"an independent online kurdish website

ئەمڕۆ ٢ی بانەمەڕە. لەم ڕۆژەدا لەدوو ساڵی جیاوازدا دوو تێکۆشەری حیزب لەڕێگای نەتەوە و نیشتمانیاندا گیانیان بەخشی.murad-karesh-mela-kerim-dadili-shehidan-pdki

یەکەم: شەهید مامۆستا مەلا کەریم دادیلی، خەڵکی ئاوایی نەمنجێی ناوچەی پیرانی پیرانشار کەلە ٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لەشەڕی داسەپاوی نەغەدەدا شەهید کرا.

کورتە پێناسەیەک لەسەر ‌مەلاکەریم دادیلی

مامۆستا کادری بەوەجی حیزب بوو، لەساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی هەتاویدا من لە بابم بیستبوو کە ئەو لەبەرگی مەلایەکی ئایینیدا گوند بە گوند دەگەڕا کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبی لە‌گەڵ ئەندامانی سەردەمی کۆمار و چالاکانی جوڵانەوەی (٤٦-٤٧) دەگرت. ئەو کۆبوونەوانە لەناوچەی ئێمە زۆرتر لە ئاوایی (گەلاس) گیراون. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەست پێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزب، مامۆستا مەلاکەریم وەک کەسایەتییەکی ئایینی و خەباتگێڕێکی سیاسی دەرکەوت.بەلام ئەجەل مۆڵەتی زۆر پێنەدا. بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٥٨ی هەتاوی لەشەڕی شوومی نەغەدەدا شەهید بوو.کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی بەبابم گەیشت زۆر ناڕەحەت بوو، بە زاراوەی کرمانجی سێ جار لەسەریەک گوتی”پەکوو مخابن ها مالا من خرابیت بۆتە مەلاکەریم” واتە ”داخەکەم مەلاکەریم ماڵم وێران بێت”. ئەوکات باسی کرد کە مەلا ‌کەریم کێیە. ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لەسەر بڕیاری حیزب درامە ناوچەی پیرانشار.

بابم داوای لێکردم سەری ئەو بنەماڵەیە بدەم. پرسیاری ماڵی مامۆستام کرد زۆرم پێ خۆشبوو بە خزمەت ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بگەم و سڵاو و ڕیزی تایبەتی بابمیان پێڕابگەیەنم. هەرچی لەدەستیشم بێ پێویستیان بێ بۆیان جێبەجێ بکەم. وابوو لەخزمەت شەهیدی نەمر (عبدالرحمن سوفی زادە) خۆشەویستی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و پیرانشار بەتایبەتی، بەخزمەتی دایە مەلاژن هاوسەری مامۆستا گەیشتم. شێرەژنێکی بەورە و بەئیرادە، خاوەن کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەهێزو غورورێکی شۆڕشگێڕانەی هەبوو . پێی ووتین دڵنیابن ڕۆحی مەزنی مەلا کەریم هەرگیز لەگۆڕیشدا نیگەران ناکەم. کاک عبدالرحمن رووی تێکردم و فەرمووی ئەوە پەیامێکی گەورەیە. مەلاژن چۆن لەحاڵی ژیاندا کێوێک بوو لەپشت مامۆستا، لە دوای شەهیدکرانی مامۆستاش سێبەریک بوو بەسەر یادگارەکانی مامۆستاوە. دوو کوڕی بوونە پێشمەرگە. شەهید مستەفا دادیلی پێشمەرگەیەکی بە بیروباوەڕ و ئازا بوو. هێشتا پانسمانی برینەکەی فرێ نەدابوو گەڕایەوە سەنگەری خەبات بەداخەوە رێکەوتی ٩/٨/١٣٦٤ی هەتاوی لەشەڕێکدا لە ئاوایی دێڵزی پیرانشار شەهید بوو. بەدوای ئەودا تەهای برای بوو بە پێشمەرگە و چەکی مستەفای لەشان کرد. بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و جێی ڕێزی خەڵک و ئەویندارانی ئازادی بوون و ئێستاش هەن.

murad-karesh-shehid-pdki

دووهەم: شەهید مراد لاهیجانی فەرماندەی دەستە و تاقانە کوڕی تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان (مامۆستا مەلا عبدالرحمن لاهیجانی) و برای خەجیجی هاوسەرم. کەلە ٢ی بانەمەڕی ١٣٦٥ی هەتاویدا لەشەڕیکی دەستەو یەخە و لەکاتی ڕاونانی هێزەکانی دووژمندا گوولەیەکی دووژمن هەیکەلی شێرانەی پێکاو دوای چەند سەعات بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ گیانی بە بارەگای ئازادی بەخشی. قسەکانی، داوایەکانی، پێشنیار و ڕێنوێنییەکانی لەسەرە مەرگدا ئێستاش لە کاسەی گۆێچکەمدا دەزرینگێنەوە. مەرگی ئەو قارەمانە ئازارێکی گەلێک بەژان بوو بۆ من و هاوڕێیانی. ئێستاش وەک ڕێبەری مەزن شەهید (دوکتۆر قاسملوو) فەرموویەتی ”باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەپێدانی ڕێگایانە”، لەسەر ڕێبازیان بەردەوام دەبین و بۆ وەدی هاتنی ئامانجەکانیان تێدەکۆشین.

ڕۆحیان شاد.

لوقمان مێهفەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی