"an independent online kurdish website

شێخ محەممەدی بڵباسی لە رێکەوتی ٢٤ـی مارش ٢٠٠٩ـی زایینی، کاتژمێر دوو نیوی نیوەڕۆ بە هۆی نەخۆشی، هاوڕێی دڵسۆز و پشمەرگەی دێرین لە تەمەنی 69 ساڵی دا لە ناوەندی سێی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە جێژنیکان نیزیک هەولێر کۆچی دوایی کرد.xale_shex

هەر بە بۆنەی کۆچی دوایی خاڵە شێخ ماڵپەری پێشمەرگەکان وتووێژەکی لەگەڵ خاتوو رووناک بلباسی “کچی خاڵە شێخ” و کاک سەید سەمەد تاهیری”زاوای خاڵە شێخ” پێک هێناوە.

دەقی وتوێژەکە

 پێشمەرگەکان: خاتوو رووناک بڵباسی، خاڵە شێخ محەممەد لە ناوخۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر سەرقاڵی چی بووە و ساڵی چەند لە دایک بووە؟

وڵام: بابم ساڵی ١٣١٩ـی هەتاوی لە گوندی چەشمەگۆل-ی سەر بە شارەستانی نەغەدە لە دایک بووە، پاشان ماڵمان هاتە نەغەدەی. لە ساڵی ١٣٤٥ دەبێتە ئەندامی نەهێنی حیزب، هاوکات کە ئەندامی حیزب دەبێت ، ئەرکی بەخێو کردنی دوو بنەماڵەی دەکەوێتە سەرشان بە هۆی ئەوەیکە براکەی بە نێوی عەلی کاکە سوور، بە هۆی هاوکاری کردنی هاوڕێیانی حیزب لەو کات دا دەکەوێتە بەندیخانەکانی رێژیمی شا، خاڵە شێخیش بە هۆی بژێوی سەختی ژیان و سەرپرشتی دوو بنەماڵە لە نێوان سنوورەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کار و کاسبی دەکرد و هاوکات پەیوەندی نێوان پێشمەرگەکانی نێوخۆ و حیزبی دێموکڕات بوو لە باشوور.

لە شەڕی سێ مانگەدا ئەوکات کە حیزبی دێموکڕات دەکەوێتە شەڕێکی ناخوازراو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، خاڵەشێخ لە ساڵی ١٣٥٧ بە رەسمی دەبێتە پێشمەرگە و چەک لە شان دەکات و ئەرکی فەرماندەری لک بەڕێوە دەبات، جێگای ئاماژەیە کە خاڵە شێخ سەرپرشتیاری شەڕی بەناوبەنگی سندووسی خوارێ وەکوو گوندەکانی چەقەڵ مستەفا و مەمەلیان و گەرگوولی سەرێ و خوارێ و زۆربەی شەڕەکانی دیکە وەکوو لەندی شێخان و سەرشاخان بەشداری چالاکانەی هەبووە کە لە شەڕی چەقەڵ مستەفا دا بەسەختی بریندار دەبێت و ئاسەواری ئەو برینە تا کۆتا ساتەکانی ژیان هاوڕێی دەبێت. لە ساڵی ١٣٦٣ دا ئەوکات کە کوردستان لە حاڵەتی میلیتاریزە دا بوو و حیزب دێموکڕات بنکەکانی لە رۆژهەڵاتەوە گواستەوە بەرە باشووری وڵات، خاڵە شێخ لە یەکێک لە بنەکانی حیزب لە ‘سونێ’ لە شێوەرەس دەبێتە بەرپرسی نیزامی پێشمەرگەکان و درێژە بە چالاکیەکانیان دەدەن و پاشان لە ساڵی ١٣٦٧ـی هەتاوی بۆ مەڵبەندی سپی سەنگ رادەگوێزرێ و لەوێ دەبێتە بەرپرسی تەقەمەنی و پاراستنی چەک و چۆڵی ئەو مەڵبەندە و تا کاتی شەهید بوونی ئەو بەرپرسایەتیەی وەکوو کادری نیزامی بە ئەستۆوە بوو.

پێشمەرگەکان: کاک سەید سەمەد، پێمانخۆشە کورتە باسێک پێشکەش بە خوێنەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بکەن لەسەر کەسایەتی خاڵە شێخ محەممەد لە روانگەی خۆتەوە.

 وڵام:دیارە من پێشتر ناوبانگی خاڵە شێخم بیستبوو بەڵام ئەوکات لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی کە بوومە پێشمەرگەی حیزب خاڵە شێخم لە نیزیکەوە زیاتر ناسی و بوو بە باشترین رێنوێن و هاوفکرم لە نێو رێزی هاوڕێیانم دا و جێگای خۆی کردەوە، سەڕەڕای ئەوەیکە خاڵە ورە و هێزی بە هەموو هاوڕێکانی دیکەشم ددەبەخشی، هەمووکات ئێمەی هان دەدا بۆئەوەی ئاستی زانیاریمان لە بواری سیاسی و نەتەوەیی بەرێنە سەر و بۆ وێنە هەمووکات پێی دەکووتین: ئێوە کە تازە پێدەگەن و خوێندەواریتان لە من زیاترە، زیاتر هەوڵی خۆتان بدەن بۆ خۆ پێگەیاندن بۆ بەروەپێش چوونی ئامانجەکانمان لە رێگای حیزبی دێموکڕاتەوە.

خاڵە خاوەن هێندێک خصڵەتی تاکەکەسی خۆی بوو کە ئەو خصڵەتە پۆزێتیڤانە ببوو بە هۆی ئەوەیکە جێگای خۆی لە نێو هەموو کادر و پێشمەرگەکان دا کردبۆوە، کەسێکی بە مانای وشە خاکی و خەڵکی بوو و تەنانەت منداڵانی دەورووبەریش خاڵەیان خۆشدەویست و خەڵکی دەورووبەر ئەویان بە دڵسۆز و خەمخۆری خۆیان دەزانی و سەفرەی دڵیان لەلای دەکردەوە و تەنانەت خاڵە لە هەموو مەسایلە کۆمەڵایەتیەکان وەکوو ژن و ژنخوازی، تازیە و سەرەخۆشیەکان قسەکانی جێگای رێز بوو.

هەموو ئەو تایبەتمەندیە باشانەی خاڵە ببو هێمایەک بۆ باوەڕ پێهێنان بەو زاتە هەروەک چۆن لە کاتی شەهید بوونیشیدا خەڵکێکی زۆر بە بەشداری لە پرسەکەی دا چاکەی خاڵەیان بەجێهێناوە کە ئەوە جێگای رێز و تەقدیرە و لەبیر ناکرێ. xale_shex_-_Kopie

 پێشمەرگەکان: خاتوو رووناک وەک بزانن گەورەترین ئاواتی خاڵە شێخ محەممەد چی بوو؟

وڵام: بابم وەکوو هەموو مرۆڤێکی ئاسایی خاوەن ئاواتی خۆی بوو، چەند لە هەرە سەرەکیترین ئاواتەکانی ئەوە بوون کە کورد رۆژێک بە سەربەخۆیی بگات و ناوی لە ناو وڵاتانی دنیادا دەرکەوێ و وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ حیسابی بۆ بکرێ، یەکی دیکە لە ئاواتەکانی ئەوە بوو کە ئێمە خۆمان پێ بگەیەنین و بەردەوام بین لە خوێندن بۆ ئەوەی لە دوارۆژ دا بتوانین خزمەتی نەتەوەکەمان بکەین لە ئاواتەکانی دیکەی بابم ئەوە بوو کە بە مەشغەڵی رزگاری نەتەوەیی ئاگری نەورۆز لەسەر سوڵتان یاقوب بکاتەوە.

پێشمەرگەکان: کاک سەید سەمەد ئێوە پێشمەرگەی بوونە و بەشداری زۆرێک لە شەڕەکانتان کردۆ، ئایا هیچ ئامۆژگاریەکی خاڵە شێخ یارمەتیدەری شەڕی پارتیزانیت بووە؟

وڵام: بێ گوومان کەسایەتی و رابڕدووی خاڵە لەو ناوچەیە دا بێ کاریگەری نەبووە لە بەوڕێوە بردنی ئەرکەکانی حیزبیم دا، بەڵام هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردبوو کەسایەتی خاڵە زۆر کاریگەر بوو بۆ ئەوەی کە خەڵک باوەڕ بە ئێمە بکات و هاوکارمان بن، هەرچەند کە حیزبی دێموکڕات خاوەنی خاڵە بوو و خاڵە خۆی بە خاوەنی ئەو رێبازە دەزانی، ئەو دوو خاڵە کاریگەر بوون بۆ بەڕێوە بردنی ئەرکەکانمان بە شێوەیەکی ئاسانتر بۆ وێنە ئەوکات کە کادری تەشکیلاتی ناوچە بووم سەڕەڕای ئەوەیکە وەکوو کادرێکی ناوچە ناسراو بووم بەڵام کاتێک دەمکووت زاوای خاڵەم، هەستم بە گەرمی هاوکاری زیاتری خەڵک دەکرد و لەو بوارەدا وەکوو پشت و پەنایەکی مەجازیم وابوو.

پێشمەرگەکان: خاتوو رووناک ئێوە لە بنەماڵە دا خاوەن دوو شەهیدن، خاڵە شێخ و کاک یونس بڵباسی، دەکرێ کورتە باسێک لەسەر چۆنیەتی شەهید بوونی کاک یونس باس بکەن؟

وڵام: شەهید یونسی برام ساڵی ١٣٧٠ـی هەتاوی وەکوو هاوکاری کادری تەشکیلاتی لە هێزی کێلەشین دا سازمان درا، ئەوکات بۆ بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتی حیزب لە سنووری باشوور و باکوری و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە سێ سنوور ناوبانگی هەیە لە بەشی گومرکی حیزب کاری دەکرد و لەلایەن هێزەکانی تورکەوە لە ١٣ـی گەلاوێژی ١٣٧١ـی هەتاوی لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی بۆ ماوەی دوو شەو و رۆژ بە دیل دەگیرێن و پاشان ئازاد دەکرێن. لە کاتی گەڕانەوەیان دا لەلایەن چەند کەسی خۆفرۆشەوە کە سەرکردەکەیان جاشێک بوو بە نێوی جەمیل کە خەڵکی باشووری کوردستان بوو و جاشایەتی بۆ دەوڵەتی تورک دەکرد، لە رێگا دەسترێژیان دەکەنە سەر و یونسی برام و مەلا حەمەدەمەین و خاڵ تایفە و برایم زەرزا و مەستەفا بایەزیدی و عەبدوڵا سەلیمی شەهید دەکرێن و ئێستاش تەرمەکانیان بێ سەروشوێنن. ئەو تراژدیەک بوو بۆ هەموو بنەماڵەی ئێمە بەتایبەت بابم کە نازانین تەرمی براکەمان لە کوێیە.

پێشمەرگەکان: کاک سەید سەمەد، خاڵە شێخ محەممەد لە نەغەدە خاوەن کەسایەتێکی بەڕێز و ناسراو بوون، وەک ئاگادار بن شەهید بوونی خاڵە شێخ چ دەنگ دانەوەیەکی لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی نەغەدەدا هەبوو؟

وڵام: شەهید بوونی خاڵە ببووە هۆی غەم و پەژارەیەکی زۆر لە دڵی هەموو ئەو کەسانەی کە خاڵەیان دەناسی و تەنانەت بەو شێوەی کە ئاگادار بووم لە چەندین بنەماڵە لە نەغەدە بە نەهێنی سەرەخۆشیان بۆ دانابوو و یەکێک لە ئاواتەکانی خاڵە هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئەوە بوو کە بە دەستی خۆی لەسەر سوڵتان یاقوب مەشغەڵی رزگاری نەتەوەیی بگرێتە دەست و ئاگری نەورۆز بکاتەوە، مەخابن کە لەو ئاواتە بێبەر بوو بەڵام لاوانی نەغەدە بە چەندین جار ئەو ئاواتەیان بە جێگەیاند و ئەوە سوکناییەک بوو بۆ هەموو ئێمە بەتایبەت بنەماڵەی خاڵە شێخ.

پێشمەرگەکان: خاتوو رووناک وەکوو دوایین پرسیار، پێمان خۆشە ئێوەش کورتە باسێک لەسەر کەسایەتی خاڵە شێخ محەممەد بۆ خوێنەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان باس بکەن.

وڵام: بابم سەڕەڕای ئەوەی کەسێکی رووخۆش و قسە خۆش بوو هاوکات بە کردەوە لە سیاسەتە گشتیەکانی حیزب دا توابۆوە، مەبەستم ئەو ئازادی و یەکسانیەیە کە حیزبی دێموکڕات بۆ خەڵکی داوا دەکات لە نێوان ژن و پیاو دا، بابیشم هەموو ئێمەی لەوبوارەدا سەربەست کردبوو لە هەموو بڕیارێک دا. یەکێک لە هەرە سەرەکیترین ناڕەحەتیەکانی بابم لێکترازانی حیزب بوو کە زۆری پێوە دڵگران بوو و هەموو جارێک هەناسەی پێوە هەڵدەکێشا. یەکێک لە هەرە قسە بەناوبانگەکانی بابم ئەوە بوو کە هەموو ئێمە و تەنانەت هاوڕێکانیشی بە ”هەلە کاکە، هەلە بابە’ بانگ دەکرد، و ‘هەلە بابە، هەلە کاکە’ جەفەنگ نەبوو، گاڵتە نەبوو بیر و باوەڕ بوو.

ئامادەکار : تاهیر قەرەخان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی