"an independent online kurdish website

بۆچوونەکانی کاک خالید عەزیزی( سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی  ئێستای کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان) لە وتووێژ گەڵ تەلەڤیزیۆنی “ڕووداو”

لە بارەی هەڵوێستی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی ئێران، جێگای هەڵوێستە لە سەر کردنن. هەوڵ دەدەم  بە کورتی سەرنجی خۆم لە سەر هێندێکیان بڵێم:

پێشەکی با بڵێم کاک خالید هەر ئێستا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. هەر وا کە لە سەردەمی سکرتێریی بەڕێزیان دا، ئەگەر ئەندامانی حیزب بە تایبەتی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، لە دەرەوەی حیزبەکەیان بە موخالیفەت لە گەڵ هەڵوێستی رەسمیی حیزب قسەیان کردبا، کاک خالید ڕەخنەی لێ دەگرتن و کارەکەیانی بە نابەرپرسانە و نادروست دەزانی و پێی وابوو ئەندامی حیزب دەبێ بیرورای جیاوازی خۆی لە نیو حیزبەکەی دا بکا نەک لە دەرەوەی حیزبەکەی ، ئێستاش- تا ئەوکاتەی بەڕێزی ئەندامی حیزب و ئەندامی ڕێبەریی حیزبە- موخالیفەت کردنی لەگەڵ هەڵوێستی رەسمیی حیزبەکەی، بە نادروست و بە شیاوی ڕەخنە لێگرتن دەزانم. بە تایبەتییش کاک خالید – ئەگەر لە بیری بێ – بەڵێنی بە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکەی دابوو کە دوای نەمانی لە پۆستی سکرتێرییش‌دا، ئەندامێکی “منضبط”(بە دیسیپلین) دەبێ! دەرکەوتنی لە میدیاکان بە موخالیفەت لە گەڵ هەڵوێستی رەسمیی حیزب، پێچەوانەی ئەم بەڵێنەی دەسەلمێنێ.

١- بەڕێز عەزیزی، دەڵێ ٦ حیزبەکە  پەلەیان لە هەڵوێستگرتن کردوە و دەبوایە ڕاوەستابان هەتا “مناظرە”ی کاندیداکانی سەرکۆماری بەڕێوە چووبان و بیروڕاو بەرنامەی ئەوانیان دیتبا‌و بیستبا، جا دوایە هەڵوێستیان گرتبا. پرسیار ئەوەیە کاک خالید چاوەڕوانیی لە کام کاندیدا هەبوو کە بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان ونەتەوە بندەستەکان هەبێ؟ خۆ هەر وەک لە وتووێژلە گەڵ تەلەڤیزیۆنی “ڕووداو”دا گوتی، تەنیا “ڕۆحانی” ی شک دەبا کە لەوانی دیکە تا ڕادەیەک جیاواز بێ. ڕۆحانی سەرەرای ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرکۆماری دا بە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی کوردی دابوون و لەم سۆنگەیەوە دەنگێکی زۆری لە کوردستان وەدەست هێنا، لە ماوەی ٤ ساڵ سەرکۆمارییەکەی دا ، چی بۆ کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە کرد کە ئەمجار حیزبێکی  خەباتکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی ئەوەی هەبێ بە دەنگدەری کورد بڵێ دەنگی پێ بدا؟ پرسیاری دیکە ئەوەیە خۆ “مناظرە”کان ئەوە بەڕێوە چوون و کاندیداکانی سەرکۆماری هەر چی لە دروشم و بەڵێن و بەرنامە بۆ خەڵک هەیانبوو، هەڵیان ڕشت. ئایا بەڕێز عەزیزی هیچ موعجیزەیەکی لێ دیتن؟ ئێستا لە ڕوانگەی کاک خالیدەوە، کام کاندیدا شایانی ئەوەیە خەڵک دەنگی پێ بدا و هەڵبژاردن بایکۆت نەکەن؟!

٢- ئەوە کە خەڵک دەبێ لە هەڵبژاردن وەک دەرفەتێک بۆ کاری سیاسی کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی قسەی خۆیان بکەن، داخوازەکانی خۆیان بێننە گۆڕێ و چۆنیەتی دژکردەوە نیشاندان و بە دەنگەوە هاتنی کاندیداکان لە ئاست ئەو داخوازانە ، بکەن بە بناغەی جۆری هەڵوێست و دەنگدان یا دەنگنەدانی خۆیان، قسەیەکی دروستە. ئەمەش شتێک نیە کە لە گەڵ سکرتێریی بەڕێز عەزیزی دا هاتبێتە نێو حیزبی دیموکرات. هەڵوێستی حیزبی دیموکرات بەرامبەر هەڵبژاردنی دەورەی شەشەمی مەجلیس و یەکەمین دەورەی شووڕاکان لە دەیەی حەفتای هەتاوی، بەڵگەیە بۆ راستیی ئەم قسەیە. هەر ئەوەش کە لە سەردەمی بوونی بەڕێز عەزیزی لە پۆستی یەکەمی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا، هەڵبژاردنی دەورەی یازدەهەمی سەرکۆماری  لە ئێران لەلایەن حیزبەکەیەوە بایکۆت کرا- لە حالێک دا دەورەیەک پێشتر، حیزبەکەی نەک هەر هەڵبژاردنی سەرکۆماریی بایکۆت نەکرد بەلكوو  داوای لەخەڵکی کوردستان کرد بە گوێرەی بەرنامە و ئاوڕدانەوەی کاندیداکان لە پرس و داخوازەکانی خۆیان هەڵوێست بگرن- ئەوە دەگەیەنێ کە حیزبی دیموکراتی کوردستان، نە “تەحریم چی” هەمیشەییە، نە هاندەری هەمیشەیی بەشداری لە دەنگدان داو، خوێندنەوە و مەنتقێکی تایبەت لە ڕووبەروو بوونەوە لە گەڵ هەڵبژاردنەکان ، لەو حیزبە دا  جێ کەوتوە.

٣-  نە حیزبە سیاسییە بەرهەڵستکارەکان کە  بەرنامە و ئامانجی سیاسیی ناتەبا و نەگونجاو لە گەڵ ناوەرۆک و ماهیەتی کۆماری ئیسلامی و، ڕابردوویەکی دوور و درێژیان لە خەبات لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دا هەیە، پێویستە و ناچارن وەک چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات هەڵوێست بگرن و بجووڵێنەوە، نە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆش دەتوانن وەک ئەو حیزبانە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و “کایە سیاسییەکانی” هەڵوێست بگرن. کاک خالید، زۆر جار سنووری نیوان ئەم دوو بەشە دەشێوێنێ یا لێ دەگۆڕێ‌. مەسەلەکە لە دوو حالەت بە دەر نیە یا دەبێ حیزبە سیاسییە بەرهەڵستکارەکان بە پێشێنەیەکی پڕ لە سەرکوتکرانی خوێناوی و دەیان ساڵ هەڵگرتنی بەرنامە و دروشم و ئامانجی سیاسی و نەتەوەیی گەورە، خۆیان بێننە ئاستی حیزبێکی ناڕەسمی و دانپێدانەنراوی  نیوخۆی ولات و وەک “شەهروەند”ێکی ڕازی بە ڕێساکانی هەڵبژاردن لە ئێران و ئاکامەکانی، بجووڵێنەوە. دیارە ئەو کات پێویست ناکا لە دوورە وڵاتی بژین ودەبێ هەوڵی گەڕانەوە بۆ ژێر سێبەری دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی بدەن و بە هەر قەدەرێک کە بۆیان دیاری دەکرێ رازی بن! یا وەکوو حیزبێکی سیاسیی خەباتکار و خاوەن پێشینەیەکی شۆڕشگێڕی، پێویستە هەڵوێستێک بگرن کە لە گەڵ  میژووی خەباتیان و سیاسەتیان بەرامبەر ئەو ڕێژیمە و هەر وەها سیاسەتی ئەو ڕێژیمە بەرامبەر بە پرسی کورد و مافەکانی، بگونجێ.

ئەوە کە وا نیشان بدرێ گرتنە بەری سیاسەتی بایکۆت، یانی قەدەغە کردنی جۆرێکی دیکەی هەڵوێست لە خەڵک لانیکەم بە نیسبەت حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بێ ئینسافی و دوور لە راستییە. حیزبی دیموکراتی کوردستان کەنگێ خەڵکی بە سەر دوو بەرەی خائین(دەنگدەران) و خادم(بایکۆتکەرانی هەڵبژاردن) دابەش کردوە کە ئیستا پێویست بێ ئامۆژگاری بکرێ کە ئەوە نەکا؟! ئەمەش بە جێگای خۆی ئەگەر بە خەڵک بگوترێ کاتێک لە هەڵبژاردنەکان دا بەڵێنت پێ دەدرێ و جێبەجێ ناکرێ، یا ویست و داخوازەکانت کەمترین ئاوڕیان لێ نادرێتەوە و تەنیا بۆ قەرەباڵغ کردنی دەوروبەری سندووقەکانی دەنگ دەیانهەوێی، هەر وەها ئەگەر پێیان بگوترێ ئەو هەمووە بە ناو هەڵبژاردنە لە ئێران  بەڕێوە دەچن و ئەم یا ئەو سەرکۆمار و مەجلیس دێن و دەڕۆن، هێشتا دان بە بچووکترین مافەکانت دا نەنراوە و کەمترین دەسکەوتت نەبووە ، هەر بۆیە دەنگ مەدە، خراپییەکەی لە کوێ دایە؟ یانی سەرەرای ئەم راستییەش هەر دەبێ ڕێگای بەشداری لە هەڵبژاردنیان دا پێ نیشان بدرێ؟

٤- حیزبی سیاسیی بەرهەڵستکار دەتوانێ هاوکات لە چەند یا چەندین مەیدانی جیاواز دا یاری بکا.  دەکرێ لە لایەکەوە بە ناوهەڵبژاردنێک کە هیچ دەسکەوتێکی سیاسیی بۆ خەڵک بە دواوە نیە، بایکۆت بکا و لە لایەکی دیکەشەوە، دەنگی زۆرلێکراویی کەبوودوەند و بەندییە سیاسییەکانی دیکە بگەیەنێتە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی. دەکرێ لە شوێنێک هێرشی نیزامیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بۆ سەر پێشمەرگەکانی خۆی بە چەک وڵام بداتەوەو لە شوێنێکی دیکە یارمەتیدەری بزووتنەوەی مەدەنی و جۆرەکانی دیکەی خەبات لە نیوخۆی وڵات بێ. هەر وەک دەکرێ وێڕای دژایەتی نەکردن لە گەڵ جۆری قۆستنەوەی دەرفەتەکان لە لایەن خەڵکەوە، ئەو راستیەشیان پێ بڵێ کە ویست و داخوازی کورد هەر ئەوە نیە کە بە جلی کوردییەوە  ببنە بەربژێر و بچێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نابێ دەسکەوتی کورد لە بەشداری لە هەڵبژاردن دا، تەنیا ئەم شتە بێ نرخە بێت. پاشان حیزبێکی سیاسیی بەرپرس و خاوەن پرەنسیب دەبێ ئەوەش بە خەڵکەکەی خۆی بڵێ کە  قۆستنەوەی دەرفەتی هەڵبژاردن هەر ئەوە نیە کە بچن دەنگ بدەن، بەڵکوو ئەوەش قۆستنەوەی دەرفەتە کە ئەگەر کاندیداکانی سەرکۆماری لایان لە پرسی کورد نەکردەوە و ئەگەر ڕێگە بە خەڵک نەدرا کاندیدای دڵخوازی ئەوان  لە مەیدان دا بمێنێ، هەڵبژاردن بایکۆت بکەن و بەو ڕێژیمە بڵێن کە خەڵکی کوردستان ئەوەندە سادە نین لە هیچ و خۆڕایی  ببن بە کەرەستەی گەرمکردنی بازاڕی بە ناو هەڵبژاردنەکەیان.

٥- بێ ئەوەی بەشێک لە سەرنج و بۆچوونەکانی بەڕێز عەزیزی لە بارەی پێویستیی لە مەیداندابوونی خەڵک لە نیوخۆی وڵات و چوونیان بۆ نێو یارییە سیاسییەکان بە مەبەستی هێنانەگۆڕی پرسی کورد و  داواکردن و داکۆکی کردنیان لە مافە نەتەوەییەکانیان رەت بکەمەوە، پێم وایە حیزبێکی سیاسی‌و کەسایەتییەکی سیاسی نابێ ئەوەندە یەک لایەنە نوقمی گوتار و پەیامە ئاشتیخوازییەکەی خۆیان بن کە بە جارێک جۆر و چۆنیەتیی بەدەنگەوە هاتنی بەردەنگی ئەو گوتار و پەیامە، فەرامۆش بکەن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە کۆنەپارێز و ڕیفۆرمخوازەوە، ساڵانێکە گوتار و  پەیامی جیاواز و ئاشتیخوازانەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و زیدەڕۆییەکانی بەڕێز عەزیزی لە شیکردنەوەی ئەو گوتارە دا دەبیسن. ئایا پەیامێکی ڕاشکاوتر و جیاوازتریان لەوەی لە شەوی یەلدای رابردوو دا پێشکەشی ئەم حیزبەیان کرد، پێ بووە؟! دەبێ چەند کارەساتی دیکەی لەم چەشنە  لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕوو بدەنەوە، یا چەند سەد ڕۆڵەی دیکەی خەڵکی کوردستان لەبەندیخانەکان یا لە ژیر باری کۆڵبەری دا، گیانیان لێ بستێندرێ بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین کەپەیام و گوتاری ئاشتیخوازانەی ئێمە، لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا، هیچ کڕیارێکی نیە؟!!

٦- دوا خاڵ کە پێم خۆش بوو وەبیر کاک خالیدی بەڕێزی بێنمەوە  ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار ٦ حیزبی رۆژهەلاتی کوردستان لە سەر هەڵوێستێک ساغ بوونەوە و بڕیاریان دا بە هاوبەشی رای بگەیەنن. ئایا بۆ یەکەم جار زاڵبوونی ئەو حیزبانە بە سەر دەورەیەک تەفرەقە و  دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ لە هاوکاری و کاری سیاسی، بۆ بەڕێزی کە سالانێک بوو رەخنە و گازەندەی لە نەبوونی “کۆدەنگی”ی نێوان حیزبەکان هەبوو، شایانی بایەخ پیدان نیە؟ بۆ چی ئەم ئەگەرە لە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بەڕێزی غایب بوو کە ئەم ڕێککەوتن و پێکەوە بوونە، دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ کۆمەڵێک کاری سیاسی و خەباتگێڕانەی دیکەی نێوان ئەو حیزبانە و، شوێنێکی ئەرێنی لە سەر خەبات و تێکۆشانی خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێ کە لەوانەیە لە سەر زۆر پرس و بابەت یەک لەوان، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کاریگەرتر لە گەڵ هەڵبژاردنەکان، شوێن دابنێ؟ هەر بەڕێزت نەبووی کە لە پێوەندی لە گەڵ هەڵوێستمان لە سەر هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی سەرکۆماری دا (کە پێچەوانەی بایکۆت بوو) دەتگوت ئەگەر حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات کۆدەنگ بایەن، ئێمە هەڵویستێکی دیکەمان دەگرت؟ ئێستا کە “کۆ دەنگی” لە نێوان حیزبەکان هەیە و لەو لاشەوە، کاندیداکانی سەرکۆماری هیچ شتێکیان تەنانەت وەک دروشمیش بۆ خەڵکی کوردستان پی نیە، چۆنە بەڕێزت وەک جاران لە سەر “کۆدەنگی” حیزبەکان  پێداگری ناکەی و، هەر تەنیا بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنت دا بە لاوە گرنگە؟!

قادر وریا

١٥/٥/٢٠١٧

سەرچاوە :  ماڵپەڕی کوردستان و کورد

ڤیدیۆی وتووێژەکەی کاک خالید

ڤیدیۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی