"an independent online kurdish website

لە درێژەی کارو چالاکیەکانی سکرتێری گشتی حیزب، بەڕێز و تێکۆشەر کاک مستەفا هیجری لە دەرەوەی وڵات دا،seminar-mustefa-hicri-norge-0

لەسەر داوای بەڕێزیان بۆ کۆبوونەوە لە گەڵ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، رۆژی یەکشممە، رێکەوتی 25ی سێپتێمبەری ساڵی 2016ی زایینی، سمینارێکی سیاسی و تەشکیلاتی بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەو وڵاتە بۆ بەڕێزیان پێکهێنا  .

سمینارەکە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لەلایەن هونەرمەندی لاو کاک سامرەند ئەلیاسی و دەقیقەیەک بێدەنگی ڕاگرتن و بە پێوە وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی گەل و بەتایبەتی شەهیدانی ئەو قۆناخەی خەباتی حیزبەکەمان دەستی پێکرد  .

پاشان بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ به‌ڕێز ئیبراهیم لاجانی لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەشدارانی کۆبوونەوەکە بەخێرهاتنی سکرتێری گشتی حیزبی کرد و هیوای دەربری کە ئەو کۆبونەوە ببێتە هەوێنی ئالوگۆرێکی بنەرەتی بۆ باشتر بوونی کاری حیزب و بەهیزبوونی تەشکیلاتەکەی لەو وڵاتە و ئینرژی موسبەت بە نێو ریزەکانی تەشکیلاتدا بڵاوکاتەوە.  دواتر داوای لە بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب کرد کە باسەکای پێشکەش بکات.

دوای ئەوە کاک مستەفا بەدرێژی باسی هەلومەرجی خەبات و تێکۆشانی ئیستای حیزبەکەمان و قۆناغی ئەمرۆی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران کرد و شوێن و مەوقعیەەتی حیزبی لە هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و ئیراندا دایە بەر تیشکی هەلسەنگاندن و لێکدانەوە . لەو پێوەندیەدا فوکوسی خستە سەر ئەو حەرەکەتە تازە کە حیزبەکەمان لە نێوخۆی وڵاتدا وەرێی خستوە. ستراتیژی و ئامانجی ئەو جوڵانەوەی شیکردوە و ئەرکەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی لەو بارەوە دەستنیشان کردن. هەروەها ڕێگاکانی بەشداری و کۆمەگ بەو خەباتەی لەگەڵ ئەندامانی حیزب هێناگۆرێ. بەڕێزیان لە وتەکانی دا تەکیەی لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە لاپەرەیەکی تازە لە ژیانی سیاسی وتەشکیلاتی خۆماندا بکەینەوە و خۆمان هەڵکێشینە ئاستی مەوقعیەت و ئەو مەسئولیەتە کە خستومانەتە سەرشانی خۆمان وەک حیزبی دێموکرات.

هەر لە درێژەی ئەوباسەدا بەڕێزیان داوای لە ئەندامانی حیزب کرد کە هەموو توانا و ئینیرژیەکانی خۆیان بۆ بردنە پێشی خەبات و بەهیزکردنی سەنگەرەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی گەلەکەمان تەرخان کەین و دەستی هاوکاری و هاوخەباتی بۆهەموو هێزو کەسایەتی و لایەنە سیاسی و نیشتیمانی و دێموکراتیکەکانی نێوگۆرەپانی بزوتنەوەی گەلەکامان درێژکەین. بەڕێزیان تەوسیەی کرد کە تەشکیلاتی حیزب دەبێ ببێتە ماتۆڕی بردنە پیشی ئەو سیاسەتە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە توانای خۆمان بۆ گوێگرتن لە خەلک و کەس و لایەنەکانی دیکە بەرینە سەر، سنگفراوانی و هەست بە موسئولیەت کردن بکەینە شێوازی کار، ئاستی دیسپلینی حیزبی و خەباتگێرانەمان بەرینە سەرتر، مەیدان بە هەموو ئەوکەسانە بدەین و کۆمەگیان کەین کە لەوخەباتە دەیانەوێت بەشداربن و مایە لە خۆیان دانێن، خۆمحوەربینی وەلانێین و ببینە هەوێن و لۆکۆمۆتیڤی بردنە پیشی ئەو بزووتنەوەیە  .بەکەس مەیدان نەدەین ونەیەڵین ئاستی ئەدەبیاتی حیزبی وسیاسی و رێتۆرێکی ئێمە بێننەخوار و بمان خەنە داوی شەرە دندوکەی بێمانا و چاڵەمەیدانی. تێکۆشین قازانج و بەرژەوەندیەکانی میللەتی خۆمان بەرینە پێش و هەلوێست و کاری سیاسیمان و تەنانەت دژکردەوەکانیشمان هەڵسەنگێنراوبن.

بەڕێزیان داوی کرد کە وەک حیزبێکی بەرپرس و وەلامدەر پیوێستە ئەخلاق لە پێوەندیە حیزبی و تەشکیلاتیەکانمان دا و لە پێوەندی دەگەڵ کەس و لایەنەکانی دیکەی نێوگۆڕەپانی خەبادا پتر پەرپێ بدەین. هەر لەوبارەوە بەڕێزیان داوای کرد کە هەموو پێکەوە دەست دەینێ ئەو سیاسەتە تازانەی حیزب بکەینە کردەوەی رۆژانە و جەوهەری تێکۆشانی سیاسی و تەشکیلاتی خۆمان.  پاشان بەشدارانی کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی بەرین لەسەر باسەکانی سکرتێری گشتی حیزب و ئەو مەسەلەو باسانە کە ئێستا لە نیو تەشکیلاتی حیزبدا لە گۆرێدان قسەیان کرد و پرسیار و ڕوانگەو پێشنیارەکانی خۆیانیان هیناگۆر کە بەو باسانەیان سمینارەکەیان دەوڵەمەندترکرد. لە کۆتایی باسەکەدا کاک مستەفا بەدرێژی وەلامی پرسیار و تێبینەکانی بەشدارانی سمینارەکەی دایەوە .

دەبێ بگوترێ باسەکانی سکرتێری گشتی حیزب لە نێو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژدا پێشوازیەکی گەرم و بەرینیان لیکرا و هەموو پیکەوە جارێکی دیکەش بەڵێنیان دا کە ئەو سیاسەتە تازانەی حیزب بکەنە سەرمەشق و سەرلەوحەی کارو تێکۆاشانی سیاسی وتەشکیلاتی خۆیان و لەو ڕێگایەوە یارمەتی بە بەرین بوونەوەی خەباتی جەماوەری و چونەپێشی راسان و لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار بکەن.

کۆبوونەوەکە سەعاتی یەکی پاش نیوەڕۆ دەستی پێکرد و سەعاتی پێنجی ئێوارە کۆتایی پێهات و بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە دڵێکی پڕ لە شوروشەوقی خەباتگێرانە و بە هیوا و هومێدێکی زۆرەوە گەرانەوە شوێنی ژیان و کار و تێکۆشانیان. لەلایەن کۆمیتەی گشتی حیزبەوە سوپاسی هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەکەین کە لە سەرتاسەری نۆروێژڕا خۆیان گەیان بووە شوێنی کۆبوونەوەکە.

بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە نۆروێژ 25ی سێپتامبەری 2016ی زاینی ئۆسلۆ


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی