"an independent online kurdish website

ئێستا تورکیە و باکووری کوردستان بە قۆناغێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕن و شەڕ و نائارامی و کاولکاری باڵی بە سەردا کێشاوە و خەریکە ڕێگای سیاسەتی پارلمانی و مەدەنیش ئاستەنگ دەکرێت.mustefa-uzchelik

بەڕێز موستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە سەر ئەم ڕەوشە بۆ کوردستان دەدوێت:

 

هەڤپەیڤین: سەلیم زەنجیری

 

پ:بەڕێز ئۆزچەلیک، بۆ چی تورکیە بەم وەزعە گەییشت؟

و: هەم هۆکاری نێوخۆیی هەیە و هەم دەرەکی. دۆزی ئازادی لە باکووری کوردستان و لە تورکیەش بە ڕێگای سیاسی، دێموکراسی، سڤیل و دیپلۆماتیکەوە بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش دەوڵەتی تورکییەی ترساندووە. بۆیە کورد چەندە لە ڕێگای سیاسی و مەدەنیییەوە خەبات و تێکۆشان بکەن، دەتوانن زیاتر بەرەوپێش بچن.

 

دەوڵەتی تورکیە بۆ پێشگرتن لەم خەباتەی کوردان و بەئامانجی دوورخستنەوەیان لە خەباتی مەدەنی، سیاسەتی شەڕی گرتە پێش. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە دەرەوەی مەسەلەکە مایەوە کە پێشتر بە ڕێگای ئۆجەلانەوە پارتی یەکیتی دێموکراتیک (پ.ی.د) ی کۆنتڕۆل دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو دەرفەتەی لەدەست داوە. حەرەکەتی باشووری کوردستانیش بەرەو سەربەخۆیی، دەوڵەتانی تورکیە، ئێران، سووریە و بەغدای تۆقاندووە. ئەمە هۆکاری سەرەکیی دەست‌پێ‌کردنەوەی شەڕە.

 

سیاسەتی پشتیوانیی ئێران و ئەسەد لە پارتی کرێکارانی کوردستانیش هۆکارێکی ترە. بەداخەوە پەکەکەش بە هەڵکەندنی خەندەق لە نێو کۆڵان و شارەکاندا، ڕێگای بۆ ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیە خۆشتر کرد.

 

پ: ئایا لێدانی خەندەق بە هۆی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی دەوڵەت بۆ سەر باکوور بوو، یان بە پێچەوانەوە، بە هۆی خەندەقەکانەوە ئۆپەراسیۆنەکان بەرفراوانتر بوون؟

 

و: لەم پێوەندییەدا دوو لێدوانی داوود ئۆغلوی سەرۆک‌وەزیر یارمەتیدەرمان دەبێت. یەکەم، “ئێمە لە کۆبوونەوەی کۆنسەی ئەمنییەتی وڵات لە ساڵی ٢٠١٣ دا، ١٢ ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتمان وەکوو ناوچەی ئەمنییەتی ناساند” و دووهەمیش، “پەکەکە لە کاتی پرۆسەی چارەسەری‌دا، بەردەوام چەک و لۆجستیکی شەڕی بۆ نێو شارەکان دەگواستەوە”، هەر دوو لێدوانەکەش بەباشی دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە دەوڵەتی تورکیە ٢ ساڵ بەر لە دەستپێکردنی شەڕ، ئامادەکاریی بۆ شەڕی کردووە. واتە ئەو شوێنانەی کە ئێستا بە هۆی شەڕەوە وێران و خاپوور کراون، هەمان ١٢ ناوچەی کریتیک و ئەمنیەتیی دەوڵەتن. لە پێوەندی لە گەڵ لێدوانی دووهەمی داوودئۆغلوش‌دا، چۆن دەکرێت دەوڵەت ئاگای لەو خۆ پڕچەک کردنەی پەکەکە لە شارەکاندا هەبێت و ڕێی لێ نەگرتبێت؟بە بڕوای من، دەوڵەت دەیویست شەڕ دەست پێ‌بکات، بۆیەش چاوی لە هەمبەر گواستنەوەی چەکەکان لە لایەن پەکەکەوە نووقاند. بەڵام هەڵکەندنی خەندەق و دروست کردنی سەنگەر لە لایەن پەکەکەوە لە نێو کۆڵانەکاندا، ڕێگای بۆ ئەم پیلانەی دەوڵەت خۆش کرد کە وڵاتەکەمانی وێران و بنەماکانی سیاسەتیش خراب بکات، هەڵبەتە ئەمە جاری یەکەمیش نیە کە دەوڵەتی تورکیە ئەم سیاسەتە لە دژی گەلی کورد ڕەچاو دەکات، بە کورتی هەر کاتێک کورد پێش دەکەوێت دەوڵەت هێرش دەکات.

 

پ: زەرەرمەندی سەرەکی ئەم شەڕە کێیە؟ هەر یەک لە لایەنەکانی تێکهەڵچوو چی لەدەست دەدەن و چی بەدەست دەهێنن؟

 

و: ئەمە سیاسەتی سیستماتیکی دەوڵەتی تورکیەیە لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا، کە بە ڕێگای ئینکار، کوشتن، سەرکوت و وێرانکارییەوە وەڵامی داواکارییەکانی کوردی داوەتەوە، بەڵام هیچ یەک لەوانە نەیتوانیوە ڕێ لە بەر دۆزی ئازادیی کوردستان بگرێ. لە ساڵەکانی ١٩٩٠دا، دەوڵەت ١٧ هەزار کوردی لە ژێر ناوی بکوژی نادیار (فاعیل مەجهوول)دا لەناو برد، ٥ هەزار گوندی کاوڵ کرد، بەڵام ئەمڕۆکە ئێمە لە کوێین و دەوڵەت لە کوێ یە؟ دۆزی ڕەوای میلەتەکەمان دە قات بەرەوپێشتر ڕویشتووە. دەوڵەتی تورک بە هەندێ سەرکەوتنی ڕۆژانە، خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەڵام هاوکات ئەم سیاسەتەی شەڕی نێو کۆڵانەکانی پەکەکەش زەرەری زۆری لە وڵاتەکەمان و دۆزی ڕەوای میلەتەکەمان داوە و بەداخەوەش لەم دۆخەدا هیچ پشتگیرییەکی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشەکە نابینین. هاوکات بەداخەوە پەکەکەش بە ناوی “ئۆزیوونەتەم”ەوە ڕایگەیاندووە کە ئێمە لە شارەکاندا هەرێمی ئازاد پێک دەهێنین. ئەو سیاسەتە زەمینەی بۆ کاولکردن و خاپوورکردنی کوردستان ڕەخساند.

 

بەداخەوە ئێستا زۆرێک لە شارەکانی باکوور وێران کراون، سەدان هەزار کەس لە باکوور کۆچبەر بوون، بە هەزاران کووژراو و بریندار هەن کەچی لە ئەنجامدا یەک میتر لە خاکەکەمان ڕزگار نەکراوە و زەربەی قورس لە پەیکەری خەباتی سیاسی، مەدەنی، دێموکراتیک و دیپلۆماتیکی کورد کەوتووە و ئەمەش دڵی دەوڵەتی تورکی خۆش کردووە.

 

پ: کێشەکانی ناو ئا.ک.پ بەرەو چ ئاقارێک دەرۆن و چ کاریگەرییەکیان لە سەر پێگە و دواڕۆژی ئەو پارتە دەبێ؟

 

و: ئەردۆغان بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت کە سەیتەرەی بە سەر ئا.ک.پ دا هەبێت، هەر کەس بچووکترین دژایەتی ئەو بکات یان بە پێچەوانەی قسە و بڕیارەکانی ئەو بجووڵێتەوە، ناتوانێت دەسەڵاتی لە نێو ئا.ک.پ دا هەبێت. ئەو ئامادەکاری بۆ سیستمی “سەرۆکایەتی” دەکات کە سەرەتا ئەو سیستمە لە ناو ئا.ک.پ دا پیادە دەکات. لە ئێستاشدا هیچ کەس و گرووپێک لە ناو ئا.ک.پ دا نیە کە بتوانێت ڕێ لە بەر ئەم سیاسەتە بگرێت. ئا.ک.پ و ئەردۆغانیش شەڕ دەگەشێننەوە و ئەمەش پێگەیان لە نێو کۆمەڵگای تورکیەدا بەهیزتر دەکات. هەر بۆیەش لە نێو ئا.ک.پ دا کەسێک نابیندرێت کە بتوانێت لە دژی ئەم سیاسەتە ڕاوەستێت. بەداخەوە حیزبەکانی ئوپۆزیسیۆنیش ناتوانن ڕێ لە بەر ئەم دیکتاتۆرییەی ئەردۆغان بگرن. بۆیەش ئەو سیاسەتە پەرە بە دیکتاتۆری لە نێو تورکیەدا دەدات. مەهەپە و جەهەپەش لە سەر سیاسەتی شەڕ، پشتیوانی لە ئا.ک.پ دەکەن و ئەمەش پێگەی ئەردۆغان بەهێزتر و زەمینەی دیکتاتۆرییش خۆشتر دەکات.

 

پ: ئا.ک.پ پێشتر وەکوو مۆدێلێک بۆ ناوچەکە دەبیندرا، بەڵام ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک گۆشەگیر کراوە و ناکۆکییەکانی لە گەڵ ڕۆژئاوا پەرەی ستاندوە. چی بووەتە هۆی گۆڕینی ڕوانینیان؟

 

و: ئا.ک.پ لە پێوەندی لەگەڵ دێموکراسی، زمانی کوردی و شکاندنی هەیمەنەی سوپادا، لە ساڵەکانی نێوان ٢٠٠٢ – ٢٠١٠ دا، هەنگاوی باشی هاویشت و گۆڕانکاری باش و بەرچاوی بەپێی پرۆتۆکۆلی یەکیەتی ئورووپا ئەنجام دا. هەماهەنگییەکی باشیشی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەبوو، ئامریکا و ئورووپاییەکانیش لە بەر ئەم هۆکارانە پشتیوانییان لە ئەردۆغان و ئا.ک.پ دەکرد، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٠وە، ئەردۆغان بە سیاسەتی “عوسمانیی نوێ” و “پاشایەتی” و دووبارە بە ڕۆژەڤ کردنی سیاسەتی “یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک وڵات”، هەنگاوە چاکسازییەکان و گۆڕانکارییەکانی ڕاگرت و تا ئێستاش لە سەر ئەم سیاسەتە دەرۆن. ئەردۆغان دەیەوێت بەم سیستمە ببێتە پاشا و پرۆژە و سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان تێک بدات، ئەوانەن کە تورکیەی ئیزۆلە کردووە.

 

بەتایبەتی لەم دواییانەدا، تورکیە بە پشتیوانی کردنی داعش، خۆی لە ڕۆژئاوا دوور خستەوە. هەر چەند کە دەیەوێت کێشەی پەنابەران، وەکوو کارتێک بە دژی ئورووپاییەکان بە کار بهێنێت، بەڵام لە درێژخایەن دا، زیاتر لە ئورووپا دوور دەکەوێتەوە.

 

پ: ئایا ئەمە نیشان لە بەسەرچوونی سەردەمی ئا.ک.پ یە؟

 

و: ئێمە ناتوانین لە هەلومەرجێکی وادا و بەم ئەکتەرانەی موجوود، بڵێین کە سەردەمی ئا.ک.پ بەسەر چووە، ئێستا لە تورکیەدا هیچ پارت و ڕێکخستنێک نیە کە بە ڕاستی لە دژی ئەم سیاسەت و دیکتاتۆرییەی ئا.ک.پ ڕاوەستێت و بەرگری لە دێموکراسی، عەدالەت، ئازادی و یەکسانی بکات. هیچ پارتێک نیە کە قسە و سیاسەتەکانی لە هی ئا.ک.پ و ئەردۆغان جیاوازتر بێت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیە، سەرۆک ئەرکانی، میت، بوروکراسی و میدیای تورکیاش بە گشتی لەگەڵ ئەم سیاسەتەی ئا.ک.پ دان و جارێ دەنگی باس کردن لە ماوەبەسەرچوونی ئا.ک.پ لاوازە. بەڵام فاکتەرە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان و تێکۆشان بۆ ئازادیی کوردستان لە دوارۆژدا دەبنە ئەساس و ئەکتەری سەرەکی بۆ گۆڕانکارییەکان لە دەسەڵاتداری لە تورکیەدا. ئەوەی کە دەتوانێ ڕێگای چارەسەری پرسی کورد و بەرفراوانترکردنی دێموکراسی تورکیە بکاتەوە، هێز و تێکۆشانی کوردە بۆ ئازادیی کوردستان. کلیلی دێموکراسیی تورکیەش کەوتووەتە دەستی کوردان و گوشارەکانی ڕۆژئاوا، بەڵام دەبێت کورد نەکەونە نێو ئەو هەڵەیەی کە پرسی ئازادیی کوردستان بە دێموکراسی تورکیەوە گرێ بدەن، ئێمە بەر لە هەر شتێک دەبێت بەپێی بەرژەوەندی، ماف و ئازادییەکانی گەلی خۆمان سیاسەت بکەین.

 

پ: ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت چەندە بەهێزە و لە وەها ئەگەرێکدا هاوکێشە سیاسییەکانی نێوخۆی تورکیە چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا دێت؟

 

و: بەڵێ، باسی هەلبژاردنی پێشوەخت لە ئارادایە. ئەگەر ئا.ک.پ و ئەردۆغان بتوانن لە نێو پارڵمانی ئێستادا بڕیاری ڕێفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیە سەر بخەن، ڕەنگە پێویست بە هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکات، بەڵام ئەگەر بڕیاری ڕێفراندۆم سەر نەگرێت، ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت زۆر دەبێت. ئەردۆغان و ئا.ک.پ لە ئێستادا شەڕەکە گەرم و گوڕتر دەکەن تاکو بتوانن دەنگی تورکە نژادپەرەستەکان بەدەست بێنن.

 

شەڕی پەکەکەش کاریگەریی نەڕێنی لە سەر گەلی کورد دادەنێت و ئا.ک.پ ش ئەمە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دێنێت. لە دۆخێکی ئاوها و هەڵبژاردنی پێشوەخت دا، ئەگەری مانەوەی مەهەپە لە ژێر بەندی ١٠%دا یەکجار زۆرە، پلان و ئامانجی ئا.ک.پ ئەوەیە کە هەدەپەش لە ژێر بەندی یاسایی‌دا بهێڵێتەوە. من پێم وا نیە کە ‌هەڵبژاردنی پێشوەخت بتوانێ قازانجێک لە بواری ئازادی، دێموکراسی و گەشەسەندنی تورکیە و چارەسەرکردنی پرسی کورد بدات.

 

پ: هەڵگرتنی حەسانە لە سەر پارلمانتارانی هەدەپە لە ئارادایە، لە وەها ئەگەرێک دا چی دەقەومێت و پێویستە کورد چی بکات؟

 

و: لە ئەساسدا دەبێت پارێزبەندی لە سەر هەموو پارلمانتاران هەڵبگیرێت و نابێت کە هیچ یەک لە پارلمانتاران حەسانە وەکوو قەڵغانێک بۆ خۆیان بەکار بێنن، بەڵام ئێستا ئەو داوایە وەکوو هەڵوێستێکی سیاسی خۆی دەنوێنێ و ناحەقییەکی یەکلایەنە و پێشل کردنی ئیرادەی دەنگدەر و هەڵبژێردراوانە. هەڵبەتە هەڵگرتنی حەسانە مەسەلەی ئەسڵی نیە، بەڵکوو گەلی کورد ئێستا لە ژێر باری ناحەقی و زوڵم و زۆرداریی گەورەتردایە. جارێ هەبوونی گەلی کورد و مافەکانی لە یاسادا تەسبیت نەکراوە. سوێندخواردنی پارلمانتاران، شەخسییەتی گەلی کورد و پارلمانتارەکانی کورد دەشکێنێت، زمانی کوردی نەبووەتە زمانی فەرمی و پەروەردەیی. بەڵام جاڕێ ئەولەوییاتی تێکۆشانی ئێمە، دەبێت ڕاوەستاندنی ئەم شەڕ و ناحەقییانە بێت و بە دەوڵەت بڵێین کە بە سیاسەتی گرتن، هەلگرتنی حەسانە لە سەر پارلەمانتاران، کوشتن و کاوڵکاری و … ناتوانی گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی لەنێو ببەی.

 

پ: ئێوە وەکوو پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و هەروەها پارتەکانی دیکە لە بەرانبەر ئەو ڕەوشە چ پلان و پرۆژەیەکتان هەیە بۆ ئارامکردنی دۆخەکە و چارەسەری؟

 

و: بەر لە هەر شتێک ئێمە دەزانین کە ٩٠% گەلی ئێمە لە دژی ئەم شەڕەیە و ئەوەەش بۆ ئێمە سەنگی مەحەکە. دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییەکان، سیاسەتڤانان و ڕۆشنبیران بۆ کۆتایی ‌هێنان بەم شەڕە، هەڵوێستێکی یەکگرتووانە و پراکتیکییان هەبێت. دەبێت پرۆسەیەکی جیددی بۆ چارەسەری پرسی کورد و کوردستان دەست پێ بکات، ئێمە دەبێت دەنگمان بگەیەنینە ڕای گشتیی جیهان و دەوڵەتان، تاکوو پشتیوانی لە خەباتی سیاسی ئێمە بکەن. دەبێت بە بێ دوودڵی بە دەوڵەت بڵێین کە ئیدی بەسە، بە پەکەکەش بڵێین کە شەڕ زەرەر لە گەل و وڵاتمان دەدات. دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانی کورد لە باکوور لە سەر بەرنامە و پلاتفورمێکی نەتەوەیی ڕێک بکەون بە یەکەوە و بە بەشداریی لایەنی نێودەوڵەتی لە گەڵ دەوڵەت دابنیشن، بێگومان جیهانیش لە خەباتی سیاسی و مەدەنی‌دا پشتگریمان دەکات. نابێت ڕێ بدەین کە دۆزی ڕەوا و ئازادیی گەل و وڵاتمان، بە سیاسەتی هەڵە لە جیهان دوور بکەوێتەوە و دەبێت بە ژمارەی دۆستەکانمان زیاد و دوژمنەکانیشمان کەم بکەین، هەروەها دەبێت حکوومەتی باشووری کوردستانیش ڕۆڵی برایانە و مێژوویی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان بگێڕێت. هێزی گەورە و سەرەکی لەوەدایە کە گەلی ئێمە یەکدەنگ، یەکگرتوو و بەرز هاوار بکات کە “نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ چارەسەریی سیاسی و ئازادی کوردستان“.

 

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی