"an independent online kurdish website

گرینگ ئەوەیە کە مەبەستەکە بە خوێنەر بگا، جاری وایە ڕستەیەکی کورت گەلێک سەرنج ڕاکێشترە لە دەقێکی ڕەخنەیی و شیکاری دوور و درێژreuf-golbeden-01

بە تایبەتیش لەم سەردەمە ئاڵۆزەی کە بە لێشاو هرووژمی سەرلێشێواندن تاک و کۆی کۆمەڵگەی بە ئامانج گرتووە. دوور و نزیکمان بێ جیاوازی دەپێکێ، بە بێ ئەوەی لەم بکەرە بە ڕواڵەت نادیارە پرسۆکەیەک لە سەر کرە پڕ لە مەترسییەکەی لێ بکرێت!

هەر کەسەو دەتوانێت بە پێی شیان لێکدانەوەی خۆی لە ڕستەیەک یان دەقێک هەڵێنجێ کە دەکرێت ئەرێنی بێت یان نەرێنی بە پێی شێوازی بۆچوون و هزری خوێنەرەکەی!

دیارە تاکە ڕستەیەک بە زەقکراوەی لەوانەیە ببێتە جێگەی سەرنج کە لە ڕاستیدا ئەوە وزەی وشەیە کە گۆڕەپانی ڕستە و وشەکان دەشڵەژێنێ و خوێنەر دەهێنێتە سەر چۆک بۆ کێبەرکێ لە سەلماندن! چۆنیەتی بۆچوون و تێگەیشتن لە ناوەرۆکی ڕستەکانی ناو دەقە کە خوێنەر لە گەڵ خۆیدا دەبا بۆ دنیای هزر و تێڕامان، ئیتر لە خانە لێکچووەکان یان ناتەباکانی هزرەوە جێگە بۆ خۆی خۆش دەکات یان بە شێوەیەکی‌تر لە ڕوانگەی چەقبەستووانەی تاکێک لە تاکە چەقبەستووەکانی خۆمانەوە بەر پلاری یەکێ لە کۆیلەکانی خۆمان دەکەوێ!

وشە جوانەکانت بە پلار دەخەمڵێنن هەر بینا کەویتە بەر کوێرە ڕقی چەقبەستوویەک لە گوندی بە شارکراوی چەقە زۆر و زبەنەکان کە لە پەسا نەخشەڕێگای کۆیلەتیان بۆ ڕۆژەڤ دەکرێتەوە و دیسانەوە بە سووراو و سپیاوێکی بە دەمامکی مۆدێڕنەوە دەگەڕێتەوە بۆ کێشانی گیانی وشەت، هەر لە بەر چاوی خۆت وزەی ڕستەکانت هەڵدەواسن!

تەنیا بە فیتوویەک، فتوایەکت بە سەردا دەسەپێنن، لە دادگەی کۆیلە مێشکێک تۆ دەدرێتە بەر بەرد و هەرچی کەڤری ئەو ناوەیە ڕەجمت دەکا!

کۆنە خوویەکی نەرێتییە هەتا هووڕایان بۆ دەکێشی ئەوە نازداری لە سەردڵانی و ئەگەر بێتۆ دەم و دووت بۆنی تانەی لێ هەست بکرێ ئیتر ناوت دەخەنە لیستی ڕەشی تاوانەوە و یەک نیشانە وەک گای قەشە دەنێن بە هەنیەی چاوانتەوە کە ببڕا و ببڕا پاک نەبێتەوە، ئەمە نەرێتێکی کۆنی کۆیلەدارییە!

کەسی وا هەیە چەقە هەر وەک وانێک هەر من من دەکا و جگە لە منەکەی خۆی کەس بە من نازانێت هەر خۆی ئەزە!

لەم کاتەدا ئەو دۆگماتیزم و چەقبیرییە زاڵە بە سەر زۆرێک لە  هەمیشە کۆیلەکان، ئەمە دیاردەیەکی کۆمەڵی چەقبەستووە کە لە دوای سەربەستی کۆمەڵگەکەشی دیسانەوە بۆ هەر کوێ بڕۆن نەرێتی چەقبەستوویی لە گەڵ خۆیان بۆ ئەو شوێنە دەبەن!  بە جێگەی ئەوەی ڕزگارکەری گەلە هەژار و بەلەنگازەکەی خۆیان ببن دەبێ جارێکی‌تر سەر لە نوێ خۆیان لە چەقبەستوویی ڕزگارکەنەوە!

چەقبەستوویەک کە چەقی خۆی نەلەقێنێ چۆن بۆی دەکرێ حێزبێکی چەقبەستوو ببزوێنێ؟

ڕەوف گوڵبەدەن

25.5.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی