"an independent online kurdish website

خوشکەزا جوانمەرگەکانم، وا ٤٠ رۆژ تێپەری! بەڵام بۆ ٤٠ سانیەش لە یادنەکراون.

نگار گیان، تا ئیستا دەنگی لالۆ گیانی تۆ لە گۆێم دەزرنگێتەوە، وا دەزانم دووبارە ئەو ووشە لە تۆ دەبیسمەوە، بە تایبەت بەو لەفزە شیرینەت کە دەتوت لالۆ گیان حەزدەکەم بۆ زانکۆ بێم لە ئوروپا بخۆێنم. زۆر حەز و ئاواتی دیکەت بۆ ژیان هەبوو، بەڵام مخابن قەدەر وایکرد، تۆی تەمەن لاو پر لە هیوای لێسەندین، نەیهێشت تەمەنی لاوێتی تێپەربکەیت.

بەڵام لەو سەفەرەت بە تەنیا نەبووی، ئەوەتە سومەیا گیان خوشکە بچووکۆڵەکەت کە خۆت بەیانیان پرچت بۆ شانە دەکرد و بۆ قووتابخانە بەڕێت دەکرد، یا باوکە زەحمەتکێش و خۆشی نەدیوەکەت، باپیرو پورو چەندین خزمی دیکەت هاوسەفەرتانن.

نیگار گیان بە سەدان قووتابی دیکەی گەلە بەشخوراو ئازاردراوەکەمان هاوسەفەرتن. بە دەیان هەزار قووتابی دیکە ئیستا لە ژێر خێوەت و بەفرو باران و سەرمای زستان خەریکی وانەکانیان، دەزانی هاوپۆلەکانت کەسیان دڵیان نایە لە سەر کورسیەکت دانێش و گووڵێکی سوریان لە  شۆێنەکەت داناوە.

 

بەڵام گیانی لالۆ: تۆ دەزانی لەم سەفەرە لە ناکاوەی سروشتدا، دایکە بریندار و جەرگ سووتاوەکەتان تووشی چی تراژیدیاکردوە، کە هەرگیز ئەم تراژیدیا دڵتەزێنە لە پێشچاوی دوور ناکەوێتەوە.

بێجگە لە خاڵۆکانت، لە پورەکانت، لە مامۆکانت و باقی خزمانت لە ناوخۆی وڵات، ئایا دەزانی ئیستا لاوانی بنەماڵەکەت کە ژیانی دوور لە نیشتیمان تێپەر دەکەن لە دوای کۆچی ئێوە: ژیان و قووتابخانەو کار و ڕاپەرانی ئەرکی ڕۆژانەیان هەموو لێتێکچووە. تۆ دەزانی برا بێنازەکانت کاکە دیار و کاکە کۆیار کاتێ کچانی هاوتەمەنی خۆشکە شەهیدەکانیان دەبینن، چی جیهانێکی مەترسیدار دێتە پێشچاویان. تۆ دەزانی ئیستا شیلان، شۆخان، باخان، ئالان، بنیامین، کۆیستان، کابان، ئاکام، هەرێم، ئاوارە کاروان، نەجلا، ڕۆژگار، شێرکۆ، ئازاد و  هەژار. هەمیشە وەک چیرۆکی بەر ئاگردان لە دەوری بیرەوەی و کۆسپە گەورەکەی بنەماڵە کۆ دەبنەوە، و هەموو وەسیلەکانی ژیانی رۆژانەیان بە وێنەی ئێوە ڕازاندووەتەوە.

نگار گیان، سومەیا گیان، مەرگی خزم و کەس و کارم زۆر دیوە، بەڵام ئەمەی ئێوەو هەزاران کوردی شەهیدی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کرماشان،  کارەساتە خەماوییەکەی کەرکوکی لە بیر بردم. بەخوا هەرکات هاوتەمن و هاوناوێکی ئێوەش دەبینم قرچە لە ناو جەرگم دێت.

گووڵە سوورەکانی لالۆ: ئەوا کاتەکە بە پەلە تێپەردەبێت، ئیستا چل رۆژ بە سەر کۆچ و ماڵئاوا ژیانئاواتان تێپەر دەبێت، بەڵام هەرگیز بۆ ٤٠ سانیەش لە پێشچاوی من و کەسانی بنەماڵە و خزم لە یادنەکراون.

ئارام بنوون پەپۆلەکانی بەهەشت ڕۆحتان شاد.

لالۆتان: عارف باوەجانی ٢١ / ١٢ / ٢٠١٨

 

تێبینی : نیگار و سومەیا ٢ خوشکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، کە دەبنە خوشکەزای من، چل ڕۆژ پێش لە کارەساتی زەوی لەرزینی ١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧، وێرای زیاد لە ١٥٠٠ هەزار کەسی دیکە گیانیان لە دەستدا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی