"an independent online kurdish website

٥٨ـه‌مین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی بەهێزترین وڵاتی دونیا، بۆ دیاری کردنی ٤٥ـه‌مین سەرکۆمار لە ١٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت،rahim_reshidii

و لە ئێستادا دوو بەربژێری بە‌هێز، بەدوو سیاسەت و تێڕوانینی جیاوازەوە کێبڕکێی یەکتر دەکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە کە چ گۆڕانکارییەک بە سەریدا دێت و چ کاریگه‌رییەک لەسەر نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچەکە و هاوکێشە سیاسییەکان داده‌نێ و بەتایبەتی کورد لە سەرۆکایەتیی کامیەک لەم بەربژێرانەدا سوودمەند ده‌بێ، و دەگاتە کەناری ئارام. ڕۆژنامەوان ڕەحیم ڕەشیدی لە ئامریکاوە له‌مباره‌وه‌ زانیاریی زیاترمان پێدەدا کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

وتوێژ: سەلیم زەنجیری

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئامریکا نزیکە، کام یەک لەو دوو پاڵێوراوە ئەگەری سەرکەوتنیان هەیە؟ خاڵە لاواز و بە‌هێزەکانی هەر یەک لەوان، چ لە سیاسەتی نێوخۆ و چ لە سیاسەتی دەرەوەیاندا كامانه‌ن؟

هێشتا زووە باس لەوە بکەین کامیەک لە بەربژێرەکان دەبنە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. ٥٨ـه‌مین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ دا، زۆر جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی دیکه‌. بۆ یەکەمینجار و پاش ١٠٠ ساڵ کە ژن له‌م وڵاته‌دا مافی دەنگدانی هەیە، هیلاری کلینتۆن وەکوو ژنێک لەلایەن حیزبی دێموکراتەوه‌ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەپاڵێورێ. هیلاری پتر پشتی بە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان بەستووە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن. کەچی ڕکەبەرەکەی لە هەمان حیزب، واتە بێری ساندەرس پشتی بە خەڵک بەست بۆ هەمان مەبەست، و ئەوە لایەنگرانی بوون کە هاوکارییان کرد و باشیش چووە پێش. هەر ئەمەش وایکردووە کە حیزبەکە تووشی کێشەی نێوخۆیی ببێتەوە. بەڵام به‌گشتی، دێموکراتەکان پتر گرینگی بە چینی هەژار و مامناوەندی و پرسی ته‌ندروستی و ئازادییە تاکە کەسی و کۆمەڵایەتییەکان ده‌ده‌ن.

کۆمارییەکانیش بۆ یەکەمجار کەسێکی دەوڵەمەند و کاسبکار بۆ سەرۆکایەتی دەپاڵێون، کە ئەزموونی سیاسی کەمە و بە هۆی لێدوانەکانی لە هەمبەر پرسی تیرۆر، موسڵمانان و پەنابەران، حیزبەکەی تووشی دووبەرەکییه‌ك کردووە کە بەشێک لە بەربژێرەکانی کۆماری بۆ وێنە جەب بووش و سەناتۆر ڕۆبیۆ و چەند کەسی دیکەش، تاکوو ئێستاش ئامادە نین پشتیوانیی لێ بکەن. کە ئەمە خۆی لە خۆیدا، بە قازانجی هیلاری کلینتۆنه‌.سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، ترامپ پێیوایە کە کردەوە و بڕیارەکانی کلینتۆن لە ماوەی ڕابردوودا خراپ بوون، وەکوو بەشداری کردن لە بڕیاری لابردنی سەدام لە عێراق و قەزافی له‌ لیبی. کەچی بۆخۆشی باس لەوە دەکات کە دەبێ باڵادەستیی ئەمریکا مسۆگەر بکرێتەوە، بەڵام ئەو پتر پشت بە هێزی ئابووری دەبەستێ، تاکوو دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ.

گه‌لۆ ٨ ساڵ سەرکۆماریی ئۆباما کە تا ڕادەیەک هەیبەت و پرستیژی ئامریکای لە جیهان دا بردە ژێر پرسیارەوە، بۆ خەڵکی ئامریکا بەڵگەی پێویست نین کە ئەمجارە ڕوو لە کۆماریخوازان بکەن؟

ڕاستی ئەوەیە کە ڕەنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆر بە دڵی ئێمە نەبێ. بەڵام بەو حاڵەش ئەمریکا جێگەوپێگەی خۆی هەر هەیە و بە باشیش لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا چەکوچۆڵی خۆی فرۆشتووە و ئەوەتا سەرۆکایەتیی ٦٠ وڵاتی جیهان بۆ تێکشکاندنی داعش دەکات. پێویستە کە ئەوە بزانین تەنیا سیاسەتی دەرەوە هۆکار نیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک بدەن. پرسی ئاسایشی نێوخۆیی و گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار، ڕۆڵێكی گرنگ و شوێندانەر له‌سه‌ر هەڵبژاردنی سەرۆک ده‌گێڕێ. بەڵام بێگومان، لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا، پەرەسەندنی تیرۆر و هێرش بۆسەر ئەمریکا لەنێوخۆ، یان بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوە، دەتوانێ ڕاستەوخۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا کاریگەری لەسه‌ر گۆڕینی پێگەی بەربژێرەکان هەبێت.

کورد و کوردستان لە سیاسەت و ستراتیژیی هەریەک لە پاڵێوراواندا چ پێگە و گرینگییەکی هەیە و کامیان بۆ کورد بەگشتی سوودمەندتر دەبێت؟ ئەگەر بکرێت خاڵ بە خاڵ باسی بکەیت.

بۆ وڵامی ئەم پرسیارە، بەداخەوە دەبێ بڵێین کە کورد لە کوێ و لە کام بەشی کوردستان، مەبەستە؟. لەگەڵ ئەوەی سەرۆک لە ئەمریکا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە، به‌ڵام ئەمریکا وڵاتێکی دامەزراوەییە و گۆڕینی سەڕۆکەکان زۆر کارناکاتە سەر سیاسەتە بنچینەیەکان، لە کۆتاییدا ئەمریکا بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار ده‌دا. ئەوەی تاکوو ئێستا ترەمپ باسی کردووە ئەوەیە کە؛ پشتیوانی لە کورد دەکات. بەڵام ئەوە گرینگە کە بزانین کورد لە کوێ؟. ترەمپ شێلگیرانە دژی ئێران و ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ تارانە. هاوکات دەیهەوێ پشتیوانی دیارتر لە هەولێر بکات و لە هەمان‌کاتدا درێژە بە ناردنی یارمەتییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بدات.

ناوبراو زۆر بە ڕوونی وتویەتی کە هەوڵ دەدات پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە پێشبخات و هەوڵ دەدات کورد و دەوڵەتی تورکیە لەسەر مێزی دانووستاندن کۆبکاتەوە. لە بەرانبەردا، کلینتۆن، لەگەڵ ئەوەی لە کێبڕکێی ساڵی ٢٠٠٨دا، داوای دامەزراندنی بنەکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان دەکرد و پێش ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕووسیەش لە سووریە، لایەنگری دامەزرانی ناوچەی دژە فڕین بوو. ناوبراو وتویەتی کە درێژە بە یارمەتی کردنی کوردانی ڕۆژئاوا دەدات. بەڵام بۆ ئێران کلینتۆن لایەنگری ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ تارانە و ئەمەش بەو مانایە دێت کە کلینتۆن لانیکەم ناتوانێ گۆڕانکارییەکی قووڵ لە ئاست ئێراندا بێنێتە ئاراوە. بەڵام بێگومان کلینتۆن لە سیاسەتی دەرەوەیدا لە سەرۆک ئۆباما توندوتۆڵتر دەجوڵێتەوه‌. با ئەوش لەبیر نەکەین کە سیاسەتی کۆمارییەکان لە ئێستادا، درێژەی سیاسەتەکانی سەرۆک بووشە، کە پتر پشتی بە دەستێوەردان بەستبوو، بەڵام بەڕاستی تاکوو ئێستا ترامپ لەم بازنەدا، بە ڕوونی ئاشکرای نەکردووە کە چ سیاسەتێک دەگرێتەبەر، تەنیا ئەوە نەبێ کە وتویەتی هەوڵ دەدات داعش تێکبشکێنێ و پێداگری دەکات کە وڵاتانی هاوپەیمان دەبێ ڕۆڵیکی دیارتر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکان بگێڕن، ئەویش لەژێر ڕێبەرایەتیی ئەمریکادا.

لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەریەک لە پاڵێوراوان چ گۆڕانکارییەک لە ستراتیژیی ئامریکادا پێکدێنن؟

لەگەڵ ئەوەی هیلاری تاکوو ئێستا پلانێکی ڕوونی بۆ سیاسەتی دەرەوە ڕانەگەیاندوە، بەڵام بە گوێرەی هەڵوێست و کرده‌وه‌ی لە ساڵانی ڕابردوودا، له‌و باوڕه‌دام کە لەئاست تاراندا باشتر لە ئیدارەی ئۆباما دەجوڵێتەوە. هەرچه‌ن بەربژێری کۆمارییەکانیش بە ڕوونی ڕایگەیاندوە کە، ڕێککەوتنی ناوکی دەدڕینێ و ئەمەش لانیکەم بە مانای بەرتەسکردنەوەی ڕۆڵی تاران لە ناوچەدا دێت، و ڕەنگە زۆر گرێدراوی پرسە نێوخۆییەکان نەبێ.

مەسەلەی نەتەوەکان، پێشل کردنی مافی مرۆڤ، ئێعدامەکان، کوشتنی کۆڵبەران، پشتگیری لە تێرۆریزم و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، پەرەدان بە توانا نیزامییەکانی وەک مووشەکی دوورهاوێژ و تەنانەت مەسەلەی ناوکی، سەرەڕای ڕێککەوتنی “بەرجام” و هتد، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، چ گرنگییەکی لە پلان و بانگەشەکانی پاڵێوراواندا هەیە و لەم بوارەوە دەتوانین بە کام پاڵێوراو گەشبین بین؟

هەر وەکوو باسم کرد، هەر کام لە هیلاری و ترەمپ بێنەسەرکار و جێگەی سەرۆک ئۆباما بگرنەوە، ئەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا و لەبەرانبەر ئێراندا، لەم بەرێوەبەرایەتییەی ئێستا باشتر دەجوڵێنەوە و هەوڵ دەدەن ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە ناوچەدا لاواز بکەن.

کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەو ماوەیەدا قۆناغێکی نوێی لە خەبات بە ناوی ڕاسان ئەزموون دەکات، چ دەنگدانەوەیەکی لە میدیاکان و ناوەندە بریاردەرەکاندا هەبووە؟ گەر نەبووە، هۆکاری لە چیدا دەبینن؟ و چۆن دەتوانێت سەرنج و پشتگیریی وڵاتە زلهێزەکان و یەک لەوان ئامریکا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت؟

ڕاسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و فیداکاریی پێشمەرگەکان لە قوڵایی خاكی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لە نێو میدیا و ڕاگەیەنە گشتییەکانی ئەمریکادا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما هەوڵی داوە لەبەر ڕێککەوتنی ناوکی لەگەل تاران، بێدەنگی لەم ڕاسان و چالاکییانەی کورد بکا.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایش لەپشت چالاکی و سەرهەڵدانەوەی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات بن، زۆر گرینگە ئەو جموجۆڵ و چالاکییانە بەردەوام و بەرینتر بکرێتەوە. هاوكات پێویستە سیاسەتی نێوخۆیی بەهێز بکرێ، و جۆرێک لە یەکگرتوویی لە نێوان حیزبە سیاسییەکاندا پێک بێ. پاشان زۆر گرینگە خەباتی جەماوەری لە نێو شارەکان به‌ شێوازی جۆراوجۆر پەرە پێبدرێ، و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەردەوام و بەرین بکرێتەوه‌. هاوکات ئەگەرێکی دیکە بۆ بە ڕۆژەڤ بوونی کەیسی کورد یان نەتەوە ستەم لێکراوەکانی دیکە لە ئێران ئەوەیە کە؛ تاران لەگەڵ وڵاتێک بکەوێتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، ئەوکات پرسی نەتەوەکان بە شێوەیەکی به‌رینترتر دێتە ڕۆژەڤەوە، بەڵام ئەوکاتیش گرینگە کە نەتەوەکان بەگشتی و کورد بەتایبەتی بۆ وه‌ڵامدانەوە بەو قۆناغە، ئەگەر بێتوو بێتە ئاراوە، چەندە تەیار و ئامادەن و چۆن دەتوانن بە پلان و کاری هاوبەش و یەکگرتوویی شوێندانەر، وەها دەرفەتێک بقۆزنەوە.

سەرچاوە: ژمارە 683ی رۆژنامەی کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی