"an independent online kurdish website


 (( لەپێشدا دەمەوێ کورتە ڕوونکردنەوەیەک بدەم :kavos_azizi66

لە دوای بڵاو بوونەوەی بەشی یەکەم و دووهەمی بیرەوەرییەکە چەند هاوڕێ یەک و لە پێش هەموان هاوڕیی بەڕێزم کاک ئەیووب ئەیووب زادە ، تێبینیی ئەوەیان هەبوو کە سەردێری بیرەوەرییەکە بە نوقتەیەکی جۆغرافیایی دەست پێدەکا، کەچی بە ئۆرگانێک وەک کۆنگرە کۆتایی دێت. بۆیە ئەو سەردێرە ناتەبایە.

دەمەوێ عەرزی ئەو هاوڕێیانەم بکەم کە ڕاستە. بەڵام لە دیاری کردنی ئەو سەردێرە دا ئامانجێکم هەیە کە ئەویش ئەوەیە: من باسی بیرەوەرییەکانم دەکەم لە ئۆرگانێک بە ناوی مەڵبەندی شیمال و بنکە و بارەگاکانی لە شوێنێکن بە ناوی کاولان. کێشە و گرفتەکانی نێوخۆیی مان لەوێ ڕا(کاولان) تەقینەوە و تەشەنەیان کرد تا لە کۆنگرەی هەشت لانی کەم لەگەل بەرپرسیانی ئەوکات مان کۆتاییان پێهات کە ئەویش جیابوونەوەی ڕێگای ئێمە و ئەوان بوو . هەموو هاوڕێیانی ئەوکاتی حیزبی دەزانن کە مەڵبەندی شیمال یەکێک لەو ئۆرگانانەی حیزب بوو کە جگەلە کاک مەحموود دەشتی وەک ئەندامی ڕێبەری و کاک هەمزە ڕەشیدیان وەک ئەندامی مەڵبەند  هەموو بەرپرسانی پلەیەک و دووی مەڵبەندی شیمال لەگەل ڕەوتی جیابووە  کەوتن و کادر و پێشمەرگەکان کە سەدان کەس بوون لەگەڵیان نەکەوتن. بێگومان لە بەشەکانی لەمەودوا دا بەوردی و بەبێ کەم و زیاد و لە نەزەرگرتنی هیچ زەوابتێکی حیزبی باسی دۆخی ئەوکات و هۆکارەکانی دەکەم. کەوابوو من لەگەڵ سوپاسی بێ کۆتاییم بۆ ئەو هاوڕێیانەم، هەر ئەو سەردێڕەم پێ موناسیب ترە))

….

ئەوەبوو گەیشتینە سەروبەندی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و لە هەموو بنکەکانی حیزب ئەو ڕۆژە بە شکۆوە پیرۆز دەکرا. ئێمەش کە هەم ئەوانەی بۆ موعالیجە هاتبوون، هەم ئەوانەی لەگەل کاک عەلی کاشف پوور و ئەوان دا هاتبوون وەک بێسیم چی و …. دەبا بگەڕێنەوە مامەخەتیب.

بەیانیەک کاک هەمزە ڕەشیدیان هات و لە بەردەرکی ساڵۆنی مقەڕی قەڵادزێ گوتی : ئەوەی لە کاروباری دوکتۆر تەواو بووە و ئەوەی کاریان نیە لەم بنکەیە خۆتان ئامادەبکەن دوا نیوەڕۆ دەچینەوە مامەخەتیب. قەڵادزێ ئەودەم شارێکی جوان و دڵڕفێن بوو. مرۆڤ هەستی نەدەکرد ئەوە لە پشتی سنوورێکی دەستکردە. وات دەزانی ئەوە لە سەردەشت یان شنۆ و پیرانشاری، بۆیە پێمان خۆش بوو ماوەیەک لەوێ بین، بەڵام بڕیاری حیزبی و ئووسوول لە ئارەزووی ئێمە مانان گرینگتر و سەرووتر بوون.

دوانیوەڕۆ کاک هەمزە هات و دوو ماشێنی حیزبی هێنابوو، یەکیان لاندکرۆزێر وئەوی دیکەیان شورلێتێکی باری کە تەداروکاتی تێدابوو بۆ ئەو بنکەیەی کە دەبا ئێمە بۆ ماوەیەکی کاتی دابنێن لە مامەخەتیب.

من لەگەل شڤرلێتەکە هاتم کە شۆفێرەکەی مامۆستا عەلی محمدی ( مامۆستا خەڵکی بۆکان و ساڵی ١٣٦٢ مامۆستای گوندی سوڵتانی بوو کەلە لایەن کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستانی ئێران وێڕای مامۆستایان: تاهیر حامیدی(ڕووحی شاد) مامۆستای حەسەنی، مامۆستا برایم ڕەسووڵ پوور مامۆستای هەرەکیان، مامۆستا عەولا محمدپوور مامۆستای سپیدەرە،، مامۆستا سەدیق حامیدی مامۆستای باڵەکان نێردرابوونەوە بۆ کردنەوەی قوتابخانەکانی شۆڕش و هەر ئەوەی کە ئیستا بە زاراوەی موکریانی ئەم بیرەوەرییە دەنووسمەوە بەرهەمی ئەوساڵەیە کە هەتا دەمرم بەڕێزەوە وەبیرم دێنمەوە. ئەوەش بڵێم مامۆستا عەلی زاوای بنەماڵەی ئێمەیە و دوای کۆنگرەی ٨ گەڕایەوە ناوخۆ و ئیستا لە شاری ئۆرمیە دەژی لەگەل خێزانی و وابزانم مناڵێکیان).

کە هاتینەوە لەوبەری چۆمی مامە خەتیب لە سەر ڕێگای جاوکان خانوویەکی چۆڵی لێبوو وابزانم هۆلێکی درێژ و ژورێکی بچووکی هەبوو کە کردبوومانە ئاشپەزخانە. کانیەکیش نیزیکی ماڵەکە بوو . هاوڕێیانی لکی یەک هاوکاریان کردین تا بنکەکەمان دامەزراند و ڕۆژانە هاوڕێمان لێ زیاد دەبووە. ئەوەی لە بیرمە تا ئاخەر لەو بنکەیە پێکەوە بووین و پێكەوەش گەڕاینەوە ئەم هاوڕێیانە بوون:

عەبدولسەلام محەممەدی(ڕووحی شاد) بێسمچیی مەڵبەند بوو، ناسر فەرنیا (ڕووحی شاد)، سادق مووسائی ، محەممەد عەلی نەعیمی هەروا بێسیم چی مەڵبەند بوو، ئەردەڵان شەریفی، ئەحمەد سەلیمی، سلێمان نیزامی، بەهمەن قودرەتی، فەیزوڵا، حاجی و….. من. هەروەها چەند کەسیش جاروبارە دەهاتنە لای ئێمە کە ئەوانیش عیسا عەزیزی(عیسا کلاورەش) سیامەند عەزیزی و فەتاح سەعیدی بوون. محەممەد ئەمین کرێت (ڕووحی شاد) ئەویش لەگەڵمان بوو بەڵام ناردیانەوە دەورەی فیلم بەرداری و چووە بنکەی دەفتەری سیاسی لە گەورەدێی جافەتی. عەسکەریش لەوێ بوو چاوەڕێ بوو تا بڕواتە نەخۆشخانە بۆ عەمەڵی دەستی کە هاوینی ئەوساڵە بریندار بوو. بەرلەوەی ئێمە بگەڕێنەوە ئەو ڕۆی بۆ لای دەفتەری سیاسی.

تا بنکەمان دامەزراند ، گەیشتینەوە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز((هەڵبەت جێژنەکە لەبەر بواری ئەمنیەتی ڕۆژێک زووتر بەڕێوەچوو)) و کۆمیتەی شارستانی شنۆ و هێزی کێلەشین لەگەل لکی ١ی هێزی ئاگری بەرنامەی جێژنیان دانابوو . ئەو ڕۆژە هەوایەکی ساف و خۆشی هەبوو. لە مەیدانی فووتباڵ کۆبووینەوە و بەڵکوو ژمارەمان لە ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ کەس زیاتر دەبوو. هەم کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان هەمیش ئەندامانی حیزب کە لە شارەکانی دیانان و ڕواندز دانیشتبوون هاتبوونەوە.

دۆڵی ڕۆستی ڕێگای هاتووچووی هیزەکانی دەوڵەتی عێراق بوو بۆ بەرەی شەڕی سنوورەکانی هەڵگورد و کێلەشین و ئەوانە. بە دەیان پایەگا و بنکەی نیزامی لە دەوروبەرمان هەبوو کە زۆربەیان جاشی ناوچەکە بوون. ئەگەر دەرفەت هەبوایە نارنجۆک و شتی وامان بە نرخێکی زۆر کەم لێیان دەکڕی. هی واش هەبوو پەیوەندیی بە لایەنە سیاسی یەکانی باشوورەوە هەبوو کە لەڕێگای هاوڕێیانی حیزبی یەوە پەیوەندیی بە حیزبەکەیەوە دەگرت کە نموونەیان زۆربوون.

ئەوڕۆژە لە پایەگایەکی نیزیک لە ئێمە کۆمەڵێک لەو جاشانە هاتبوون لە گۆشەیەک دانیشت بوون و تەماشای بەرنامەکانی جێژنیان دەکرد. هەڵبەت کەکس ئەوانی دەعوەت نەکردبوو بۆ جێژن. لێرە دا پێمخۆشە باسی دوو خاڵ بکەم کە سرنج ڕاکێش بوون:

 

پەیامی لکی ١ی هێزی ئاگری لە لایەن جێگری فەرماندەری لک تاهیر حەمیدی(تاهیر حەتۆ) ڕووحی شاد بۆ ئەو ڕۆژەوە نووسرابوو و خوێندرایەوە. لە پەیامەکە دا کە باس لە ڕۆڵی پێشمەرگە و بەرگرییەکانی پێشمەرگە لە خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرابوو، ڕستەیەک هەبوو کە گوترابوو : لەلایەک کۆماری ئیسلامی شەڕی بە سەرگەلی کورد دا سەپاند و لە لایەکیش “قیادەی ڕوورەش”. (دیارە ئەدەبیاتی کاتی شەڕ و کێشەکان لە هەردوولاش هەرمابووە ) هەرکە جاشەکان ئەو ڕستەیەیان گوێ لێبوو ژمارەیەکیان بە توورەیی یەوە چوون و تەرکی جێژنیان کرد و دواتریش گلەییان کردبوو. دیار بوو ئەوان ئەندام یان لایەنگری پارتی دێمۆکراتی کوردستان بوون. هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە دواتر خودی بەرپرسانی حیزبی ڕەخنەیان لەو پەیامە هەبوو.

خاڵی دووهەمیش ئەوەبوو کە کاک مەولوود قەرە ئەوکات فەرماندەری لکێک بوو لە هیزی کێلەشین، لەگەل ژمارەیەک پێشمەرگە شانۆیەکیان دروست کردبوو لە سەر جاش و ڕۆڵی خیانەتکارانەی جاشەکان. کە پەردەی یەکەمی شانۆکە تا نیوەی ڕۆیشت و ڕووخساری ناشیرینی جاش پێشاندرا، ئەوجار ئیدی یەک جاشیش لەو دەوروبەرە نەما و ئەوانیش لەوانی پێشوو توورەتر شوێنەکەیان بەجێ هێشت. دیار بوو جاشەکان دوو دەستە بوون، یەکیان پیشەکەیان پێ خیانەت بوو، بۆیە بە نیسبەت حیزبێکی کوردی لایەنگریان دەکرد. ئەو دەستەکەی تریش پیشەکەیان پێ خیانەت نەبوو، بۆیە توورە بوون لە نیشان دانی ڕووی ڕاستەقینەی جاشیەتی.

beshdaran_shano

ڕاست وێنەی شانۆکەیە کە کاک مەولوود سەرچۆپی، نەفەری دووهەم ڕەمەزان و نەفەری چوارەم شەهید ئیسماعیل محمدی و بەداخەوە ئەوانی تر لە بیرم نەماون.

ئەوڕژە بە جێژن و خۆشییەکی کەم وێنە تێپەڕێندرا و شەویش بنکەی ئێمە هەموومان دەعوەتی کۆمیتەی شارستانی شنۆ بووین کە بەرپرسی کۆمیتەی شارستان کاک ڕەحیم محەممەد زادە و فەرماندەری هیزیش کاک موراد ئەحمەدی بوو، لە بنکەی کۆمیتەی شارستان ئەوەی لە بیرم بێ کاک عەبدولا فەتتاحی کادری دێرین و بەرپرسی بەشی ماڵی کۆمیتە لەوێ بوو، کاک حەسەنە سوور و فەرامەرز کیشوەری (ڕووحی شاد) و چەند کەسێکی تریش بوون کە بەداخەوە لە بیرم نەماون.

لەو بەینە دا پێـمخۆشە باس لە بەسەرهاتێکی کاک هەمزە ڕەشیدیان بکەم. تازە وادیارە ئەو بیرەوەرییەم بەشی شێر وەبەر کاک هەمزە کەوتووە . هەمزە بە حوکمی ئەوەی بەرپرسی ماڵی بوو زۆر هاتوچووی شارەکانی دەکرد بۆ کاروباری تەداروکاتی. ڕۆژێکیان دەڕواتە ڕواندز و لە سەیتەرەی نێوان رواندز و قەزای سەدیق(سۆرانی ئێستا) داوای هەویەی لێدەکەن. کە دەبینن خەڵکی ئێرانە زیاتر لێی هەڵدەپێچن و یەکێکیان چاوی بە دەمانچەکەی هەمزە دەکەوێ و دەست دەداتە بەرپشتێنی هەمزە ودەمانچەکەی دەر دێنێ. هەمزە دەمانچەیەکی هەبوو لە عێراق پێیان دەگوت: صدامی. کە دەمانچەکە دەبینن زیاتر لە هەمزە بە گومان دەبن و یەکیان دەپرسێ: ئەو دەمانچەیە چی یە؟ هەمزە بە کوردی دەڵێ: هی حیزبە! ئەوجار کابرای بەعسی دەپرسێ: حیزبی بەعس؟ هەمزە بە دوودڵی یەوە سەری بە نیشانەی بەڵێ ڕادەوەشێنێ. کابرا زوو دەمانچەکەی دەداتێ و دەڵێ: عفوا سیدی! گاردێک بۆ هەمزە لێدەدا و هەمزەش بێ منەت سواری تاکسیەکەی دەبێ و دوور دەکەوێتەوە.

ڕۆژێکیان( وابزانم ١٧ی مانگی ١٢ی ١٩٨٦ ڕۆژی دوای جێژنی ٢٦ی سەرماوەز بوو) من، ئەردەڵان ، محەممەد عەلی و عەبدولسەلام چووبووینەوە ڕواندز بارانێکی خور دەباری. دەنگی گۆرانیی کوردی لە زۆر دوکان و چێشتخانە دەبیسترا. لە نەکاو شار بێ دنەگ بوو. دەنگی گۆرانی نەدەبیسترا.

منیش لە کابرایەکی پیرم پرسی خاڵۆ ئەوە بۆ شار وا کپ بوو؟ ئەویشتی گوتی: ئەی نەتزانی بابی عەولکەریمی مرد! هەر ئەوندەی گوت و بە سورعەت ڕۆی و فریای نەکەوتم بپرسم بابێ عەولکەریم کێ یە؟ چووین گوتمان با محەللەبیەک بخۆین. لەوێ بەرلەوەی بپرسین دیتمان ئەوە رادیۆی کوردیی بەغدا باسی بابێ عەولکەریم دەکا کە محمد عارف جزراویی هونەرمەند کە کۆچی دوایی کرد بوو ، ڕووحی شاد. دانیشتین و کوڕێکی گەنج هات گوتی چیتان دەوێ؟ گوتمان محەللەبی. کە هێنای ئەو بەهاراتەی کە دەیکەنە سەری نەهێنابوو. عەبدولسەلام گوتی کاووس بزانە حالی ناکەی ئەو “مەسەلەیە” بێنێ؟ دیار بوو عەبدولسەلامیش ناوەکەی نەدەزانی. منیش کە ناوەکەیم نە ئەوکات و نە ئێستاشی لەگەل بێ نەزانی چیە. بانگی ئەو کورەم کرد ، رەنگە تەمەنی ١٢ بۆ ١٤ ساڵ بوایە. گوتم ئەو پەینەکە بێنە.،گوتی بە سەرچاو. ڕۆی ڕاست هەمان بەهاراتی هێنا. عەبدولسەلام گوتی بۆ مەگەر ناوی ئەوە پەینە؟ گوتی نەوەلا هەرکە مامۆستا داوای کرد زانیم مەبەستی ئەوەیە.


ئێمە ئەو جەمعە تا ٢ی ڕێبەندان لەوێ بووین. پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی گیرابوو و دواتریش دەرکەوت کە پلۆنۆمێکی زۆر پڕ باس و بڕیار بوو. کاک دوکتۆر قاسملوو لە کۆنگرەی ١٧ی سۆسیالیست ئینتەر ناسیۆنال بە فەرمی بەشداریی کردبوو، وەک هەمیشە دەیان و سەدان دیدار و چاو پێکەوتنی کردبوو لە گەل کەسایەتی و ڕاگەیەنە گشتی یەکانی ڕۆژئاوایی کە هەرکامەی لە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی خەباتی شێلگیرانەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کوردبە گشتی هەبوو.

لە پلۆنۆم دا چەند کەسیش وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٧ هەڵبژیردرابوون کە ئەم هاوڕێیانە بوون:

 

عومەر شەریفزادە

ڕەحیم محەممەدزاە(لە کۆنگرەی ٦ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو بەڵام لە کۆنگرەی ٧ کاندید نەببوو)

غەفوور هەمزەیی(لە کۆنگرەی ٦ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو لە کۆنگرەی ٧ کاندید نەببوو)

عەبدولا شەریفی

شاپوور شوجاعی فەرد

 

کە خەبەر گەیشتبووە کادر وپێشمەرگەکانی مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری لە بنکەکانی کاولان کە شاپوور وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە ، کادر و پێشمەرگەکان وەک ناڕەزایەتی چووبوونە بەردەرکی مەڵبەند و گوتبوویان ئێمە ئەو هەڵبژاردنەمان قەبووڵ نیە و شاپوور شایانی ئەوە نیە ببێتەوە ئەندامی ڕێبەریی حیزب. لەوێ کاک ڕەحیم ساڵح زادە فەرماندەری هێز داوای لێکردبوون کە ئارام بن و ئێمە ناڕەزایەتیی ئێوە بە دەفتەری سیاسی ڕادەگەیەنین. بەڵام ئەو ناڕەزایەتی و جاری واش هەبوو سەرپێچی تەنانەت لە بڕیاراتی حیزبیش بەردەوام بوو تا گەیشتینەوە خاڵی کۆتایی کە کۆنگرەی هەشت و ڕووداوەکانی دوای کۆنگرە بوون. کاک عەلی کاشف پوور سەفەری دەرەوەی کردبوو. پێموایە یەکەمین جار بوو حیزب کۆمەڵیک لە ئەندامی ڕێبەرایەتیی خۆی بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات دەنارد. ئەوەی لە بیرم بێ ئاخر ئۆخری مانگی ڕێبەندانی ١٣٦٥ سەفەرەکە دەستی پێکردبوو بۆ ئۆرووپا کە ئەم هاوڕێیانەم لە بیرە:

 

عەلی کاشف پوور (ڕووحی شاد)

فەتتاح عەبدولی ( ڕووحی شاد)

سەدیق بابایی

عوسمان ڕەحیمی (ڕووحی شاد)

 

هاوکات کاک حەسەن ڕەستگار ئەندامی دەفتەری سیاسی و کاک عەبدولا عیزەت پووری جێگری کۆمیتەی ناوەندی چووبوونە دەرەوەی وڵات، بەڵام نازانم داخوا ئەوانیش هەر بەشێک بوون لە تیمی ئەو هاوڕێیانە یان هەر جودا چووبوونەوە؟

بەو جۆرە ئێمەش چاوەڕوان بووین تا “عدم تعرض” و کاروبارەکان کۆتاییان بێت و لەگەل کاک عیسمەت عەبدی و کاک مەحموود دەشتی بگەڕێینەوە بۆ لای کاولان. سەرەنجام جێژنی ٢ی ڕێبەندانیشمان هەر لە مامە خەتیب پیرۆز کرد . کاک مەحموود و کاک عیسمەت کە دوو ڕۆژ بوو هاتبوونەوە گوتیان ئامادە بن ئەمڕۆژانە دەڕۆینەوە. ئەوە بوو کاک هەمزە هات پارەی لە نێو ئێمە دا دابەش کرد کە هەڵیگرین. هی وابوو میلیۆنێک تمەن بوو، یان کەمتر و زیاتر. هەرکام لە ئێمە ٧،٨ ژمارە ڕۆژنامەی کوردستان، هیندێک گۆڤاری ٢٦ ی سەرماوەز و تێکۆشەر کە دەبا بیبەینەوە بۆ ناوچە. هەمزە تەداروکاتێکی چاکی کردبوو. شتێکی هێنابوو لانی کەم من تا ئەوکات نەمبینیبوو. چەسپێک بوو تایبەتی ئاگرکردنەوە . بەگشتی زۆر ئیمکاناتی باشی بۆ سەفەر ئامادەکردبوو. خواردنی ئامادەی وەک کۆنسێرڤ و شتی وای بەشی ٦ ڕۆژ داینێ و بارێکی قورسی زیاتر لە ٢٠ کیلۆ و هەزاران کیلۆمێتر و بەفرێکی زۆر و زۆربەی ڕێگاکانیش دەبابەشەو بچین.

 

ئامادە بووین دوو ڕۆژ دوای جەژن بنکەکەمان کۆکردەوە و تەحویلی لکی یەکمان دایەوە. نەجمەدین و فەدیل و…. شۆفێرانی هەمیشەیی ئێمە هاتنەوە. بردیانینەوە دیانان و پاشان لای دێلزیان کە دەکەوێتەوە سەرووی دیایانەە.هەتا درەنگانی عەسر لەوێ بووین و دیاربوو ئەرتەش ڕێگای نەدەداینەوە بەو ناوچەیە دا بڕۆین. بە هەرحاڵ ئەو ڕۆژە بۆمان نەکرا و ناچار گەڕاینەوە بۆ مامە خەتیب و ئەوجار بنکەش مان نەبوو، هەر لە لای لکی یەک بووین.

دێژەی هەیە…….

بەشی دووهەم

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی