"an independent online kurdish website

لەم دواییانەدا و لە جێژنی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی ئەییستیتۆی کورد لە پاریس، پیاوێکی خەڵکی کوردستانی ئێران بەرەو من هات و وتی: خاتوونێک دەڵێت کە رەنگ و رووی من زۆر بۆ ئەو ناسراوە، بەڵام لە بیری نییە کە لە کوێ منی بینیوە.teymure_xelil-0

 

من لێم پرسی ناوی ئەو خانمە چیە ؟ ووتی: ناوی نەسرین ە. من خانمەکم بە ناوی نەسرین قەت نەبینیو بوو و نەم دەناسی ! هەر بۆیە بەرەو ئەو خانمە چووم و کاتێک باش نێزیک بووم بینیم کە ئەو خانمە، هێلنا ، خێزانی عەبدولرەحمان قاسملوو یە کە بە کوردی پێی دەڵێن نەسرین و ئێمە ٣٥ ساڵ پێش، لە ساڵی ١٩٧٤ لە پراگ یەکترمان بینی بوو !

یەکترمان لە باوەش گرت و تێر بۆ ئەو رۆژانە گریاین و حەسرەتی ئەو ٣٥ ساڵەمان بەتاڵ کرد.

ئەو دیدارە لە گەڵ هێلێنا قاسملوو ، منی ٣٥ ساڵ بۆ رابردوو برد ! کاتێک کە جوان بووم . زۆر هەستێکی باشم لەو دیدارە و ئەو رابردوویە دیتەوە .هیوادارم ئێوەش لەو بیرەوەریانە کەڵک وەرگرن !

ساڵی ١٩٧٤ بوو ! تازە ژیانی هاوبەشم پێکهێنا بوو . من دەمهەویست لە گەڵ خێزانم بۆ سەفەرێک بەرەو وڵاتێکی ئورووپایی بچین.

بە هۆی ئەوەی کە لەو کاتدا سەفەر بۆ ئورووپا بۆ هاووڵاتیانی سۆڤیەتی جاران قەدەغە و زۆر سەخت بوو ، بەڵام دیسان هێندێک رێگا هەبوون کە لە رێگای تۆریستی لە وڵاتانی سۆسیالیستی خەڵک بەرەو ئورووپا دەچوون و ئێمەش وەک هەموو خەڵک بە دوای ئەو رێگایە دەگەراین.

بە هۆی ئەوەی کە باوک و دایکم لە ساڵی ١٩٧١دا لە سەر بانگهێشتی گۆڤاری ” کێشەکانی ئاشتی و سۆسیالیزم” بەرەو چێکۆسلواکی رویشتبوون و لەوێ هێندێک کەسایەتی کوردیان وەک مامۆستا دڵدار، قادر دیلان و کەسانی دیکە، ئێمەش بریارماندا کە بەرەو ئەو وڵاتە بچین .

 

ئێمە کەوتینە ناو گرووپێکی تۆریستیی گەنجەکان و بەرەو چێکۆسلواکی و شاری پێشین چووین. پایتەختی سلۆڤاکیا شاری براتیسلاوا بوو و بە هۆی ئەوەی کە گرووپی ئێمە لە هەژمارێکی زۆر گەنج پێکهاتبوو ئێمەیان بەرەو مێوانخانە نەبرد و لە خانووکانی خوێندکارانی بیانی لەو وڵاتە گیرساینەوە .

من لە شێوازی هەڵسوکەوتی خوێندکارانی ناو ئەو ماڵانە زانیم کە دەبێ زۆر کورد لەو ماڵانەدا ژیان بکەن. لە کاتی شەو دا من بۆ حەوشی ماڵەکە روویشتم و بینیم کە کوڕ و کچێک دانیشتوون و خەریکی قسە کردنن . نازانم بە چ هۆکارێک پێم وابوو ئەوانە عەرەبن !

بڕیارم دا کە نێزیکی ئەوان ببم لە سەر خوێندکارانی کوردی نێشتەجێ ئەو ماڵانە پرسیاریان لێبکەم .

بەڵام کێشەیەک هەبوو و من عەرەبی و چکیم نەدەزانی و ئەوانیش ئەرمەنی و رووسی نازانن !!

بۆیە یەک راست وتم: عەرەب ؟

ئەو کەسە چاوی لە من کرد و وتی : عەرەب !

من پرسم لێکرد : کورد، کورد ، ئەکراد ؟

ئەو گەنجە چاوی لە من کرد و بە زمانی کوردییەکی کرمانجی زۆر جوانتر لە من وتی : ئەز کوردم !!!

وەک ئەوەی هەموو جیهانیان بە من دابێ، نەفەسێکی ڕاحەتم کێشا، ئەو وتی: لەو ماڵەدا ١٧ کورد دەژین و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە چێکۆسلواکی لەو ناوچەیە یە !

 

هەر ئەو ئێوارەیە هەموو خوێندکارانی کوردی ئەو ماڵەم بینی و من و خێزانم ٣ رۆژ لەو ماڵە ماینەوە و لە گەڵ کوردەکان دەچووینە دەرەوە و وازمان لەو گرووپە هێنابوو کە لە گەڵیان هاوسەفەر بووین.

ئەو رۆژەی کە ئێمە لە براتیسلاوا بەرەو پراگ دەچووین ، سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، دوکتور خەلیل ئیبراهیم ژۆمارەی کوردەکی نێشتەجێ پراگی بۆ من نووسی و وتی کە بۆی تەلەفۆن بکەم و ئەگەر کاتی هەبوو سەردانی بکە .

ئێمە خواحافیزیمان لە کوردانی براتیسلاوا کرد و بەرەو پراگ چووین . من ژمارەی دوکتور ئیبراهیمم دەرهێنا و تەماشای ناو و ژمارە تەلەفۆنی ئەو کەسەم کرد کە بۆ من نووسی بوو .

عەبدۆلرەحمان قاسملوو ! پێم وابوو ئەویش کەسێکی وەک دوکتور ئیبراهیم و خوێندکارانی دیکەیە ! هەر لە سەر ئەو هزرە تەلەفۆنم کرد و خانمێک تەلەفۆنی هەڵگرت و وتی: من هێلێن م ! هێلێن بە سۆرانی لە گەڵ من قسەی کرد بەڵام کاتێک بینی کە من کوردێکی سوڤیەتم و لە سۆرانی تێناگەم بە کرمانجی قسەی کرد و وتی زۆر بەداخەوە عەبدۆلرەحمان قاسملوو لە ماڵ نییە و هەر کات هاتووە ، ئاگاداری دەکات کە من زەنگم لێداوە .

 

بە هۆی ئەوەی ئێمە لە پڕاگ لە ماڵی خوێندکاران دەماینەوە ، تەلەفۆنمان نەبوو و من ئادرێسی خانوو و ژماری دیوەکەمم بە هێلێن دا .

 

پاش دوو کاتژمێر عەبدۆلرەحمان قاسملوو و هێلێن خانم هاتن و بوونە مێوانی ئێمە ! من هەر لە یەکەم نیگادا زانیم کە ئەوانە وەک هاورێیانی پێشووم واتە خوێندکارانی کورد نین و زیاتر وەک کەسانی ئورووپای دەهاتنە بەرچاومان .مرۆڤێکی زۆر تێگەیشتوو کە زۆر بە کوردییەکی جوان قسەی دەکرد ! ئێمە بە ماشینی فیاتی ئەوان کەمێک لەناو شاردا گەشتمان کرد و زانیمان کە هەر دووکیان مامۆستای زانکۆن ! بەڵام قاسملوو بە تەواوی کورد بوو و لە لای ئەو مرۆڤ هەستی دەکرد لە ماڵی باوکیدا دانیشتووە !

رۆژی دواتر ئێمە بوونە مێوانیان و کاک دوکتور کتێبی خۆی بە ناوی ” کوردستان و کورد” و هەروەها جامێکی کۆن کە بە دەست جوانکاری بۆ کرابوو “ئێستاش ئەو جامە لە ماڵی مندایە” پێشکەشی ئێمەی کرد.

پاش سێ رۆژ ئێمە خواحافیزیمان لە یەکتر کرد و ئێمە بە حەسرەتێکی زۆر بەرەو وڵاتی خۆمان ئەرمەنستان گەڕاینەوە . بە هۆی ئەوەی کە ئێمە ٣ رۆژ لە لای یەکتر بووین زانیم کە ئەوانیش زۆر حەزیان لە ئێمەیە .

پاش وەگەریانی ئێمە بۆ ئەرمەنستان، من باسی چاوپێکەوتنی خۆم لە گەڵ کاک دوکتور بۆ کوردانی ئەرمەنستان و بە تایبەتی کارمەندانی رۆژنامەی “ڕێیا تەزە” کرد، ئەوانیش پرسیاریان کرد کێ دەزانێ ئەوان کێن؟

من ئەوکات نەمزانی کە ئەو قاسملووی گەورە و رێبەرە. دواترکاتێک چووینە فەڕانسە زانیم کە ئەوە سکرتێری گشتی حدکا یە و هەموو خۆشیەکانی ژیانی بە جێهێشتووە و بۆ دیفاع لە نەتەوەکەی بەرەو کوردستان چووە و لە تەنیشت پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبەکەی دیفاع لە کوردستان دەکا !

ئەوکات نە کوردانی چێکۆسلواکی و نە کاک دوکتور قاسملوو باسی سیاسەتمەدار بوونی خۆی بۆ ئێمە نەکرد ! رەنگبێ کاک دوکتور پێی وابووبێ کە ئێمە کوردین و میوان ! دەبێ رێزی ئێمە بگرێ و رەنگەش پێی وابێ کە کەسانێک ئێمەیان بۆ لای ئەوان ناردووە !کە هەڵبەت کەسێکی وەک کاک دوکتور دەبێ وا نهێنی پارێز بێ !

 

ئێمە پاش ساڵەکانی ١٩٧٩ و لە کاتێکدا کە هەموو رۆژنامەکانی جیهان و سوڤیەت باسیان لە شۆرشی وڵاتی ئێران و قارەمانەتی و بەرخۆدانی کوردەکان بە رێبەرایەتی قاسملوویان دەکرد ، زانیمان کە چ ئیفتخارێکی گەورە بووە و ئێمە لە پراگ لای چ کەسایەتی و رێبەرێکی گەورە بووین .

هەر ئەو کارمەندەی رۆژنامەی “رێیا تەزە” کە ئەوکات من بۆ ئەوان باسی قاسملووم کردبوو وتی: کێ دەزانێ ئەوان کێن ؟ بە هۆی ئەوەی کە لە زمانی رووسی دا پیتەکانی (ع) و (ق) بوونیان نییە و لە رووسی دا ق وەک “کاسملوو ” دەنوسرێت، لە کاتی نووسینی هەواڵ لە سەر کوردستان و خەباتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، دەکەوێتە بیری ئەو کارمەندەی رۆژنامە کە من ٤ ساڵ پێش باسی قاسملووم بۆ ئەوان کردووە و ناوی دروستی ئەو رێبەرە عەبدۆلرەحمان قاسملوو یە !

 

ساڵی ١٩٨٩ من و خێزانم و دوو کچەکەم لە شاری ئێریڤان بەرەو مۆسکۆ سواری قەتار بووین کە بۆ سەیران بۆ ئەو شارە دەچووین !لە سەر سنووری گورجستان بۆ ئابخازیا قەتاری ئێمە بۆ چەند کاتژمێر راوەستا . بە ئێمەیان راگەیاند کە لە نێوان گۆرجستان بۆ ئابخازیا شەر دروست بووە و ئێمە رەنگە چەند کاتژمێر و یان چەند رۆژ لەوێ چاوەرێ بکەن تا ئارام دەبێ .

رۆژی دواتر من بە هۆی بێکاری بەرەو شارێکی نێزیک چووم تا رۆژنامەیەک بکرم و بزانم چ خەبەرێکی تازە هەیە . لە رۆژنامەی “ئیزڤێستیا” نووسراو بوو کە رێبەری کوردەکانی کوردستانی ئێران عەبدۆلرەحمان قاسملوو لە وڵاتی ئۆتریش بە دەستی چەتەکانی تیرۆریستی دەوڵەتی ئێران شەهید کراوە !

 

بە بیستنی ئەو هەواڵە هەموو لەشی من سارد بوو ! پاش دوو رۆژ بە ئێمەیان راگەیاند کە شەڕ بەردەوامە و دەبێ ئێوە بگەرێنەوە بۆ ئەرمەنستان ! لە ڕیگادا من هزرم دەکرد کە بانگێکی ئاسمانی بە من دەڵێت کە ئێستا کاتی کەیف و سەیران نییە و دەبێ ئێوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆتان

 ماڵپەڕ: تەیموورێ خەلیل لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناسراوی کوردی ئەرمەنستانە.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی کۆمیتەی دانمارکی ح د ک  ئێران

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی