"an independent online kurdish website

 دواى ئەوەى لە نەورۆزى ڕابردوو سکرتێرى گشتى حیزبی دێموکراتى کوردستانى ئێران وێڕاى ڕاگەیاندنى تێزى ڕابونى دوبارەى گەل بەرانبەر بە کۆمارى ئیسلامى

albors-rointan

ئەلبورز ڕۆئین تەن

بۆ گەیشتن بە ڕزگارى و لە ژێر دروشمى تێکەڵ کردنى خەباتى شاخ و شار داواى لە لاوان کچان و کوڕانى کرد کە بێنە ڕێزى شۆڕش و لەو ڕابونە دا ڕۆلى بەرچاو بگێڕن لەو ڕۆژەوە بە دوا بەشدارى زۆرى لاوان بەرچاوە لەو نێوە دا بەشدارى ژنان بە بەرئاورد لە گەڵ ڕابردوو زۆر بەرچاوە کە وێڕاى دڵخۆشی و پێشکەوتنى دۆزى گەلەکەمان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە لە خوارەوە شرۆڤەیان بۆ دەکەین. هۆکارەکان زۆرن و بە شیوەیەکى گشتى هەموو تاکێکى کۆمەڵگا دەگرێتەوە بەڵام بۆ ئەوەى بە شیوەیەکى بابەتیانە بۆ هۆکارەکان بچین بە تایبەتى لە بوارى بەشدارى چالاکانەى ژنان  تەنیا هۆکارى یاسا دواکەوتوەکانى کۆمارى ئیسلامى و یاسا پێشکەوتوەکانى حیزبی دێموکرات و شۆڕش کە وا لە ژن دەکات بۆ بەرنگارى ئەو یاسایانە بەشدارى ڕاسان بکات شی دەکەینەوە چونکە بە چاوخشاندنێک بە یاساکان لە هەردو لایەن کۆمارى ئیسلامى و شۆرش واتە حیزبی دێموکراتى کوردستانى ئێران دەبینین ڕاسان دەرفەتێکە بۆ ژنان بۆ ئەوەى لە بنەماکانى یەکسانى و ئازادى کەڵک وەرگرن بۆ ئەوەى خەبات بکەن تا کۆمەڵگایەکى خاوەن ئەو بنەمایانەمان هەبێت و هەموو ژنیکى کورد ئازادانەو بە یاسای یەکسان لە کوردستان بژین کە بنەماى کۆمەڵگایەکى سەردەمیانەو پێشکەوتوە.

 

گرنگى یاسا

ئەگەر خاڵى هەبوونى یاسا لە کۆمەڵگادا بە هەبوونى شارستانیەت لەو کۆمەڵگایەدا بزانین گرنگى یاسا بە باشی خۆى دەردەخات. بەلام ئەو چەندە لە سەرتاى دروست بوونى یاسا گرنگى هەیە و دواتر ئەوە کواڵیتى یاساکانە کە ئەو پێشکەوتنە گارانتى دەکات. لێرە دا چۆنیەتى دانانى یاسا ڕۆڵیکى بەرچاو دەگێڕێت ئەگەر چاوخشاندنیک بکەین بە کۆمەڵگا پیشکەوتوەکانى دونیاى ئەمڕۆمان باشترین جۆرى یاسا و چونیەتى دانانى لە ڕێگەى دیموکراتیک و واتەى زۆرینەى خەڵک دادەنرێت و بەردەوام بەرو پێش دەبردرێن هەر بۆیەش کاتێک یاسا ڕەنگدانەوەی داخواز و ویستى زۆرینە بێت باشتر دەتوانێ نرخە مرۆڤایەتیەکان واتە ئازادى تاک یەکسانى و دادپەروەرى بۆ کۆمەڵگا دابین بکات و کاتێک کە تەنیا ڕوانگەى ئیدۆلۆژى یا داخوازى دەسهەڵاتداریکى مڵهۆر بێت ئەوا زیاتر لە یاسا وەکو کۆت بەند بۆ کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت چونکە ڕەنگدانەوەى ویستى ئەو دەسهەڵاتە مڵهۆرەیە ئەو چەندە لە بوارى کۆمارى ئیسلامى بە باشی خۆى دەردەخات چۆن ئیدۆلۆژى خۆى بەسەر کۆمەڵگا دا دەسەپێنێت.

 

ژن لە یاساکانى کۆمارى ئیسلامى

بە لێکدانەوەى ئیدۆلۆژى دەسهەلات کە باوەڕى تەواوى بە ولایەتى فەقی و شیعەى دوازدە ئیمامى هەیە و یاساکان ڕەنگدانەوەى ئەو ئیدۆلۆژیەن کە جیا لە بنەماکانى یەکسانى و دادپەروەرى لە بنەماى هەندێک یاسا و رێساى مەرجەعى شیعەى هاودەورمان کەڵک وەردەگرن کە بوە هۆکارى ئەوەى یاساکان دواکەوتوو بن و ژن مافى پێشێل بکرێت بۆ نمونە ژن لە قانونى ئەساسی ئێران بەو شێوەیە باسی لێوە دەکرێت.

١_ لە پێشەکى قانونى ئەساسی کۆمارى ئیسلامى بۆ باس کردن لە مافەکانى ژن باس لە یەکەى بنەماڵە دەکات ڕۆڵى ژن لەو یەکەیەدا بە گرنگ و کاریگەر دەزانێت و دەڵی ئەو قانونە هەوڵ دەدات کە ژن لەو یەکەیەدا بە باشی ڕۆڵى خۆى بگێڕێت.

لێڕە دا مەبەستى لەو پێشەکیە ئەوەیە کە ڕۆڵى ژن لە کۆمەڵگا دا بە چوار دیوارى ماڵ کورت بکات کە ئەو چەندە لە گەڵ هەموو بنەماکانى دونیایی پێشکەوتوو دژایەتى هەیە چونکە ڕەمزى هەبوونى کۆمەلگایەکى پێشکەوتوو لە بەشدارى ژنان لە هەموو بوراەکانى ژیان و کۆمەڵگا دایە بەو شیوەیە دەتوانین لە هێزو وزەى نیوەى کۆمەڵگا کەڵک وەرگرین. هەروەها دەبێت داخواز و ویستى مرۆڤێک لە پێش دا دیارى نەکەین کە تۆ بۆ مالەوە یا دەرەوەى ماڵەوە دروست کراوى بەڵکو ئەوە بۆ بڕیارى هەر مرۆڤیک دەگەریتەوە یاساکان دەبێ ڕێز لەو بڕیارە بگرن و دەرفەتى بۆبڕەخسێنن.

٢_ لە ئەسلى دەیەم دا دیسان گرنگى دەدات بە پاراستنى بنەماڵە لە چوارچێوەى ئیسلام دا و پاراستنى ماف لەو چوارچێوەیەدا.

٣_ لە ئەسلى بیستەم دا دیسان پاراستنى مافەکان بە مەرجى چوارچیوەى ئیسلام دیارى دەکرێت.

٤_ لە ئەسلى بیست و یەکەم  دیسان پاراستنى مافى ژنان بە هەندێک کارى وەک دایکایەتى و یا چوارچیوەى بنەماڵە دەبەسترێتەوە.

٥_لە ئەسلى سەد و پانزدە ژن لە خۆ کاندید کردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار مەحروم دەکات کە بە گەورەترین پێشل کارى بۆ مافى ژن و نایەکسانى دەزانرێت.

 

ژن لە قانونى مەدەنى بەو شێوەى خوارەوە هاتوە

۱_ بە گوێرەى مادەى ٩٤٩ یاسای مەدەنى ژن و پیاو لە وەرگرتنى میرات نایەکسانن واتە پیاو دەتوانیت هەموو میراتى ژنى مردوى وەربگرێت بەلام ژن بە گوێرەى مادەى ٨٦٦ تەنیا بەشێک لەو میراتى پیاوى وەبەردەکەوێت.

٢_بە گوێرەى مادەى ١٠٠٢یاسای مەدەنى شوینى نیشتەجیى ژن شوێنى نیشتەجێى مێردەکەى هەژمار دەکرێت.

٣_بە گوێرەى مادەى ١١٠٥ یاساى مەدەنى بەرپرسی بنەماڵە بۆ مێرد دەگەڕێتەوە

٤_بە گوێرەى مادەى ١١٢٣ یاساى مەدەنى ژن تەنیا لە ٣ بابەت دا دەتوانێت مارەىەکەى نامێنێ بە ڵام مێرد لە ٦ بابەت دا دەتوانێ ئەو مافە بەکار بێنێت.

٥بە گوێرەى مادەى ١١٣٣ پیاو هەر کات بیهەوێت دەتوانێت ژنەکەى تەلاق بدات.

٦_ بە گوێرەى مادەى ١٢٣٣ ژن ناتوانێت بە بی رەزامەندى پیاو مافى (قیمومت) هەبێت

٧_ دادوەر تەنیا لە نێو پیاوەکانى خاوەن مەرج هەڵدەبژێردرن ئەگەر ژن بۆ بەشەکانى دیکەى دادگا یا دادوەرى تایبەتى تەنیا بە ڕەزامەندى بەرپرسی دەزگاى قەزاىى بێت

٨_دیەى ژن نیوەى پیاوە

٩_ قەدەغە بوونى مافى سەفەرى ژن بە بێ رەزامەندى مێردەکەى بە گوێرەى قانونى پاسپۆرت

ئەوانەى سەرەوە تەنیا چەند بابەتیکى کەم بوون کە بە نمونە هێنراون بۆ ئەوەى مافى ژن لە یاساکانى نوسراوى کۆمارى ئیسلامى دا هەن بە سەدان پیشلکارى تر هەیە کە بە شیوەى بڕیارى ڕۆژانە دەردەکرین و جیبەجی دەکرین لەوانە بڕیارى داپۆشین،بڕیارى قەدەغە بوونى ژنان بۆ یارگاکان، بڕیارى قەدەغە بوونى گورانى گوتن، تەنانەت سەنەدى ٢٠٣٠ یونسکۆ کە پەیوەندى بە خوێندن هەیە و لەوێدا جەخت لە سەر یەکسانى و مافى خوێندن بۆ کچان و کوران کراوە هەروەها خوێندن بۆ کەمینەکان و بە زمانى دایک لەوێ دا باس کراوە لە لایەن حکومەتى روحانى رەتکرایەوە. یا بە دەیا بڕیارى تر بۆ جیا کردنەوەى پیاو ژنان یا شوینى خویندن و بوارى جیا دەکرێت یا بە ئاشکرا لە لایەن مەرجەعى شیعە کە دەسهەلاتیکى زۆریان لە ڕیژیم دا هەیە بە ئاشکرا باس لە ژن تەنیا وەک ئامرازیک بۆ پیاو مانەوە لە مال دەکەن  واتە بە هەموو شێوەیەک ڕوانگەیەکى نایەکسان بە دژى ژن هەیە کە هەندیک جار هەندێک کاربەدەستى ڕیژیم لەو بەستێنە کەلک وەردەگرن بۆ ئەنجامى جنایەتى جیا جیا وەک ڕژاندنى تیزاب بە سەر ژنان بۆ تۆقاندن یا تۆلە کردنەوە کەڵک وەردەگرن. هەمووى ئەوانە کۆمەڵگا و کوردستان نەک ولاتێک بۆ ژیان بەڵکو زیندانیکى چەند بارەى بۆ ژنان دروست کردوە کە ژنان وێراى بەشدارى لە راسان بۆ خزمەت کردن بە نەتەوەو دێموکراسی بۆ بەرەنگار بونەوەى ئەویاسانە بەشدارى راسان دەکەن.

 

ژن لە ڕاسان دا

لە بەرانبەر دا ڕێبەرایەتى راسان و حیزبی دێموکراتى کوردستانى ئێران پێشینەیەکى دوریان لە کارکردن بۆ یەکسانى هەیە کە سەرەتایەکەى بۆ کۆمارى کوردستان دەگەرێتەوە لەوێ دا کار کراوە بۆ یەکسانى پێشخستنى ژنان بۆ بەشدارى لە هەموو بوارەکانى ژیان دا . ئەو کارکردنە سەرەراى ئەوەى کە حیزب بەردەوام لە خەبات و شۆڕش و شاخ بوە بەلام هیچ کات ئەو ئەرکەى ل بیر نەکردوە تەنانەت بە باشی بە جێ گەیاندوە هەتا ڕەنگدانەوەى لە سەر کۆمەڵگاش دا هەبووە لێرە دا من دەتوانم نمونەى یاساکانى کۆمسیونى قەزاى ساڵى شەستەکانى هەتاوى کە لە گەرمەى شەڕو پێکدادان لە گەڵ داگیرکەران دا لە لایەن حیزبەوە وەک یاسا کارى پێ دەکرا بە نمونە بهێنمەوە کە لەوێ دا لە زۆر یاسا دا کار بۆ ئەوە کراوە ئەو کەلتورە دواکەوتویە کە مافى ژن پێشل دەکات ڕەت بکاتەوە تەنانەت ئەگەر پێشل کارى بکریت ئەوا بە گویرەى ئەو یاسایانە هەلسوکەوتى لە گەڵ دەکرا. بی گومان لە کاتى شەڕو لە ژێڕگولەى تۆپ تانک و تەیارە جیبەجی کردنى سەخت یا هەندیک جار نامومکین بوو بەڵام ئەوەى کە ئەو بیرە بۆ ئەو چەندە هەبووە نیشانەى پێشکەوتووى هەروەها فەرامۆش نەکردنى ئەو بوارە لە لایەن حیزبەوە بوو کە ئێستاش بوە بە دەگمەن بەستینى وڵات بۆ ئازادى و یەکسانى لە کۆمەڵگا دا.

ئەو بابەتە لە لایەن ڕێبەرى نەمریش دکتۆر قاسملوو زۆر بە جوانى ئاماژەى پێکراوە کە دەڵێ ئێمە هەر چۆن خەبات بۆ ئازادى و مافى نەتەوایەتى و دێموکراسی دەکەین بە هەمان شێوە خەبات بۆ یەکسانى  مافى ژن دەکەین کە بەختیارى و پێشکەوتنى کۆمەڵگاى لێبکەوێتەوە. هەر بۆیەش ئەمڕۆ لە ناوەندەکانى راسان هەمان فەلسەفەى یەکسانى و ئازادى بەڕێوەدەبردریت کە هیوایەکە بۆ ژنان تا لەوێدا وێراى خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادى و یەکسانى بە ئازادى و یەکسانیش بژین.

 

کۆبەند

ژنان لە کۆمەڵگایەک بە یەک دونیا یاساى دواکەوتوو پەنا بۆ ناوەندێکى ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەهێنین تا لەوێدا وێراى ژیانێکى ئازاد خەبات بکەن بۆ بەدیهینانى ئازادى و یەکسانى لە کۆمەڵگاکەمان دا بی گومان ئەوە تەنیا بابەتى بەشدارى ژنان لە راسان دا نیە بەڵام هۆکارێکى گرنگە کە هیواىان بۆ یەکسانى لە داهاتووی لە کۆمەڵگا دا دو ئەوەندە دەکات وێراى خەبات بۆ رەهەندەکانى تر وەک هەر تاکێک خەبات بۆ مافى خۆیان واتە ژنانیش دەکەن کە ئەو چەندە لە ناوەندیکى وەکو راسان بە ڕێبەرایەتى حدکا بە تەواوى فۆرمولیزە کراوەو کارى بۆ دەکریت و تەنانەت لەو بابەت دا خزمەتێکى بە قەد تەمەنى خۆى هەیە کە نزیک لە سێ چارەگە سەدە دەبێت. لە هەمان کات باشترین بەڵگەیە کە ڕاسان چۆتە نێو خەڵک. هەر تاکیکى کورد بۆ هەر بابەتیکى سەردەمیانە بیهەوێ بە دژى داگیرکەر و دیکتاتۆرى کۆمارى ئیسلامى خەبات بکات دەتوانێت خۆى لە تێزو ناوەندى ڕاسان ببینێتەوە.

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی