"an independent online kurdish website

کەریم پەرویزی: خەڵک بە هاتنیان بۆ سەرشەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی ڕێژیم ڕەویوەتەوە و لە مەرحەلەیەکی دیکەدا، دەبێت ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت و بڕۆنە بەر زیندانەکان و داوای ئازادکردنی گیراوەکان بکەن.

kerim-perwizi-01

وتووێژ: سابیر فەتاحی

خرۆشانی جەماوەریی ڕۆژهەڵات و پەیامەکانی لە دوای ئەنجامە ئەرێنییەکەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، مژاری چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی تیشکە لەگەڵ کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

 

ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە وادەی دیاریکراو و بە بەشدارییەکی بەرچاو بەڕێوەچوو، هاوکات هەڕەشەکانی وڵاتانی دەورووبەریش هەر ماون، بە بڕوای ئێوە، ئەگەری عەمەڵی کردنیان هەیە یان هەر لە چوارچێوەی قسەدا دەمێننەوە؟

 

وەکوو هەموو لایەک ئاگادارن پێش لە گشتپرسییەکە، وڵاتانی دەورووبەر و حکومەتی بەغدا و ئەوانەی کە پێیان ناخۆشە کورد بە مافەکانی خۆی بگات، هەڕەشەی زۆریان دەکرد و ئێستا کە گشتپرسیەکە ئەنجام دراوە، ئەو وڵاتانەی کە هەڕەشەیان دەکرد، دەبێت شتێک لە خۆیان نیشان بدەن کە ئەو هەڕەشانەیان لە خۆڕا نەبووە و حەتمەن کردەوەیەکی بەدوادا دەبێت، بەڵام ئەو کردەوە ئاستەکەی جیاوازە، چوونکە بابەتەکە بابەتێکی ئاڵۆزەو وەزعییەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیەتییەکەی ناوچە، دۆخێکی ئاڵۆزە و ئەو وڵاتانە هەر کامیان بە نیسبەت بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە، هەڵوێستی جیاوازیان دەبێت. لە یەکەم کاردانەوەدا بۆ وێنە حکومەتی بەغدا باسی لەوە کرد کە فڕۆکەخانەکان دادەخات و هەندێک دەرگا سنورییەکانی ڕۆژهەڵات دەگرێتە ژێر دەسەڵات و ئەگەر بۆی بکرێت، هێز دەباتە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک کەرکوک و خانەقین و ئەمانە. وڵاتانی دەورووبەریش بۆ وێنە تورکیە باسی کردووە کە ئێمە هاتووچۆی هەوایی و زەوینی لەگەڵ کوردستانی عێراق بەرتەسک دەکەینەوە، کۆماری ئیسلامیش تەنیا لە ئاستی هەڕەشەدا مایەوە و کارێکی ئەوتۆی نەکردووە، تەنیا دانیشتن لەگەڵ سەرانی عێراق و ئەمانەدا دەکات و زۆرتر کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای حکومەتی بەغداوە دەیکات، ئەوانە هەندێک سەرەتای کاردانەوەکانن کە چاوەڕوان دەکرێت لە حەدی تایبەت تێنەپەڕێت، چوونکە هەر کامێکیان بەرژەوەندی تایبەتی سیاسی و ئابووری خۆیان هەیە؛ بە تایبەت کە حکومەتی بەغدا زۆرتر زەرەر دەکات لە مەسەلەی گشتپرسی کوردستاندا، بەڵام لەبەر لاوازی خۆی و لەبەر وەزعییەتی ئەمنیەتی خۆی ناتوانێت کاردانەوەیەکی ئەوتۆ و زۆری هەبێت و کۆماری ئیسلامیش تەنیا لە ڕێگای بەغداوە دەیهەوێت کار بکات واتە خۆی بە شێوەی ڕاستەوخۆ نایهەوێ فشار بێنێت چوونکە پێی ناکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانی ئەوەیان هەیە کە کۆماری ئیسلامی و تورکیە لە یەک دڕدۆنگن و هەر کامێکیان نیگەرانیی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر ئەمیان بازاڕی ئابووریی کوردستان لە دەست بدات و ئەوەی دیکە جێگەی بگرێتەوە، بۆیە زۆر مەترسیدار نابێت، بەڵام هەندێک کردەوە نیشان دەدەن تەنیا بۆ ئەوەی کە هەڕەشەکانمان کردەوەشی بە دوادا بووە.

 

ئەگەر هەڕەشەکان پراکتیکی بکرێن، هەڵوێستی حیزبی دێموکرات چ دەبێت؟

 

بە بڕوای من، بە کردەیی کردنی هەڕەشەکان لە داخستنی سنور و بواری ئابووری زیاتر تێناپەڕێت، ئەگەر بگاتە نیزامی و هێرشی نیزامی کە ئیحتمالی یەکجار زۆر کەمەو یەک لە هەزار و یەک لە میلیۆنیش نییە، حیزبی دێموکرات وەک هەمیشە کە خۆی بە پشتیوانی ئەم بەشە لە نیشتمان زانیوە، ئامادەیە و ئێستاش کە گشتپرسی بەڕێوە چووە و دەیانهەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن و هەر کات پێویست بێت داوای لێبکرێت، حیزبی دێموکرات ئامادەیە یارمەتیدەری ئەم بەشە لە نیشتمان بێت، بەڵام بە دڵنیایەوە ناگاتە ئاستێکی نیزامیی ئەوتۆ. بەڵام مەسەلەیەکی دیکە هەیە کە لە گشتپرسییەکەشدا نیشانیدا، کۆماری ئیسلامی کە هەڕەشە و گوڕەشەی یەکجار زۆری دەکرد کە پێش بەم گشتپرسیە دەگرێت و ناهێڵێت بەڕێوە بچێت، کاتێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خەڵک شاییان گێڕا و بە دەیان هەزار کەس هاتنە سەر شەقامەکان، ئەو کاتە کۆماری ئیسلامی هەڵوێستەکانی گۆڕا. بۆیە ئەگەر بیهەوێت هەڕەشەی جیددی یان هێرشی نیزامی بکات و بزانێت کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیقدامەکە و هەڵوێستەکە جۆرێکی تر دەبێت، کۆماری ئیسلامی پاشگەز دەبێتەوە.

 

باسی هەڵوێست و خرۆشانی شارت کرد و خەڵک هاتنە سەر شەقام، ئەوەیکە حیزبی دێموکرات لە مانیفێستی ڕاساندا باسی دەکات شار بە باشی ئەرکی خۆی ئەنجامدا، چونکە ترسی جارانی نەماوە و خۆی نیشان دەدات، ئێستا حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکە چۆن دەیانهەوێت ڕێبەرایەتی ئەم شۆڕشە بکەن کە هاتۆتە ئاراوە؟

 

ئەو شتە کە ئێوە پێی دەڵێن شۆڕش، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە. هاتنە سەر شەقامی خەڵک بە بۆنەیەک و خۆشی و شادی دەڕبڕینی خەڵکیش بە بۆنەیەکی نەتەوەییەوە، سەرەتاکانی نیشاندانی ئەوەیە کە خەڵک ئامادەیە بێتە گۆڕەپانەکە.

 

بەڵام حیزبی دێموکرات وێڕای بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم، داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش کرد کە بە شێوەی جۆراوجۆر خۆیان نیشان بدەن و بەشێکی بەرچاو لە درووشمەکانیش، تایبەت بە حیزبی دێموکرات بوون؟

 

بەڵێ ڕاستە، بەڵام شۆڕش، پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێت ئەو خەڵکە لە مەیداندا حوزووریان هەبێت بۆ شتێکی تایبەت و بیانهەوێت سیستمەکە بگۆڕن یان خەباتی خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن و بە بەردەوامیدانی بگاتە قوناغێک کە پێی بڵێت شۆڕش، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە و ئەوەی کە نەگەیشتۆتە ئەو قۆناغە، بە مانای ڕەتکردنەوەی شۆڕش نییە، بەمانای ئەوەیە کە سەرەتایە، سەرەتایەکە دوای چەندین ساڵ و چەندین شێوازی کارکردنی جیاواز وەکوو حیزبی دێموکرات باسی قۆناغی ڕاسان کراوە. بەڕای من قۆناغی ڕاسان، خاڵی ڕەشی ئامانجەکەی پێکاوە.

 

خاڵە ڕەشەکەی ئامانجی ڕاسان بریتی بوو لە چی؟

 

بریتی نەبووە لەوەیکە پێشمەرگە دێت و شار داگیر دەکات، بریتی نەبووە لەوەیکە بە هێزی پێشمەرگەوە، کوردستان ڕزگار دەکات، ڕاسان دەڵێت لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ و پێناسەکەشی ئەوە بووە کە بە حوزووری پێشمەرگە لە کوردستاندا ئەو ورە و هیوایە بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە کە خەڵک بۆ خۆیان بێنە مەیدان و ویستەکانی خۆیان باس بکەن. ئێستا دەبینین کە سەرەتاکەی نیشان دەدرێت کە خەڵک ئەو ترسەی نەماوە، خەڵک دێتە سەر شەقامەکان، لەو حەرەکەتانەی کە بە بۆنەی گشتپرسییەوە کران دیتمان کە لە چەندین شاری ڕۆژهەڵات دا خەڵک جەژن و شاییان کردووە و درووشمیان داوە، ئەوانەمان بینی کە خەڵک خۆیان دێنە سەرشەقام و باسی داواکارییەکانی خۆیان دەکەن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ڕاسان لە سەرەتاکەی خۆیدا، ئامانجی خۆی پێکاوە، داویەتی لە خاڵی ڕەش کە بریتییە لە حوزووری پێشمەرگە لە کوردستاندا بە مەبەستی وەگەڕخستنی کۆمەڵگا. لێرە بە دواوە، ئیتر خەڵک ئەوە ئەزموون دەکات کە دەتوانێت حوزووری هەبێت وبۆ خۆی خەباتەکە بەرێتە پێشەوە و پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکان و ڕێبەرە سیاسییەکان ئەرکی ئەوەیان نابێت لە جێگای هەموو خەڵک بڕیار بدەن و لە جیاتی هەموو خەڵک بیر بکەنەوە و رزگاری بێنن بۆ ئەم خەڵکە، بەڵکوو ئەرکیان ئەوەیە کە ئەوان ڕێکخەر دەبن. ئەو شتانەی کە پێویست دەکات، قۆناغ بە قۆناغ بە شێوەی تایبەتی خۆی بەرنە پێشەوە، کە گرینگترین قۆناغی ئێستا بە نەزەری من ئەوەیە کە خەڵک بە هاتنیان بۆ سەرشەقام، ترسیان لە داپڵۆسینی ڕێژیم بڕەوێتەوە و لە مەرحەلەیەکی دیکە دەبێت ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت، دەبێت ئەو زیندانانەی کە کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک لە سەر خەڵک ڕادەگرێت، ترسی خەڵک لە زیندان بشکێت و خەڵک بڕۆنە بەر زیندانەکان و داوای ئازاد کردنی گیراوەکانیان بکەن.

 

دەگەڕێمەوە نێو جوغرافیای عێراق وەک وڵاتێکی ڕووخاو و ئاڵۆز، لە بەرانبەریشدا ئاوەدانی و پێشکەوتن و دێموکراسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستانی باشووردا، پێت وایە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی دوژمنان لە سەربەخۆیی کوردستان لەبەر چییە؟

 

گەورەترین ترسی دوژمنان و داگیرگەران ئەوەیە کە کورد وەک ئەوان بیر ناکاتەوە، ئەوان ترسی گەورەیان لەوەیە کە ڕێژیمەکانی دەوروبەر هەموو داپڵۆسێنەر، دیکتاتۆر و سەرەڕۆن و باس لە شوڤێنیزم دەکەن، باس لە نەتەوەیەکی خەیاڵی سەردەست دەکەن کە هەموو خەڵکی دیکە لە ناو ئەو نەتەوەیەدا بتوێننەوە، بەڵام کورد باس لە ئازادی، دێموکراسی و پێکەوە ژیان دەکات، کورد باس لە ژیانی ئازادیی هەموو نەتەوەکان پێکەوە دەکات.

 

کورد باسی گەشە کردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و … دەکات. بەڵام ئەوان باسی هەزینەکردنی هەموو ئابووری و سەرمایەی وڵات لە پێناو ئیدیۆلۆژییەکی بەرتەسکدا دەکەن. ئەوە لە عێراقدا دەبینین کە حکومەتێکی تایەفی- مەزهەبی هاتۆتە سەرکار، لە تورکیەدا دەبینین کە درووشمە فاشیستی و شوڤێنیستییەکان دووبارە زیندوو دەبنەوە، ئەوە لە کۆماری ئیسلامیدا کە دەبینن باس لە ئیدیۆلۆژییەکی توندڕەوانە دەکرێت، حکومەتی بەشار ئەسەدیش کە ڕوون و ئاشکرایە چ دڕندەیەکە. بە گشتی لە چوار دەوری کورددا باس لە کوشتن، تێرۆر، تواندنەوە و سڕینەوەی هەموو نەتەوەکانی دیکە دەکرێت، بەڵام کورد لەو نێوەدا باس لە پێکەوە ژیان، گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و خەرجکردنی داهات و دەرکەوت و سامانی وڵات لە پێناو گەشەکردنی خەڵکدا دەکات، ئەمە ئەو ئیدیۆلۆژییەیە کە کورد هەیەتی بەرانبەر بەو هەموو ئیدیۆلۆژییەی وڵاتانی ناوچەکە؛ بۆیە ئەوان ترس و نیگەرانیان لێی هەیە کە مۆدێلێکی دیکە لە ژیان، مۆدێلێکی دیکە لە کۆمەڵگا، مۆدێلێکی دیکە لە حکومەت و لە سیاسەت دێتە ئاراوە کە سێحر و ئیعجازی شۆڤێنیستەکانی دەورووبەر پووچەڵ دەکاتەوە و ئەفسانەی ئەوان دەباتە ژێر پرسیارەوە. کۆماری ئیسلامی و شۆڤێنیستی حاکم لە تاراندا ترسی لەوە هەیە کە ئەو درۆیانەی کە چەندین ساڵە کردوویەتی، هەموو درۆ و ئەفسانە سازییەکانی باتڵ دەبێتەوە.

 

عیبادی ڕایگەیاند لە سەر پرسی رێفراندۆم و ئەنجامەکانی هیچ قسەیەک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ناکەین، ئەگەر بێت و عیبادی لە سەر ئەم هەڵوێستە بەردەوام بێت، چارە چییە؟

 

عیبادی وەکوو هەموو دەسەڵاتدارانی دیکەی ناوچە بەتایبەت وەکوو پێشزەمینەکانی خۆی وەکوو رێژیمی سەدام و مالیکی و هەموو ئەوانەی دیکە دەیهەوێت دەسەڵاتی موتڵەق و سەرەڕۆی خۆی بە سەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەگەر ئێستاش نەتوانن کە وەزعییان لاوازە، بەڵام سبەی کە وەزعیان ئارام بێتەوە، ئەوانە هەر ئەو کارە دەکەن، چوونکە ئەگەر لەبیرمان بێت بەر لە هێرشی داعش، مالیکی ئۆپڕاسیۆنی دیجلەی ڕاگەیاند و هێزی نیزامیان هێنا کە دەست بە سەر کوردستاندا بگرن، ئەو ژنڕاڵەیان هێنا، بەڵام ئەو شەوەی داعش هات بەپەلە هەڵات، یانی ئەوانە لە واقیعدا دەیانهەوێت هەر کات دۆخەکە ئارام بوویەوە، بچنەوە سەر پاشخانە شۆڤێنیستەکەی خۆیان، ئینجا چ عیبادی بێت یان هەر کەسێکی دیکەیان، لە بەغدا حاکم بێت یان لە تاران، شام و ئانکاڕا، هەمان بیرکردنەوەیان دەبێت کە دەیانهەوێت ئەم خەڵکە بسڕنەوە و بە هێزی نیزامیش دەیسڕنەوە نەک ئەوەیکە پێکەوە بژین، ئەوانە ئەو شتانەیان هەیە بەڵام وەزعی خۆیان نالەبارە، عیبادی ئێستا دەسەڵاتی بە سەر ناوچەکانی خۆیدا نییە.

 

ئەگەر سرنجت بە قسەکانی ئەردۆغان دابێت لەم ماوەیەدا بە تەواوی لە سەر شەخسی بارزانی قسەی دەکرد و ئێرانیش بە هەمان شێوە فوکۆسی لە سەر شەخسی بارزانیە، لە حاڵێکدا ئەم گشتپرسیە لە جوغڕافیایەکی موشەخەس و بە ئیتفاقی هەموو ئەحزاب هاتووەتە ئاراوە، ئەوە نیشاندەری چییە؟

 

دووژمنانمان نایانهەوێت قبووڵ بکەن کە نەتەوەی کورد خاوەن مافی خۆیەتی. ئێستا چ بەڕێز بارزانی بێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و بە پێی دەسەڵاتەکەی دەتوانێت و پێداگرە لە سەر گشتپرسیی و دەوڵەتی کوردستان، یان هەر کەسێکی دیکە بێت، مەسەلەی کورد، مەسەلەیەکی نەتەوەییە و کەسانێکی زۆر شۆڕشگێر هاتوون و لەو ڕێیەدا کاریان کردووە.

 

دەسەڵاتەکانی دەورووبەر نایانهەوێت وەکوو مەسەلەیەکی نەتەوەیی بیبینن، دەیانهەوێت شتەکان لە کەسێکدا کورت بکەنەوە و بڵێن ئەو تاکەیە کە خەریکی ئاژاوەیە و دەستی دوژمنانی تێدا هەیە. دەنا ئەگەر مەسەلەکە ئەوە بێت، ئایا لە تورکیەدا جگە لە ئەردۆغان هیچ ستەمێکی دیکە لە سەر کورد نەبووە، ئەی سەد ساڵی ڕابردوو ئەو هەموو تاوانە بە نیسبەت کورد کراوە؟ لە تاراندا تەنیا خامنەییە کە دژ بە نەتەوەی کورد ستەم دەکات؟ نا ئەوە سیستەمێکی فیکری فاشیستییە کە فاشیزم لە ناوچەکەدا پەرە پێدەدات و لە نێو کوردیشدا بیرکردنەوەکە داخوازییەکی نەتەوەیی هەیە، ئێستا بەڕێز بارزانی نەبێت هەر کەسێکی دیکە بێت ئەوان دەیانهەوێت شتەکان تەنیا سووک کەن و لە ئاستێکی زۆر کورتدا نیشانی بدەن کە بە لاچوونی نەفەرێک، چارەسەر دەبێت. لە حاڵێکدا بە هەزاران کەسیان کوشت، بە هەزاران کەسیان قەتڵ و عام کرد، بە هەزاران کەسیان کیمیاباران و تیرۆر کرد، دەوڵەتەکانی دەورووبەر و داگیرکەرەکان هەموو شتێکیان کرد، بەڵام کورد هێشتا لە سەر خەباتەکەی خۆی پێداگرە.

 

دوا قسەتان؟

 

هیوادارم لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا کە ڕاسان دەستی پێکردووە، بەردەوام بێت چوونکە گەشە کردن و گرینگی پێدان بە خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، یارمەتیدەرێکە بۆ خەبات لە باشوور و بەشەکانی دیکەشدا، پێکەوە ئەو خەباتانە لە هەر دوو بەشەکاندا بڕواتە پێشەوە، ئەوانە بۆعد و ستراتێژیکی یەکترن، هیوادارم زیاتر گەشە بکات.

 

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی