"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ناڕاست و چەواشەکارانەوە لە لایەن ماڵپەڕی “پەیامنێر”ـەوە نووسینگەی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵە داوای ڕوونکردنەوەی لە بەرپرسانی ئەو ماڵپەڕەی کوردستانی باشوور کرد.

ماڵپەڕی پەیامنێر لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتە کە “حدكا” ھەواڵێكی ئاژانسی پەیامنێر ڕەت دەكاتەوە و پەیامنێریش داوای لێبوردن دەكات.

ماڵپەڕی پەیامنێر لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە “حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ھەواڵێكی ئاژانسی پەیامنێر ڕەت دەكاتەوە كە بڵاوی كردبووە “لە لایەن لاھوور جەنگیەوە پارە بە حدكا دراوە بۆ ئەوەی لەھەمبەر ڕووداوەكانی كەركووک بێدەنگی بنوێنن”.

لە درێژەی ئەو هەواڵەی ماڵپەڕی پەیامنێردا هاتووە، “لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی لێپرسراوی گشتی دەری كردووە و وێنەیەكی بۆ ئاژانسی پەیامنێر نێردراوە تێیدا ھاتووە: خەبەرێک بە ڕێکەوتی ٢٨ی مانگی فێبرییەی ٢٠١٨ لە ماڵپەڕەکەتاندا بڵاوکراوەتەوە، کە گوایا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٥٠ دەفتەر دۆلاری لە لاهۆر شێخ جەنگی وەرگرتووە، ئەو خەبەرە سەرتاپای ناڕاستە و بۆیە بە تەواوی رەدی دەکەینەوە”.

ماڵپەڕی پەیامنێر بڵاویشی کردووەتەوە کە “حدكا” دەڵێت: “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ پارەیەکی لە لاهوور شێخ جەنگی وەرنەگرتووە، هەروەها هیچ پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئاسایشی قەزای کۆیە بە هیچ تاوانێک دەستگیر نەکراوە تا داوای ئازادبوونیان بۆ بکرێ”.

لە کۆتایی ئەو هەواڵەدا بەرپرسانی ماڵپەڕی پەیامنێر بڵاویان کردووەتەوە، “لایخۆیەوە ئاژانسی پەیامنێر داوای لێبوردن لە حدكا دەكات و دەڵێت: لەلایەن سەرچاوەیەكەوە چەند بەڵگەنامەیەكمان بۆ ھات كە دەری دەخست حدكا بڕی ٥٠ دەفتەر دۆلاری لە لاھوور جەنگی وەرگرتووە، بەڵام دوای بەیاننامەكەی حدكا لێكولێنەوەمان لەسەر ھەواڵەكە چڕ كردەوە و دەركەوت بەڵگەنامەكان دروستكراو بوون و بۆ لێدان بووە لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بۆیە لە ئێستادا ھەواڵەكە لە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر لابراوە و ستافی ئاژانسی پەیامنێر داوای لێبوردن لە حدكا دەكات”.

 

بابەتی پەیوەندی دار

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوان دێگەڵە و ماڵپەڕی پەیامنێر دا، فواد خاکی بەیگی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی