"an independent online kurdish website

لە پێشان ئەوە بڵێم کە ئەردۆغان مرۆڤێکی دەسەڵاتخوازی نەحەواوەی توند ئاژۆیە ،  دیکتاتۆرە، بەڵام نە بە مانای  دیکتاتۆریی خامنەیی ، سەددام و ئەسەد . کەس پێیوانەبێ کە من لەم چەند دێرە دا مەبەستم لە بەرگری لە ئەردۆغان و حیزبەکەیەتی. من ئارەزوو دەکەم کە ئەردۆغان لە سەر دەسەڵات نەمێنێ ، بەڵام نەک بە کوودەتای نیزامی. kavos_azizi

لەم ماوەیە دا بە پێێ دەرفەت سەبارەت بەو هەوڵە شکست خواردوویەی کوودەتا لە تورکیە چەند کۆمێنتارێک دەنووسمەوە. لەوان دا باس لە ئەگەر و بۆچییەکان دەکەم. ئەگەر بەوجۆرە کوودەتایان نەدەکرد ؟ ئەگەر لەو ڕۆژە دا نەدەکرد؟ داخوا پیلان و سیناریۆ بوو یان خاوی ونەزانیی ڕێبەرانی کوودەتا؟ یان سیستەمی سیاسیی تورکیە و لە سەرووی هەمووان ئەردۆغان بەهێز بوون؟…..

ئەمانە و زۆر پرسیار و بابەتی دیکە لە زنجیرە کۆمێنتارێک دا و لە هەفتەکانی داهاتوو بڵاو دەکەمەوە.

کۆمێنتاری یەکەم

هەر لە یەکەم ساتەکانی هەوڵی کوودەتا و هاتنەوەی تانکەکانی کوودەتاچییەکان بۆ سەر بەشێک لە شەقامەکانی ئانکارا و ئیستانبۆل و …. و دەست بەسەر داگرتنی کاناڵی تی ئار تی کە بەیانییەکی کوودەتاچییەکانی بڵاو کردەوە، لە هەموو لایەک و لە هەموو کەس خۆشحاڵتر کۆمەڵێک سیاسەتوان و چالاکی کوردی ڕۆژهەڵات بوو چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بوون و بە پەلە خۆشحاڵیی خۆیان لە سەرکەوتنی کوودەتا و لە دەسەڵات نەمانی ئاکەپە و ئەردۆغان دەربڕی. ئەوانەی دەرەوە زۆرتر ئەو کەسانە بوون کە پەیوەندیی تەشکیلاتیان لەگەل پارتی کرێکارانی کوردستان هەبوو و ئەوانەی ناوخۆش بەشێکیان هەر ئەوانە بوون کە خۆیان بە نیزیک لەو حیزبە دەبینن و بەشەکەی دیکەش بەداخەوە ئەو کەسانە بوون کە لەچوارچێوەی فیکر و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دا دەڕواننە ئەردۆغان و سیستەمی تورکیە .

ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە کە ، ئەو بەڕێزانە دەیانزانی دەبێ ئەردۆغان و ئاکەپە بڕۆنەوە، بەڵام بیریان لەوە نەکردبووەوە کە لە جێی ئەوان کێ دێتە سەر دەسەڵاتی تورکیە و ئاکامی ئەو دەسەڵاتە چیە؟ هیندە پەلەیان کرد تەنانەت چاوەڕوانی سەرکردایەتیی پ ک ک نەمانەوە . ئەگەر ئەو بەڕیزانە زوو پەلەیان نەکردبا ، دەبا بیانزانیبایە کە پ ک ک لەگەل کوودەتا نیە. چوونکی ئەو حیزبە لەکاتێک دا خەباتی چەکداریی دەست پێکردووە کە کوودەتای ١٢ ی ئەیلوولی ١٩٨٠ حوکمی وڵاتی دەکرد. کەوابوو پەلە کردن هەڵەکردنی بەدواوە دەبێ.

ئەگەر کوودەتا سەرکەوتبایە؟

گەلۆ ئەگەر کوودەتا سەرکەوتبا و حکوومەتی ئێستای ڕووخاندبا چی لە جێێ دادەنا؟ ڕەفتار و کرداری ئەو جێگیرە چ دەبوو بەرانبەر بە کوردی باکوور و پارچەکانی تر؟ داخوا ئەمانەی کوودەتایان دەکرد کێ بوون؟ چ ئەفکارێکیان هەبوو؟ ئەگەر کوودەتا سەرکەوتباوە تورکیە هەمان تورکیەی ئیستا دەمایەوە یان دیسان دەبووە بە وڵاتی “یاساغ” ەکان؟

با بڕۆینەوە سەر وڵامی ئەو چەند پرسیارەی سەرەوە . ئەگەر کوودەتا سەرکەوتباوە ئەردۆغان یان دەگیرا و دەکەوتە زیندان، یان دەکوژرا. ئاکەپە لە دەسەڵات نەدەما . لە جێی ئەو حکوومەتێکی نیزامیی فاشیست دەهاتە سەر کار، کۆمەڵێک ژنڕاڵی مرۆڤ کوژی دژی ئازادی و دژی هەموو بەها ئەمڕۆییەکانی کۆمەڵگا دەبوونە ماشێنی تەولیدی یاسا و ڕێسای قەدەغە، قەدەغە و قەدەغە. ئەو ژنڕاڵانەی ئەمجارەیان تەنانەت وەک جارانی پێشووش نەدەبوون کە باوەڕیان بە سکوولاریزم هەبوو. ئەمانەی ئەمجار سەربە ڕەوتێکی فاشیستی توندئاژۆی ئیسلامی بوون کە لە نیهایەت دا فەتولا گوولەن دەبوو بە خومەینی و سیستەمی تورکیە دەبوو بە هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کوودەتا سەرکەوتبا ، بۆ بەیانییەکەی سەرهەنگ موحەرەم کۆسا دەچوو لە ستادی ئەرتەش دادەنیشت، کابینەیەکی نیزامی لە چەند ئەفسەری فاشیت پێک دەهێنا. تەواوی سیاسەتوانە سڤیلەکانی لە سیاسەت دوور دەخستەوە. تەواوی حیزبە سیاسییەکانی دادەخست. جگەلە ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی فەرمیی دەوڵەت(تی ئار تی) هەموو کاناڵەکانی تری دادەخست. تەواوی میدیای غەیرە دەوڵەتیی دادەخست. تەواوی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی وڵاتی دادەخست. فەتولا گوولەنی دەهێنا وەک عەلی سیاستانی لە دەرەوەی دەسەڵات فتوای دەردەکرد .

بۆ کوردەکانی باکووریش دیسان کارەساتەکان لە خاڵی سیفرەوە دەستیان پێدەکرد. هەموو حیزب و ڕێکخراو و میدیا کوردییەکان دادەخران . لە ژێڕ دەسەڵاتی ئاکەپە و ئەردۆغان دا چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی بە ناوی کوردستان تێکۆشانی قانوونی یان لە تورکیە هەیە کە ئەمانە دەستکەوتی خەباتی کوردن لەو بەشەی کوردستان ئەوانیش تووشی داخران و گیران و ڕاوەدوونان دەبوونەوە.

حکوومەتی نیزامی لە سەرانسەری وڵات ڕادەگەیەندرا و شەڕ لە کوردستان زۆر بە گەرمی دەستی پێدەکردەوە. ئەوەی ئازادی یە ئاساری نەدەما. زمانی کوردی لە هیندێک کۆرس و قوتابخانەی تایبەت دا ئیزنی دراوە دیسان دەگەڕایەوە بۆ خاڵی سیفر. هەموو ئیمکاناتی وڵات دەکەوتە خزمەت ئەرتەش و شەڕ بە دژی کورد. بەدووری نازانم کە ئەگەر کوودەتا سەرکەوتبایە نیزامییەکان حوکمی ئیعدامیان بە سەر بەڕیز ئۆجەلان دا ئیجرا کردباوە. ئەو هەموو سیاسەتوان و خەباتکارەی کورد لە هەموو تورکیە دەکەوتنە بەر زیندان، ڕاوەدوونان و بگرە ڕەشە کوژی.

هیندێک ناوی شار و دێهات و شاخەکانی کوردستان گەڕاونەتەوە سەر ناوە ئەسڵەکەیان ، دەیسان حکوومەتی نیزامی هەموویانی دەگەڕاندە سەر ناوی پێشوو. دیسان دورشمی فاشتیی “تورکیە تورک لەرین دیر، نەمووتڵوو تورکم دیەنە ” دەهاتنە سەر هەموو جێگا ومەکانێک . ئەگەر لە پەرڵەمانی پێشوو دا گەڵاڵەی پێشنیاریی هەدەپ بۆ بوودجەی ساڵی ٢٠١٥ بە ناوی گەڵالەی بودجەی کوردستان لە پارڵەمان دا قسەی لە سەر دەکرا و کۆپییەکەی بە سەر هەموو پارلەمانتاران دا دابەش دەکرا، ئەوجار هەرکەس ناوی کوردستان و کوردی هێنابایەوە دیسان دەبا بە ناوی سووچلوو چووباوە بەردەم دادگای نیزامی. ئەگەر نەورۆز لە دیاربەکر بە میلیۆن خەڵك بەشدار دەبێ، دەبا دوای کوودەتا خەڵک گوتبایان خۆزگەم بە ساڵی پار کە نەورۆزمان پیرۆز کرد.

خوێنەری خۆشەویست دووبارەی دەکەمەوە کە من ئارەزوو دەکەم ئەردۆغان لە سەر کار لابچێ ، بەڵام بە دەنگی خەڵک نە کوودەتای نیزامی.

ئەوانەی سەرەوە بەشێکی بچووکن لە ئەگەری سەرکەوتنی کوودەتاکەی ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە. ئەگەر کوودەتا سەرکەوتبا زەرەرمەندی یەکەم کوردی باکوور دەبوون. چوونکی لانی کەم هیندێک دەستکەوتیان لە ئاکامی خەبات و بەرخودانیان دا بەدەست هێناوە. ئەگەر کوودەتا سەرکەوتبا هیچ کام لەمانەش نەدەمانەوە و دوای چەندین ساڵ کە حکوومەتی نیزامی جێی خۆی دەدایەوە بە حکوومەتێکی سێڤیل، دەبا کورد دیسان سەرلە نوێ بۆ ئەو دەستکەوتانە خەباتی کردباوە.

ئەگەر دیقەت بدەینە ئەو خاڵانەی سەرەوە ، داخوا ڕەوایە کوردان دڵخۆش بن بە سەرکەوتنی کوودەتایەکی نیزامی لە تورکیە؟ بڵێێ دەستکەوتی کورد لە سەرکەوتنی کوودەتای نیزامی لە تورکیە چی بێ ؟ مەگەر کورد کێشەی لە گەل ئەردۆغان هەیە یان سیستەم (لەگەل سیستەم کێشەی هەیە)، بڵێی سیستەمی کوودەتای نیزامی لەوەی ئێستا باشتر بێ بۆ کورد؟ بڵێی داخرانی ئەو هەموو حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی یە ، داخرانی ئەو هەموو میدیای ئازادە باشتر بێ لە بوونیان؟ بڵێی بوونی زیاتر لە ١٠٠ پارڵەمانتاری کورد لە پارڵەمانی تورکیە و تەنانەت وەزیری کورد نەبوونیان باشتر بێ؟

تا کۆمێنتارێکی تر ماڵئاوا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی