"an independent online kurdish website

هەروەک گوتم دوای عەمەڵیاتە ناسەرکەوتووەکەی پایەگای نێچەلان گەڕاینەوە بنکەی مەڵبەند کە جارێ مابووە. دوای چەند ڕۆژێک مەڵبەند بڕیاری دابوو سازماندەهیی ‌هێز  تازە بکاتەوە کە ئەوە وەک ئووسوول هەموو ساڵێ دەکرا. kavos_azizi

بەیانیەک بەرپرسانی نیزامی بانگ کرانە بنکەی مەڵبەند و دوای سەعاتێک، یان زیاتر، دەنگە دەنگێکی زۆر بەرزبۆوە و فەرامەرز عوسمانی بە توورەیی لە کۆبوونەوە هاتەدەر و وەک هەمیشە کە بەداخەوە عادەتی بوو جنێوی بە چەند کەس لەبەرپرسان دا و هاتەوە چادری پەلی ٣٢ کە خۆی فەرماندەری بوو. فەرامەرز عادەتێکی هەبوو کە ئەگەر توورەبوایە هەموو گیانی دەلەرزی. ئەوجاریش دیار بوو کە زۆر توورەیە. هەر زوو گەیشتەوە لای لیباس و کەلوپەلەکانی و هەڵیگرتن و یەکسەر  بەرەو گوندی وارگەنم چوو. هەرچی کردمان نەگەڕایەوە. ئەو بەگریان ڕۆیی و زۆربەشمانی گریاند.

ئەو رۆی و حەسەن بازووکە بە پێچەوانەی فەرامەرز ئەگەر توورەش بوایە هەر دەم بە پێکەنین بوو. هاتە دەر و گوتی فەرامەرز چی لێهات؟ گوتمان ڕۆی بۆ گوند. پرسیمان کە چی بووە؟ حەسەن گوتی سازماندەهیی هێز کراوە. دەی نەتیجە؟ گوتی فەرماندەری لکی ٣ سەعید مەحموود نەژاد و جێگرەکەشی ئەفەندی جەهانگیری و سەرپەلەکانیش لاوک ، سەید محەمەد و محەممەد حەقدار. هیچکەس ڕەخنەی نەبوو لە سەر ئەوەی کە سەعید مەحموود نەژاد بۆتە فەرماندەری لک. چوونکی لە هەموو بوارێکەوە شیاوی ئەو بەرپرسایەتیە بوو.

ئەوجار زانیمان کە هەم حەسەن و هەم فەرامەرز سەلبی مەسئوولیەت کراون. توورەیی فەرامەرز لەسەر ئەو سازماندەهی یە ئەوە بوو کە بە بێ هیچ پاساوێک سەلبی مەسئوولیەت کراون. ئەگەر دوای ئەو هەموو ساڵەش و لە کاتێک دا بەداخەوە هەم کاک عەلی وەک بەرپرسی یەکەم شەهید بووە، هەم فەرامەرز و حەسەن شەهید بوون ، بێین قەزاوەت بکەین لانی کەم بۆ من چەند خاڵ زۆر مەنتیقی و حیزبیانە نایەنە بەرچاو:

١.بیانووی ئەوەی کە حەسەن لە فەرماندەری لک لابەرن لەبەر هۆکارێکی زۆر ساددە، لەگەل ئەوەی کە ئەوەبەس بیانوویەک بوو. لە بەشی پێشوو دا ئیشارەم کرد کە لە کاتی پێش عەمەڵیاتی پایەگای نێچەڵان حەسەن بە هۆی ماندوو بوونەوە نەچوو بۆ لای فەرماندەری هێز و پێنجسەد میترێک دوورتر مابووە. ئەوە وەک سەرپێچی و بێ نەزمی کرابووە هۆکاری لابردنی حەسەن کە جگە لە هەستی تەسفیەحیسابی ناوخۆیی هیچ پاساوێکی تر هەڵناگرێ. دڵنیاشم کە لابردنی حەسەن نە بە دڵی فەرماندەری هێز بوو، نە بە قازانجی پۆستەکەی . چوونکی حەسەن هاوکارێکی بە ئەزموون و لێهاتووی فەرماندەری هێز بوو کە نێوانیشیان زۆر خۆش بوو.

٢.فەرامەرز لە سەرپەلی لابردن و دانانی کەسێک کە تازە دوو ساڵ بوو ببووە پێشمەرگە و بێ هیچ پێشینەیەکی بەرپرسایەتی، خوێندەواریشی نەبوو . ئەویش هەر لە سەر ئەساسی هەمان تەسفیە حیساباتی نێو خۆیی بوو. ڕاستە فەرامەرز کەسێکی تووڕە و ڕەفتار توند بوو، بەڵام کەسێک بوو کە هەم دەورەی مودیریەتی لە فێرگەی حیزب تەواو کردبوو، هەم سابیقەی فەرماندەری دەستە و لک و سەرپەلیی هەبوو، هەم خوێندەواریشی باش بوو لە چاو خوێندنی ئەوکات. هەر وەها مودیریەت و لێهاتووی فەرامەرز قابیلی موقایسە نەبوو.

٣.دیاری کردنی جێگری لک کە جێگری پەل بوو، بە سەر ٣ سەرپەل دا کرابووە جێگری لک. ئەویش لەگەل ئەوەی پێشمەرگە یەکی قەدیمی بوو، بەڵام بۆ بەرپرسایەتیەکی ئاوا نەدەبوو و لەو موناسیبتر هەبوون. ئەو کەسەی کە کرایە جێگر لک بۆ زۆربەی لک پەسند نەدەکرا، بەڵام مەڵبەند سەپاندی.

٤.کاک بەهادور ئازەری لە جێگری هێز خرا و کرایەوە کادری مەڵبەند بێ هیچ پۆستێک. لە کاتێک دا کە برادۆست پیویستیی بە کادرێکی وەک بەهادور هەبوو کە لە تەشکیلاتەکەی دا کار بکا.

ئەوە بوو حەسەن ڕۆژانە دەهاتە لای پێشمەرگەکان و شەو دەچووە لای مناڵەکانی و قسەی ئەوەبوو کە من پایزێ دەچمە دەوروبەری دەفتەری سیاسی و لەوێ شۆفێری دەکەم. حەسەن تەسدیقی پایە ١ی هەبوو و ساڵانێکی زۆر ماشێنی گەورەی لێخوری بوو.

هیندەی پێ نەچوو ئێمە دووبارە چووینەوە جەولە و ماوەیەکمان پێچوو. کە هاتینەوە بنکەی مەڵبەند لەوێ هەڵگیرابوو و بردرابووە کیوارستان . لکی ١ لە مەڕگەوەڕ بوو و لکی ٢ش لە تەڕگەوەڕ. کاتی ئەوەبوو کە ئێمە بڕۆینەوە ناوچەکانی سۆما براۆدۆست و شپیران سەڵماس . ئێوارەیەک بە پێی قەراری پێشوو کە هەیانبوو لە قەرەغان یەکتریمان گرتەوە و لکی ٢ بەجێمان و ئێمەش بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆمان . ئەندامانی مەڵبەند تەنیا کاک مەحموود دەشتی بەرپرسی کۆمیتەی ئۆرمیە لەوێ مایەوە وباقی ئەندامانی مەڵبەند لەگەڵمان هاتنەوە.

کاتێک مەغرەبی ویستمان حەرەکەت بکەین چاومان بە کەسێک کەوت کە نائاشنابوو لەگەل مەڵبەند و بە زاراوەی موکریانی قسەی دەکرد. کە پرسیمان ئەوە کێ یە و کەی هاتووە؟ گوتیان ئەوە کادرێکی پیرانشارە و ناوی ئەبووبەکر قەدیکورد و هاتووە بۆ جێگری هێز. ئەویش لەگەڵمان هاتەوە بۆ ناوچەی سۆما. کاک ئەبووبەکر کادرێکی قەدیمی پیرانشار بوو. سابیقەی بەرپرسایەتیی نیزامیی نەبوو. کەسێکی هەتا بڵێی دڵسۆز و جیدی بوو لە کار و باری حیزبی دا، بەڵام هۆکارێکی ئووسوولی نەبوو کە کادرێک بێنی بیکەیە بەرپرسی نیزامیی هێزێکی وەک هێزی ئاگری کە نە شارەزایی نیزامی هەیە، نە ناوچە دەناسێ نە هیچ پێشێنەیەکی ئاشنایەتی لەگەل کادر وپێشمەرگەی ئەو ناوچەیەی هەیە. لە کاتێک دا کە لەو هێزە  دا دەیان کەسی بە سابیقەی زۆری کار و فەعالیەتی نیزامیی هەبوو. هەر لە حەسەن بازووکەوە بگرە هەتا سەعید گوڵێ ، عوسمان عەدۆ ، سەعید مەحموودنەژاد و خالید شۆقی و … هەرکامەیان چەندین ساڵ فەرماندەری نیزامی بوون. بەداخەوە ئەویش بە جۆرێک نیشاندانی بێ ئیعتیمادیی ئۆرگانی مەڵبەند بە ئەفرادی خۆی بوو. من لەگەل هەموو ڕێز و حورمەتم بۆ کاک ئەبووبەکر قەدیکورد کە کادرێکی لێهاتووی حیزب بوو، بەڵام بە قەدەر هیچ سەرپەلێکی هێزی ئاگری شارەزایی و ئەزموونی  نیزامیی نەبوو و دواتریش کە بوو بە فەرماندەری هێز ئەو ڕاستی یە هەر زوو دەرکەوت.

ئێمە حەرەکەتمان کرد بەرەو سۆما و دوای سێ ڕۆژ گەیشتینەوە ناوچەی سۆما. لەوێ دەبا کاک عەلی کاشف پوور بچی سەرەخۆشی بکا لە حاجی جەمیل خەڵکی گوندی دێریشک  کە خارزی کوری ئەو لەگەل کەماڵ ئەمینی شەهید ببوو . ٢ ڕۆژ لە کیفارۆک چاوەڕوان بووین تا شاپوور هاتەوە.  ئەو چووبوو دیدارێکی هەبوو لە گەل فەرماندە پاسگایەکی سنووریی تورکیە . ئێمە و سەربازە تورکەکان ڕۆژانە تووشی یەکتری دەبووین. ئەوکات پ ک ک لەو ناوچەیە هیچ ناو و فەعالیەتێکی نەبوو. بۆیە سەربازە تورکەکان تەقەیان لە ئێمە نەدەکرد و دەیانزانی کە ئەوە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، تەنیا ئەوەبوو دەبا پێیان رابگەیەنن کە ئێمە لەو سنوورەن و کارمان پێتان نیە، ئێوەش نابێ مۆزاحیمی ئێمە بن. دیارە ئەوانیش نەیاندەویست لەگەل ئێمە تووشی کێشە بن.

کە شاپوور هاتەوە ، کاک عەلی هیندێک توورە بوو و گوتی: کاک شاپوور ئەوە چی یە دوو ڕۆژە هەموومانت مەحتەڵ کردووە لێرە و تۆ چووی بۆ دیداری “ئۆن باشی یەک” ! شاپوور توورە بوو و دەستی درێژی کاک عەلی کرد و گوتی: کاک عەلی ! بۆ ئاگاداریت نەک ئۆن باشی نەبوو بەڵکوو ” یۆزباشی ” بوو!( ئۆن باشی گرووهبان ٣ یە و یۆزباشی ستوان ٢، یان ٣ یە ) کاک شاپوور بۆیە توورە بوو کە وەک ئەوەی کاک عەلی ئەوی بچووک کردووە کە لەگەل ئۆن باشی دانیشتووە. لە کاتێک دا کاک عەلی ڕەنگ بێ نیەتی ئەوەشی نەبێ.

چەند کەس لەگەل کاک عەلی و باقی ئەندامانی مەڵبەند چوونەوە بۆ نێو چادرەکانی گوندی دێریشک کەلە گورگە خێر بوون. حاجی جەمیل زۆر بە دڵئاوەڵایی یەوە پێشوازیی کردن و قسەی ئەوە بوو کە فەرقێک لە بەینی کەمال و خارزی نیە و …. .

ماوەیەک لەو سنوورە ماینەوە و دەبا هیندێک جم و جۆڵی نیزامی بکەین. یەکەم جار لەوێ محمد امین کرێت( ڕووحی شاد) بە کامێرایەک کە تازە لە دەفتەری سیاسی را بۆ مەڵبەند پێیان دابوو وەک فیلم هەڵگری مەڵبەند ، فیلمی لەو جەولەیە هەڵدەگرت کە دواتر نازانم ئەو فیلمە چیلێهات. تیمێک لە فەرماندەرانی نیزامی و تیمی تەشکیلاتیی شپیران سەڵماس چوونەوە ناوچەی شپیران و بۆ شناسایی شوێنێک بۆ عەمەڵیات. دیار بوو پایەگای مەیدانی دۆستان یان هەڵبژاردبوو. پایەگاکە چەند مانگێک بوو دانرابوو و ئەفرادی نێو پایەگا جاش و پاسدار بوون ، واتە پایەگای سوپای پاسداران بوو.

دوای ئامادەکاری و ئەوانە کەوتینە ڕێ بەرەو ئەو عەمەڵیاتە. دوو ڕۆژی پێچوو تا گەیشتینەوە نیزیک مەیدانی دۆستان . ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٦٦ لە کۆبوونەوەیەک دا سازماندەهی و بەرنامەی هێرش بۆ سەر پایەگای مەیدانی دۆستان بۆ ئێمە باس کرا و تیمەکان کەوتنە ڕێگا بۆ شوێنەکانیان. من بە پێی سازماندەهیی هێز  بێسیم چیی سەعید مەحمودنەژاد فەرماندەری لکی ٣ بووم کە دەبا هەمیشە لەگەلی بم. ئەوڕۆژەش لەگەل چەند کەسێکی دیکە تیمێک بووین لە پەنا پایەگاکە کە هەم تیمی ئاگربارانەکە لەگەلمان بوون، هەم سەعید دەبا لە نیزیکەوە فەرماندەهیی ئەو نوقتەیە بکا. کاک عەلی کاشف پوور و باقی ئەندامانی دیکەی مەڵبەند کەلە گەلی بوون وەک مەرکەزی فەرماندەهی نیزیکمان بوون . دوکتۆریش لای ئەوان بوو.

تیمی ئێمە و تیمی هێرش پێکەوە دەچووین. مەیدانی دۆستان بە سەدان چادر و بەهەزاران مەڕ و ماڵاتی ئیسلام ئابادی سەڵماسی لێ بوو کە هاتبوونە هەوار. گەیشتینە تەقریبەن ١٠٠ میتریی پایەگاکە ، لای کانیە بەناوبانگەکەی مەیدان، شوانێک لە ناو مەڕ ڕاوەستا بوو. هەرکە ئێمەی دیت بیست میترێک لێمان دوور کەوتەوە و یەک بەخۆ بانگی چادرەکانی کرد و گوتی : بەدوایدا مەگەڕێن ئەوە مەڕەکانم دیتنەوە! بە شاهیدی ئەوانەی کەلە گەڵمان بوون و بەخۆشی یەوە زۆریان لە ژیاندا ماون، من دەست بەجێ گوتم سەعید ئەو شوانە بە پایەگای گوت و ئەوە ڕەمزی نێوان شوانەکە و پایەگایە. سەعید گوتی بڕۆ شوانەکە بێنەوە. کە ویستم بڕۆمەوە پایەگا دوو گولەی تەقاند!مەعلووم بوو کە پایەگا ئامادە باشیی دا.

تا دامەزراین شایەد ٤ بۆ ٥ دەقەی گرتبێ، تیمی هێرش زۆر نیزیک بوونەوە لە پایەگاکە. لەگەل یەکەم ئارپی جی کەلە پایەگاکە درا، زیاتر لە ٢٥ کەس وێگرا تەقەیان بە دەوری خۆیاندا کرد و دەستیان کرد بە نارنجۆک بارانی دەوروبەریان. پایەگاکانی دەوروبەر هەر لە دەقەی یەکەم دا دەستیان کرد بە تەقە. ئیدی گومانمان نەما کە شوانەکە ئاگاداری کردن. ئەگینا نە هیچ کەسێک بە دوای مەڕدا دەگەڕا و نە جێی ون بوونی مەڕ بوو. هڵبەت دواتریش مەعلووم بوو کە ئەو شوانە کاری بۆ سوپاهی پاسداران دەکرد.

دوای چەند دەقەیەک هێرشی پێشمەرگەکان گەیشتە سەر خاکڕێژی پایەگا و بوو بەشەڕی نارنجۆک. دوو لە هاوڕێیانمان بریندار بوون کە یەکێکیان جەمشید بەدەڵی(ڕووحی شاد) بوو و ئەوی دیکەش ئەبووبەکر بوو. بریندارەکان بردرانەوە لای کاک عەلی و ئەوان و تەقریبەن شیرازەی سازماندەهییەکە تێکچووبوو. پایەگا بە تەواوی ئامادە باش بوو . پایگاکانی دەوروبەر بە هەمانشێوە. شەویش درەنگ کەوت و دەبا بۆ بەیانی لەو مەسیرە دوور کەوینەوە. بۆیە فەرماندەری هێز دەستووری پاشەکشەی دا و گەڕاینەوە. ئەوەی لە بیرم بێ تا گەیشتینەوە سرتی بەرهەبن دونیا ڕووناکی کرد.

چووینەوە ناوشیوان و دەست بەجێ بەرنامەیان دانا بۆ قەرەبووی ئەو عەمەڵیاتە کە سەرکەوتوو نەبوو، عەبەڵیاتێکی تر هەر لە ناوچەی شیپیران بەڕێوە ببەین. ئەوکات هەموو ناوچەی شپیران بە زۆر چەکدار کرابوون و هەر ماڵەی یەک و دوو چەکی دەوڵەتی پێدرابوو . هەر شەوەی گرووپێکیان دەبا لە پایەگای گوندەکەیان نیگەبانی بدەن، یان لە کاتی پیویست دا دەبا بڕۆنە شەڕی پێشمەرگە. بۆیە هێز و مەڵبەند لەسەر ئەوە ساغ ببوونەوە کە گوندی کەلەڕەشی سەرێ و قەسریک چەک بکەن.هێز دابەش کرایە سەر دوو تیم و ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ چووینەوە نێو ئەو گوندانە. لە پێشدا ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان دەوری پایەگای گوندیان گرتبوو تا لە کاتی هەر جم و جۆڵێک دا زوو بەرپەرچی هێزەکانی نیو پایەگاکان بدەنەوە.

ئەوەی لە بیرم بێ لە ماوەیەکی کورت دا بە بێ هیچ تەقەیەک هەموو چەکەکان کۆکرانەوە کە ئەگەر هەڵەم نەکردبێ سەرجەم ٤٩ پارچە چەک بوون. دوای ئەوەی کە گوندی کەڵەڕەشمان بە جێ هێشت پایەگا ٢، یان ٣خۆمپارەی ٦٠ ملم ی بۆ هەڵداین کە زۆر دوور لە ئێمە کەوتنە عەرز. بۆ بەیانی گەیشتینەوە بناری شاخی کولۆخ و لە ئاوەزراوک ماینەوە. تیمی چەک کرانی گوندی قەسریکیش پاشەکشەیان کردبوو بۆ سرتی بەرهەبن.

ئێوار داهات و حەرەکەتمان کرد بەرەو ناوشیوان. ئەو مەسیرە ئارام بوو و جێی کەمین و ئەوانە نەبوو. ئێوارەکەی کەمێک بارانیش باریبوو و  ڕێگاکە قوڕ بوو. کاک هەمزە ڕەشیدیان ئەسپێکی هەبوو کە کەل و پەلی بەشی ماڵیی بارکردبوو ، لە هەوراز و نشێو، شەو و رۆژ هەر لە سەر پشتی ئەو ئەسپە فەقیرە بوو. ڕێگاکە نیزیک ٤ سەعاتی برد. من و ئەبووبەکر لەو هەموو فاسیلەیە دا پێکەوە بووین، دەمانزانی کاک هەمزە هەر بە دوای ئێمە دادێ، بەڵام نەمان دەزانی کە گوێمان لێدەگرێ و کۆنترۆڵ مان دەکاتەوە. ئێمە لاسای زۆرکەسمان دەکرد، ئەدای زۆرکەسمان دەردەهێنا، تەنانەت لاسایی قسەیەکی خۆشی کاک هەمزەشمان کرد. جاروبارە عەزیەتی یەکتریشان دەکرد .باسی گەنجانە و ئەوینداریشمان دەکرد کە دیارە کاک هەمزە ئەو باسانەی پەیوەندیان بە ئەوینداری یەوە هەبوو زۆری بەدڵ بوو. بەیانی کە لە جێگایەک دانیشتین و خەریکی چای دروست کردن بووین، هەمزە گوتی: ئەرێ کاووس و ئەبۆ ئێوە ئەو شەوە کەس ما یەوە لاسایی نەکەنەوە؟ کەس مایەوە گاڵتەی پێ نەکەن؟ چۆن ماندوو نەبوون؟ ڕەحمتان بە خۆشتان نەدەکرد و وەک بزن گوێی یەکترتان دەگرت. لە ئاخەریش دا گوتی بە خودای تازە زانیم تۆ و ئەبۆ هەمیشە پێکەوەن هی ئەو بەزمانەیە کە ئەوشەو گوێم لێگرتن.

دوای یەک دوو ڕۆژ لە ناوشیوان یەکترمان گرتەوە و وابزانم ٣، ٤ ڕۆژێکی پێچوو ، تیمی گومرکی ئێمە لە گوندی سوڵتانی بە هۆی کەمتەر خەمیی خۆیان کەوتنە داوی ئەفرادی نێو پایەگا کە و بەداخەوە بە دیل گیران کە مەدەنی جەهاندیدە و نیزام مەردی بوون لە گەل ساحیب ماڵ بە ناوی ئەسکەندەر مەردی کە ئامۆزای نیزام بوو. نیزام و مەدەنی دوای ماوەیەک ئازار و ئەشکەنجە لە ڕەوتی بەناوبانگی ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ دا ، ئیعدام کران و ئەسکەندەریش پاش زیاتر لە ساڵێک ئازاد بوو کە بەداخەوە ئەویش لە ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ١٣٧٠ لە شەڕێکی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیم دا کەلە ناو ماشێنی خزمێکیان دا بوون کەوتنە نێو شەڕەکە و بەداخەوە ئەسکەندەر، دینۆ و فەیسەڵ شەهید بوون و چەند کەسیش بریندار بوون. ڕووحی هەموویان شاد.

دوای ئەو ڕووداوە غەمناکەی گیرانی مەدەنی و نیزام  ئیدی دەبا کاک عەلی، کاک ڕەحیم ، کاک هەمزە و کاک شاپوور بگەڕێنەوە تەڕگەوەڕ ، مەڕگەوەڕ و لکی ٣ و کۆمیتەی شارستانی سەڵماس بمێنەوە کە بەرپرسی گشتی کاک عیسمەت عەبدی بەرپرسی کۆمیتە و کاک سەعید مەحموود نەژاد فەرماندەری لکی ٣ بوون.سەیر ئەوە بوو کە ئەوکات ٢ دانە بێسیمی ڕاکاڵمان هەبوو، یەکدانەیان بۆ ئێمە بە جێ نەهێشتەوە . لە کاتێک دا چەندین بێسیمچی مان هەبوو. تەواوی کاری پەیوەندیی ئێمە لەگەل مەڵبەند بە بێسیمێکی “یاشا” بوو کە لای من بوو وەک بێسیمچیی لک. من هەر لەو شاخانە بووم بۆ تەماس و نیوەی کاتەکان بە تەنیا لەو شاخانە دەبووم و پەیام و هەواڵەکانی ناوچەم دەدایە فەتتاح سەعیدی بەرپرسی بەشی بێسیمی مەڵبەند کەلە بنکەی مەڵبەند بوو لە کیوارستان(تەڕگەوەڕ).

هەر وەها تیمە تەشکیلاتییەکانی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس هەرکامەی چووبووە ناوچەی کار و تێکۆشانی خۆی. ئەوەی لە بیرم بێ سێ تیمی تەشکیلاتیمان هەبوو:

برادۆست/ حسین محەممەدی، عەبدوڕەحمان ئەنساری و محەممەد عەلیار بوون. ئەوان هەر بەهارێکی زوو چووبوونەوە ناوچەی تێکۆشانیان.(بەداخەوە لە ٢١ی گەلاوێژی هەمان ساڵی ٦٦ لە گوندی مافەران لە ماڵێک دا بە هۆی سیخورێک جێگایان درایە دوژمن و هەرسێکیان دوای شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوون کەلە نووسینی ژیاننامەی عەبدورەحمان ئەنساری دا بە درێژی باسم کردووە).

ئەنزەل و کەناربەڕۆژ/ یووسف کەنعانی، عەبدولسەلام محەممەدی و مستەفا مینایی. بەداخەوە ئەوانیش لە پاییزی هەمان ساڵ دا لە گوندی کوورەی خوارێ لە ماڵێک دا دەرگیر بوون و لە دوای ئەو دەرگیری یە هەتا ئەم ساتە وەختەش هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان نیە. لە بەشەکانی داهاتوو دا باسیان دەکەم).

سۆما/ جەمشید کامران(ڕووحی شاد) وەک بەرپرس بوو، بەڵام زۆرتر پێشمەرگە قەدیمیەکان دەگەلی دەچوونەوە ناوچە ، بەڵام بە گشتی کاری تەشیلاتیی ناوچەی سۆما کاک عیسمەت عەبدی خۆی پێرادەگەیشت.

سەڵماس شپیران/ عەسکەر عەلیزادە و محەممەد ساڵح قادری بوون .

ساڵی ١٣٦٦ پڕ خەسارترین ساڵ بوو بۆ کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کە کادری زۆر بەوەجی لە دەست دا و تا ساڵانێکی زۆر ئەو جێگا بەتاڵانەمان بۆ پڕ نەکرانەوە.

درێژەی هەیە….

بەشی حەوتەم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی