"an independent online kurdish website

ئەوەی کە لە ناوچەکەدا بە تایبەتیش لە دوو شاری گرینگی بن دەستی داعش دەقەومێت دەرخەری چەند ڕاستییەکی زەقە کە میدیای چەواشەکار لە ڕێگەی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی خۆیانەوەreuf-golbeden-01

بیروڕای خەڵکی بە لاڕێدا دەبەن کە بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو هەڵە دەست ئەنقەزانەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە تایبەتیش ئێران لەم دوایانەدا لەوە دەچێت لە کێبەرکێ لە بڕێک ناوچە لە هەمبەر تورکیا براوەی ئەو کێبەرکێیەی نێوانیان بووبێت بەڵام مەبەستی من چەند شتە کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم کە راستییەکانی ئەم ناوچە هەستیارە بە ڕوونی دەریدەخات کە عێراق وەک یەکەیەکی جۆغرافیایی یەکپارچە بوونی نییە و هەروەها لە ڕێگەی میدیاکانەوە بە تایبەتیش میدیاکانی سەر بە ئێران بە جۆرێک ناوی ئەرتەش و هێزەکانی عێراق دەبەن وەک ئەوەی کە عێراق هێشتاش خاوەنی سپا پۆشتە و پەرداخەکەی زەمانی سەدامی گۆڕبەگۆڕە و ڕێک بەم چەواشەکارییە ڕاستییەکان دەشەوێنن و دەیانەوێت حەشدی شەعبی واتە داعشی شێعەمان بۆ بکەن بە ئەرتەشی وڵاتێکی هەڵوەشاوە واتە هەر وەک چۆن عێراق نابێتەوە بە عێراق هەر وەهاش حەشدی شێعەش نابێتەوە بە ئەرتەش وڵاتێکی یەکپارچە کە بوونی نییە!

حەشدی شەعبی واتە داعشی شێعە لە سەر هەمان سیستمی بەسیجە شەق و شڕەکەی ئێران لە لایەن کۆماری سێدارەوە لە سەر قەوارە و هەیکەلی ئەو گرووپە شێعانەی کە لە زەمانی شەڕی ئێران و عێراقدا لە لایەن دژبەرانی شێعەی عێراقەوە بە دژی سەدام سازکرابوون و بە تایبەتیش لەو کاتە هەستیارەدا کۆماری سێدارە بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی ئایینی یان دیلەکانی دەخەڵەتاند یانیش  ناچار بە هاوکاری کردن دەکران و واتە هەر ئەانەی وا لە دەستی شەڕ هەڵدەهاتن جارێکی دی  و بە ناوێکی‌ترەوە بۆ بەرەی شەڕ بەڕێدەکرانەوە!

مێشکی ئەو دیلە شێعانە لە لایەن ئیدئۆلۆگەکانی کۆماری سێدارەوە دەشۆردرایەوە و هەر کەس هاوکاری نەکردایە وەک دیلەکانی شاری گورگان کۆمەڵکوژ دەکران!

جووت شەشی کۆماری سێدارە!

جووت شەشی ئێران بە ڕووخاندنی دوو دۆژمن واتە تاڵەبانی ئەفغانستان و بەعسی عێراق دەستی پێکرد! دواتر دیتمان ئێران بوو بە پاڵەوانی هەر دوو گۆڕستانی عێراق و سووریا و لە هەمان کاتدا دەستی کرد بە کۆپیکردن و لە بەر گرتنەوەی حێزبۆڵای لوبنان بۆ عێراق و سووریا و یەمەن و ئەگەر نەخشەکانیان بە تەواوی سەری بگرتایە ئێستا دەبوایە عەرەبستان و بەحرەین و وڵاتە عەرەبییەکانی‌تریش وەک عێراق و سووریایان لێ بە سەر هاتبایە!

بەڵام یەک ئیستۆپ لە سیاسەتی ئەمریکای ترامپ تەواوی نەخشە و خەیاڵەکانی ئاخووندەکانی ئێرانی کردەوە بە بڵقی سەر ئاو!

لە ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری ئووباما بە جۆرێک لەجۆرەکان درگا بە ڕووی کۆماری سێدارەدا کرایەوە و بەرهەمەکەشی تەنیا بەهێزبوونی بەرەی ترۆریستەکانی سەر بە کۆماری سێدارەی لە ناوچەکەدا لێکەوتەوە!

لە ژێر کاریگەری سیاسەتە هەڵەکانی ئووباما کۆماری سێدارە بووە بە ناوەندێکی ترۆریست پەروەری لە جیهاندا و لە کاتێکدا هژموونی خوازانی کۆماری سێدارە خەریکی دوورینەوەی بەرهەمە ترۆریستییەکانی خۆیان بوون کە ترامپ لەو لابەلاوە لێیان وەدەرکەوت و خەونەکانی لێ ئاڵۆزاندن!

ئەمریکا ئێستا لە ڕاستی ناوچەکە تێگەیشتووە کە نە وڵاتێک بە ناوی عێراق ماوە و نە ئەرتەشێک بە ناوی ئەرتەشی عێراق بوونی هەیە هەر بۆیە دەبینین وردە وردە سێرەی سیاسەتە دووربینەکەی ترامپ کۆماری سێدارەی کردووە بە نیشانە و لە گەڵ ئەوەی وڵاتانی وەک تورکیا و عەرەبستان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناوچەکەدا دەستێوەردان دەکەن بەڵام تەوەری سەرەکی ترۆر وەک  کاتی جۆرج بۆش لە سەر کۆماری سێدارە فۆکۆس کراوە!

دەڵێی ئەمریکا ترامپی بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکانی سەردەمی جۆرج بۆش هێناوەتەوە گۆڕەپانەکە!

مووسڵ و ڕەقە و کوردستان!

بەم پێیە ئەو شەڕەی لە مووسڵ دەکرێت شەڕێکی بریکارییە و هەر کەسەو لە بری وڵاتێک لە وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی شەڕ دەکەن! زلهێزەکانیش شەڕەکە بەڕێوە دەبەن!

ئەمە مانای وایە کە لە دوای ڕزگارکردنی مووسڵ لە دەستی داعش ئەو هێزە بریکارانە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و ناوچەکە چۆڵ بکەن!

هەمان ڕێ و شوێن لە سووریاش بەدی دەکرێت، تەنیا جیاوازییەک کە هەیە ئەوەیە کە ئەرتەشی سووریا هەڵنەوەشاوەتەوە بەڵام بە شێوازێک تێک و پێک دراوە کە نابێتەوە بە ئەرتەش بۆ سووریایەکی یەکپارچە هەر بۆیە دەبینین ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە سووریا کێبەرکێی دەستێوەردان دەکەن و گرووپە بریکارەکانی سەر بە عەرەبستان و تورکیا و ئێران و تەنانەت حەشدە شەعبییەکەی دەوڵەتۆکەی بەغدایش لە ژێر ناوی ئەرتەشی عێراق وەک بریکاری ئێران لە شارەکانی سووریا شان بە شانی ترۆریستانی حێزبۆڵا و گرووپە مافیاکانی سەر بە سپای پاسداران خەریکی تەرش و تاڵان بردنی خۆیانن!

لەم ناوەدا ئەوەی کە خاوەنی هێزی خۆیەتی و  لە هەمان کاتیشدا خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەشە تەنیا کوردە چ  لە باشوور و چ لە ڕۆژئاوا کە هەتا ئێستاکەش شەری بریکاری بۆ کەس نەکردووە و لە هەمان کاتیشدا بە وریاییەوە کەم تا کورتێکیش لە ژێرچاوەدێری ئەمریکادا خۆیان بۆ داهاتووی دوای داعش لە ناوچەکەدا ئامادە دەکەن!

ئێمەی کورد پێویستە ئەوەش لە بیر نەکەین کە لە ئێستادا ئێران و تورکیا بە تەواوەتی لە شەڕەکانی ناوچەکەدا تێوەگلاون و ئەو زۆنگاوەی وا تورکیای تێکەوتووە دیارترە بەڵام لە دوای شەڕی ڕزگاری حەڵەب و دواتر لە پاش ئازدکردنەوەی مووسڵ و ڕەقە لەوە دەچێت نۆرەی هاڕینی ئێران هاتبێت!

ئەگەر تورکیا لە باکوور و لە ڕۆژئاوا و لە سووریادا تێکەوتێبێت ئەوە کۆماری سێدارە هەتا بیناقاقا لە زۆنگاوی ناوچەیەکی بەرفراوانی وەک عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و تاد… چەقیوە!

هەر ئەمەش خۆی یەکێ لە خاڵە کزەکانی هێزە پرش و بڵاوەکانی کۆماری سێدارە دەبێت لە داهاتوودا کە دەبێ باجی ئەو سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەی خۆی بداتەوە!

ناوچەکە دوای هاتنە سەرکاری ترامپ زۆر بەخێرایی بەرەو گۆڕان چووە و هەموو پێوەرەکان ئاماژە بە بەهێزبوونی بەرەی دژبەرانی کۆماری سێدارە دەکەن!

ئەو شەپۆلە میدیایی و پڕۆپاگاندەیە کە لە ناوچەکەدا دژ بە کۆماری سێدارە ڕێکخراوە لە چوارچێوەی ستراتێژی تازەی ئامریکا دەبێ خوێندنەوەی تازەی بۆ بکرێت!

لەم ستراتێژییە تازەیەدا دیسانەوە کوردستان لە چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندایە و گرینگی کوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا چەندپاتەکردنەوەی قورسایی هێزی کوردە بۆ ئەمریکا لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا!

کێبەرکێی نزیک بوونەوە لە پۆتانسیەلی کورد چ لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، چ لە لایەن زلهێزەکانەوە هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی کورد و کوردستان دەردەخات وەک هاوپەیمانێکی جێ متمانە هەر لە ئێستەوە بۆ داهاتوویەکی نادیار!

ناوچەی ئارام لە سووریا بە بێ واژۆی ئەمریکا بایەخی نییە و یەکێ لە ئەگەرەکانی چاوپۆشی ئەمریکا لەم کەین و بەینەی سێ وڵاتی ئێران و تورکیا و ڕووسیا دەتوانێت هاوپەیمانییەکی پشتی پەردەی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە سەر داهاتووی ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە کە ئارامی سووریا بەرانبەر بە نائارامی ئێران نرخاندنیان بۆ کردبێت!

بە بێشک کۆماری سێدارە بە جۆرێک تێوەگلاوە کە تەنانەت پێشبینی سبەینێی خۆیانیان پێ ناکرێت!

ڕۆژهەڵاتی ناوین بە بێ لە ناوچوونی تەوەری شەڕە هەرگیز ئارامی بە خۆیەوە نابینێت!

ترۆریست پەروەران لە شەڕ وزە دەگرن و لە ئارامیدا گیان دەسپێرن!

ئەمریکا دەبێت پێداچوونەوە بە هەڵە زەقەکانی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ کۆماری سێدارە بکاتەوە و لە بەر ئەوەی داننان بە هەڵەکان چاوی سیاسەتمەدارەکانی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ بینینی هاوکێشەکانی ڕاستەقینە!

لەم کاتەدا ترامپ خوازیاری گەڕانەوەی بەهێزی ئەمریکایە بۆ ناوچەکە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو ڕۆڵە بەرچاوترە دەردەکەوێت!

ئەمریکا بە هەڵبژاردنی کورد لە ڕۆژئاوا تورکیای لە گومان دەرهێنا کە جگە لەوەی عێراق و سووریا نابنەوە بەو عێراق و سووریایەی پێشتر بەڵکوو تورکیایش نابێتەوە بەو تورکیایەی پێشوو!

کۆماری سێدارە خۆی بەشێکی لاسارە لە سەر ڕێگەی پێشڤەچوونی ئاڵوگۆڕی ناوچەکە و ئەوەی وا لە وزەیدا بووە دژ بەم ناوچەیە کردوویەتی و ڕێگایەک نەماوە کە ئێران بۆ ئاستەنگ خستنە سەر ئاشتی و هێمنایەتی نەیکردبێت بەڵام هەتا ئێستاش ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بە تەواوەتی نەپێکاوە هەر بۆیە لەمە بەدوا ئیتر ئەوە خودی کۆماری سێدارەیە کە دەبێ بکەوێتە شوێن ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و  لەوە دەچێت تێگەیشتن لە بار و دۆخەکە بۆ ئێران وەدرەنگی کەوتبێت!

لە باشترین ئەگەردا بۆی هەیە ئێران چارەنووسی لە شێوەی چارەنووسی تورکیا بچێت و لە ڕەشبینانەترین ئەگەریش بۆی هەیە وەک عێراق و سووریای لێ بە سەر بێت!

هەر وەک چۆن کوردستان هەتا ئێستەکەش چەقی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە هەر بەو پێیەش بووە بە ناوەندی دژە ترۆری ناوچەکە و بە هاوکاری هاوپەیمانان یەکە یەکەی بنکەی ترۆریستەکان هەڵدەتەکێنن و ئیتر لە دوای داعشی سوننە بە نۆرەش بێت نۆرەی داعشی شێعەیە!

کورد وەک هەمیشە لە بەرەی کوردایە و لە گەڵ هەر دوو داعشە ترۆریستەکەدا وەک یەک لە شەڕدایە!

ڕەوف گوڵبەدەن

11.5.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی