"an independent online kurdish website

لە ڕۆژێکی وەک ئەوڕۆدا سپایەک لە عێراقی کۆن دامەزرا ( چوونکە ئێستە عێراق بە کردەوە نەماوە) کە دوایی بوو بە ئەنفالچی و کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی خولقاندreuf-golbeden-01

و بوو بە سپایەکی بەکرێگیراو بۆ بەعسییە شوێنیستەکانی عەرەب و ئیتر ئەوەی وا ناوی ڕەوشت و کردەی مرۆڤایەتییە لەو سپایە بەدی نەکرا، هەتا ڕووخاندنی سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و ڕژیمە فاشیستەکەی بەعس کورد ڕۆژێکی خۆشی بە دەست ئەو سپا ڕووڕەشەوە نەدی!

ئەوڕۆکە دەبێت کورد ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی خۆیدا یاد بکاتەوە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو لە بیری نەچێت کە چ ئازارێکی بە دەستی ئەو سپا ڕووڕەش و جەلادەوە دیتووە هەتا ئەو چارەنووسە تاڵە دووپاتە نەبێتەوە!

کورد پێویستە پەند لە مێژووی بە زۆر پێکەوە لکاندنی خاکی کورد بە عەرەبی عێراقەوە وەربگرێت و وەک لاپەڕەیەکی ڕەش یادی بکاتەوە و بیکا بە وانە بۆ منداڵەکان بۆ ئەوەی فێربن کە سەر بۆ داگیرکەر نەوی نەکردن شانازییە!

دیارە ئەوڕۆکە ئەو عێراقە ملهۆڕە نەماوە و عێراق لە ڕاستیدا تەنیا ناوێکی ڕووکەشە کە جارێک بە مەبەست دەیهێننە کایەوە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ڕووخاوی داگیرکەرانی کوردستان و هاوشێوەکانی  کەڵکی لێ وەردەگرن کە زیاتر کارتێکەری سایکۆلۆژی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە هێشتا لە مێژوودا دەژین و وادەزانن عێراق بوونی هەیە!

یەکێ لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کەڵک لە ناوی بێزراوی عێراق وەردەگرێت کۆماری سێدارەیە!

ڕووخاندنی سەدام و دواتر هەڵوەشاندنەوەی سپای ئەنفالچی ڕێگەی بۆ هەڵتۆقینی دەیان گرووپ و دەستەی چەکدار کردەوە کە دواتر بە دەرکەوتنی داعش کەڵکەڵەی دامەزراندنی داعشێکی شێعەش دای لە مێشکی سێدارەچییەکانی سەر بە ئێران و هاتنی داعشی سونە بوو بە هەوێنی دامەزراندی حەشدی شەعبی کە لە ڕاستیدا لفە دوانەکەی داعشە و دواتریش لە کەرکووک و لە خورماتوو و لە گوڵاڵە واتە جلەولا و شارەبان و مقدادییە و پارێزگای دیالە کردەوە دڕندەکانی حەشدی شەعبیمان دی و دیتمان کە شاری گوڵاڵەیان چۆن وێران کردبوو!

کۆماری سێدارە لە  ناوچە سنوورییەکانی خۆی لە گەڵ عێراق بە تایبەتیش ناوچە شێعە نشینەکانی بۆشاییەکی ئەمنی لە ناو خاکی عێراقدا کردەوە بۆ ئەوەی لەو بۆشاییە ئەمنییەدا ئامانجەکانی خۆی لە عێراق بپێکێت!

دامەزراندنی حەشدی شەعبی دەستی کۆماری سێدارەی لە عێراق بە تایبەتی لە بەشە شێعە نشینەکە ئاوەڵاکرد بە جۆرێک کە ئێستە ئەوەی وا لە بەغدا دەسەڵات بە دەستە کەس نییە جگە لە کۆماری سێدارە!

دامەزراندنی سپا لە ڕاستیدا هەڕەشەیە بۆ کورد و لە دوای داعش لەوانەیە حەشدی شەعبی ببێتە هەڕەشە بۆ کورد!

کۆماری سێدارە وەک تورکیا ڕوانگەیەکی داگیرکەرانەی لە ناوچەکەدا هەیە و هەر دوو داگیرکەر لە ناوی کورد و کوردستان دەسڵەمێنەوە و هەر بۆیە کورد دەبێ وریای پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم دوو دۆژمنە دێرینە بێت!

کورد بە تایبەت لەم کاتەدا پێویستە وریای حەشدی شەعبی بێت بۆ ئەوەی بەسەرهاتە تاڵەکانی داعشی لێ دووبارە نەبێتەوە!

ویستی سەربەخۆیی کوردستان لە گەڵ ئەوەی کە لە پارچەیەکەوە بۆ پارچەیەک جیاوازە بەڵام لەم هەل و مەرجەی کە لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە بوونی کورد لە سەر خاکی خۆی دۆژمنانی کوردی تۆقاندووە و هەر بۆیە دیتمان کە تورکیایەک کە وەک نەرێت هەمیشە لە بەرەی ناتۆ و ئەمریکا و ئورووپا دا بووە و لە هەموو کاتێکدا دژی سیاسەتەکانی ڕووسیا هەنگاوی هەڵگرتووە و وەک مۆتەکە خەونی تورکیای زڕاندووە کەچی بەهێزبوونی کورد وای لە تورکیا کرد کە دەست لە ناتۆ و ئامریکا و ئورووپا و هێزەکانی ئەمریکا لە ئینجرلیک هەڵگرێت و زۆر بە پەلە بچێتە ناو هاوپەیمانییەک کە ڕووسیا سەرکردایەتی دەکات لە کاتێکدا هەر لە ساڵی 2016 دا تورکیا زۆرترین کێشەی لە گەڵ ڕووسیادا بۆ پێش هاتووە، بەڵام ئامادەیە هەموو مەرجەکانی ڕووسیا قەبووڵ بکات بە مەرجێک کورد لە خاکی خۆیدا نەبێ بە وڵاتێکی سەربەخۆ!

لەم لاشەوە هەتا ئێستاکەش ڕووسیا هیچ ئاماژەیەک لە دژایەتی کوردی نەدرکاندووە! وا دەردەکەوێت کە سەربەخۆیی کوردستان کێشەی کاتە هەر بۆیە تورکیا و ئێران سەریان لێ شێواوە بە هاتنی ڕووسیا بۆ ناوچەکە هاوکێشەکان ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە!

دامەزراندنی حەشدی شەعبی دەکرێت لە لایەک وا لێک بدرێتەوە کە دەبێتە دامەزراوەیەکی سەربازی بۆ داهاتووی بەشی شێعەی عێراق کە لەوانەیە دواتر سەربەخۆ بێت!

لە لایەکی‌ترەوە بە هاتنی حەشدی شەعبی بۆ کوردستان ئەگەری ئەوەش هەیە گێچەڵێک بە کورد بفرۆشن و دواتر شەڕێکی‌تر یەخەی کورد بگرێتەوە!

ئێران و تورکیا و عەرەبستان و زۆرێک لەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا بە نهێنی و ئاشکرا دەستیان دیارە، لەوانەیە بۆ دابەشکردن و گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی گەورەی ناوەڕاست لە ڕێگەی داعشەکانەوە دیسان شەڕێکی گەورە هەڵگرسێنن کە زۆرشوێنی‌تر لەوانە ئێرانیش بگرێتەوە!

کۆماری سێدارە لە ڕێگەی حەشدی شەعبی و بەکرێگیراوانی خۆی تێدەکۆشێت کورد بە کێشەی لاوەکی و بی ناوەرۆکەوە سەرقاڵ بکات و لە ڕێگەی کرێگرتەکانی خۆی لە نێو دەسەڵاتی بەغدادەوە ئەم بڕگە مێژوویی و هەستیارەدا بە سەر کورد دا تێپەڕێنێ!

تورکیاش هەمان سیاسەتی هەیە بەڵام لەم کاتەدا زۆر سەرقاڵترە لەوەی کە بتوانێت لەم بوارەدا هەنگاوێک هەڵ بێنێت بە تایبەتیش کە کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیا درگای پێ گرتووە!

ئەوڕۆکە کورد لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستی بەوەیە کە خۆی لە شمشێری دوو دەمی توندئاژۆکان لە هەر دوو ئایینزای شێعە و سوننە دوور بخاتەوە و نەکەوێتە ژێر کارتێکەری هەڵاسازکراوەکانی ئەم داعشانە!

حەشدی شەعبی لە ڕاستیدا هەمان جێگرەوەی سپای عێراقە کە بە بەرگێکی ئایینیەوە گەڕاوەتەوە و هەر وەک  چۆن لە کتوپڕدا حەشدی بە ناو نیشتمانیش بە هەمان مەبەست لە لایەن سوونەی عەرەب و کۆنە بەعسییەکانەوە دامەزرێندرا کە هەڵوێستی تێکڕای ئەمانە بە نیسبەتی کێشەی کوردەوە هەر یەک شتە و هەر کام لەوانە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵات بگرنە دەست هەر زوو قەڵاچۆکردنی کورد دەخەنە ڕۆژەڤی هەمان ئەو ئەقڵەی کە بە بیرۆکەی شوێنیزم بیراز کراوە!

داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بە خێرایی بەرەو ئاڵ و گۆڕی دەچێت و هەر ئێستاکە سووریا کەوتوەتە ناو بۆتەی فەرامۆشی و تورکیا ڕەنگی سووریای گرتووە لە گەڵ ئەمانەش هێشتا چەقی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردستانە و هاوپەیمانەکان واتە ڕووسیا، ئەمریکا، فەڕانسە و وڵاتەکانی ناوچەکە تێکڕا پێکەوە لە کوردستانەوە خەریکن جیهانی دەور و بەری خۆیان دەگۆڕن لە هەمان حاڵدا هەر یەکەو بە ئامانجێک هاتوونەتە ناو ئەم بگرە و بەردەی ناوچەکەوە!

وەک میناک ماوەیەک پێش دیتمان لە سێدارەدانی ئاخووندێکی شێعە لە لایەن عەرەبستانەوە پەیامێک بوو بۆ ئێران و دواتر دەرکەوت کە هاوپەیمانی عەرەبی بە مەبەستی بەربەستکردن و دانانی سنوورێک بۆ پەرەسەندنەکانی ئێران لە لایەن عەرەبستانەوەی لێکەوتەوە کە دیارە هەر بە چراسەوزی ئەمریکا ئەو هەنگاوە نرا!

ئێران لە مێژە بووە بە ناوەندی هەناردە کردنی ترۆر بۆ دەرەوە و ئێستا ئیتر ئاشکرایە کە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا تەنیا ڕۆڵی شێواندنە و لە هەر کوێیەک ترۆرێک، تەقەیەک، لە سێدارەدانێک یان خۆتەقاندنەوەیەک بقەومێت یەکێ لە سەرەتاڵەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پەل و پۆکانی کۆماری سێدارە!

ئێران هەوڵ داوە کە ڕەنگ و ڕووی ئایینی  بە کێشەکانی ناوچەکەوە بلکێنێت هەتا بە ناوی داشداری لە ئایینزایەک بە دژی ئەوی دی بێتە ناوگۆڕەپانەکەوە هەتا گۆمەکە بشڵەقێنێ و ماسی خۆی بگرێت!

هاوپەیمانی ڕووسیا و ئێران و تورکیا لەوە ناچێت هاوپەیمانییەکی جێ متمانە و هەمە لایەن بێت! یەکێ لە لاوازییەکانی ئەم هاوپەیمانییە ئەوەیە کە ڕووسیا و تورکیا خاڵی جیاکەرەوەیان زیاترە هەتا خاڵی هاوبەش! هەروەها ئێران و تورکیاش جیا لە بەرژەوەندی ئابووریتەنیا خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو داگیرکەرەی کوردستاندا کێشەی کوردە کە لە یەکی گرێداون! ئەم لاوازیانە دواتر زەق دەبنەوە و لەوانەیە هاوپەیمانییەکەش هەڵوەشێتەوە!

لەوە دەچێت هەڵبژاردنی ترامپ کاریگەری لەسەر پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە بە پەلەیەش بووبێت لە بەر ئەوەی چوارچێوەی ویست و داخوازەکانی ئەم هاوپەیمانییە لە ناوچەکە زۆر لە یەک دوورن و تورکیا و ڕووسیا بە هیچ کلۆجیک ناتوانن هاوپەیمانی هەتا سەر بۆ یەک بن و لەم لاشەوە تورکیا و ئیران تەنیا لە کێشەی کورد و لەوانەشە بڕێکیش گاز و نەوت  بۆ ماوەیەک لە یەک نزیک بن بەڵام جیاوازییەکانی ئەو دوانە بێ ژمارن و ئەگەر ئەو هاوپەیمانییە تا هاتنە سەرکاری ترامپ خۆی بگرێت ئەوە هونەریان کردووە!

نزیک بوونەوەی ترامپ و پۆتین دەتوانێت  کاریگەری لە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا دابنێت کە یەکێ لەوانە کۆماری سێدارەی ئێرانە کە  ترامپ وەک لە لێدوانەکانی خۆی نیشانی داوە پێدەچێت زۆنی سیاسەتەکانی هەمان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لەوە دەچێت فۆکۆسی سیاسەتەکانی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم جارە کۆماری سیدارەی ئێران بێت!

دەکرێت وای لێک بدەینەوە کە کوردستانیش لە ستراتێژی گۆڕانی ناوچەکەدا جێگەی خۆی هێشتا هەیە و بەم زوانە ئاڵوگۆڕەکان وڵاتاەکانی‌تریش دەگرێتەوە!

جارێ تورکیا لە ناو زۆنگاوەکەدایە و هەتا گەروو تێی چەقاوە و  ئیتر ئەگەر بە نۆرەش بێت  بە ڕاستی نۆرەی لەغاوکردنی  ناوەندی ترۆریستەکانە!

دەسەڵاتدارانی بەغداش وەک بەشێکی دانەبڕاو لە هژموونی ئێران یان دەبێ ببن بە فیدای پاوانخوازی  ئێران و یان دەبێت لە سیاسەتی دۆگماتیزمی تۆندئاژۆکانی کۆماری سێدارە دوور بکەونەوە و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی ئەو ئەمریکایەی کە لە دەستی سەدامی ڕزگاری کردن!

لەم ڕۆژەدا کە سپای عێراق دامەزراوە دەبێ کورد وەک ڕۆژێکی ڕەش یادی بکاتەوە و ببڕا و ببڕا نەهێڵت شتێک بە ناوی سپای عێراق بێتەوە کایە!

مرۆڤی ئاقڵ هەڵەی خۆی دووبارە ناکاتەوە!

سپای عێراق لە هەر حاڵدا هەر ڕوو ڕەشە!

ڕەوف گوڵبەدەن

8.1.2017

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی