"an independent online kurdish website


کە سەرکەوتینە قەبری زاهیر هەوایەکی زۆر خۆش بوو. ناوچەکە ئیدی شوێنێک نەبوو کە دەوڵەتان حاکمی بن و ناوچەیەکی ئازادی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان بوو. کە داگەڕاینەوە بۆ خوار پێشمەرگەکان بە سەر ئەو بەفرە دا خۆیان دەخلیساکاند و وێگڕا بانگیان دەکرد : یا علی! مەبەستمان کاک عەلی کاشف پوور بوو .kavos_mam_kavos

کاک عەلی کاشف پوور لە ئاخەر کەسەکان بوو کە خۆی خلیساکاند و بە پێچەوانەی ئێمە ئەو گوتی: یا حسین! مەبەستی حوسێن محەممەدی بوو(ڕووحی شاد). بەوشیوەیە کەمتر لە سەعاتی برد کە داگەڕاینەوە ناوەڕاستی گەلی و ئیدی لە ناوچەی بەفراوی ڕزگارمان بوو و هەوایەکی گەرم وخۆش بوو.

گەیشتینە دارستانەکان و چایەکی سەرداران و نان و پەنیرێکی شەمزینانمان خوارد و کاک عەلی گوتی هاوڕێیان با هیندێک سەریع بڕۆین تا دونیا تاریکی نەکردووە بگەینەوە نیزیک مقەڕی ئەحزاب کەلە شێخان بوون و بە تاریک داهاتن تێدەپەڕین.. ئەوکات بەردەوام بنکەکانی ئەو حیزبانە هاتووچووی پاسداری ئێرانی هەبوو کە بەرەو لای بادینان هاتووچوویان دەکرد بۆ زەربەوەشاندن لە هێزەکانی سەددام. ئەوەی لە بیرم بێ بنکەیەکی حیزبی شیوعی عێراق  و بنکەیەکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و بنکەیەکیش هی پارتی گەلی دێمۆکراتی (حیزبی کاک سامی عەبدوڕەحمان) لەوێ بوون. فاسیلەیان ڕەنگ بێ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر بوو لە یەک دی. لەوان دەرباس بووین و بە قەراغ چۆمەکە دا چووینە خوارەوە. شەو تاریکی کردبوو و دەبا بە فاسیلەیەکی کەم لە یەک دی بڕۆینەوە.

xakurk_sali65

لە بیرمە من بەدوای کاک سەعدی عەبدی دا دەڕۆیشتم. ئەو شتێکی سپی دەملی دابوو نازانم جامانە بوو ، یان شالگەردەن کە بۆ من نیشانەیەکی باش بوو و لێم ون نەدەبوو. بەڵام بێ خەبەر لەوەی کە کاک سەعدی کەسی پێش خۆی ون کردووە و بە قەراغ چۆمی دا ملی ڕیگای گرتووە و دەڕوات کە ڕێگایەکی باریکی هەبوو. بەڵام کاک سەعید گوڵی و ئەوان کە زۆرینەی هێزەکەمان بوون لە ڕێگایەکی دیکە دا کە هەم خۆشتر بوو، هەم کەمێک سەرەوەتری چۆم بوو و دەرباسی ئەوبەری چۆمەکە ببوونەوە و لێک هەڵبرابووین.

لەنەکاو کوڕێک کە تازە هاتبووە بۆ پێشمەرگایەتی و وابزانم ناوی مەحموود بوو، بە هاوڕێیانی گوت: ئەو ڕێزە نەفەرە کێن لەو بەری؟ ئێمەش دەنگمان دان و دوای تۆ کێی و من کێم، یەکترمان ناسی و ئێمەش دەرباسی لای ئەوان بووین. گەیشتینە شوێنێک کە بۆ مانەوە موناسیب بوو، دەستمان کرد بە ئاگر کردنەوە و چای دروست کردن و پێشمەرگەکان لە دەوری ئاگرەکان ڕاکشان تا بەیانی.

بەرلە تاوهەڵاتن کەوتینە ڕێگا و جارێ ناوەڕاستی گەلیی خاکورک سێبەر بوو کە گەیشتینە گوندی خوشۆلان پێموایە ٣، یان ٤ ماڵ بوون. ئەو چەند ماڵە دیار بوو پێشمەرگەی پارتی دێمۆکرات بوون و زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێکردین و داوایان کرد دەرباس نەبین و نانی بەیانی لەوێ بخۆین. هیندێکمان لە ژوور و هیندێک لە دەرەوە نان و چایەکمان خوارد و کەوتینە ڕێگا کە تازە تاو گەیشتبووە ناوەڕاستی گەلی.

ئەو ڕۆژە بۆ دونیا تاریک داهاتن گەیشتینەوە چۆمی کەوۆرتی و لەوێ ماینەوە. بە هەمان شێوە ی شەوی پێشوو تا بەیانی لە دەوری ئاگر ڕاکشاین و لە ناچاری خەویش مان لێدەکەوت. بەیانی زوو ملی ڕێگامان گرتەبەر و لە شاخی کەوۆرتی سەرکەوتین و شۆڕبووینەوە بۆ دەشتەهێرت.( هەڵبەت بەرلەوەی حەرەکەت بکەین کاک عەلی لە ڕێگای بێسیمەوە پەیامی دابووە کۆمیسۆنی سیاسی نیزامی کە بە ئەندازەی نەفەرات ماشێن بنێرن بۆ دوایین پایەگای عێراقی. ئەوەش بڵێم کە ماشێن بۆی نەبوو لە پایەگاکان دەرباس بێ و تەنها هەتا پایەگاکە دەیتوانی بێت). دوایین پایەگای جاش و جەیشی عێراق چەند کیلۆمێترێک لەولای گوندێک بوو وابزانم ناوی “منا” بوو . منا لە شێوێکی قووڵ دا هەڵکەوتبوو و لە لایەن ڕێژیمی سەدامەوە چۆل کرابوو . کەسی لێ نەبوو، بەڵام زۆربەی خانووەکان جارێ دانەتەپیبوونەوە و هەر بە پێوە بوون.

ئێمە نەدەبوو خۆمان پێشانی ئەو پایەگایە بدەین . چوونکی دەبا لە پێشدا ئاگاداریان بکەینەوە ، ئەگینا تەقەیان لێدەکردین. ناوچەی بەرانبەری ئەو پایەگایە دەبووە لای مێرگە سۆر و تا دەگاتە گوندی لێلکان کە بنکەی پارتی دێمۆکراتی تێدابوو هەتا لای دەشتی بەڕازگر هەمووی لە ژێر دەستی ئەو حیزبە دابوو.

شەو لە ناو گوندەکە ماینەوە کە بارانێکی یەکجار بە خور دەباری. لە ژوورەکاندا ئاگرمان کردبووە. یەکێک لە ژوورەکان بەهۆی ئاگرەکەوە ئاگری گرت. بوو بە دووکەڵێکی گەورە. کاک عەلی گوتی دووکەس زوو بچن پایەگاکە ئاگادار بکەنەوە ، ئەگینا تۆپ باران دەکا. هێشتا کەس نەچووبووە چەند جاشێک هاتن. یەکێان دیار بوو ساحیبی ئەو ژوورە بوو. هیندێک توورە بوو و کەوتە قسە و گلە و گازندە. گوتی ئێوە پێشمەرگەن و ماڵی خەڵکیش دەسووتێنن! کاک عەلی شانی گرت و گوتی : ئێمە ماڵی خەڵک ناسووتێنین ، ئەوە ئێوەن سووتاندووتانە. ئەو گوندە ئێوە بە خەڵکی چۆڵتان کردووە نەک ئێمە. ئێمە ئامادەین خەساری ئێوە بدەینەوە، چوونکی شتەکە عەمدی نەبووە. ئەوەبوو جاشەکە گوتی: نە من داوای خەسار ناکەم و بە قوربانی خۆتان.

تازە وای لێهات لە ڕیگای جاشەکانەوە پایەگا ئاگادار بوو و ئێمە چووینە نیزیک پایەگا و چاوەڕوان بووین تا بەشی پەیوەندییەکان ماشێنمان بۆ بنێرنەوە. تا دەرنگانی ڕۆژ لەوێ ماینەوە و ماشێنێکی حیزب کە ئەگەر لە بیرم بێ کاک یووسف جەباری(یووسف چاوجوان) هەم شۆفێر بوو و هەمیش پەیوەندیی حیزب لەو ناوچەیە دەگەل دەوڵەتی عێراق بوو، و چەند ماشێنێکی خەڵکی دیانان کە دۆستی حیزب بوون بە کرێی گرتبوون هاتن و ئێمەیان هەڵگرت بەرەو مامەخەتیب و جاوکا کە بنکەی هێزی کێلەشین و هێزی ئاگری لەوێ بوو. ئەو چەند شۆفێرەی خەڵکی دیانان تەنها ناوی نەجمەددین و فەدل لەبیرم ماوە . نەجمەدین کۆنە پێشمەرگەی ئەیلوول بوو و زۆر هاوکاریی هاوڕێیانی حیزبیشی دەکرد و مرۆڤێکی زۆر باش و نیشتیمانپەروەر بوو. و فەدلیش گەنجێکی زیرەک و نەترس بوو و زۆریش خزمەتی بە حیزب دەکرد.

چووینە مامەخەتیب ، کاک عەلی کاشفپوور، کاک مەحموود دەشتی و کاک عیسمەت عەبدی لەگەل چەند کەسێک بە ماشێنی حیزب یەکسەر چوونە دەفتەری سیاسی کە لە گەورەدێ (دۆڵی جافەتی) بوو و وابزانم پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی دەستی پێدەکرد کە کاک دوکتۆر قاسملوو تازە لەدەرەوە ڕا گەڕابووە. ئەوە یەکێک لە سەفەرە هەرە بەناو بانگەکانی تا ئەوکاتی کاک دوکتۆر قاسملوو بوو لە ئاستی دیپلۆماسی دا. یەکەم جار کاک دوکتۆر لە ئاوەکان پەڕیبووە قارەی ئەمریکا و بەشداریی کردبوو لە  کۆنگرەی هەڤدەهەمی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال لە لیما پایتەختی پێرۆ (ئەمریکای لاتین). پێشتر لە ئۆرووپا بەردەوام کاک دوکتۆر بەشداریی کردبوو لە کۆر و کۆبوونەوەکای ئەو ڕێکخراوەیە کە ئەوکات نەوەک ئیستا بوو. شەڕی سارد لە لووتکەی خۆیدا بوو. جەمسەرەکان لە ململانێ دا و ڕێکخراوی سۆسیالیستن ئینتەرناسیۆناڵ دەور و کاریگەریی خۆی هەبوو. چوونکی زۆرینەی حیزبە ئۆرووپایەکانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیە دا یان دەسەڵات بوون، یان بەشداری دەسەڵات بوون. ئەوەبوو سەفەری ئەوجاری کاک دوکتۆر قاسملوو دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.

ئەوەش بڵێم کە یەکێک لە دیارییەکانی ئەو سەفەرەی کاک دوکتۆر ڕادیۆیەکی ١٠ کیلۆ واتی بوو کە بە هاوکاریی دۆستانی ئۆرووپایی حیزب و کۆمکار کردرابوو و هێنرابووە بەغدا و دواتر هێنرایەوە و مهندس خیاطی ڕووحی شاد دایمەزراند بوو لە جێگای رادیۆی یەک و نیو کیلۆواتیەکەی قەدیم.

هەروەها ئێمەش دوو شەو میوانی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هیزی کێلەشین بووین و هاوڕێیانی هەردوو دەورەی کادر و سەرەتایی پێشمەرگەش چوونە قەندیل کە تازە فێرگەی حیزب لە گەڵالەی دۆڵی شینکایەتی(نیزیک ماوەت) ڕا هاتبووە بۆڵێی قەندیل. هەڵبەت ئەوەی لە بیرم بێ یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانش لە باساوێ(نیزیک ماوەت) ڕا هاتبوونە ئەستێرۆکانی قەندیل. ئێمەش ئەوانەی کە بۆ موعالیجە هاتبووین چووینەوە نەخۆشخانەی شۆڕش لە دەشتی قەڵا دزێ. ناوی شوێنەکە نازانم بەس لەولای قەڵادزێ بوو. حیزب ئەوکات دوو نەخۆشخانەی گەورەی هەبوو کە یەکیان نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ بوو لە کانی مێوی نیزیک دەفتەری سیاسی لە جافەتی و ئەوی دیکەیان نەخۆشخانەی شۆڕش بوو لە دەشتی قەڵادزێ. دوکتۆری هەردوو نەخۆشخانەش لە پزیشکانی بێ سنووری فەرانسەوی بوون ، واتە سەربەو دوو ڕێکخراوەیە بوون: ami . ndm

(هەردوو نەخۆشخانەی شۆڕش و ٢٥ی گەلاوێژ بە بڕیاری ڕێبەریی حیزب لە دوای کۆنگرەی ٨ کرانە یەک نەخۆشخانەی گەورە و ناوی کرایە نەخۆشخانەی ئازادی کە تا ئیستاش بەردەوامە. نەخۆشخانەی ئازادی ەب وتەیەکی ڕێبەری بیرمەند دوکتۆر قاسملوو لە بۆڵێ،ی قەندیل کرایەوە و دووجاریش کەوتە بەرهێرشی فرۆکەکانی ئێران. دوای هێنرانە خوارەوە حیزب لە ساڵی ١٩٩٣ لە قەندیل بۆ کۆیە، نەخۆشخانەکە لە سەرجاددەی تەق تەق کۆیە دانرا و گوندێکیش بۆ بنەماڵەکانی حیزب دروست کرا کە هەتا ئیستاش ناوی گوندەکە ئازادی یە.)

بەوشێوەیە تیمی ئێمە کە لەگەل لکی ١ نیزیک بە ٨٠ بۆ ٩٠ کەس بووین دابەش بوو و جگە لە لکی ١ کەلە مامە خەتیب مانەوە ، ئەوانی دیکەمان هەرکەسە و بە دوای کار و ئەرکی خۆیدا چووین. من کە چوومە نەخۆشخانە کچێکی فەڕانسەوی و کاک قادر فەتحی منیان بردە ژووری موعالیجە. کە وەزعی خۆمم بۆ شەرح دا و هیندێک تاقیکردنەوەی بۆ کردم و گوتی بەردت نیە ، بەڵام کولیەت بەهۆی سەرماوە ئیلتیهابیان هەیە و دەبێ ٦ مانگ دەرمان بخۆی.

( بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەبوو کە گوتی دەبێ تەماشات بکەم! گوتم باشە تەماشای ئەو بەشە لە بەدەنی منت بۆ چیە؟ گوتی دەبێ بزانم لەگەل میز ئیلتیهابت هەیە یان نا؟ هەرچی گوتم نابێ چارەی نەبوو. ئەوجار گوتم بابە لێم گەڕێن دەرمانیشم ناوێ و دەڕۆمەوە هیچ نەخۆشیش نیم. کاک قادر گوتی تۆ زۆر سەیری! مادام ئەو کچە گەنجە پێی خۆشە تەماشات بکا و پێێ عەیب نیە تۆ بۆچی شەرم دەکەی؟ ناچاریان کردم تەسلیم بم و تا چەند ساڵ دواتریش جێگایەک کە کاک قادر فەتحی لێی بوایە هەوڵم دەدا بەوێدا نەڕۆم، کەچی دوای ٤ ساڵ کاک قادر وەک دوکتۆر لە لایەن نەخۆشخانەوە مەڵبەندی شیمال و بوو بە دوکتۆری ئێمە.)

بەشی ٢ مانگ دەرمانی دامێ و نوسخەشی بۆ نووسیم کە تا ٦ مانگ دەرمانەکان بخۆم. گوتم دەرمان لە کوێ بکڕم خۆ من ئەوپەرەکەی ٢٠ ڕۆژی دیکە لێرەم. لێیان پرسیم لە کوێ دەمێنیەوە؟ گوتم لە ناوچەی ئۆرمیە . کچەکە گوتی ئەگەر بتوانی ئەو دەرمانانە لە تورکیە بکڕی زۆرت هاوکاری دەکەن و ئەودەرمانانە لە تورکیە هەم هەرزانە هەم دەرمانی چاکن. نوسخەکەی دامێ و هێنامەوە . تا گەڕاینەوە کاولان مانگێک زیاتری پێچووبوو. چوومە لای شاپوور شوجاعی فەر و داوام کردن دەرمانەکانم بۆ بکڕنەوە. گوتی بیدەبە کەکێ هەمزە ڕەشیدیان(بەرپرسی ماڵی) دام بە کاک هەمزە و لەوکاتییەوە تا بە ئەمڕۆ دەکاتە ٢٩ ساڵ و ١٠ مانگ هەر دەرمانم پێ نەگەیشت. هەرچی جاربوو لێم دەپرسی و هەر دەیگوت: ناردوومە و پەلە مەکە دێن، و هەرنەهاتن.

من و چەند کەس لەوهاوڕێیانە کە بۆ موعالیجە چووبووینەوە نەخۆشخانەی شۆڕش لەوماوەیەی دا هەر لە بنکەی قەڵادزێی حیزب دەماینەوە. مقەڕێکی زۆر خۆش بوو. لە بیرم نیە بەرپرسی کێ بوو؟ شایەد محمد وەلەد بەیگی بووبێ، بەڵام بەڕاستی لە بیرم نیە. بەس کاک خالید مەحموودی لە بیرمە کە لەوێ بوو. دیتمان ئەوە کاک هەمزە ڕەشیدیان لە دەفتەر ڕاهاتەوە و ناسر فەرنیا(ناسرە شێت ڕووحی شاد) کە هاوین بریندار بوو، لە نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ ڕا دەگەڕایەوە تا لەگەڵمان بێت بۆ مەڵبەند. هاتنی کاک هەمزە ئەوەی خۆش بوو کە پرسی پارەتان هەیە؟ خۆ مەعلوومە کەس ناڵێ زۆر سوپاس هەمە و پیویستم نیە. هەموومان گوتمان وەڵا پارەمان نیە . ئێستاشی لەگەل بێ سوپاسی دەکەم کە هەرکام لە ئێمە ١٥٠٠ تمەنی دایە. پارەیەکی بۆ ئەوکات زۆر باش بوو.

ناسر هەمیشە شۆخیی هەبوو لەگەل هەمزە. دەیزانی هەمزە هەمیشە سیگاری کێنت دەکڕێ. نازانم هەمزە بۆ کوێ چوو، ناسر زوو دەرگای جانتاکەی کردەوە و بۆکسێک سیگاری کێنتی تێدابوو دەر هینا و بە سەر ئێمەی دا دابەش کرد. هەرچی گوتمان بابە کاک هەمزە توورە دەبێ، گوتی ئێوە بیکێشن شەڕی هەمزە بۆ من.

دوای شام خواردن هەمزە هاتەوە. دیاربوو سیگاری نەکڕیبوو و وای دەزانی سیگارەکانی ماون. کە جانتاکەی کردەوە و دیتی سیگارەکان نەماون و ئێمەش سیگاری کێنتمان کێشاوە لە نێو ژێر سیگارەکاندا دیار بوو، ڕووی کردە ناسر وگوتی:….. مادام دابەشت دەکردن هەریەک دانەشت بۆ من هەڵگرتباوە ئێدی . ئیستا سیگارم نیە و بازاریش داخراوە چی بکەم؟ ئەوجار ناسر بە منەتەوە پاکەتێکی دایەوە و گوتی بە قەرز دەبێ سبەی بۆم بکڕی.

((هاوڕێ یەکمان هەبوو ناوی حاجی پەرنیان بوو. قسە خۆش و ئەهلی شەڕیش بوو. شەو من ، حاجی ، ئەردەڵان ، سلێمان ، ناسر و کوڕێکی سەردەشتی ناویم لە بیر نەماوە پێشمەرگەی هێزی گیاڕەنگ کە ئەویش هەر هاوتەمەنمان بوو لە ساڵۆن دانیشتبووین تەماشای تەلەویزیۆنی کەرکووکمان دەکرد. ئەو کوڕە سەردەشتی یە وادیار بوو ئیحتیاجی بە ئاوێنە بوو. لێی پرسیم ئەرێ کاکە ئاوێنەت هەیە؟ گوتم نەوەڵا حاجی هەیەتی. گوتی پێی بڵیم چی؟ حاجی خەڵکی تەڕگەوەر بوو و لەوێ بە ئاوێنە دەڵێن: “قۆدی” .   فورسەت بوو کە حاجی و ئەو کوڕە بەشەڕ بدەم. بە جۆرێک گوتم ئەوکورە لە باتی قۆدی”قۆنی ” لێی حاڵی بێ. ئەویش هەریەک ڕاست گوتی: کاک حاجی دا قۆنیەکەتم وێدە! هەرکە ئەوەی گوت حاجی هەڵبەزی و بەربۆوە گیانی ئەو کوڕە بە مستە کۆڵە . ئەو کوڕەش هەر دەڵێ: کاکە بۆ ! بۆ ! ڕاوەەستێ چیی خەراپم گوتووە؟

خولاسە حاجیمان لە کۆل ئەو کوڕەی کردەوە و کوڕەکە گوتی: ئەرێ کاکە مەگەر نەت گوت پێی دەڵێن قۆنی؟ گوتم نە برا تۆ پەلەت کرد و باش حاڵی نەبووی! گوتم پێی دەڵێن: قۆدی!خولاسە کورەکە کوتانی خوارد و خواش دەزانێ من سوور دەمزانی حاجی لێی دەدا )).

حاجی(حاجۆ) خەڵکی تەڕگەوەڕ و هاوتەمەنی من دەبوو، دوای ئەو مەئمووریەتە کە گەڕاینەوە کاولان، لەگەل تێمێک چووە مەئمووریەتی نێو شاری ئۆرمیە و کەوتنە کەمین و بەدیل گیرا. دوای چەندین  ساڵ  زیندان و ئەشکەنجە بە وەسیقەیەکی زۆر ئازاد کرا و ئیستا لە شاری ئۆرمیە دەژی.

دێژەی هەیە……

بەشی یەکەم…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی