"an independent online kurdish website

کورد لە دوای ئەو هەموو چەرمەسەریەی کە لە لایەن داگیرکەرانی خاکەکەیەوە بە سەریدا هاتووە لەوە دەچێت کە هێشتاش گومانی لە داگیرکراوی خۆی هەبێ؟

 کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە ئەوڕۆکە یەکێ لەو وڵاتانەیە کە بە شێوەیەکی زۆر دۆژمنکارانە و فێڵبازانە داگیرکراوە و دەکرێت ناوی بنێین دوایین کۆڵۆنی نوێی سەدەی بیست و یەک کە هێشتاش بە داگیرکراوی ماوەتەوە!

کوردستان دەست ئەنقەز هەتا ئەوڕۆکە بەم شێوەیە ماوەتەوە! ئەوەتا کوردستان بووە بە چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیتر نە تورکیا و نە ئێران و نە عێراق و سووریا ئارامیان بە خۆیانەوە نەدیوە و هەتا کوردستان دەبێ بە واقێعی ناوچەکە ئەم نائارامی و پشێوییە درێژەی دەبێت!

دوایی هاتنی سایکس-  پیکۆ!

 بە توورهەڵدانی گرێبەستی نێوان دوو زلهێزی ئەو سەردەمە واتە دوو ئیمپراتۆری فەڕانسە و ئینگلیز، هەروەها بە سەرچونی تەمەنی ئەم گرێبەستە داگیرکەرانەیە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە نەخشەڕێگایەکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی لار و گێڕی نەخشە کۆنەکەی سایکس- پیکۆ ڕاست بکرێتەوە!

ڕاستکردنەوەی کارێکی وا مەزن تەنیا لە توانای زلهێزێک دەبێت کە کەس شان لە شانی نەدات کە ئەویش وا دیارە ئەو تاکە زلهێزە بە ڕکابەرە ئەمریکایە!

ئەوڕۆکە ئەمریکا وەک تاکە زلهێز خۆی کردووە بە ڕدێن سپی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەش بە پێی بەرژەوەندی زلهێزی تازە واتە خودی ئەمریکا سەر لە نوێ دادەمەزرێتەوە!

ڕۆژی دەسەڵاتدارەتی ئیمپراتۆری ئینگلیس و فەڕانسە  ئیتر بە سەرچوو و هەر وەک دیارە ئەوانیش تا ڕادەیەک پێملی زاڵکردنی سیاسەتی بە ئەمریکایی کردنی فەرهەنگی ناوچەکەن!

 جیهان دوای دوو شەڕی گەورەی یەکەم و دووهەم پێویستی بە ئاڵوگۆڕ و پێداچوونەوە بە سەر دوا ئەنجامەکانی ئەو شەڕە گەورانە هەیە و وەک دیارە ئەوڕۆکەش هێز ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و ئەمریکا بەو هێزە زەبەلاحەی وا هەیەتی لە هەر لایەک بوەستێت ئەو لایەنە براوە دەبێت!

 ئیتر لەم بڕگە هەستیارە مێژووییەدا پێویستمان بە مۆرە هەڵدان نییە بۆ ئەوەی بزانین کە کورد لە کام بەرە؟

کورد دیارە دەبێ لەو بەرەیەدا بێت کە داگیرکەرانی کوردستانی تێدا نییە!

لە ئێستاشدا بە ڕوونی دیارە هیچ هەڵبژاردەیەک جگە لە بەرەی ئەمریکا بە قازانجی کورد نابێت واتە هیچ ڕێگایەکی‌تر بۆ کورد نەماوە، مەگەر بەرەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی!

لە هەمان کاتدا کوردستان خاوەنی قورسایی خۆیەتی و هەر بۆیە ئەو قورساییە بە لای هەر لایەنێکدا بکەوێ لەوانەیە ئەنجامێکی لێ سەوز بێت!

گرینگە کە کورد لەوە تێبگات کە تەنیا نییە و ئەو لایەن و تاقمانەی کە لە ژێر هەر ناوێک دژایەتی کوردستان دەکەن زۆرتر پەلەقاژەی داگیرکەرانە کە دەستیان ڕوون بووە یان لە گەڵ ئێرانن و یانیش لە گە ڵ تورکیان، وەک دەبینین هەربە فیتی ئێران  هەر دوو دەوڵەتۆکەی بەغدا و ئەسەدی داڕووخاو تێکڕا پێکەوە هەم دژی کوردن و هەمیش دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی!

کوردستان لە ئەگەر سەربەخۆییدا پێدەچێت دەبێ بە یەکێ لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کە بێ شک هەم کاردانەوەی دەبێ و هەم کارتێکردن لە جۆغرافیای ناوچەکە و ئیتر نە ئێران و نە تورکیاش ناتوانن لە ژێر ئەم کارتێکردنەدا دەرباز ببن!

 ناتوانن وەکوو جاران پێکەوە هێرش بکەنە سەر کورد لە بەر ئەوەی هێرش بۆ سەر کوردستان وەک هێرش کردن دەبێ بۆ سەر ئەمریکا هەر بۆیە خۆیان لە ڕیسکی وا نادەن

! ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە ئێران و تورکیای شێت کردووە!

داگیرکەران  بە پێی سرووشتی داگیرکەرانەی خۆیان هەر وەها خۆزایی شێوەی سیستمەکەیان قەت بێدەنگ نابن ئاساییە کە هەرگیز نابێ چاوەڕوانیت لە داگیرکەر بێت سووک و ئاسان مل بە داخوازییەکانی داگیرکراو بدا!

هەر بۆیە سرووشتییە کە هەتا دوا هەناسەی خەریکی دووبەرەکی نانەوە و ئاژاوەگێڕی و سەرقاڵ کردنی کۆیلەکانە بە شتی لاوەکییەوە بێت، تەنانەت هەتا هێزی هەیە دەرفەتەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی تەمەنی پڕ لە نەگبەتی خۆی درێژکاتەوە! ئەمە تایبەتمەندی داگیرکەرە!

 بە داخەوە زۆرێک لە خەڵک بڕستی خوێندنەوەی نەخشەی وڵاتە داگیرکراوەکەی خۆی لێ بڕاوە، بە جۆرێک کە ڕێکخراوەکانیش تەنانەت زانیارییەکی ئەوتۆیان لە ژووری پیلانگێڕی داگیرکەران نییە هەر بۆیە دەبینین زوو زوو لەم شارەوە بۆ ئەو شار یان لەم گوندەوە بۆ ئەو گوند دەیانخەنە دۆخێکی کتوپڕی وا کە هیچ چاوەڕوانییەکیان بۆ نەکردووە و ئیتر ئەم بێ ئاگاییە لە سەرمان بووە بە ماڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ!

لە ڕاستیدا بڕێک لە دەرفەتەکان خۆمان داومانە بە داگیرکەران کە ئەویش نەزانینی خۆمان دەردەخات!

 سەرەڕای ئەمەش بەداخەوە ئێمەی کورد لە بەشی پاشەکەوت کردنی زانیاریدا زۆر داماوین و بۆ خوێندنەوەی خۆمان لە سەرچاوەی داگیرکەران دەڕوانین و بە تایبەتیش بەشی مێژووی ڕووداوەکانی کورد لە هەمووی کزترە و ڕووداوەکان بە ئارشیو نەکراون هەتا مێژووش نەخوێنینەوە لە مێژوو پەند وەرناگرین!

پێویستمان بە زانیاری نوێ و خوێندنەوەی تازە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو هەیە بۆ ئەوەی کە زوو زوو بیرازی هزری پێ بدەینەوە!

 لەوە دەچێت ئەم بەشەیان بۆ هەمیشە لە مێشکی کورد فۆرمات کردبێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانن زانیارییەکانی خۆیانی پێ ڕۆژەڤ بکەینەوە!

 

دوو گرووپ و بەس!

 ئێستا ئیتر ئەمە بووە بە خوویەک کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە!

 یەکێ لە دژکردوە خۆزاییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ئەوەیە کە ئەو ڕەهەندە زۆرەملییە ناخودئاگایە کۆمەڵگەی کردووە بە دوو بەشەوە  و هەر کەسێک کە لە دەرەوەی ئەم دوو بەشە بێت  بە نەیاری هەر دوو گرووپەکە دێتە ژمار!

هەر دوو گرووپەکە دەسەڵاتیان لە نێوان خۆیان دابەش کردووە و ئەوانەی کە لە گەڵ ئەم دوو گرووپەدا نین بێدەسەڵاتیشن!

ئەرکی ئەم دوو گرووپە!

 یەکەم گرووپی چەپڵە و بژی و بمرە کە بە بێ ئەوەی بزانن چ باسە بە گۆپاڵەوە دێنە گۆڕەپانەکە و شەلم کوێرم ناپارێزم جگە لە خۆیان هەرکەسیان بەرپل کەوێت کێوماڵی دەکەن!

 جیاوازی گرووپی دووهەم لە گەڵ یەکەم لەوەدایە کە بە نایەکی گەورە لە دایک بوون و هەر بە ناش دەژین و لەوانەیە ئەم نایە سەریشیان بخوات بەڵام وەک دژکردەیەکی خۆزایی ناخودئاگا بەرانبەر بە گر‌ووپی بەرانبەر واتە گرووپی بەڵێ هیچ هەڵبژاردەیەکی‌تریان لە بەر دەستدا نەماوە، بۆیە ناچارن بۆ ڕاگرتنی هاوکێشەکە لە گەڵ گرووپی بەڵێ هەر درۆشمی نا بکەن بە تاکتیکی گرووپەکەیان!

ئەم گرووپە وەک ئەوەی سوێندیان خواردبێ کە هەتا بەڵێ مابێت ئەوانیش هەر نا دەبن، ئیتر ئەمە خوویەکە و گرتوومانە بە شیری و تەرکی ناکەین بە پیری!

ئەوەی لای من سرووشتییە ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە ڕاستیدا دەبێ لە هەر دوو گرووپەکەی تێدا بێت بەڵام ئەوەی وا لای من ئاسایی نییە ئەوەیە کە هەر دوو گرووپەکە یەکتر بە فەرمی دەناسن و دان بە بوونی یەکیشدا دەنێن، کەچی بە هەر دوو گرووپەوە دژی ئەوانەن کە نە لە گەڵ ئەمانن و نە لە گەڵ ئەوانن!

ئەمە ڕاهاتنە بۆ لابردنی ئەوانەی کە لە گەڵ خۆیان نین!

 خوویەکی‌تری زۆر خراپمان هەیە کە ئەویش دوای کارەسات بۆ ماوەیەک لە ژێر کارتێکەری ڕەهەندی کارەساتەکە بڕێک هەست و سۆزی یەکدی دەجووڵێنن و هەتا شوێنەواری برینی کارەساتەکە خۆش دەبێتەوە یان گۆشتەزۆ دەکات ئیتر لە بیرمان دەچێتەوە و هەر یەکەو بۆ خۆمان دەکەوینەوە سەر ملۆدییە کۆنەکە و تا کارەساتێکی‌تر خۆمان دەدەینەوە دەستی قەزا و قەدەر!

بەرەی داگیرکەرانی کوردستان پێکەوە دژی سیاسەتی کورد ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا دەکەن و لە ئاستی باڵا کۆبوونەوە و دانیشتن ڕێک دەخەن و لەوانەیە شەوانە کردەوە و ئاکاری ڕۆژانەی خۆمان شی بکەنەوە بۆ گیانی خۆمان!

لە کاتی بێدەنگی و ئارامیدا کوردەکەش فێربووە چاوەڕوانی ڕووداو بکات بەڵام ڕۆڵی ئەم تەنیا سیایی لەشکری شانۆکەی ئەوان دەبێت و کارگێڕەکان لە پشتی پەردەوە بووکەلەکان دەخنە دەجووڵە!

لای داگیرکەر هەموومان نەیارێکی خوێ تاڵین تەنانەت ئەوەشی وا یارمەتی داگیرکەرەکەی خۆیشی دەدات، بە بێ ئەوەی بزانێت تەنیا ڕٶڵی قولاپێکی ماسیگری دەبینێ کە دوای ئەوەی ماسی خۆیان پێ گرت ئیتر وەک شتێکی بێ کەڵک دەیخەنە لاوە!

ئێمەی کورد هەر هەموومان خاوەنی یەک چارەنووسین و ئەگەر خۆشمان حەز نەکەین ئەوە نەخشە ڕێگای ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە کە سنووری نێوان کوردستان و داگیرکەرانی کێشاوە و ئیتر کورد هەتا چەند خوێندنەوەی بۆ ئەم  نەخشە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت بەو ڕادەیەش هەڵوێست دەنوێنێ!

کوردستان ئەوڕۆکە مۆتۆڕی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە بەرەو جێگیربوون دەچن!

 هیچ پارچەیەک لە کوردستان بەدەر نییە لەم نەخشە ڕێگایە و هەر بۆیە کوردستانی مەزن ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی کۆی نەکاتەوە یان بە جۆرێکی‌تر ڕێگای کۆنگرە بەستنیان لێبگرن با لە ئاستی باڵا ژوورێکی هزری نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خۆیان دامەزرێنن بۆ ئەوەی بە هەڕەمەکی نەکەونە ناو پیلانەکانی داگیرکەران و ناڕاستەوخۆ نەبینە مقاشی دەستی ئەوان!

کورد پێویستە بیر لە یەکگرتنەوەی نیشتمانی خۆی بکاتەوە و ئەوڕۆکە دەبینین کە ئەم بڕگە مێژووییە چ ڕۆڵێکی گرینگی داوە بە کورد با لە گرینگی ئەم ڕۆڵە مێژووییە تێبگەین!

بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی کوردهیچ کێشەیەک لەم ناوچەیە چارەسەر نابێت و لە ئەگەری پشتگوێ خستنی کێشەی کورد ئەوە ناوچەکە دەبێ چاوەڕوانی سەد ساڵی‌تری پڕ لە شەڕ و شۆڕ و نائارامی بێت!

ئایەکوو ئەمە گرینگی ڕۆڵی کورد نییە لە شەترەنجی ئەم ناوچەیەدا؟

من لەم مەتەڵە تێناگەم  کە کورد بۆ ئامادەیە لە گەڵ ئێران و تورکیا دانیشتن بکات بەڵام ناتوانێ لە گەڵ کوردەکەی خۆیدا کۆببێتەوە؟

کێ ڕێگری دەکات لە پێکەوە هاوکاریکردنی کوردەکان؟

لە لایەکی‌ترەوە بە ڕای من هیچ لۆژیکێک لەوەدا نییە کە کورد دژایەتی ئەو دیاردانە بکات کە لە  بەرژەوەندی گشتی کوردستاندایە!

ڕێفڕاندۆم بۆ سەر بەخۆیی لە ناوەرۆکدا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیی نییە لە گەڵ هەمان ویست کە لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوی نراوە کانتۆن و دواتر کراوە بە فیدڕاڵی!

 هیچ کەسێک نابێ دژی ویستی کورد بوەستێتەوە و ئەمە دەبێ لای هەموو تاکێکی کورد هێڵی سوور بێت!

گرینگ ئەوەیە کە کورد ببێتە خاوەن ماڵی خۆی جا لە ژێر هەر ناوێک دەبێ با بێت!

من پێم وایە سەربەخۆیی کوردستان لە باشوور لە گەڵ ڕۆژئاوای کوردستان لە چوار چێوەی هەر  سیستمێکدا دابمەزرێت هەر دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی کورد لە ئامانجەکانی و هەر بۆیە داگیرکەرانی کوردستان دژایەتی هەموو بوونی ئێمە دەکەن لە ژێر هەر ناو و ناوەرۆکێکدا چ لە ڕۆژئاوا و چ لە باشوور!

کۆماری سێدارەش بە پێی سرووشتی خۆی ناتوانێت کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ لە پاڵ  کۆمارە سێدارەکەی خۆیدا قبووڵ بکات و زۆر ئاساییە کە ئەو دوو سیستمە جیاوازی قووڵیان لە گەڵ یەکدا دەبێ و هەرگیز نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئەو سێدارەچییانە قسەیەکی خێر بۆ کورد بکەن!

بەڵام کە کوردستانی سەربەخۆ بوو بە ئەمری واقێع ئیتر هەر هەموو داگیرکەرانی کوردستان ناچار دەبن وەک ئەمرێکی واقێع هەڵوکەوتی لە گەڵدا بکەن!

سووریا و عێراق هەرگیزا و هەرگیز نابنەوە بەو دەوڵەتانەی پێشوو، ئەمە ئێستا یەکێ لە واقیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە و  هیچ گەڕانەوەیەک لە ئارادا نییە!

ڕەوڕەوەی گۆڕانکاری بەرەو پێش دەئاژۆ! لە گەڵ ڕەوتی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا ئوتماتیک پێویست دەکات کە باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش یان بەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە بکەون یان ئەوەیە کە لە ڕێگەی کارتێکەری ئەو فەزا تازەیە جووڵانەوەیەکی ڕێفۆرمخوازی هاوتەریب لە گەڵ ئاستی  گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بێتە ئاراوە کە پشتی بە ئازادیخوازان و کوردستانی سەربەخۆ گەرم بێت!

 جووڵانەوەکە هەر چەندە لە لایەن کۆماری سێدارە یان تورکیاوە دژایەتی بکرێت هیچ شتێک لە کێشەکە ناگۆڕدرێت لە بەر ئەوەی ئەو جووڵانەوە فەرزییە خۆی دەبێ بە بەشێک لەو هژموونییەی کە کورد لە ناوچەکەدا وەک دەسکەوتی ماندووبوون بە دەستی دەهێنێت!

 هەر دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا تازە لە ناو ئەو زۆنگاوەن کە تێی کەوتوون  و ڕۆژەڤی ناوچەکە ئەوان نین چوونکە لە سەر ئەوان قسە لە مێژە بڕاوەتەوە هەر بۆیە دەبینین هەر دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا سەرشێتانە پەلەقاژەی ئەوە دەکەن کە لانی کەم لەم بڕگە مێژووییەی ئێستادا کە بە سەریاندا تێپەڕ دەکات بە کەمترین خەسارەت دەربچن!

لە پاش ئێران و تورکیا ڕۆژەڤکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستەکەی بەرەو پاکستان و ئەفغانستان گۆڕیوە و دەبینین کە ئێران لە گەڵ داعش، ئەلقاعیدە، تەڵەبان بووە بە هاوپەیمان کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەویە کە ئەمریکا کەوتووەتە کلک و گوی قرتاندنی هژموونی کۆماری سێدارە!

 هەر وەک چۆن وردە وردە دەست و پێوەنەکانی کۆماری سێدارە لە یەمەن و بەحرەیەن و قەتەر و سووریا و عێراق دەقرتێنن بەمەش پەلهاویشتنەکانی تا ڕادەیەک بە نیسبەتی جاران سنووردارتر کراوە و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستان لە ژێرچاوەدێری خودی ئەمریکا جێگەی بە کۆماری سێدارە لە یەمەن و قەتەر تەنگ کردووە! ئەم گوشارە درێژەی هەیە!

ئەمریکا بە دانانی بنکە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەمان پەیامی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی پێیە و ئیتر کوردستان بە کردەوە بووە بە بەشێک لە ناتۆ، هەروەها بنکەی ئینجرلیک وردە وردە دەگوازرێتەوە بۆ کوردستان کە ماناکەی ئەوە دەبێت سنووری کوردستان پارێزراوتر دەبێ و ئەمەش خاڵێکی گرینگە لە پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کورد!

سنووری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە داهاتوودا لە لایەک دەگاتەوە سەر دەریا سپی ناوەڕاست و لە سەرێکی‌ترەوەش دەوڵەتی کوردستان هاوسنوور دەبێ لە گەڵ ئێرانی داهاتوو!( ئەگەر ئێرانی داهاتوو وەک خۆی بمێنێتەوە.)!

هەر وەک چۆن ئەوڕۆکە تورکیا لە ترسی ئەمریکا ناوێری پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان بدات هەر بە هەمان شێوەش سبەی کەس ناوێرێ پەلاماری دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە باشووریش بدات!

خوێندنەوەی ئەو ڕووداوەی باڵکایەتی لەم چوارچێوەیەدا ئەوەیە کە کۆماری سێدارە بۆ درز خستنە ناو باشوورەوە بە هەموو کارتێک کایە دەکات تەنانەت ئەو کارتانەی کە لە مێژە سووتاوە و ئەوڕۆکە ئیتر کێشەی کۆماری سێدارە لە گەڵ حێزبێک یان نیوە حێزبێک نییە بەڵکوو تەواوی ئەو پەلەقاژەیە دەکرێ گرێی بدرێتەوە بەو پەلەقاژەیانەی کە بۆ دژایەتی لە گەڵ سەربەخۆیی لە ئارادایە!

زەق کردنەوە کەسانی جێگەی گومان و پارەدارکردن و پشتیوانی کردن لە کەسانی بەرژەوەندخواز لەم قۆناخە ناسکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرزی داواکاری کورد کە ئەوڕۆکە لە سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە!

کوردستان ببڕا و ببڕا  ئیتر نابێتەوە بە کۆیلەی داگیرکەران!

داگیرکەران با بزانن کە ئێمەی داگیرکراو هیچ شتێکمان نییە بۆ لە دەستدان!

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی ڕۆژەڤ دەکاتەوە!

 

ڕەوف گوڵبەدەن

2.9.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی