"an independent online kurdish website

هەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکانی ژیانی حیزبی و تێکۆشانم و گەڕان بە نێو چاپەمەنیی حیزبی و ئارشیوی شەخسیی خۆم دا، هەمیشە کۆمەڵێک مرۆڤم دەخەنەوە یاد کە بە داخەوە ئێستا لە ژیان دا نەماون بەلام بیرەوەریی خۆش و یاد و ناوێکی جوانیان لە لای من و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دیکەیان بە جێ هێشتوە. مەحموود ئیسماعیلی یەک لەو مرۆڤانەیە.

شەهید مەحمود ئیسماعیلی

مەحموود کە کوڕی بنەماڵەیەکی پێشمەرگەپەروەر بوو و برا و خوشکێکی(کاک ئەبووبەبکر و خاتوو حەلیمە ئیسماعیلی) لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزب دابوون، بۆ خۆشی هەر میرمنداڵ بوو کە بوو بە پێشمەرگە. پێشمەرگەیەکی ئازا و گورج و توند و تۆڵ و بە بیروباوەڕ. چەندی خواش حەز دەکا قسە خۆش و ڕوحسووک. هۆگری فێربوون و خوێندنەوە بوو و حەز و مایەی نووسینیشی تێدا بوو کە بە داخەوە فریا نەکەوت پتر بیانخەمڵێنێ و پەروەردەیان بکا. مەحموود و چەند کادر و پێشمەرگەی دیکەی نەغەدە و پیرانشار(ئەحمەد بابەکە، حوسێن فەتحوللاهی، مراد دریازی، قادر حاجی عەوڵا و سیامەک نیزامی، هاوینی ١٣٧٣ لە کوێستانەکانی سەرسنووری پیرانشار( سەرەوەی سێ چۆمان )کەوتنە نێو کەمینی جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی و شەهید بوون.

ئەو ساڵانەی لە یەکیەتیی لاوانی دیموکرات خەریکی تێکۆشان بووم و سەرپەرستی و بەڕیوەبەریی گۆڤاری “لاوان”م لە سەرشان بوو، یا دواتر کە لە گەڵ کاک هەیاس لە یەکیەتیی لاوان نەمابووین بەڵام هاوکاریی بەڕێوەبەرانی بووین، ئەوەندەی بگونجابا، دەستی لاوانی پێشمەرگەی بە مایە و خاوەن حەز و بەهرەی ئەدەبی و نووسین، هی وەک مەحموود ئیسماعیلیمان دەگرت و کەلێنێکمان دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی نووسینیان بڵاو ببێتەوە. ئەمڕۆ کە بەڕێکەوت ژمارە ٥٥-٥٦ی بڵاوکراوەی “لاوان”م وەبەرچاو هات( تایبەت بە ڕێبەندان و رەشەمەی ١٣٧٢) و چاوێکم پێدا خشاند، بابەتێکی شەهید مەحموود ئیسماعیلی سەرنجی ڕاکێشام. پێم حەیف بوو هەر وا، بە لای دا تێپەڕ بم،یادێکی شەهید مەحموود نەکەمەوە و شتێکی لە سەر نەنووسم و نووسراوەکەشی نەخەمەوە بەر سەرنجی خوازیارانی زانیاری لە بارەی ئەو جۆرە مرۆڤانە.

یادی مەحموود و هەموو لاوانی دڵ پڕ لە ئەوینی وەک مەحموود هەر بەرز و بەڕێز. با ژیانی کورت و گیان بەخشینیان لە پێناو باوەڕ و ئامانجی بەرزیان دا هەر سەرمەشقمان بێ.

 

٢٨/١٢/٢٠١٧

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی