"an independent online kurdish website

شار و وڵاتی وا هەیە کە لە بنگلادشەوە کرێکاری خاوێن کردنەوەی بۆ دێنن لە بەر ئەوەی لە کولتووری ئەم وڵاتە شازەدا کۆڵان و شەقام خاوێن کردنەوە لەم فەرهەنگەدا بە چاوی سووک سەیردەکرێت!reuf-golbeden-01

زۆر ئاساییە ” کەناس” وەک وشەیەکی سووک چاو لێ بکرێت کە لە ڕاستیدا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نزم بوونی ئاستی تێگەیشتنی گشتی لە کۆمەڵگەدا کە هێشتا پەروەردە نەکراوە کە ” کار ”  وەک ” بایەخ” چاو لێ بکات!

زۆر جار بیستوومانە لە قوتابخانە مامۆستای وا هەبووە بە دوو شێوە لە گەڵ قوتابییەکانی هەڵس و کەوتی کردووە، وەک بە قوتابییەک دەڵێت: ” فەرموو دانیشە”  بەڵام بە یەکێکی‌تر دەڵێ: ” حەماڵ ” دانیشە!

لە پەروەردە گەڕێن جارێ ئێستا ڕێژەی بێکاری سەر لە ئاسمان دەسوێ بەڵام ئەو کاتیش کە بار و دۆخەکە باشتربوو خەڵکێک هەر هەیە کە لە بەیانی زووەوە هەتا ئێوارە لەم شەقامەوە بۆ ئەو شەقام وەک بڵێی یەکتر بڕ دەکەن ئەم خەڵکە بەتاڵ پایە قاتە جوانەکەیان دەکەنە بەر، لە پرچ کورتکردنەوە خۆیان زوو زوو بەڕۆژ دەکەنەوە و  هەموو ڕۆژێک دەچن بۆ گەڕان بۆ سەرجادە و کۆڵانەکانی ناوشار! بە فیزێکەوە دێن و دەچن وەک بڵێی منەت بە سەر پیاسە ڕێگەکەی خۆیان دەکەن.

تاک بە تاکیان گاڵتە بە یەک دەکەن، بە یەک پێدەکەنن، بووە بە خوو، هەرچۆنێک بێت شێتێک یان هەژارێک دەدۆزنەوە بۆ شانۆی ڕۆژەکەیان!

وشەی سەرزمانیان تانە لە یەکدانە، ئەم تانە لەو دەدا و ئەو تانە لەم دەدا، بە هەموویانەوەش تانە لەو کچە دەدەن کە بە ڕێبواری لە بەردەمیانەوە تێدەپەڕێت!

کاتێک پێڵاوەکەیان بۆیاخ دەکەن لە شێوەی ئەفسەرە لووت سوورەکانی ئینگلیز و فەڕانسە بە بێ ئەوەی پێڵاوەکانیان دەربێنن وەک ڕێزێک بۆ کرێکاری بۆیاخچی زۆر ملهۆڕانە پێ دەخەنە سەر شوێنی سندووقی بۆیاخ و دیسان بە فیزێکی سەرەڕۆیانە لە سەرەوە بۆ بۆیاخچی دەڕوانن کە جۆری ڕوانین و پێ لە سەردانانی سندووقەکە لە ڕاستیدا سووکایەتی بە بایەخەکانی مرۆڤ و کارە، بۆیاخچی بەردەست ئاسا پێڵاویان بۆ بۆیاخ دەکات بۆ بڕە پارەیەکی کەمی ئەم لووت بەرزانە!

بە مە دەڵێن سەقافەت!!

هەر لەم شارە سەر لێ شێواوەدا وێنەیەکی‌تر لە لایەن میدیا بە حێزبیکراوەکانەوە بڵاو دەبێتەوە کە چەند کەس لە هەر دوو ڕەگەز لە کەناری شەقامێکدا خەریکی بۆیاخکردنن بۆ ئەوەی ببنە هاندەر بۆ خەڵکی‌تر کە بە دەم بانگەوازی یارمەتیدان بە تووشبووانی فڵان نەخۆشییەوە بێن!

ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنجە ئەو خەڵکەیە کە وا لە دەوریان کۆبوونەتەوە و وەک شتێکی سەیر و سەمەرە چاوی لێدەکەن و ئیتر کچە ڕۆڵگێڕە بۆیاخچییەکان بۆ خۆیان بوونەتە وێنە بۆ وێنەگرەکان!

هەر کەسەو بە کامێرای تەلەفۆنەکەیەوە خەریکی وێنە هەڵگرتنە لەو کەسانەی کە تەنیا ڕۆڵی بۆیاخچی لە شەقامەکەدا یاری دەکەن! ئەوە دەریدەخات لە کولتوورە سەقەتەکەی ئێمەدا بۆیاخچییەتی تەنیا بۆ بۆیاخچی هەژار هاتووە نەک بۆ کەسی‌تر!

ئەی ڕۆژانی‌تر بۆ وێنەیەکتان لە بۆیاخچییە ڕاستەقینەکان نەدەگرت؟

لەوانەیە ئەم وێنە گرتنەیش هەر بۆ ئەوە بێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی بکەنەوە و بە چالاکی بۆ چالاکوانەکانی شارەکەمان ئەژمێر بکرێت!

لە پاڵ ئەم شانۆیەدا لە لایێکەوە لە چین، بەنگلادش و فیلیپینەوە کرێکاری خاوێنکردنەوە و لە لایێکی‌ترەوە لە گۆرجستانەوە پەرستاری نەخۆشخانە بۆ شارەکەمان هاوردە دەکەن!

لە خۆتان گەڕێن، خۆتان ماندوو مەکەن ئێمە ئەگەر لە فەلسەفەی ژیانی خاکینە خۆڵینە تێبگەیشتباین، فێری لاسایی کردنەوەی نەزانانە نەدەبووین!

لاسایی کردنەوەش ڕێ و شوێنی خۆی هەیە!

کولتوور بە ڕۆڵ گێڕان بەرهەم نایێت، کولتوور بەرهەمی مێژووی ڕەنجی هەر نەتەوەیێکە، دەی کە واتە کوا مێژووی ڕەنجی نەتەوەکەمان؟

چی لێ بە سەرهات؟

لە لاسایی کردنەوە گەڕێن، بە دوای خۆتاندا گەڕێن!

ڕەوف گوڵبەدەن

29.1.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی