"an independent online kurdish website

بە درێژایی مێژوی بزاڤی رزگاری خوازی نەتەوەکەمان بە هەزاران هەزار  رۆڵەی بە ‌ئەمەگی ئەو نیشتمانە لە دژی داگیر کەران و زۆرداران راپەڕیون و خەباتیان کردوە و گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی و کەرامەتی نەتەوەکەیان بەخشیوە

یان دەربەدەر و غەوارەی وڵاتان و هەندەران بوونە . بە هەزاران رۆڵەی شۆڕشگێڕی ئەو کوردستانە لە سیاچاڵ و زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا ساڵەهای ساڵ جەزرەبە دراون و پەتی سێدارەیان لە مل کراوە.‌فەقێ برایم یەکێک بوو لەو شۆڕشگێڕانە کە زیاتر لە سی ساڵ لە تەمەنی خۆی لە دژی رژیمەکانی پەهلەوی و رژیمی کۆماری ئاخوندی خەباتی بێ وچانی کردوە.

فەقی برایم کوڕی شێمحەمەد لە ساڵی  ١٩٤٤  لە گوندی کەڵەکین سەر بەناوچەی بەربنەی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی وەرزيڕ چاوی بە دونیای روون هەڵهیناوە.ژیانی منداڵی مام فەقێ وەک باقی منداڵانی ئەو سەردەمە لە گوند پڕ بووە لە دەردی هەژاری و چەوسانەوەی دەستی دەربەگ و کاربەدەستانی زاڵمی حاکم. بە هۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندی کەڵەکین فەقێ برایم لە لایان باوکیەوە دەنێردرێتە حوجرەی فەقێیان بۆ فێر بوونی دەرسی ئایینی کە ئەو رۆژگار بە هۆی کەم بوونی قوتابخانە ريگەیەکی باو بووە بۆ خوێندەوار بوون .هەر بۆیە لەو کاتەوە روو لە حوجرەی فەقێیان دەکات بە ناوی فەقێ برایم بانگ دەکرێ. لە مێژوی خەباتی ئازادی خوازانەی نەتەوەی کورد بەردەوام حوجرەی فەقێیان و تەکیەی شێخەکان شوێنی باس و گەشە کردنی بیری نەتەوەیی و بەگژدا چونەوەی داگیرکەران و حاکمانی زاڵم و ستەمکار بووە. حیزبی دێموکڕات و کۆماری کوردستان بە پشتیوانی و بەشداری ئەو چینە دروست بوون و گەشەیان کرد و لە راستی دا لە بەشی زۆری کادری رێبەری کۆماری کوردستان و باقی شۆرشەکانی تری کوردستان لەو کەسانە پێک دەهات کە پەروەردەی شوێنی پێگەیاندنی مامۆستایانی ئائینی بوون. لە پاش  هەلایسانی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستانی گەرمێن. (باشووری کوردستان) عێڕاق.. ئەو تێکۆشەرانەی حیزبی دێموکڕات کە لە پاش نەمانی کۆماری کوردستان پەڕیوەی گەرمێن ببوون وردە وردە  لە بواری چالاکی سیاسی و تەشکیلاتی لە نێو خۆی کوردستان دا بوژانەوە  مەجالی هام و شۆ و پەیوەندی کردن بە ئەندامانی کۆن و راکێشانی  جینێکی نوێ لە گەنجان بۆ نێو ریزەکانی تەشکیلاتی حیزب، زیاتریان بۆ رەخسا.و هاورێی نەمر مام فەقێ برایم ئەو سەردەمان کە لە هەڕەتی لاوەتی  و گەنجی دابوو لە حوجرەی فەقێیان لەگەڵ بیری نەتەوە پەرەستی و هزری شۆڕسگێڕی بە هۆی هاواڵان و کادیرانی حیزبی دیموکڕات ئاشنا دبێ و ساڵی ١٣٤٢ کۆچی هەتاوی ١٩٦٣ زایینی بە رەسمی دەبێتە ئەندامی تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکرات و دەست بە چالاکی رێکخراوەیی لە شوینی نیشتەجێ بونیان واتا گوندی کەڵەکین و دەور و بەری دەکات.

پاش ماوەیەک لە کار  وچالاکی حیزبی بە شێک لە تەشکیلات ناوچەی پیرانشار دەکەونە بەر هێرشی سازمانی ساواکی رژیمی پەهەلەوی و چەندین تێکۆشەر دەست بەسەر و رەوانەی چاڵەرەشەکانی ساواک دەکرێن .بەخۆشیەوە مام فەقێ و چەند کەس لە هەڤاڵانی پێس ئەوەی دەستی رەشی ساواک بیانگاتێ  خۆیان رزگار دەکەن و روو لە کورستانی گەرمێن دەکەن و بە رەسمی دەبنە پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان. لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٤٤ و١٣٤٧ی هەتاوی مام فەقێ برایم چەندین جار لە گەڵ کادر و پێشمەرگەکانی بەشی تەشکیلاتی ئەوکات بۆ مەعموریەت و چالاکی تەشکیلاتی حیزبی سەردانی ناو خۆی وڵات دەکات و ئەرک و راسپاردەکانی ‌حیزبی بەو پەری دڵسۆزیەوە بە ئەنجام دەگەیەنێت. لە پاش دامرکانەوە جۆڵانەوەی چەکداری ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ هەتاوی لە رۆژهەڵات و روودانی چەند کێشە و گرفتی ناوخۆی حیزبی دێموکڕات مام فاقێ بۆ ماوەیەک لە گوندی دەرگەڵەی ناوچەی باڵەکایەتی دادەنیشی و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی دەبێ. لە ساڵ  ١٩٧٠ مام فەقێ برایم ژیانی هابەش لەگەڵ خاتونێک بە نێو نازەنین کە خەڵکی باشوری کوردستان بوو  پێک دێنێ کە بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان ٧ منداڵی چاو گەشە. لە پاش کۆنفرانسی ٣ی ‌حیزبی دێموکڕات و ريکخستنەوە  و سازمان دانی سەر لەنوێی تيکۆشەرانی دێموکڕات لە لایان شەهیدی رێبەر دکتۆر قاسملوو ، جارەێکی دیکە مام فەقێ و چەندین پيشمەرگەی دانیشیتوی دیکە دێنەوە ریزی تێکۆشەرانی دێموکڕات و  دەست بە خەبات دەکەنەوە و مام فەقێ برایم ماوەیەکیش لە مەقەری حیزب لە گوندی سونێ خزمەت دەکات.

لە پاش نسکۆی شۆڕشی کورد لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لە باشوری کوردستان (گەرمێن) بەشێک لەو پەنابەرانەی کوردی رۆژهەڵات کە ژمارەیان ٢٥ بنەماڵە بوو. لە لایان حکومەتی ناوەندی عێراقەوە تەبعید دەکرێن بۆ شاری رۆمادی  و مام فەقێ برایم و بنەماڵەکەی یەکێک بوون لەو بنەماڵانە کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە دوورە وڵاتی و لە  دوور خراوەیی دەميننەوە. ساڵی ١٩٧٩ لە گەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی وەزاڵە هاوتوی ئێران و کوردستان و روخانی رژیمی نگریسی پەهەلەوی جارێکی دیکە تێکۆشەرانی دێموکڕات یەک لەوان مام فەقێ برایم روو لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکەنەوە  و سەر لە نوێ ئاگری کورەی خەبات نیڵ دەدەنەوە. لە یەکەم سازماندەهی و رێکخستنەوە هێز و کۆمیتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران مام فەقێ برایم لە هێزی ئاوارەی پیرانشار و لە لکی یەک وەک سەرپەلی یەکێک لە پەلەکانی ئەو لکە لە گوندی دەڵاوان سازمان دەدرێ و درێژە بە خەبات دەدات. لەساڵی ١٣٥٨ واتا ١٩٨٠ بە هۆی هێرشی رژیمی درندەی ئاخوندی بۆ سەر کوردستان و رەد کردنەوە پەیامی ئاشتی خەڵکی کوردستان و ژێرپێنانی ویست و داخوازیەکانی رەوای ئەو گەلە شەڕ و وێرانی زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە رژیمی جەهل و تاریکی ئاخوندی دەستی لە هیج جنایەتێک لە دژی میللەتی کورد و باقی ئازادیخوازانی ئيران نەگێڕاوە .سەرەڕای بەرخۆدان و قارەمانەتی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشی زۆری ناوچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەوتە ژێر دەستی رژیمی دڕندەی ئاخوندی و بە هەزاران بنەماڵەی ئاوارەی باقی شار و ناوچەکانی تری کوردستان بون کە بەشێکیان رویان لە کوردستانی عێڕاق کرد .بنەماڵەی مام فەقێ کە ماوەکەی کەم لە ژیانی تاراوگەیی گەڕابونەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان  ناچار جارێکی تر روویان لە کوردستانی باشور کرد و لە ئوردوگای سێبیران نیشتەجێ بوون بەڵام مام فەقێ برایم بەردەوام بوو لە خەبات تيکۆشان.

لە کۆتایی ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی مام فەقێ لە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار وەک کادری ناوچەی بەربنە سازمان دەردرێ و لەو ئۆرگانەی حیزبیش بەو پەڕی دڵسۆزی و هەست بە مەسئولیەت کردنەوە راسپێردراوەکانی حیزبی بە جێ دەگەیەنێ. ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی مام فەقێ نەقڵی بەشی گومرگی کۆمیتەشارستانی پیرانشار و هيزی ئاوارە دەکرێ. لەپاش  رێکخستنەوە هيز و کۆمیتەکانی حیزبی دێموکڕات لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی مام فەقێ لە مەڵبەندی سپی سەنگ و هێزی قەندیل  بەردەوام دەبێ لە بەشی گومرگ و  لەو ئەرکە بەردەوام دەبێ تا ساڵی ١٣٧٠ هەتاوی. مام فەقێ برایم تاساڵی ١٣٧٤ بەو پەڕی دڵسۆزی و وەفاداری بە رێبازی شەهیدان لە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار بەردەوام دەبێ لە خزمەت بە حیزب و نەتەوەکەی.

لەو ساڵەدا بە هۆی  بە ساڵ داچوون و گیر وگرفتی بنەماڵەیی لەسەر ئیزنی حیزبی چەک دادەنێ و بە ناچاری روو لە نێو خۆی وڵات دەکاتەوە. مام فەقێ سەررای ئەوەکە بە رەسمی لە ریزی تێکۆشەرانی دێموکڕات دانەمابوو بەڵام تا ئەو رۆژەی لە ژیان دابوو ئەندامێکی دڵسۆز و وەفاداری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و رێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان ماویەوە. جێگای ئاماژەیە کە برایەکی مام فەقێ برایم بە نيوی فەقێ مستەفا لە ساڵەکانی ١٣٤٢ ويڕای مام فەقێ برایم دەبێتە  ئەندامی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕات .

ساڵەکانی دوایی ژیانی مام فەقێ برایم لەو پەڕی هەژاری و بێدەرەتانی دا تێپەڕی بەڵام هیچکات سەرەرای بێنەوایی و دەست کورتی پشتی لە شۆڕشی کورد نەکرد. فەقێ برایم پویا لەو رۆژەوەی کە بو بە ئەندامی حیزبی دێموکڕات تاو دوایین ساتەکانی ژیانی بەو پەڕی وەفاداری و ئەمەگ ناسی و دەست پاکی لە کار و چالاکی حیزبی بەردەوام بوو. مرۆڤێکی یەکجار زەحمەتکێش و دڵسۆز بوو بۆ کاری حیزبی. هەموو ئاواتی ئەو نەمرە دیتنی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی گەلە ستەمدیدەکەی بوو.

جێگای  ئاماژەیە کە بنەماڵەی مام فەقێ ساڵانێکی زۆر بەهۆی ئەوەی کە مام فەقێ ئەندام  و پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات بوو توشی گەلێ ئازار و ئەزیەت  و نەهامەتی هاتن ، گەلێ رۆژگاری پڕ لە چەرمەسەری و پر لە رەنج و هەژاریان بەسەر هات . لەو پەڕی بێ دەرتانی هەر ساڵ لە گوندێک و لە بناری کێويک ماڵیان پیکەوە ناوە و پاش ماوەیەک دیسان ئاوارە و دەربەدەر بونەتەوە. پێویست بە ئیشاڕە کردنە کە فایق کوڕی گەورەی مام فەقێ برایم ماوەی ٢ ساڵ وەک پێشمەرگە لە هێزی قەندیل خزمەتی کردووە.

هەزار مەخابن لە رۆژی ٢٦،٨،١٣٩٦ مام فەقێ برایم پویا خۆشەویستی خەڵکی بەربنە و ناو شاری پیرانشار  چاوە پڕ لە ئاواتەکانی بۆ هەمیشە لەسەریەک دانا و تيکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کورد  و کوردستان بوو. هەزاران سڵاو لە گیان و رێبازی مام فەقێ برایم و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.

         

حەیدەر محەمەدی…نۆروێژ

rahener@gmail.com

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی