"an independent online kurdish website

فەتاح سەعیدی تێکۆشەر و خەباتکاری  زۆر مەیدان، و مرۆڤی کەم ئیدیعا و ماندووی نەناس. قوربانیی تێرۆریزی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

فەتاح سەعیدی

فەتاح سەعیدی لە دایک بووی ئاوایی بایزاوای نەغەدە و گەورەبووی زێوەی  مەڕگەوەڕە و تەمەنی لە پەنجا ساڵ تێپەڕیوە . بەرلەوەی ساڵی ١٣٥٨ ببێتەوە پێشمەرگە ماوەیەک شۆفێری شیرکەتی تەعاونیی شارۆچکەی زێوە بووە. دواتریش بۆتە پێشمەرگە ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی شەهید نەحۆی ورمێ.

فەتاح چوونکی بە نیسبەت ئاستی خوێندەواریی ئەوکات پێشمەرگەیەکی خوێندەوار بووە، بۆیە زوو توانیویەتی پلە تەشکیلاتییەکانی نێو حیزبی ببڕێ و ببێتەوە کادر لە بەشی بێسیم(مخابرات)ی سەرانسەریی حیزب و لە  پێشان ماوەیەک لە کۆمیتەی شارستانی مەهاباد و دواتریش لە کۆمیتەی شارستانی ورمێ کاری کردووە و  دواتر بەرپرسایەتیی بەشی بێسیمی ناوەندی ئاگری و مەڵبەندی شیمالی بە ئەستۆ گرتووە.ئەو لە یەکەم کەسەکان بووە کە دەورەی بیسیمی لە حیزب دا دیوە و کاری بێسیمی ڕاکاڵی کردووە کە ئەوکات بەرپرسی گشتیی کۆمیسیۆنی ڕادیۆ و مخابرات ڕێبەری بلیمەت و ماندووی نەناس کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بوو.

کاک فەتاح وەک زۆر کادر و پێشمەرگەی حیزب دەتوانرێ ناوی شەهیدی زیندووی لە سەر دابنرێ. چوونکی ئەو دووجار  لە واقیع دا مردووە و دووبارە  زیندوو بۆتەوە.  جاری یەکەم لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٣ بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە دەست هاوڕێیەکی خۆیدا  بە سەختی بریندار بۆوە و جارێکیش لە بەهاری ساڵی ١٣٧٣  بە دەست تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سلێمانی .

ساڵی ١٣٦٣ بنکەی ناوەندی ئاگری، کۆمیتەی شارستانی ئاڕاڕات و ئۆرمیە لەگەل هێزەکانی شەهید سەرگورد عەبباسی، شەهید سەروان حاتەم و  شەهید نەحۆ لە گوندی “دێرێ” ی ناوچەی گەلی بەردەڕەش بووە.دیوی بێسیمی ناوەند دێوێکی بچووک بووە کە بۆ سێ شت کەلکیان لێ وەرگرتووە.  هەم ژووری بێسیم، هەم جێی ژیانی بێسیمچیەکان و هەمیش ژووری دروست کردنی مین بۆوە!

لە سەرماوەزی ١٣٦٣ لە کاتێک دا فەتاح  خەریکی وەرگرتنی پەیامێکی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە  دەبی بۆ ناوەند کە یەکەم جارە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگە جێژن دەگیرێ  وکۆمیسیۆن بڕیاری داوە کە فەرماندەی هەموو هێزەکان لە ڕیگای بێسیمەوە بە دەنگ پەیامی خۆیان بنێرن تا لە ڕادیۆ بڵاو بێتەوە. هاوکات کادرێکی پسپۆری دروست کردنی بۆمب و مین بە ناوی ڕەسووڵ دەروون پەوەر لە قولینجکەکەی دیکەی ژوورە بچووکەکەیان خەریکی دەستکاری و دروست کردنی  ٣ دانە مینی تانک شکێن بووە،فەتاح بە شۆخی پێێ دەڵێ: ڕەسووڵ نەمانبەیە هەوا؟ هیندەی پێ ناچێ مینەکە دەتەقێتەوە و ڕەسووڵ دەست بەجێ شەهید دەبێ. (لەواقیع دالەت و پەت دەبێ) . فەتاح زۆر جار باسی دەکا کە وایزانیوە بوومەلەرزە هاتووە. ئەو بەسەختی بریندار دەبێ و دەکەوێتەوە ژێر دیوارە رووخاوەکە . ئێستاش سەروچاو  و لەشی فەتاح زۆر تیکە و ساچمەی تێدایە. لە کاتی تەقینەوەی بۆمبەکە دا دوو پێشمەرگە لە بەردەرکی ئەو ژوورە دەبن کە بەهۆی سورعەتی دەنگی مینەکە ، هەردوو پێشمەرگە فڕێدەدرێنەوە دوور بەڵام بریندار نابنەوە.(بەهمەن و تێجر).  لە ژوورەکەی بەرانبەریشیان کە ژووری فەرماندەهی بووە کەسێک بە ناوی حامید تێدا بووە کە بەهۆی ڕووخانی ئەو ژوورەش، حامید لاقی دەشکێ . فتاح لە ژێر دیوارە ڕووخاوەکەی ژوورەکەیان دەردەهێندرێ.

فەتاح شانسێک کە هەیبووە بوونی دوکتۆرێکی بەتوانای موجاهیدین بوو لە نەخۆشخانەی حیزب کە لەوێ هەبوو. دوکتۆر ساڵح زۆر دوکتۆرێکی لێهاتوو بوو کە خزمەتی زۆری دەکرد. هەروەها هاوڕێ حاجی جوندی کە لە کاری برینپێچی و ئەوانەی دەزانی بە فەتاح ڕا دەگەن تا برینەکانی سارێژ دەبنەوە. فەتاح ئەوکاتی ئەگەر پێیخۆش بوایە وەک کەم ئەندامێک لە لایەن حیزبەوە دەنێردرایەوە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو کوردستان  و پێشمەرگایەتی بەجێ بێڵێ.

لە ساڵەکانی دواتر دا فەتاح وەک بەرپرسی بەشی بێسیمی مەڵبەندی شیمال کاری دەکرد. مەڵبەنید شیمال لە سەردەمی خەباتی شاخ دا  بەردەوام لە سێ شوێن بنکە و بارەگای هەبوو کە دەبا بە بێسیمی ڕاکاڵ ڕۆژانە  پەیوەندیان هەبێ. بەشێک لە ناوچەکانی ورمێ، بەشەکەی دیکە لە ناوچەکانی سەڵماس و بەشێکیش بنکەی سابیت لە باشووری کوردستان. فەتاح بەرپرسی ئەو ڕایەڵکە پەیوەندییەبوو و زۆریش بە باشی و بەدیقەتی تەواوە وە کاری دەکرد. منیش شانسی ئەوەم هەبوو کە دوو ساڵ وەک بێسیم چیی لک لە بەشی مخابرات دا کارم کردوە و جارێکیان وابزانم ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ٦٦ بوو کە لە چیای کولۆخی پشتی کەلەڕەش ڕا دەمەویست خەبەری دەست بەسەرداگیرانی پایەگای گوندی کەریکان بیدەم بە کاک فەتاح کەلە کیفارستانی تەڕگەوەڕ بوو. تا سەرکەوتم سەعات بوو بە پێنجی تەواو و فەتاح هاتە سەر خەت. منیش ماندوو  و  هەناسە بڕکێم بوو. گوتی: چیتان کردووە؟ گوتم عەمەڵیاتمان کردووە بەس  ڕاوەستە با نەفەسم بێت جا بۆت دەخوێنمەوە. بایەکی توندیش دەهات. فەتاح هەر چەند چرکە جارێک دەیپرسی: ئەرێ ئەو نەفەسەت هەر نەهاتەوە من لە سەرما ڕەق بووم؟

دوای ئەوە فەتاح هەم وەک شۆفێر و هەم وەک بەشی تەداروکات لە مەڵبەند کاری دەکرد . دوای ئەوەی هێزەکانی حیزب لە سنوور داگەڕێندرانە قووڵایی باشوور، فەتاح لە پێشان لە بنکەی ڕانیەی حیزب و دواتریش دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە سلێمانی کاری دەکرد. جگەلە کاری پەیوەندییەکان و هاوکاری لەگەل بەشی تەداروکاتی گشتیی حیزب ، ڕۆژانە فەتاح پێشمەرگەی برینداریشی دەبردە نەخۆشخانەکانی سلێمانی بۆ موعالیجە. سەرەنجام بەهاری ساڵی ١٩٩٤ لە شەقامی پزیشکەکان لە سلێمانی بەهۆی تێرۆریستێکەوە لە بەردەرکی مەتەبی پزیشکێک فەتاح دەدرێتەوە بەر دەسترێژ و بریندار دەبێ. گولە لە پشتەوە ڕا لێی دەدرێ و لە دەمی دێتەوە دەر و تەنانەت چەند ددانیشی دەشکێن. فەتاح ماوەیەک بەهۆی حەساس بوونی برینەکەی  ئیزنی قسەکردن و نان خواردنیشی نەبوو. لە کاتێک دا کە تێرۆریستەکە جارێ هەر نیزیکە لە فەتاح، کەس هاوکاریی ناکا و هیچ پێشمەرگەیەکیش لەوێ نیە و فەتاح لە سەر شەقام  بێکەس  وغەریب کەوتووە  و خوێن لە بەری دەچێ ،تێکۆشەرێکی  دێرین و ناسراوی باشوور بە ناوی مەلا حەسەنی شاخی لێی پەیدا دەبێ و دەیباتەوە لای دوکتۆر کە فەتاح بەردەوام باسی ئەو دڵسۆزیەی مەلا حەسەن شاخی دەکا.

بەڵێ کاک  فەتاح یەکێک لە قوربانیانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی یە کە لە پەنا قەبر گەڕاوەتەوە و تا ئێساش بە  دەست برینەکەیەوە دەناڵێنێ. حەقی خۆیەتی ئەگەر نە ئەوکات و نە ئێستا دەنگی غەدرلێکراویی فەتاحەکان بە مرۆڤایەتی بگەیەنین و نۆکەران و خۆفرۆشان لە پێناو هیندێک ئیمتیازی کەم تێکۆشەری وەک فەتاحیان لە نێو دەبرد، با لانی کەم بە جیلی ئێستامان بناسێنین و بزانن جیلی پێسوو چۆن خەباتیان کردووە و چۆن میللەتێکیان بە فیداکاریی خۆیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە؟

کاک فەتاح سەعید لە چەند دێرێک دا

کاک فەتاح مرۆڤێکی ئارام، مەتین، قسە خۆش و مەجلیس گەرمە. مرۆڤێکە کە ئەوەی لە وجوودی دا نیە قین و بوغز و تۆڵە کردنەوەیە. تووڕي نابێ پێموانیە لە ژاینی دا قسەیەکی ساردی بە کەسێک گوتبێ، کەم ئیدیعا و متەوازە، ئەهلی گلەیی و چاوەڕوانیی پاداشی لە کەس نیە.  ئینسانێکی دڵ و دەروون پاکە. فەتاح گەنجێکی قیت و قۆز و سەری حاڵ بوو،ئەهلی شۆخی و قسەی خۆشە و بیرەوەریی زۆری لە لایە. جوانترین لایەنی کەسایەتیی فەتاح ئەوەیە کە مرۆڤێکی بێ منەت و خاوەن بڕیاری خۆیە. ئەهلی باندبازی و دووبەرەکی نیە. قەت هەوڵی نەدەدا بۆ پلە و پۆستی حیزبی. من خۆم شاهیدم کە لە چەند کۆنفرانسی مەڵبەند داوامان لێکرد کاندید بێ بۆ ئەندامەتیی مەڵبەند و بەشی ماڵی کە زۆر لێزان بوو لەوبەشە دا، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو کاندید بێ و دەیگوت خەڵکی دیکە هەیە و ئەوە من کاری دیکە دەکەم.

بیرەوەرییەکی بچووک لە سەر خوێندنەوەی کتێبی  حەمەدۆک

کتێبی حەمەدۆک لە نووسینی یەشار کەماڵ و لە وەرگێرانی مامۆستا حەسەن زادە  تازە بڵاوببووە. فەتاح گوتی وەڵا من خوێندمەوە بەس بە ٣ سەعات هەمووم تەواو کرد. گوتمان چۆن بە ٣ سەعات تەواوت کرد؟ گوتی لە سەر چەقڵە شینکە ٨٠ ڵاپەرەبوو ، ٤ ڵاپەرەم  خوێندەوە. لە سەر عەلیە شەل ٢٠٠ ڵاپەڕە بوو بەس ٨ ڵاپەرەم خوێندەوە. هەر ئاوا پیداچووم، بە ٣ سەعات تەواوم کرد!

برایەکی فەتاح بە ناوی ڕەحمان ماوەیەک پێشمەرگە بوو. ڕەحمان هیندێك حەساس بوو، زۆر جار پێشمەرگە دەکەوتنە سەری و تووڕەیان دەکرد، ئەزیەتیان دەکرد . بۆ تاقە جارێک نەمدیت فەتاح بێتەوە دەنگ و بڵێ : بۆ سەردەنێنە سەری ڕەحمان و توورەی دەکەن.

فەتاح سەعیدی یەکێک لەو تێکۆشەرانەی حیزبە  کە ئەهلی خۆ دەرختسن نیە و بۆیەشە تا ڕادەیەک بە گومناوی ماوەتەوە. لە حاڵێک دا کاتی خۆی مەڵبەندی شیمال ٣، یان ٤ کادری پلە ٣ی هەبوو کە کاک فەتاح یەکێکیان بوو. فەتاح زۆر زوو دەتوانێ دۆست و هاوڕێ پەیدا بکا و لەگەل دۆستەکانی زۆر گەرم و سەمیمی یە. ئەهلی تەعاروفیش نیە و قسە لە ڕوویە.

کاک فەتاح  زۆر سیفەتی بەرز و خەباتکارانەی هەیە کە  هەرکامەیان بەرزترین لایەنی کەسایەتیی مرۆڤە شۆڕشگێرەکانن. من خۆم هەمیشە کاک فەتاحم وەک نموونەی شۆڕشگێڕیکی ڕاستەقینە و خۆڕاگر دیوە و وەک سونبوڵی خۆڕاگرییە لای منی کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە نیزیکەوە دەیناسم. لە کۆتایی دا وێڕای هیوای سڵامەتی و تەندروستی بۆ کاک فەتاح ،سڵاوم هەیە لە خزمەتیان دا.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی