"an independent online kurdish website

ئەمە ناو و نیشانی ئەم کتێبەیە کە لە نووسینی “ماگدا ئیگێنس”ە و بەڕێز کاک “کەریم تاقانە” لە زمانی سوئیدی یەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەم کتێبە لە ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.  خاتوو ماگدا ئێگێنس(Magda Eggens 1924- 2016) لە بنەڕەتدا خەڵکی وڵاتی مەجارستانە و لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا، بە تاوانی یەهوودی بوون، خۆی و بنەماڵەکەی کەوتوونەتە بەر ستەمی نازییەکان. بنەماڵەکەی بە گشتی بووە بە سووتەمەنی ئەو شەڕە و لە کوورەخانەکانی مەرگی هیتلەردا مردوون. بۆ خۆی بە تەنیا لە لایەن رێکخراوی خاچی سووری سوئیدەوە رزگاری بووە و تا کۆتایی ژیانی لەو وڵاتە گیرساوەتەوە.

ئەم کتێبە بیرەوەری نووسەرە کە دوای ٥٠ ساڵ واتە لە ساڵی١٩٩٥ دەگەڕێتەوە بۆ زێدەکەی خۆی و باسی سەردەمی مناڵی خۆی و ئەو مەرگەساتە دەکا کە لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا تووشی وڵاتەکەی بە گشتی و یەهوودییەکانی دانیشتووی مەجارستان بە تایبەتی بووە.

بۆ ئاگاداری خوێنەرانی ئەم دێڕانە شەڕی دووهەمی جیهانی لە ١/٩/١٩٣٩ دەستی پێکرد و لە ٢/٩/١٩٤٥ بە دۆڕانی هیتلەر کۆتایی پێهات.

وەرگێڕانی ئەم کتێبە ١٦٥ لاپەڕەییە، کارێکی جوان و سەرکەوتووی بەڕێز تاقانەیە. چوونکە هەم وەرگێڕانەکەی کوردییەکی پاراوە، هەم ناوەرۆکەکەی کە باسی ستەمی ئایینی و ئیتنیکی دەکا، سەرنجڕاکێشە. لە بەر ئەوەی کوردیش چارەنووسێکی وەک خاتوو ماگدای هەیە و هەتا ئێستا ستەمی نەتەوەیی و ئایینی لێدەکرێ، خوێندنەوەی کتێبەکە بۆ گشت کوردێکی کتێبخوێن بە پێویست دەزانم.

لە کۆتایی ئەم دێڕانەدا وێڕایی دەسخۆشی لە کاک کەریم بۆ وەرگێڕانی ئەم پەرتووکە، بەردەوامی و سەرکەوتنی بەڕێزی لە کارەکانی داهاتوودا بۆ بە ئاوات دەخوازم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی