"an independent online kurdish website

لە هەموو سەردەمێکدا شۆڕشگێربوونی حێزبەکان لە سەر بایەخدان بە کوردستان هەڵدەسەنگێندران و ئامانجی دواڕۆژ سەربەخۆیی بووreuf-gulbeden

کە بە دوایین خاڵی ستراتێژی نەتەوەیی کوردستانی مەزن دەهاتە ژمار بەڵام ئێستە شۆڕشگێڕی کاڵ بووەتەوە و سیاسەتوان و ڕووناکبیری کورد زۆر بە پەلە هەموو ڕێگەکانی بە سەرخۆیدا داخستووە و تەنیا ڕێگە بەوە دەدات کە دژی سەربەخۆیی کوردستان بێت و بەس!

ئەوانە دەمێکەیە ئەوەندە چوونەتە پێش کە لەو سەرەوە هاتوونەتەوە و ئێستا کە عێراق و سووریا وەک نەبوو وایە لە لایەن ئەوان نەک هەر هەیە بەڵکوو وەکوو کۆنە بەعسییە ئەنفالچییەکان لە سەر ئاڵا و لە سەر سرووی ئەی ڕەقیب خەڵک دەدەنە بەر شەقی ڕووناکبیرانە و هەر کەس دژایەتی کوردستان نەکات دواکەوتووە و هەر کەس ئاڵا بە پەڕۆ نەزانێت گەمژەیە و هەرکەس لە بەر سروودی نەتەوەیی کورد ” ئەی ڕەقیب ” هەستێتە سەر پێ ئەوە بێدین و کافردەبێت!

 هەر کەس دژی حەشدی وەحشی بوەستێتەوە ئەوە بەکرێگیراوی عەرەبستانە و ئیتر هەر ئەوە ماوە داشۆڕێین لە کورد بوون و تفێکی بە هێز هەڵدەین یەکەم بۆ ناوچاوانی خۆمان و دواییش لە ڕابوردوو و لە خەباتمان و لە ڕەنجی بە هەدەرچوومان!

کورد زۆر بە پەلە پێشکەوتووە و بە جۆرێک لەوسەرەوە گەڕاوەتەوە و لەوەدەچێت دەیانهەوێت لە نووکەوە بۆ سەد ساڵی دیکە تێوەچنەوە!

بۆ کەس بە سۆسە دەوێرێت ناوی کوردستان بێنێت، هەر ئەوەی ماوە شەڕی سێهەمی جیهانی دەست پێبکات و دنیا بە سەرماندا بڕووخێت!

ئەوەتا کورد بووە شانازی بە پێشمەرگە کردووە بەڵام ئێستە ڕۆژێک دەیانکەن بە میلیشیا و ڕۆژێک دەیانکەن بە بەزیو و ڕۆژێکیش بە کۆیلە، سەیرەکە ئەوەیە کە ئەم کەسانە کە وا دەڵێن خۆیان هەتا ئەوڕۆکەش شانازی بە پێشمەرگەبوونی خۆیان دەکەن!

هێشتا نەبووین بە وڵاتێکی سەربەخۆ لە لایەک پڕوپاگاندەی ئەوە دەکەن کە گەندەڵی هەیە، مووچە نییە و دزی هەیە و لە لایەکیش هەر لە سەر دەستی خۆیان هەموو ئەم ڕووداوانە ڕوویداوە و کەچی خۆیان لێمان کردووە بە تووڵبڕ و هەرچی کاسە و گۆزەیە بە سەر شەریکە دەسەڵاتدارەکەی دوێنێی خۆیان دەشکێنن!

داگیرکەری تورکیا و کۆماری سێدارە هەر دوو داگیرکەرن بەڵام چۆن دەبێت کاکی ڕووناکبیر و پێشکەوتوو هەرچی چڵکاوە بە سەر تورکی دەکا بەڵام تفێک لە ئێران و کۆمارە سێدارەکەی ناکات؟

 ئەم پارادۆکسە لە بەر چییە؟

ئایەکوو چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان داعشی سوننە و داعشی شێعە؟!

ئایەکوو هەردووکیان لە سۆنگەی کوردە وەک یەک نین؟

ئەوڕۆکە هەر وەک دەبینین کورد شەڕی داعشی سوننە دەکات، سبە و دووسبەش دەبێ خۆی بۆ شەری داعشی شێعەش ئامادە بکات، کێ هەیە نەزانێ هەڵوێستی داعش و حەشدی وەحشی بە نیسبەتی کوردەوە هیچ جیاوازییەکی تێدا نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە داعشی شێعە فێڵەبازترە و نەرمەبڕترە لە وی دی!

هەڵوێست و ڕوانگەی هەر دوو داعشەکە بۆ کورد وەکوو یەکە، هەتا ئێستاکەش کورد بۆیە بەهێز ماوەتەوە لە بەر ئەوەیە کە گۆڕەپانەکە لە پلەی یەکەمدا لە دەستی هێزە نێوە نەتەوەییەکاندایە هەروەها ئەمریکا و رووسیا و وڵاتە گەورەکانی ئورووپا لە سەر هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سایکس- پیکۆ پێکەوە کۆکن و لە هەمان کاتدا کورد لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا هاتووەتە ناو ناوان و ئیتر سەردەمی داگیرکەری کورد خەریکە بە سەردەچێت!

دژایەتی لە گەڵ ویستی سەربەخۆیی هەلوێستێکی دۆژمنکارانەیە و بە زەرەی کورد و لە بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستانە!

لە ڕاستیدا ئەمە ئەلفوبێی سیاسی ناوچەکەیە و ئیتر خوێندنەوەی ئەم چەمکە ئەوڕۆکە لە هەموو کاتێک روونترە!

ئەوانەی وا ئەوڕۆ بە هەر بیانوویەک دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن سبەینێ لە دادگای مێژوودا چۆن وەڵامی ئەم پرسە دەدەنەوە؟

کوردستان خاکی هەموومانە و نیشتمانی گشتمانە، کەس هەیە دژی سەربەخۆیی نیشتمانئ خۆی بێت؟!

عێراقێک نەماوە تا باسی بکەیت ئەوەی وا ناوی عێراقە دەوڵەتی کرێگرتەی ئێرانە لە بەغدا کە تەنانەت نوێنەرایەتی زۆرینەی شێعەش ناکات، ئیتر عێراقی چی و کەشکی چی؟!

کورد ئەگەر سەربەخۆ بێت چ زیانێک بەر کورد دەکەوێت جگە لەوە نەبێ ئەڵقەی زنجیری کۆیلەتی خۆی دەپسێنێ؟

کۆیلەبوون ئەوەیە کە بەرماوخۆری ناوەندەکانی کۆیلەدار بیت لە بەغدا و تاران و ئانکارا و دێمێشق!

لە کوێ سەربەخۆیی خوازی کۆیلەتییە؟

سەربەخۆیی بۆ هەموو کەس حەڵاڵە بەڵام کە گەیی بە کورد هەم بڤەیە و هەم حەرام؟!

چەندە خاو بووین لە یەکمان دەپرسی تۆ بڵێی کورد هەبێت دژی سەربەخۆیی نەتەوەکەی خۆی بێت؟!

 

بژی کورد و بژی کوردستان

ڕەوف گوڵبەدەن

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی