"an independent online kurdish website

مانای وشەی ڕێبەر وەک ئەو کەسەی ڕێنمای دەکات، پێشەوای کۆمەڵگایە بۆ ئاراستە کردنی بەرەو ئامانجەکان، فەرماندەیە بۆ بڕیار دان لە کاتی چارەنوس ساز و گرنگ و زۆر واتای تر دەگەینێت.alborz_rointen14

بەرجەستە بوونی مانای ئەو وشەیە لە کەسایەتیەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەلەکان ببنە خاوەن ڕێبەر بۆ ئەوەی بتوانن گەل بەرەو کەناری سەرکەوتن ببەن. وەک گاندی بۆ هیندستان وەک ماندێلا بۆ ئەفریقا وەک پێشەوا بۆ کورد.

جیاوازی نێوان ڕێبەرانی ئاسای و ڕێبەرانی ئەفسانەیی لە فیداکاریان بۆ گەل و نیشتمان سەرچاوە دەگرێت واتە هەر چەند ڕێبەر فیداکار بێت ئەوەندە لە بیری گەل و مێژوو دەمێنتەوە.

لە باسی ڕێبەر دا ناوی دکتۆر قاسملوو  ناوێکی ئاشنای کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوینە بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازی زۆریشی هەیە کە دەتوانرێ بە نمونەی ڕێبەری لە مێژووی کورد دا هەژمار بکەین.

لێرە دا بەرجەستەکردن و کەم بایەخ کردنی ڕێبەرێک بە نیسبەت ڕێبەرێکی تر نیە بەڵکو هەموو ڕێبەران حەلقەی زەنجیری بەرخودان و مێژووی کوردن و ڕەمزی بەرخودانی گەلن وێڕای جێگەی ڕێز  بەشێک لە ناسنامەی ئێمەی کوردن. ئەوەی مەبەستمە دەرخستنی کۆمەڵێک خسلەتی جیاوەزە کە بە پێی گەوهەری مرۆڤەکان لێک جیاوازیان دەکات.

باس کردن لە دکتۆر قاسملو ئەستەمە چونکە هەست دەکەم لە هەر بوارێکی ئەو ڕێبەرە کە باس دەکرێت بوارێکی تر پەراوێز دەخرێت واتە ئەو کەسایەتیەکی هەبوو لە چەندین بوار دا دەکرێت بە یەکێک لە نمونەکانی کورد هەڵبسەنگرێت. واتە سیاسەتوان بوون و سکرتێری حیزبێکی ناوداری کورد هەمیشە دەکرێتە چەقی باسەکان و تایبەتمەندییەکانی تری بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پەراوێز دەمێنن.

بۆ نمونە کەسایەتی دکتور قاسملو وەک ئاکادمیستەک وەک کۆمەڵناسەک وەک بیردۆزێکی تیئۆری سیاسی وەک ئەدیبێک وەک نوسەرێک وەک ئابوریناسێک وەک مێژوو زانێک وەک دیپلۆماتێک وەک مامۆستایەکی شۆڕش وەک زمانزانێک دەتوانرێت بخرێتە بەر باسەکان و لە هەریەک لەو بوارانە دا توانیویەتی کاریگەری خۆی بنوێنێت.

ئەوەی سەرنج ڕاکێش و جێگەی تێڕامانە دکتور قاسملوی نەمر هەمووی ئەوانە لە شوێن و کاتی خۆی دەخاتە خزمەت بەرەوپێش بردنی  نەتەوەکەی کە ئەو چەندە وای لێکردوە لەو ڕێبەرە دەگمەنانە بێت کە وێڕای شارەزای و لێهاتوی بواری جیا بەڵام ڕزگار کردنی نەتەوەکەی بکاتە چەقی کار و ئامانجەکانی.

لە کاتێک دا لە هەر یەک لەوبوارانە دا دەیتوانی لە ئاسودەی ژیان دا خزمەتەکەی بەردەوام بکات  بەڵام لە بەر ئەوەی پێشکەوتنی کورد لە هەمووی ئەو بوارانە دا سەرەتا پێویستی بە ئازادی گەل هەیە واتە تا کاتێک ڕزگار نەبێت پێشکەوتن لەو بوارانە دا مانای نابێت هەر بۆیەش گەورەترین کۆشکی ژورێکی قوڕاوی دەبێت و لە شاخەکانی کوردستان لە ژێر تۆپ و تانگ و هەمیشە لە ژێر چاودێری چڕی دوژمن بۆ لە ناوبردن ژین بە سەردەبات تا بتوانێت ئەوەی لە دەستی دێت بۆ خزمەت کردن ئەنجامی بدات.

هەر بۆیە بۆخۆی گەورەترین سەلمێنەری ئەو وتەی خۆی دەبێت کە ئازادی نرخی دەوێ ئەو چەندەش لەسەداقەت و ڕاستگۆی ئەو لە گەڵ خۆی و شۆڕش و کوردستان و ڕێبازەکەی نیشان دەدات چونکە بەر لەهەموان ئامادە بوو کە ئەو نرخە بدات.

دکتور قاسملو وەک ئاکادمیەکی کورد هەموو پلەکانی زانستی دەبڕێت و دەگات بەئاستێک کە لە گەورەترین زانکۆکانی ئوروپا وەک مامۆستا و وانە بڵێتەوە. یەکێک لەبنەمای ئاکادامی بوونی سەرکەوتوو ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زانستیە. بۆ کوردێکی ساڵی شەستەکانی میلادی لە ئوروپا کە بەو پلەیە گەیشتووە شانازیە چونکە لەوانەیە ژمارەی ئەو کوردانەی کە لەو سەردەمە بەوپلەیە زانستی گەیشتوون زۆر کەم بێت.بەڵام ئەوەی گرنگتر ئەوەیە کە دکتور قاسملو لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێت و لێکۆلینەوەیەکی زانستی لەسەر کوردستان و کوردئەنجام بدات کە ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی زانستی ودروست لە سەر کورد کە زۆر دەگمەن و کارێکی گەورەیە. ئەو لێکۆلینەوە کە دواتر لەکتێبی کوردستان و کورد دا چاپ کرا وەرگێڕدراوە سەر چەند زمان لە چەند ڕوە گرنگی خۆی هەبوو.

یەکەم ئەو بابەتە بەدەست کورد کرا واتە کورد بۆ خۆی بە دەستی خۆی بابەتێکی وا زانستی لە سەر کورد نوسی کە ئەو چەندە وێڕای زانستی بوونی کەدەتوانێ لە جیهان دا ببێ بە سەرچاوەیەکی گرنگ کورد بۆخۆشی نوسیەوەتی کە ڕاستیەکانی نەتەوەکەمان وەک خۆی دەردەخات. شایانی باسە لێکۆلینەوەی زانستی لە گەڵ شێوازی نوسینی تر جیاوازی  هەیە کە بە هەبوونی سەرچاوەو ئامار و فاکت ئەوەی دەنوسرێ بایەخ پەیدا دەکات و وەک سەرچاوەیەکی گرنگ کەڵکی لێوەردەگریت کە دکتور قاسملو ئەو چەندە بە سەختیەکی زۆر ئەنجام دەدات چونکە ئەوکات دۆزینەوەی ئەو ئامارو ژێدەرانە لە سەر نەتەوەیەک کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سڕینەوەی دراو زۆر دژوار بوە. کەواتە دکتور قاسملو ئاکادامی بوونی بە تەواوی خستبوە خزمەت نەتەوەکەی .

زانستی کۆمەڵناسی دکتۆر قاسملو یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی سەرکەوتنەکانی ئەو ڕێبەرەیە. چونکە ناکرێت سیاسەت بۆ کۆمەڵگایەک دابڕێژی بەر لەوەی ئەو کۆمەڵگایە لە بواری جیاجیا بە تەواوی شی بکەیەوە داب و نەریت و عەقڵی گشتی ئەو کۆمەڵگایە بناسی. ئەو چەندە لە دکتۆر قاسملو دەگمەن بوو چونکە ئەو سەڕەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری ژیانی دور لە کوردستان و بە فەرهەنگێکی ڕۆژئاوای گەورە بوو سەڕەڕای ئەوەی بە هۆی زانستی و ئاکادامی بوونی بەتەواوی تێکەڵی ژیانی ئورپا بوو بەڵام لە کوردستانی خۆی نامو نەببو هیچ کات هاوکاران و تاکی کۆمەڵگای کوردی هەستی بە گۆڕانکاری لە ئاکاری دکتور قاسملوی نەمر دا لە هەڵسوکەوتی کوردانەی ئەو نەکرد. هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە جوتیارو شوان دکتور و ماموستا و مەڵا ئەویان بە بەشێک لە خۆیان دەزانی ئەو چەندە وای کردبوو کە لە پەیوەندی کردن لە گەڵ خەڵک سەرکەوتوو بێت و کار بکات بۆ سەرخستنی شۆڕش.

دکتۆر قاسملوو وەک بیردۆزێکی سیاسی شوێنی تایبەتی هەیە لە نێو کورد دا چونکە ئەوەی زۆر باوە لە نێو کورد دا، بەردەوام کورد خزمەتی کردوە بە ئایدیایێکی تایبەت جا ڕاست یا چەپ ئەو ئایدیا پێشی لە داخوازیەکانی گرتوە. هەر بۆیەش دکتور قاسملو جیاوازە چونکە ئەو بەسیاسەت کردنی  خزمەت ناکات بە ئایدیایەک بەڵکو بە هۆی هەبوونی لێزانین لە ئایدیا جیاوازەکان لە هەمان کات دا بە هۆی ناسینی کۆمەڵگای کورد باشترین سەنتێز لەو ئایدیانە وەرگرێت و دەیخاتە خزمەت دۆزی نەتەوەکەی باشترین نمونە بۆ ئەو مەبەستە کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک بوو کە نیشانی دا دەتوانێ وەک هەر بیردۆزێکی جیهانی کار بکات بۆ ئەوەی سەنتێزێک بۆ کۆمەڵگای خۆی هەڵێنجێ و بە گوێرەی باردۆخی کۆمەڵگای خۆی ڕێکی بخات. لە ڕۆژ ئاوا دێموکراسی لە ڕۆژهەڵات سوسیالیسم وەربگرێت بۆ ئەوەی ئامانجی دواڕۆژ بنەخشێنێت تا نیشان بدات خاوەن بیرکردنەوەی داهاتو بینە . لە ناو کورد دا کەمن ئەو ڕێبەرانەی کە دەتوانن وا شارەزایانە  زانیاری لە سەر هەموو ئایدیاکان هەبێت و لە هەمان کات دا باشترین هەڵێنجراو بۆ خزمەت کردن بە کۆمەڵگا پێشکەش بکات.

دکتۆر قاسملو لە هەمان کات دا ئەدیبێکی ئەدەب و هونەر زمان دۆست بوو ئەو خسلەتەی کاک دکتۆر وای کردبوو کە ئەو بەشە لە نێو حیزب دا گەشە بکات و پەیوەندیەکی باشی ئەو لە گەڵ ئەدیبان ببوە هۆی ئەوەی هەموو ئەدیبێک خۆی لە،ناو شۆڕش ببینتەوە. لەهەمان کات دا لە ئەدەب وەکو ئەدیبێک نەک سیاسیەک بڕوانێ ئەو چەندە لە پێشەکیەکەی دیوانی هێمن ئەوەندە بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە کە بەو پێشەکیە پڕژاوەتە سەر هەموو لایەنەکانی شیعری هێمن و بەرجەستەی کردوە. بەشێکی ئەو هونەرەش بۆ ئاشنایی دکتور قاسملو لە سەر ئەدەبیاتی کۆن و نوێی کوردی دەگەڕێتەوە. تەنانەت ئەو چەندە ڕاستیەک دەسەلمێنێت کە ناکرێت تۆ ڕێبەری گەلێک بۆ ئازادی بکەی بەڵام لە ئەدەبیات و کەلتورو هونەرو شیعری بێگانە بی یا هەست بە بوونیان نەکەی.

دکتۆر قاسملو وەک ئابوریناسێک یا شارەزای بواری ئابوری توانیبوی لە چەند ڕوە خزمەت بە شۆڕش بکات. لە سەردەمی ئەو دا ئابوری حیزب و شۆڕش لەئاستێکی زۆر باش بوو تەنانەت هاوکاریەکانی ئابوری حیزب بۆ ڕێکخراوە نەتەوەییەکانی ئورۆپاش کاریگەری تایبەتی خۆی هەبوو. لە هەمان کات دا سیاسەتی ئابوری لە وڵاتانی دونیا بەشێکی گرنگە و کار دەکاتە سەر هەموو سیاسەتیان لە پەیوەندییەکانیان نەبوونی خوێندنەوە بۆ سیاسەتی ئابوری نێوان وڵاتان ناتوانرێت داهاتووی سیاسەت و پەیوەندی ئەوان شی بکاتەوە هەر بۆیەش بەرجەستە بوونی ئەو لایەنە لە لای دکتۆر قاسملو لە ئەو سیاسەتوانێکی خاوەن پێشبینیبۆ داهاتوو دروست کردبوو. کاتێک دەبینن لەشاخ و لە ژێر تۆپ و تانک دکتۆر قاسملو بەشێک لە کاتی خۆی دابین دەکات بۆ وانە وتنەوەی ئەو بوارە بۆ ڕێبەرایەتی حیزب نیشانەیەکی تری گرنگی ئەو بابەتەیە.

مێژوو ناسی دکتۆر قاسملو وایکردبوو کەڵک وەرگرێ لەو بەشە بۆ ناساندنی کورد و ئەنجام دانی لێکۆڵینەوەکانی و لە هەمان کات دا ڕەنگدانەوەی لە سەر شێوازی سیاسەتی کردنی هەبوو کە ئەو چەندە ببوە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک لە هەڵەکانی مێژووی کورد دوبارە نەکاتەوە هەر لەو ڕوانگەیە کە دەڵێ ئەگەر نەسلی پێش ئێمە ئەرکی خۆیان بە باشی بە جێ گەیاندبا ئێستا ئێمە ئازاد بویین بۆیە دەبێ ئەرکی خۆمان زۆر بە باشی بە جێ بگەینن تا نەسلەکانی دوای ئێمە بە بەختەوەری بژین.

دیپلۆماسی یەکێک لە شارەزاییە تایبەتەکانی دونیایی سیاسەت و بیرۆکراسیە کە گرنگیەکی تایبەتی هەیە و پێویستی بە زانست و کەلتوری تایبەتە. لەهەمانکاتدا کاریگەریەکی گرنگی هەیە لە بەرەو پێش بردنی دۆزی سیاسی و پەیوەندییەکان. دکتور قاسملو ئەو چەندەی زۆر بەباشی ئەنجام دەدا کە دیپلۆماسی تاکە شەخسی ئەو بۆ کورد و حیزب بەرهەمی زۆرتر بێت لە ئێستا کە چەندین نوێنەرایەتی ژمارەیەکی زۆر لەتاک کە کار وئەرکیان ئەو بابەتەیە. هەر بۆیەش وێڕای ئەنجامی هەموو کارەکانی تر هیچکات ئەوبابەتە لای دکتۆر قاسملو فەراموش نەکراوە کە ئێستاش بەشێک لە دۆستەکانی کورد بە شانازیەوە باس لەوە دەکەن کە کوردیان لە ڕێگەی دکتور قاسملوو ناسیوە.  هەروەها شارەزای زمانی زۆر بکاتە هەوێنی کاری خۆی کە لە دکتۆر دیپلۆماتێکی سەرکەوتوو دروست بکات بتوانێت لە سەخترین کات دا باشترین دۆست بۆ شۆڕش بدۆزێتەوە.

هەمووی ئەو لایەنانەو  زۆر لایەنی تری ڕێبەری نەمرمان بە جێگای خۆی بەڵام هونەری ڕێکخستتن و خۆپێگەیاندن دواتر خستنە خزمەتی گەل بە نرخی گیان و ژیانی لە ڕێبەری نەمرمان دا خسلەتکی بێ وێنە بوو کە لە ئەو ڕێبەرێکی ناودارو کەسایەتیەکی نیشتمانی بۆ هەموو کورد و کوردستان دروست کرد بوو. کە کورد بە هەبوونی شانازی دەکات و ڕەمزی مانەوەی کوردستان و کوردیش لە سێبەری خەبات و ڕێبەری نەمرو هەموو شەهیدانی کوردستانە.

بێ گومان کاتێک ناوێک تێکەڵ ببێ بە بەشێکی بەرچاو لە مێژووی هاوچەرخی کورد دەکرێت لە ڕووی زانستیەوە بخرێتە بەرچاوی بەرئاورد و لێکۆڵینەوەو ڕەخنەی زانستی تەنانەت ئەو لێکدانەوەیە کە بەو مەبەستە دەکرێت خزمەت بە گەیاندنی زیاتری پەیامی  کەسایەتیەکان دەکات. ڕێبەری نەمریشمان هەمان ڕێچکەی لە نوسینی مێژوودا گرتۆتە بەر  بۆ نمونە کاتێک باس لە کۆمار دەکات هەموو لایەنەکان دەخاتە بەر شرۆڤە تەنانەت لایەنە لاوازەکان بە باشی تاوتوێ دەکات.

یەکێک لە ڕەخنەکان لە ڕێبەری نەمرمان ئەوەیە کە چۆن وتووێژی قەبوڵ کرد لە کاتێک بۆخۆی زۆر جار تەنانەت بە خودی دوژمن گوتبو من چارەنوسی سمکۆ و قازی باش دەزانم بەڵام ئەگەر بێت و خاوەن پێشبینی کردنی داهاتوو بی شرۆڤەی سیاسی بە نیسبەت داهاتوو مرۆڤ بەرەو دروست کردنی ڕێگا چارەی نوێ هان دەدات و هەروەها دەرفەتی نوێ دادەهێنێ هەر بۆیەش ئەگەر ئاوڕێک لە ئەو سەردەمە بدەینەوە دەبینین کە دوای شەڕی ئێران و عێراق هاتنە ئارای دوخی نوێ سەختیەکی زۆر چاوەڕێی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات دەکرد. بۆ ڕزگاری لەو دۆخە دکتور قاسملوو ئامادە بوو بە نرخی ژیانیشی بێت ڕێگەچارەیەک لە دۆخی نوێ دا بدۆزێتەوە کە بوە هۆکاری تیرۆر کردنی هەر بۆیەش پێم وایە   ڕەخنە لە دکتور قاسملوو لەو بوارە دەبێ هەست بە گەوەرەی مەترسی ئەو کات بکەین کە دکتور قاسملو هەستی پێکردوەو دواتریش دیتمان چۆن توشی کەمپنیشنی و زۆر بابەتی تر بووین.

بەڵام ئەوەی حاشا هەڵنەگرە دکتۆر قاسملو ژیانی لە پێناو خزمەتی بۆ کورد فیدا کرد. مانای وشەی ڕێبەری بە تەواوی لە کردەوەکانی بۆ ڕێنمای و هان دانی گەلی کورد بەرەو ترۆپکی سەرکەوتن بۆ ئەوەی وەک هەموو گەلانی تر ئازاد بژیت لە ئەو دا بەرجەستە ببو هەر بۆیەش وێڕای شانازی کورد بەو ئەوەوە ئێستاش دەبێت بە لێکۆلینەوەی زیاتر و تاتوێ کردنی شێوازی چۆنیەتی ڕێبەریەکەی  باشتر بناسین و لە ئەزموونی ئەو بۆ چارەسەری بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی ئێستا کەڵک وەربگرین چونکە وانەکانی وەک چرایە بۆ ڕوناک کردنەوەی ڕێگەی خەبات.

ئەلبورز ڕۆئین تەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی