ پاسدار… بە دەستکەوەت و هەل قۆستنەوە بزانی و بە چاوی ئەندامی حیزبەکەتی دادەیەوە؟

کاک خالید: …سیاسەتی بە پەلەی بایکۆت بە مانای ئەستاندنەوەی دەرفەتەکان لە خەڵکە…. ئەوان دەبێ تێبکۆشن لە دەرفەت و مەجالە قانوونییەکان کەلک وەرگرن…….

یانی ٣٧ ساڵە سیاسەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی نە ناسراوە و پەلە کراوە. دەرفەتی لە خەڵک ئەستاندراوەتەوە. ئێستا چاوەڕوانە بە ٣٧ ڕۆژ سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ و ئەو بیناسێ و  بۆ خەڵک دەرفەت بێتەگۆڕێ!!!؟؟؟. لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا کام(دەرفەت و مەجالەقانوونییەکان…؟)  ئەوە نیە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی مەجلیسی نیزام تەنیا لەسەر ئەمە کە کوتیان لە هەڵبژاردندا کەم کاری کراوە.  ئەوە نزیک بە ١٠ ساڵە بە خاو و خێزانەوە بەندی کونجی بەندیخانە کراون. سەرۆک کۆماری ٢٠ میلیۆن دەنگی و هەڵگری گفتوگۆی تەمەدونەکان هەر باسیشی قەستی سەرە.

کاک خالید: … کۆماری ئیسلامی ناچار بە دانپێدانان بە مافەکان بکە…..

بە کام ڕێبەرایەتی وهێزی پشتیوان و فاکتۆری سیاسی؟ تۆش لە “قەندیل”ی و سەرانە لە کۆڵبەرانی دەستێنی و “پ ک ک” ش لە قەندیلە…. تۆ ئایەتی تەسلیم بوون و چوون لە سەف و ڕیزەکانی کۆماری ئیسلامی بە مێشک و گوێ خودی و خەڵکیدا دەخوێنی،  ئەویش دەرسی بەرخۆدان و خەبات و تێکۆشان… تۆ مەسەلەی کورد و ویستی کورد سەرپۆش دەکەی و ئەو دەیکاتە مەسەلەی هەرە گرینگی ناوچەیی و جیهانی

کاک خالید:… لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەڵبژاردنەکانی دێمۆکراتیک نین….

ئەی کاکی سکرتێر!  کە ئەوە دەزانی و بڕاوت پێیەتی! چۆنە حیزبی خاوەن خەبات و ڕابوودری حەفتا ساڵ و حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، خۆی  و ئەندامانی حیزبەکەی و خەڵکی کوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی نادێمۆکراتی دا هان دەدی و بە هەل و مەجالی گونجاوی دادنێت؟؟؟ هەڵبژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامی دا بە پڕۆسەیەکی دێمۆکراتیک دەزانی و بایکۆتی بە کفر و بێ تەفاوەتی…!!!؟؟؟

کاک خالید: … باسی مەجلیسی شەشەم و ئاغا خاتەمی دەکا….

لە بیری  چۆتە ئەم شانۆگەریەش محەکێک بوون بۆ ناساندن و ناسینی دژبەرانی ناوخۆی نیزام. یانی نازانی عەبدوڵا نووریەکان و خودی ئاغای خاتەمیش سەری تێدا چوو و ناو هێنانی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی دا وەک بیسمیلە بۆ جنبووکەیەکاک خالید:  باس لە وتووێژ دەکات و بە ئەرکی دەزانێ

وتووێژ لە نێوان کێ  و کێ دا؟ وەک ئوسول و باو وتوویژ بۆ داوای ویست و سازان لە نێوان دوو یا چەند کەس وهێز و وڵاتی بەرانبەر پێک دێت کە لانی کەمی لە باری توانا و هێزەوە وەک یەک بن یا ئەوەندەش لێک دوور نەبن.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ کێ وتووێژ بکات. تۆ داوایەکت لە کۆماری ئیسلامی نیە. ئەگەر خوای نەخواستە هەشت بێ،  بە چ هێز و توانایەکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار دەکەی وتووێژت لە گەڵدا بکات، کۆمارێک کە نەزمی نیزامی ئەمنییەتی ناوچە و جیهانی دەمەترسی خستوە و  نزیک بە ١٥ ساڵ گەورەترین دەولەتانی ئەم کورەی خاکی(٥+١) بە چاڵش کێشا و کردنیە گاڵەتجاڕ. ئامریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد و جێگای گرتەوە. تەنگی بە نیزام و دەستەڵاتی عەرەبی هەڵچنیوە، یەکێتی نەتەوەیی فەلەستینی هەڵوەشاندەوە… دەسکردی وەک ئەسەد، حیزبوڵا، داعش…. لە دەست دایە…. تۆ  بە کام هێز و داوا ناچاری بە وتوێژ دەکەی!!!؟؟؟

جەنابت ئەوە چەند ساڵە بە قسەی خۆت موزاکەرە دەکەی و ئاغای موهتەدیش لە ساڵی ٢٠٠٣ دا کردی. دەستکەوتان چ بوو، چی بەسەر هات… کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەمی  ڕۆژەڕەشی شکستی شەڕی ٨ ساڵە و مردنی خومەینی… لە نێو قەلبی ئوروپادا لە بەر چاوی خەڵکی ئەم جیهانە لە سەر میزی موزاکەرە…. بە گولەی گەرم و حەوزی خوێن پێشوازی لە ڕێبەری بە توانای کورد دوکتور قاسملو دەکات… چۆنە ئێستا لە سەردەمی بە هێزی و ئاغایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە چای شیرن و گەزی ئیسفەهان موزاکەرە لە گەڵ جەنابتان دەکات و گوڵی سەوزەبەهارت پێشکێش دەکات؟؟؟ ئەوە جگە لە بێ هێوای و خەباتی کورد بە هەڵەدا بردن و بە فیڕۆدانی ویست و خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادی نەتەوەی کورد چی دیکەی دەتوانی ناو بنێی؟؟؟

کاک خالید: … کۆنگرەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەرگیز سەر ناگرێت

 واژەی “هەر گیز” لە سیاسەت و بۆ کەسی سیاسی مەرگە. سیاسەتمەدار زانا و بە توانا نەک بە ساڵ ومانگ و ڕۆژ بەڵکوو بە کاتژمێر لە بەرژەوەندی گەل و نەتەوەکەی دا سیاسەت و بڕیار دەگۆڕێ. ئاغای موهتەدی ئەگەر بڕواشی بە پێکهاتن و پێکهێنانی ئەم کۆنگرە نەبێ،  کە نییەتی، لانی کەمی هیواخوازی بوو. بەڵام  کاک خالید نەهی و نەفی دەکا و دەڵی هەرگیز….. بەڵام بۆ چاوی بڕیوەتە کەرەمی بارەگای نیزامی مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی و بە هیوای پشوە بایەکی ڕەحمەتێ یە؟؟؟

منیش دەڵێم گۆنگرەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پێک دێت، یەکێیەتی نەتەوەی کورد پێک دێت… بەڵام هەتا کاک خالید دەمڕاست بێت، هەرگیز. هەرگیز نە ئەم کۆنگرە پێک دێت  و نە کۆماری ئیسلامی ناچار بە موزاکەرە دەکرێت. موزاکەرە لە بە مەیل و خواست نییە، ئیجبارییە.

کاک خالید: وەک کەڵەشیری بێ وەخت دەخوێنێ.

 … لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی کە کورد و ئازەری تێدا دەژین… دەبێ هەموو تێببکۆشن نوێنەرانی کورد دەنگ بێێەوە

سەیر و سەمەرە ئەوەیە کە مۆرە دەستنیشان کراوەکانی نیزامی ویڵایەتی فەقیهی بە نوێنەری کورد دادەنێت. قامکم لە چاوی بنێ کام نوێنەر بە ناو کورد لە سەر مافی شار و ناوچەی خۆی توانی لە مەجلیسی ئاخوندیدا وستەیەک بکات؟؟؟ لە خۆڕا و نەزانانە و یا بە ئەنقسەت باسی کێشەیەکی نەقەوماوی  کورد و ئازەری دەکات  و مەسەلەکە دەهۆرژێنی و چراسەز و ڕێنوێنی بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئازەریەکان دەدا کە کورد خەریکە لە شانۆی هەڵبژاردندا فێڵتان لێ بکات و مەهێڵن. کاکی ئەمانە کاری تەشکیلاتی نەهێنین  نەک کاری تەبلیغاتی و بەرژەوەندی گەل دەمەترسی خستن

 کاکی برای! ئەگەر خۆت بە حیزبی دێمۆکراتی قازی و قاسملوو بزانی، ئەوە حیزبە (حیزبی  دێمۆکراتی کوردستانی ئێران) مونحەلە ڕاگەیندراوە، وەک دژی شۆڕش ناوی نراوە، فیتوای نابوودکردنی خومەینی لە سەرە… هەر ڕۆژە ڕۆڵەی کورد بە تاوانی ئەندام بوون و لایەنگری حیزبی جەنابتان بەندی دەکرین و زیندانی هەتاهەتایە بەسەردا دەبڕێت و لە دار دەدرێن… جەنابت بە خۆت دەڵێی حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی نیزامی کۆماری ئیسلامیم   و نوێنەرایەتی گەڵی کوردی ڕۆژهەڵات دەکەم… بەڵام  خۆت چەک کردوە و شەڕی چەکداریت وەلا ناوە. شەڕی تەبلیغاتی ناکەی، لە گوڵ کاڵتر بەم نیزامەی ناڵێی، هەر مافی خۆ کاندید کردنە نیە، بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە کەسانی پاڵێراوی نیزام دەدەی، خەڵکی بۆ خۆپێشاندان و دژایەتی دەگەڵ ڕژیم نەک هەر هان نادەی، ئایەتی تەسلیم بوونیان بە گوێ دا دەخوێنێ. هەر بە قسەی خۆت ساڵێ چەند جار دانیشتن لە گەڵ پاسدرانی ئەم ڕژیمە دەکەی

ئەم سیاسەتەی جەنابتان ٣٦ ساڵ پێش سیاسەتی دەمڕاستانی حیزبی تودەی ئێران و چریکە ئەکسرییەتەکان بوو. ئەگەر حافیزەی مێژووتان هەبێت، دەزانی چێیان بەسەر هات. هەر نەبێ چارەنووسی دۆستانی خۆت ڕێبەرانی سەوزت لە بەر چاو بێت.

رزگار  پور سوڵتانی

بابەتی پەیوەندی دار

کاتێک سکرتێرەکان ئاگایان لە سادەترین پێداویستیی ژیانی خەڵکەکەیان نەبێ!

ڤیدیۆ


 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی