"an independent online kurdish website

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە داخەوە دەستی ترۆر گەیشتە دوورگەی تەناهی کۆچبەران و بە جارێک فینلاندی هەژاند!

reuf-golbeden-01

هەر چەندە هێشتا بە سەلمێندراوی نەسەلمێندراوە کە بکەری ئەم کردەوە ترۆریستیە پێوەندی بە کام یەک لە شانە ترۆریستییەکانەوە هەیە بەڵام کەس شکی لەوەدا نییە کە ئەم کردەوە ڕێک لە نموونە و میناکەکانی داعش و پشتیوانەکانی داعش دەچێت!

 ئەم شێوازە لە لایەن داعشەکانەوە لە زۆرێک لە وڵاتەکان تاقی کراوەتەوە و بە گشتی بەرهەمەکەی دڵەڕاوکەی کۆمەڵگە ئارامەکانە کە دیارە بەمەبەست ئەم کردەوە بێ بەزیی و هۆڤانە لەم وڵاتانە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تۆقاندن و ترسەوە بە ئامانجە گڵاوەکانیان بگەن!

  ئەمەش بۆ کۆمەڵگەی جیهانی گرینگە کە لەوە تێ بگات کە ترۆر تەنیا شێوازی کەڵک وەرگرتن لە چەک نییە و بەڵکوو ترۆر لە بنەڕەتدا یەکێ لە میتۆدەکانی بیر و هزری داخراوی ئەوانە بۆ گەیشتن بە ئامانج!

ئەگەر باری ئیدئۆلۆژی ئەو تاقمانە بنبڕ نەکرێت دەتوانرێت بۆ هەتا هەتایە لە نێو کۆمەڵگەکاندا ڕەگ داکوتن و قەت بە تەواوەتی بنەبڕ نەکرێن!

ئەوڕۆکە ئیتر ترۆر تەنیا پەیوەست نییە بە تاقمێک یان چەند تاقمی بەناوبانگ کە شەو و ڕۆژ لە ماسمیدیای جیهانییەوە پیشانی خەڵک دەدرێت!

 لەوە دەچێت میدیای چەواشەش خۆی بەشێک بێت لەو دەمامکە نوێیەی سەدەی بیست و یەک کە بە دڵنیاییەوە پشتیان بە دەوڵەتان و سەرچاوەی مادی گەورە بەستووە و ئەمەش ئەو خاڵەیە کە هیچ کردەوەیەکی ترۆریستی بە تەنیا نابێ شی بکرێتەوە بەڵکوو دەبێ وەک ئەڵقەیەک لە زنجیرە کردەوەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت!

من پێم وایە لەو ناوچەیەی کە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە  سنوورەکان دیارترن، لانی کەم بۆ ئێمەی کورد ئەم دیاردەیە ئاشکرایە کە هەر کەسێک ئەوڕۆ دژایەتی  جووڵانەوەی ئازادیخوازانی کورد بکات خۆی لە بەرەی ترۆریزمدا دەبینێتەوە!

 لە بەر ئەوەی کە کوردستان قەڵای دژە ترۆرە بە گۆتەیەک نوێنەرایەتی جیهان دەکات لە شەڕی دژ بە داعشەکان!

 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوانەی وا دژی کورد دەجووڵێنەوە بریتین لە داگیرکەرانی کوردستان لە گەڵ هەر دوو داعشی شێعە و سوننە کە بە ئاشکرا لە سووریا و عێراقدا لە لایەن هەر دوو داگیرکەری ئێران و تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن!

کۆماری سێدارەش هەر لە یەمەنەوە بگرە هەتا سووریا و عێراق و ئەفغانستان و لۆبنان دەستی ڕەشی ترۆریستیان بە ئاشکرا دیارە و ئەوەی وا لەم ناوە ڕاشکاوانە دژی وەستاوەتەوە تەنیا کوردستانە و بەس!

ئایەکوو ماسمێدیای بەرپرس بوونی هەیە؟

کاتێک کە کردەوەیەکی ترۆریستی وەک لە سێدارەدان و خنکاندنی کەس یان کەسانێک لە سەر شەقام وەک شانۆ لە لایەن ماسمێدیای چەواشەوە پیشان دەدرێت یان کۆڵبەری زەحمەتکێش و دەرەتان لێ داخراو بە قاچاخچی ناوبوێر دەکرێت مانای ئەوەیە کە میدیای چەواشەکار هزر و بیری گشتی بە لای هەواڵ و دەنگوباسی لاوەکی ڕابکێشێ بۆ ئەوەی کەس سەرنجی کردەوە ترۆریستییەکانی کۆماری سێدارە نەدا کە لە ڕاستیدا بەم شێوازە بیروڕای ناوخۆ و دەرەوەش دەخەڵەتێنێ!

بڵاوکردنەوەی فیلمی لە سێدارەدان لە لایەن کۆماری سێدارەوە چ جیاوازییەکی هەیە لە گەڵ بڵاوکردنەوەی فیلمی سەربڕین لە لایەن داعشەکانەوە؟

کۆماری سێدارە و داعش ڕێک بۆ دڵەڕاوکەی کۆمەڵگە، ئەوانە بڵاودەکەنەوە واتە میدیای چەواش لە لایەن ترۆریستە دەمامکدارەکانەوە بڵاودەبێتەوە!

لە وڵاتێک کە بە کۆمەڵ خەڵک بچن بۆ سەیرکردنی سێدارە و کوشتن، ئەرکی ماسمێدیای جیهانی و مافی مرۆڤ و وڵاتانی دێمۆکرات دەبێ چی بێت؟

ئایەکوو ئەوانیش دەبێ ڕۆڵی بینەر و سەیرانکەر ببینن؟

کۆمەڵگەی ئێران ڕۆژانە بینەری لە سێدارەدان و گرتن و لێدان و سووکایەتی بە کەسایەتی مرۆڤن و ئیتر بەهایەک بە ناوی بەها پیرۆزەکانی مرۆڤ بوونی نەماوە!

 وێنەی سێلفی لە گەڵ هەڵواسراوێک مانای دابەزینی ئەخلاقی کۆمەڵگەیە و تەنیا لە مرۆڤە سەرەتاییەکان ئەوە کردەوانە دەوەشێتەوە نەک لە مرۆڤی سەدەی بیست و یەک!

بێ شک کاریگەری دەیان ساڵ کردەوەی بێ بەزەییانەی کۆماری سێدارە و هاوشێوەکانی وەک داعش کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ سەدان ساڵ وەپاش دەخات، ئیتر باجی ئەم هەموو خەسارەتە دەکەوێتە سەر نەوەی ئەوڕۆ و نەوەکانی داهاتوو!

 بەرهەمهێنانی نەوەیەکی بێ بەزە کە جگە لە ڕق و بەزۆر خۆ سەپاندن هیچ ڕێگایەکی‌تر نازانن بۆ خۆدەرخستن!

ئاسایی نییە کە کەسێک هاتبێت بۆ پەنابەری بەڵام زۆر بێ بەزەییانە بە بێ ئەوەی دەست بپارێزێ دەست بکات بە ڕەشەکوژی کە ماناکەی ئەوەیە ئەقڵ کۆتایی هاتووە و ئیتر نۆرەی ترۆرە!

کۆماری سێدارە بە سیاسەتی هەناردەکردنی نائارامی و شەڕ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ڕێک هەمان سیاسەتی پەروەردەکردنی ترۆر پێڕەو دەکات، لەبەر ئەوەی کە ترۆر لە نائارامی و دڵەڕاوکەدا گەشە دەکا!

 کۆماری سێدارەش وەک ترۆر لە ئاژاوە و شەڕدا گەشەی کردووە!

ڕەوف گوڵبەدەن

21.8.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی